“پێشەکی”
لەسەردەمی هاوچەرخدا هەردەم ناوی هێزە پڕۆکسییەکان، لەگەڵ ئێران دێت بەشێوەیەک بۆتە شوناسێک بۆ پێناساندنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، زۆرجاران بە شوناسێکی شەڕانگێز و تێکدەر ناودەبرێت لەلایان ڕۆژئاواو نەیارەکانی ئێران.
“مێژووی هێزە پڕۆکسییەکان (بەوەکالەتەکان)ی ئێران”
مێژوویەکی قووڵ و ئاڵۆزیان هەیە کەوا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ کە خاڵێکی وەچارخان بوو لەمێژووی دروستبوونی دەوڵەتەکە، جیگای ئاماژەییە کەوا زاراوەی پرۆکسی بەواتای “بەکارهێنانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی گرووپە نادەوڵەتی و نیمچە دەوڵەتییەکان بۆ تۆقاندنی سەربازی یان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان بۆ کاریگەری خستنەسەر یاخود بەدەستهێنانی دەرئەنجامی ئەمنی یان سیاسی دیاریکراو”دێت. هاوکات ئێران بە سوود وەرگرتن لە دەسەڵاتی بە وەکالەت لەپێناو نفوز و درێژکردنەوەی دەستڕاگەیشتن و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناجێگیردا توانیویەتی بەشداری ململانێکان بکات و کاریگەری ئەوتۆ دروست بکات بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ هێزە سەربازییە ئاساییەکانی خۆی بەشداری پێبکات.
سەڕەڕای ئەمەش هێزە پرۆکسیەکان بەهێزێکی گرنگ و کاریگەر دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی پلان و ئامانجە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئامرازێکی سەرەکین بۆ فراوانکردنی نفوزی ئێران وەکی هێزێکی هەرێمی لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دیارترینیان پێکهاتوون لە هێزەکانی حزبوڵا لەلوبنان، حوسییەکان لەیەمەن ، حەماس لە فەڵەستین و چەندین ملیشیای سەربازی شیعی لە ئێراق و سوریا. لەڕاستیدا ئێران بە سوود وەرگرتن لە هێزە پڕۆکسییەکانی توانیویەتی کاریگەری خۆی دووپات بکاتەوە و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوەو سەرلەنوێ لەقاڵبیانبدات تاکو بەدوایی و ئامانجە ستراتیژییە درێژخایەنەکانیدا بڕوات و هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا کە تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندی و ڕکابەری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبات.
“تەوەری یەکەم؛ گرنگترین ئامانجە ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران”
- تیۆری ویلایەی فەقێ:- یان فیقهی ئیسلامی یەکێکە لەبنەما بنچینەیەکان کە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەشی لەسەر دامەزراوە کە حوکمڕانی پیاوانی ئاینی بەسەر دەوڵەتدا ڕەوادەکات، بەپێی ئەم چەمکە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی باڵای ڕۆحانییەکان بەو واتایەی هەموو بڕیارە سەرەکییەکانی دەوڵەت دەکەونە ژێر پەسەندکردنی سەرکردەیەکی باڵای ڕۆحانییەکانەوە، واتە وەلی فەقیه (فەقیهی ئیسلامی پارێزەر). ئەم تیۆرە لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراوە کە پارێزەری ڕۆحانیی دەوڵەت پێویستە تا گەڕانەوەی دوانزەهەمین ئیمامی شیعە(ئیمام مەهدی) تائەو کاتە حکومەت خۆی وەک بەرگریکاری بەرژەوەندی موسڵمانان و لایەنگری یەکڕیزی و تەبایی ئیسلامی دەبینێت لەجیاتی ئەو کارەکان ڕایی دەکات.لەڕاستیدا تیۆری ویلایەی فەقێهی لە کڕۆکی ئیسلامیزمی شیعەدا نەک هەر تیگەیشتنە لە چۆنیەتی سیستەمی حوکمڕانی لەنێو تاران بەڵکو تیگەیشتنە لەخودی کاریگەری تۆڕی شیعە مەزهەبە سیاسیەکان لەدەرەوەی سنوری ئێراندا کە ڕەوایەتیان پێدەدات دەستتێوەردان بکەن لەدەرەوە سنوریی خۆیان بەمەبەستی بڵاوکردنەووی ڕەوتی بیری شیعەزیزم کەجەخت لەسەر گرنگیدان بە دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و پەرەپێدانی هاودەنگی ئیسلامی دەکاتەوە هەروەها تەحەدای نادادپەروەری و سەرپێچییە هەستپێکراوەکانی دژی موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.
