دوای تەواوبونی جەنگی جیهانی یەکەم، هەڵوەشاندنەوەی تەختی خەلافەت و پاش ئەوەی پەیمانی “سیڤەر” لەساڵی ١٩٢٠ و پەیمانی ( لۆزان ) ١٩٢٣ کەپەیمانی لۆزان بووە هۆی لەناوبردنی پەیمانی سیڤەر. دوای ئەوە لەساڵی ١٩٢٦ بەتەواوەتی ڕەگ و ڕیشەوە باکووری کوردستان کەوتە ژێر ڕکێڤی تورکیاوە. لەو کاتەوە گرنگی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات بەرجەستە بوو، هەر بۆیە لەمادەی (١٠٩) پەیمانی لۆزاندا هاتووە کە دەڵێت “بوونیاتنانی پڕۆژە لەسەر ڕوباری دیجلەو فورات تورکیا پابەندی ئاگادارکردنەوەی سوریاو ئێراق دەبێت”.
تورکەکان نەخشەی پێشینەییان وەرگرت لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لەڕووی ئابووری و سیاسی و ستراتیجیەوە دانابوو، لەناوخۆ و دەرەوە. هەر بۆیە یەکەمین پڕۆژەی دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووباری فورات لەساڵی ١٩٦٦ بەناوی بەنداوی “کیبان” دەستی پێکردووە لەساڵی ١٩٧٤ کۆتایی پێ هات .تورکەکان لەڕووی سیاسەتی دەرەوە مەسەلەی بەکارهێنانی ئاوی وەک کارتێکی فشار خستنە سەر وڵاتانی دەوروبەری ئەوە بوو لەساڵی١٩٧٦ یەکەمین سیاسەتی کۆکردنەوەی ئاودەستی پێکرد. تورکیا بەنداوی “کیبان” و سوریاش بەنداوی “تەبەق” کە کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ئاوی فوراتەوە هەبوو
“شوێنێ پڕۆژەی گاپ”
پڕۆژەکە لە شەش پارێزگای تورکیا ئەنجام دەدرێت زۆرینەی دانیشتوانی لەکوردەکان پێکهاتووە کە ٪٥٠ کورد ٪٤٠ تورک و ٪ ١٠ عەرەبە. پارێزگاکانی ناوچەکە بریتین “لە غازی عنتاب و دیاربەکرو ئاوی مایان و ئورفا و ماردین” پانتای پڕۆژەکە ٧٣٨٦٣ کم دووجایە، پڕۆژەی “گاپ” کورتکراوەی سێ وشەی تورکیە، بریتیە لە “پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ” و “پڕۆژەی ئەنادۆڵی مەزن”یشی پێدەوترێت، یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی جیهان. پڕۆژەکە لەسەر دەستی پسپۆڕێکی ئاودێریی ئیسڕائیلی بە ناوی “شارۆن ئالوزوروف” دیزاینی بۆ دانراوە، ئەندازیارەکەشی “یوشع کال” ئیسڕائیلییە لەسەر ڕووباری فوراتە و، بە ڕێژەی لە ٪٨٠ پڕۆژەکە پشت بە ئاوی فورات، ٪٢٠ پشت بە ئاوی دیجلە دەبەستێت، ڕووبەری پڕۆژەکە لە ٪١٠ی ڕووبەری گشتی تورکیا پێکدەهێنێت کە پرۆژەکە دەکەوێتە باکوری کوردستان و زۆرترین گوند و ناوچە دەگرێتەوە. پێی پلانی دەوڵەتی تورکیا بە پرژەی گاپ دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) لەڕووی پیشەسازییەوە پێشبخات بەو پێیەی بەهۆی گاپەوە بە هەزاران کەس دەتوانن کاریان دەستبکەوێت و پرژەی کشتوکاڵی لەو ناوچەیە پێشبخرێت، بەڵام پێگەی جوگرافی گاپ دەکەوێتە باکوری کوردستان و زۆرترین گوندی کوردی بەردەکەوێت بۆیە زیانەکانی بەسەر ئەو ناوچانەدا دەبێت کە دەوری پرۆژەی گاپن.
تورکا پڕۆژەی گاپ وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بە مەبەستی گۆڕینی ئاو بە نەوت و گازی سرووشتی یان کڕینی نەوت و گازی سرووشتی بە نرخێکی گونجاو، تێیدا جوگرافیای خاکی کوردستان دەگۆڕێت، جگە لەمانە دەیەوێت لە ڕێگای ئەو پڕۆژەیەوە بازاڕی پیشەسازی تورکیا گەرم بکات و بیگەیەنێتە ئاستی وڵاتانی ئەورووپا.
