خه‌ڵکی دوورگه‌ی بالی له ئه‌ندۆنێزیا کاتێک ده‌ترسن، ده‌خه‌ون. یان لانیکه‌م ئه‌مه ئه‌و کاره‌یه که ده‌بێ پێی هه‌ستن. ڕه‌نگه خه‌وتن له کاتی ترس‌دا شتێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره بێته به‌رچاو. ئێوه ئه‌گه‌ر له کو‌لتوورێکی ڕۆژئاواییدا بن. له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا واقتان وڕ ده‌مێنێت و ده‌حه‌په‌سێن و ده‌که‌ونه هه‌ناسه‌بڕکێوه. ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه چاوه‌کانتان تووند بنووقێنن و هاوار بکه‌ن، وه‌کوو کچۆڵه‌یه‌کی مێرمنداڵ که خه‌ریکی بینینی فیلمێکی ترسناکه. یان ڕه‌نگه له‌و شته‌ی که بووه‌ته هۆی تۆقینتان هه‌ڵبێن. ئه‌م ڕه‌فتارانه ئه‌و کڵێشه و په‌رچه‌کردارانه‌یه له ڕۆژئاوادا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ترس. له دوورگه‌ی بالی، ئه‌م کڵێشه و ڕه‌فتاره خه‌وتنه. چ جۆر زه‌ینێک له ترسان ده‌چێته خه‌و؟ جۆره زه‌ینێک که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێوه جیاوازه.
مێشکی مرۆڤه‌کان چه‌شنگه‌لی جۆراوجۆر له زه‌ین به‌دی دێنێت. مه‌به‌ستم ته‌نها ئه‌مه نییه که زه‌ینی ئێوه له‌گه‌ڵ زه‌ینی هاوڕێیان و دراوسێکانتان جیاوازه. مه‌به‌ست ئه‌و زه‌ینانه‌یه که تایبه‌تمه‌ندیی بنه‌ڕه‌تیی جیاوازیان هه‌یه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش وه‌کوو من له کو‌لتوورێکی ڕۆژئاواییدا بن، زه‌ینتان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێک به‌ناوی بیرکردنه‌وه و جۆش و خرۆشه، ئه‌م دووه له‌بنه‌وه‌ڕا جیاواز له یه‌کدی هه‌ست پێ ده‌کرێن. به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له کو‌لتووری بالی یان له کو‌لتووری ئیلومیناتی له وڵاتی فیلیپیندا ده‌ژین، ئه‌و شته‌ی که ئێمه‌ی ڕۆژئاوایی ناوی ده‌نێین مه‌عریفه و جۆش و خرۆش، وه‌کوو جۆره ڕووداوانێکی جیاواز ئه‌زموونی ناکه‌ن، به‌ڵکوو شتێک ئه‌زموون ده‌که‌ن که له تێڕوانینی ئێمه‌دا تێکه‌ڵه‌یه‌که له بیر و هه‌ست، به‌ڵام بۆ ئه‌وان ئه‌م بابه‌ته یه‌ک شته. ئه‌گه‌ر وێناکردنی ئاوه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌کی زه‌ینی بۆ ئێوه دژواره، کێشه نییه، چون ئێوه خاوه‌نی زه‌ینێکی وه‌کوو زه‌ینی خه‌ڵکی دوورگه‌ی بالی نین.
وه‌کوو نموونه‌یه‌کی دیکه، زه‌ینی مرۆڤی ڕۆژئاوایی به‌شێوه‌یه‌که به‌زۆریی هه‌وڵ ده‌ده‌ن مه‌زه‌نده بکه‌ن که که‌سانی دیکه چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه یان چ هه‌ستێکیان هه‌یه. ئه‌م هه‌ڵگۆسته زه‌ینییه له کو‌لتووری ئێمه‌دا وه‌کوو لێهاتووییه‌کی بنه‌مایی و پڕبه‌هایه که کاتێک له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه وا له‌م کاره‌دا لێهاتوویی و شاره‌زاییان نییه، ڕه‌نگه وا بیر بکه‌ینه‌وه نا سرووشتین، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ته‌نها له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا جیاوازییان هه‌بێت. به‌ڵام له هه‌ندێک له کو‌لتووره‌کانی دیکه‌دا، هه‌وڵدان بۆ بینینی ناوه‌وه‌ی زه‌ینی که‌سێک وه‌کوو شتێکی ناپێویست بخوێنرێته‌وه. خێڵی هیمبا له وڵاتی نامیبیا به‌زۆری به سه‌رنجدان به ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی یه‌کتر له ئیش و کاری یه‌کتر تێده‌گه‌ن، هه‌وڵ ناده‌ن دۆخی زه‌ینیی پشته‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌فتاره هه‌ڵبکۆڵن. ئێوه ئه‌گه‌ر به‌ده‌می ئه‌مه‌ریکییه‌که‌وه پێ بکه‌نن، مێشکیان ڕه‌نگه وای بۆ بچێت که به بینینیان خۆشحاڵن و پێشبینیی ده‌کات که سڵاوێک بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سڵاو له که‌سێکی خێڵی هومبا بکه‌ن، مێشکی ڕه‌نگه ته‌نها سڵاو کردن(به زمانی ئه‌وان moro) پێشبینیی بکات.
