“کلیل وشەکان؛ رەخنە، رەخنەی ئەدەبی، نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، میتافیزیکی ئاویتاریی2، کوردیی، میتۆدۆلۆژی.
بەرایی”
کەماڵ و گەشەی مرۆیی پەیوەستە بەو نێزیکایەتییەی کە لەگەڵ رەخنە دا دەیکات. رەخنە لێرەدا وەکوو وزە و توانستێک مانا وەردەگرێت کە جمشت3 و بزووتنی کۆمەڵایەتی و هزری و شارستانیشی بەدواوەیە. لە هەر چرکەسات و دەمێکی مێژوویی دا کە گۆڕانێک هاتۆتە ئاراوە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ سیما و بیچمی رەخنە رادەست و ئامادە بووە. رەخنە وەکوو واتا هەڵگری دوو پێناسەی سەرەکییە؛ رەخنە لەپلە و واتای یەکەم هەوڵێکە بۆ بژاردە کردن و هەڵاواردنی چاکە لە خراپە یان بە دەربڕینێکیتر جوێ کردنەوەی سێرە لە ناسێرە. لە ئاست و پلەی دووەم، رەخنە کردەیەکە لەسەر بنەما و کرۆکی داوەری(بڕیار) و پرسیارکردن سازبووە.
بە چاوخشاندنێکی خێرا و هەڵوێستەیەکی تێپەڕ لە مێژووی بوونناسانەی مرۆڤ وەکوو “لە-جیهان دا-بوو” (دازاین)ێک بۆمان دەردەکەوێت کە سەرەتای داشکانی بیر(رۆح4)ی مرۆیی لە میتافیزیکە تاقخواز و رەهابینەکان و دواتر هەڵنیشتنی بە ئاقاری بەرهەمهێنانی پرسیار و گومان و مانا و خەیاڵی نوێ و لەوێشەوە بەرەو سەرزەمینی هزر و فەلسەفە لە شوێنگەیەک بووە کە رەخنە، هەم وەکوو کردەوە و هەمیش وەکوو بیردۆزی و روانگە، چەکەرەی کردووە و چالاک بووە. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆکە واتە هەنووکە لە پێگەی “سووژە، دازاین، کۆشکی کافکایی و مەنزوومەی قاڵاوی ئێدگار ئالێن پۆ و تەنانەت لە شوێنگەی ئۆبژەیەک و فۆکۆ گوتەنی سووژەیەکی مردوو”5 دا ئاوڕ لە پانتایی و قووڵایی مێژوو بدەینەوە، زۆرێک لە چەمک و وتەزا و بابەتەکان هەر لە سەردەمێکی دێرینەوە دەرکەوتەیان وەکوو نیشانە لە دەق و پەراوێزدا نواندووە؛ بەڵام ئەم چرکەساتەی هەنووکەیی ئێمە لەو هەڵگۆست و خوێندنەوەیەدا کە لە دەق و پەراوێزی مێژووە دوورەکان نیگاری دەکەین، گرێدراوی تایبەتمەندیی توانست و خواستی فرەراڤەیی و گەلێک شرۆڤەییە کە خۆی لە خۆیدا قەرزاربار و منەتباری بیر و تێڕوانینی رەخنەییە. هەنووکە تاکی هاوچەرخ لە دۆزێک دا دنیا دەبینێت کە رەخنە وەکوو تاقە رێگا و تەنیا رێدەرچووی خۆی دەبینێتەوە.بنەما و کاکڵی رەخنە، پرسیار و گومانە؛ هێندەی کە ئێمە پرسیار و گومانی قووڵ ئاراستەی خودی رەخنە وەکوو بنەما و سەرچاوکە دەکەین، واتە رەخنەی رەخنەیشمان وەکوو کردەوە لەبەردەمماندا زۆپ کردۆتەوە.
لە رێگە و بەردەمی جووڵەی هزری رەخنەیی لەمپەر و کۆسپگەلی سامناک و پۆڵایین هەبووە و لە زۆرێک لەو کۆمەڵگایانەی کە هەنووکەش هەقیقەتێکی رەها دەژین و کەلتوور تیایاندا مەند و راوەستاوە، هێشتا رەخنە دەمەدەمی ژانی پێش “لە دایک بوون” یان رەنگە مەرگ! و چرکەساتی ساوایەتی خۆی دەژی. گەورەترین هێزی دوژمن و دڵڕەقی رەخنە، نەریتە رەها کۆمەڵایەتییەکان و تایبەتمەندییە کولتووری و پێکهاتە میتافیزیکییەکانن، کە جێگایان لە فۆرم و قەوارەیەکی سووڕان و گەردانی چەقبەستوو و فرەپات خۆش کردووە و پەتە6 و ودمی ئەم نیشتەجێبوونەیان لە ناسووژەیی و ئۆبژەبوونی بکەرەکان یان بوونەوەرەکانی سەر بەو فۆرمە وەردەگرن. بێگومان گەر وەکوو “تۆڕێکی دیالیکتیکی” بڕوانینە ئەو هۆکار و جەمسەرانەی گێڕانەوەکەی سەرەوە واتە چارەنووس و رۆڵ و پێگەی رەخنە پەیوەست و لەهەمبەر نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و میتافیزیک و پێکهاتە کولتووریەکان دا بخوێنینەوە، بەو ئەنجامگیرییە دەگەین کە ئامادەگی و هەبوونی رەخنە تا ئەو شوێنەی ئەبێتە چەمک و وتەزا و بابەت و لە گوتاری رۆشنبیریی کۆمەڵگادا دەردەکەوێت بە ئاسانی و هەڕەمەکی نییە.
