“گوتاری رۆشنبیریی، داهێنان، رەخنەی ئەدەبی و رەخنە”
شتێک کە حاشاهەڵنەگر و روونە؛ ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردیی تایبەتمەندی نڤیساری و کەلتوور و هەڵس و بنیشتی نا”زارەکی” زۆر کەمترە لە کەلتوور و داب و نەریتە زارەکییەکان. کولتووری زارەکی ئەگەرچی بەشێوەی سیستەمی نووسین و تۆماریی نایەتە نڤیساندن و ناگەیەتە رووبەری نڤیسین و کۆڵشت و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ناگێڕدرێتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەش گۆڕان و ئاڵووگۆڕ تێیدا لە نزمترین و لاوازترین ئاست دایە. هەر وەکوو لەسەرەوە باسم کرد بە هۆی ژیان و ژینی بوونەوەری کورد لە ناو دوو پێکهاتی زەبەلاح و بێ پرسیار و بەیەقین؛ واتە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و میتافیزیکە ئاویتارییەکان، رەخنە لە ناویدا لە ژێر سێبەری نەمان و نەبوون دا هەناسەی کێشاوە. کولتووری زارەکی کوردیی تایبەتمەندییەکانی لەو خاڵانەی خوارەوە دا کۆ دەبێتەوە:-
- بە گریمانە دانانی پێکهاتی زارەکییانە وەکوو تاقانەترین و بەبنەوا31 ترین رێسا و یاسای ژیان و هەڵسوکەوت کردن.
- کولتوور و ئەدەبی زارەکی لە ئاستێکی هەرە نزم و بچووک دا پێوەندی لە گەڵ زانست هەیە و ئەگەر ئاماژەگەلێک بە ئەقڵ تێیاندا بەرچاو بێت، ئەقڵ بەواتایەکی خۆماڵییانەیە و بێ خستنە بازنەی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیە، ئەوەش لانیکەم لە بازنەی پێوەندی و دانوستان لەگەڵ ئەویدییەوە. بەڵام ناشکرێت ئەم خاڵە بەهەند وەرنەگرین کە بەهەر حاڵ پێکهاتێکی ئەقڵی کوردیی لە چێوە و قەوارەی ئەدەبی زارەکیدا دەرکەوتووە و بەگوێرە و لەسەر بنەوای ژیاون.
- کولتووری زارەکی بە چەند هۆکار کەمترین لایەن و ئاستی شیکاریی و تازەگەری بە خۆوە دەبینێت:-
ئەلف:- لە سەر زاری کۆمەڵێک خەڵک و کەسی تایبەت سووڕ دەخۆن و کاریان پێ دەکرێت، چوونکوو لە کۆمەڵگایەک کە “سەرئەسپەردە” و ملکەچی کولتوورێکی وایە، زۆرینەی زۆریان گوزارە و رستەکانی ئەو کولتوورە دەڵێن بۆ ئەوەی پێی و لەگەڵی بژین، نەک بیری تازەی لێ بکەنەوە و بڕیاری تازە و رەخنەی تێدا هەڵبهێنجن.
ب:- گۆڕان و پرسیار بەرەو رووکردنی زۆر ئەستەم و نەکردەیە، چونکوو وەکوو تێزێک یان تیۆرێک نیە کە تاقمێک خوێندکار یان مامۆستا لێی پێڕەوی بکەن، بەڵکوو زۆرینەی کۆمەڵ پێیانەوە دەژین و هەر وەکوو گوتیشم بنەوای نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەم کولتوورە زارەکی و بوونە دەمی32 ی و زمانییە شکڵی دەدات.
پ:- هەر ئەم دوو فاکتەر و خاڵە گرینگە و تایبەتمەندیگەلی تر کە پێشتر باسم کرد دەبێتە هۆی ئامادەنەبوونی ئەم کەلتوور و دۆخە بۆ بەرەوپرسیار چوون و لەقبوونی یەقین و ئیمان و ژیانەوە و هەناسەدان لە سەرزەمین و نیشتمانێکی نوێتر لەو هەوارگە و کەپر و کەوێڵە گچکەیەی خۆیان.
کولتووری زارەکی پێمان دەڵێت:- یا پرساوە یان داناوە33. واتە مەبەستی ئەوەیە گەر تۆ زانا بیت ئیدی هیچ پێویستێکت بە پرسیار نییە و پرسیار بۆ ئەو قۆناغەیە کە تۆ هێشتا هەموو کولتوورەکەت هەڵگۆستراو و قووتکراوی گیانی وشیار و ناوشیاری خۆت نەکردووە، کە ئەوەت کرد ئیدی پرسیار لە دونیا بۆ هەتاهەتایە دادەکەوێت و زانایی دەمێنێتەوە.