- تیۆریی هەناردەکردنی شۆڕش:- ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە لە هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێرانەی خۆی و پشتیوانی لەگرووپە چەکدارەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست. ئەمەش دوای شۆڕشی ئیسلامی ئیران و هاتنی ئیمام خومەینی بۆسەر دەسەڵات زیاتر چەسپا. ئێران پاڵپشتی تەواوی وڵاتانی غەیرەموسلمان و موسلمانان دەکات بۆئەوەی ڕزگاریان بێت لەژێر ڕژیمی تاکڕەویی و دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاوا هەربۆیە دروستکردنی تۆڕێکی بەرفراوانی بریکار بەگرنگ زانی تاکو یارمەتیدەربێت لەبەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ڕۆژئاواو و ئیسڕائیل لەناوچەکەدا. جیگای بایەخە ئیمام خومەینی کەدەسەڵاتداری باڵای مەرجەحی شیعەکانە لەدوایی ساڵی ١٩٧٩ دەستیکرد بەپیادەکردنی دۆکترینێکی تایبەت لەسیاسەتی دەرەوەی ئێران کەدروشمی سەرەکی بریتیبوو لە “نەڕۆژهەلات نەڕۆژئاوا بەڵکو کۆماری ئیسلامی “جەوهەری دۆکترینەکە بریتیبوو لەوەی کە کولتوور و هزرو ئادیدۆلۆژیای ڕۆژئاوا لەگەڵ وڵاتانی موسڵمان ناگونجێت هەربۆیە ئێران دەبێت شۆڕش بگوازێتەوە بۆدەرەوەی سنورەکانی تاکو جیهان ڕزگاربکات لە مەرامە گڵاوەکانی ڕۆژئاوا لەپێناوی گەڕانەوەی سەروەری بۆ دەوڵەتەکەو پەیڕەوکردنی ڕێبازی ئیسلامی لەحوکمڕانیکردنی دەوڵەت.
“تەوەری دووەم؛ پۆلێنکردنی میکانزمەکانی بەکارهێنانی هێزە پرۆکسییەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران”
- هێزەکانی حزبوڵای لوبنان:- حزبوڵا بزوتنەوەیەکی چەکداری بەرخودانی شیعەیە کە دوایی ساڵی ١٩٧٥ لە لوبنان سەریهەڵدا ئەمەش ڕاستەوخۆ دوایی هاتنی ژمارەیەکی بێشوماری پەنابەرانی سوننەی فەڵەستینی بۆ لوبنان کەبووە هۆی پەراویزخستنی پێکهاتەکانی شیعە لەلایان کەمینە مەسیحیە دەسەڵاتدارەکانەوە لەئەنجامدا کۆمەڵێک شیعە لەژێر کاریگەری حوکمەتی تەیۆکڕاتی ئێراندا هاتنە سەردەسەڵات لەساڵی ١٩٧٩ چەکیان دژی ئیسڕائیل هەڵگرت بەمجۆرە ئێران سوپای پاسدارانی ئینقلابی بەدەرفەت زانی بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لەدەوڵەتە عەرەبییەکان هەربۆییە مەشق و ڕاهێنان و پارەی بۆ میلیشا تازە پێگەیشتووەکان دابینکرد، کەناوی حزبوڵای لینرا بەواتای “حزبی خودا” دێت، لەراستیدا ئەم ئەم گرووپە ناوبانگێکی تووندڕە و تێکدەری وەرگرت بەهۆی پیکدادانی لەگەڵ ڕکابەرە میلیشا شیعەکانی وەکو بزووتنەوەی ئامال و ڕکابەرایەتی لەگەڵ هێزە بیانیەکان. بزووتنەوەی حزبوڵا لەساڵی ١٩٨٥ زیاتر چەسپا و لەدژی هێزەکانی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل دەجەنگا و بەیعەتی لەڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئیران وەرگرت و بانگەشەی ڕژێمیکی ئیسلامی ئیرانی دەکرد.
