“پەیوەندییەکی ڕاستەوانە – پێچەوانە”
“دەستپێک”
بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لەسەر پڕۆسەی هەڵبژادنەکانی ئەمریکا پرسە ناوخۆییەکان، بەتایبەت پرسی؛ ئابووری، بیمەی تەندروستی، بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان. سیاسەتی دەرەوە بە دەگمەن بزوێنەرێکی سەرەکییە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، بەڵام خراپتربوونی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەکانی شەڕێکی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن، ڕەنگە ئیستسنای ئەم نەریتە تێپەڕێنێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، ڕەنگە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیلی نزیک لە دژی ئێران تەرازووەکە لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بگۆڕێت لە هەڵبژاردنێکدا کە پێشبینیکردنی ئەنجامەکانی لە زۆربەی ڕاپرسییەکاندا ئەستەمە.
پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت ئاڵۆزتر و فراوان تر دەبن، ئیسرائیل شەڕ لە لوبنان دەکات، مووشەکی بالیستی ئێرانی بەسەر ئیسرائیلدا دەبارێت و ئەگەری دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازی گەورەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران- مەترسی گەورە لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردن و خودی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکاش دروست کردووە. زۆربەی ڕاپرسییە ئەمریکییەکان دەریانخستووە کە ڕێژەی ڕازیبوون لە بایدن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێدەچێت ترەمپ سوود لەم دۆخە وەربگرێت بۆ باشترکردنی چانسی هەڵبژاردنەکانی. پشتیوانی بێ مەرجی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کاردانەوەی بەهێزی لەنێو ملیۆنان کەسدا دروست دەکات کە لەڕووی جینۆسایدەوە سەیری شەڕی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن و سەرۆک بایدن و جێگری سەرۆک هاریس بە هاوبەشی دەزانن. ئەگەر ئیدارەی بایدن بەخێرایی هەنگاو نەنێت بۆ ئەوەی شەڕی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوونەدات، ئەوا تۆمەتەکانی ترەمپ بەوەی بایدن سەرۆکێکی لاوازە، شەرعیەتێکی زیاتر بەدەستدەهێنن و ڕەنگە کامالا هاریس لە هەڵبژاردنەکەدا بدۆڕێت.
“ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕاگەیاندنی ئاگربەست”
گومانی تێدا نییە، بە ئامانج گرتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، یەحیا سینوەر، لە غەززە، دەرفەتێک دەدات بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر بنیامین ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی سەرکەوتن لە دژی حەماس ڕابگەیەنێت و بچێتە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئیسرائیل لە غەززە. بایدن لە دوای کوژرانی سینوار وتی “ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئیسرائیل و حەماس بە دوای چارسەرێکی دیکە بگەڕێن لە داهاتوودا کە لە بەرژوەندی سەقامگیری ناوچەکەدا بێت”. ئەمە وەک ئاماژەیەکە بۆ هێنانە ئارای زەمینەسازی بۆ ڕاگرتنی شەڕ. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “بڕیاریان داوە هەوڵی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە بدات بۆ ئەوەی هەوڵی ئاگربەست لە غەززە بدات”. ئیداری دیموکراتەکان، دڵنیایە کە گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە سەرکەوتنێکی کەم وێنە بۆ بایدن، و ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت “سوپرایزی ئۆکتۆبەر” لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، بەڵام لانیکەم سێ ئاڵنگاری هەن کە گەیشتن بە ئەنجام ئاڵۆز دەکەن:-
یەکەم:- پێناچێت حەماس ئامادە بێت سازش بکات بۆ ئەوەی بگاتە یەکلاییکردنەوە دوای کوشتنی نزیکەی هەموو سەرکردە باڵاکانی وەک ئیسماعیل هانیە و محەمەد ئەلدەیف و یەحیا سینوەر. خەلیل ئەلحەیا، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لە مەرجەکانی بزووتنەوەکەدا نییە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، کە بریتین لە وەستاندنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و کشانەوەی تەواوەتی لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە ئیسرائیل.
دووەم:- نەتانیاهۆ ڕەتیکردەوە “سەرکەوتن ڕابگەیەنێت بەڵکو سوورە لەسەر درێژەدان بە دۆخەکە”؛ لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ بایدن هاوڕایە کە چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک هەیە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل لەلایەن بزوتنەوەی حەماس، بەڵام نەتانیاهۆ بڕیاری درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە دەدات. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی ڤیدیۆیدا دوای ماوەیەکی کەم لە کوژرانی سنوار وتی: ئەمە کۆتایی شەڕی غەززە نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی دیکە لە شەڕکردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس. هەر لەو وتارەدا داوایەکی ئاراستەی حەماس کرد، بۆ ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان کان ئازاد بکەن لە بەرامبەر ئازادی دەرچوون لە کەرتی غەززە. لە واشنتۆن کۆدەنگییەکی باو هەیە کە ناتانیاهۆ بە دوودڵی دەمێنێتەوە لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە، تا ئەو کاتەی تەسلیمبوونی بێ مەرج بە حەماس نەبێت.
