“موحسین ڕمڵی”
نووسەر و شاعیر و وەرگێڕێکی ئێراقییە. لەساڵی ١٩٦٧ لە گوندی سودیرەی سەر بە پارێزگای شەرقاتە لەدایکبووە. بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئیسپانی دەنووسێت، بەرهەم و دەقەکانی بۆ زمانە جیاوازەکانی وەک: کوردی، ئیسپانی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، پورتوگالی، تورکی، ڕووسی، ئەلبانی و فنلەندی وەرگێڕدراوە. لەساڵی ١٩٩٥ یشەوە لە مەدرید ئاکنجییە و وەکو پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سانت لویسی ئەمریکی لە مەدرید وانە دەڵێتەوە.
هەروەکوو دیکارت دەڵێت: “من بیردەکەمەوە کەواتە هەم.” بەلای ڕمڵییەوە فەلسەفە چی دەگەیەنێت؟ هاوڕایت لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن ڕۆژێک فەلسەفە ڕادەوەستێت؟
موحسین ڕمڵی: زووتر و هەتا ئێستاش خوێنەری فەلسەفە بووم و هەم. نەک لە ئاستێکی کەسی بە پێویستی دەزانم، بەڵکە تەنانەت بۆ بەرهەمە ئەدەببییەکانیشم بە پێویستی دەزانم و شەیدای فەلسەفەم. مخابن لە ئانوساتێکداین کە مەردوو لە فەلسەفە و گەورە فەیلەسووفەکانمان دوورکەوتوونەتەوە. بێگومان ئەمەش ڕێگا خۆشکەرە بۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانمان و فکری چەپەڵ و دەمارگیر و داخراو، پێگەشتنی لۆژیکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی گشتیش دەشێوێنێت.
وەکو سەرنووسەر و نووسەری ڕۆژنامەکان کارت کردووە. بە بەراورد بە ڕۆژنامەگەری ئەوروپا ڕۆژنامەگەری عەرەبی و ئێراقی چ جیاوازییەکی هەیە؟
موحسین ڕمڵی: وای بۆ دەچم هەمووان درکیان بە جیاوازییەکە کردووە.
ڕۆژاوا: جدی و پڕۆفیشناڵتر و ڕاستگۆیانەتر و پیشەیانەترن، لەبەرئەوەی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگە و سیاسەت و هەموو فاکتەرە گشتی و تایبەتییەکانی ژیان هەیە و واقعیانەتر و ڕوونتر شتەکان دەردەخات، شایەنی ئەوەیە بە دەسەڵاتی چوارەم ناوزەند بکرێت.
ئەمما ڕۆژنامەگەری عەرەبی: هیچ دەسەڵاتێکی نییە و لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتە. خۆی دەبێت ڕوونی بکات ڵێڵتری دەکات، بەڵام پیاو ڕاست بڵێت ڕۆژنامەی عەرەبی یەک خاڵی باشی تێدایە، ئەویش تەرخانکردنی پەڕەی زیاترە بۆ ئەدەب و هونەر و لەنێویشیدا بڵاوکردنەوەی دەقە ئەدەبییەکان.
خوێندنەوە ژیانی دووەمە، جارێک ئاماژەت بەوەدا ڕۆمان تۆی زۆر گۆڕیوە. چ ڕۆمانێک ژیانی ئاوەژوو کردیت؟ لە چ تەمەنێکیشدا بوویت؟
موحسین ڕمڵی: خوێندنەوە، بەشێکی جەوهەری ژیانی یەکەم و کۆتاشمە، نەک ژیانی دووەم. لەوکاتەوەی فێری خوێندەوە بووم، دەستم لە خوێندنەوە هەڵنەگرتووە. تاوەکو دڵم لە لێدان ڕادەوەسێتێت یان بینایم نامێنێت ڕاناوەستم و ناتوانم ژیانم بێ خوێندنەوە وێنا بکەم. سەبارەت بەو ڕۆمانانەشی کاریان لێکردووم، دەتوانم بڵێم هەمووی تەنانەت ئەوانەشی کە خراپبوون، چون فێربووم وەکوو ئەوان نەنووسم.
با لە چۆنیەتی ئاگای نووسینەوە دەست پێ بکەین؟
موحسین ڕمڵی: درۆناکەم بڵێم پێش ئەوەی نووسین و خوێندنەوەش بزانم، کتێب خولیام بووە. هەر لە یەکەم جارەو کە بەدەستی باوکم و خوشک و براکانم دەمبینی خرۆشیم بۆی پەیدا بوو. لێم دەستەندن و خۆم وا نیشاندەدا دەیخوێنمەوە، کاتێک کتێبێکیان پێ دەدام لە شوێنە بەتاڵەکانیان وێنەم دەکێشا. بۆ ئەوەی ساڵێک زووتر بڕۆمە بەر خوێندن، باوکم ساڵێک تەمەنی گەورەتر کردمەوە. ئیدی لەو وەختەوە تەنانەت کاتێک لە قۆشەنیشدا سەربازبووم، دەستم لە خوێندنەوە و نووسین هەڵنەگرتووە، حەسەن موتڵەکی براشم (خودا لێی خۆشببێت) کە ئەویش نووسەر بوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.
ئەوەی لەسەر شاعیر و وەرگێڕەوە موحسین ڕمڵی نووسەر دەرکەوتووە. بێزارت ناکات؟
موحسین ڕمڵی: لەبەرئەوەی شیعر ڕۆحی ئەدەبە و کارکردن لە دیوان یان قەسیدە کێشکێکی کەمتری لە ڕۆمان دەوێ، دەویست شاعیرێکی باش بم نەک ڕۆماننووس. وەک هەر ڕۆماننوسەکانی دیکەی وەک: سرپانتس، ساراماگۆ، گۆنتە و گراس و چەندانی دیکە، بەخت یاوەرم نەبوو و بەدەستی من نەبوو. هەرچۆنێک بێت نووسەر یان ئەدیب ئەمڕۆ ئەو کێشەیەی چارەسەرکردووە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شێوەکە هەمووی هەر نووسینە.
لەبارەی ئێراق و کێشە و دۆسییەکانی زۆر دەنووسی. لەم دووبارەبوونەوەیە ناترسی؟
موحسین ڕمڵی: منیش و چەندانی دیکەش تا لەبارەی ئێراق و کێشە و دۆسییەکانی بنووسین هێشتا کەمە. لەبەرئەوەی کات و تەنانەت شوێنیش لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دی دەگۆڕێت، لەسەر یەک خاڵ و پەڵە نووسین مانای دووبارەیی نادات. لە جیهانیشدا ئەمەمان بەرچاو دەکەوێت. بۆ نموونە: هەموو بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز لەسەر میسرە. هەموو بەرهەمەکانی فۆکنەر لەسەر ئەمریکایە. هۆگۆ لەسەر فەڕەنسا. دۆستۆ و تۆڵستۆیش لەسەر ڕووسیا و مویانیش لەسەر چین. ئیدی بەمشێوەیەیە.
هەندێک بۆ بردنەوەی خەڵات دەنووسێت. هەندێکیش لەپێناو هونەردا. بەڕای تۆ کامیان بۆ نووسەر بازاڕیی دەکات؟
موحسین ڕمڵی: مافی هەر کەسێکە بەوشێوەیە دەیەوێت و ئەو ئامانجەی دەیەوێت بنووسێت، وەلێ کتێبی جدی و ڕاستەقینە ئەوەیە لەکاتی نووسیندا نووسەر دڵی لای خەڵات نەبێت. بابەتی بازاڕکردنیش شتێکی دیکەیە، بێگومان خەڵاتەکان ڕێگاکان بۆ نووسەر کورت دەکاتەوە و زووتر دەیگەیەنێت بە خوێنەرێکی زیاتر.
زۆرێک لە ئەدیبەکان دەڵێن پیشەی سەرنووسەرەکان هەڵبوەشێندرێتەوە. ڕای تۆ لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
موحسین ڕمڵی: بابەتێکی ئێجگار گرنگە. بە گرنگی دەبینم و بە پێچەوانەی ئەوانەی گاڵتەیان پێ دێت بە پێویستی دەزانم.
لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرنوسەرە مەعلانەکانی دەرەوە مامەڵەم کردووە، گرنگە بەلامەوە. چەند بەداخەوەم بۆ ئەو هەموو وتارە عەرەبیانەی لەبیرکران، گەر دەستی سەرنووسەرەکانی پێ بگەشتایە و بە باشی کاری لێبکردرایە شتێکی دیکە دەبوو. زۆرێک لە نووسەر و وەشانخانە جیهانییەکان شانازی پێوە دەکەن. کەسێکی وەکو گابریاڵ گارسیا مارکیز سوپاسی سەرنووسەرەکەی دەکات کە سەد پەڕەی لە “سەد ساڵ تەنیایی” مەحف کردووە و دەڵێت گەر ئەو نەبوایە نەدەگەشت بەو پێگەیە.
ڕۆمان هەر بە چێژێک نابینی، بەڵکە وەکو مەعریفەیەکیش دەیبینی. ئەمە چۆن دەکرێت؟
موحسین ڕمڵی: دەتوانی لە بوارەکانی دیکەش چێژ وەربگری. وای دەبینم دەبێت ڕۆمان لایەنی مەعریفیشی تێدا بێت، چون خودی مەعریفە چێژە، بەڵکە بە بەسوودترین چێژیشی دەبینم.
گەر لە رۆمانە نەمر و سەرکەوتووەکانی جیهان بڕوانین دەبینین لایەنی زۆر لە خۆی دەگرێت: دەروونشیکاری، بەها کۆمەڵایەتییەکان، دۆسیە مرۆییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانە مێژووی و سیاسییەکانیش.
پێت وایە ڕۆمانی ئێراقی گەشتووەتە لوتکەی هەڕەمی ڕۆمانی عەرەبی؟
موحسین ڕمڵی: لە ڕۆمان و بە گشتی هونەر، هیچ لوتکەیەک بوونی نییە. هەمیشە هونەر ئاسۆیەکی نوێ بۆ چینە کەڵەکەبووەکانی پێشووتری دەکاتەوە. سەبارەت بە ڕۆمانی ئێراقیش، سەرکەوتنێکی پێشوەختەی بەدەست هێناوە. دەبینین شان بە شانی شاکارەکانی دیکە دادەنرێن و خوێنەرێکی زۆریان لە خۆیان کۆکردوەتەوە. لە زانکۆ جیاوازەکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان کۆڕ و نامەی ماستەر و دکتۆرای لەسەر دەکرێت. کتێبمان هەیە بۆ زیاد لە سی زمان وەرگێڕدراوە.
ڕۆمان، نووسەر دەخاتە نێوان: ژیان و مردن، بوونیادنان و تیاچوون، نیشتیمان و تاراوگە. ڕۆمان چی دەگەیەنێت بەلای تۆوە؟
موحسین ڕمڵی: بەلای منەوە ڕۆمان باشترین هونەرە بۆ تێگەیشتنی خوود و ئەوانی دیکەش. لە مرۆڤ و ژیان دەچێت و شێوەی جیاواز و زۆر لەخۆ دەگرێت، پێم باشە وەک پارچەیەک لە ژیان ناوزەندی بکەم. لەگەڵ ڕۆماندا وەک دوو هاوڕێین، هەر بۆیە زیاتر ڕۆمان دەخوێنمەوە و دەنووسم.
دەربارەی غوربەت و ئازادی پرسیاری زۆر هەیە. تۆ لە کوێی؟ حەزدەکەیت ئێستا ببی بە چی؟
موحسین ڕمڵی: ناتوانم بڵێم بە تەواوی لە ژیانی ڕابردوو و جێگە و کەسی دیاریکراو ئازاد بووم. خودی ئەم شتە بۆ کەسێکی ئاسایی دژوارە، ئیدی چ بگا بە کەسێک لە ئەدەبدا ڕۆچووە، ئەدەبیش جگە لە نووسینی ڕابردوو و یادکردنەوەی و دادگایکردنی و دەرهێنانی دیدگا هیچی تر نیە. ئێستا زیاتر لە جاران لەم دۆخەدام. بەشی من لەڕابردوو زیاترە وەک لە داهاتوو. لەڕاستیدا ئێمە جگە لە ڕابردوو هیچی ترمان نیە، داهاتوو نادیارە و ئێستاش بە خێرایی تێدەپەڕێت.
لەبارەی ئەوەشی حەزدەکەم ببم بە چی، بەهەمان شێوە ئەم پرسیارە بۆ ڕابردووم باشترە نەک ئێستا کە جگە لە خۆم و تەمەنم هیچی ترم بەدەستەوە نییە. جگە لەوەی بەهۆی بارودۆخەوە بە ناچاری لە ڕێگادا خەونەکانم لێم کەوتن، وای بۆ دەچم زۆریک لەو شتانەی دەمویست بەدەستم هێنا. خەونگەلێکی وەکوو: خۆتەرخانکردن بۆ شانۆیی و خستنەوەی مناڵم هەبوو. بەدوای شتێکدا گەڕام ئەم تاسەمی لێ بەتاڵ بکەمەوە، تا ئەوەی هەموویم لە ڕۆمانی “منداڵەکانچ و پێڵاوەکان” هەڵڕشت.
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=http://alramliarabic.blogspot.com/2021/04/999.html&ved=2ahUKEwiWguKJx4GKAxVtBdsEHT5xIb8QFnoECCEQAQ&usg=AOvVaw2hxvP5qSFJ1F1kZdiwLk32
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد