مەولانا كەسێكی عاریف و ئاشقە و خودا بۆ ئەو مەعشوقە. مەولانا بە سیفەتی بەخشندەیی خودای ناسیوە. واتە خودای بە بەخشندەی ڕەها ناسیوە كە: لەگەڵ خودابوون كارەكانی ژیان ئاسانتر دەكات. وەك خۆی دەڵێت؛ بـا كـریـمان كـارهـا دشوار نیست. واتە: لەگەڵ بەخشندەكان كارەكان دژوار نین. بۆیە خوداناسی مەولانای مەزن جیاوازە لە خوداناسی لەوانی دیكە. خوداناسی مەولانـا ئەویندارانـەیـە. واتـە بتە ئتەوینەوە خـودای پەرستووە نەك ئەوەی كە لەسە بنەمای ئەخلاقیاتی دینی پەرستشی كردبێت. كەوابوو خودانسی مەولانا بریتی بووە لـە عیشق و عیرفان. بۆیە مەولانا لە دیوانی شەمسدا ئەویندرانە مامەڵە دەكات و لە مەسنەویدا ئاقڵانە. لە مەسنەویدا وانەی ئەخلاقمان فێر دەكات و لە دیوانی شەمسدا فێری ئەوینمان دەكات. خوداناسی مەولانا هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە: پێویستە خودامان خۆشبوێت بێ ئەوەی خواستی بەهەشتمان هەبێت و لە دۆزەخ بترسین. وەك ئەوەی كە دەڵێت:-
من نە خەمی بەهەشتم هەیە نە لە دۆزەخ دەترسم
خـودایـە ئـەم پـەردەیـە لادە و مـن تـامەزۆری دیدارتم
جا لەبەر ئەوەی مەولانا كە خودای خۆشویستووە، ئەوە بنەمای ئەم ئەوینەی بریتی بووە لە مەعریفەیەكی باش. خۆی گوتەنی: ئەوینی من بنەماكەی مەعریفەت بوو. بەڵێ مەولانا خودای بە بەخشندەیی ناسیوە. بەخشندەییەك كە هەموو جیهانی بوون شەرمەزاری بەخشدندەییی و بەزەیی ئەوە. هەر ئەو بەخشندەییەی خـودا بـووە كـە مەولانا ئاشقی بووە و خوداناسییەكەی بووەتە ئەویندرانە. یەكێك لە سیفەت و ناوەكانی خودا كەریمە. واتە بەخشندە. بۆیە مەولانا بەم ناوە پەرستشی یەزدانی كردووە. جا لەبەر ئەوەی لەوانەیە بەتەوای نەتوانم مافی بابەتەكە بدەم و لەسەری بدوێم. چونكە خوداناسی مەولانا زۆر لەوە قووڵترە من بە چەند دێڕێك بەیانی بكەم. لە سەدەی مەولانا هەتا ئێستا لەوانەیە بە هەزاران كتێب چاپ كرابن لەسەر: ئیشق و مەعریفە و زانست و خوداناسیی مەولانا. كەواتە خوداناسی مەولانا كامڵترین بووە. چونكە ئەوین و ئەخلاقیاتی دینی زۆر پێگەی جیاوازیان هەیە. ئەگەر بە ئەخلاقیاتی دینی خودا بناسین ئەوە دەبێتە جۆرێك لە بەرژەوەندی. بەڵام كاتێك بە ئەوینەوە خودا دەپەرستین ئەوە ڕۆحییەت و بوونمان فراوانتر دەبـێت و زیـاتر لـە خـودا نزیـك دەبینەوە. جـا لـەبـەر ئـەوەی خوداناسی واتە ئەوەی كە خۆپەرست نەبین. ئێمە زۆربەی بەندایەتیمان بـۆ خـودا خۆپەرستییە و هەرچییەك بكەیـن چاوەڕێی پاداشتین. بـەڵام ئـەمـەیش جۆرێك لە بـەرژەوەنـدییە. خوداپەرستیی و یەكتاپەرستی واتـە ئـەوەی كـە بـوونـی خۆت بتوێنیتەوە و بوونی خودا لە دڵتدا بمێنێتەوە. كۆتایی دەهێنم بە خوداناسی مەولانا كە خۆی دەڵێت: خوداناسی ئەوەیە كە بوونی خۆت لـە بەرامبەر ئـەودا فـەنـا بكەیت. بۆیە خـودای مەولانا بەخشندەیە و هەمیشە دەبەخشێت و دەبەخشێت. جا لەبەر ئەوەی پێویستە مەولانا بخوێنینەوە هەتا فێری خوداناسییەكی كامڵ ببین.
“خوداناسی حافز”
خوداناسی حافز لەگەڵ خودانسی مەولانا جیاوازە. خوداناسی حافز بە سیفەتی لێبوردەیی بووە. واتە حافز بە سیفەتی لێبوردەییی و بەزەیی ئەوی ناسیوە. بەڵام حافز زیاتر جەختی لەسەر چەمكی گوناهـ كردووەتەوە. واتە هیچ گوناهێك نییە كە سیفەتی لێبوردەییی و بەزەیی خودا ئەو گوناهە نەشواتەوە. حافز زیاتر بایەخی بە بوونناسی گوناه داوە. بۆیە ئەگەر گوناه نەبێت ئەوە لێبوردەیی خودا سەقامگیر نابێت. چاكە بۆیە مانای هەیە كە گوناهـ بوونی هەیە. وێنای ئەوە بكەین كە هەموو شتێكی بە لێكدژەكەیەوە مانای هەیە. حافز ئەوەندە بایەخی بە گوناهی شەرعیی و گوناهی ئەخلاقی داوە كە هیچ عاریفێك نەیتوانیوە وەك حافز بێت لە بابەتی گوناهناسیدا. بۆیە هەمیشە كێشەی حافز ئەوە بووە كە: گوناهی ئەخلاقی بنبڕ بكەین. جیاوازی نێوان گوناهی ئەخلاقیی و گوناهی شەرعی زۆرە كە لێرەدا كاتی ئەوە نییە باسی بكەم. بەڵام حافز هەمیشە كاری لەسەر ئەوە كردووە كە گوناهی ئەخلاقی چارەسەر بكات. گوناهی ئەخلاقی واتە ئەوەی كە كەس ئازار نەدەین و دڵی نەشكێنین. ئەوەی كە حافز دەڵێت:- “لە تەریقەتی ئێمەدا ڕەنجاندنی خەڵكی كافرییە”.
من خودانسی حافز گرێ دەدەم بە ئەخلاقەوە و زیاتر لەسەر چەمكی گوناهـ قسە دەكەم. حافز دەڵێت: “لطف خدا بیشتر از جرم ماست”. واتە: بەزەیی و لێبوردەیی خودا لە گوناهەكانمان زیاترە. بۆیە خودا هەمیشە لە گوناهی مرۆڤ خۆش دەبێت. هەزاران و گوناهـ و یەك تەوبە كافییە. بەڵام گوناهی ئەخلاقی دژوارە. واتە ئەوەی كە من مافی خەڵكی بخۆم. ئەگەر لێم خۆش نەبن ئەی دواڕۆژ چی بكەم؟ بۆیە مرۆڤ وەك خودا لێبوردەیی فراوان نییە هەتا گوێ نەدەین. دەبێت لەڕووی ئەخلاقەوە مافی هەموو بوونەوەران بەتایبەت مرۆڤ بپارێزین و دڵی نەشكێنین. لای حافز چەمكی گوناهـ دوو شێوازە. یەك ئەوەی كە خەڵكی ئازار نەدەین. دوو ئەوەی كە ڕیاكار نەبین.
دەمەوێت پێكەوە خوداناسی مەولانا و خودانسی ئاوێتە بكەم وەك بەراوردێك. خودای مەولانا خودایەكی بەخشندەیە. خودای حافز خودایەیەكی لێبوردە و گوناهبەخشە. بۆیە هەر یەك لەوانە پێگەی خوداناسیان جیاوازە. بڕوانە خودای حافز ئەوەندە لێبوردە و میهربان بووە كە: یەك ڕەحمەتی ئەو و هەموو گوناهی بەشەرییەت. بە یەك بەزەییی و ڕەحمەت هەموو گوناهی بەشەرییەت دەشواتەوە. بەڵام خودای مەولانا هەمیشە ڕسق و ڕۆزی بەخشیوە. جا لەبەر ئەوەی هەر مرۆڤێك بە سیفەتێكی خودایی خوداناسی ئەنجام دەدات. خودای ئەوان “مەولانا و حافز” یارێكی جوان و نازەنین بووە و هەمیشە نازیان كێشاوە. بۆیە خودا نازەنینە و دەبێت نازی هەڵگرین و گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بین. هەڵبەت هەموو شتێك بە ئەوینەوە جوان و باشە. ئەوین واتە مانای خوداناسیی و ژیانێكی پەیامبەرانە. بۆیە ئێمەی ئیماندار پێویستمان بـە زانست و مەعریفەیەكی چـاك هەیە هەتا بتوانین ببینە خاوەنی:- ئەوین و ئەخلاق و خوداناسییەكی كامڵ.
ئەو ئەشقەى كە حافز هەيەتى نيسبەت بە خودا، ئەوە لە مەولانادا بەرجەستە نابێت و بوونى نييە. مەولانا لە مەسنەويدا، بەتايبەت لە ديوانى شەمسدا، دێوانەو ئاشقێكى زۆر مەزنە. ئەسڵەن مەولانا لە ديوانى شەمسدا سەر لە پێ جودا ناكاتەوە و نايناسێت. بە هیچ شيوەيەك بايەخ نادات بە پەيڤ و دەستەواژە. ئەسڵەن بێ باكە لەوەى ئاوڕ بداتەوە بۆ زاراوەكان. بە شێوازێك كە وەك كانى زانست و مەعريفەت لێى جۆشى خواردووە و هاتووەتە دەرەوە كە مرۆڤ ناتوانێت خۆى كۆبكاتەوە لە بەرانبەر ئەم مەعريفەو زانستەدا. ئاوى كانى ئەم زانست و مەعريفەيەش مرۆڤ دەبات. بەو شێوازەى كە مەولاناى برد. بەڵام هەڵبەت حافز بەم شێوازە نييە. بە گومانى من هەرگيز ئەو ئەزموونە جوان و تايبەتە سامناكە عاشيقانە لە زەيندا تێپەرى نەكردبوو. حافز خۆى پێمان دەڵێت: دەڵێت من لە عەشق هيچ نەدەهات بە خەياڵمدا، لەم عەشقە هيچ وێنەيەكم بەدى نەدەكرد.
چــو عاشق مـى شدم بــردم گـوهــر مـقـصود
نـدانستـم كـە اين دريا چە موج خون فشان دارد
واتە: كاتێك ئاشق بووم و لەكاتى ئاشقبوونمدا گوتم گەوهەرى مەبەست و مورادم برد و گەييشتم بە ئاواتى خۆم. بەو شێوەيە بيرم دەكردەوە كە بوومەتە خاوەنى گەوهەرى مەبەست. بەڵام نەمدەزانى كە ئەم دەرياى عەشق و ئەوينە چەندە شەپۆلى خوێن پرژێنى هەيە. نەمدەزانى دەرياى عەشقى خودا تەنگ و چەڵەمەو چەرمەسەرييەكى سەيرى هەيە.
الا يـا ايـها الـساقـى ادر كـأسـا ونــا ولـهـا
كە عشق اسان نمود اول ولى افتاد مشكلها
واتە: ئەى مەيگێڕ شەراب و بادەم پێ بدە، چوونكە ئەشقى خودا لە سەرەتاوە بە ئاسانى كەوتە بەرچاو، بەڵام لە كۆتاييدا كێشەى زۆرى لێ هاتە ئاراوە. لەبەر ئەوەى ئەگەر دڵت دا بە كەسێك و ئەشقت بۆ دەربڕى، ئەوا سەرەتا نيسبەت بە تۆ جۆرەها نەرم و نييانيى و دلۆڤانى پيشان دەدات، بەڵام دواتر دەست دەكات بە بێ نيازيـبوون، دەست دەكات بە كار بە كەس نا. عاشقى بێچارەش خۆڕاگر نابێت نيسبەت بە بێ نيازبوونى مەئشوق، بەڵام بۆ ئارامبوونى دەروونى خۆى هەندێك جار پەنا دەباتە بەر بادەو شەراب و گيرۆدە دەبێت پێيەوە هەتاكوو دڵى دێوانەى خۆى كەمێك ئارام بكاتەوە. بەڵێ، حافز دەڵێت دەبێت عەشق چەندە جوان، دڵڕفێن، شيرين، باش، نازەنين، خۆشويستن بێت. بەڵام كاتێك كە چوومە ناوييەوە بينيم چ هەواڵێكە، چ تۆفانێكى ترسناكە، چ شەپۆلێكى خوێناوييە، چ ئاگرپرژێن و بوركانێكى هەيە. بەڵێ من لەوێ بووم كەچاوەكانم كرانەوە. بەڵام مەولانا بەم شێوەيە نييە. مەولانا دەيگوت من لە سەرەتاوە دەمزانى كە ئەم عەشقە ئەوەندە خوێن ڕێژە، ياخود خوێن خۆرە.
اين عشق چـرا اول خـونـى بود
تـا گـريـزد هر كـە بـيـرونـى بود
واتە: بۆچى ئەشق لە سەرەتاى دەركەوتنيدا ئەوەندە خوێنرێژە؟ لەبەر ئەوەى ئەوانەى كە بێگانەن بە عەشق، ئەوانەى نامەحرەمن بە عەشق، ئەوا دەست هەڵگرن لەم يارييەو ڕابكەن لێى. ئەشق عاشقانى ڕاستگۆ دەخوازێت. نەوەك ئەو كەسانەى كە نەفس و ئارەزووى خۆيان لەگەڵ گوتەزاى بەرزى ئەشقدا ئاوێتە كردووە. ئەگەر ئەشق لە سەرەتاوە خوێنڕێژو سەركەش نەبووايە، ئەوە هەر مرۆڤێكى بێ سەرو پێ ئارەزووە بێهوودەكانى خۆى تێكەڵ دەكرد بە ئەشق، ياخود خۆى ڕەنگاو ڕەنگ دەكرد بە ئەشق و ڕەنگى ئەشقى دەگرت و دەڕۆشتە ڕيزى ئاشقانەوە. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بوو مەولانا لە دەفتەرى يەكەمدا ئەشقى ناو ناوە بە ڕێگەى پڕخوێن. “نى حديث راه پر خون مى كند، قصهاى عشق مجنون مى كند. نەى ڕێگاى پڕخوێنى عەشق باس دەكات، چيرۆكى ئەوينى مەجنون باس دەكات”.