- کولتوورێک لە رووی پێکهات و لاختی زمانییەوە زۆرتر و فرەتر لە رستەگەلی گشتی و داڕشتنانی نابابەتی و ئەدەبی(بە واتا کلاسیکییەکەی) شکڵ و بیچمی گرتووە،لایەنی شیکارانەی زانست و رەخنەکارانەی هزر و پرسیار ئامێزی فەلسەفی تێیدا پەراوێزیی و مردوو دەبێت.
ئێستا بەم چەند تایبەتمەندییە گشتی و کورتەی کە بۆ کولتووری زارەکی ئەژمارم کرد ئەم پرسیارە دێنمە ئاراوە، ئێمە کە بنەما و پێکهاتە دەروونی و زەینییەکەمان لە نەریت و کەلتوورێکی وا سەرچاوەی گرتبێت پانتایی گوتاری رۆشنبیریی یان هەر گوتارێکیترمان بە چ ئاراستە و ئاقارێکدا دەجووڵێت و جمان دەکات؟
ئەگەر چاوێک لە مێژووی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی کردەی نڤیساریی و “دەق”یمان بکەین بۆمان روون دەبێت کە رووبەر و پانتایی زۆرینەی زۆری گوتار و نڤیسینە دەقییەکانمان لە ژێر کاریگەری ئەو نەریتە کۆمەڵایەتی و میتافیزیکە ئاویتاریی و تێکەڵەیە کە گێڕامەوە،و هەر بۆیەش خووی گرتووە بە ئەدەبهۆنی و هەڵبەستوانی و شیعرتەوەرییەوە34 و تا ئێستاکەش ئەم حاڵەتەی پێوە دیارە ولێی نەبۆتەوە. ئەگەرچی لێرەو لەوێ دەقانێک وەدەر دەکەون و بە شێوەیەکی شیکارانە و زانستییانەش وەکوو سووژەیەکی هێرمنۆتیکی نڤیسارەکانی رابردوو دەخوێننەوە و فرەتوێیی لە گریمانەی خوێندنەوە و لێکدانەوە و شیکاریکردنەکانیان دا دیارە و تەنانەت بانگەشەی ئەوەش دەکەن ئێمە خاوەنی رەخنەگر بووگین، ئێمە پێکهات شکێن و دژەباومان تێدا هەڵکەوتووە، بەڵام ئەوەی کە کێشەی خودی ئەو گوتارەیشە، واتە گوتارێک کە هەنووکە بەروانینی مۆدێڕن و نوێوە لە بارەی حاجی قادری کۆیی و شێخ رەزاوە دەنووسێت و تایبەتمەندێتی بەرهەمهێنانیشیان پێوە دیارە هەر دەم ئەوە لە بیر دەکات کە فۆرمی نووسین و چوارچێوەی زمانیی گێڕانەوەی ئەو رچەشکێن و داهێنەرانەی کە وەکوو وەچە ی نوێ و رەوتی تازە بڕێک بەرهەمهێنان و بەرجەوەن(پریسپێکتیڤ)یش یان ئەزموون کردووە لە قەوارەیەکی ئەدەبی بەو لاوە هیچ پێکهاتێکی زانستخواز بەمانای بابەتیبوون و خاوەن میتۆدۆلۆژی تایبەت و هیچ لاخت و بیچمێکی زمانی بەمانای لۆژیک و میتافیزیکی زمان، لایان زەق و زۆپ نەبۆتەوە و دواجار لە رووی پێکهاتەوە درێژکراوی هەمان نەریتی زارەکی بووگن، هەڵبەت بێ ئەوەی من لێرەدا مەبەستم بێت رچەشکێنی و رۆڵی داهێنەرانە و تەنانەت پێکهات شکێنیشیان رەت بکەمەوە، بەڵام تەنها مەبەستمە بڵێم کە گوتارمان بە هۆی سرووشتیی رەوتە مێژووییەکەمان کە گیرخواردووی ئەو پێکهاتە نەریتی و میتافیزیکییە بوو کە پەرژامە سەری و هەروەها تاکانە و خۆبژێوانە بوونی پێکهاتی گشتیی بوون و ژیانی کوردیی کە تایبەتمەندێتی داخراوی و یەقینباوەڕی دیارییەکەیەتی، بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر لە یەک فۆرم و لاختی زمانی و لۆژیکی مانایی و زمانەوانیدا بمێنێتەوە.
کێ دەتوانی وزە و توانست و دەرکەوتەی داهێنەرانەی نالی، مەحوی،خانی، شێخ رەزا نکووڵی لێ بکات؟ بەڵام کێ دەتوانێ بانگەشەی ئەوەش بکات کە ئەمانە رەخنەگری کۆمەڵایەتین یان هزرین بەمانا زانستییەکەین و بڵێ کە بە زمانی ئەدەب نەهاتوونەتە ئاخافتن و تەنانەت هەڤپەیڤینیش؟و لە ئەدەبیش بە زۆری و تاقانەییش تەنها شیعر سوڵتان و سالار بووە؟ دەرکەوتەکانی مۆدێڕنیتە لای ئێمە و رەنگدانەوەی لە دەقیی گوتاریماندا دوو تایبەتمەندی سەرەکی و گرینگی هەیە؛
یەکەمیان:- ئەوەی کە هەموو پێکهاتی ناو دونیای مۆدێڕنیزم و مۆدێڕنیتە لە قەوارەی زانست، ئەدەب، فەلسەفە، بیرکاری، فیزیک کرا بە شیعر و ئەدەب واتە شیعر.
دووەم:- سەرهەڵدانی رۆناندنی گوتار و گێڕانەوەی نڤیساریی ئێمە بە چوونە دەرەوەی حاجی قادر و شێخ رەزا و نالی و مەحوی هاتە گۆڕێ، واتە دیاردەی تاراوگە و غوربەت و دەرە نیشتمانی بوو. حاجی قادر لە ئەستەمبووڵ لە گەڵ ناسیۆنالیزم و پێشکەوتن بە واتا ئەوڕۆییەکەی سەردەمی خۆی ئاشنا دەبێت. نالی گرینگترین قەسیدەی خۆی “بادی خۆش مروور”ی کە هەڵگری مانانوێنی لە نیشتمانە وەکوو روانینێکی بەراوردکارانە و ئانالۆجیکاڵ بوو لە گەل نانیشتمان یان غوربەت، ئەمە جگە لە تایبەتمەندیی گەڕیدەیی و عەوداڵێتی مامۆستا نالییە.
ئایا دەرکەوتنی تازەگەری و مۆدێڕنیزم لای ئەم کەڵەشاعیرانە واتە لای ئێمە ناوی رەخنە وەردەگرێتە خۆی؟یان دەشێ وەکوو رەخنەی ئەدەبی ناوزەد بکرێت؟ ئاخۆ زۆرتر لە رەخنەی کۆمەڵایەتی نێزیک نییە؟ گەر رەخنە وەکوو سەرچاوە و کانگایەک دەبێ خاوەنی رەهەندی هزریی قووڵ و فەلسەفی بێت و ئایا گەشەکردن وپێکهات وەرگرتنی ئەم چەشنە لە رەخنەی سەڵت و ئەبستراکت، چەشنە کانیتری رەخنە وەکوو رەخنەی ئەدەبی، رەخنەی کۆمەڵایەتی، رەخنەی کولتووری بە شێوەی سرووشتی و خزۆک گەشە و نەشە ناکەن؟ ئەگەر پێکە و دۆخی فەلسەفە و هزری کوردیی لە سەردەمی دەرچوونی رۆژنامەی کوردوستان لە قاهیرە لە ساڵی 1897 لە سەر دەستی بەدرخانییەکان و بەمانیفیست کردنی رۆحانەت و هەناسەی”کوردیی” وەکوو کولتوور و بوونێکی جیا لە ئەوانی دی، تاکوو تێپەڕین بە ناوی دونیای ئەدەبی ئەحمەدی خانی، مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی میکاییلی(نالی) و مامۆستا مەحوی و شێخ رەزای تاڵەبانی وفایەق بێکەس تاکوو دەگاتە گۆران، سوارە، شیرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو، فەرهاد شاکەلی… هتد. لای ئێمە گۆڕان و پێشڤەچوونی ئەوتۆی بە خۆوە دیتووە کە بەمیتۆد و شێوازێکی سیستماتیک تێز بخاتە روو، رەخنەی ئەدەبی دەبوایە لە دایک بایە و دەقە فەلسەفیی و هزرییەکانی دیار بێت؟ ئایا دەتوانین نکووڵیی لەوە بکەین گەر بمانەوێت لە رووی فەلسەفەی زمانناسانەوە رێکەوەند(ترکیب)ی رەخنەی ئەدەبی لێک بدەینەوە، دەبێت سەرەتا “رەخنە” بە شیوەیەکی ورد و بابەتیانە پێناسە بکرێت و دواتر هەر بەم شێوە بپەرژێینە سەری ئەدەبیش؟ ئەگەر پێناسە و خوێندنەوەمان بۆ ئەو دوو چەمک و وشە دژواز نەبوو واتە توانیمانە پێکەوە کۆیان کەینەوە و لێکیان بدەین و تێکەڵیان کەین؟
ئایا رەخنە خۆی وەکوو بابەتێکی تاقانە لە پارادایمی هزری و فەلسەفی وڵاتانی رۆژئاوا کە دەشێت وەکوو ئەویدییەکانی ئێمە بن، جیا لە ئەدەب ساڵان وسەردەمانێکی زۆر نەپرژرایە سەری و شیکاری و وردکارییان لە سەر نەکرد؟ ئایا “رەخنە”لە ئاڵمان لای کانت و فیشتە، شیلینگ، شلایەر ماخەر، هیگل، نیچە و لە فەرانسە لەسەر دەستی مۆنتوسکیو، سیسرۆ، ژان ژاک رۆسۆ، ویکتۆر هۆگۆ، تا میشیل فۆکو وژاک لاکان و فرانسوا لیۆتار لەقەوارە و چەشنی جیاجیا و دوور و نێزیک ئیشی لەسەر نەکرا؟ بەم پرسیارانە دەمەوێت بێمەناو چرکەساتی ئێستای گوتاری رۆشنبیریی کوردی و پێگە و دۆخی رەخنە و شێوازی سەرهەڵدان یان نەدانی و دواتر دەسەڵات و زاڵێتی رۆژ دوای رۆژی لێکدان و دەستەواشەی “رەخنەی ئەدەبی” لە رووبەری گوتار و نووسینمان دا.
“گوتاری رۆشنبیریی کوردی گوتاری رەخنەیی یان رەخنەی ئەدەبی”
گوتاری رۆشنبیری کوردیی لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەم لاوە بانگەشە و گێڕانەوەکانی زۆر قەبە و زل دەبێتەوە و بە هۆی کرانەوەی وڵات و کۆمەڵگاکان بە رووی یەکدیدا و رەوتی گۆڕان و ئاڵشتی کولتووری و جەماوەری کۆمەڵگاکان (جا یان خێرا و شۆڕشیانە، یان هێور و هێمنانە) کۆمەڵگا و کولتووری کوردیش کەوتە ئەم جمشت و جووڵەوە کە لە رووبەری دونیای نووسینی کوردیی دا ئەگەرچی تا رادەیەکی زۆر پەرتەوازە و بشێوانە هات یان هێنرایە نێو کایەکەوە، بەڵام توانی کایەگەلی زمانی و باسکاری و شیکاری چەمکییانە بە دوای خۆی دا بێنێت و بکەوێتە دیالیکتیکێکەوە کە هەرچەند زۆربەی جار سەنتیز و ئاکامەکانی نادیار و سەیر و سەمەرەن، بەڵام بەم حاڵەشەوە پرسیارانێک هاتوونەتە ئاراوە و چەند گۆشەیەک لە پانتایی گوتاریی کوردیان رەنگڕێژی کرد. ئەمە نەفس و کرۆکی بوون و شوێنگەی گوتارەکەیە، بەڵام لە باری چۆنایەتی و پرۆسەی هەبوونییەوە رەخنەی ئەدەبی تەنها لایەنێک بوو کە زۆر زۆپ و زەق کرایەوە و بە زۆریش ئەو لایەنە بووە یەکەم پێوەر و دواپێوەر لە پانتاکەدا دەینواند. ئەم دەرکەوتە ناسک و توێژاڵە تاکانەیەی رەخنەی هزریی(فەلسەفی) واتە رەخنەی ئەدەبیی بەرهەمهاتوو لە رووبەریی گوتاری کوردیدا پەیوەست و گرێدراوی ئەو پێکهاتە نەریتی و میتافیزیکییەی کۆمەڵگای کورد بوو کە لە بەراییداپەرژامە سەری. واتە ئێمە لە قۆناغی فیۆداڵییەوە ناتوانین باز دەینە پۆست مۆدێڕنیزم، رەنگە تەنها بتوانین بە کاتالیزۆر و داڕژاندنی پرۆژەیەک لە هەناوی ئەم پرۆسەی گەشەی کۆمەڵایەتی، هزریی، گوتارییە توزێک رەوتەکە خێراتر بکەینەوە، هەر چەند ئەم حاڵەت و پەیڕەوەش مەترسی و هەڕەشەی تایبەتی خۆی لەسەرە بۆیە ئەم راپەڕاندن و جێ بەجێ کارییەی پرۆژەکە لە هەناو ودەقی پرۆسەکەدا زۆرتر لەدەستی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەکەڵکەڵە متمانەیی و ئاکام مەندیی خۆی وەردەگرێت.
ئەمڕۆ وەکوو باس لە نێو گوتارماندا لە بوون و نەبوونی رەخنەی ئەدەبی دەدوێین، لە لاوازی رەخنەی ئەدەبی دەدوێین، پێناسەگەلێک وەکوو ئەمەی کە؛ رەخنە؛ خوێندنەوە و هەڵکۆڵینی دەقە، رەخنە؛ پردی پێوەندی نێوان دەق و خوێنەرە، رەخنە؛ لایەنە باش و ناباشەکانی دەق لێک دەداتەوە و لێکیان جوێ دەکاتەوە، رەخنە؛ ویژدانی ئەدەبە و ئەدەبیش ویژدانی مرۆڤایەتی35 … هتد. بەڵام رۆڵ و جێگەی پرسیارانێکی بنەمایی و بنەوەنگەیی بۆش و خاڵییە؛وەکوو رەخنە بەشێوەیەکی دەرهەست چییە؟ واتە رەخنە بەر لەوەی ئەدەبی بێت، کۆمەڵایەتی، سیاسی بێت لە جەوهەر و بنەما دا چییە؟ چییەتی ئەم چەمک و تێڕوانینە لە گوتارانیتر چۆنە و لای ئێمە چۆن دەشێت و دەپووڕێت36؟ ئایا ئاوەزمەندێتی رەخنەکارانە وەکوو رەهەند و گۆشەنیگای فەلسەفی و بگرە کەلامی لە مێژووی ئێمەدا واتە مێژووی ئەدەبماندا، هیچ شوێن پێ و جێگە دەستێکی تەنکی نەبووە؟ دواجار ئێمە دەبێ چۆن لە چەمکگەل و دیاردە و شەپۆلانێک تێبگەین کە سەر بە دونیای خۆمان نین؟ ئایا میتودی فام و تێگەی ئێمە بۆ دونیا و بوون و دەرکەوتە و توێ فراوانەکانی بە هەمان شێواز و میتۆدی ئەرەستوو دەبێت یان هیگل یان شیلینگ و فیشتە یان شلایەر ماخەر و نیچە و هایدیگەر و هابرماس؟ یان نا هەر ئەم شێوەیەی کە لە لۆرکا،گۆنتەر گراس، شاملوو، ئەدۆنیس، عەدنان مەکییە و نازک الملائیکە گرتوومانە و خەریکین لە ژێر میتۆدگەلی دژە میتۆدانەیان بەرهەم دەهێنین! زۆرتر درێژە پێ بدەین و داهێنانیان بکەین؟ یان میتۆدی بەینابەینی بگرینە پێش چاو و تێکەڵەیەک لەوانە بکەینە چاوساغ و رێڕەومان؟ یانیش نا و ئێمە بە گەڕانەوەی قووڵ بۆ ناو مێژووی دوور و نێزیکی خۆمان و خوێندنەوەی تازەیان کە ئەویش خۆی میتۆدی دەوێ (لەوانەیە هێڕمنۆتیک باشترین دەسگر و بەرچاوڕوونکەر بێت، یان رەنگە کۆی ئەو شتەی وەکوو زانستی پۆزەتیڤیستی و بەشێوەیەکی رێژەیی یەقینییە یارمەتیدەرمان بێت لە کەوتنە داوی ئەم بازنەی دژوازە37!)، واتە ئایا ئێمە میتۆدوڵوژییەکی کوردیی تایبەت بە خۆمان ناوێت بەو واتایەی کە فاکتۆر و بەستێن و رەهەند مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونشیکارانەییەکانی کوردیی کۆ بکەینەوە و یەکیان خەین و لەو تێکەڵەکردنە سیستەم و پێکهاتێکی تەکووزی و رێک و پێک وەدەر خەین؟
با ئەوش بڵێم کە نە من و نەکەسی دیکە ناتوانێت نکووڵی لە دەرکەوتن و کارکردیی کۆمەڵێک باس و خواس و بەدواداچوونی رەخنەیی (ئەدەب تەورانە) بکات کە لە نیوەی دووهمی سەدەی بیست هاتنە کایەوە و رۆژ بە رۆژ لە باری چۆنایەتییەوە باشتر بوون و هەڵبەت لە پاڵ ئەوەشدا خەسارەکانیشیان گەورەتر و مەترسیدارتر بوویەوە. گەر فرە دوور نەڕۆین لە پانتای گۆڤار و بڵاڤۆک دا لانیکەم لەم 15تا20 ساڵەی دواییدا چالاکییەکان بێنینە پێش چاومان لە باشووری کوردوستان گەلاوێژی نوێ، ئاوێنە، حەوتەنامەی ئاسۆ، بەشگەلێکی گۆڤاری مەدەنییەت و رەهەند (کە بەزۆری خەڵکی باشوور بوون) و لە رۆژهەڵاتی کوردوستان گۆڤاری سرووە (تا قۆناغێک واتە تا زەمانێک لە ژێر دەست و بەڕێوەبەریی مامۆستا هێمن بوو)، گۆڤاری ئاوێنە (تا شوێنێک)، گوڤاری مەهاباد، بەرهەم، کتێبی کوردوستان کە ئەنیستیتۆی کورد لە تاران دەری دەکرد کە زۆرتر لە چەند ژمارەی بڵاو نەبووە، گۆڤاری خوێندکاری راڤە کە کوردانی خوێندکاری زانکۆکانی تاران دەریانکرد، گۆڤاری خوێندکاریی رۆژەڤ کە هەمدیس خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بڵاویاندەکردەوە، حەوتەنامەی رۆژهەڵات، گۆڤاری خوێندکاری هزر کە خوێندکارانی زانکۆی کرماشان دەریانکرد و تەنها یەک ژمارەشی لێ بڵاو بۆوە، رۆژنامەی ئاشتی کە بە هاوکاری ئەنیستیتۆی کورد لە تاران دەرچوو، گۆڤاری زرێبار، گۆڤاری هایا، چەند ژمارەیەکی حەوتەنامەی سۆران(ستافی پارێزگای کرماشان)،هەموو ئەو وزە و توانست و چالاکییانەی کە لەم رووبەری بڵاوکراوەییە دا دەرخراوە بە دەسکەوت و پێشڤەڕۆخواز بوون، بەڵام ئەو دۆخەی کە لە سەرەوە گێڕامەوە و پرسیارانێکم لە هەناویدا دەرهێنا کە هەموو ئەم رووپەڕ و رووبەرانە زۆر کەم ئاوڕیان لێ دراوەتەوە و ئەگەریش گەڵاڵەکراوە بە هۆکارگەلی زۆرەوە لە سەری نەڕۆیشتوون و من دەباتەوە سەر ئاراستەی خستنە رووی پرسیارێکەوە کە وەڵامەکەی زۆر ئەستەمە، ئەویش ئەمەیە کە تۆ بڵێی هۆکاری نەناسین و نەدۆزینەوەی میتۆد یان شێوەیەک کە خۆمان و بوون و رەخنە و پرسیار و گومانمانی لەسەر رۆبنێین، ئەمر یان دیاردە یان پێکهاتێک بە ناوی سیاسەت نەبووبێت؟ ئەگەر لە رۆژهەڵات وابووە ئەی باشوور چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە؟*
پەراوێز و سەرچاوەکان؛
1- هەموو ئامانجی ئەم وتارە گێڕانەوەی شیکارانەی دۆخێکە کە رەخنە بە واتە هزریی و ئاموزمەندانەییەکی ئامادەگییەکی راستەقینە و بەرهەمهێنەری نەبووە.
2-ئاویتاری وشەیەکی دارێژراو یان گرتاری(مشتق)ە کە واتای لەیەک توانەوە و تێکەلاویی(ادغام) دەگەیەنێت و لە کتێبی “بنەماکانی وشەسازی و وشە رۆنان لە زمانی کوردیدا” نووسراوی کامران رەحیمی، هەڵگرتووە و جێی سەرنجە وشەگەلی پێشنیار کراو بۆ هاوتاسازی و وشەڕۆنان لەم کتێبەتە داکۆکیرا و جەختکراوی کۆڕی زانستی زمانی کوردیی-ئێرانە.
3- ئەم وشەیە هەر لە سەرچاوەی پێشوو وەرگیراوە.
4-مەبەستم لە بیر رۆحە بە واتای وزەیەکی فامکار نەک شیکار
5-لە نووسینێکی بەختیار عەلی لەژێر ناوی “مامۆستا و قوتابی” ،نامەیەک بۆ کاک سەردار عەزیز کە لە حەوتەنامەی ئامانج وەرمگرتووە ل7 ئەویش خۆی لە ئاوێنە وەریگرتووە. ئاماژەیە بەو گۆڕانەی کە لە دوای دیکارتەوە و بە پێناسکردنی سووژە وەکوو بکەرێکی ناسکار(فاعل شناسا) و ئوبژە وەکوو بەرکارێکی ناسکراو لە لایەن ئەوەوە دەست پێ دەکات لای فۆکۆ و دریدا مەرگی دەگێڕێتەوە و لایەن و رەهەند و پارادایمانیتر جێگری ئەو چەمکانە دەگرنەوە.
6-وشەیەکی ناوچەی کرماشان بە واتای بەڵگەی راپەڕاندن و جێ بەجێکردن واتە هەمان”ودم”.
7-“مەرجیار”م هاوواتای شرگی شدە ی فارس دانەوە و هەر لە شێوەی هاوتاسازییەک کە لە کتێبی “بنەماکانی وشەسازی و وشەرۆنان لە زمانی کوردیدا”پێشنیار کرابوو کەڵکم وەرگرتووە، بڕواننە ل34 بڕگەی 10ی بەشی “شێوەکانی وشەسازی هاوچەرخ”.
8- سەڵت لە بنەما دا بە واتای رەبەن دێت و لێرەدا مانای دوورەدەست و تاقکەوتو و ئینتزاعی دەردەکەوێت، یەکەمجار ئەم وشەیەم بەو واتایە لە حەوتەنامەی رۆژهەڵات ژ20 دووشەممە 25ی خەزەڵوەری 1383 ل 10 لە وتارێک بە ناوی “کۆمەڵگای کوردی و کێشەکانی مودێڕنیتە و پۆست مۆدێڕنیتە”ی جەمال خوسرەوی دیت.
9-ئەم وشەیە بەم واتایەم لە وتارێکی د.رەهبەر مەحموودزادە بە ناوی “ئاوەزمەندێتی کوردی لەنێوان ناوەرۆکە ناوچەییەکان و میتۆدە جیهانییەکاندا” بینیوە، بڕواننە کتێبی کوردوستان ژ2 ساڵی1382ل60
10-وەکوو زێڕکەفت ئەم وشەیەم بە شێوازی بەراوردکارانە هەر لەو کتێبەی کە لە بڕگەکانی پێشو ئماژەم پێدا، سازاندووە.
11-لەو کتێبەی “بنەماکانی وشەسازی و…”وەرمگرتووە.
12-فەیلەسووفی کۆنی یۆنانی و وەک دەڵێن یەکەم فەیلەسووفی مێژوو کە لە میلوتوس واتە مەلاتییە لە دایک بووە و لە 545ی پێش زایین کۆچی دوایی کردووە، بڕواننە تاریخ فلسفە،کاپێلوستوون، فریدریک،بەرگی یەکەم(یۆنان و رۆم)ل 31
13-ئەویش وەکوو تالیس خەلکی مەلاتییە بووە و هاوسەردەم و رۆژگاری ئەویش بووە.
14-بڕواننە کانت، نقد قوە حکم،ترجمە عبدالکریم رشیدیان، ل12 ساڵی1377
15- بنواڕنە بڕگەی پێشوو
16-پێم وایە مەبەستی کانت لە “سرووشت” لێرەدا و لە پلەی یەکەم سرووشت و تەبیعەتی مرۆیی و ناوەکی بێت تاکوو سرووشت و تەبیعەتی نامرۆیی و دەرەکی.
17- هاوتای “تێور کردن” فارسی دامناوە.
18-بڕگەی 14 ل 13
19-زندگی در دنیای متن،پل ریکور،ترجمە بابک احمدی ل52-31 ساڵی1384
20-کۆڵشت لە باتی لێکۆڵینەوە پێشنیار کراوە لە لایەن کۆڕی زانستی کورد-ئێران لە کتێبی “بنەماکانی وشەسازی و…”، وەکوو جمشت، تاوشت.
21- وشەیەکی سازدراوی خۆمە بە واتای بێژەرێکی نازیندوو کە مەبەستێتی بە تایبەتمەندییەکی خۆی وەکوو رەنگ، دەنگ و… شتێک بە ئێمە بگەیەنێت.
22- وتووێژێکی کەناڵی گەلی کوردوستان لە بارەی دوا رۆمانی ئەو دەمی واتە “جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆی دەیبرد”،کە تێیدا ئاماژە بەم خاڵە دەکات.
23-خوش امدی،ابراهیم یونسی،ل316و317و318 ساڵی1381
24-بڕگەی پێشوو ل318
25-وشەیەکی دێهاتەکانی دەڤەری کرماشان کونارۆشنا=کونا رۆچنە=کڵاورۆچنە
26- ئەو سیاوەشەی کە وردەکاریی راستەقینەی رووداوەکە نازانم بەڵام بەو لێکدانەی “خوێنی سیاوەش” و فامی کارکردە جیاجیاکانی لە کولتوور و زمانەکەم و تەنانەت زمانی رۆژانە ناو خەڵکیشم بۆم روونە خوێنێکە کە رژاوە و قەت بڕانەوەی بۆ نییە، وەکوو ئەو خوێنەی لالە جافەر لە فلیمی شاناز و سەیالی بە دەرهێنانی عادڵ عەبدوڵڵا لە 1970بەم لاوە وابزانم سازبووە، خوێنی لالە جافەر خوێنی شاناز و سەیالی وەکوو دوو عاشق و ئەویندار و خوێنی کەسانیتری سەر بە خوێن و خێڵی سەیالی و شاناز واتە خێڵی لالۆ سەرحەد بەدوای خۆیدا دەبات و دەیڕژێنێت. مەبەستم ئەوەیە لە رووی زمانییەوە خوێنی نەبڕاوەی سیاوەش و خوێنی نەبڕاوەی لالە جافەر و خوێنە نەبڕاوەی حاجی نام کێ و نازانم چی، جیاوازییان چییە؟
27-لە سەرەتای فلیمێکی ئاخرزەمانی ئان ئاپۆکالیپسی بە ناوی “کوڕی پڵنگ” دەنووسرێت.
28- ئاماچەیە بە شیعرێکی مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێوی (پێشتر)! کە تێیدا باس لە کاتژمێرێک دەکات کە دەمێک کۆک کراوە و ژماردنی زەمانیی بۆ ئێمە دێز و شوومە و ئەو دەڵێ: لەعنەت ژمێرە دەبێت ورد و خاش کرێت.
29-3بەیت و کۆڵەکەی سەرەکی مۆسیقای کوردیی کە وەگێڕیی عەشق و هیجران و جەنگ وحەماسەت دەکات.
30-خوش امدی،ابراهیم یونسی ل148
31- لەو کتێبەی بنەماکانی وشەسازی و…بەشی خەسارناسی وشەسازی کوردیی ل68
32-بڕگەی پێشوو ل 74
33-ئەو وتەیەم لە 6باواگەرەم بیستوو خودا رەحم بە باواچکۆلەکانم بکات!
34-ئەو سێ کردە و تێڕوانینە لەنێو گوتاری ئێمەدا تەنها یەک دەروازە و سەرچاوەی مەعریفیمان بۆ دیاریی دەکات و لە بنەڕەتیشدا هەر لە یەک گۆشەنیگاوە دێن و مەعریفەتمان هەموو ئەدەبی و شیعری و خەیاڵیی دەبێتەوە، وەکوو ئەوەی مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێور دا باسی دەکات، ئەم پێوەندییەی کورد و هەڵبەست یان کورد و شیعر ئەوەندە قووڵە هیچ رۆشنبیر، سیاسی، نووسەری کورد نایەت(ئاماژەیە بە داهاتوو نەک ئێستا، چوونکوو ئێستا دۆخەکە روونە!) کە شاعیر نەبێت و شیعرێتی نەکات و سەرێک نەکێشێتە بارگەی شیعرەوە، هەڵبەت ئەم دۆخە جیایە لە رۆڵی مەعریفەتناسانە و رێژەخوازانەیەک کە شیعر وەکوو هەرمانی و ئەبەدیترین تایبەتمەندییەکانی خۆی هەڵگریەتی.
35-گۆڤاری دەق،ساڵی یەکەم،ساڵی 1379، ژ1ل5
36-پێشنیار کراوی کۆڕی زانستی زمانی کوردی-ئێران لە کتێبی بنەماکانی وشەسازی و …بەشی کۆسپەکانی وشەسازی ل21
37-ئاماژەیە بە باسێکی نێو سیستەم و پێکهاتی فەلسەفی یۆهان گوتلێب فیشتە، فەیلەسووفی ئاڵمانی. ئەو دەڵێ: (“من” بو ناسینی خود پێویستم بە خۆمە واتە خۆم(من) بوونم نییە تاکوو ئەو ساتەی لێی بە ئاگا دەبمەوە) و لەهەمانحاڵیشدا دەڵێت من بنەمایەکی پێشینیم بۆ خود یا من دانەناوە بەڵکوو ئەو خودەی کە ئەم خودەم دەناسێت خودێکی واڵاتر و گەورەترە و بەم شێوەیە فیشتە لە دژوازی تێزە فەلسەفییەکەی قوتار دەبێت. فیشتەش وەکوو ویتگنشتاین دوو رووخسار و پێکهاتی فەلسەفی هەیە، فیشتەی یەکەم، فیشتەی دووهەم.
*بەشی هەرە زۆری ئەو وشانەی کە پەراوێزم بۆ نووسان هەڵگری ئەم پەیامە بوون کە ئێمە وەکوو نووسەر بە ئاراستەی یەکخستن و یەکگرتوویی زمانی کوردی دەبێت سەرنج بدەینە چالاکی و هەوڵ و پێشنیار و پرۆژەی کۆڕی زانستی زمانمان کە لە هەر کوێ و هەرچەند دانەش بێت، کە لێرەدا مەبەست کۆڕی زانستی کوردی-ئێرانە و مانیفێستی زمانەوانانەی خۆی لە قەوارەی ئەو کتێبەی کە بڕگەی 7دا ئاماژەم پێ داوە بڵاو کردۆتەوە و بەڕای من هەنگاوێکی بەهێز بەڵام نەک بێ کێشەی لە ئاراستەی زمانی یەکگرتووی کوردیدا هەڵێناوە و نووسەران دەشێت وەکوو رەکارکردن و کەڵک وەرگرتن و خستنە ئەزموونی وشەپێشنیارییەکانیان و تەنانەت خودی پێشنیارەکانیشیان سەوداسەری و دڵەترپەی خۆیان بۆ دۆخی زمانی کوردی بخەنە روو.