لە کۆتاییدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دراو کۆتایی هات دوای چەندین جار دواخستن و چەندین جار گۆڕانکاری لە سیستەمی هەڵبژاردنەکەدا.
ئەم هەڵبژاردنە وەک هەموو لایەک جەختیان لێدەکردەوە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات هەڵبژاردنێکی جیاوازە، توندوتیژی تیادا نەبوو، بە وتەی هەموو لایەک توانای تەزویر کردن نەبووە، هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاویش خەڵکی بەشداریان کردووە کە ئەو ڕێژەیە بەلای هەموانە چاوەڕوان نەکراو بوو.
بەڵام هەر لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامە بەراییە نافەرمیەکان موفاجەئەی پێشبینینەکراو دەرچوو، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەندین ڕاپرسی نافەرمیمان دەبینی کە ئەنجامەکان تەواو پێچەوانەی ئەو ئەنجامانەن کە ئێستا دەبینرێت.
پێش هەڵبژاردن و چەند ساڵێکە دەنگی ناڕازی بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەرێم و حیزبەکان لە لوتکەدا دەبینرا و هەر ئەمەش بوو وایدەکرد کە پێشبینیەکان و دەرەنجامەکان زۆر جیاوازبوون، لێرەدا دەتوانین بگەینە ئەو بەرەنجامەی:
بەڵێ ناڕەزایی هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو خەڵکە ناڕازیە هێشتا متمانەی بەو لایەنەی خۆی هەیە کە دەنگی پێداوە و وایدەبینێت کە هەر ئەو دەتوانێت چارەسەری ناڕەزایەتیەکانی بۆ بکات و داواکاریەکانی بۆ جێبەجێ بکات و فرسەتێکی تریان بە حیزبەکانی خۆیان دایەوە بۆ چارەسەری ناڕازیەکان.
هەر ئەم هەڵبژاردنە ئەو موفاجەئەیەشی دایە ئۆپۆزسیۆن کە گرەو لەسەر دەنگی ناڕازیی شەقام نەکەن و ببنە خاوەنی پرۆژە بۆ ئەوەی بتوانن متمانەی جەماوەر مسۆگەر بکەن و بە خۆیاندا بچنەوە، لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە پاراستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و یەکتری قبوڵ کردن و پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێ کردنی داواکاریەکانە بێ جیاوازی و بە ڕوحێکی نەتەوەییەوە.