بەر لەوەی درێژە بە گێڕانەوەی ئەم خوێندنەوەیە بدەم، “با” لێرە دا لادەم و پرسیارێک بێنمە ئاراوە؛ ئاخۆ لە کۆمەڵگایەک دا کە پێکهاتە کولتووری و میتافیزیکە تاقخوازەکان و ئەقڵی باوی گشتیی، ژیانی مەرجیارانەی7 خۆی دەژی و جگە لە داکۆکیکردنەوە و پیرۆزاندن و بەرزنرخاندنی ئەو فۆرم و پێکهاتە یەقینیانە لە قەوارەی بۆنە و رێوڕەسمە مێژووییەکانیان لە ئاوێنەی رۆژ، مانگ، ساڵ یان تەنانەت چەند ساڵدا، هیچی¬تر ناکات و هەموو بکەری و توانایی خۆی لەو سووڕانە مەرجیاریانەیەی دا دۆڕاندووە، رەخنە چۆن لە دایک دەبیت؟ یان تاکێک چۆن سەرهەڵدەدات و رەخنە دێنێتە دونیاوە؟ رەخنە تاک دەسازێت یان تاک رەخنەی تاکساز دادەهێنێت؟
هەر وەکوو باسم کرد هاتنە گۆڕێی رەخنە و هزری رەخنەیی گومان و پرسیاری لە پشتە و سەرهەڵدانی رەخنەیەکی سەڵت8 و دەرهەست ئەم دوو فاکتەرەی وەکوو گریمانەگەلی ناوشیارییانە پێویستە و ئەمەش لە کۆمەڵگایەکی پڕ بڤە و تابۆ بە دڵنیاییەوە ئاسان نییە و نابێت؛ ئەمە لای من ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەگەر ئێمە ئەوڕۆ شتێک لە رەخنە و تێڕوانینی رەخنەگرانەمان تێدایە بەرهەم و ئاکامی چەندەها شۆڕش و هەڵچوون و داچوونی مێژوویی و خوێن رژان و قوربانی دانە، مەبەستم لەم باسە ئەوەیە ئەگەر چەمکێک یان نیگایەک بەرهەمهێنراوی دونیای ئێمە نەبووە واتە نە لۆژیکی زمانیی ئێمە بەرهەمی هێناوە و نەک هزر و بیرێکیش کە پەیوەستی ئەو زمانەیە و لەگەڵیدا لە دیالۆگ و دیالیکتیکدایە نەیهێناوەتە گۆڕێ و بە هۆی کرانەوەیەکی ناسرووشتی و پێشبینی نەکراو بەرووی دونیاماندا لەرێگەی کەلەبەر و کونەباگەلی جۆراوجۆر و بەهۆکارگەل و شۆڕشگەلی گەورەی مێژوویی و زانستی هەناردە! و یان هاوردەی واقیع و دونیای ئیمە بووە. لەم حاڵەتە ناسرووشتی و گوشارئامێزەدا ئێمە هیچ رێگە چارەیەکمان لە بەردەمدا نییە جگە لەوەی کە ئەم چەمک و تێڕوانین و وتەزایانە کە هەنووکە لە سیپاڵ و چوارچێوەی دیاردەیەک دا بۆ ئێمە و لای ئێمە دەرکەوتووە، بە باشی بناسین و بزانین کە ئەگەر هەنووکە ئێمە رەخنەکارانە لەگەڵ دونیای خۆماندا جووڵاینەوە، ئەزموون و ساوکەیەکی خوێناوی و لە هەمانکاتدا بە دەسکەوتمان لە بەر دەستدایە؛ واتە ئەو سیستەمە زمانی و هزرییەی کە “رەخنە”یان بەرهەم هێنا بەناو کۆمەڵێک گەرداوی تووش و تۆفانی ئاسمانی و زەمینیدا تێپەڕیون و خوێنیان داوە.