- بزوتنەوەی حەماس لە فەڵەستین:- حەماس یاخود بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی هێزێکی شیعەیە سەر بە ڕەوتی ئیخوان موسلیمە لەلایهن “شێخ احمد یاسین” لەساڵی ١٩٨٧ دامەزراوە. دوای سەرهەڵدانی یەکەم شۆڕش لە فەلەستین دژی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە و قودسی ڕۆژهەڵات لەو کاتەدا ئامانجی حەماس بریتی بوو لە ئەنجامدانی تووندوتیژی دژ بە ئیسرائیلییەکان وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی پشتیوانیی فەلەستینییەکان بۆ ئیخوان کەلەلایان ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران. جیگای ئاماژەییە لەساڵی ١٩٩٣ ڕێکەوتنامەی ئۆسلۆ لەنێوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بەنوێنەرایەتی “مهحمود عهباس و ئیتیزاک ڕابین” سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل واژۆکرا کەبە پەیمانێکی مێژوویی گرنگ دادەنرێت کە تیایدا خۆبەڕێوەبەرییەکی سنوورداری بۆ بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە لە ژێر دەسەڵاتی یەکەیەکی تازە دروستکراودا بە ناوی دەسەڵاتی فەلەستین (PA) دامەزراند لە ماوەی پێنج ساڵدا. سەڕەڕای ئەوەش لەساڵی ٢٠١٧ حەماس میساقێکی بڵاوکردەوە کەتیایدا ڕێکەوتنەکەی ئۆسلۆی ئیدانە کرد هەر دانوستانێک یان دانپێدانانێکی ئیسرائیلی وەک دەوڵەتێکی شەرعی ڕەتکردەوە و هەروەها داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەروەری فەلەستینی کرد کە ئۆرشەلیم پایتەختی بێت وداوای مافی گەڕانەوەی پەنابەرانی فەڵەستینی کرد بۆ خانەخوێیان پابەندبوونی حەماسیشی بە خەباتی چەکداری وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئازادی فەلەستین دووپات کردەوە.
- چەكدارە حوسیەكان لەیەمەن:- حوسییەکان کە بە “انسار اللە” واتە لایەنگری خودا ناسراون بەشێک لە میحوەری بەرخودان پێکدێنن لەڕاستیدا گرووپێکی چەکداری شیعەی زەیدین کە لەساڵانی ١٩٩٠ لەسەر دەستی حوسین ئەلحوسی سەریهەڵدا، گرووپیکی یاخیبوون لە حوکمەتی یەمەن کەوا زۆرینەی ناوچەکانی باکهور و ڕۆژئاواو سەنعای پایتەختی یەمەنیان کۆنتڕۆلکردووە، ئەم گروپە لەلایان ئێران پاڵپشتی دارایی و سەربازیان دەکرێت و لەدژی هێزەکانی سعودیە شەڕدەکەن لەراستیدا کڕۆکی پاڵپشتیکاری حوسیەکان هۆزی یەمەنییەکانن کە مەزهەبی شیعەن کەلە سەدا ٣٥ دانیشتوانی یەمەن پێکدینن وەکو بزوتنەوەیەکی میانڕە و داکۆکیکار لەمافەکانی پێکهاتە کەمینە پەراوێزخراوەکانی یەمەن و دژ بە گەندەڵی و نادادگەری سەرۆک کۆماری یەمەن “عەلی عەبدوللە ساڵح” خەباتیانکردووە. بەشێوەیەکی گشتی ئامانجیان شەڕکردنە لە دژی ئیسڕائیل و ئەمریکا پێیانواییە سعوودیە بەکرێگرتەی ئەمریکایە بۆ دەستێوەردان لەکاروبارەکانی ناوخۆی حوکمەتی یەمەن، کەوا پاڵپشتی حوکمەتەکی دیکتاتۆر و نادادپەروەردەکات بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
