بەڕای ئێمە هۆکاری سەرەکی کە هانی سینەمای ئەمریکی دا بۆ دروستکردنی چەندین زنجیرە دەربارەی لەسەر سیخوڕەکان ئەوەیە کە کارەکتەری “جەیمس بۆند” لەڕووی ئەدەبییەوە دروستکراوی بەریتانیا و لەڕووی سینەماییەوە دروستکراوی ئەمریکا بوو، دامەزراوەی هۆڵیوود دەبوایە فیلم دروست بکات بۆ شکۆدارکردنی سیخوڕی ئەمریکی وەک (فلینت – Flint) و (مات هیڵم – Matt Helm)، بەڵام هەر زوو ئەم ناوانە لە گۆڕەپانەکەدا نەمان و ئاوابوون و لەو ماوەیەش کە ئەکتەری بەریتانی (شۆن کۆنری – Sean Connery) لەم زنجیرە فیلمە دوورکەوتەوە، زنجیرەکە قورسایی خۆی لەدەستدا و لەرزۆک بوو، پاشان زنجیرە فیلمەکانی جەیمس بۆند بوون بە وێنەیەکی گۆڕاوی فیلمە کۆنەکان، کاتێک دووبارە شۆن کۆنری گەڕایەوە بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی جەیمس بۆند و لە ساڵی (۱۹۸۳) لە فیلمی (هەرگیز جارێکی تر مەڵی هەرگیز – Never Say Never Again) لە دەرهێنانی (ئیرڤن کیرشنەر – Irvin Kershner)، ئەم فیلمە دووبارە دورستکردنەوەی فیلمی (Thunderball) کە لە ساڵی (۱۹٦٥) بەرهەمهێنرا بوو و هەمانشێوە شۆن کۆنری ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.
تا ساڵی (۱۹۹٦) ژمارەی زنجیرە فیلمەکانی جەیمس بۆند گەیشتنە (۱۸) فیلم، گومانی تێدا نییە تا ئەو بەروارە سەرکەوتووترین زنجیرە فیلمی جەیمس بۆند ئەو فیلمانە بوون کە شۆن کۆنری ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە و هەروەها (تێرنس یۆنگ و گای هامڵتن) دەرهێنانیان بۆ کردوون. چیرۆکی “جەیمس بۆند” لەژێر تیشکی خۆی لە ساڵی (۱۹٥۸) لە دوورگەی (باهاما – The Bahamas) دەستیپێکرد، تەمەنی “ئیان فیلمینگ” لەو ساڵەدا گەیشتبووە پەنجا، بەدوای بیرۆکەیەکی نوێ بۆ سیخوڕەکەی “جەیمس بۆند” دەگەڕا، لەوێ چاوی بە دەرهێنەری ڕوسی – ئەمریکی (گریگۆری ڕاتۆف – Gregory Ratoff) کەوت و ئەم دەرهێنەرە داوای کڕینەوەی بەرهەمهێانی یەکەمین ڕۆمانی ئیان فلیمینگ بە ناوی (گازینۆی شاهانە – Casino Royale) کرد بە بڕی (7500) دۆلار ڕێکەوتن، بەڵام هەموو ئەم پارەیە بۆ کڕینی ئۆتۆمبیلی جۆری قۆرد ڕۆیشت، هەر لەو ماوەیەدا کۆمپانیایەکی ئینگلیزی بە ناوی (ڕانک – Rank) ویستی مافی سێیەمین ڕۆمانی ناوبراوی بە ناوی (Moonraker) بە بڕی (6000) دۆلار بکڕێتەوە بۆئەوەی دەرهێنەری ئێرلندی “کیڤن ماککلۆری” دەرهێنانی بۆ بکات، بەڵام نووسەر بەو نرخە ڕازی نەبوو و ڕێکەوتن نەکرا، ئەم دەرهێنەرە دەڵێت “ئیان فلیمینگ هیچ هەستکی سینەمایی نییە ” ئەگەرچی نووسینەوەی – ئامادەکردنی – ڕۆمانەکە وەک سیناریۆیەک وەستا بەڵام دواجار ناوبراو ڕۆمانەکەی فرۆشت بەڵام بە کێ ؟ دوو بەرهەمهێنەری کەنەدی و ئەمریکی بڕی (100000) دۆلاریان خستە بەردەمی فلیمینگ و پێدانی لە (50%) قازانج، کۆمپانیای (United Artists) توانی هەموو مافی دابەشکردنی زنجیرە فیلمەکانی جەیمس بۆند بکڕێت دوای ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ هەموو هەموو ئەو کەس و لایەنەدا کرد کە گرێبەستیان لەگەڵ فلیمینگ کردووە پێش دەرکەوتنی – پەخشکردنی – هیچ یەکێک لەم زنجیرە فیلمانە، بەڵام شتە کۆمیدییەکە ئەوەیە کە دەرهێنەر کیڤن ماککلۆری پەیوەندی خۆی لەگەڵ فلیمینگ کۆتایی پێنەهێنا و هەڵنەپەسارد بەڵکو وەک ڕاوێژکارێک بۆ هەموو زنجیرە فیلمەکانی جەیمس بۆند کاری کرد.
لە سینەمادا کارەکتەری “جەیمس بۆند” سیخوڕێکی بەریتانی بوو بەڵام بە قاتێکی ئەمریکییەوە، وی کاری بۆ جیهان دەکرد، لەلایەکەوە ڕاوی چەتە و مافیاکانی دەنا، لەلایەکی دییەوە ڕاوەدووی قاچاغچییانی زێڕ و گوێزەرەوانی ماددەی هۆشبەری دەکرد، پیاوێکی تارماییئاسا و چەتە ومافیا، پیاوێکی نهێنی کە هەوڵ دەدات دەست بەسەرجیهاندا بگرێت بە ناوی “بلوفیڵد” لە هەریەک لە ڕۆمانەکانی “لە ڕوسیاوە سڵاو لەگەڵ خۆشەویستی”، “تۆ تەنها دووجار دەژیت”، “بۆ هەمیشە ئەڵماسەکان” دەردەکەوێت، ئیدی جەیمس بۆند بە پشتیوانی ئەو دەزگا هەواڵگرییەی کاری بۆ دەکات هەوڵ دەدات ئەم مافیایە و باندەکەی دەستگیربکات یان لانیکەم پیلانەکانی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش بۆئەوەی هەردەم سەرکێشی نوێ هەبێت. سەبارەت بە فیلمی (پەنجە زێڕین – Goldfinger) لەم فیلمەدا ئەرکی بۆند ڕزگارکردنی ئابووری ئەمریکایە لە دەست باندێک کە دەیانەوێت دەست بەسەر (فۆرت نۆکس – Fort Knox) بانگی یەدەگی زێڕی ئەمریکادا بگرن. کارەکتەری “جەیمس بۆند” چ لە ئەدەب و چ لە سینەمادا پیاوێکی سەرکێشی سەرنجڕاکێشە، بە ئافرەت دەورە دراوە و لەگەڵ هەر سەرکێشییەکی نوێدا ژمارەیەکی زۆری ژن هەن دەیپارێزن واتە لە بەرەی نەیاری بۆنددا ژمارەیەکی زۆر ئافرەت هەن کار بۆ ڕکابەرەکەی دەکەن، زۆرێک لەم ئافرەتانە یارمەتی بۆند دەدەن لە ئەرکەکەیدا. ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی بۆند وەک پیاوێکی سەرنجڕاکێش، هەڵبەتە ئافرەتانی دڕندەش هەن کە ڕکابەری دەکەن و شەڕی لەگەڵ دەکەن وەک لە فیلمی “لە ڕوسیاوە سڵاو لەگەڵ خۆشەویستی” دا بینیمان ئافرەتێک بە پێڵاوە چەقۆییەکانی دەیەوێت بۆند بکوژێت، بەڵام بۆنمونە لە فیلمی “تۆ تەنها دووجار دەژیت”دا دەبینین ئەو ئافرەتەی کە یارمەتی بۆندی داوە سزا دەدەرێت بە ژیانی باجەکەی دەدات و دەرخواردی ماسی دەدەرێت.
زنجیرە فیلمەکانی “جەیمس بۆند” لەلایەن هەریەکە لە دەرهێنەرانی بەریتانی (لویس گیڵبێرت – Lewis Gilbert)، (گای هاملتن – Guy Hamilton)، (تێرنس یۆنگ – Terence Young)، (سام مێندس – Sam Mendes)، (مایکڵ ئەپتد – Michael Apted)، (ڕۆجەر سپۆتیسوود – Roger Spottiswoode)، (جۆن گلین – John Glen)، (پیتەر ئاڕ. هەنت – Pter R. Hunt)، و دەرهێنەری نیوزلەندی (مارتن کامبڵ – Martin Campbell)، و دەرهێنەری ئوستراڵی (جۆرج لازنبی – George Lazenby)، و دەرهێنەری ئەمریکی ( ئیرڤن کیرشنەر – Irvin Kershner)، و دەرهێنەری نیوزلەندی (لی تاماهۆری – Lee Tamahori)، و دەرهێنەری ئەمریکی (کاری جۆجی فوکوناگا – Cary Joji Fukunaga)، و دەرهێنەری ئەڵمانی – سوسری (مارک فۆرستەر – Marc Forster)، کاری دەرهێنانیان بۆ کراوە. جگە لە کورتە چیرۆکەکانی ئەو یازدە ڕۆمانەی کە ئیان فلیمینگ بڵاویکردوونەتەوە هەموو کرانە فیلم، چیرۆکەکانیشی بە ناونیشانی نوی و بۆ چارەسەری جیاواز کرانە فیلم و بەرهەمهێنران، وەک لە کتێبی/ فیلمی (هەرگیز جارێکی تر مەڵی هەرگیز – Never Say Never Again) کە سینەماکاران بە دووبارە بەرهەمهێناوەی فیلمی (Thunderball) لە قەڵەم دەدەن، هەروەها فیلمی (مۆڵەتی کوشتن – Licence to Kill) نزیکە لە فیلمی (بژی و لێگەڕی ئەوانی تر بمرن – Live and Let Die).
فیلمەکانی جەیمس بۆند لە چەند ڕوویەکەوە لە سینەمای میسری دەچێت بۆنمونە لەڕووی مۆزیکەوە، موزیکی فیلمەکانی جەیمس بۆند لە موزیکی فیلمەکانی “مەترسیدارترین پیاوی جیهان – ٲخطر رجل في العالم”ی دەرهێنەر “نیازی مستەفا” ساڵی (۱۹٦۷) و موزیکی فیلمی “گەڕانەوەی مەترسیدارترین پیاوی جیهان – عودة ٲخطر رجل في العالم”ی دەرهێنەر “مهحمود فەرید” ساڵی (۱۹۷۲) . بۆ دەرهێنەری میسری “نیازی مستەفا” و ئەو فیلمانەی کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دیاردەی فیلمی سیخوڕییان هێنایە نێو سینەمای میسری، ئەکتەری ناودار “فەرید شەوقی” لە چەندین فیلمدا ڕۆڵی سیخوڕی گێڕاوە و ڕۆڵەکەی نزیک بوو لە ڕۆڵی جەیمس بۆند، بۆنمونە فیلمی “سیخوڕەکە – الجاسوس”دا کە لە ساڵی (۱۹٦٤) بەرهەمهێنرا، لەم فیلمەدا فەرید شەوقی ڕۆڵی ئەفسەرێکی هێزی دەریایی هەواڵگری دەگێڕێت کە توانی تۆڕێکی سیخوڕی ئیسڕائیلی ئاشکرا بکات، هەروەها فیلمی (سیخوڕی ۷۷ – العميل ۷۷) کە لە ساڵی (۱۹٦۹) بەرهەمهێنرا، لەم فیلمەشدا فەرید شەوقی ئەفسەرێکی پۆلیس دەگێڕێت کە پێویستە ئەرکی ڕاستەقینەی کۆمەڵێک فیلمسازی بیانی ئاشکر بکات کە بۆ وێنەگرتنی فیلمێک هاتوونەتە میسر