“تێڕوانینێکی مۆدێڕن”
داتا تابلۆیی یان درێژکۆله‌کان Panel or Longitudinal Data
داتا تابلۆییه‌کان(یان داتا درێژکۆله‌کان) هه‌مان داتا کۆکراوه‌کانن به‌م جیاوازییه‌وه که قۆناغه‌کان له درێژه‌ی کاتدا ناگۆڕێن. بۆ نموونه، داتاکانی حه‌قده‌س، ئاستی خوێندن و پیشه‌ی که‌سه‌کان له دوو خولی کاتیی نۆره به نۆره به داتا تابلۆییه‌کان ده‌ناسرێنه‌وه. جیاوازیی سه‌ره‌کی داتا تابلۆییه‌کان یان داتا کۆکراوه‌کان ئه‌مه‌یه که له داتا تابلۆییه‌کان قۆناغه‌کان له درێژه‌ی کاتدا ناگۆڕدرێن؛ به‌ڵام له داتا کۆکراوه‌کاندا، ڕه‌نگه قۆناغه‌کان به‌پێی کات بگۆڕدرێن. ئه‌گه‌ر داتاکانی ئاستی خوێندن و حه‌قده‌ستی 400 که‌س له ساڵی 1990 کۆ بکرێنه‌وه و دووباره ئه‌م گۆڕاوانه له ساڵی 1995 بۆ ((هه‌مان 400که‌س)) کۆ بکرێنه‌وه، به‌م 800 بینراوه‌یه ده‌ڵێن داتا تابلۆییه‌کان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ 400 که‌س داتاکانی ئاستی خوێندن و حه‌قده‌ست له ساڵی 1990 کۆ بکرێته‌وه و نموونه‌ی نوێ بۆ 540 که‌س له ساڵی 1995 هه‌ڵبژێردرێت، به‌م 940 بینراوه‌یه ده‌ڵێین داتا کۆکراوه‌کان.
نموونه‌ی زۆر بۆ داتا تابلۆییه‌کان هه‌یه. داتاکانی سه‌رمایه‌گوزاری و پشکه ماڵییه‌کانی چه‌ندین کۆمپانیا له ماوه‌ی 5 ساڵ (له حاڵه‌تی نه‌گۆڕانی کۆمپانییا‌کاندا) داتا تابلۆییه‌کانن. هه‌روه‌ها داتاکانی یه‌که جوگرافییه‌کانیش به داتا تابلۆییه‌کان هه‌ژمار ده‌کرێن. بۆ نموونه، داتاکانی ئاستی لێهاتوویی، ڕێژه‌ی باج، ڕێژه‌ی حه‌قده‌ست، تێچووه‌کانی ده‌وڵه‌ت له شاره‌کانی ئامریکا له ساڵه‌کانی 1980، 1985 و 1990 داتا تابلۆییه‌کانن. داتاکانی خشته‌ی 1-4، داتای تابلۆیی نین؛ چوون خێزانه‌کانی ساڵی 1990 له‌گه‌ڵ خێزانه‌کانی ساڵی 1995 جیاوازن. به ده‌ربڕینێکی دیکه، قۆناغ له دوو کاتدا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. داتاکانی خشته‌ی 1-5 تابلۆیین؛ چوون 150 شاری هه‌ڵبژێردراو له ساڵی 1986 دیسان له ساڵی 1995یش هه‌ڵبژێردراونه‌ته‌وه. له‌باره‌ی خشته‌ی 1-5 ده‌بێ سه‌رنجی چه‌ند خاڵ بدرێت: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که چنینی داتا‌کان به‌شێوه‌یه‌که که بینراوی یه‌که‌م و دووهه‌م تایبه‌ته به شاری یه‌که‌م و بینراوی سێهه‌م و چواره‌م تایبه‌ته به شاری دووهه‌م و… هه‌ر به‌م ڕیزبه‌ندییه‌وه. له خشته‌ی 1-5 ده‌توانرێ وه‌کوو داتا قۆناغییه‌کان جێگه‌ی شاره‌کان بگۆڕدرێن؛ واته ناوی شار، 1،2،3ه … ده‌توانرێ ئاره‌زوومه‌ندانه هه‌ڵبژێردرێت یان نا. خاڵی دووهه‌م ئه‌مه‌یه که خشته‌ی 1-5 له جۆری داتا کۆکراوه‌کانیشه. ده‌کرێت ستوونی شاره‌کان بسڕینه‌وه و هه‌موو داتا‌کان به‌کۆ له‌به‌رچاو بگرین. هه‌ر بۆیه هه‌موو داتا تابلۆییه‌کان، داتا کۆکراوه‌کانیشن؛ به‌ڵام، هه‌موو داتا کۆکراوه‌کان، تابلۆیی نین، ته‌نها ئه‌و داتا کۆکراوانه وا قۆناغه‌کانیان له درێژه‌ی کاتدا ناگۆڕدرێن، به تابلۆیی هه‌ژمار ده‌کرێن.
داتاکانی خشته‌ی 1-5، هه‌م تابلۆیین و هه‌میش کۆکراوه‌یی. به‌ڵام داتاکانی خشته‌ی 1-4 ته‌نها کۆکراوه‌یین. به‌کارهێنانی داتا تابلۆییه‌کان سوودی زیاتره له چاوه‌ی داتا کۆکراوه‌ییه‌کاندا؛ ئه‌گه‌رچی کۆکردنه‌وه‌ی داتا تابلۆییه‌کان له چاوه‌ی داتا کۆکراوه‌ییه‌کان ئه‌سته‌متره. گرینگ‌ترین که‌ڵک و سوودمه‌ندی داتا تابلۆییه‌کان ئه‌مه‌یه که ده‌کرێت هۆکاره نه‌بینراوه‌کان له نێو که‌سه‌کان، کۆمپانییاه‌کان، شاره‌کان کۆنترۆڵ بکرێت. ئه‌گه‌ر داتا‌کان کۆکراوه‌یی بن، کۆنترۆڵکردنی هۆکاره نه‌بینراوه‌کان مومکین نییه.
که‌ڵکێکی دیکه‌ی داتا تابلۆییه‌کان، ئه‌گه‌ر و شیمانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌تێکی ئابوورییه که کاریگه‌رییه‌کانی به دره‌نگه‌وه له سه‌ر ئابووری ده‌رده‌که‌ون. به‌زۆری له کتێبه‌کانی ئابووریپێویدا، باسه‌کانی داتا تابلۆییه‌کان له خولی به‌کالۆریۆسدا به خوێندکاره‌کان ناگوترێته‌وه.