- هێزەکانی حەشدی شەعبی لە (PMF) ئێراق:- هێزەکانی ئێران تۆرێکی فراوانی بریکار لە ئێراق پێکدینن کە لە پیکهاتەیەکی فرە لایەنی ئاڵۆزی جیاواز پێکهاتوون بۆ سەر ٦٠ بۆ ٧٠ گرووپی جیاواز دابەشبوون کەزۆرینەی شیعە مەزهەبن و باڵی سیاسیان پێکهێناوە لەڕاستیدا بەشێک ئەم هیزانە لەلایان ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرین بۆ زیادکردنی نفوزی ئیران لە ئێراق کەئامانجیان بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای دژە ئیمپریالیزم و دژە ڕۆژئاواییە لەوانە عەسایبی ئەهلی حەق، حزبوڵای کەتایب، هێزەکانی بەدر و سەرایا تالیا خۆراسانن، لەڕاستیدا بنچینەی دروستبوونی ئەم هێزانە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکانی موسڵ و شەنگال هیزە ئەمنییەکانی ئێراق تەواو لاوازبووبوون هەربۆیە بەفتوای ڕابەری مەرجەی شیعە ئایەتوڵا علی سیستانی هێزێکی بەرخودانی نیشتیمانی لە شیعەکان پیکهێنرا بۆ جیهادکردن لەپێناو ئیسلام و ڕێگرتن لەپێشڕەوییەکانی داعش بۆسەر خاکی ئێراق، لەهەمان کاتتدا کۆمەکی پاڵپشتی دارایی هەم لە ناوخۆ هەم لە ئێران وەردەگرن.
- هێزەکانی میلیشا شیعەکان لە سوریا:- لەراستیدا هیزەکانی حزبوڵای لوبنان لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٣ دەستیانکرد بە مەشق و ڕاهێنانی تیمە جیاوازەکانی چەکدارانی شیعە لەسوریا هەندێکیان لە دیمەشق و هەندێکی دیکەیان لە حومس و هەندێکی دیکەشیان لە گوندەکانی نزیک حەلەب چالاکییان دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم ڕێکخراوانە چالاکییەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە دەرەوەی ناوچەی خۆیان درێژدەبوونەوە.کەپێهاتبوون لە هیزەکانی ڕیدە، فاتیمون، زەینەبوون ، لیوای باقر ، لیوای غالیبوون.
“تەوەری سێیەم؛ ڕۆڵی هێزە پرۆکسیەکان لەزیادکردنی پێگەی ناوچەیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
- پەرەسەندنی پێگەی ئێران لە لوبنان: ئێران لە سۆنگەی هێزە پڕۆکسیەکانیەوە توانیویەتی نفوزی خۆی لە لوبنان درێژبکاتەوە دەست بەسەر جومگەی دەسەڵاتە سیاسیە گرنگ و هەستیارەکانی نێوخۆی وڵاتەکەدا بگرێت توانیویەتی خۆی لەکڕۆکی سیستمی پەڕلەمانی لوبناندا جێگیرببکات جگە لەوەی بزوتنەوەکە پشتگیریەکی بەرچاو دەکرێت لەلایان کۆمەڵگای شیعەی لوبنان کە یەک لەسەر سێی کۆی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدێنن هەربۆیە لەساڵی ٢٠٠٨ کاتیک حوکمەتی لوبنان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تۆری پەیوەندییەکانی گرووپەکەیدا حزبوڵا دەستی بەسەر کۆنترۆلی سەربازی بەیروتدا گرت کەبەشێکی زۆری ڕۆژئاوای لوبنان پیکدینیت. سەڕەڕایی ئەوەی لەکۆی ١٢٨ کورسی پەڕلەمانی لوبنان ٦٢ کورسیان بەدەستەوەیە وەزارەتەکانی کارو کارەگشتیەکانی کۆنتڕۆلکردوە بەواتای توانای هەیە لەڕێگریکردن لە بڕیارەکانی پەڕلەماندا بەمشێوەییە توانیویەتی لەچوارچێوەی برەودان بەبەرژەوەندیە ستراتیژەکانی ئێران کاربکات، بەجۆرێک توانای حوکمەتی ناوەندیان لاوازکردووە توانیویەتی ڕێگریبکات لەجێبەجێکردنی کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەداوای چەک داماڵینی گروپەکە و دیاریکردنی سنورەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا کرد، . ئەمەجگەلەوەی ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ ملیون دۆلار تەرخاندەکات بۆ پێشکەشکردنی کۆمەکی دارایی و سەربازی بەملیشاکانی حزبوڵا لوبنان.
