مارکس کتێبی ١٨ی برۆمێری لویس بۆناپارت، بەگلەیی لە هیگڵ دەستپێدەکات و دەڵێ:
هیگڵ کە وتی ڕوداو و کەسە مەزنەکان دوو جار لە مێژوودا دەردەکەون، بیری چوو بڵێ جاری یەکەم وەک تراژیدیا و دوەمین جار وەکو مەسخەرە دەردەکەون.
ساڵانێکە باسی عیسا پەژمان بۆتە بابەتێکی بایەخپێدراو. هەڵبەتە زۆر ئاساییە و بگرە پێویستیشە بەبەڵگەوە نهێنیی و لایەنە شاراوەکانی مێژوومان بخرێنەڕوو. بەهیچ جۆرێک گرفت لە خستنەڕوو و باسکردندا نیە، هێندەی گرفتەکە لەوەدایە کە لەڕوانگەی سیاسیی و سەنگەربەندییەوە سەیر بکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک بابەتییانە و بەمەبەستی کەڵک لێوەرگرتنیان.
جاشجاسووسێکی وەکو عیسا پەژمان کە لەکورد کراوەتە مێژووخوڵقێن، لە لەحزەی شکستی خۆی و شا دۆڕاوەکەیدا، ڕێک لەو چرکەیەی ئیفلاسی کردوە، دەڵێت:
من شۆڕشی کوردم هەڵگیرساند و هەر خۆشم کوژاندمەوە: مرۆڤ لەچرکەی ئیفلاسییدا کە لەگەڵ یادەوەرییەکانیدا نۆستالژیانە، دەکەوێتە وڕێنە، مایەی بەزەییە نەک گەورەکردن و کردنی بە تاکە سەرچاوەی ڕاستگۆ، کە ئەوەی ئەو نەیبزڕکاندبێت ڕاست نیە. ئاخر جگە لە ئیمارەتەکانی کورد، کە هێشتا باوکی عیسا پەژمانیش لەدایک نەبووبێت، زلهێزەکانی دنیا لە پێکگەیشتنی میری سەربەرزی ڕەواندوز و برایم پاشای کوڕی محەمەد عەلی پاشا لە شام تۆقیبوون. ئەو دەمە زلهێزەکانی شەرق و غەرب لە شۆڕشی نەتەوەیی بەڕابەرایەتی شێخ عوبەیدوڵڵای مەزن هاتبوونە لەرزین. ١٠ ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەم چاشجاسووسە، شێخ عەبدوسەلامی بارزانی لەسێدارە دەدرێت، مەلیک مەحموود ئینگلیز چەک دەکات و بەرەو کەرکوک بۆ ڕزگارکردنی هەموو کوردستان بەڕێدەکەوێت. کە ئەم جاشجاسووسە هێشتا یەک ساڵان نەبوو، شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لەسێدارە دەدرێن. هێشتا ئەم جاشجاسووسە باسی دەوڵەت و جاسووسیی نەبیستبوو، سەید ڕەزا دەرسیم لە داگیرکەران دەکاتە دۆزەخی شۆڕش بۆ کەمالیستەکان. پێدەچێت تازە باسی جاسووسیی بیستبێت کە قازی کۆماری دامەزراند، و لە شا ڕووخاوەکەی ئەو ڕاپەڕیبوو.