1-4 هۆکارێتی و چه‌مکی “هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه[1]” له شیکارییه‌کانی ئابووری پێویدا
له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی بیردۆزێکی ئابووری یان هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌تێکی ئابووری، ئابووریزانان به شوێن پیشاندان و دیاریکردنی کاریگه‌ری هۆکارانه‌ی[2] گۆڕاوێک له سه‌ر گۆڕاوێکی دیکه دان. چه‌مکی “هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه” یان “هۆکاره یه‌کده‌سته‌کانی دیکه” ڕۆڵێکی گرینگی له تێگه‌یشتنی شیکاریی هۆکارێتی هه‌یه. ئه‌م چه‌مکه به‌شێوه‌ی ئاماژه له باسه پێشووه‌کاندا، به تایبه‌ت له نموونه‌ی 1-1 و 1-2 دا تیشکی خرایه سه‌ر؛ به‌ڵام به ڕوونی و ڕاشکاوی باسی لێ نه‌کرا. ڕه‌نگه له زۆرێک له پرسیاره ئابوورییه‌کاندا له گه‌ڵ ده‌ربڕینی: “هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه” یان “هۆکاره یه‌کده‌سته‌کانی دیکه” ڕووبه‌ڕووبووبنه‌وه. بۆ نموونه له شیکاریی خواستی به‌کاربه‌ر، کاریگه‌ریی گۆڕانی نرخی کاڵایه‌ک له سه‌ر خواست بۆ ئه‌و کاڵایه له‌گه‌ڵ نه‌گۆڕبوونی هۆکاره‌کانی دیکه له‌سه‌ر خواست وه‌کوو داهات، نرخی کاڵاکانی دیکه و سه‌لیقه‌ی به‌کاربه‌ر لێک ده‌درێته‌وه. ئه‌گه‌ر هۆکاره‌کانی دیکه نه‌گۆڕ نه‌بن، ناکرێت گۆڕانی نرخی کاڵا له‌سه‌ر خواسته‌که‌ی دیاری بکرێت و بناسرێ.
بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر نرخی کاڵاکانی دیکه بگۆڕدرێت، ناتوانرێ کاریگه‌ریی گۆڕانی نرخی کاڵایه‌ک له‌سه‌ر خواست بۆ ئه‌و کاڵایه دیاری بکرێت. کاتێک نرخی گۆشتی گوێره‌که له 20هه‌زار بڕواته 30 هه‌زار ڕه‌نگه خواست بۆ گۆشتی گوێره‌که له‌باتی که‌مبوونه‌وه زیاد بکات؛ له حاڵێکدا نرخه‌که‌ی له 20 بۆ 30 هه‌زار زیادی کردووه. ئه‌گه‌ر چه‌مکی “هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه” فام نه‌کرا بێت، ڕه‌نگه به هه‌ڵه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکرێت که یاسای خواست ئیش ناکات؛ چوون به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی گۆشتی گوێره‌که خواست بۆی زیادی کردووه. له حاڵێکدا یاسای خواست ده‌ڵێت به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی کاڵایه‌ک، خواست بۆ ئه‌و کاڵایه له حاڵه‌تی گریمانه‌یی نه‌گۆڕبوونی هۆکاره‌کانی دیکه داده‌به‌زێت. له‌م نموونه‌یه‌دا کاتێک نرخی گۆشتی کاوڕ، مریشک و ماسی نێزیک دووقات بووه‌ته‌وه و نرخی گۆشتی گوێره‌که نێزیکه‌ی 30 له سه‌د چووه‌ته سه‌ره‌وه، نابێ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌مان هه‌بێت به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی گۆشتی گوێره‌که، خواست بۆی که‌م ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر نرخی گۆشتی کاوڕ، مریشک و ماسی نه‌گۆڕابا (هۆکاره جێگیره‌کانی دیکه) به‌ڵام نرخی گۆشتی گوێره‌که 30 له سه‌د زیادی ده‌کرد، بێگومان خواست بۆی که‌می ده‌کرده‌وه. ئێسته پرسیارێک دێته ئاراوه و ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه که له دونیای واقیعیدا ڕه‌نگه هه‌ر شتێک ڕووبدات؛ یانی ڕه‌نگه نرخی گۆشتی گوێره‌که له‌گه‌ڵ گۆشته‌کانی دیکه بچێته سه‌ره‌وه یان ته‌نها گۆشتی مریشک و گوێره‌که نرخیان بچێته سه‌ره‌وه یان نرخی ماسی که‌م بێته‌وه و نرخی مریشک زیاد و نرخی گوێره‌که نه‌گۆڕ بێت یان هه‌ر سیناریۆیه‌کی دیکه بێته ئاراوه. ئێستا که له دونیای واقیعیدا هه‌ر سیناریۆیه‌ک ئه‌گه‌ری هاتنه‌ئارای هه‌یه له‌باره‌ی گۆڕانی نرخی گۆشتی گوێره‌که و نرخی کاڵا جێگره‌وه و ته‌واوکه‌ره‌کانی دیکه، چۆن ده‌کرێت کاریگه‌ریی هۆکارێتی نرخی گۆشتی گوێره‌که له‌سه‌ر خواست بۆی دیاری بکه‌ین؛ له حاڵێکدا نه‌گۆڕبوونی نرخی گۆشته‌کانی دیکه پێویسته؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، به‌شێکی زۆری ئه‌م باسه یان هه‌ر باسێکی هاوشێوه‌ی دیکه‌ی ئابووریپێوی له‌خۆ ده‌گرێت.