- پەرەسەندی پێگەی ئێران لە ئێراق:- هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی کارایان هەبووە لە زیادکردنی هەژموونی ئێران لە ئێراق بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠٢٣ لەهەڵبژاردنی پارێزگاکانی ئێراق توانی لەکۆی ٢٨٥ کورسی ١٠١ کورسی بۆخۆی مسۆگەربکات، بەمەش توانای کۆنتڕۆلکردن و دەستبەسەرداگرتنی پرسە گرنگەکانی وەکو بودجە و دامەزراندنی فەرمانبەرانی حوکمی و گرێبەستی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، سەڕەڕائ ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی چەند وەزارەتێک و دادگای باڵای ئێراق دەکەن، هەروەها توانای کۆنتڕۆڵکردن و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هەیە بۆسەرکوتکردنی ڕکابەرە سیاسیەکانی حەشدی شەعبی لەناوخۆ و دەرەوەی ئێراقیش. لەڕاستیدا حەشدی شەعبی توانای هەیە سەرچاوەکانی دەوڵەت ئاراستەبکات لەچوارچێوەی بەرژوەندیەکانی بەکاریانبهێنێت بۆئەوەی تەحەددای ڕکابەرەکانی بکات لەناوخۆدا وەکو سەدڕیەکان هەروەها لەداهاتی گومرگی ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار بەدەست دەهێنێیت ئەمە بێجگە لەکۆنترۆڵکردنی باجی نایاسایی کەرۆژانە ٣٠٠ هەزار دۆلاری لێوەبەدەست دێنێت وێڕای ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیای گشتی موهەندیسی پێکهێنا نیوە قەبارەی خاکی لوبنانی پێبەخشرا بەدرێژایی سنوری لەگەڵ سعودیە جیگای ئاماژەیە تەنیا بودجەی سەرەتای کارکردنیان ٧٠ ملێۆن دۆلاربوو ئەمەش ڕکابەرەکانی لەنیوخۆدا بێزارکردووە نایانەوێ ملکەچی بڕیارو ویستەکانی حەشدی شەعبی ببن.
- پەرەسەندی پێگەی ئێران لە یەمەن:- حوسییەکان بەگرووپێکی یاخیبووی تیرۆریست لەقەڵەم دەدرێن کە دژی بەرژەوەندییەکانی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی دەجەنگن، لەڕاستیدا دوایی ساڵی ٢٠١٤ لەداگیرکردنی سەنعات پایتەخت پەیوەندیان لەگەڵ ئێران گەشەیسەند سەڕەڕایی ئەوەی ئیران وەکو وڵاتێکی ترانزێت لەیەمەن دەڕوانێت بەهۆی بوونی حوسیەکان لە حودەیدە کەوا کۆنتڕۆلئ دەریای سووریان کردوە کەبەشێوەیەکی ناراستەوخۆ بۆ قاچاخچیتی بەکاریدێنن بۆ گواستنەوەی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی لەڕێگای عیڕاق و سوریا و لوبنانەوە لەڕاستیدا ئێران ئامانجی سەرەکی لەدەریای سوور پشتگیریکردنی هاوپەیمانە چەکدارەکانیانە وەکو حەماس کەچەک و تەقەمەمی لەیەمەن بەکەشتی بۆ سودان لەڕێگەی میسڕەوە دەگوازێتەوە تادەگاتە کەرتی غەزە.لەسەری هەموو ئەمانش توانیویانە فشار بخەنە سەر سعودیەو پیگەی لاوازبکەن لەیەمەن.
- پەرەسەندی پێگەی ئێران لە سوریا:- لەراستیدا ئێران بەرژەوەندی فرەچەشنی هەیە لەسوریا کە بەو هۆیەوه توانیویەتی نفوزی خۆی فراوان بکات بە پێی سەرچاوەکان ئێران توانیویەتی بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای دەیرەزور لەلایان هیزە پڕۆکسیەکانییەوە دەست بەسەر دەریای ناوەڕاستدا بگرێت ئەمەش دوای واژۆکردنی ڕیکەوتنامە لەگەڵ ڕژێمی سوریا دێت کەبووە هۆی پاراستنی ڕێرەوی وشکانی لەتارانەوە بۆ بەیروت کەپردی بەیەکەوەبەستنی ملیشاکانی ئیرانە لەنێوان ئێڕاق و سوریا کە ئامانج لێی هەم گواستنەوەو عەمبارکردنی چەک تەقەمەنییە هەمیش دروستکردنی بەندەرێکی دەریاییە بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتەکەی هەناردەبکات لەڕێگەی بۆڕییەوە کەبەناو خاکی ئێڕاق و سوریادا تێپەڕدەبێت جێگای بایەخە ئەم بۆڕییە پێگەی و نفوزی شیعەکان لەتاران بۆ بەیروت، دەپارێزێت جگە لەوەی ڕیگە بەهەناردەکردنی نەوتەکەی دەدات، بۆ ئەوروپا بەشیوەیەلی ڕاستەوخۆ. سەڕەڕایی ئەمەش ئێران توانای کۆنتڕۆلکردنی تۆڕێکی فراوانی کەرتەکانی کارەبا، خۆراک و دارایی، وزەوە هەروەها فراوانکردنی پاڵپشتی دارایی وسەربازی هەیە کە بووەهۆی بەرزبونەوەی قازانجێکی خەیاڵی بازرگانی بۆ ئێران لەسوریا کە بەهاکەی بە٨٦٩ ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێت.
- پەرەسەندی پێگەی ئێران لە فەڵستین:- وێڕای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ هێزە پڕۆکسیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی هاوپەیمانیەتی ئیران لەگەڵ هیزە پڕۆکسیەکانی حەماسی فەڵەستین زیاتر پرسێکی ئایدۆلۆژی، ئایینی، ڕوحانیە و گرنگی شوێبە موقدەسەکانە چونکە ئێران ئیسڕائیل بەدرێژکراوەی نفوزی ئەمریکا دەبینیت لە فەڵەستین پێیوایە ئامانجی سەرەکی جولەکەکان داگیرکردنی قودسی پایتەخت و بڵاوکردنەوەی بیری زایۆنیستیە بەوپێەی قودس گرنگیەکی مێژووی ئایینی هەیە کەدەگەریتەوە بۆ زیاتر لە دووهەزار ساڵ لەمەوبەر کە بەڕووگەی مولسمانان دادەنری لەسەرانسەری جیهاندا هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستینە لە کەرتی رۆژئاواو خەزە هەربۆیە ئیران خۆی بە بەرپرسیار دەبیبێنت وەکو سەرکردەیەکی باڵای موسڵمانان بۆ داکۆکیکردن لەمافە ڕەواکانی فەڵەسەتینیەکان ئەمەش دوای بێ هیوابوونی ئێران دێت لە دەوڵەتە عەرەبییەکان بەهۆی پشتگیرینەکردنیان لەپرسی فەڵەستین و ڕێکكەوتن لەگەڵ ئیسڕائیل لەپیناو بەرژەوەندییە سیاسی و ستراتیجیەکانییان. بەپێی سەرچاوەکان ئێران ساڵانە زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار تەرخاندەکات بۆ پاڵپشتکردنی ڕەهەندی دارایی و سەربازی حەماس لەفەڵەستین سەڕەڕای ڕاهێنانی سەربازی پێشکەوتوو بۆهەزاران چالاکی حەماس لەبنکەکانی سوپای پاسداران لەئێران و لوبنان.
“پوختە”
- هیزە پڕۆکسیەکان ڕۆڵیکی یەکلایکەرەوە دەبینن لەبرەودان بەئامانجە ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت لە ئێراق بەهۆی باڵادەستی حەشدی شەعبی بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا سەربەخۆی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەتورکیا نایاسایی کرد کە بووە هۆی پەکخستنی هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆی کوردستان بۆ دەرەوە، سەڕەڕایی ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستێکی باڵایان هەبووە بۆ فشار خستنەسەر حوکمەتی بهغداد لەپێنا و کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە ئێراق هەربۆیە حوکمەتی ئێراق بریاریدا بەشێک لەهێزەکانی ئەمریکا تا ئەیلولی ٢٠٢٥ بکشێنێتەوە وە ئەو هێزانەی ماونەتەوە تاکۆتایی ٢٠٢٦ بەتەواوی بڕۆن لە ئێڕاق ئەمەش باڵادەستی و نفوزی فراوانی هێزە پڕۆکسیەکانی ئێران نیشاندەدات لە ئێڕاق.
- لەڕاستیداهەژموونی ئێران تاڕادەیەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبۆوە ئەویش بەهۆی کوشتنی زنجیرەک لە سەرکردە گرنگ و دیارەکانی وەکو قاسم سولەیمانی لە عیڕاق لە ساڵی ٢٠٢٠ ، ئیسماعیل هەنیە لەتاران، حەسەن نەسروللە لە لوبنان لەساڵی ٢٠٢٤.جێگای بایەخە بەهۆی پێشکەوتنی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و بەکارهێنانی پەیجەرەکان لەشەڕی ئیسڕائیل دژ بە لوبنان ڕۆڵ و گرنگی هێزە پڕۆکسیەکانی ئێران بەرەو لاوازی داڕوخان دەچێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمەش بووە هۆی گۆڕانیکی داینامیکی و مێژووی لەتاکتیک و پلان و ئامرازەکانی جەنگ لەشۆڕشی ئایدۆلۆژیاو بەرخودانەوە بۆ شۆڕشی تەکنەلۆجیاو ژیری دەستکرد.
سەرچاوەکان:
- https://studies.aljazeera.net/en/dossiers/2014/04/20144271937970549.html
- https://www.inss.org.il/publication/israel-in-the-red-sea/
- https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/irans-evolving-strategy-eastern-syria
- https://www.unav.edu/web/global-affairs/detalle/-/blogs/iran-s-three-paths-of-action-to-expand-its-influence
- https://m.jpost.com/middle-east/article-817389
- https://www.fdd.org/analysis/2022/09/20/a-new-iran-deal-would-empower-the-houthis/
- https://www.ispionline.it/en/publication/houthis-and-iran-a-war-time-alliance-121951
- https://www.brookings.edu/articles/new-vulnerabilities-for-iraqs-resilient-popular-mobilization-forces/
- https://www.brookings.edu/articles/the-popular-mobilization-force-is-turning-iraq-into-an-iranian-client-state/
- https://ecfr.eu/publication/beyond-proxies-irans-deeper-strategy-in-syria-and-lebanon/?amp
- https://institute.global/insights/geopolitics-and-security/what-velayat-e-faqih#
- https://institute.global/insights/geopolitics-and-security/fundamentals-irans-islamic-revolution
- https://www.unitedagainstnucleariran.com/sites/default/files/expansion/Iran%27s%20Ideological%20Expansion%20Final%20Report_11.28.23_JC_JMB_JC.pdf
- https://www.cfr.org/backgrounder/what-hezbollah
- https://www.middleeasteye.net/news/hamas-2017-document-full
- https://www.aljazeera.com/amp/news/2024/1/12/who-are-yemens-houthis-a-basic-guide
- https://www.cfr.org/interview/who-are-yemens-houthis
- https://www.hungarianconservative.com/articles/culture_society/hezbollah-lite-of-yemen-the-history-and-ideology-of-the-houthi-movement/
- https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/lebanese-hezbollahs-islamic-resistance-syria