“گەیشتنی شەمەندەفەری برایانی لۆمیێر”
ئەمە لە قاوەخانەی “گراند کافێ” کە دەکەوێتە سەر یەکێک لە شەقامە گەورەکانی ناوەڕاستی پاریس ڕوویدا، شوێنێکی قەرەباڵغی بە سرووشت جیهانی کە لەو سەردەمەدا بێهاوتا بوو؛ کۆمەڵێک کەس کە لە کافێیەکەدا دانیشتوون، هەریەکێکیان یەک فرانکی داوە لە بەرانبەر بینینی شتێک کە لەوەوپێش – بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی – کەس نەیدیبوو: ئەویش بینینی وێنەیەکی جوڵاو لەسەر دیوارێک. هەندێک لە ئامادەبووان بیرۆکەی ئەوەیان هەبوو کە چی نیشان دەدەرێت، لێ زۆرینەیان چاوەڕوان و سەراسیمە و بەگومان بوون لەوەی کە دەیبینن هیچ نییه جگە لە فێڵێکی جادوویی.
لەناکاو ڕووناکییەکان خامۆش بوون و بێدەنگییەکی قووڵ باڵیکێشا بەسەر قاوەحانەکەدا. لەسەر دیوارەکە دیمەنی خێزانێک هاتە پێشچاو کە چەند چرکەیەک زیاتر نەبوو، پاشان دیمەنەکان – کە لە واقیعی ژیانەوه وەرگیرابوون-ی تر وردە وردە ڕیزبوون، پاش دیمەنی خێزانەکە دیمەنی دەرگای کارگەکە کە نزیک کەناری دەریایەک بوون پیشاندرا، بینینی ئەم دیمەنە هاواری سەرسامی بەهەموو کافێیەکەدا بڵاوکردەوە، هاوارە سەرسامییەکان نیشانی دەدەن کە ئامادەبووان تێگەیشتوون کە هیچ فێڵێکی جادوویی لەگۆڕێ نییە، بەڵکو درکیان بەوەکرد کە داهێنانێکی نوێی سەیر هەیە که ئەوان گەواهی لەدایکبوونین، لێ بەبێ ئەوەی هیچ کامیان درکی ئەوه بکەن کە ئەم داهێنانە لە دەیەکانی ئایندەدا جێگای بایەخێکی گرنگ دەبێت، چونکه بێجگە لەو سەرسامییەی کە دیمەنەکان بۆ بینەرانی دروست کرد و ڕووانەرانی وروژاند، بەڵام ئەوەی کە لە داهاتوودا ئەم داهێنانە جێگایەکی گرنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەگرێت هیچ کاریگەرییەکی نەکردە سەر بینەران، ئەوان تەنها هەستیان بەوە کرد کە لەبەردەم وێنە جوڵاوە یەک لەدوای یەکەکاندا دانیشتوون و بەس.
بەڵام لەناکاو شتێک ڕوویدا کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد ئەویش دەرکەوتنی هێڵی شەمەندەفەر بوو لەسەر سکرین – شاشە -ێک بە درێژی و لەسەرەوە بۆ خوارەوە، واتە دیمەنەکە بریتبوو لە دەرکەوتنی یان بابڵێین هاتنی شەمەندەفەرێک بوو لەلایەکی شاشەکەوە بۆ لایەکەی تر کە لە قووڵایی وێنەکەوە بەخێرایی – بە پێوەرەکانی ئەوکات – دەهات، بەهاتنی خێرای شەمەندەفەرەکە بینەران لە هۆڵەکە – کە پتر ژێرزەمینێک بوو تا هۆڵی سینەما بەواتای هاوچەرخ – چوونەداوە و لە ترسا هاوریان کرد چونکێ وایانزانی کە شەمەندەفەرەکە بە ئاڕاستەی ئەواندا دێت و بەسەریاندا تێدەپەڕێت و دەیانشێلێت، لەناکاو بیریان چوو کە ئەوان لەبەردەم وێنەیەکدان و هیچی تر. هەڵبەتە ئەمە یەکێک بوو لە کاریگەرترین ساتەکانی مێژووی هونەر، چونکە ئەوە یەکەمین ساتی ترس و بیم بوو لە مێژووی سینەمادا کە لە ئایندەدا ترسی زیاتری بەدوادا دێت چونکە سینەما لە ترساندن و وروژاندنی ویژدانی بینەر ناوەستێت، گەرچی ئەو ساتە هەرچەندە ئەمڕۆ ساویلکە دەردەکەوێت بەڵام بە کاریگەرترین ڕەنگە بڵێین دەربڕینترین ساتیش لە مێژووی سینەمادا لە پەیوەندیدا لەگەڵ بینەرەکەی دەمێنێتەوە، پەیوەندییەک کە بەشێکی گەورەی ڕەوشت و هەڵسوکەت و هەستەکانی سەدەی بیستەمی پێکهێنا و داڕشت.