ته‌نانه‌ت له فه‌رهه‌نگێکی یه‌کگرتووشدا جۆره جیاوازه‌کانی زه‌ین ده‌بینرێنه‌وه. نموونه‌ی ئه‌مه زه‌ینی بیرکاره گه‌وره‌کانه که ئه‌و ژمێریاری و حسێبکردنانه وێنا ده‌که‌ن وا بۆ زه‌ینه‌کانی دیکه ناپۆڕێت. یان بۆ نموونه زه‌ینی گێرتا توونبێرگ؛ مێرمنداڵێک که بۆ ناوچه جیاوازه‌کانی جیهان سه‌فه‌ر ده‌کات و له‌باره‌ی گۆڕانکارییه‌کانی که‌ش و هه‌وا و ژینگه‌وه لێدوانی توند ده‌دات. زه‌ینی توونبێرگ له‌سه‌ر ده‌سته‌ی ئۆتیسمه(له‌خۆدامانه‌وه) جێگیره، و شتانێک ده‌ڵێت که ئه‌وانی دیکه ئاره‌زوویه‌کیان نییه بۆ وتنی. ئه‌و ئه‌م دۆخه‌ی خۆی به جۆرێک له (هێزی سه‌رتر) ده‌زانێت که له بارودۆخێکدا وا که‌سه‌کان ڕه‌خنه‌ی هه‌وڵه‌کانی ئه‌و ده‌که‌ن، یارمه‌تیی ده‌دات بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌رکه‌که‌ی. یان بۆ نموونه که‌سانێک بهێننه پێش چاوی خۆتان که تووشی شیزۆفێرنیان و وه‌همی خه‌ست و به‌رده‌وامیان هه‌یه. هه‌نووکه ئه‌و که‌سانه‌ی وا ئاوه‌ها زه‌ینێکیان هه‌یه، به نه‌خۆش هه‌ژمار ده‌کرێن، به‌ڵام چه‌ند سه‌ده پێش ڕه‌نگه وه‌کوو عاریف یان قه‌دیسێک هه‌ژماریان بکردایه. “هیلگار بینگینی” له زانایان و ڕاهیبه‌کانی سه‌ده‌ی دوانزه‌ی زاینی بوو که دیمه‌نانێک له فریشته و شه‌یتانه‌کان ده‌هاته به‌رچاوی و ده‌نگانێکی ده‌بیست که وا وێنا ده‌کرا له لایه‌ن خوداوه‌وه‌یه.