ئاخر نەتەوەیەک هەموو زلهێزەکانی جیهان نەیانتوانیبێت لەشۆڕش و بەرخۆدان تۆبەی پێ بکەن، جاسووسێکی قەزەمی وەکو عیسا پەژمان کێیە، تا شۆڕشی بۆ هەڵبگیرسێنێت؟ ئاخر شۆڕشی ئەم نەتەوە سەربەرزە، یەک حیکایەتی مەزنە بە چەندین بەشەوە، پرۆسەیەکی تەواوکاری مێژوییە. تەنها لەیەک حاڵەتدا دەکرا بوەستێت و کورد شۆڕش هەڵنەگیرسێنێتەوە، ئەویش سەرکەوتنی شۆڕش و ڕزگارییە. بۆ لەمەودواش تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت ناوەستێت. لە پاش ڕووخانی سەدام پەیامنێری کەناڵی ئەلحوڕەی ئەمریکی لێی پرسیم کەی کورد واز لە خەونی دەوڵەتی کوردی دێنێت؟ تەنها بە یەک ڕستە وەڵامم دایەوە:
کە هاتە دی: ئەم وەڵامە پەیامنێرەکەی شڵەژاند چونکە لەڕووی تەکنیکییەوە ناکرێ بەیەک ڕستە حیوارێک تەواو بێت، بۆیە ویستی کارەکەی پینە بکات، لە دواییدا بە ٢-٣ ڕستە کۆتاییم بەم دادگاییە هێنا:
“ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد خەونە، وازیشی لێناهێنین جگە لە حاڵەتەی کە دێتە دیی، ئەو کاتە واز لە خەونەکە دێنین و واقیعەکە دەژین”.
ئا ئەمەیە حیکایەتی شۆڕشی کورد، حیکایەتی بەرخۆدانی ئەم نەتەوە ئازا و کۆڵنەدەرە. حیکایەتی خەونە جوان و ڕەواکەی، کە لە دواییدا هەر دێتە دیی. ئیتر ئاخر داماو و موفلیسی وەکو ئەم جاشجاسووسانە کێن تا بێن شۆڕشی بۆ هەڵبگیرسێنن؟!
بەگەڕانەوە بۆ قسەکەی مارکس، پێدەچێت ئەم پەژمانە لە چرکەی نائومێدیی و شکستی خۆی شاکەیدا، خۆی لێ بووبێت بە (لۆرەنسی عەرەب). بەمەش ئێرانی لێ بووبێتە بەریتانیای عوزما، بەم پێیەش شا ڕووخاوەکەی لێبووبێتە شای بەریتانیا. لێرەدایە لۆرەنس وێنە تراژیدییەکەیە، عیسا پەژمانیش کە ئەسڵەن شایستەی ئەو بەراوردەش نیە، وێنە گاڵتەجاڕییە مەسخەرەکەی مێژوە. دیوێکی تری زۆر ترسناکی ئەم مەسەلەیە زۆرن، تەنها ئاماژە بە یەک دوانێکیان دەکەم:
لۆرەنس کە هاتە حیجاز و شۆڕشی عەرەبیی هەڵگیرساند، بەریتانیی بوو، بۆیە خزمەتی بەوڵاتەکەی کردوە. کەچی عیسا پەژمان خۆی کوردە، بۆیە هیچ سیفەتێکی تری بۆ ناشێت جگە لە جاشێک کە پلەی جاشایەتیی بڕیوە بەرەو جاشجاسووس. لەمەش ترسناکتر کە دواتر دێمەوە سەر ئەم لایەنەی سەرەوە، ئەوەیە کە عەرەب بەشانازییەوە باس لەو مێژووە دەکەن، کەچی هەندێک ڕۆشنبیری کورتبین و داماوی کورد هاتوون جاشەکەیان کردۆتە ڕەمزی مێژوویی.