گەر ئاماژە بە نموونەیەکی مێژوویی بکەم “ژان هۆسی” سویسی کە بەشێک بوو لەو رەوت و رەوگە9ی کە سەرەتای ریفۆرماسیۆن و چاکسازیی دینییان لە ئەورووپا و ئیسکاتلەند لە سەدەی 14 و 15 دا دەست پێکردبوو، باشترین چەشنی رەخنەکارێکە کە ئەگەرچی کەسایەتی و کردەوەی ئەو وەکوو دەیگێڕنەوە بەهۆی ئەوەی کە ئیمانی مەسیحیانەی هێشتا لەسەرەتای پرسیارکەفتی10 و گومان¬ئاژنگ بوون دا بوو، واتە ئەو هەرکە یەکەم پرسیاری زێڕینی ژیانی دۆزییەوە و خستیە قەوارەی رەخنە و پرۆتێستەوە بەرەو سیستەمی زاڵی کڵێسەی سەردەم، هێشتا یەقینێکی پێوە دیار بوو کە بەرهەمی ئیمانی گاورانەی قووڵی خۆی بووە؛ ئەم یەقینە تازەیەی پێداگری و پیرۆزنواندنی هەڵوێست و بەیەقین زانینی رەخنەکارییەکەی بوو، هەر بۆیەش بەسەرهاتی سزادانەکەی پەیامگەلێکی روون و سەرەنج راکێشی تێدایە. دەیگێڕنەوە کە دوای ئەوەی رەوتی ریفۆرم و چاکسازیی دینی لە ئەورووپا دا بە رێبەرایەتی مارتین لۆتەر، جان کالوون و ژان هووس، لە سەرەتای خۆیدا بوو، مارتین لۆتەر هەڵدێت و ئاکامی روانینی رەخنەییانەی خۆی کە کۆمەڵێک پرسیار و گومانی تەوساوی لەهەمبەر سیستەم و پێکهاتی فەرمی دەسەڵاتی ئایینی دا هەبوو. وەکوو ئەم خاڵەی کە چۆن قەشەکان دەتوانن پێشوەخت هەرێمەکانی بەهەشت بە خەڵک بفرۆشن؟ بەهەر حاڵ ئەو تێڕوانینی رەخنەیی خۆی هەم بە کردە و هەم بە تێوری لە قەوارەی وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز بۆ سەر زمانی دایکیی خۆی واتە ئاڵمانی گەیاندە ئەنجام و هەر ئەوەش بوو بە بنەمای هەڵنیشتن و درووستبوونی پرسیار و گومان و رەخنە و پرۆتێست لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا و شۆڕش و چاکسازیی ئایینی بە دواوە بوو و دواتریش یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەسەندنی بیری خوێندنەوە و راڤەی دەقە دینییەکان واتە هیرمنۆتیکی دینی بوو، رەخنەی لۆتەر وا چووە پێش بۆیە بە باوکی چاکسازی ناوبردە کراوە.
لەمسەرەوە ژان هووس بە هۆی پرۆتێست و ناڕەزایی لە دژی سیستەمی فریودەر و جەهل¬پەروەری کڵێسە دەگیرێت و سزای کوشتن و مەرگ لە ئاگردا بە سەریدا دەسەپێت، چوونکوو ئەو دەم سزاکان و کوشتنەکان بە شێوەی ئیمڕۆیی شارستانیانەتر و مرۆڤانەتر! نەبووبوو. ژان هووس دەخەنە ئاگرەوە و دەست دەکات بە هەڵقرچان و “پێ دەکات” بە زەوی و ئامێزی بەرەو ئاسمان، یەکێک لە قەشەکان کە دۆستایەتی نێزیکی لەگەڵدا بوو بوێرییەکی سۆزاوییانە بەبەر خۆی دەکات و هاوار دەکات: راوەستن با دەرفەتێکی دیکەی بخەینە بەردەم و ژان بە نیوە سووتاوی و لابرژاوی دێننە دەرەوە و پێی دەڵێن: لە بیرۆکەکانت وەرگەڕێوە و پەژیوان نامە بنووسە و ژان بەوپەڕی سەربەرزی و هاوکات یەقین!ەوە دەڵێت: نا! و ئەوانیش بەو پــــەڕی سەربەرزی و ئیمان و یەقینەوە! هەمدیس فڕێی دەدەنە هەناوی ئاگرەکەوە. بە هەر حاڵ ژان هووس رەخنەکار بوو، بە شێوەی خۆی و هەڵبەتیش لە سەردەم و وڵاتی خۆی و بە پێکهات و نەریتی میتافیزیکی و کۆمەڵایەتی خۆی و مارتین لۆتەریش هەر بەم چەشنە.
لە ژێر تیشکی ئەو نموونە مێژووییە و نموونەگەلێکی زۆریتر بەو ئاکامە دەگەیین کە “رەخنە” هێز و توانستی11 ئاژواندن و لێخوڕینی بوون و ماهییەتی بوونی مرۆیی لە پانتایی رووبەرێکی ناکۆتا و نادیار بە ناوی مێژوو دایە. ئەم وزە هەر وەکوو وتمان بۆ دەرکەوتن و وەدیار خستنی تایبەتمەندیی و کارتێکەرییەکانی خۆی گرێدراو و پەیوەستی فاکتۆر و هۆکاری زۆرە و بە “تۆڕێکی دیالیکتیکییەوە” چارەنووس و هەبوونی دەستنیشان دەکرێت. گوتم کە ئەگەر ئێمە وەکوو دازاینێکی هێرمنوتیکخواز چاو لە رابردوو بکەین رەنگە لە رستەیەکی تالیس12 یان دەربڕنێکی ئاناکسیماندەر13 و یان کردەوەیەکی سوقرات، بتوانین روخسار و بیچمی جۆرە کردار یان پەرچەکردار و تەنانەت زەینییەتی رەخنەیی و رەخنەکارانە، ببینینەوە، ئەگەرچی تەنانەت وەکوو وشە و فۆرمێکی ناوی زمان نەهاتبێتە دەڤەری گوتار و وەگێڕاندنی باوی سەردەمی خۆی. ئەوەی کە روونە رەخنە وەکوو وشەی criticeو لە پێگەی چەمک و ئیرادە و کانت گوتەنی14 سۆز و هەستەوەرییەک کە پەیوەستە بە هەستی چێژ و دەرد وەکوو زۆرێک لە چەمکگەل و وتەزاگەلیتر لە رۆژگاری مۆدێڕن و پاش شۆڕشی کۆپەرنیکی و نیۆتۆنی کەوتە رووبەری گوتاری باوی هزریی و فەلسەفیی سەردەم و تیۆریزە و بیردۆزیی کرا. کانت یەکێک لەو فەیلەسووفانەیە کە رەخنە، زۆرترین ئامادەگی لە بەرهەم و دونیابینیدا بووە. ئەو بە سێیانە رەخنەکارییەکانییەوە ناسراوە واتە رەخنەی عەقڵیی پەتی، رەخنەی توانستی دادوەری(حوکم) و رەخنەی ئەقڵی پراکتیکی. ئەو لە قۆناغی رەخنەی توانستی دادوەرییانەدا ئاوڕی جیددی و هەرە تایبەت لە بنەما و چییەتی و چۆنییەتی رەخنە دەداتەوە، حوکم و بڕیار و دادوەری کردن خۆی یەکێک لە فاکتۆر و کۆڵەکەکان و تەنانەت یەکێک لە پێش مەرجەکانی رەخنە ناوبردە دەکرێت؛ واتە ئێمە دەتوانین قۆناغی دووەمی پرۆسەی رەخنەکاریی سیستەمی فەلسەفی کانت بە “رەخنەی توانستی(وزەی) رەخنە” ناونان بکەین.
ئەگەرچی ئەو هەر وەکوو چۆن بۆ دوو قۆناغەکەیتر هەڵوەدا و گەڕاڵی دۆزینەوەی بنەوای پێشنی و میتافیزیکی بوو، ئەم کردە و حاڵەتەیشی بۆ “رەخنەی توانستی دادوەری” رەچاو دەکرد و دەڵیت: توانستی دادوەری وزەیەکە پەیوەست بە هەستی چێژ و دەرد15 و بنەوا و کۆڵەکەکەیشی غایەتمەندی و ئاکامخوازی سرووشتە16. و درێژە دەدات کە ئەم ئاکامخوازییە بە دوو شێواز بیچم دەبەستێت: یان سۆبژێکتیڤ و دەرهەستە یان ئۆبژەکتیو و بەرهەستە.یەکەم، دادوەری کردن لە سەر غایەتمەندبوونی وێناکردن17 ی ئۆبژەیەک بێ ئەوەی کە ئاکام و دوا وێستگەیەکی تایبەتی بۆ دەستنیشان کەین و ببینینەوە، حوکم(بڕیار) و دادوەرییەکی جوانیناسانەیە. دووەم: ئەگەر هەمان رەوت لە بڕیاردان بە سەر غایەتمەندنیی وێناکردنی ئۆبژەیەک ئەنجام بدەین بەڵام ئەمجار غایەت و ئاکامێکی تایبەت و بەرهەستمان بۆی مەبەست بێت، بڕیار و دادوەری و حوکمێکی غایەتناسانەیە.ئەگەر سەرنجێکی خێرای ئەم باسکارییە کورتەی کانت بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە گەیشتن بە هەر کام لەو بڕیار و حوکمانە پێشمەرجێکی هەیە کە رەنگە لە پلەی یەکەم دا ئێمە ئاگاداری نەبین،(پاش ئەوەی کە لە کردەی “بیرکردنەوە”ی خۆمان تێدەفکرین و رادەمێنین لێی وشیار دەبینەوە) ئەویش رەخنە و توانستی رەخنەکارییە بۆ دەرچوون لەو دۆخەی ئێستا هەیە و بینینەوەی هەرێم و پانتایی تازە و جیاواز. ئەمەش کە ئەو خوازیاری دۆزینەوەی بنەواگەلی پێشینی و پێشوەخت بۆ هەر سێ قۆناغە رەخنەییەکەی بوو پیشاندەری ئەو راستییەی سەرەوەیە کە باسم کرد. و هەڵخڕان و بەدیارکەوتنی گوتاریی رەخنەیی لە پلەی زمانی و پێکهاتێکی شیکارانەی زمانەوانانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لانیکەم تەنها و بۆ نموونە لای کانت، گۆڕان و ئاوەژوورکردنەوەیەکی لە مێژووی مرۆڤ و عەقڵی مرۆیی دا هێنایە کایەوە و هەر ئەوەی کە ئێرنێست کاسیرێر لە بارەی رەخنەی توانستی دادوەری دەیڵێت بەڵگەیەکی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگری ئەم راستییەیە، ئەو دەڵێت: رەخنەی توانست یان وزەی دادوەری زۆرتر لە هەر بەرهەمێکی دیکە عەسەب و کورتێکسی مێشکیی سەردەمی خۆی ختووکە داوە و هەڵخڕاندووە18.
