یەکێک لەو کتێبانەی لە تەنیشت تەختەخەوەکەمی دادەنێم “پۆستەچییەکەی نێروادا” یە. هەمیشە ئەوەم لهلا پرسیار بووە: داخۆ خودی پابلو نێروادا ڕای خۆی لەسەر ئەم ڕۆمانە وتووە یان نا؟ یان ماتێڵدا ئۆرۆنیا هیچی لەسەر وتووە؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- کتێبەکە دوای مردنی نوسراوە، چاوم بە ماتێڵدا کەوت و زۆریشی بەدڵی بوو. خۆلیۆ جۆنگیش ڕۆڵێکی نایابی گێڕا.
لە پشت بەرگی ڕۆمانەکە: قەیران و ئەو شەڕە دڕندانەی لە ساڵی ١٩٦٣ دا ڕوویدا و خەونەکانی نێراوادا و زۆرێک لە مارکسی و سۆشیالیزمە چیلییەکانی لەناوبرد، دێنێتە بەر باس. کاردانەوەی تۆ بۆ ئەو هێرشانەی دەکرایە سەر نێروادا چی بوو؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- لە ڕۆژە سەرەتاکانی کودەتا ئومێدی سپێدەیەکی باشترمان دەخواست. لەو ڕۆژە کولـلەمەرگییانەدا، هەمووان بە تەنگ ڕزگارکردنی خۆیانەوە بوون و یەکێک لە سانتیاگۆ نەبوایە، بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدەدرا، ئەوکاتیش نێروادا لە ئایسلانیدا دەژیا.
جا بەم بۆنەیەوە با شتێکت پێ بڵێم: نێروادا دە ڕۆژ دوای کودەتا، واتە دە ڕۆژ دوای مردنی سڵڤادۆر ڵیندی کۆچی دوایی کرد. بە ئەنبوڵاس تەرمەکەیان هێنایە خەستەخانە، کە تەرمەکەشی گەشت، بۆ ڕۆژی دواتر ئامادەی پرسەکەی بووم. لەبەرئەوەی گرمانی کوشتنی هەبوو، هەرکەس هاوەڵی کاروانی تەرمەکەی بۆ گۆڕستان کردبێت، پاڵەوانێک بوو بۆ خۆی و هەرکەس موتوربە بووبێت بە نێروادا لە مەترسیدا بوو. کە ئاپۆڕا گەشتە گۆڕستان، دەستیان بە وتنەوەی “سروودی تێکەڵ” کرد:-
- لەوێ بوویت؟
- نا، خۆم شاردبۆوە و لەوێ نەبووم.
دوای کودەتاکەی سڵڤادۆر ڵیندی لە سێپتەمبەری ١٩٧٣، بە شێوەیەکی بەرچاو ژیانت ئاوەژوو بوو، ناچاریان کردیت لە چیلی کۆچ بکەیت. بە دیاریکراوی چیت بەسەر هات؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- جوان نییە بڵێین بەزۆر. لەبەرئەوەی ئازادی نووسین سنووردار بوو، ڕۆژنامەی سەربەخۆ نەبوو، مامۆستاکان لە زانکۆ دەردەکران و بێ ئیش و کار بووین، کۆچکردن باشترین دەرەتان بوو. لەخۆمم پرسی: “لێرە چیم لەدەست دێت؟” بەرسڤی پرسیارەکەم وەرنەگرت و کۆچمکرد. لەبەرئەوەی بەڕێوهبەری ڕۆژنامەیەک لە بەرلینی ڕۆژاوا بلیتی پێدابووم و پێشنیاری نووسینی دەقێکی سیناریۆی بۆ کردبووم، بەرەو ئەڵمانیا کۆچمکرد. یەک وشەی ئەڵمانی چییە نەمدەزانی، ئەوەی جێگە پێکەنینە ئەوکات فەلسەفەشم دەخوێند، مارتن هایدیگەر خوێنەری خۆی هەبوو و منیش مەعلان بووم. بە ئەڵمانی نەمدەتوانی بڵێم “بەڵێ و نەخێر” کەچی چەند وشەیەکی فەلسەفیشم دەزانی.