“یەکەکانی پڕۆژەی گاپ؛ ڕووباری فورات”
ئەم ڕوبارە بەدرێژترین ڕووباری ڕۆژئاوای ئاسیا دادەنرێت کە درێژیەکەی ٢٨٠٠ کم کە ٪٤٠ ی دەکەوێتە خاکی تورکیا ٪٢٥ ، دەکەوێتە خاکی سوریاو ٪ ٣٥ دەکەوێتە خاکی ئێراق. ڕوباری فورات لەیەکگرتنی فردسۆ و مرادسۆ پێک دێت، بەناوچەی کیبان ون٪٩٤ سەرچاوەی ڕووباری لەناو خاکی کوردستاندایە پاش ئەوەی بەناو خاکی سوریا تێدەپەڕێت لەئەبولکەمالەوە دێتە ناو خاکی ئێراق پاشان لەنزیک شاری “بهسرە” لەگەرمەت عەلی لەگەڵ دیجلە یەکدەگرن و شەتولعەرەب پێکدێنن داهاتی ساڵانەی ئاوی ڕووباری فورات لەساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە لەگۆڕاندایە. کەمترین داهاتی ساڵانەی ١٦ ملیار مەتر سێجایە و بەرزترین داهاتی ساڵانەی ٤٧ ملیار مەتر سێجایە، گرنگترین لقەکانی ڕوباری فورات بریتین لە (مونزور، پەری، توخمە، کوک، سوو، خاپوور” کە هەموی لە کوردستانی باکوردایە. یەکەکانی پڕۆژەکەش ئەمانەن:-
پڕۆژەی فوراتی خواروو؛ لە(٧) یەکە پێک دێت کەلەچوارچێوەی پڕۆژەی فوراتی خواروو ئەنجام دەدرێت:-
أ. پڕۆژەی بەنداوی ئەتا تورک:- یەکێکە لەپڕۆژەکانی فوراتی خواروو، چاکترین یەکەکەنی ئەو پڕۆژەیە کەلەسەر ڕووباری فورات لەنزیک شاری “یوزوفا” کە سەر بە پارێزگای “ئورفا”یە لەدووری ١٦٠ کیلومەتر لەسنووری نێوان تورکیاو سوریا ئەم پڕۆژەیە بە ئەنجام گەیشتووە ئەم بەنداوە بە پێنجەمین بەنداوی جیهان دەژمێردرێت
ب. پڕۆژەی تونێلی ئورفا.
ج. پڕۆژەی وێستگەی ئورفا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی ٪ ١٢٤ مێگاوات کارەبای هەیە.
د. پڕۆژەی ئاودێری “ئورفا، هەرات”.
ڕوباری دیجلە؛ ڕوباری دیجلە کوردستانی باکوورەوە هەلدەقوڵێت لە فیشخاپورە و دێتە ناو هەرێمی کوردستان پاشان لقەکانی خاپوورو زێی گەورە و زێی بچووک و عوزێم و سیروان لقەکانی ڕووباری دیجلە هەموویان لە کوردستانەوە دەڕژێتە ناو ڕووباری دیجلە، پاشان دیجلە سنووری هەرێم دەبڕێت و بەرەو ناوەراست و باشووری ئێراق دەڕوات درێژی ڕوباری دیجلە ١٧١٨کم داهاتی ڕووباری دیجلە لە موسڵدەگاتە ٢١ ملیارمەتر سێجا٥٦٪ ڕوباری دیجلە کەوتووەتە ناو خاکی تورکیاوە ١٢٪ کەوتوەتە ناو خاکی ئێران و ٣٢٪ کەوتوەتە بەر خاکی هەرێمی کوردستانی ئێراق، یەکەکانی پڕۆژەی گاپ(GAP) لەسەر ڕووباری دیجلە، ئەو یەکانەش بریتین لەمانەی خوارەوە:-
1. کەرگێزی دیگڵ:- ئەم پرۆژەش بریتین لە دوو بەنداو کە توانای ئاودێریکردنی١٢٦٥٨ هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیەو توانای کۆکردنەوەی دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی لەساڵێکداهەیە هەروەها توانای بەرهەم هێنانی کارەبای بە نڕی ٤٤٤ مێگاوات لە کاتژمێرێکدا.
٢ پرۆژەی بەنداوی باتمان:- ئەم پڕۆژەیە لە ناوچەی باتمان دروست دەکرێت، بریتییە لە بەنداو و وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبا بە بڕی٤٨.٤٪ مێگاوات لە کاتژمێرێکدا.
“ئامانجەکانی پڕۆژەی گاپ”
أ. سیاسەتی بەتورک کردن: پڕۆژەی گاپ لە بنچینەدا لە کێشە و ململانێی کوردا بیرۆکە و پلانی بۆ دارێژراوە. بە پەرەپێدان و بووژانەوەی ناوچەکە و بووژانەوەی باری ئابووری کوردەکان بۆ ئەوەی چیتر بیر و کێشە و جووداخوازی نەکەنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا تورکەکان چەند چاکسازییەک بۆ کوردەکان ئەنجام دەدەن، وەک مافی کولتووری و ڕۆشنبیری.
ب. بە ئەنجامدانی پڕۆژەی گاپ، تورکیا دەیەوێت ئاسایشی نەتەوەی خۆی بپارێزیت و تورکیا نەک هەر دەیەوێت سنووری نیشتمانی بپارێزیت، بەڵکو ئەگەر دۆخەکانی دیکە لەباربن خەونەکانی خەلافەتی عوسمانی بەدیدێت .
ج. پڕۆژەی گاپ وا لەوڵاتانی عەرەبی دەکات هەمیشە پێویستیان بە تورکیا هەبێت.
کەچی تورکیا لەمەسەلەی ئاو دەوڵەمەنترین وڵاتی ناوچەکەیە کەنزیکەی ٨٣١ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە کە ٪ ١٥ سودی لێوەردەگیرێت.
د. کۆکردنەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە وەک هەڕەشەیەک لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێنرێت وەک “سلێمان دیمرێل” لە ٢٥/٧ ١٩٩٠. کە تورکیا سەروەرە لەسەر داهاتە ئاوییەکانی خۆی و هیچ کاتێك دان بەوەدا نانێت کە ڕووباری دیجلەو فورات دوو ڕووباری نێودەوڵەتین، بەڵکو دوو ڕووباری سنوور بڕن.
هـ. بە کۆکردنەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، دەیەوێت ئاو وەکو کاڵایەک بەکاربهێنێت، چ بە فرۆشتن بێ یان بە ئاڵوگۆرکردن بێت لەگەڵ نەوتی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش زیاتر لەبەرنامەی بۆری ئاشتیدا دەردەکەوێت
“ئامانجە ئابوورییەکانی پڕۆژەی گاپ”
أ_ پرۆژەی GAP کە لەسەر هەردوو ڕوباری دیجلە و فوڕات ئەنجام دەدرێت، لەم قۆناغەدا توانای گڵدانەوەی ٩٦.٨ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە،کە نەخشە کێشراوە بە بەراورد کردنی١،٦٠٩،٠٤٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵی لە بەشی باکووری کوردستان دەگاتە ٢٠٪ پانتای ئەو زەوی و زارانەی کە لە تورکیا بۆ کشتوکاڵ دەشێن وە پانتاییە لە ئایندەدا پاش ئەنجامدانی هەموو پڕۆژەکە فراوانتر دەبێت.
ب_ توانای پڕۆژەی گاپ لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وێستگەی کارەبا، لە وێستگەکانی کە لەسەر بەنداوەکان یان بە جیا دروستکردنیان لە پرۆژەکە دەگاتە ٢٦،٨٨٦ مێگاوات کاتژمێر لە ساڵێکدا.
ج_ لە ئەنجامدانی ئەو بێکارییە کە ئێستا تورکیا دەبەستێتەوە و دەناڵێنێت، پڕۆژەی گاپ دەرفەتی کار بۆ ٣،٥ کەس ملیۆن کەس دەرەخسێنێت بۆ کرێکار و فەرمانبەران و کاسبکاران و پسپۆران جگە لە جووتیارانی دەڤەرەکە.
د_ دەڤەرەکە دەبێتە گەورەترین شوێن و پانتایی بەروبوومە کشتوکاڵییە ستراتیجیەکان وەک گەنم و برنج وەک لۆکە و توتن و میوەجات و …هتد. کە تورکیا دەیەوێت دەڤەرەکە بکاتە قرتالەی خۆراکی خۆرهەڵاتی ناوەراست.