دواتر رەوت و بزاوتی رەخنەیی لە قەوارەی چەمک و تێڕوانین و تەنانەت سیستەمی فەلسەفی تا لای مەکتەب فرانکۆرتییەکان “هێربێرت مارکوزە، تیۆدێر ئادۆرنۆ، ماکس هۆرکهایمەر” دەچێت و لەوێشەوە بەرە نیچە و فۆکۆ و لیوتار، تا شوێنێک کە هەنووکە ئالێن بادیۆ ناتوانێت بە بێ رەخنە بژی. رەخنەکاریی و تەنانەت شکڵ گرتنی سیستەمێکی رەخنەیی رادیکاڵ دوای جەنگە جیهانییەکان و تاقیکردنەوەی بانگاشە و خەون و هەراوهۆریاکانی مۆدێڕنیزم و مۆدێڕنیتە بوو. نیچە بە رادیکاڵترین و دەمارگرژترین رەخنەگری مۆدێڕنیزم ناوی زڕا و فرانکفۆرتییەکان و رەوتی فەلسەفیی فەرانسەیش هەر کام لە سۆنگەیەکەوە جیهانی مۆدێڕنیان دایە بەر زللە و شەپاڵی رەخنە، ئەوان رەخنەیان لە جیهانێک دەگرت کە چەند سەدە پێش خۆی بە هۆی رەخنە و داهاتنی رەخنەوە هاتبووە گۆڕێ، واتە رەخنەی جیهانی پێشوو ئەم جیهانە نوێیەی داهێنابوو، جیهانی مۆدێڕن دەرهاوێشتە و دەرچووی رەخنەکاریی جیهانێک بوو کە هێندە بەڕ(وشکانی) و بەرینە تەنها یەک قۆناغی بە سەدەکانی ناوەڕاست ناوبردە دەکرێت. بە رەخنەکاری، مۆدێڕنیزم داهات و بە رەخنەکاری زۆرتر مۆدێڕنیزم داکەوت و بە رەخنەکاریی سیستەماتیک و رادیکاڵ و شپرزنوێن پۆست مۆدێڕنیزم هەڵهات و هەنووکەش بە هۆی رەخنەوە دەڵێن: پۆست مۆدێڕنیزم لەوانەیە مۆدێڕنیزم بێت، لەوانەشە درێژەی مۆدێڕنیزم بێت لەوانەیشە هیچ نەبێت. شتێکیتر کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم سەرهەڵدان و چالاکیی رەخنەی ئەدەبییە کە هاوشان و هاوتەریبی رەخنەی فەلسەفی و رەخنە بەواتە سەڵت و دەرهەستەکەی لە گەشە دابووە، تەنانەت بەمانایەکی پۆل ریکۆری رەخنەی هەناوی ئەدەب و ئەو هەڵگۆستە و دەرکەوتانەی کرۆکی ئەدەب هۆکار و بۆکاری سەرهەڵدانی رەخنەی دەرهەستیش بوو19. ئەمە کورتەیەکی گشتی بوو لە روخسار و دەمامک داماڵینی کردە و بیردۆزیی و دیاردەیەک بە ناوی رەخنە و بە دڵنییاییەوە لە پەراوێزی ئەم دەقەی رەخنەدا چەندەها رووداو و هۆکاری هاوچەشن و هاوکرۆک لەو تۆڕە دیالیکتیکییەی کە ئاماژەم پێدا، لە ئارا دا بووگە و لە سووڕاندا چالاک دەرکەوتووە. لێرەدا دێمە سەر دۆخ و دۆزی دونیای کوردیی و دەرکەوتەی رەخنە و ئەو هۆکار و لەمپەرانەی کە لە شوێنگە و چارەنووسی رەخە و رەخنەکاریی رۆڵ دەگێڕن.
“ڕەخنە و پێکهاتە میتافیزیکی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیی”
ئەلف:- ئەو بەراییە کە بە زۆری پەرژایە سەر رەخنە، و هۆکار و هۆ و بەرکارگەلیتری لە پێگەگەلێتر داوەتە بەر باس و پێناسە کردن، مەبەستی بوو رەخنە وەکوو “شاکلیل”ی ناو کلیل وشەکان بگێڕێتەوە و کلیل وشەکانیتر لە ژێر تیشکی پێوان و “کۆڵشت”20ی ئەودا روون بکاتەوە.
ب:- ئاوەڵناوی “کوردیی” لێرەدا وەکوو تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و کولتووری و مێژوویی رەنگڕێژکراوە، بۆیە لە باتی ئەودا وشەی “کورد”م نەهێناوە چوونکوو مەبەستمە ئەم خاڵە گرینگە بگەیەنم کە ئەم دەربڕینە وەکوو لۆژیک و بیچمی زمانەوانی پێگەی ناوی هەیە و “ناو” ئەو مەدلوول و مەبەستە بەدوای خۆیدا دێنێت کە نەگۆڕ و مەند و پێناسەکراوە و هێنانە ئارای “کوردیی” وەکوو ئاوەڵناوی نیسبەت یان پەیوەست بەو ناوە، دەمڕاست و گۆکەر21 ی ئەوەیە کە کورد وەکوو نەتەوە و لە قەوارەیەکی زمانیی “ناو”تەوەرانە لایەنی ئاوەڵناوانە و دەرهەستڕۆیشی تێدایە و ئێمە خەریکین لە تایبەتمەندی نەتەوە یان کۆمەڵگایەک بە ناوی کورد قسە دەکەین.
پ:- نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردیی ئەو داب و نەریت و یاسا و رێسایانەیە ژیان و ژینی کۆمەڵگا وخەڵکی ناو ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیە کوردەیە کە هەر لە هاتنە دنیاوە تاکوو گەشەکردن و کایە وشەڕکردن و هاوسەرێتی و مردنی پێ جێبەجێ دەکرێت و لە رۆچنە و سۆنگەی ڤی(ئەم) نەریتگەلەوە ئیش و پیشەکان رادەپەڕێنرێت.