گەر لە چیلی بمایتایەتەوە. هەستت بە هەڕەشە نەدەکرد؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- ئەو هاوڕێیانەی لە زانکۆ لەگەڵم بوون و هەمان فکری منیان هەبوو، خرانە زیندان و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە، تەنانەت یەکێکیشیان لێ کوژا. هەندێکم دەبینی بۆ کۆچکردن خۆیان هەڵدایە دیواری کونسوڵەکان، هەر لەبەر ئەمە هەستم بە هەڕەشە و ترس کرد و کارێکی باشیشم کرد وڵاتیشم جێهێشت.
کاتێک ڕۆشتیت بۆ بەرلین. پێت وابوو مانەوەت درێژە دەکێشێ؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- لەبەرئەوەی دڵ بریندار بووم و وای بۆ دەچووم دەروویەک لە تووندوتیژییەکانی چیلی دەکرێتەوە، ڕۆژەکانی سەرەتا پێم وانەبوو زۆر درێژە بکێشێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان لە درێژەکێشانی خاترجەم بووم.
بۆ ئاشنابوون بە کولتووری بێگانە: فێری زمانی ئەڵمانی بووم و بە زمانی ئەڵمانی ڕۆمانی ڕۆمانسیم دەخوێندەوە. لە بواری فیلمی ئەڵمانی دەستم بە کارکردن کرد و چاوپێکەوتنم دەکرد. بڕیارمدا بۆ ئازادی وڵاتەکەم جیهان ئاگادار بکەمەوە، هەرواشم کرد. بە فەربوودی کارم بۆ کرد و میدیاکانم لە کێشە و نەهامەتییەکان ئاگادار کردەوە. لەپێناو ئازادیدا ویستم سۆزی ئەو کەسانەی بۆ چیلی دەجوڵێت، بوروژێنم. لە دامەزراندنی هەندێک پەیمانگا بۆ بڵاوکردنەوە کەلتووری دیموکراتیەت یارمەتیدەر بووم.
ئاستەنگی ئەو دەمە چی بوو؟ زۆرتر بە تاسەی چییەوە بووی؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- چیلی شارێکی قەشەنگی پڕ جوانییە، شایەنی ئەم هەموو ئازارە نییە. شلوێ دەبم کە بیر لە خەڵکە ئەشکەنجەدراوەکەی چیلی دەکەمەوە و بە خەمێکی قووڵدا تێدەپەڕم. بیرم هاتەوە خێزانم لە چیلی هەیە و بە جێگە و شوێنی خۆیان ڕازین، ئەمەم لە “پۆستەچییەکەی نێروادا” باسکردووە. دواتر بڕیارمدا لە منداڵەکانم بنواڕم و بنووسم، یەکەم ڕۆمانیش کە نووسیم بە ناوی “هیچ ڕووینەدا” بوو لە چاوێ کوڕیژگەیەکی پانزە ساڵانەوە.
کۆتا ڕۆمانت بە ناوی “سەماکەر و دزەکە” کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە: باس لە سیخوڕی و ناپاکی و کەوتنی ڕژێمی پینۆشییە و ماوەی دیکتاتۆری سانتیاگۆ و سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا دەکات. دەتوانی باسی ئەندێشەی پشت ئەم ڕۆمانەمان بۆ بکەی؟ دەتویست چی بڵێیت؟ چی پیشانی خوێنەر بدەی؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- لەگەڵ گەڕانەوەی دیموکراتیەت ئاریشەی زۆر هەبوون؛ خەڵکی ئازاریان دەخوارد و دەرەتانێک بۆ گەڕانەوەی ئەوەی لە دەستیان دابوو، نەبوو. بەتەواوی هەر ئەمەش لە “سەماکار و دزەکە” ڕوویدا، کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە خوێندکارێکی ئامادەیی بوو کە دەیویست خوێندنەکەی تەواو بکات و ببێت بە سەماکەرێکی لێهاتوو. هەر بۆیە لە ئەکادیمیایەکی باش فێری سەما بوو و سەرکەوت، لەسەر بەناوبانگترین سەکۆکانی سانتیاگۆ و بۆینس ئایرس نمایشی دەکرد. ئەم کەسایەتیە بەناوی ڤیکتۆریا باوکی لە سەردەمی دیکتاتۆریەت کوژاوە و بەبێ باوک گەورە بووە، دایکشیشی ژنێکی هەژمەتبارە و نازانێت دوای مردنی مێردەکەی چی بکات. هەر بۆیە ڤیکتۆریا کەسێکە بە دەست سێبەری ڕابردوو و باری سەرشانی دەناڵێنێت.
