ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دەروازەکانی حەلەب کە دووەم گرنگترین شاری سوریایە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا، گورزێکی کتوپڕو سێ لایەنە بوو لە دیمەشق، كرملن و تاران.
ئەو گرووپانە کە هێرشە بەرفراوانەکەیان دەستپێکرد،بە “هەیئەت تەحریر شام” ناسراون، بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەد ئەلجولانی…
لە كاتێك حەلەب لەلایەن میلیشیا ئێراقی و لوبنانی و تەنانەت ئەفغانستانی و پاکستانیشەوە گەمارۆ درا بوو، کە هەموویان سەر بە ئێرانن،
چوارشەممەی ڕابردوو گروپەکانی ئەلجولانی کە ناوچەی ئیدلب لە باکوری سوریا بەڕێوەدەبەن، بە شێوەیەكی كتوپڕی سەربازی هێرشیان کردە سەر حەلەب و لادێکانی
ڕوانگەی سوریا بڵاویکردەوە، ئەو هێزانە ٦٣ شارۆچکەی لادێی حەلەب و ئیدلبیان کۆنترۆڵکردۆتەوە و بەوەش دەیانەوێت ئەو ڕێگایانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە بەرەو دیمەشق دەڕۆن.
تا ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی زستانە سەختەکەی حەلەب زیاتر لە ١٤ هەزار کەس ئاوارە بوون کە نزیکەی نیوەی ئەو کەسانە منداڵن، بەپێی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕوونە کە ئەم هێرشانە دەرئەنجامی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو شتێکە کە لە تاریكیدا پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام زەحمەتە خەیاڵ بکرێت بۆ ئەلجولانی و فراکسیۆنەکانی بەبێ ئەوەی داوای مۆڵەتی ئەنقەرە بکەن، کردەوەیەکی وەها گەورە ئەنجام بدەن.
هەروەها ڕوونە کە ئەم بزووتنەوە کتوپڕە ئامانجی سود وەرگرتنە لەو دۆخە سەرلێشێواوییەی کە شوێنکەوتوانی تاران پێیدا تێدەپەڕن لە سوریا، دوای کارەساتی شەڕی لوبنان و زیانە گەورەکانی حزبوڵای لوبنان
ئەوەی لە حەلەب ڕوویدا، و ڕوودەدات، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە ژێر خۆڵەمێشەکەدا ئاگرێک هەیە کە نەکوژاوەتەوە،ئێستا سوریا، هەموو جیهان دەستوەردانی تێدا دەکات… گەورەترین پرسیار لە ئێستادا ئەوەیە:
ئەرێ دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی و ناسنامەیەکی یەکگرتووی تۆکمە بۆ “هەموو” سوورییەکان،چۆن و كەی و لەژێر دەستی كام لادا دروست دەبێت؟