ج:- دوا نەریتی زەقی پێکهاتی گشتیی کۆمەڵگای کوردیی فیۆداڵیزم و خۆهەڵاوردنێک بوو کە بە وتەی بەختیار عەلی، جۆرێک لە ئیەریستۆکراتییەت و روخسارمەندی لە ئەندامان و تاکی ناو کۆمەڵگا دەگرێتە خۆی22، خودی پێکهاتی فیۆداڵیی و فۆرمی خانخانی و عەشیرەت و عێل پەرەستی نیشانە و ئاماژەیەکە بە کۆنیەتی ئەم نەریتە و گەڕاندنەوەی بۆ جۆرێک لە هاوکێشەی تابۆیی کە رەسەنایەتی بە خوێن و خێل دەدات و هەمیشە هێڵێکی جیاکاریی لە نێوان خۆی و ئەوانی دیدا دەبینێت.
- ج:- ئەم بوونەوەرە کە ناوی خان بێت وەک ئەوەی کە ئیبراهیم یونسی لە رۆمانی بە خێرهاتی…!23 دا باسی دەکات، تایبەتمەندییەکی خۆبینانە و لەخۆدەرچووانەی دانسقەیان تێدا بوو و زۆرتریش بۆ ئەومەبەستەی کە لە ئەوانی دی جیا و هەڵبژاردە و تایبەتیان بکاتەوە، تەنانەت ئەگەرچی لە دوای هاتنی ئایینی ئیسلامیش هەر پێکهات و دەسەڵاتیان ئامادە بوو لانیکەم وەکوو ئەو رۆڵ ودەورەی خۆیان بۆخویان دایاندەناو پێشیان پەسەند بوو،بە ئاراستەی ئەو جیاکاری و “جیابکەریی”ەدا نوێژیان نەدەکرد ئەوەش لە حاڵێکدا کە کەلتووریشی بەزۆری! ئایینیی و ئیسلامی بووە، ئەو لە زمانی یەکێک لە کەسایەتییەکانی رۆمانەکەوە دەڵێت: “بەنی ئایەمێک کە گەرد و وردیلەیەکی بی نرخ و بایەخ زیاتر نییە، خۆی بە تەوەر و خولێنکەی گەردوون و کائینات دادەنێت، ومن بۆیە لە نوێژکردن خۆشم دێ چوونکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم گەردیلە چرووک و هیچە بو چرکەساتێکیش بووە لە ترۆپک و بەرزاییە کانی لە “خۆ” بایی بوون و لووتبەرزیی بێتە خوارەوە و بڕێک لە گەڵ راستیی و حەقیقەتی بوونی خۆی ئاشنا بێت. و تەنانەت ئەگەریش ئەو هەستی دابەزین و لەخۆ دەربازبوونەش داینەگرێت، هەر ترس و دڵەڕاوکیێەک دەکەوێتە گیانییەوە پەیوەست بەم پرسیارەی کە داخۆ منیش ئەوەندە گەردیلەیی و سووچ و چرووک بم کە “ئەوانی”دی؟”24
- ج:- ئەمە نەریتێکی کۆمەڵایەتی بوو کە لە گەڵ دەسەڵاتی سیاسیش تێکەڵ بووە و بگرە ئەو هێڵەجیاکاریە کۆمەڵایەتیانەی کە “بەزۆریی” دایاندەنا و لە سۆنگەیەوە هەژموونی و تایبەت بوون و پیرۆزایی خۆیان لە بەرجەستە دەکردەوە، کەلەبەر و کونارۆشنا25 ی دابینکردنی دەسەڵاتی سیاسیشیان بووە. ئەمە لە لایەک کە ئێمە لەگەڵ هێزێک دا بەرەوڕووین کە پێگەی دەرەمرۆیی و دەرەکۆمەڵایەتی و میتافیزیکی بۆ خۆی دادەنێت و خوێنی خۆی وەکوو چەشن و لە رووی دانسقەیی وێنە وەکوو خوێنی سیاوەش26 وێنا دەکەت کە گەر رژا قەت کۆنابێتەو تەنانەت گەر دڵۆپێکیش بێت چوونکوو ئەم خوێنە دانسقە و جیاوازە.
- ج:- لەئالییەکی دی چەسپاندن و بڕەویی ئایینی ئیسلام و ئامادەگی کۆمەڵگای کوردیی بۆ قبووڵکردنی هەست و نەستیانەی سیستەمێکی ئاسمانی و بێ پرسیار و دژەگومان چەشنێکیتری لە مەندیی و وەستایی و یەقین دا سەپاند. ئەگەر چی ویل دۆرانت لە شوێنێکدا دەڵێت: هیچ کولتوورێک بەگۆڕ و زەخت و هێرشی کولتوور و شارستانییەتی دەرەوەی خۆی لەناو ناچێت وداناڕزێت، بەڵکوو پێش لە هەموو شتێک ئەم کولتوور و سیستەمە خۆی لە ناوەڕا دادەڕزێت و بەرەوە هەڵوەشاویی دەچێت27.مەبەستم ئەمەیە ئەم وتەیە یاسا و بنەمایەکی نەگۆڕ و هەمیشەیی نییە، واتە دەکرا و دەشیا کولتووری کوردیی لە گەڵ جووت بوون تەکی کولتووری عەرەبی-ئیسلامی رەهەندی گەشە و کرانەوە لە خۆیدا ببینێتەوە چونکوو بەهەر حاڵ لەو رووبەرووبوونەی ئەو دوو کولتوور و دونیایەدا دۆخێکی دیالیکتیکی ئامادە بوو، واتە “رۆڵگێڕ و بکەری تێز” و “بکەری ئانتى تێز” ئامادە بووگن، بەڵام ئەوەی کە تەنها رۆڵەکەی وەکوو ئەگەرێکی کردەوەیی مایەوە و لەهەمبەر تێزەکە واق وڕما و داکەوت ئەو کەلتوورە واتە کولتووری”کوردیی” بوو کە ئانتی تێز و پەرچەکرداری لێ نەخێزا و نەوەشاوە. بۆیە میتافیزیکێکی تر بە تەواوی هێز و وزەی بانسرووشتی و ژوورە زەمینی و بان ئاسمانییەک کە تا ئەو دەم نموونە و چەشنی نەبوو، رژایە نێو میتافیزیکی فیۆداڵی کوردییەوە و ئەمە ئەو پێکهاتە سەیر و پێناسەنەکردەیەی درووست کرد کە من ناوم لێ ناوە میتافیزیکی “ئاویتاریی” واتە دوو یا چەن میتافیزیکی دینی یان ئایدیالیستی دەڕژێنە ناو یەکدییەوە و پێکهاتێک دەسازێنن کە جەمسەرە میتافیزیکییەکانی هەر دوولا تێیدا دەجەنگن بۆ تاقانە بوون و تاک مانەوەی “یەکیان” و تەنها سووتەمەنیی و سووتەمەڕۆی ئەم جەنگە وزە و توانستی رەخنە و گومان و پرسیار و بڕیارە، و ئەوەی کە روونە ئەمەیە کە وێرانی و کاولکارییەک کە لە نێوان ئەم دوو هێزە دا دێتە ئاراوە ئاکام و کاریگەریی خۆی لە سەر نەریت و فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بە جێ دێڵێت.