مەترسیدارترین لایەنی ئەم مەسەلەیە هەر ئەوە نیە ڕابردوو دەشێوێنێت، بەڵکو لەوەدایە کە سەرلەبەری سیستەمی بەها و ئەخلاق و ڕەمزییەتی مێژوومان هەڵدەگێڕێتەوە. جاشمان لێدەکاتە ڕەمز و سەرلەبەری مێژووی میلەتەکەی و قوربانییەکانی نەتەوەکەی بەبیانووی ڕەخنە لە ئەدائی ئێستای حوکمڕانیی سەرکردەکانەوە سووک دەکات. زوربەی میللەتانی جیهانی لە شۆڕش و ڕاپەرینەکانیاندا کاریان لە سەر ناکۆکیی دەوڵەتان کردوە و بەکاریان هێناوە. بۆچی کارێک کە میللەتانی جیهان دەیکەن و ئاساییە بۆ کورد دەکرێتە یەکێک لە (کەبائیر)ەکان؟
وەک دەبینین گرفتەکە لە ڕەخنەشدا نیە کە ڕەوایە، بەڵکو لە دۆخێکە کە دەیەوێت جاشمان لێ بکاتە پێشمەرگە و پێشمەرگەمان وەکو جاش بۆ وێنا بکات. گرفتەکە لە ئەقڵیەتی جاشپەروەریی و جاشپەرستییە، کە ئەگەر وەکو هەموو قۆناغەکانی مێژوومان بەگژیدا نەچینەوە، ئەوا ئەنجامەکەی خراپ دەکەوێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئەو لەحزەیەی بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی دەدەین ڕێک ئەو لەحزەیەیە کە ئێمە سەر دەکەوین. ئاخر هەموو کۆپییەکانی حیکایەتی جاش و پێشمەرگە تەنها یەک ئەنجامیان هەبوە، سەرکەوتنی پێشمەرگە و دۆڕاندنی جاش. لایەنێکی دیکەی ترسناکی بێدەنگبوونمان لەو تەرویجە گەورەیەی بۆ ئەم جاشجاسووسە دەکرێت ئەوەیە کە دواڕۆژ جاسووسێکی ترمان لێ پەیدا ببێت کە ئەو ١٩٧٦ شۆڕشی هەڵگیرساندۆتەوە، یان تەنانەت لە باکووریش جاسووسێک شۆڕشی هەڵگیرساندۆتەوە. ئیدی ئەم وڕێنە بێتامە زۆر لەوە ترسناکتر دەبێت کە ئاوا بە سادەیی سەیری بکەین و لێی بێدەنگ ببین.
عیسا پژمان لەو بەشەی درۆودەلەسەکانی تەنها بە هەوڵی ناشیرینکردنی شۆڕش و سەرکردەکانی وەکو جەنەراڵ بارزانی و مامۆستا برایم ئەحمەد و سەرۆک مام جەلال ناوەستێتەوە، بەڵکو ئەحمەدی قاسملو، شوکرەڵای بابان و تەنانەت جەلالی مەلەکشا و موفتیزادەش بە ساواکیی ناو دەبات. کە ئەمەم بۆ هاوڕێیەک گێڕایەوە، لێی پرسیم: ئەی ئیتر کێ ماوە، کە جاسووس و ساواکیی نەبووبێت؟
وتم: وا بڕوات لە دواییدا هەر هەموومان ساواکیی دەردەچین، تەنها عیسا پەژمان پەیوەندی بە ساواکەوە نەبوە و شۆڕشی بۆ هەڵگیرساندوین.
ئەمەی بە جۆرێک لە نوکتە لێوەرگرتم، بەڵام من زۆر بە ڕاستم بوو. ئەگەر ڕۆشنبیر و میدیای لۆکاڵ و داماوی ئێمە وا بکات. مێژوومان ئاوا دەنوسرێتەوە.
عیسا پەژمان، جاشێکی عەیار فڕیو بوە، چونکە شۆڕشی نەتەوەکەی خۆی، خوێنی پێشمەرگە خۆنەویستەکانی کردۆتە قوربانی ئەو درۆ گەورەیەی لە مێژوودا پێی دەوترێ ئێران و شا دۆڕاو و بەڕیسوایی هاڵهاتوەکەی.
لە دواییشدا نە درۆ گەورەکەی ئێران بەریتانیای عوزمایە!
نە عیسا پەژمانیش، لۆرەنس، بەڵام کورد هەر کوردە، کە نە بەریتانیا و ڕووس و ئێران و تورک و عیراق و سوریا و تەنانەت ستالینیش نەیانتوانی و ناشتوانن چۆکی پێدا بدەن، چونکە کورد ئەو میلەتەیە کە چۆکی بە داگیرکەرە جیاجیاکانی مێژوو دادوە، و تا خەونە ڕەواکەی سەربەخۆییش نەهێنێتە دیی، هێز نیە بتوانێ شۆڕشەکانی بکوژێنێتەوە.