بڵام لە ڕاستیدا ئەوان سیخوڕن و سیخوڕی لەسەر بنکە سەربازییەکانی میسر دەکەن، شایەنی باسە هەردوو فیلمەکە لەلایەن نیازی مستەفاوە کاری دەرهێنانیان بۆ کراوە. تا ئەوکاتەی باس لە فیلمە خەیاڵی و ئەندێشەییەکان دەکەین کە بەرمەبنای ڕووداوی ڕاستەقینە وەرنەگیراون دەتوانین دوو فیلمی میسری بخەینە نێو هەمان لیستەکەوە ئەوانیش یەکەم: فیلمی “سۆز و خۆشەویستیم دەوێت – ٲريد حبا و حنانا”ی دەرهێنەر “نەجدی حافز” ساڵی (۱۹۷۸) لە ڕۆڵگێڕانی هەریەکە لە “فەرید شەوقی، میرفەت ئەمین، عادل ئەدهەم، نەبیل نورەدین، حوسێن شەربینی، عەبدوڵا فەرغەلی”، دووەم: فیلمی “ئەرکێک لە تەلئەبیب – مهمة في تل ابيب”ی دەرهێنەر “نادر جەلال” ساڵی (۱۹۹۲) لە ڕۆڵگێڕانی هەریەکە لە “نادیە جوندی، کەمال شناوی، سەعید عەبدولغەنی، خەلیل مورسی، حەمدی یوسف، عادل عەمار”.
فیلمی “سۆز و خۆشەویستیم دەوێت” باس لە سیخوڕێکی دەکات کە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆئەوەی زانیاری سەربازی کۆبکاتەوە، ئەم سیخوڕە ناوی “سەمیر”ە و هەوڵ دەدات لە خۆشەویستە کۆنەکەی نزیک ببێتەوه، خۆشەویستەکەی ئەندازیارێکی خۆشدەوێت کە لە بنکەیەکی موشەک کار دەکات، عەقیدێک چاودێری سەمیر دەکات کە برای ئەندازیارەکەیە. وەک ڕوونە لێکچوونێکی پانۆرامایی لە نێوان بیرۆکەی سەرەکی ئەم فیلمە و زانینی نهێنی بنکەی موشەکەکان لە فیلمی (الصعود الی الهاوية)دا هەیە، بەڵام هەر ئەوەندە جیاوازییەک لە نێوان ناوەکان و ئەرکەکاندا هەیە و بەس، وە ڕوونە کە نووسەری سکریپت(سیناریۆ)ی ئەم فیلمە “زوحا نەجدی” ئەم جارە ئەفسەرێکی پۆلیس نەوەک ئەفسەرێکی هەواڵگری هەڵبژاردووە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە. فیلمی “ئەرکێک لە تەلئەبیب” باس لە سیخوڕێکی میسری دەکات کە کار بۆ هەواڵگری مۆساد دەکات، ئەم سیخوڕا دەچێتە باڵیۆزخانەی میسر لە پاریس داوا لە باڵیۆز دەکات چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی لە قاهیرە بۆ ڕێکبخات، دوای ئەوەی ئەم سیخوڕە دەخرێتە ژێر ئامێر پۆلیگراف(Polygraph – ئامێری ئاشکرا کردنی درۆ)، سیخوڕەکە دەبێتە سیخوڕی دووسەرە “بۆ دوولایەن کار دەکات” و داوای لێدەکرێت گەشت بۆ تەلئەبیب بکات بۆ وێنەگرتنی بنکەیەکی سەربازی مەترسیدار کە نوێترین جۆری چەکی تێدایە هەروەها ئاشکرا کردنی پلانی ستراتیژی ئیسڕائیل لە ئەگەری جەنگی لەگەڵ میسر، هەروەها وێنەگرتنی جۆرە ترسناکەکانی ئەشکەنجە، بەڵام پیاوانی هەواڵگری میسر توانیان بیگەڕێننەوە بۆ قاهیرە دوای ئەوەی پێیان وابوو مردووە.
فیلمە سیخوڕییەکان جۆراوجۆر بوون وەک لە ڕۆمانە سیخوڕییەکان بۆ فیلمی سیخوڕی و فیلمەکانی تری دەربارەی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی کە لەلایەن بریکارەکانی دەزگا هەاڵگرییەکانەوە ئەنجام دەدران. لە هەر فیلمێکی نوێدا دەزگای هەواڵگری تایبەت (U.N.C.E.L) پیاوەکانی خۆی بە تایبەت “ناپلیۆن سۆڵۆ” و هاوکارەکەی بە ناوی “ئیلیا کوریاکین” دەنێرێت بۆ هەموو شوێنێکی جیهان کە لەسەریانە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ ئەنجام بدەن و کەسێکی جیاواز بناسن، ئەمە لە زنجیرە فیلمی سیخوڕی (The Man from U.N.C.L.E) کە لە نێوان ساڵانی (۱۹٦٤ – ۱۹٦۸) بەردەوام بوو. (لە ساڵی (۲۰۱٥)دا جارێکی تر لەژێر هەمان ناونیشاندا فیلمێکی دیکەی سیخوڕی بەرهەمهێنرا و (گای ڕیچی – Guy Ritchie) کاری دەرهێنانی بۆ کرد – وەرگێڕ)، هەروەها لە زنجیرە فیلمەکانی کەسایەتی سیخوڕ (مات هیڵم – Matt Helm) لە ڕۆڵگێڕانی “دین مارتن” کە خۆی لە چوار فیلمدا دەبینێتەوە و لە نێوان ساڵانی (۱۹٦٦ – ۱۹٦۹) بەردەوام بوو، لەم چوار فیلمەدا دین مارتن ڕۆڵی سیخوڕێکی ئەریکی دەبینێت و هەرجارێکیش ئەرکێکی نوێ ئەنجام دەدات و کەسانێکی نوێش دەناسێت، ئەم تایبەتمەندییە لە فیلمەکانی جەیمس بۆنددا بەڕوونی دەردەکەوێت بۆنمونە هیچ کچێک لە فیلمەکانی جەیمس بۆند دا پاتە نابنەوە جگە لە خانمی سەرۆکی دەزگاکە، تەنانەت کارەکتەری هیچ تاوانکارێکیش پاتە نابێتەوە جگە لە کارەکتەرێکی تاوانکاری دڕندە کە لە هەردوو فیلمی (The Spy Who Loved Me) و (Moonraker). سەبارەت بە کارەکتەری سیخۆڕی ئەمریکی (لایتەر) لە چەند فیلمێکی کەمدا دەرکەوتووە و پاتە بووەتەوە ئەوانیش فیلمەکانی “دکتۆر نۆ” و “بژی و لێگەڕی ئەوانی تر بمرن”.