بۆیە ناوبردەی بە جەنگ و کاولکاری دەکەم چوونکوو هیچ کام لەم دوو هێز و لایەنە لەخۆگر و هەڵگری شیمانە و بڕشتی رەخنەکاری، گومانسازیی و پرسیار ئافرێنییان تێدا نییە تاکوو بکەوێتە دانوستان و ئاڵشت و گۆڕینەوەوە و هەر بۆیەش لە قەوارەی جەنگی راستەقینەی بەرهەست و تووندوتیژییەکی کۆکیی و قورمیشکراو28 کە تا ئەمڕۆش واتە تا ئەم چرکەیەش کە من ئەم بابەتە دەنووسم دەنگی تەقەی فیشەکەکان و زرینگەی شمشێرە سواخدراوەکانیان بە یەقین دێت و ئەم دۆخەش بەرهەمهاتووی ئەو تێکەڵکاریی و جووتبوونەیە کە بوون و دەرکەوتەیەکیشی هەبێت دەڵەمە و دژواز و “کۆمیتراژیک” دەنوێنێت، دەقاودەق بە شێوەی ئەو کەسایەتییە کە لەزمانی یەکەم کەسی تاکەوە لە “بەخێرهاتیی”کە خانێکە لە ژێر ناوی رۆسەم خان بە هۆی باوەڕی بە رەسەنایەتی و خوێن پیرۆزیی و رەگەزپاکیی خۆیەوە قەت مەودا و “بڕیار”ی شوو کردنی کچەکەی لە گەڵ “بۆرە پیاو”ێک بە ناوی خەسرەو کە خەڵکی بانەیە، نادات. هەڵبەت بۆ روونکاریی زۆرتر و بڵاواندنی پانتایی شرۆڤەکەمان با ئەمەش بزانین کە رۆستەم بەگ(خان) خەڵکی باکووری کوردوستان و خەسرەو لاوێکی ئاشق و خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردوستانە. رۆستەم بەگ کە دوای رووخان و نسکۆی شۆڕشی ئارارات لە باکووری کوردوستان بە رێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، لە دەست هێزەکانی تورک هەڵدێت و روو دەکاتە کوردوستانی ئێران . ئەوەی شایانی باسە چوونکوو هەر هەمان سیستەمی فیۆداڵی و خانخانێتی لە رۆژهەڵاتی کوردوستانیش زاڵە، لە بەر دەروازەی هەر شارێک خانێک بە سووروسات و دەسوپێوەندی شکۆمەندانەی خانایەتیانەی خۆیەوە راوەستاوە بۆ داوەت کردن و رێزلێنان لە هاوخوێن و هاورەگەوزی خۆی کە “خان” بێت.