به‌کورتی ئه‌مه‌ی که مێشکێکی تایبه‌ت به مرۆڤێکی تایبه‌ت له ناو له‌شێکی تایبه‌ت که له که‌لتوورێکی تایبه‌ت په‌روه‌رده و خولگه‌سازیی کرابێت، جۆرێکی تایبه‌ت له زه‌ین دروست ده‌کات. سرووشتی مرۆیی ته‌نها یه‌ک جۆر نییه، به‌ڵکوو شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه. زه‌ین شتێکه که له به‌ریه‌ککه‌وتنی نێوان مێشک و له‌شی ئێوه وه‌دیار ده‌که‌وێت، له بارودۆخێکدا که مێشک و له‌شی ئێوه له گه‌مارۆی مێشکه‌کانی دیکه له له‌شه‌کانی دیکه‌دایه که هه‌موو له جیهانی به‌رهه‌ست و فیزیکیدا نغرۆ بوونه و جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی دێنن. زۆر گرینگه که مرۆڤ شێوه جۆراوجۆره‌کانی زه‌ینی هه‌بێت، چونکه گۆڕان هه‌ڵگری یان خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆ مانه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنێک له بوونه‌وه‌ران گرینگییه‌کی چاره‌نووساز و ژیانه‌کی هه‌یه. یه‌کێک له گرینگ‌ترین تێڕوانینه‌کانی “چارلز داروین” ئه‌مه بوو که گۆڕان هه‌ڵگریی مه‌رجی پێویست بۆ کاریگه‌ربوونی هه‌ڵبژاردنی سرووشتییه. بیری لێ بکه‌نه‌وه: ئه‌گه‌ر گۆڕانێکی زۆر گه‌وره له که‌ش و ده‌وروبه‌ردا بێته ئاراوه، بۆ نموونه خۆراک به‌شێوه‌یه‌کی کاره‌ساتبار که‌م بێته‌وه یان پله‌ی گه‌رمیی زۆر بچێته سه‌ره‌وه، ئه‌و چه‌شنه‌ی که گۆڕانی سه‌رنجڕاکێش هه‌ڵنه‌گرێت، ڕه‌نگه به‌ته‌واوه‌تی له پانتای بوون بسڕدرێته‌وه. کاتێک چه‌شنێک گۆڕانی زۆری هه‌بێت، به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه هه‌ندێک له که‌سه‌کانی پاش هه‌ر کاره‌ساتێک زیندوو ده‌مێننه‌وه-یانی ئه‌ندامانێک که بۆ که‌شی نوێ شیاو و گونجاون هه‌ر ده‌مێننه‌وه. داروین گۆڕانهه‌ڵگریی له له‌شی گیانداراندا بینیبوو، به‌ڵام هه‌مان بنه‌ما بۆ زه‌ینی مرۆڤه‌کانیش به ڕاست ده‌گه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له ئێمه یه‌ک جۆر زه‌ینمان هه‌بوو،-ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ک جۆر له سرووشتی مرۆیی هه‌بوو-له‌و حاڵه‌ته‌دا کاره‌ساتێک ده‌هاته ئاراوه، ڕه‌نگ بوو چه‌شنی مرۆڤ به ته‌واوه‌تی له‌ناو بچێت. به‌خته‌وه‌رانه چه‌شنی ئێمه جۆره جیاوازه‌کانی زه‌ینی هه‌یه، چ له ناو کو‌لتوورێکدا و چ له‌ناو کو‌لتووره جۆراوجۆره‌کاندا، هه‌ر بۆیه، ئه‌گه‌رێکی که‌متری هه‌یه که ئێمه له پانتای بوون بسڕدرێینه‌وه. گۆڕانهه‌ڵگری، پرۆسه‌ی گه‌شو و په‌ره‌سه‌ندنی چه‌شنی ئێمه ده‌پارێزێت.
ئه‌گه‌رچی گۆڕان هه‌ڵگریی نۆرمێکی باو-و نیعمه‌تێکه بۆ چه‌شنی ئێمه، به‌ڵام ده‌بێته هۆی ناڕه‌حه‌تیی که‌سه‌کانیش. وێنای ئه‌مه‌ی که ته‌نها یه‌ک جۆر سرووشتی مرۆیی جیهانگیر و یونێڤێرساڵمان هه‌بێت، زۆر ئاسانتره له گۆڕانهه‌ڵگریی به‌رده‌وام. هه‌ر بۆیه ته‌نانه‌ت کاتێک زانستمه‌نده‌کان دان به‌مه‌دا ده‌نێن که زه‌ین شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه، دیسان هه‌وڵ ده‌ده‌ن که گۆڕان هه‌ڵگریی تاڕاده‌یه‌ک ده‌سته‌مۆ بکه‌ن و دابه‌شی بکه‌ن به سه‌ر چه‌ندین ده‌سته‌دا. ئه‌وان که‌سه‌کان له ده‌سته ده‌ستنیشانکراوه‌کاندا داده‌نێن و مۆرکێک به‌سه‌ر هه‌ر کامه‌یاندا ده‌نێن. ده‌ڵێن هه‌ندێک که‌س که‌سایه‌تیی سارد و سڕیان هه‌یه و هه‌ندێک گه‌رم و گوڕ. هه‌ندێ که‌س زاڵترن و هه‌ندێکیش دڵسۆزتر. هه‌ندێک له که‌لتووره‌کان تاکه‌که‌س به سه‌رتر له کۆ و گشت ده‌زانن و هه‌ندێکی دیکه به‌پێچه‌وانه‌وه. هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک پیشانده‌ری تایبه‌تمه‌ندییه‌کی زه‌ینه که وا دێته به‌رچاو یونیڤێرساڵ و جیهانگیره و زانستمه‌نده‌کان له‌م ده‌ستانه بۆ پۆلێنبه‌ندیی زه‌ینی مرۆڤه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرن.
ڕه‌نگه تاقیکردنه‌وه‌کانی که‌سایه‌تیتان بینیبێت که هه‌ندێک زانیاری له ئێوه وه‌رده‌گرن و ئێوه له ناو ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌تدا پۆلێنبه‌ندی ده‌که‌ن. نموونه‌یه‌کی باش له‌مه تاقیکردنه‌وه‌ی که‌سێتیی مایرز-بریگز یان MBTIه، که که‌سه‌کان به سه‌ر شانزه ده‌سته‌دا پۆلێن ده‌کات و جۆره که‌سایه‌تییه‌کی تایبه‌ت ده‌خاته پاڵ هه‌ر کامه‌یان، تاکوو ئێوه پۆلێن بکات و گوایه یارمه‌تیی ئێوه بدات له پێشخستنی ئیش و کاره‌کانتان. به‌داخه‌وه بایه‌خی زانستیی ئاوه‌ها ئه‌زموونانێک زۆر جێگه‌ی گومانه. ئه‌م ئه‌زموونه و نموونه‌کانیان به‌گشتیی به‌م شێوه‌یه ده‌جووڵێنه‌وه که له ئێوه ده‌پرسن چ بیروڕایه‌کتان له‌باره‌ی خۆتان هه‌یه، به‌ڵام توێژینه‌وه‌کان پیشانی ده‌ده‌ن ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ڕه‌فتاری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه له ژیانی ڕۆژانه‌دا نییه. کارێکی دیکه که زانستمه‌نده‌کان بۆ ڕێکخستنی گۆڕانکاریی نێوان زه‌ینه‌کان ده‌یکه‌ن، پۆلێنبه‌ندی به سه‌ر نۆرماڵ و ده‌ره‌نۆرماڵدایه. پرسه‌که ئه‌مه‌یه که (نۆرماڵ) بابه‌تێکی ڕێژه‌ییه. بۆ نموونه هاوڕه‌گه‌زخوازی تا ساڵانێک له پێڕستی فه‌رمیی تێکچوونه ده‌روونییه‌کان بوو، که له لایه‌ن ڕێکخراوی ده‌روونپزیشکی ئه‌مه‌ریکاوه بڵاو ده‌بوویه‌وه، و وه‌کوو نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی پۆلێن ده‌کرا. به‌ڵام هه‌نووکه زۆرێک له خه‌ڵک ده‌سته‌یه‌کی به‌ربڵاو له لایه‌نگرییه‌کان و شوناسه جێنده‌رییه‌کان و ڕه‌گه‌زه‌کان وه‌کوو گۆڕانی نۆرماڵ چاوی لێ ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌م ڕێکخستن و مۆرکلێدانانه هه‌وڵێکه بۆ ناسینی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زه‌ین که له نێو هه‌موو مرۆڤایه‌تیدا هاوبه‌شه.
له ڕواڵه‌تدا به‌پێی ئه‌قڵی باو وا دێته به‌رچاو که من و ئێوه که به‌شیک له چه‌شنێکی یه‌کسانین(چه‌شنی مرۆڤ)، یان بۆ نموونه جووتیارێک له بوینێس ئایرێس، دووکاندارێک له تۆکیۆ، یان ئاژه‌ڵدارێکی خێڵی هیمبا له وڵاتی نامیبیا، له بنه‌مادا زه‌ینی هه‌موومان ده‌بێت له هه‌ندێک لایه‌نه‌وه وه‌کوو یه‌ک بێ. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له زانستمه‌نده‌کان به شوێن کۆمه‌ڵێک خولگه‌ی هاوبه‌ش له مێشک‌دا ده‌گه‌ڕێن که شوێنگه‌ی هه‌ر کام له‌م تایبه‌تمه‌ندییه یونیڤێرساڵانه بێت. ده‌بێ وشیار بین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی که کاتێک باس له‌سه‌ر تێگه‌یشتن له شێوازی کارکردنی میشک ده‌که‌ین، عه‌قڵی باو زۆر به‌کار نایه‌ت. مێشکه‌کان تایبه‌تمه‌ندی هاوبه‌شی زۆریان هه‌یه؛ به‌ڵام زه‌ینه‌کان زۆر نا، چونکه زه‌ینه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وابه‌سته و گرێدراوی خولگه ناسکه‌کانن که به‌هۆی کو‌لتووره‌وه کۆک کراون و ڤه‌پاچراون. بۆ نموونه زۆرێک له کو‌لتووره ڕۆژئاواییه‌کان سنووربه‌ندییه‌کی دیاریان له نێوان پرسه زه‌ینی و جه‌سته‌ییه‌کان هه‌یه. ئه‌گه‌ر دڵتان بێشێت، به ئه‌گه‌ری زۆر ده‌چن بۆ لای پزیشکی گشتیی یان پسپۆڕی نه‌خۆشیییه‌کانی هه‌رسکردن؛ ئه‌گه‌ر هه‌ستی دڵه‌ڕاوکێتان هه‌بێت، ئه‌گه‌رێکی زیاتر هه‌یه که به‌ره‌و لای ده‌رووناس بڕۆن، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت نیشانه و هۆکاره بنه‌ماییه‌کانیشی یه‌کسان بێ. به‌ڵام له که‌لتووره ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا بۆ نموونه له‌و ناوچانه‌ی که باوه‌ڕیان به ئایینی بودایی هه‌یه، زه‌ین و له‌ش زۆر تێکه‌ڵ و هاوئامێز بوون. تا شوێنێک که من ده‌یبینم، زه‌ینی مرۆڤ هیچ جۆره تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیهانگیر و یونێڤێرساڵی نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زه‌ین که تایبه‌تن به مرۆڤ، وه‌کوو زمانیی زاره‌کیی پاراو، له‌به‌رچاو بگرن، هه‌میشه ده‌توانن هه‌ندێک مرۆڤ بدۆزنه‌وه که نه‌یانبێت وه‌کوو ساواکان. یان ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دیکه‌ی زه‌ینێک که ته‌قریبه‌ن هه‌موو مرۆڤه‌کان هه‌یانه، بهێننه پێش چاوی خۆتان، بۆ نموونه هاوکاری کردن له‌گه‌ڵ یه‌کدی، ده‌بینن وا زۆرێک له گیاندارانی دیکه‌ش ئه‌م ته‌یبه‌تمه‌ندییه‌یان هه‌یه.
به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه دیسان ده‌توانین تایبه‌تمه‌ندیی زه‌ینیی زۆر و زه‌به‌ند بدۆزینه‌وه که بره‌وێکی به‌رفراوانیان هه‌یه-چون زۆر زۆر به‌سوودن، ئه‌گه‌رچی جیهانگیر و یونیفێرساڵیش نه‌بن. یه‌ک نموونه‌ی توانایی دروستکردنی په‌یوه‌ندییه. زۆر باشه زه‌ینێکمان هه‌بێت که خۆی له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی‌دا پێناسه ده‌کات، به تایبه‌تی له حاڵه‌تێکدا که که‌لتووری ئێوه زیاتر گرینگی به کۆ ده‌دات تاکوو تاک. له لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌بوونی زه‌ینێک که خۆی له‌وانی دی جودا ده‌کاته‌وه دیسان به‌سووده، به‌تایبه‌تی له حاڵه‌تێکدا که که‌لتووری ئێوه زیاتر گرینگی به تاک ده‌دات تاکوو کۆ. به‌ڵام که‌سانێک که نه گرینگی به خۆیان ده‌دن و نه ئه‌وانی دی به سه‌ختی ده‌توانن له هه‌رجۆره کۆمه‌ڵگایه‌کی مرۆیی‌دا کرده‌وه‌یه‌کی باشیان هه‌بێت.
سه‌رچاوه:-
هفت و نیم درس درباره مغز، لیزا فیلدمن باریت، ترجمه دکتر قاسم کیانی مقدم، انتشارات مازیار، مقابل دانشگاه تهران، چاپ اول 1400
نووسه‌ر: لیزا بارێت
وه‌رگێڕان: سۆزان سه‌عید