کاتێک مێژووی چیلی لە سەردەمی کودەتا دەخوێنمەوە، دەبینم دابەشکراوە. پێت وایە ئێستا تا چەندێک دابەش بووە؟ هێشتا لە ڕابردوودا دەژی؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- نا، چیتر وانییە. وای بۆ دەچم ئەو کەسانەی بەسەر کۆمەڵگەدا دابەش بوون گۆڕاون و ئەوەندەی بەسبێت زەرەرمەند بوون لە ڕژێمی پینۆشیە. ئێستاش هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایەی باشترین سیستەم: سیستەمی دیموکراتیەتە. بڕوام بە داهاتوویەکی پڕشنگدار بۆ چیلی هەیە.
کتێبی “پۆستەچییەکەی نێروادا” یەکێکە لە سمبولە کولتوورییەکانی چیلی کە باس لە نێروادا دەکات. بەم ئاستە تایبەت “شخصی” و شیعرییە. قەدری نێروادات لا بوو؟
ئەنتۆنیۆ سکارمیتا:- تاوەکو ئەم وەختەش، بەڵێ. لەنێو شاعیرانی هەردوو ئەمەریکا و چیلیش، وەکوو شاعیری دڵخوازم دەمێنێتەوە. وەکو نوسەر و خوێنەرێک سەرسامی بووم، کاتێکیش یاریدەدەری پڕۆفیسۆریش بووم، هەردەم بۆ خوێندکارەکانم باس دەکرد، هەر بۆیە لە ڕۆمانێکمدا باسم کرد. کاتێک یەکەم کتێبم کە خۆی لە چەند چیرۆکێکی کورت بە ناونیشانی “خرۆشی” دەبینیەوە و بڵاوبوویەوە، بڕیارمدا بڕۆم بۆ ئایسلانید کە ٢٠٠ کیلۆمەتر لە سانتیاگۆ دوور بوو. ئەو دەمە هەر شتێک لە چیلی بڵاودەکرایەوە، هەمووی خەم و پڕ لە کەسایەتی پیر کە گوێ لە گۆڕن بوو، دەمویست بە خەڵکی بڵێم ژیان خۆشە و پڕ لە ئومێد و خۆشی سەرکەشییە. کتێبەکەم هەڵگرت و دام بە نێروادا. داوام لێکرد بیخوێنێتەوە. پێی وتم:-
- باشە گەنجۆ، دەیخوێنمەوە، بەڵام ئێستا نا و دوای دوو مانگ بگەڕێرەوە و لەسەر کتێبەکە ڕای خۆمت پێ دەڵێم.
بەڵام دوای دوو حەوتوو گەڕامەوە بۆ لای. لە دەرگامدا، کە نێروادا دەرگاکەی کردەوە. گوزوگومبەت وتم:-
- سڵاو. ئەوە منم، خوێنەری یەکەم بەرهەمم بوویت؟
- بەڵێ، خوێندوومەتەوە.
حەجمانم[1]نەگرت و وتم: ڕات چییە لەسەری؟
لێمی نواڕی و وتی: باشە.
بەبێ هیچ گوڕوتینێک وای وت. بەڵام هەر بەتەنها ترازانی وشەی “باشە” لە لێوەکانی بەختەوەری کردم. وەخت بوو لە تاو خۆشیمدا باڵم دەگرت، بەڵام نێروادا (چاکم بیرە) بەردەوام بوو وتی: بەڵام ئەوەی وتم هیچ مانای نییە، چون یەکەم بەرهەمی هەموو نوسەرێکی چیلی باشن.
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://radhiblog.com/2014/05/12/skarmeta-interview/&ved=2ahUKEwjd2r_e0N6JAxXjBtsEHQIuBQMQFnoECBIQAQ&sqi=2&usg=AOvVaw0OU_xRkgr97Jk3HT-Xhck6
[1] حەجمان: ئۆقرە، تاقەت.
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد