لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق ساڵی 2021 یەکەم هەڵبژاردن بوو، کە توانای دەنگدانم هەبێت. دوای تەواو کردنی هەندێک کار، لە دوا نیوەڕۆی ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا چووم بۆ بنەکەی دەنگدانەکەم. لە بنکەی دەنگدانەکەی من دوای چوونە ژوورەوە دوو کچ و کوڕێکت دەبینی، کە وەکو کارمەندی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق لەسەر چەند کورسی و مێزێک دانیشتبوون.
ئەوکاتەی من چووم بۆ دەنگدان ملپێچی ئاڵای کوردستانم لە شانەکانم کردبوو، دوای ئەوەی کە داوای کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدانەکەمیان کرد، دوای پشکنین کارتەکەمیان پێدامەوە، کوڕەکەیان وتی کە نابێت ئەم ئاڵایە لەگەڵ خۆت ببەیتە ژوورەوە، چونکە ئەمە بانگەشەی سیاسییە، منیش وتم ئەمە ئاڵای کوردستانە، نەوەك لۆگۆ و هێمای لایەنەکان، وتی نابێت، لایبە…، وتم بە خوا زۆر شەرمە بۆتان ئێرە ئێراق نییە کوردستانە، وتی نەوەك لە ئێراق لە ئەفغانستانیش نابێت، وتم ئەوە من ئەم ئاڵایە لەگەڵ خۆم دەبەمە ژوورەوە و لە شانەکانیشمی دەکەم، جا چ لە کوردستان، چ لە ئێراق، چ لە ئەفغانستان و هەر شوێنێکی تر بێت، چیش دەکەیت بیکە. یەکەم جار تووڕەیێکی زۆر دایگرتم و بێزار بووم بە قسەکانی، بەڵام دوایی گومانم لە کورد بوونی دایکی کرد، بۆیە پشتگوێمخست و چووم بۆ ئەوەی دەنگی خۆم بدەم. دوایی بە ملپێچی ئاڵاکەمەوە چوومە وێستگەکە و دەنگم دا، لە دوای دەنگدانەکەم لەبەرچاویەوە وێنەیێکم بە ملپێچی ئاڵای کوردستانەکەمەوە گرت.
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق بێت تەنها لۆگۆ و هێمای حیزبەکان لە کاتی پرۆسەی دەنگدان قەدەغەیە نەوەك ئاڵای کوردستان و ئێراق، خۆی ئەوە پێشێڵکردنی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق و دەستوور و یاسا کە بڵێیت ئاڵای کوردستان قەدەغەیە. کاتێك چوومە ناوەندی دەنگدانەکە تەنها ئەو وتی قەدەغەیە، هەرچەندە دەیزانی کە خۆیشی دەیزانی قەدەغە نییە ئەگەر لەبەر کار و خوێندنەکەمەوە نەبووایە سکاڵای یاساییشم لەسەر قسەکەی تۆمار دەکرد، چونکە ئەو پێشێڵی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق و دەستوور و یاسای کردووە. جگە لە ئەو لە کاتی چوونەژوورەوە دوو کەسی تریشی لێبوو وایان نەوت، دوای ئەوەی چوومە وێستگەی دەنگدانەکەشم ئەوانیش هیچیان نەوت، دوای دەنگدانەکەی خۆم دایکم برد بۆ ناوەندی دەنگدانەکەی بۆ ئەوەی دەنگبدات لەوێش ئەوان هیچیان نەوت، من هەر ئەو ڕۆژە لە چەند کارمەندێکی تری کۆمسیۆنم پرسی و وتیان شتی وا بوونی نییە.
مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوەی ژیانم ئەوەیە، کە ئێمە هەر چەندێك دەسەڵاتمان خۆشنەوێت و رەخنەمان لێی هەبێت، ناکرێت کە رقمان لە ئاڵا و نیشتمانەکەمان ببێتەوە، دەسەڵات هەمیشەیی نییە و بە گۆڕینی کات دەگۆڕێت بەڵام نیشتمان و نەتەوە بۆ هەمیشە پێمانەوە دەلکێن، بۆیە لەسەرمانە لە هەر شوێنێك و لە هەر کات و ساتێکدا بێت بەرگری لە سیمبولەکانمان بکەین.
نیشتمان و حکومەت لە بنەڕەتدا دوو چەمکی جیاوازن. نیشتمان سەرچاوەی ناسنامە و کولتوور و ڕەچەڵەکە، لە کاتێکدا حکومەت قەوارەیەکی ئیدارییە کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات. درک کردن بەم جیاوازییە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لە نێوان نەتەوە و نیشتماندا زۆر گرنگە. بەم شێوەیەک ئێمە دەتوانین وەکو نەتەوەیەک درک بە میراتی دەوڵەمەندی خۆمان بکەن و کار بۆ ئایندەیەکی گەشاوەتر بە باشترکردنی حوکمڕانی لەسەر خاکی نیشتمانەکەمان بکەین.
لێرەدا زۆر کات پیرۆزی ئاڵا و هێمایە نیشتمانییەکان دەخرێنە ژێر پرسیارەوە. وڵاتێک کە خاوەن کۆمەڵگایەکی هۆشیاری سیاسییە، خۆپێشاندان لە دژی نیشتمان و ئاڵا و هێمایە نیشتمانییەکان ناکرێت، بەڵکو خۆپێشاندان لە دژی بڕیارێکی حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام ئەو تووڕەیی و زنجیرە خۆپێشاندانەش نابنە هۆکاری ئەوەی کە داوا بکەن حکومەتی وڵات و نەتەوەیەکی تر حکومی نیشتمانەکەیان بکات. هەرچیەک بێت، هەرچیەک ڕووبدات ئێمە ناکرێت چەمکەکانی نیشتمان و دەسەڵات تێکەڵ بەیەکتری بکەین. دەسەڵات بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت، بەڵام لە دوای مردنیشمان هەر ئەم نیشتمانە لە ژێر خاکەکەیدا دەمانگرێتە باوەش.