چه‌مکی “نه‌گۆڕبوونی هه‌لومه‌رجه‌کانی دیکه” له شیکاریی کاریگه‌ریی سیاسه‌تێک له ئابووریدا زۆر گرینگه. له نموونه‌ی فێرکاری له کاتی ئیش(نموونه‌ی 1-2)، ئامانج هه‌ڵسه‌نگاندنی کاریگه‌ریی فێرکاری له کاتی ئیشه له‌سه‌ر هه‌قده‌ست؛ به ده‌ربڕینێکی دیکه، ئامانج وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره‌یه که ئایا یه‌کێک له هۆکاره‌کانی جیاوازبوونی حه‌قده‌ستی پیاوان، فێرکاریی له کاتی ئیشه. ڕه‌نگه به‌شێک له حه‌قده‌سی زیاتری که‌سی Bی له‌چاوی که‌سی A به‌هۆی فێرکاریی کاتی ئیشی زیاتری که‌سی B له چاوه‌ی که‌سی Aدا بێت. فامکردنی ئه‌م بابه‌ته له حاڵه‌تێک دایه که هۆکاره کاریگه‌ره‌کانی دیکه له سه‌ر حه‌قده‌ست، نه‌گۆڕ بن (به تایبه‌ت دوو هۆکاری ئاستی خوێندن و ئه‌زموونی که‌سه‌کان). ئه‌گه‌ر بکرێ هۆکاره کاریگه‌ره‌کانی دیکه و حه‌قده‌ست له نێو که‌سانی کۆمه‌ڵگا نه‌گۆڕ و چه‌سپاو ڕابگیرێ و له نێوان فێرکاریی له کاتی ئیش و حه‌قده‌ستی که‌سه‌که پێوه‌ندییه‌ک بدۆزرێته‌وه، ئه‌وکات ده‌توانرێ بگوترێت فێرکاریی له کاتی ئیش یه‌کێک له هۆکاره‌کانی جیاوازیبوونی حه‌قده‌ستی که‌سه‌کانه له کۆمه‌ڵگا. دوو پرسیاری گرینگ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌مکی((هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه)) ئه‌مه‌یه که چۆن ده‌کرێت له دونیای واقیعیدا، هه‌موو هۆکاره کاریگه‌ره‌کان له‌سه‌ر دیارده‌یه‌ک به نه‌گۆڕ دانێین و ته‌نها یه‌ک هۆکار بکه‌ین به گۆڕاو؟
به‌ڕاستی به‌شێکی گرینگ له بیردۆزه ئابوورییه‌کان، ڕێگێرسیۆن، ئامار و هتد به دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ته‌کنیکانه‌ن تاکوو هۆکاره‌کانی دیکه به نه‌گۆڕ بهێڵنه‌وه. له‌م کتێبه‌دا ده‌بینین که چۆن ده‌کرێت “هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه” له پراکتیکدا ئه‌نجام بدرێن تا بتوانرێ کاریگه‌ریی گۆڕاوێک له سه‌ر گۆڕاوێکی دیکه هه‌ڵسه‌نگێندرێت. پرسیاری دووهه‌م ئه‌مه‌یه که بۆ تێگه‌یشتن له‌مه‌ی که دیارده‌یه‌ک هۆکاری دیارده‌یه‌کی دیکه‌یه، ده‌بێ تا چ ئاستێک هۆکاره‌کانی دیکه به نه‌گۆڕ ڕابگرین. بۆ نموونه، کاتێک به شوێن کاریگه‌ریی ئاستی خوێندن له‌سه‌ر حه‌قده‌ستی که‌سه‌کان له ناو کۆمه‌ڵ داین، ده‌بێ هۆکاره کاریگه‌ره‌کانی دیکه له‌سه‌ر حه‌قده‌ست وه‌کوو ئه‌زموون و توانایی که‌سه‌کان نه‌گۆڕ ڕابگیرێت؟ هۆکاره‌کانی دیکه ته‌نها له ئه‌زموون و تواناییدا کورت نابێته‌وه و هۆکارانی زۆری دیکه له سه‌ر حه‌قده‌ست کاریگه‌رن. پرسیار ئه‌مه‌یه چه‌ند دانه له‌م هۆکارانه ده‌بێت نه‌گۆڕ بکرێت تاکوو بتوانرێت پێوه‌ندی هۆکارێتی و حه‌قده‌ست ده‌رخات؟ له کتێبه‌کانی ئابووریپێویدا، که‌متر ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و زیاتر له‌سه‌ر پێویستی “نه‌گۆڕبوونی هۆکاره‌کانی دیکه” هه‌ڵوێسته ده‌کرێت.
بۆ به‌رچاوڕوونییه‌کی زیاتر ده‌بێت بڵێم به که‌ڵکوه‌رگرتن له چه‌مکی “هۆکاره نه‌گۆڕه‌کانی دیکه” ده‌کرێ جیاوازیی نێوان گرێدراوێتی و په‌یوه‌ندیی هۆکاری و به‌رکاری فام بکرێت. ڕه‌نگه دوو گۆڕاوه‌که پێکه‌وه گرێ‌دراو بن؛ به‌ڵام هیچ پێوه‌ندییه‌کی هۆکاری و به‌رکاری له نێوانیاندا نه‌بێت. هه‌ندێ جار پێوه‌ندی نێوان دوو گۆڕاو به‌هۆی گۆڕاوی سێهه‌مه‌وه‌یه. بۆ نموونه، ئه‌ندازه‌ی پێڵاوی منداڵان له‌گه‌ڵ لێهاتوویی له وانه‌ی بیرکاریاندا پێوه‌ندیی ئه‌رێنی هه‌یه که هه‌مان گرێدراوێتی دوولایه‌نه‌یه؛ به‌ڵام هیچکامیان هۆکاری ئه‌ویدیان نییه؛ به ده‌ربڕینێکی دیکه، پێوه‌ندی هۆکاری و به‌رکاری له نێوان ئه‌م دوو گۆڕاوه‌دا نییه؛ چوون هۆکاری سێهه‌م واته “ته‌مه‌ن” له‌گه‌ڵ هه‌ر دووی ئه‌م گۆڕاوانه‌دا پێوه‌ندی هه‌یه. له لایه‌که‌وه ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵ لێهاتوویی خوێندکاران پێوه‌ندیی ئه‌رێنی هه‌یه و له لایه‌کی دیکه‌وه، ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ندازه‌ی پێڵاوی منداڵان پێوه‌ندیی ئه‌رێنی هه‌یه و ئه‌م ناوکۆییبوونه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که لێهاتوویی خوێندکاران له‌گه‌ڵ ئه‌ندازه‌ی پێڵاوه‌کانیان په‌یوه‌ندی ئه‌رێنی درووست بکات. ئه‌گه‌ر هۆکاری ته‌مه‌ن نه‌گۆڕ ڕاگرین، واته ئه‌ندازه‌ی پێڵاوه‌کان و لێهاتوویی 100 خوێندکار که ته‌مه‌نی چوونیه‌کیان هه‌یه، ڕابگرین، تێده‌گه‌ین هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ئه‌ندازه‌ی پێڵاو و لێهاتووییدا نییه. نموونه‌یه‌کی دیکه، خواردنی شیر و که‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی تووشبوون به شێرپه‌نجه له وڵاتان دایه که گۆڕاوی ناوکۆ “ڕێژه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنه”. ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکرێت که خواردنی شیر ده‌توانێ مه‌ترسیی تووشبوون به شێرپه‌نجه که‌م کاته‌وه و گرێدراوێتی نێوان ئه‌م دوو گۆڕاوه له نێو 200 وڵات وه‌ده‌ست خه‌ین و نه‌رێنی بێت، ناتوانرێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکرێت که یه‌کێک له هۆکاره‌کانی تووشبوون به شێرپه‌نجه که‌مبوونه‌وه‌ی خواردنی شیره؛ چوون هۆکاری گرێدراوێتی نه‌رێنی ئه‌م دوو گۆڕاوه، گۆڕاوێکی نێونجی و ناوکۆیی به‌نێوی گه‌شه‌نه‌سه‌ندووییه. له‌و وڵاتانه‌ی که خاوه‌نی ئاستێکی به‌رز له گه‌شه‌سه‌ندنن، سه‌رانه‌ی خواردنی شیر له‌سه‌ره‌وه‌یه و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری تووشبوون به شێرپه‌نجه که‌متره؛ نه‌ک به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خواردنی شیر به‌ڵکوو به‌هۆکاری زۆر و زه‌به‌ندی دیکه که ڕه‌نگه خواردنی شیر ته‌نها یه‌کێک بێت له‌وانه. بۆ تێگه‌یشتن له‌مه‌ی که که‌مبوونی خواردنی شیر یه‌کێک له هۆکاره‌کانی تووشبوون به شێرپه‌نجه‌یه یان نا؟ ده‌بێ وڵاتانێک بدۆزرێنه‌وه که ئاستی گه‌شه‌سه‌ندوویی یه‌کسانیان هه‌بێت؛به‌ڵام پێوه‌ندی خواردنی شیر و تووشبوون به شێرپه‌نجه نه‌رێنی بێت.
هه‌ر بۆیه چه‌مکی گرێدراوێتی جیاوازه له پێوه‌ندی هۆکاری و به‌رکاری. دۆزینه‌وه‌ی گرێدراوێتی نێوان دوو گۆڕاو کارێکی ساده‌یه؛ به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی هۆکاری و به‌رکاری نێوان دوو گۆڕاو کارێکی ئاسان نییه، له نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ئه‌گه‌ر نه‌توانین 10 وڵات بدۆزینه‌وه که ئاستی گه‌شه‌سه‌ندووییان یه‌کسان بێت، ئایا ڕێگایه‌کی دیکه بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی هۆکار و به‌رکار هه‌یه؟ وه‌ڵامه‌که به‌ڵێیه، که‌ڵکوه‌رگرتن له ڕێگێریسیۆنی چه‌ند گۆڕاو یه‌کێک له ڕێگه‌چاره‌کانه؛ به‌ڵام ئه‌م ڕێگه‌یه کێشه و ئاڵۆزیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. بابه‌تی بنه‌مایی کتێبگه‌لی ئابووریپێوی هه‌ر ئه‌م پرسانه‌یه. ئه‌وه‌ی که چۆن میتۆده‌کانی ئابووریپێوی توانایی پێوانه‌کردنی کاریگه‌ریی هۆکارێتیی گۆڕاویان هه‌یه، لێره‌دا باس ناکرێت. ئێستا ته‌نها ده‌په‌رژێته سه‌ر هه‌ندێک له‌و کێشانه‌ی که ده‌بنه هۆی گرفت له پێوانه‌کردنی کاریگه‌ریی هۆکارێتی گۆڕاوێک له سه‌ر گۆڕاوێکی دیکه. هه‌ر کام له نموونه‌کانی خواره‌وه ئاماژه‌ن بۆ هه‌ندێک له‌و کێشانه به بێ ئه‌وه‌ی که له هاوکێشه‌ی بیرکاریی که‌ڵک وه‌ربگیردرێت.
کاریگه‌ریی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر داهاتی به‌رهه‌مه کشتووکاڵییه‌کان؛ هه‌ندێك له ئابووریپێوان به‌دوای پێوانه‌کردنی کاریگه‌ریی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر داهاتی به‌رهه‌مه کشتووکاڵییه‌کانن؛ وه‌کوو گریلیچێس Griliches(1957) که ئه‌م تۆژینه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجام دا. په‌یینی کیمیاوی یه‌کێک له هۆکاره کاریگه‌ره‌کان له‌سه‌ر داهاتی به‌رهه‌مه و هۆکاره‌کانی دیکه بارینی باران، به‌پیتبوونی زه‌وی و ئافه‌ته‌کانن. بۆ پێوانه‌کردنی کاریگه‌ریی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر داهاتی به‌رهه‌م، ده‌بێت “هۆکاره‌کانی دیکه وه‌کوو نه‌گۆڕ” له‌به‌ر چاو بگیرێ. ڕێگا‌یه‌ک بۆ دیاریکردنی کاریگه‌ریی هۆکارانه‌ی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر به‌رهه‌م، ئه‌نجامدانی تاقیکردنه‌وه‌یه‌که که له‌خۆگری هه‌نگاوه‌کانی خواره‌وه‌یه:- هه‌ڵبژاردنی چه‌ن په‌ڵه زه‌وینی 100 دۆنمی و وه‌شاندنی په‌یینی کیمیاوی به ڕێژه‌یه‌کی جیاواز له زه‌وینه‌کان و دواتر پێوانه‌کردنی به‌رهه‌می هه‌ر په‌ڵه‌یه‌ک، له قۆناغی دواتردا به سه‌رنجدان به میتۆدێک که دواتر باسی ده‌که‌ین، کاریگه‌ریی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر دۆخی به‌رهه‌م پێوانه ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر له‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا، هه‌موو زه‌وینه‌کان دۆخ و هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی یه‌کسانیان هه‌بێ، کاریگه‌ریی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر چۆنێتی و به‌پیتبوونی به‌رهه‌م ده‌رده‌که‌وێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخ و هه‌ڵکه‌وته‌ی زه‌وینه هه‌ڵبژێردراوه‌کان یه‌کسان نه‌بێت، ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه میتۆد و ڕێگایه‌کی باش نییه چوونکه هه‌لومه‌رج و دۆخی دیکه نه‌گۆڕ نییه.
“پێوانه‌کردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی فێرکاری”
ئابووریناسانی بازاڕی کار، به‌رده‌وام به شوێن پێوانه‌کردنی داهاتی ئابووریی فێرکاری دان. پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وان ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر دوو که‌س له ناو کۆمه‌ڵگادا به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی هه‌ڵبژێردرێن و یه‌کێک له‌وان له چاوه‌ی ئه‌ویتردا ساڵێک فێرکاریی زیاتری هه‌بێت، ده‌شێت هه‌قده‌ستی ئه‌و که‌سه چه‌نێک له چاوه‌ی ئه‌ویتریان زیاتر بێت؟ به وته‌یه‌کی دیکه، فێرکاریی چه‌نده حه‌قده‌ست ده‌باته سه‌ره‌وه؟ ئه‌م پرسیاره دیسان له‌و پرسیارانه‌یه که هۆکاره‌کانی دیکه تێیدا ده‌بێ نه‌گۆڕ بن. بۆ پێوانه‌کردنی کاریگه‌ریی ئاستی خوێندن له‌سه‌ر هه‌قده‌ست، گرووپه جۆراوجۆره‌کان به ئاستی خوێندنی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی، مامناوه‌ندی و زانکۆ له کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵده‌بژێردرێن و له‌گه‌ڵ ئه‌م داتایانه‌دا، حه‌قده‌ستیانیش تۆمار ده‌کرێت. دواتر له ڕێگه‌ی میتۆدێکی شیکاریی بیرکاری کاریگه‌ریی ئاستی خوێندن له‌سه حه‌قده‌س پێوانه ده‌کرێت. لێره‌دا دیسان ڕووبه‌ڕووی هه‌مان کێشه‌کانی نموونه‌ی 1-3 ده‌بینه‌وه.
واته که‌سه هه‌ڵبژێردراوه‌کان له‌ڕووی ئه‌زموونی کاری، توانایی، ته‌مه‌ن و…یه‌کسان نین، بۆیه ئه‌نجامی ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه بێ سوود ده‌بێت.[3] به‌راوردی ئه‌م نموونه‌یه له‌گه‌ڵ نموونه‌ی 1-3 پیشان ده‌دات که ئاستی خوێندن له‌م نموونه‌یه‌دا، ڕۆڵی په‌یینی کیمیاوی و حه‌قده‌ست، ڕۆڵی ڕێژه‌ی به‌رهه‌می کشتووکاڵی، که‌سه هه‌ڵبژێردراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا، ڕۆڵی په‌ڵه زه‌وییه هه‌ڵبژێردراوه‌کانیان له کشتووکاڵدا کاریگه‌ریی هه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌ی نموونه‌ی په‌یینی کیمیاوییه‌وه، ئه‌نجامدانی تاقیکردنه‌وه له نموونه‌ی 1-4 به‌شێوه‌یه‌ک که دۆخه‌کانی دیکه نه‌گۆڕ بن، ئه‌سته‌مه. به ده‌ربڕینێکی دیکه ناتوانرێت که‌سانێک هه‌ڵبژێردرێن که له‌ڕووی ئه‌زموونی کاری، ته‌مه‌ن، توانایی یه‌کسان بن به‌ڵام خاوه‌ن ئاستی خوێندنی جیاواز بن یان دۆزینه‌وه‌ی وه‌ها که‌سانێک له نێو کۆمه‌ڵگادا ئه‌سته‌مه. له حاڵێکدا له نموونه‌ی په‌یینی کیمیاویدا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی چه‌ندین په‌ڵه زه‌وی به دۆخ و هه‌ڵکه‌وته‌ی یه‌کسان هه‌بوو و ده‌کرا له هه‌ر په‌ڵه زه‌وییه‌کدا په‌یینی کیمیاوی جیاواز به‌کار ببرێت و دواتر داهاتی به‌رهه‌مهاتوو پێوانه بکرێت.
له نموونه‌ی په‌یینی کیمیاویدا ڕێژه‌ی په‌یینی کیمیاوی به‌کاربراو بۆ په‌ڵه زه‌وییه‌کان له ژێر کۆنترۆلی توێژه‌ر دایه و ڕێژه‌ی په‌یین هیچ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ هۆکاره کاریگه‌ره‌کانی دیکه له‌سه‌ر به‌رهه‌م وه‌کوو ڕێژه‌ی بارانبارین یان چۆنێتی و به‌پیتبوونی زه‌وی نییه. به‌ڵام له‌باره‌ی نموونه‌ی 1-4 ناکرێ تاقیکردنه‌وه ئه‌نجام بدرێت، به ناچاریی ده‌بێت به داتا کۆکراوه‌کان ئیش بکه‌ین. داتا کۆکراوه‌کان، ئه‌و داتایانه‌ن که به شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی له کۆمه‌ڵگادا کۆ ده‌کرێنه‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا کاتێک که‌سه‌کان به ئاستی خوێندنی سه‌رووتر له نموونه‌دا هه‌ڵده‌بژێردرێن، ڕه‌نگه ئاستی خوێندنیان له گه‌ڵ هۆکاره‌کانی دیکه له پێوه‌ندیدا بێت. بۆ نموونه که‌سانێک به ئاستی خوێندنی سه‌رووتر، ئه‌زموونی کاریی که‌متریان هه‌یه یان که‌سانێک به ئاستی خوێندنی سه‌رووتر توانایی زیاتریان هه‌یه. له زۆربه‌ی داتا کۆکراوه‌کاندا ئه‌م کێشه‌یه هه‌یه. بوونی پێوه‌ندیی ئه‌رێنی له نێوان توانایی که‌سه‌کان له‌گه‌ڵ ئاستی خوێندنیان، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که نه‌کرێت کاریگه‌ری هۆکارێتی ئاستی خوێندن له‌سه‌ر حه‌قده‌ست له‌ڕێگه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی داتاکانی ئه‌م دوو گۆڕاوه وه‌ده‌ست خه‌ین.
ده‌کرێ کێشه‌ی داتا کۆکراوه‌کان له‌ڕێگه‌ی ته‌کنیکه ئابووریپێوییهکان چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌م ته‌کنیکانه فێرمان ده‌که‌ن چۆن ده‌کرێ هۆکاره کاریگه‌ره‌کانی دیکه به‌شێوه‌ی کۆکراوه‌ی نه‌گۆڕ و چه‌سپاو ڕابگرین.
به‌ڵام کێشه‌ی بنه‌مایی ئه‌مه‌یه که له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا، هۆکاره‌کانی دیکه نادیارن یان دیاریکردنی چه‌ندایه‌تییان دژواره. بۆ نموونه چه‌ندایه‌تیکردنه‌وه‌ی (دیاریکردنی چه‌ندایه‌تی) توانایی که‌سه‌کان که له‌سه‌ر حه‌قده‌ست کاریگه‌ر بوو و له‌گه‌ڵ ئاستی خوێندن پێوه‌ندی هه‌یه، ئاسان نییه. باسه ئابووریپێوییهکان به‌دوای چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه دان؛ یانی هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه کێشه‌ی نادیاربوون چاره‌سه‌ر بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کێشه‌یه له داتا تاقیگه‌یی و کۆکراوه‌کاندا هه‌یه. له نموونه‌ی په‌یینی کیمیاویدا، بارانبارین بینراوه و ده‌کرێت پێوانه بکرێت، به هه‌مان شێوه که ئه‌زموونی که‌سه‌کان له نموونه‌ی 1-4 ده‌بینرێ و ده‌کرێت پێوانه بکرێت، توانایی که‌سه‌کان نابینرێن. قسه‌ی کۆتایی بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی چه‌مکی هه‌لومه‌رجه نه‌گۆڕه‌کانی دیکه به‌راوردی نموونه‌ی 1-3 و 1-4 ه: وای دانێن له تاقیکردنه‌وه‌ی پێوانه‌کردنی کاریگه‌ریی په‌یینی کیمیاوی له‌سه‌ر به‌رهه‌می کشتووکاڵیدا، کاتێک ئه‌ندازیاری کشتووکاڵ په‌یینی کیمیاوی ده‌وه‌شێنێت به په‌ڵه زه‌وییه‌کاندا، له‌و زه‌وییانه‌ی وا باش و به‌پیتن، په‌یینی کیمیاوی زیاتر بوه‌شێنرێت (له بیرتان نه‌چێ که ئه‌ندازیارانی کشتووکاڵ، پێوه‌رانێکیان بۆ نیشاندانی به‌پیتبوون و کوالێتی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان هه‌یه). ئه‌م بابه‌ته وه‌کوو پێوه‌ندی ئاستی خوێندن له‌گه‌ڵ تواناییه له نموونه‌ی 1-4دا. ئێستا سه‌رنج بده‌ن هه‌ر جۆره پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ڕێژه‌ی په‌یینی کیمیاوی و ڕێژه‌ی داهات ساخته و ده‌سکرد ده‌بێت؛ چوون زه‌وییه به‌پیته‌کان داهاتێکی زیاتریان هه‌یه و له لایه‌کی دیکه، په‌یینی کیمیاوی بۆ زه‌وییه به‌پیته‌کان زیاتر ڕژێنراوه.
بۆیه له داتا کۆکراوه‌ییه‌کاندا، وه‌کوو نموونه‌ی 1-4 که پێوه‌ندی نێوان ئاستی خوێندن و توانایی که‌سه‌کان له ژێر کۆنترۆڵی توێژه‌ردا نییه، پشتگوێخستنی ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته هۆی ئه‌نجامگیریی ده‌سکرد و ساخته. که‌سه‌کان به ئاستی خوێندنی زیاتر توانایی زیاتریشیان هه‌یه و توانایی زیاتر کرێده‌ستێکی زیاتری به‌ر ده‌که‌وێت.
“کاریگه‌ریی جێبه‌جێکردنی یاسا له سه‌ر ڕێژه‌ی تاوان له شاره‌کان”
چۆن ده‌کرێ تاوان له شاره‌کان که‌م بکرێته‌وه؟ ئایا زیادبوونی بنکه‌کانی پۆلیس له شاره‌کان ده‌توانێ له ڕوودانی تاوان پێشگیری بکات؟
بۆ ئه‌م بابه‌ته ده‌کرێت به دوو شێوه باسه‌که‌مان ببه‌ینه پێشه‌وه؛ شێوه‌ی یه‌که‌م:- ئه‌گه‌ر له شارێکدا 10 بنکه‌ی پۆلیس زیاد بکرێته سه‌ر بنکه‌کانی پێشوو، ڕێژه‌ی تاوان چه‌نده داده‌به‌زێت؟ سه‌رنجدان به هۆکاره‌کانی دیکه و دۆخ له‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا زۆر گرینگه؛ بۆ نموونه کاتێک 10 بنکه‌ی پۆلیس زیاد بکرێت، ڕێژه‌ی تاوان 4 له سه‌د داده‌به‌زێت، ئه‌م ئه‌نجامه کاتێک درووسته که له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نیدا که ژماره‌ی بنکه‌کانی پۆلیس زیاد ده‌بن بارودۆخی جوگرافی، ئابووری و…شار نه‌گۆڕ مابێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاوکات له‌گه‌ڵ زیادبوونی بنکه‌کانی پۆلیس، ڕێژه‌ی بێ‌کاری له شاریشدا که‌م بووبێته‌وه، ڕه‌نگه به‌شێک له که‌مبوونه‌وه‌ی 4 له سه‌دی ڕێژه‌ی تاوان به‌هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێکارییه‌وه بووبێت. به کورتی ناکرێت کاریگه‌ریی ته‌واو و بێگه‌ردی زیادبوونی بنکه‌کانی پۆلیس له‌سه‌ر ڕێژه‌ی تاوان دیاری بکرێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که بارودۆخه‌کانی دیکه نه‌گۆڕ و جێگیر مابێته‌وه.
شێوه‌ی دووه‌م:- دۆزینه‌وه‌ی دوو شاری A و Bیه که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه وه‌ک یه‌ک بن، به‌ڵام ڕێژه‌ی تاوان و ژماره‌ی بنکه‌کانی پۆلیس له‌و دووشاره‌دا جیاواز بن، شاری A که خاوه‌نی بنکه‌ی پۆلیسی زیاتره، ڕێژه‌ی تاوانه‌که‌ی تا چ ڕاده‌یه‌ک که‌متره له شاری B؟ له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌کرێت کاریگه‌ریی بنکه‌ی پۆلیس له‌سه‌ر ڕێژه‌ی تاوان دیاری بکرێ چوون دۆخه‌کانی دیکه نه‌گۆڕ و وه‌ک خۆیه‌تی. به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی شارانێک که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌یان هه‌بێت دژواره. کێشه‌یه‌کی دیکه ئه‌مه‌یه که ئه‌و شارانه‌ی وا خاوه‌نی بنکه‌ی پۆلیسی زیاترن هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه که تاوان تێیاندا زیاتر بووه. به وته‌یه‌کی دیکه لێره‌دا چه‌مکێکی نوێ له ژێر ناوی “هاوکاتیی گۆڕاوه‌کان” جێی باسه که ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانین کاریگه‌ریی بنکه‌ی پۆلیس له سه‌ر تاوان دیاری بکه‌ین. به وته‌یه‌کی دیکه هۆکاری جیاوازبوونی تاوان له نێوان شاره‌کان، جیاوازیی ڕێژه‌ی بنکه‌ی پۆلیسه و هۆکاری جیاوازیی بنکه‌ی پۆلیس له نێوان شاره‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازیی تاوان له نێوان شاره‌کاندا.
له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا ده‌بینرێت که ناکرێ بارودۆخه‌کانی دیکه وه‌کخۆی و نه‌گۆڕ ڕابگرین، به‌خته‌وه‌رانه ئابووریپێوی به میتۆدێک کاریگه‌ریی بارودۆخه‌کانی دیکه(هۆکاره‌کانی دیکه) به شێوه‌ی کۆکراوه‌یی جێگیر و نه‌گۆڕ ڕاده‌گرێت. به ده‌ربڕینێکی دیکه، له ئابووریپێویدا پێویست ناکات که ڕێژه‌ی بێ‌کاری یان هه‌ر هۆکارێکی دیکه له نێوان دوو شاردا یه‌کسان بێت، ئه‌م کاره له مۆدێله‌کانی ئابووریپێویدا ئه‌نجام ده‌درێت. سێ نموونه‌ی پێشوو پیشانی دا که چ له‌مپه‌رانێک له‌به‌رده‌م خه‌مڵاندنی هۆکارێتی له ڕێگه‌ی که‌ڵکوه‌رگرتن له داتا قۆناغییه‌کان (بۆ نموونه داتاکانی شاره‌کان یان که‌سه‌کان)دا هه‌یه. که‌ڵکوه‌رگرتن له داتاکانی خولی کات کێشه‌ی زیاتری ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
“کاریگه‌ریی لانیکه‌می هه‌قده‌ست له‌سه‌ر ڕێژه‌ی بێ‌کاری”
له ئابووریی هێزی ئینسانی‌دا، دیاریکردنی کاریگه‌ریی حه‌قده‌ست له‌سه‌ر ڕێژه‌ی بێ‌کاری گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ده‌توانرێت له داتا قۆناغییه‌کان، خولی کات یان تابلۆیی که‌ڵک وه‌ربگیرێت. یه‌کێک له‌و نموونانه‌ی که له داتاکانی خولی کات که‌ڵکی وه‌رگرتووه له خشته‌ی 3-1دا هاتووه.
لانیکه‌می حه‌قده‌ست زیاتره له حه‌قده‌ستی ئاسایی و هاوسه‌نگیی بازاڕی کار. حه‌قده‌ستی هاوسه‌نگ له هاوسه‌نگیی خستنه‌ڕوو و داواکاری وه‌ده‌ست ده‌خرێت. له حاڵه‌تی حه‌قده‌ستی زیاتر له هاوسه‌نگی، بازاڕی کار له‌گه‌ڵ زیادبوونی خستنه‌ڕوو به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه که ئه‌نجامه‌که‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی کاره. چۆن ده‌توانین ڕێژه‌ی که‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی کار به‌هۆی پێدانی که‌مترین حه‌قده‌ست بخه‌مڵێنین. به که‌ڵکوه‌رگرتن له داتاکانی خولی کاتی کار و لانیکه‌می حه‌قده‌ست ده‌توانین ئه‌م ڕێژه‌یه بخه‌مڵێنین. که‌ڵکوه‌رگرتن له داتاکانی خولی کات خاوه‌نی هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندییه که کاریگه‌ریی هۆکارێتی ئاماژه‌پێدراو ده‌خاته ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه. دیاریکردنی لانیکه‌می حه‌قده‌ست له هه‌ر وڵاتێک‌دا له‌وانه ئامریکا له ژێر کاریگه‌ری هۆکاره سیاسی و ئابوورییه‌کان دایه. هه‌ر بۆیه گۆڕانی لانیکه‌می حه‌قده‌ستی ساڵانه فانکشێنێکه له‌و هۆکارانه‌ی که ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ش له سه‌ر هه‌لی کار کاریگه‌ر بن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له ساڵی 1990 تاکوو 1991 هه‌لی کار 5 له سه‌د که‌م بووبێته‌وه و لانیکه‌می حه‌قده‌ستی 10 له سه‌د زیادی کردبێت، ناکرێ بوترێت که که‌مبوونه‌وه‌ی 5 له سه‌دی هه‌لی کار ته‌نها به‌هۆی زیادبوونی 10 له‌سه‌دی لانیکه‌می حه‌قده‌ست بووه؛ چوون زیادبوونی لانیکه‌می حه‌قده‌ستی ڕه‌نگه به‌هۆی زیادبوونی هه‌ڵاوسان بێت که زیادبوونی هه‌ڵاوسان یه‌کێک له هۆکاره‌کانی گۆڕانی هه‌لی کاره.
وای دانێن که ده‌وڵه‌تی ئامریکا له هه‌ر ساڵێکدا هیچ سیاسه‌تێک یان هۆکارێکی تایبه‌تی بۆ دیاریکردنی لانیکه‌می هه‌قده‌ست نه‌بووبێت و داتاکانی لانیکه‌می هه‌قده‌ست به‌ته‌واوه‌تی به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی له ساڵه جۆراوجۆره‌کاندا هه‌ڵبژێردرا بن. له‌م حاڵه‌ته‌دا، که‌ڵکوه‌رگرتن له داتاکانی لانیکه‌می حه‌قده‌ست و کار به‌شێوه‌ی خولی کات و که‌ڵکوه‌رگرتن له مۆدێلی ئابووریپێوی ده‌توانێت کاریگه‌ری لانیکه‌می هه‌قده‌ست له سه‌ر کار پیشان بدات. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته به پله‌ی یه‌که‌م نه‌کرده‌یه؛ به پله‌ی دووهه‌م ئه‌گه‌ریش بکرێ، ده‌وڵه‌تی ئامریکا به‌پێی چ پێوه‌رێک لانیکه‌می حه‌قده‌ست له هه‌ر ساڵێکدا دیاری ده‌کات؟ به کورتییه‌که‌ی لانیکه‌می هه‌قده‌ست، به شێوه‌ی ساڵانه له ڕێگه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌وه دیاری ده‌کرێ و ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆکارانه له‌سه‌ر ئیش کاریگه‌ر بن، که‌واته بارودۆخه‌کانی دیکه (هۆکاره‌کانی دیکه) نه‌گۆڕ نین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێت له مۆدێله ئابووریپێوییه پێشکه‌وتووه‌کان که‌ڵک وه‌ربگیرێت که هۆکاره‌کانی دیکه نه‌گۆڕ ڕاده‌گرن.
له‌و حاڵه‌تانه‌دا که بیردۆزه ئابوورییه‌کان، ناتوانن هۆکاری گۆڕاوێک له سه‌ر گۆڕاوێکی دیکه ڕوون بکه‌نه‌وه، دیسان ده‌کرێت له میتۆدی ئابووریپێوی بۆ خه‌مڵاندنی گۆڕاوه‌کان که‌ڵک وه‌ربگیرێت، نموونه‌ی خواره‌وه نموونه‌یه‌که له‌م میتۆده.
“گریمانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کان”
گریمانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کان له ئابووریی ماڵیدا ده‌ڵێت که ئه‌گه‌ر هه‌موو داتا‌کان بۆ سه‌رمایه‌گوزار له به‌رده‌ستدا بن، داهاتی سه‌رمایه‌گوزار بۆ دوو جۆر سه‌رمایه‌گوزاری وه‌کوو یه‌که. بۆ نموونه دوو جۆر سه‌رمایه‌گوزاری له ئاسۆی زه‌مه‌نیی سێ مانگه بێننه پێش چاوی خۆتان.(1):کڕینی T-billی سێ مانگه(به‌ڵگه داراییه سێ مانگه‌کانی ئامریکا) که نرخه‌که‌ی 000/10 دۆلاره؛ واته له سێ مانگی دیکه‌دا ده‌وڵه‌ت یان بانکێک که بڵاوی کردوونه‌ته‌وه به نرخی 000/10 دۆلار ده‌یکڕێته‌وه. ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌گوزار ئه‌م به‌ڵگانه له‌خوار 000/10 دۆلاره‌وه بکڕێت به هه‌مان ڕێژه داهات و سوود وه‌رده‌گرێت؛ بۆ نموونه ئه‌گه‌ر 000/9 دۆلار بیکڕێت له کۆتایی 3 مانگدا، 1000دۆلار داهاتی بۆی ده‌بێت.(2):-کڕینی به‌ڵگه داراییه 6 مانگییه‌کان به نرخی که‌متر له 000/10دۆلار به مه‌به‌ستی فرۆشتنه‌وه‌ی له سێ مانگی دواتر.
هه‌ر دوو سه‌رمایه‌گوزار، سه‌رمایه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی یه‌کسانیان هه‌یه؛ به‌ڵام جیاوازییه‌کی گرینگ له نێوانیاندا هه‌یه. له سه‌رمایه‌گوزاریی یه‌که‌مدا، به وردی ده‌زانرێت که له سێ مانگی داهاتوودا چه‌نده داهاتیان ده‌بێت، کاتی کڕین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئاگادارن. به‌ڵام سه‌رمایه‌گوزاریی دووهه‌م به‌و شێوه‌یه نییه. له‌باره‌ی T-billی شه‌ش مانگه کاتێک ئێوه ده‌یکڕن، نازانن که نرخی فرۆشتنی له سێ مانگی داهاتوودا ده‌بێت به چه‌ند.هه‌ر بۆیه بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نیی سێ مانگه‌دا سه‌رمایه‌که‌ی خۆی داناوه، بێ متمانه‌یی و دوودڵی له ئارادایه. بۆیه داهاتی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م دووجۆره سه‌رمایه‌گوزارییه جیاوازه. له حاڵێکدا به‌پێی بیردۆزی چاوه‌ڕوانییه‌کان، چاوه‌ڕوانیی داهاتی سه‌رمایه‌گوزاریی جۆری دووهه‌م، ئه‌گه‌ر هه‌موو داتا‌کان له کاتی سه‌رمایه‌گوزاریدا له‌به‌رده‌ست بن، ده‌بێت هاوتا بێت له‌گه‌ڵ داهاتی سه‌رمایه‌گوزاریی جۆری یه‌که‌م. ئه‌م بیردۆزه ده‌کرێ به ئاسانی به میتۆدی ئابووری پێوی تاقی بکرێته‌وه.
سه‌رچاوه: Introductory Econometrics ( A Modern Approach),Jeffrey M .Wooldridge, Michigan State University, 2006-2009 South-western, a part Of Cengage Learning
[1] – ceteris Paribus
[2] – نموونه‌یه‌ک بۆ هۆکارێتی یان کاریگه‌ری هۆکارانه (Causal Effect) ئه‌مه‌یه: ئایا جیاوازیی ئاستی خوێندن یه‌کێک له هۆکاره‌کانی جیاوازیی حه‌قده‌ستی پیاوان له کۆمه‌ڵگایه به‌نیسبه‌ت ژنانه‌وه؟
[3] -ئه‌گه‌ر دوو که‌س له دانیشتوان هه‌ڵبژێردرێن و که‌سی یه‌که‌م 100دۆلار زیاتر له که‌سی دووهه‌م له مانگدا حه‌قده‌ست وه‌رگرێت و که‌سی دووهه‌م ئاستی خوێندنی زانکۆ و که‌سی یه‌که‌م دواناوه‌ندی بێت، ئایا ده‌کرێت بڵێین که له‌سه‌ره‌وه‌بوونی حه‌قده‌ستی که‌سی یه‌که‌م به ڕێژه‌ی 100 دۆلار له‌چاوه‌ی که‌سی دووهه‌م، به‌هۆی ئاستی خوێندنی که‌سی دووهه‌مه؟ وه‌ڵامه‌که له حاڵێکدا ئه‌رێنییه که ئه‌م دوو که‌سه خاوه‌نی ئه‌زموونی کاری، ته‌مه‌ن، پێگه‌ی کار…ی هاوسان بن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر که‌سی دووهه‌م ئه‌زموونی کاری زیاتری به نیسبه‌ت که‌سی یه‌که‌مه‌وه هه‌بێت، به‌شێک له 100 دۆلاری که‌سی دووهه‌م به‌هۆی ئه‌زموونی کار ده‌چێته سه‌ره‌وه.
نووسین: جێفری.ئێم. ووڵدریج
وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه: حه‌بیب ساڵحی