سێیەم:- بەپێی ئاراستەی ڕووداوەکان بێت ئیسرائیل خۆی بۆ لێدانی ئێران ئامادە دەکات لە کاتێکدا تاران هیچ نیشانەیەکی گۆڕانی هەڵوێستی نیشان نادات؛ نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کوشتنی سنوەر ڕایگەیاند کە “ڕۆحی بەرخۆدان بەهێزتر دەبێت”. گووپەکانی دیکەی بەرەوی مقاوەمە لە ءێراق و سوریا ڕاگەیاند ئەمە گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێ و پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل. هەرچەندە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە هاتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی لە دوای کوشتنی یەحیا سینوار، بەڵام بەپێی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکان و ڕاپۆرتە شیکارییەکان بێت بلینکن بەبێ دەستکەوت گەرایەوە واشنتۆن. ئەمەش وا دەکات پرسی ئاگربەست بە جۆرێک ئەستەم بێت کە هەندێک لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بە “مەحال” ناوی دەبەن.
“کاریگەری پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا”
پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەی گەورە لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی و خودی پڕۆسەکەش بۆ دیموکراتەکان دروست دەکات، لەبەر چەند هۆکارێکی گرنگ کە دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوونیان بکەینەوە:-
یەکەم:- دەنگدەرانی ئاسایی ئەمریکی شکستێکی گەورەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبینن بە واتایەکی سادەتر، ئیدارەی بایدن هاریس نەیتوانیوە هیچ جۆرە سەرکردایەتییەکی کاریگەر بۆ کاریگەری لەسەر ئیسرائیل و ئێران بەکاربهێنێت. ناتانیاهۆ چەندین جار پشتی لەو ئامۆژگارییانەی لە لایەن گرنگترین هاوپەیمانی ئیسرائیل و دابینکەری چەکەوە کردووە. ئەمریکا چەندین جار داوای ئاگربەستی لە غەززە و لوبنان کرد، بەڵام ناتانیاهۆ درێژەی بە شەڕەکە دا و دۆخێکی پەرەسەندنی توندوتیژی لەگەڵ ئێرانی دەستپێکرد.
دووەم:- زۆربەی ڕاپرسییەکان دەریانخستووە کە ڕێژەی ڕازیبوون لە بایدن بە شێوەیەکی کارەساتبار دابەزیوە بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەنگە ئەوە ڕوون بێت کە ترەمپ سوود لەم دۆخە وەردەگرێت. لە جیهانێکی ئاڵۆز و هەڵبژاردنی سەختدا، ترەمپ زۆرجار سەرکەوتوو بووە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوە تەنها لە ڕووی بەهێزی بەرامبەر بە لاوازییەوە. کامالا هاریس – کە هێشتا شێوازی سەرکردایەتیکردنی بە تەواوی لەلایەن زۆرێک لە دەنگدەرانەوە نەزانراوە.
سێیەەم:- شەڕی ئیسرائیل و حەماس کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دەنگدەرانی عەرەب و موسڵمانی ئەمریکی لەو ویلایەتانە دەبێت کە ڕێژەیەکی زۆری موسلمان و عەرەبی تێدایە. بەشێک لەو دەنگدەرانە نەک هەر بە دوورکەوتنەوە لە دەنگدان وازیان لە پارتی دیموکرات هێنا، بەڵکو ئاماژەیەکی بەهێز هەیە کە ژمارەیەکی زۆریان بڕیاریانداوە دەنگ بە ترەمپ بدەن بۆ سزادانی دیموکراتەکان. زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ئەمریکی عەرەبی لە ویلایەتی میشیگان هەن، ١٥٠ هەزاری دیکەش لە ویلایەتی ویسکۆنسێن و جۆرجیا، بەو پێیەی ئەم سێ ویلایەتە لەنێو ئەو ویلایەتانەدان کە کێبڕکێی توندیان بەخۆوە بینیوە و تێیدا دیموکراتەکان تەنها بە دەیان هەزار دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠دا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
چوارەم:- فاکتەری پەیوەندیدار بە کاریگەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کاریگەرییە ئەگەرییەکانە لەسەر ئابووری، ئەمەش وا دەکات کە ئەم شەرەی ئێستا لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت کاریگەری نەگەتیڤی هەبێت بۆ کۆمارییەکان، لە بەرامبەردا چانستی دەرچوونی ترامپ زیاتر دەکات.
“ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژوەندی ترامپ دان”
ڕەنگە جێگای سەرسوڕمان نەبێت کاتێک ترامپ بە خێرایی هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە، بەو پێیەی “بایدن و هاریس” بە بەهێزکردنی ئێران تۆمەتبار کرد و بەبێ هیچ بەڵگەیەک بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر سەرۆک بووایە، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ڕووی نەدەدا . هەروەها ترەمپ زانیاری هەڵەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بێکاریگەری ئیدارەی بایدن هاریس لە وەڵامدانەوەی ئەو زریانەی ئەم دواییەی فلۆریدای گرتەوە. چەند جارێک ئیدیعای کرد کە فریاگوزاری کارەسات لاوازە، چونکە پارەی پێویست بۆ کۆچبەران و پەنابەران خەرج دەکرێت، لە بەرامبەردا خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستییەکان فەرامۆش کراون.
زۆربەی دەنگدەرانی ئەمریکا تەماشای بایدن دەکەن دوو جەنگی گەورە دروست بوونە، لە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ملیاران دۆلار بۆ هەریەکەیان خەرج دەکات بێ ئەوەی هیچ جۆرە سەرکەوتنێکی بەدەستبهێنێت. لە نێو ئەم دوو شەڕەدا، شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێنەرایەتی بێسەرکەوتووترین شەڕ دەکات، چونکە لە ئێستاوە ململانێکان بەرفراوان بووە و بووەتە شەڕێکی ناوچەیی کە زۆر لەپیشبییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەم جەنگە فراوانتر دەبێتو مەترسی زیاتر لەسەر بەرژەندییە ئابوورییەکان دروست دەکات. بایدن بە توندی پشتیوانی ئیسرائیلی کرد لە شەڕەکەی دژی حەماس، هاوکات داوای ئاگربەستی کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ بە هەموو شیوەیەک ئاگربەست ڕەت دەکاتەوە. هێشتا ڕوون نییە بۆچی ئەمریکا وەک زلهێزێک پێداگری نەکرد لەسەر ئەوەی ئیسرائیل تۆڵەسەندنەوەی خۆی بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دوابخات. تەنانەت کاتێک واشنتۆن دەیەوێت هەندێک مەرج بۆ ئیسرائیل دیکتە بکات، دینامیکییەکی هاوشێوەش هەیە. لەم دواییانەدا و بە تایبەتی لە ١٤ی ئۆکتۆبەردا، ئیدارەی بایدن ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە ڕێگەنەدان بە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ غەززە، ڕەنگە ببێتە هۆی بڕینی یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ غەززە. بەڵام وەک نیشانەی لاوازی، ئیدارەی ئیسرائیل کە دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردنەکانی ٥ی ئەم مانگە خۆی لە ڕێبازێکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور بگرێت، ٣٠ ڕۆژی مۆڵەتی بە ناتانیاهۆ دا بۆ پابەندبوون.
توڕەیی لە ئیدارەی بایدن تەنها پەیوەست نییە بە ئەمریکییە عەرەب و موسڵمانەکانی نیشتەجێ ئەمریکا، بەڵکو بۆ دەنگدەرانی گەنج و ئەمریکییە ئەفریقییەکانیش کاریگەری دەبێت، کە بە ڕوونی دەبینن کە چۆن زلهێزێکی وەک ئەمریکا ناتوانێت کاریگەری لەسەر وڵاتێک دروست بکات کە پشت بە یارمەتییەکانی ئەمریکا دەبەستێت، وەک ئیسرائیل. ئەم پشتیوانییە بێ مەرجەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کاردانەوەی توندی ملیۆنان کەسی لێدەکەوێتەوە کە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە لەڕووی جینۆسایدەوە دەبینن و سەرۆکی ئەمریکاش بە هاوبەشی تێدا دەزانن. هاریس هەوڵیداوە، تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو نەبوو، هەندێک مەودا لە نێوان خۆی و سەرۆکدا دروست بکات بە قسەکردنی هاوسۆزی زیاتر لەگەڵ ئازارەکانی گەلی فەلەستین لە هەوڵێکدا بۆ چاککردنەوەی ئەم دابەشبوونانە.
“کۆبەند”
پێدەچێت سیاسەتی دەرەوە کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ هەبێت؛ کوژرانی دەیان هەزار هاووڵاتی لە غەززە بەهۆی بەردەوامی پشتیوانییەکانی بایدن بۆ ئیسرائیل و نەگەیشتن بە ئاگربەست و پەرەسەندنی شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و بەرەی مقاوەمە بە سەرکردایەتی ئێران، زۆرێک لە دیموکراتە پێشکەوتنخوازەکانی نامۆ کردووە. ئەگەری شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، گومانەکان نەک تەنها لە لێهاتوویی بایدن بەڵکو لە لێهاتوویی هاریس لە سیاسەتی دەرەوەدا دروست دەکات، بەتایبەتی بەهۆی پێگەی ئێستای و مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەگەر ئیسرائیل کەرتی نەوتی ئێران بکاتە ئامانج، ئەمە نەک هەر ئابووری ئەمریکا دەهەژێنێت، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە دامەزراوە و بنکە نەوتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم جۆرە مەترسیانە، تەنها چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان، لە ئێستاوە کاریگەرییان لەسەر چانسی سەرکەوتنی هاریس هەیە؛ لە کاتێکدا کە دەچینە ناو هەفتەی کۆتایی کێبڕکێی کۆشکی سپی، زۆربەی ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە وڵاتەکە بەسەر دوو نیوەدا دابەش بووە؛ کۆدەنگییەک هەیە کە ڕەنگە هاریس دەنگی دەنگدەران لەسەر ئاستی نیشتمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەگەر هەریەکێک لە ویلایەتە وەک میشیگان، ویسکۆنسێن، یان پێنسیلڤانیا بە جیاوازییەکی کەم دەنگ بە ترەمپ بدەن، لەوانەیە هەڵبژاردنەکە بدۆڕێت. گومان لەوەدا نییە کە هەڵبژاردن پەیوەستە بە دەیان هەزار دەنگی ئەو ویلایەتانە. جگە لە موسڵمانان، عەرەبی ئەمریکی، گەنجان و ئەمریکییە ئەفریقییەکان، پارتی دیموکرات لە نێو دەنگدەرانی چینی کرێکاری سپی پێست لەو ویلایەتانەدا دۆڕاوە و ئەم داینامیکییانە ئاماژەیەکی باش نییە بۆ هاریس. جگە لەوەش هبۆچونێک هەیە کە ترەمپ دەستێکی باشتری لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە و وێنەکە هێندەی تر تاریکتر دەبێت کاتێک باس لە ئابووری و کۆچبەری دەکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو داینامیکییانە، هیچ کەسێک ناتوانێت نەتانیاهۆ تاوانبار بکات کە چاوەڕێی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دەکات. ئەگەر ئیدارەی بایدن بە خێرایی هەنگاو نەنێت بۆ ئەوەی شەڕێکی سەرتاسەری ڕوونەدات، ئەوا تۆمەتەکانی ترەمپ کە بایدن سەرۆکێکی لاوازە، شەرعیەتێکی زیاتر بەدەست دەهێنێت و ڕەنگە هاریس لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت.
پەراوێزەکان؛
- الحدث، تأثير الانتخابات الأميركية في الأحداث الجارية بمنطقة الشرق الأوسط. على الرابط: https://www.youtube.com/watch?v=BRNpaqBOOw4
- القاهرة الإخبارية، كيف ستؤثر أوضاع الصراع في الشرق الاوسط على الانتخابات الأمريكية؟، تغطية خاصة. على الرايط: https://www.youtube.com/watch?v=ag8eAEtxI7o
- بلال ياسين، هل تغير نتيجة الانتخابات الأمريكية واقع الحروب في الشرق الأوسط؟، عربي21. على الرابط: https://shorturl.at/LF5Da
- الشرق الأوسط، أزمة الشرق الأوسط تخيّم على الانتخابات الرئاسية الأميركية،. على الرابط: https://shorturl.at/dMgSI
- محمد عبد الرؤوف، الانتخابات الأمريكية والشرق الأوسط: تاريخ من الاستثناءات، بي بي سي عربي. على الرابط: https://shorturl.at/VvP0q
- Euro news, US election: Middle East conflict becomes key issue for Harris and Trump. https://shorturl.at/i99qt
- EIU report, US election: impact on the Middle East. https://shorturl.at/HXkVv
- Tele1, ABD Seçimlerinin Orta Doğu’ya Etkisi Ne Olacak, Savaşı Nereye Götürecek? İpek Yezdani Anlatı https://www.youtube.com/watch?v=dPISacV1OYA
- Ortadoğu’daki çatışmalar ABD’deki seçimleri ne kadar etkileyecek?! https://www.slobodenpecat.mk/tr
- Adam McConnel, ABD başkanlık seçimlerine Gazze’nin gölgesi düşü https://www.aa.com.tr/