بێگومان برایانی لۆمیێر خاوەنی فیلمەکە و هاوکات خاوەنی یەکەم نمایشی ئاشکرای سینەما نەبوون و بەس لە مێژوودا، لەو ساتەدا ئەوان درکیان بەوە کرد کە زیاتر لە داهێنەری هونەری سینەما (بەڵکو لە کۆتاییدا نەوەک تەنها داهێنەری ڕاستەقینەکانی سینەما) بەڵکو لەوەش زیاتر دامەزرێنەری ڕاستەقینەی ئەو پەیوەندییە هاوسۆزییە گیانی بەگیانییە بوون کە هەمیشە لە نێوان بینەر و فیلمدا هەبووە. پێدەچێت ئەوە قووڵترین و نامۆترین پەیوەندی بێت بە بەراورد بە هەر هونەرێک و بینەرەکانی لە مێژووی مڕۆڤایەتیدا هەبووە. چەندین ساڵ دواتر یەکێک لە “برایانی لۆمیێر” لە شۆێنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ” هەر لە سەرەتاوە نیازی وابوو کە بە داهێنانەکەی، دوبارە ژیان بەرهەمبهێنێتەوە ” لەبەرئەوە وی بەوپەڕی شانازییەوە یەکەمین سینەماکار بوو کە بە شێوەیەکی مەیدانی ژیان و سروشتی وێنەگرتووە، ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوەی ڕاستترە ئەوەیە کە برایانی لۆمیێر درکیان بەم ڕەهەندە نەکردبوو. سینەما بەگشتی دەیان ساڵی خایاند تا درکی بە ئەرک و ڕۆڵی خۆی کرد، لێ بێگومان ئەمە چیرۆکێکی دیکەیە.
فیلمەکە بە ناوی (گەشتی شەمەندەفەرێک بۆ وێستگەی لا سیۆتا – L’Arrivée d’un train en gare de La Ciotat)، ماوەکەی پەنجا چرکەیە و لە کۆتایی ساڵی (1895) وێنەگیراوە و لە ساڵی (1896) نمایشکرا. بۆ گرتنی دیمەنەکە وێنەگرەکە بە ئەنقەست کامێراکەی بە شێوەیەک جێگیر کرد کە بتوانێت دێمەنی هاتنی شەمەندەفەرەکە بە گشتی بگرێت واتە قەبارەی گەورەی شەمەندەفەرەکە دەربخات و پیشان بدات، بە دەربڕینێکی تر هاتنی خێرای شەمەندەفەرەکە بەو قەبارە گەورەیە بە چەشنێک دەربکەوێت وەک هاتنی دێوێکی دڕندە بێتەبەر چاو، بەڵام ئێمه ئەوە دەزانین ئەوەی گەیشت (سیحری جوڵەی وێنەیە)، ئەمڕۆ ئەم دیمەنە دیمەنێکی زۆر ئاسایی سینەمایە و ئەم دیمەنە هەر زوو – لەو ساتەوەختەدا – شقڵی دیمەنێکی داستانی خەیاڵی وەرگرت، چونکە کورتە فیلمەکە بەگوێرەی مێژوونوس (ڤینسینت پێنال) توانیویەتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی هونەرە مرۆییەکاندا سێ توخمی سەرەکی تێکەڵ بەیەکدی بکات ئەوانیش: واقیعییەت: واتە قوڵایی وێنەی ئەندێشەیی، درامی: بەخشینی زیمێکی درامی بە دیمەن لە یەک گرتەدا، واتە گرتەیەکی درامی، وێنەگرتن: وێنەگرتنی ڕاستەوخۆ کە هەستی ڕێبەدی(سودفە) لە لای بینەر دروست دەکات، واتە بینەر نازانێت لەم دیمەنەدا چی شتێک ڕوودەدات بە پێچەوانەی ئەو دیمەنەی کە لە نواندندا وێنەی دەگیرێت. لێرەدا بینەر دەکرێت چاوەڕوانی هەموو شتێک بکات بە کارەساتیشەوه. هەرسێ توخمەکە لەو سەردەمەدا بەڕوونی دەرکەوتن و جێکەوتی خۆیان لەسەر دیمەن جێهێشت، بە دڵنیاییەوە ئەم سێ توخمە کاریگەری لەسەر چەندین نەوە لە بینەر دانا لێ لە هەمانکاتدا و بەهەمان هۆکار ئاڵنگارییەکی گەورە دەخاتە بەردەم سینەماکاران: لەلایەکەوە دەبێت لە پشت پەردەی ژیانەوە تێپەڕن بۆ ئەوەی توخمی سەرەکی تێید وەهمی هەقیقەت بێت، لە لایەکی تریشەوە هانی بینەر بدەن بۆ لەبیرکردنی دوو هەقیقەت:-
یەکەم:- ئەوەی ئەوان تەماشای دەکەن ئەوە نییە کە ڕویداوە بەڵکو وێنەکەیەتی (وەک تابلۆ بەناوبانگەکەی ڕینییە ماگرێت کە تابلۆی (سەبیل – دارجگەرە) کێشا و لەژێر تابلۆکەدا نووسیبووی ئەمە سەبیل نییە بەڵکو وێنەکەیەتی)، تەنانەت ئەگەر ڕووداوەکە ڕاستەقینەش بووبێت و لەمێژا ڕویدابێت.
دووەم:- کەسانێک هەن وێنەی ئەو شتانە دەگرن کە ڕودەدەن بۆیە بینەر بەتەنها نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە دەبینێت بەڵکو نێوەندگیرێک هەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە سینەما هەمیشە توانیویەتی بینەرەکانی بخاتە نێو جیهانی خۆیەوه ئەمەش لەمیانەی لەبیربردنەوەی ئەو دوو ڕاستییەی سەرەوە، ئەمەش هەر زوو لەگەڵ (گەیشتنی شەمەندەفەر)ەکە ڕویدا .
هەرچەندە مێژوونوسانی فەرەنسی هەمیشە حەز دەکەن برایانی لۆمیێر بە (داهێنەری هونەری سینەما) لە قەڵەم بدەن بەڵام واقیع پێمان دەڵێت کە ئەم هونەرە پێش ئەوان لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا داهێنرابوو بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دوو برایە داهێنەری (هونەری نمایشی سینەمایی) بوون ئەمەش جێی گومان نییە. لەبەرئەوە مێژوونوسانی سینەمای فەرەنسی کۆکن لەسەر وێنەگرتن و نمایشکردنی چەندین فیلم لەلایەن برایانی لۆمیێرەوە، بە واتایەکی تر کۆتاییەکانی سەدە نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست گەواهی ڕاستەقینەی دروستکردن و نمایشکردنی چەندین فیلمن لەلایەن ئەم دوو برایەوە ئەوانیش ئۆگەست لۆمیێر(1862 – 1954) و لوی لۆمیێر(1864 – 1948)، ئۆگەست لەگەڵ براکەی بەشدارییان کرد لە سەرەتاکانی سینەما و دواتر ئۆگەست ڕووی لە توێژینەوەی پزیشکی کرد و پێیوابوو لێکۆڵینەوەی لە کایەی پزیشکی گرنگترە لە گرنگیدان بە سینەما، لەکاتێکدا لوی کە بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی هونەری (سینەماتۆگراف) دادەنرێت و بەردەوام بوو لە حەز و ئارەزووی بۆ جیهانی سینەما و هاوکات بە بەرپرسی سەرەکی دروستکردن و نمایشکردنی دەیان فیلم دادەنرێت کە ناوی خۆی و براکەی خستووتەسەر.
هەرچەندە هونەری سینەما بە هەموو ئەو گەشەسەندنەی کە کردی قەرزاری برایانی لۆمیێرە بەڵام دەرهێنەری فەرەنسی ژان لۆک گۆدار(Jean Luc Godard) یەکێک بوو لەو کەمانەی سینەما قەرزاریانە، هەڵبەتە ئەمە جگە لەو نوێگەریەی کە خستییه نێو کایەکەوە و تەنانەت کاریگەرییەکانی لەسەر بینەر، ناوبراو دەربارەی “لوی لۆمیێر” نووسیویەتی “لوی لۆمیێر لەمیانەی ئینتیمای بە هونەرمەندە ئیمپرێشینیستەکانەوە دەتوانرێت بە نەوەیەکی ڕاستەوخۆی “گۆستاف فلۆبێر و ستاندال” دابنرێت، چونکە دیارە لە گەڕانی بە شەقامەکاندا و گرتنی دیمەنە ڕاستەقینەکانی ژیان بۆ بینەر وەک هەڵگرتنی ئاوێنەیەکە و ژیانی ڕاستەقینەی شەقامەکانە لەم ئاوێنەیەدا ڕەنگدەداتەوە “.
نووسینی: ئیبراهیم عەریس
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد