جۆ و بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کەمتر لە سێ مانگی ماوە، باڵام پێدەچێت رووبەڕووی ئاستەنگ و بەرهەڵستی نوێ ببێتەوە. لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵی رابردوو، بە پێی هەڵسەنگاندنەکانم، جۆو بایدن ویڕای هاوکاریکردنی ئۆکرانیا لە جەنگی بەرامبەر بە روسیا، کە تاڕادەیەک بە ئەرێنی تەماشا لێکدەدرێتەوە، لە زۆر لایەن بە لاوازیی دەرکەوتووە: لەوانە ئاستەنگە پەیوەستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێراق، سوریا و لوبنان و فەڵەستین و ناپابەندییەکانی ئیسرائیلیش سەربارن.
باپیرە جۆ و بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەو سەرۆکەی کە شکستی بە دۆناڵد ترەمپ هێنابوو، پارەتەکەی و جێگرەکەی لەسەردەستی ترەمپ شکستیان هێنا. بەشێکی ئەو شکستە پەیوەندی بە مامەڵە خراپەی سەرکردەکانی پارتی دیموکرات بوو لەگەڵ جۆو بایدن.
بۆ بایدن سیاسەتی دەرەوەی بە سیاسەتێکی تا رادەیەک هاوسەنگ و لە هەمان کاتیش ناکارا و ناکاریگەر لێکدەدرێتەوە. هۆکارەکان پەیوەستن بە بارستایی کێشەکان، دەستێوەردانی وڵاتانی زلهیز و خاوەن بریکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەک و پیربوونی خۆی و لاوازیی ئیدارەکەی لە لایەکی دیکەوە.
لە ئێراق ئیدارەی بایدن وێڕای ئەوەی لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر هاوکاری ئێراق بووە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی گرتنی پێشڤەچوونەکان، ئێراق ئەمریکای ناچار کردووە ئەرکی سەربازیی خۆی بگۆڕێت. لەو نێوانە هەڕەشەی میلیشیاکانیش بەردەوام بووە و بەرپەرچدانەوەی ئەمریکاش سنووردار یان بەرپرسیارانە بووە، نەشیتوانیووە، ئاسمانێک کە خۆشی بەکاری دەهێنێت، جڵەوی بکات و ڕێگر بێت ئیسرائیل و ئێران تەراتێنی تیادا نەکەن و یەکتر بۆردومان نەکەن.
ئێستا لە سوریا و ئێراق داعش لە سەرهەڵدانەوەیە، جموجۆڵیان زیاد بووە. ئەمە دەرخەریی ئەو بارودۆخەیە کە هێشتا مەترسییەکانیان کۆتایی نەهاتوون، کۆتایینەهاتنی مەترسییەکانیش پەیوەستە بە بەردەوامیی ئەو لاوازیی و لەرزۆکیی و هۆکارانەی خەڵکانی ناڕازیی و نوێنەرایەتی نەکراو و پشتگوێخراو دەچنە ریزەکانیان، کە زۆرینەی رەهایان سووننە عەرەبەکانی ئێراق و سوریان. بەو پێیە سنوورداربوونی هێزە ئەمریکیەکان وای کردووە داعش ئەوەندە پێزانینی بۆ هێزە ئێراقییە میلیشیاییەکان و سوپا نەبێت، کە لە ٢٠١٤ بە ئاسانی شکستی پێهێنان. لە ئەگەری کشانەوەی تەواوەتی سەربازەکانی ئەمریکا، سوپای ئێراق کە نا نیشتیمانیی و پەرت و تاقئیفییە، بەرگەی شەڕە چڕوپڕەکان ناگرێت، ڕوونیشە کارامەیی پێشمەرگە و هاوکاریی هاوپەیمانان و تەنانەت ئێرانیش نەبووایە، عیراق هیچی وای لەبار نەبوو تا بتوانێت شکست بە داعش بهێنێت، کە وەکو جێگرەوەی شیعستانی عەرەبی خۆی دەنواند،لە سونستانی عەرەبی.
هەژموونی وڵاتە هەرێمییەکان تا دێت زیاتر دەبێت و ئەمریکا لەبەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێکاریگەر یان کەم کاریگەرە؛ بێجگە لەوەی لەوەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر سیاسەت و رووگەی سیاسی وڵاتەکە نەماوە.
ئیستاش کە ئەرکی سەربازیی ئەمریکییەکان لە عێڕاق بۆ راوێژکاریی گۆڕاوە، خواستی دەرکردن یان بە شێوازی دیکە، کشانەوەی ئارەزوومەندانەیان لێدەکەن، داهاتووی وڵاتەکە لەبەردەم ئەگەری خراپ و ڕەش دایە، بەوەی هیچ کام لە کێشە جیاکارییە تائیفییەکان چارەسەر نەکراون، یاسای تائیفی دەسەپێندرێن و بە زۆرینە هەوڵ دەدرێت رەوایی بە بزاوتێکی یەک ڕوانگەی تائیفی مەزهەبی هاوردەکراو بدرێت، کە تیایدا سونە عەرەبەکان خۆیان نابیننەوە؛ داهاتووێکە لە باشترین بارەدۆخیدا لوبنان و یەمەن دەهێنێتە بەرچاو.
لە سەرۆکایەتییەکەی، بایدن لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزەکانی و نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکەی، کاری لەسەر پاڵپشتیکردنی فەرمانڕەواکانی ئێراق کردووە، ئەمە بە پاساوی دیموکراسی بێت یان ناچاریی تا سەقامگیریی ئێراق رابگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتەکە هێشتاش بەدەست ئاستەنگە نێوەخۆییە دژیەکەکان دەناڵێنێت. بەردەوامیش نیگەرانیی لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤ و گەندەڵی سیاسی هەبووە، بەڵام لەو نێوانە کاریگەرییەکانی ئەمریکا سنووردار بوون.
پەیوەست بە میلیشیاکان، نەتواندراوە سەرکوت بکرێن، ئەمریکا سیاسەتێکی روونی بەرامبەریان نەبووە لەوەی دەبێت بمێننەوە یان لە یاسا لادەر و دژن. بەرەی مقاوەمە وەکو نمونە، کە ئەمریکا و ئسیرائیل وەکو یەک تەمەشا دەکات، فراواخوازییان لە ئێراق هەیە و سوریا و یەمەن و لوبنان وەکو یەک بەرە تەماشا دەکەن. هێرشی ئەو میلیشیایانە بەردەوامە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا، چەندین جار کوردستانیش کراوەتە ئامانج بەهەمان پاساوی بوونی ئەوان و گومانی بێ بنەمای دیکە.
پەیوەست بە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستا ئەو مەترسیانە جڵەونەکراون و بە کێشەیەک لەسەرەوەی دەسەڵاتی بایدن لێکدەدرێنەوە. ئیسرائیلیش بە هیچ جۆرێک پابەندیی پێشنیازەکانی ئەمریکا نەبووە، وردتر بڵێین، ئەمریکای بایدن. ناپابەندیی ئیسرائیل لە پرسی بارمەتەکان و لە پرسی ئاشتیدا بووە و هیچ پێشڤەچوون لەژێر سایەی هەوڵەکانی ئەمریکا بەدەست نەهاتوون، ئەمە وێڕای دەیان سەردان و کۆبوونەوەی مێردەکانیان بایدن و ناتانیاهۆ.
کەواتا بۆ جۆو بایدن لەو کاتە کەمەی ماویەتی، هیچ کاریگەریەکی وەهای دەبێت یاخود نا، ئەوەندەی نەماوە. لەو نێوانە ناتانیاهو ئەجێنداکەی پەرەپێدەدات و بە شێوازە هەراسانکارەکەی ئیدارەی بایدن شەرمەزار کردبوو و جۆرێک بوو لە بانگەشە بۆ ترەمپ ی دۆستی خۆی.
بەرەی موقاوەمەش لە ژیر کاریگەری وڵاتێکی هەرێمیی زیاتر پێشڕەویی دەکات و هاوکاتیش وڵاتە هەرێمییەکان زیاتر لەسەپاندنی هەژموونیان لە ناوچەکە قوڵتر دەبنەوە. ئەو بەرەیە بە ئەجێندایەکی مێژوویی، ڕق ئەستوور و فراوانخواز بەردەوام دەبن و هەڕەشەی رژدن لەسەر دامەزراوە فەرمیی و یاسایی و سیاسییەکانی ئێراق و ناوچەکە بە گشتی، کە جیهادێکی ئایینی تاڕادەیەک لە ڕوانگەی سوننەکان جەنگێکی تائیفی تۆڵەسێنیشە و کەس لەدەرەوەی بازنەکەیان لێی بەدەر نابێت.
لە ئەگەری کشانەوەی ترەمپیش لە چوارچێوەی سیاسەتی دوورەپەرێزیی خۆی، دەرگەی دۆزەخ بەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە و بەریەککەوتنە هەرێمیی و نێوخۆییەکان زیاتر زەق دەکاتەوە. پێشبینیکراوە دوای بایدن ئەمریکا سیاسەتێکی سەرەکی بۆ ناوچەکە نابێت. بۆ ترەمپ هەم ئێراق و هەم ناوچەکە بێجگە لە ئاساییشی ئیسرائیل و پەیوەندی “پاراستن بەرامبەر بە نەوت” ی لەگەڵ کەنداو، هیچی دیکە گرنگ نابن، ئەمە ویڕای مەترسی دەرکردنی فرمانی کشانەوەی سەربازیی لە ئێراق و ناوچەکەش، مەترسیی و هەڕەشەیەک کە بوونی ئێراق وەکو پێکهاتەیەکی سیاسیی دەگۆڕێت بۆ شتێکی دیکەی نەناسراو. دواجار ئەمەش شکستێکی دیکەی ئیدارەی بایدن، بە ترەمپ و ئۆباماوە تا دەگاتە بوش لە دوای لەشکرکێشی بۆسەر ئێراق لە ٢٠٠٣.