رۆسەم خان وەکوو بوونەوەرێکی هەستەوەر واتە زۆرتر بەهەست و نیگاوە رووبەرووی دونیا دەبێتەوە و شیکاری و لێکدانەوەیەکی وای نییە، هۆگری بە سرووشت و مۆسیقای فولکلۆری کوردی بە تایبەت حەیران و لاوژە وقەتار29 هەیە و تەنانەت سترانبێژێک بە ناوی پیرۆتی لە گەڵدایە و جارناجارێک کە لە ئەوقبوون و روانین لە کێو و ترۆپکی چیاکان وەکوو هێمای جەنک و حەماسەت تێر دەبێت بە پیرۆت دەڵێ: “ئادەی بخوێنە”30. ئەمە لایەنێکی کەسایەتی مرۆڤی ناو میتافیزیکیکی ئاوێتارییە بەڵام لایەنی دیکە و دژبەری لایەنی سەرەوە ئەوەیە کە دوای ئەوەی کە لە شاری بانە دا نیشتەجێ دەبن، رۆسەم خان بەو هەموو سۆزەی عەشق و حەماسەتەوە(کە لە خۆشەویستی بۆ مەقام وبەیتە کوردییەکاندا روونە) و تەنانەت خۆشی لە رێگەی عەشقەوە لەگەڵ دایە خانم واتە دایکی نەرگس ژیانی پێکەوە ناوە، بەڵام کاتێک نەرگس و خەسرەو شەیدا و ئاشقی یەکدی دەبن و لە رووی تیۆریکەوە دەرفەتێک دێتە ئاراوە بۆ گومانکردن و بەرەوپرسیاربردنی سیستەم و بڕیاری فیۆداڵانە، لە گەڵ بەرگریی و پەرچدانەوەیەکی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوو دەبنەوە و تەنانەت بۆ خەسرەو پیلان رێژی دەکریت، خەسرەوێک کە رۆشتۆتە پێشوازی بنەماڵەی ئاوارە و ئاوارتەی خانەوە و لەسەر سنوور بە ناو چەندەها کەندەڵان و وشکەچۆم و کوێرەڕێ، بۆ نەکەوتنە داوی سەربازانی ئاتاتورک هێناویانیە ناو بانە. لەو پیلانە دا خەسرەو گیان دەردەبات بەڵام کوڕە دراوسێیەکیان پێوە دەبێت و دوای ماوەیەک کە قسە و قسەڵۆکی زۆر دەخرێتە دووی نەرگس و خەسرە و رۆسەم خان و هەروەها بە هۆی زەختێک کە سیستەمی فیۆداڵی “باوکسالارانە”ی بنەماڵەی رۆسەم خان واتە باوکی نەرگس دەیخەنە سەر نەرگس(واتە کچی رۆسەم خان) ، کچە خۆی دەرمانخوارد دەکات و تیا دەچێت و پاش ئەم رووداوە بەرەبەرە رۆسەم ودایە خان بەرەو هەڵوەشان و داڕزانێکی دەروونی و رۆحیی دەڕۆن و رۆسەم بە تەواوی شێت دەبێت و هەموو سامان و بوونی مادیی و مەعنەوی خۆیان لە کیس دەدەن و هێرشگەلی جۆراوجۆر دەکرێتە سەریان و… و روو دەکەن شوێنێک لای پارێزگای کرمان.
- ج:- تا ئەم وێستگەیە کە رەنگە بە جۆرێک دواوێستگەش نەبێت لە رۆمانەکەدا بوونەوەر و بکەر یان راستتر وایە(کراو- بەرکار)ی ناو سیستەمی میتافیزیکی ئاماژەپێدراو دوو تایبەتمەندی نێگەتیڤ و چارەنووس کوژ و رەش وەردەگرێت؛ شێتییەک کە سەر لە وڕێنە و تێکچوونی یادەوەری(ونکردنی زەمان) دەدات و غوربەتێک کە ئەمان تێیدا بۆ خەڵکی کرمان “ئەویدی”ن، بەڵام ئەمان خۆیان نازانن چین تا بیر لەوانی دی بکەنەوە، تاکوو دواجار کوڕە گەنجێکی بانەیی کە لە دەزگای “دادوەری” کرمان دا ئیش دەکات بە سەریاندەکاتەوە و کچەکەی نەرگس کە ئێستە سمتی پڕە و مەمکی قۆرت و دەنگی ناسک! خوازبێنی دەکات و دەبێتە دەرگایەکی تۆزێک رێزمەندانەتر لە پێشوو بۆ دەرچوونی رۆسەم بێ “خان” ومان واتە رۆسەم خان لە بەزەخ و رۆشتن بەرەو نادیار یان دۆزەخ.
وەک لەم گێڕانەوەیە دا تا رادەیەک ورد و روونم کردەوە نەریتە کولتووریەکانی کورد وەکوو باوکسالاری و خانخانێتی کە دەسەڵاتێکی شکۆمەند و پیرۆز و فیۆداڵیانەی لێ شین بۆتەوە، لە گەڵ میتافیزیکی ئیسلامی – عەرەبی دا بە شەڕ دێت و بە هۆی نەهاتنە ئارای سەنتێز و بەرئەنجامێکی روون و واقیعی، چۆڵەوانییەک لە داروپەردووی رووخاو کە “با” تێیدا کرژی کڵافە کردووە و رایدەژەنێت، لە بەر دەممانە کە ئەشقی نەرگس و خودی نەرگس دەکوژن چوونکوو خوێنی نەرگسیان بەلاوە پیرۆزە و لەم سەریشەوە ئیسلامیان قبووڵ نەکردووە و نوێژ ناکەن چوونکوو رەسەنایەتیان نابێ لەکیس بدەن بۆیە وەکوو دەرکەوتەیەکی هێمایینی ئەم کردەوەیە نەرگس لە بانە جێ دێڵن و لەو ماڵەی کە بەکرێ گرتبوویان، لەنهۆمی سەرەوەدا دەینێژن و سەردان و پاسەوانییەکەی دەدەنە دەست ژنەقەرەجێک و دواتر ژنە چ گێڕانەوەگەل و چ دیرۆکگەل و چ ئەەستوورەگەلێک لە گڵکۆی نەرگس ناهۆنێتەوە، لە گڵکۆی ئاشقێکەوە دەبێتە نەزەرگە و قسنە کۆنێک کە فریشتەکان و خزری زیندوو بەسەری دەکەنەوە و ژنە قەرەجیش لەم پێشانگا ئەفسووناوییەی کە رێکی خستووە پارە و دەسکەوت و حەوجەگەلێکی زۆر بەری دەکەوێت.