ه_ بووژانەوە و پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ لە دەڤەرەکە، کە ئەمەش بەرهەمهێنانی گۆشت و پێستە و خوری و …هتد. کە لە ڕووی بازرگانیەوە سوودی گەورەی بۆ تورکیا هەیە.
و- زیادبوونی بەرهەمی ماسی لە دەریاچەی پڕۆژەکان و لە بەنداوەکان و دەوروبەرەکەی بە ١،٤٩ ملیوۆن تەن لە ساڵیکدا مەزەندە دەکرێت.
ح_ ساغکردنەوەی بەروبوومە کشوکاڵی و پیشەسازییە خۆراکییەکان لە بازاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە دەبێتە باشتری چەقی بازاڕ لەبەر شوێنەکە و پێداویستی دەڤەرەکە.
ك_ جگە لەوەی تورکیا ئاوەکەی وەک کاڵا ساخدەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا وزەی کارەباش بە وڵاتانی دەڤەرەکە دەفرۆشێ ئەمەش داهاتێکی زۆرە بۆ تورکیا.
کاریگەریی پڕۆژەکە لە سەر وڵاتانی دراوسێ “سوریا و ئێراق” پڕۆژەی گاپ لە سەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات جێبەجێدەکرێت و سەرچاوەی ئەم دوو ڕووبارەیش دەکەوێتە تورکیاوە، بەڵام ئاوڕێژەگەکانیان دەکەوێتە وڵاتانی دراوسێوە، واتە دوو ڕووباری سنووربڕن. ڕووباری دیجلە کە درێژییەکەی نزیکەی (١٩٠٠کم)ە، تەنها (٥٢٣کم)ی دەکەوێتە خاکی تورکیاوەو (١٣٧٧کم)ی بە خاکی ئێراقدا تێپەڕدەبێت، بەم پێیەیش ڕێژەی (٧٢.٤٪)ی ڕووبارەکە دەکەوێتە خاکی ئێراقەوە. “لە ناو خاکی تورکیادا کۆمەڵێك بەنداو لە سەر ئەم ڕووبارە دروستکراون، کە دیارترینیان بەنداوەکانی “دیجلە، دێڤێ گێچیدی، کراڵ کزی، باتمان، گارزان و ئیلیسوو بەنداوی ئیلیسوو گەورەترین بەنداوی سەر ڕووباری دیجلەیە و، دووەم گەورەترین بەنداوی تورکیایشە لە ڕووی توانای گلدانەوەی ئاوەو” فوراتیش، کە بە درێژترین ڕووباری باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا دادەنرێت، کۆیگشتیی درێژییەکەی لە سەرچاوەوە هەتا ئاوڕێژگە (٢٨٠٠کم)ەو نزیکەی (١٢٦٣کم)ی دەکەوێتە خاکی تورکیاوە (٧١٠کم)ی دەکەوێتە خاکی سوریاوە) و ئەوەیشی کە دەمێنێتەوە (٨٢٧کم)، دەکەوێتە خاکی عێراقەوە. گەورەترین بەنداوەکانی تورکیا، کە بریتین لە بەنداوەکانی “ئەتاتورك، کێبان، کاراکایا، بیرێجیكو کاراکامش”، لە سەر ئەم ڕووبارە دروستکراو).
ئەگەرچی لە کاتی ئێستادا هەموو ئەو بەنداوانەی کە لە ماستەرپلانی پڕۆژەکەدا هاتوون، تەواونەبوون، بەڵام ئەوانەی دروستکراون، کاریگەریی نەرێنییان هەبووە لە سەر بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو خاکی ئێراق و سوریا، ئەمەیش ڕاستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی ئەم وڵاتانە بەجێهێشتووە، لەبەرئەوەی ئێراق و سوریا هەتا ڕادەیەکی باش پشت بە سەرچاوە ئاوییە دەرەکییەکان دەبەستن، بۆ نموونە ئێراق بە ڕێژەی (٥٣.٤٪)و سوریایش بە ڕێژەی (٧٢.٣٪) پشتبشت بە سەرچاوە ئاوییە ناخۆماڵییەکان دەبەستن، لە کاتێکدا ڕێژەی پشتبەستنی تورکیا بە سەرچاوە ئاوییە دەرەکییەکان تەنها (١٪)ەو ڕێژەی (٥٠٪)ی پێخۆرە سەرەکییەکانی ڕووباری دیجلە و (٩٠٪)ی پێخۆرە2 سەرەکییەکانی ڕووباری فورات دەکەونە ئەم وڵاتەوە، ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاو بەشێکی زۆری ئێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، وشك یاخود نیمچەوشکە و بڕی بارانی ساڵانەی ئێجگار کەمە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دیاردەی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا، ئێراق و سوریای خستووەتە بارودۆخێکی ناهەموارەوە، هەروەها بە هەمان شێوەی ئێراق و سوریا، تورکیایش کەوتووەتەبەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو ئەمەیش خۆی لە کەمبوونەوەی بڕی دابارینی بەفرو باران لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە. پەیوەست بەم پرسەوە، توێژەران پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لە داهاتوودا بڕی ئاوڕێکردن لە ئاوزێڵی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتدا بە ڕێژەی (٣٠٪ بۆ ٧٠٪) کەمببێت).
هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران؛ لەگەڵ بەردەوامیی گەشەی دانیشتوانو زیادبوونی پێداویستییەکان بۆ خواردن و ئاوی سازگار ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ هاتنە ئارای پرسێک بە ناوی پرسی دابەشکردنی ئاو لە نێوان وڵاتانی خاوەن_پشك لە ئاوزێڵی ڕووبارە سنووربڕەکاندا. وەك پێشوو ئاماژەیپێکرا، ئێراق هەتا ڕادەیەکی زۆر پشت بە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات دەبەستێت بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی و …هتد، سوریایش هەتا ڕادەیەکی باش پشت بە ڕووباری فورات دەبەستێت، بەڵام سەرچاوەی هەردوو ڕووبارەکە دەکەوێتە وڵاتی تورکیاوە و ئەو وڵاتەیش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ئاوییەکانی خۆی سیاسەتی ئاویی تایبەتی داڕشتووەو لە چوارچێوەی پڕۆژەی گاپدا بەرنامەو پڕۆگرامە ئاوییەکانی خۆی فۆرمەلەکردووە. تێکڕای بڕی ئاوی ساڵانەی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات نزیکەی (٨٨ ملیار/م٣)یەو ڕێژەی (٦٠٪)ی پێخۆرەکەیشـــی دەکەوێتە خاکی تورکیا و (٣٦٪)ی دەکەوێتە خاکی ئێراق و (٤٪)یشی دەکەوێتە خاکی سوریاوە، واتە زۆربەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە ئاو دەدەن بەم دوو ڕووبارە، دەکەونە وڵاتی سەرچاوەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەریەك لە ئێراق و سوریا داوای بڕێکی زیاتر لەو بڕە ئاوە دەکەن کە لە ناو خاکی وڵاتەکانیانەوە سەرچاوەدەگرێت و دەڕژێتەوە ناو هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە، کە ئەمەیش لە دیدی تورکیاوە لەگەڵ پێوانە ئەندازیارییە دانپێدانراوە نێودەڵەوتییەکان بۆ پرسی دابەشکردنی ئاوی ڕووبارە سنووربڕەکان یەکناگرێتەوەو زیادەڕەویی زۆری تێدایە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین:- پڕۆژەی گاپ یەکێکە لە پڕۆژە هەرە زەبەلاحەکانی تورکیا، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی بێت، یاخود دەرەکی و لە ڕووی ئابوورییەوە لە یەکێك لە ناوچە هەرە دواکەوتووەکانی وڵاتدا جێبەجێدەکرێت، ئەمەیش بە مەبەستی باشترکردن و بەرەوەپێشبردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە کۆچی دانیشتوانی ناوچەکە، جا چ بۆ شارەکانی تر بێت یاخود بۆ دەرەوەی وڵات. ئەگەرچی لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی ناوچەکە کەوتوونەتە ژێر ئاوی بەنداوەکانەوە و حکومەتی تورکیایش ئاماژەی بەوە کردووە کە هەنگاوی جددیی ناوە بۆ قەرەبووکرنەوەیان و دووبارە نیشتەجێکردنیان لەو ناوچانەی کە لە ماستەرپلانی پڕۆژەکەدا بۆیان دیاریکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوانە تەنها لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری دەوڵەتدا ماونەتەوە و لە ئەرزی واقیعدا ئەنجامێکی بەرجەستەیان نابینرێت.