“پەروەردە بە زمانی دایک ڕێگریی لە توانەوەی کولتووری خۆجێیی دەکات”
پەروەردە بە زمانی دایک بۆ مرۆڤ گرنگییەکی بەرچاوی هەیە، چونکە داکۆکیی لە ناسنامەی فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکان دەکات و دەرئەنجامەکانی فێربوونیش بەرز دەکاتەوە. کاتێک قوتابی بە زمانی زگماکی خۆی وانە دەخوێنێت، باشتر دەتوانێت لە بیرۆکە ئاڵۆزەکان تێبگات و بە پاشخانی زانیاری و ئەزموونەکانی خۆیەوە بیبەستێتەوە. ئەمە هەستکردن بە خۆیی، متمانە بەخۆبوون و سەربەخۆیی بیرکردنەوە دەئافرێنێت و بۆ گەشەکردنی هەستپێکردن و سەرکەوتنی ئەکادیمی و زانستی زۆر گرنگن. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی پەروەردە دەکرێن، توانستی ئاوێبتەبوونیان بە کۆمەڵگە زیاترە و دەتوانن باشتر دەوروبەر تێبگەیەنن و نامۆش دەرناکەون.
“گرنگیدانی زۆر بە زمانی ئینگلیزی جیاوازیی چینایەتی دروست کردووە”
زۆر بەداخەوە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان وای لێهاتووە قوتابخانەی بە زمانی بیانی بە پاساوی جیاجیا و بە ئامانجی قازانج و گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی و بیانییەکان بە گشتی، وای کردووە خوێندنی بە زمانی کوردی ببێتە خوێندنی چینەکانی خوارەوە و ئەو بەشانەی کۆمەڵگەی کوردستان کە توانای ئابووریان لاوازە. لێرە جیاوازییە چینایەتییە کە بەدەردەکەوێت و کۆمەڵگەش لە کۆتاییدا وەکو دوو پێکهاتەی جیاوازی ناوچەی دەرفەت و ژیان لە لایەک و، ناوچەی نەهامەتی و ژیانی بە کولەمەرگی، لە لایەکی دیکە، دەردەکەوێت. ئێستا دەرهاوێشتەکان بە رادەیەک زۆرن، خوێندنی بەشە تایبەتمەندەکانی کوردیش لە زانکۆکانی کوردستان لە لێواری لەناوچوون و بەشیش هەن قوتابی خواستی لەسەر نیە یاخود لەناوچوون. لێرە نەک تەنیا دامەزراوە تایبەتمەندەکان کەمتەرخەمن، بەڵکو سەرمایەدارەکان رۆڵێکی یەکجار خراپتریان هەیە و لە پێناو بانگەشە و قازانجی بازرگانی، لە پەرەدان بە خوێندن بە زمانی ئینگلیزی و بیانییەکان بەردەوامن، وەک بڵێیت ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی کوردی نەژین.
“باوان بە نائاگایی یان پاساوی جیا منداڵەکانیان دەبەنە بەر خوێندنی ئینگلیزی”
دیاریکردنی کام پەروەردە باشترینە ئینگلیزی یان کوردی، ئەمە پەیوەستە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە، لەوانەش پێداویستی و ئاواتەکانی باوانی قوتابییەکان بۆیان، نەک بۆ قوتابیەکان و ئەوەی کە پێویست و گرنگە بۆیان و داهاتوویان. ئاساییە زمانی ئینگلیزی وەک زمانێکی جیهانی سەیر دەکرێت و خوێندنیشی لە تەک وانەکانی دیکە ئاساییە، بەڵام بەرتەسککردنەوەی روانینی دەستکەوتنی کار بەسەر لایەنەکانی دیکەی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە سەردەمیکی دیاریکراو کاریگەری وێرانکار و دابەشکاری لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی دەبێت.
“لە هەرێمی کوردستان جەختکردنەوە لەسەر خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە باری ئاسایی دەرچووە”
زۆر گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی سەرەتایی زیان بە فەرهەنگ و کولتوور و زمانی ناوخۆیی دەگەیەنێت و گەیاندووە و لە تێگەیشتن و ئاوێتەبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆیان دووریان دەخاتەوە و دواجار لە دەرئەنجام پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگەکەیان دەپچڕێنێت. ئەمەش لە داهاتوو (ئەگەر ئێستا ڕووی نەدابێت) دەبێتە کێشەیەکی مەزنی لێکتێگەیشتن و ڕەنگە کێشەیان لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان و کۆمەڵگەی ناوخۆیی بۆ دروست بکات. بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشانە زۆر گرنگە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە پەیڕەوێکی هاوسەنگ دابڕێژن کە هەردوو زمانی کوردی پێشینە بێت و پشتیش لە زمانی ئینگلیزی نەکرێت. ئەم ستراتیژە یارمەتی قوتابیان دەدات کە ناسنامەی خۆجێیی خۆیان لەدەست نەدەن و لە هەمان کاتدا ئاماددەش بن بۆ ژینگەیەکی نێودەوڵەتی.
“توێژینەوەکان؛ پەروەردە بە زمانی دایک باشترینە”
پەروەردە بە زمانی دایک بۆ مرۆڤ لەبەر چەند هۆکارێک گرنگە و هەموو توێژینەوەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
یەکەم:- هەستێکی بەهێزی ناسنامە و شانازی کولتووری لەنێو قوتابیاندا دروست دەکات، ڕێگەیان پێدەدات پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ پاشخانە فەرهەنگیی و مێژوویی و، لە هەمووش گرنگتر لە کۆمەڵگەکەیان دانابڕێن. بێجگە لەمەش کاتێک منداڵ بە زمانی زگماکی خۆیان فێر دەبن، ئەگەری ئەوە زیاترە کە چەمکە ئاڵۆزەکان زۆر باشتر تێبگەن، چونکە دەتوانن بە ئەزموونی ڕۆژانە و چوارچێوەی کولتووری خۆیانەوە ببەستنەوە. سەرەڕای ئەوەش، پەروەردەی زمانی دایک تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنان بەرەوپێش دەبات. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو قوتابیانەی بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە کراون، لە ڕووی ئەکادیمییەوە ئاستێکی باشتریان هەیە بە بەراورد بەو قوتابیانەی کە بە زمانێکی بیانی دەخوێنن، بەتایبەتی لە قۆناغی سەرەتایی.
بێجگە لەوەش، خوێندن بە زمانی دایک ناسنامەی کەلتوری دەپارێزێت و یارمەتی پاراستنی میراتی کەلتوری و ناسنامە دەدات. کاتێک قوتابی بە زمانی دایکی فێر دەبێت، زیاتر پەیوەندی بە کەلتور و نەریتی خۆیەوە هەیە و ئاگاییەکی کەلتوری دەبێت و نوێنەرێکی راستەقینەی کۆمەڵگەکەی دەبێت.
“خوێندن بە زمانی دایک دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی توانای زمانەوانیی”
شارەزایی زمان و توانستی زمانەوانییمان لە یاد نەچێت. خوێندن بە زمانی دایک دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی توانای زمان و توانستی زمانەوانیی و بەراوردکارییە زمانەوانییەکان. بێجگە لەوەش، قوتابی باشتر بە هۆی زمانی دایک زمانی دووەم و سێیەم و زیادە. فێر دەبێت، بەو پێیەی قوتابی بناغەیەکی بەهێز لە زمانی یەکەمدا پەرەپێدەدات.
“پەروەردە بە زمانی دایک دەرفەتی یەکسان دەڕەخسێنێت”
لایەنێکی سوودبەخشی پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک دەرفەتی یەکسان دروست دەکات. واتا هەمووان بە یەکسانی سوود لە هەمان پێڕۆی خوێندن وەردەگرن، کە دەرهاویشتەی هەمان ڕوانگە نزیکە کۆمەڵایەتییەکانە و جیاوازیی و بەریەککەوتنی جیاجیای لێ ناکەوێتەوە.
“پێشینەدان بە زمانی بیانی پابەندیی خۆجێیی لاواز دەکات”
ئینگلیزەکان لە رێگەی بێبەهاکردنی کولتووری نیمچە کیشوەری هیندی هەرێمەکەیان داگیر کرد؛ کەواتا بە هەموو لێکدانەوەکان پێشینەدان بە زمانی ئینگلیزی یان هەر زمانێکی دیکە ناخۆجێییبوونی نەوەکانی داهاتووی لێدەکەوێتەوە و هەڕەشەیە لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی و کەلتوریی خۆجێیی. بۆ هەمووان ڕوونە ئەو رژێمانەی کوردستانیان بەسەردابەشکراوە زمانی کوردی ناناسێنن، یان کاریان لەسەر توانەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی کردووە. نمونەی هاوشێوە زۆرن لە مێژووی دوور و نزیک. بۆ نمونە، کاتێک بەریتانییەکان ویستیان هەرێمی بەرفراوانی نیمچەکیشوەری هیندی داگیر بکەن، بڕیاریان دا لەسەر پێشنیازی “لۆرد ماک”-کولێی ئەو بیرکردنەوەیە لای خەڵکەکە دروست بکەن لە هەرچی خۆجێییە خراپە و هەرچی ئینگلیزییە باشە، بەم شێوەیە:- “من بە درێژایی و پانایی هیندستاندا گەشتم کردووە و یەک کەسم نەبینیوە کە سواڵکەر بێت، دز بێت. وەها سامانێک کە لەم وڵاتەدا بینیومە، بەهای ئەخلاقی هێندە بەرز، کەسانی هێندە ئاست بەرز، کە من دەیبینم بێ وێنەیە. پێمان وا نەبێت هەرگیز ئەم وڵاتە داگیر دەکەین مەگەر بڕبڕەی پشتی ئەم خەڵکە بشکێنین، کە میراتی ڕۆحی و کولتوورییە و، هەربۆیە، پێشنیاز دەکەم کە سیستەمی پەروەردەی کۆن و کەلتورەکەی بگۆڕین، چونکە ئەگەر هیندییەکان پێیانوابێ هەموو ئەو شتانەی کە بیانی و ئینگلیزین باشن و لە هی خۆیان گەورەترن، ئەوا متمانە بەخۆیان و کولتووری ڕەسەنی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، نەتەوەیەکی تەواو بەسەردا زاڵ بوو.” ئەمانە ئەو ستراتیژە بوون کە بە هۆییانەوە بەریتانیا تێکڕای هەرێمەکەی داگیرکرد.
“گرنگیدانی لەڕادەبەدەر بە زمانی بیانی خۆبەدەستەوەدان و ئاماددەکارییە بۆ داگیرکاریی سیاسی و کولتوری دەرەکی” دەبێت ئێستا لە خۆمان بپرسین، ئاخۆ بەو هەموو گرنگیدانە لە رادەبەدەرە بە زمانی ئینگلیزی خۆئاماددەکردن نیە بۆ خۆبەدەستەوەدان و داگیرکران؟ ئایا ئەو هەموو قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەیەی بە ئینگلیزی و زمانی دیکە هەن، هەموو کۆڕوکۆبوونەوەکان بە زمانەکانی ئینگلیزیی و زمانەکانی دیکەش دەستبەرداربوونی فەرهەنگ و کەلتوری خۆمان نیە؟ بێگومان ئەگەر وابێت زۆر خراپە و ئەگەر بە نائاگاییش بێت ئەوە چەندجارێک خراپترە، چونکە وای دەردەخات ئاگامان لە هیچ نیە.
“زمانی ئینگلیزی لە کۆڕوکۆبوونەوە پیشەیی و ئەکادیمییەکان زاڵکراوە”
لە هەرێمی کوردستان وێڕای ئەو دامەزراوە پەروەردهیی و خوێندنانە لە ئاستی سەرەتایی، ئاماددەیی و خوێندنی باڵاش، کۆڕوکۆبوونەوەکانیش، تا دەگاتە رادیۆ و بڵاوکراوەیی راگەیاندی ناوەخۆ، هەموویان بوونەتە ئینگلیزی و زمانە ناخۆجێییەکانی دیکە. ئەمەش دیسان هەم بە جۆرێک لە جیاکاریی دێتە هەژمار کە چینی زمانزانی بیانی و زماننەزانەکان جیا دەکاتەوە و جۆرێک ئاوێتەبوونی دەرەوەش کە رەنگدانەوەی کۆمەڵگە و گشتی نیە. هاوکات، ئەمە لە ڕووی دەروونشیکاریش وا دەردەکەوێت، بەهەمان شێوەی هاووڵاتیانی نیمچە کیشوەری هیندی سەدەی 19 دەستمان کردبێت بە لەدەستدانی ناسنامەی خۆیی و کەسیی و خۆجێیی کوردی (یان خۆجێیی دیکە) ڕێبازی پێشینەدان بە زمانی دایک زۆر گرنگتر و بە سوود ترە لەبەر زۆرێک لەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێداون لە زیندوو هێشتنەوەی زمانی دایک تا دەگاتە هۆکاری داکۆکی کردن لە کەلتور و فەرهەنگی خۆجێیی، ئەمە وێڕای تەبایی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، کە لێرە مەبەستم کۆمەڵگەی کوردی و کوردستانییە. لە لایەکی دیکە، ئاساییە زمانی دووەم و سێیەمیش هەبن، بەڵام نەک زیان لە زمانی کوردی بدات.
ڕێبازی دوو یان سێ زمانە دەتوانێت هاوکار بێت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە دەرەوەی کۆمەڵگە، چونکە سیاسەتی زمانی دایک دواجار بۆ ئەوەیە زمانی دایک و کوردی زاڵ بووبێت لەسەر کەرتی کاری تایبەتیش، کە وێڕای هەوڵەکان تیایدا سەرکەوتوو نەبووین.