“شیکارییه‌کی سه‌رپێیی بۆ ڕۆمانی “نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران”ی به‌ختیار عه‌لی”
“پێشه‌کی”
بێگومان هیچ کات ناتوانین ئه‌رک و ڕه‌ساله‌تێکی جێگیر و نه‌گۆڕ به دیاریکراوی بۆ ڕۆمان قایل بین و سنووره‌کانی ماته‌وزه و تواناییه شاراوه‌کانی ته‌لبه‌ند بکه‌ین، به‌ڵام هاوکاتیش ڕۆمان له ده‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌کی خۆی ناژی و ئه‌گه‌ر گێڕانه‌وه یان خه‌ونێکی پێشگۆیانه‌ئاساشی بۆ ڕووداوه‌کان هه‌بێت ئه‌وا نابێت وه‌کوو شتێکی سه‌یر و ئه‌فسووناویی بانسرووشتیی چاوی لێ بکه‌ین، به‌ڵکوو ده‌کرێت وه‌کوو گینگڵ و هه‌دانه‌دانه‌کانی ناوشیاری مرۆڤ بیبینینه‌وه که له ساحه‌ی ناوشیار و ڕووبه‌ری گێڕانه‌وه‌دا فیچقه ده‌کات و ده‌بێت به وشه و دواجار دیمه‌نێکی ئه‌فسووناویی لێ به‌رهه‌م دێت.
دیاریکردنی ئه‌رک یان ڕه‌ساله‌ت بۆ ڕۆمان له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه گرێ ده‌درێت به ئه‌و دۆخه‌ی که ئێمه ئێسته تێیدا ده‌ژین واته دنیای په‌یوه‌ندییه بێسنووره‌کان، دنیای کرانه‌وه‌ی زیاتری مرخی به‌رده‌نگ(خوێنه‌ر، بینه‌ر)، جیهانی چاوه‌ڕوانیی مرۆڤه‌کان له‌و شته‌ی که پێشتر و تا ئێسته بینیویانه یان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌زموونیان کردووه، واته خودی ئه‌مه دۆخێک دروست ده‌کات که نووسه‌رێکی وه‌کوو مێشیل بۆتۆر له ژێر ناوی “چه‌ندفاقێتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان” باسی لێوه ده‌کات و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دۆخه ئۆنتۆلۆژییه‌ی مرۆڤ که له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خه‌ریکه ئه‌زموونی ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئێمه بیست بۆ سی ساڵ پێش ئێسته وێنه‌ی ڕووتی ئه‌کته‌رێکمان ببینایا به شتێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره و گوناهبارانه‌مان ده‌زانی یان لانیکه‌م وه‌کوو بارگرانییه‌ک به‌سه‌ر خه‌یاڵدان و عورفپه‌رستی زه‌ینی ناوشیارمان هه‌ستمان پێ ده‌کرد، به‌ڵام ئێمه ئێسته به ڕۆژانه به‌رکه‌وته‌مان ده‌بێت له‌گه‌ڵ نه‌ک وێنه‌ی ڕووتی ئه‌کته‌رانی نه‌ناسراو و ونی ڕۆژئاوایی، به‌ڵکوو له کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆشمان ئه‌م شته ده‌بینینه‌وه.
مانگی جارێک یان هه‌ندێ جار چه‌ند حه‌وته جارێک لێره و له‌وێ و له‌م په‌یج و له‌و په‌یج هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه و ڤیدیۆیانه ده‌کرێت که به‌هۆی خه‌ڵه‌تاندنی ژنانه‌وه ده‌ستی که‌سانێکی ناته‌ندروست که‌وتووه و ئێسته سه‌ریان له جیهانی سۆشیال میدیا و به‌رده‌م هه‌زاران و بگره به ملیۆن چاوی تینوو و ئه‌فسوونکراو ده‌رهێناوه. (که ئه‌م نموونه‌یه‌م بۆیه هێنایه‌وه چونکه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ته‌وه‌ری و پلانی سه‌ره‌کیی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانی “نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران”ه). له ئاوه‌ها ئه‌زموونێکی مرۆڤی ئێسته‌دا شتێکی داهێنه‌رانه یان با بڵێین هه‌وڵێکی داهێنه‌رانه‌تر پێویسته تاکوو لایه‌ن و گۆشه‌کانی هه‌ر ڕووداوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، تابۆشکێنی، تووندوتیژیی دژی ژنان، شه‌ره‌فپه‌رستی و نیشتیمان به‌شێوه‌یه‌ک بگێڕێته‌وه که به‌رده‌نگ ڕاگیر کات و بۆ چه‌ند ساتێک بیباته ناو گۆمی تێڕامان و ئه‌وجار ئه‌و شته‌ی که ده‌شێت وه‌کوو یه‌کێک له ڕه‌ساله‌ت و ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆمان ناوی ببه‌ین بێته ئاراوه که ئه‌ویش هه‌مان بیرکردنه‌وه و وه‌ستان و هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتییه. ڕه‌نگه پێش ئه‌م قۆناغه که من وه‌کوو “ئێسته” باسم کرد زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانی ئێمه ڕه‌ساله‌تێکی شۆڕشگێڕانه‌یان به مانا سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌که‌ی هه‌ڵگرتبوو نموونه‌ی دیاریان ڕۆمانی “شار” له نووسینی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ڕۆمانی پێشمه‌رگه‌ی د. ڕه‌حیمی قازی، ڕۆمانی هێلانه‌ی مامۆستا حسێن عارف، به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌م ئه‌رکه گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوونێکی به‌خۆوه بینی و له ڕوانگه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه هه‌وڵی دا پرسگر و کێشه‌کانی کورد وه‌کوو کۆمه‌ڵگا بگێڕێته‌وه و درز و که‌لێن و ناکۆکییه گه‌وره‌کان دیاری بکات. ئه‌م قۆناغه قۆناغی ڕه‌خنه‌گرتن له خود یان ده‌کرێت بڵێین دادگایی‌کردنی خۆمان له زمان و زه‌ینی نووسه‌ران و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیرانمانه‌وه، ئه‌گه‌رچی ناکرێت ئێمه هاوده‌نگی هه‌موو ئه‌و دیمه‌ن و کارئه‌کته‌ر و ڕوانگانه بین که خراونه‌ته ڕوو به‌ڵام ناتوانین به ئاسانیش چاو به سه‌ر واقیعی که‌موکوڕی و لاوازییه‌کانمان له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی سیاسه‌ت، مه‌عریفه و ڕۆشنبیری، ئایین و حوکمڕانی بین.
له‌م قۆناغه‌دا ڕه‌نگه ناوه هه‌ره دیاره‌کان له نووسینی ئه‌م جۆره ڕۆمانانه مامۆستا شێرزاد حه‌سه‌ن، د. فه‌رهاد پیرباڵ و کاک به‌ختیار عه‌لی بن. بێگومان زۆر ناوی دیکه و قه‌ڵه‌می جوان و دره‌وشاوه‌ی دیکه هه‌م له شکڵی ڕۆمان و هه‌م کورته چیرۆک هه‌نه که لێره‌دا به‌هۆی ته‌حدیدبوونی باس و مه‌به‌ستی وتاره‌که‌ی من به داوای لێبوردنه‌وه ئاماژه‌یان پێ ناده‌م.
“نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران؛ ململانێی هێزه‌کان له ناو که‌وانه‌ی شه‌ره‌ف”
ناکرێت به‌وردی و مانای ده‌قیقی وشه بڵێین ئه‌م ڕۆمانه ڕۆمانێکی مێژووییه، به‌ڵام له ڕاستیدا ڕووداوه‌کان له مێژوویه‌کی نه زۆر دوور و مه زۆر نزیکدا واته نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو(ساڵی 1957ی زاینی) ڕوده‌ده‌ن و تا قۆناغی ئێستاکه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت، هێڵی زه‌مه‌نیی ڕۆمانه‌که و ڕووداوه‌کان به ناوی شۆڕشی ئه‌یلوول، شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه له‌گه‌ڵ به‌عس، مێژووی به‌عس و حوککردنی باشوری کوردستان، ئه‌ندازیاریکردنی هێزه نه‌ریتییه‌کانی خێڵ له ڕێگه‌ی بابه‌تی شه‌ره‌ف و ناوزڕاندن بۆ ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شۆڕشی کوردی و دروستکردنی فه‌جی جاش به‌م میکانیزم و زه‌خته‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی گومان و بێ ئیمانی به نیسبه‌ت به‌هاکانی شار و شاخ و له مرۆڤکه‌وتنی مرۆڤ له پێناو به‌هاکاندا، گه‌ڕانه‌وه‌ی بناژۆخوازیی له‌سه‌ر بنه‌مای ترسی ئایینی و نه‌ریتی، ته‌قینه‌وه‌ی ڕقی تۆڵه‌ی ژنان به هۆی هه‌ستکردن به‌و ئازاره کوشنده‌یه‌ی که پیاو له ناوه‌ندی هه‌موو گوتاره‌کاندا به‌سه‌ری سه‌پاندووه، شکستی ئه‌زموونی ته‌ریقه‌ت و عیرفانی له پێناسه‌کردنی ژن وه‌کوو مرۆڤ له ڕووداوه‌کانی په‌یوه‌ست به خه‌تیبی گه‌وره و دواتر و له قۆناغی کۆتاییدا که ده‌شێت وه‌کوو زه‌مه‌نی پاش شه‌ڕی ناوخۆ و ته‌نانه‌ت پاش له‌ناوچوونی ڕژێمی به‌عس وێنای بکه‌ین که شوێنه‌کانی تایبه‌ت به له‌شفرۆشی وه‌کوو ماڵی حه‌وت خانم بۆ له‌شفرۆشی پێکهاتوون.
ناوی ڕۆمانه‌که له ناوی ژنه شۆخ و شه‌نگ و به‌فیزه‌که‌ی کامیل ئاغاوه وه‌رگیراوه که دواتر به تێپه‌ڕین به ناو کۆمه‌ڵێک ڕووداوی کاره‌ساتاوی ده‌بێت به “نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاران”. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به تۆزێک بێباکی و پارێزنه‌کردنه‌وه بڵێم؛ په‌یامی ڕۆمانه‌که ئه‌مه بێت که پێناسه‌کردنی ژن وه‌کوو جه‌سته جگه له کاره‌سات هیچی دیکه‌ی لێ ناکه‌ێته‌وه یان له‌ژنخستنی ژن ئه‌و ناگه‌یه‌نێت به ئاسمان، به‌ڵکوو له تاریکییه‌کانی خۆیدا نغرۆی ده‌کات و تیشکی ئه‌م تاریکییه‌ش به‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگا ده‌که‌وێت. وه‌کوو له نامه‌یه‌کی مامی لفکه‌کانی گێلاسی نه‌وبه‌هاراندا(شه‌مدین و زۆزان) له ڕۆمانه‌که‌دا هاتووه “بێ ئازادی شه‌ره‌ف بوونی نییه”. له ڕاستیدا خودی ئه‌م گوزاره‌یه که چه‌ند جارێک له ناو گێڕانه‌وه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه جۆرێک دژوازییه‌کی دراماتیکی تێدایه، چونکه ئێمه له به‌ریه‌ککه‌وتنی وێنه‌یه‌کی فۆتۆگرافیی ڕووتی گێلاسی نه‌وبه‌هاران(کامێرای فۆتۆگرافی له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو له ده‌ستی چینی سه‌ره‌وه واته ئاغاواته‌کان به‌ریه‌ککه‌وتنی سونه‌ت و مۆدێڕنه‌ی ئامرازیانه‌یه و ئه‌نجامه‌که‌ی کاره‌ساتاوی ده‌شکێته‌وه) و کۆی ئه‌و هێزانه‌ی که له جه‌وهه‌ردا نه‌ریتی و سونه‌تین، وه‌کوو پێکهاته‌ی فیۆداڵی و ئاغاوات و ئایین و هه‌م ئه‌و هێزانه‌ش که ده‌رئه‌نجامی هاوکێشه‌ی مۆدێڕنی هێز و سیاسه‌تن وه‌کوو شۆڕشی کوردی جۆرێک داڕمانی نهێنی و ئاشکرا له ناو کۆمه‌ڵگادا دێته ئاراوه.
ڕۆمانه‌که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م به‌ریه‌ککه‌وتنه ده‌گێڕێته‌وه که جه‌سته‌ی ژن به پله‌ی یه‌که‌م پانتای ململانێ و کێشه‌کانه، پانتایه‌کی خوێناوی که به‌رده‌وام ده‌توانێت خوێنی لێ بچۆڕێت و خوێن به‌رهه‌م بهێنێت، ده‌کرێت بڵێین هه‌موو کارئه‌کته‌ره‌کان به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان قوربانین، ئه‌م ڕۆمانه گێڕه‌ره‌وه‌ی دۆخی مرۆڤی کورده له ناو دنیای ئامرازیانه‌ی مۆدێڕن‌دا که له لایه‌ک خۆی له‌گه‌ڵ خۆی و به‌هاکانی خۆی ده‌که‌وێته شه‌ڕێکی خوێناوییه‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌عس و گوتاری عروبه-ئایینی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی هه‌مان ئه‌و به‌ها و نه‌ریتانه‌ی که کورد له‌گه‌ڵیدا ململانێیه‌تی خاک و نیشتیمان کورد کۆنترۆڵ کات و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه قوربانیبوونی مرۆڤی کورد یان له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتنی خۆی بۆ دنیا یان له‌ڕێگه‌ی ئه‌ویدییه‌کی داگیرکه‌ری دڕه‌وه. لێره‌دا ناکرێت چیرۆکی ڕۆمانه‌که و زنجیره‌ی ڕووداوه‌کان و کارلێک و هۆکارێتییان باس بکه‌م به‌ڵام وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری ئه‌و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌ی هێزه‌کان له پانتای جه‌سته‌ی ژن‌دا ڕو ده‌دات، پانتایه‌ک که هه‌م پیاوێک حورمه‌ت و شه‌ره‌فی بۆ ده‌گڕێته‌وه (مێرد یان برا یان…له ڕێگه‌ی خوێن و بێ سه‌روشوێنکردن) و هه‌م پیاوێک شه‌ره‌فی ده‌داتێ( له ڕێگه‌ی خوێن و کوشتن و باڵاپۆشکردن و هه‌ڕه‌شه و هتد) ئه‌م هاوکێشه ئاڵۆز و ته‌ونه جاڵجاڵۆکه‌ئاسایه زۆر ئه‌گه‌ر بۆ باس و گێڕانه‌وه له به‌رده‌ممان ده‌کاته‌وه، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌م چنراوانه مه‌به‌ستی ڕۆماننوس بووبێتن، خۆی خاسییه‌تی ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی ڕۆمان و شیعر وایه که ئێمه هه‌ڵکه‌وتی ده‌لاله‌ت و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌که‌وین و ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕێبازه‌ی ته‌ئویل و ڕاڤه‌کارییه که سنووره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ر کاڵ ده‌بێته‌وه و خوێنه‌ر به تێڕامانێکی ئازادانه‌وه ده‌توانێت شته‌کان هه‌ڵسه‌نگێنێت.
خاڵی سه‌رنجڕاکێش و ده‌کرێت بڵێین په‌یامی دره‌وشاوه‌ی ئه‌م ڕۆمانه له کۆتایی ڕۆمانه‌که‌دا و له ماڵی حه‌وت خانم (له‌شفرۆشییه‌کی تۆڵه‌ئه‌ستێن و پلانداڕێژ بۆ پیاوان و به مانایه‌ک ئابڕوو”شه‌ره‌ف”یان) بۆمان ده‌نه‌خشێت، کاتێک کارئه‌کته‌رێکی باوه‌ڕدار(موعته‌سه‌م نیاز) هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێ و له‌وێ ژنێکی به‌ته‌مه‌ن هاوشێوه‌ی گێلاس خانم و کیژۆڵه‌یه‌کی ناسک هاوشێوه‌ی زۆزانی کچی ده‌بینێته‌وه و هه‌واڵ ده‌دات به زیائه‌دینی نه‌وبه‌هاران که خوشکه‌که‌ی له ئاوه‌ها شوێنیکدا بینیوه، دواتر که زیائه‌دین ده‌چێت و به پرۆسه و یاسای له‌شفرۆشی و له‌شکڕیندا تێده‌په‌ڕێت ئه‌و ژن و کچه ده‌بینێت و سه‌ری سووڕده‌مێنێت پرسیار له ناوونیشانیان ده‌کات، ئه‌وانیش ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه که که‌سانی به‌رمه‌به‌ستی ئه‌و بن، بۆ ڕۆژی دواتر ماڵی حه‌وت خانم له‌وێ نه‌ماوێ و هه‌موو شوێنه‌که چۆڵ کراوه به‌ڵام کۆی وێنه‌ی ئه‌و پیاوه به‌ڕێز و بێ‌ڕێز و باش و خراپه‌ی که ئه‌و له‌شفرۆشییه‌یان به‌سه‌رکردبووه وێنه‌ی له‌شکڕینیان له بنکه‌ی پۆلیس سه‌رده‌ردێنیت، نووسه‌ر به‌م دیمه‌نه‌ی کۆتایی ده‌یه‌وێت بڵێت شه‌ره‌ف ئه‌گه‌ر هی ژن بێت ده‌کرێت به مانایه‌کیش هی پیاو بێت و ترسی تیاچوون به‌هۆی ئابڕوو، شه‌ره‌ف ترسێکی مرۆییه نه‌ک ژنانه یان پیاوانه و ئه‌مه به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه که هاوکێشه‌که دیاری ده‌که‌ن، نووسه‌ر له گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌پرسن: ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م قه‌یران و کێشه‌یه چییه؟ قوربانیبوونی مرۆڤ له ناو که‌وانه‌ی شه‌ره‌ف(پیاو بێت یان ژن/ کوژران بێت یان ناوزڕان و حه‌یاچوون) تاکه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌بێت چ بکرێت؟ پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌که لای من ئه‌مه‌یه که ئایا شه‌ره‌ف ئه‌و بابه‌ته‌یه که مرۆڤ (له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا) ده‌توانێت به ئاسانی ده‌سبه‌رداری بێت؟ یان ته‌نها ڕێکاره‌کانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌دواداهاته‌کانی ده‌بێت ئه‌مڕۆیی و مه‌ده‌نیانه‌تر بێت و وه‌کوو ده‌ڵێن یاسا سه‌رپشک بێت؟