ئەگەر شارەزایانی سیخۆڕی پشتڕاستیان کردبێتەوە کە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی لەم زنجیرە فیلمانەدا ڕودەدات و چیرۆکە سیخۆڕییە ڕاستەقینەکان، ئەوا ئەو وێنەیەی کە لە مێشک و هزری زۆربەی خەڵکیدا مادەیە ئەوەیە کە سینەما سەبارەت بەو سیخۆڕانەی کە پێشکەشی کردوون ڕاستەقینە نین و زادەی خەیاڵن واتە لە خەیاڵ و ئەندێشەوە هاتوون. زۆرینەی فیلمە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی ئۆپەراسیۆنی سیخۆڕین بە تایبەتی زنجیرە فیلمەکان. بەڵام هەندێک فیلم – کە لە ڕووداوی ڕاستەقینەوە وەرگیراون – لەمەڕ سیخۆڕەکان هەن لەوکاتەوەی کە بەکرێ گیراون هەتا ئەو کاتەی کە دەستگیر دەکرێن و لەناودەبرێن وەک کارەکتەری “ماتا هاری، ئێدی چاپمان، ئابلەر” بە تایبەت ئەم دووانەی کۆتایی پاش دەستگیرکردن و دادگایی کردنیان لە سیخوڕی خانەنشین بوون، بۆیە ئێدی چاپمان بو یەکێک لە گەورە سەرمایەداران، بەڵام ئابلەر بەهۆی ئەوەی سیخۆڕە دووسەرە نەبوو چووە خانەی لەبیرکراوانەوە. سیخوڕی لە سینەمای ڕۆژئاوادا دروستکراوێکی ڕۆژئاواییە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیخۆڕەکانی ڕۆژئاوا ئەوانەن کە کار بۆ بەرژەوەندی بەرەی ڕۆژئاوا دەکەن و خۆیان لە نەیارەکانیان ڕزگار دەکەن جا چ لە بەرەی ڕۆژهەڵات بێت یان دژی ئەو وڵاتانەی کە دژایەتی بەرەی ڕۆژئاوا دەکەن بەگشتی.
لەکاتێکدا سینەمای ڕۆژئاوا هەوڵیدا ئەو سیخوڕانە پشتگوێ بخات کە بۆ بەرژەوەندی بەرەی سۆسیالیستی کاریان دەکرد، بەڵام چەندین فیلم لەبارەی سیخوڕی دووسەرە کە هەوڵیان دەدا لە بەرژەوەندی هەردوو لایەنی ڕکابەر کار بکەن نمایش کردووە لەوانە لە فیلمی (پیاوی دووڕەهەند – The Double Man) ساڵی (۱۹٦۷) و فیلمی (گەشتێکی شەوانە لە مۆسکۆوە – Night Flight from Moscow) ساڵی (۱۹۷۳)، لە ئەم دوو فیلمەدا ئەکتەری ڕوسی (یوڵ براینەر) ڕۆڵی سیخۆڕەکە دەگێڕێت، لە هەردوو فیلمەکەدا ئەم سیخۆڕ گەشت بۆ ڕۆژئاوا دەکات دەزگای هەواڵگری ئەمریکی ڕازی دەکات کاریان بۆ بکات. زۆربەی نووسەرانی ڕۆمانی سیخۆڕی ڕێگای خۆیان بۆسەر شاشە گرتەبەر و زۆرینەیان لەمەڕ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی بوون وەک ڕۆمانەکانی “ئێریک ئامبڵەر، فرێدریک فۆرسیت، لێن دەیتن”. لە سینەمای میسریدا زۆرینەی فیلمە سیخۆڕییەکان لەمەڕ ئۆپەراسیۆنە سیخۆڕییەکان بوون بەڵام کارەکتەری سیخوڕ ڕوون و ئاشکرایە جگە لە فیلمی (الصعود ٳلی الهاوية) هەرچەندە ئەم فیلمە نزیکە لە فیلمی ئۆپراسیۆنی سیخۆڕی، لێ باقی فیلمە سیخۆڕییە میسرییەکان ئۆپەراسیۆنێکە بۆ ئاشکرا کردنی سیخوڕێکی خیانەتکار وەک لە فیلمەکانی “بیری خیانەت” و “تەڵەی سیخوڕان” و “لە سێدارەدانی مردوویەک”دا بینیمان. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە فیلمە سیخوڕییە میسرییەکان لە کاتی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا لەسەر شاشە دەرکەوتن، بە تایبەتی ساڵانی نەوەد گەواهی ئامادەییەکی بەرچاو بوون لەسەر شاشەی عەرەبی، ڕەنگە هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەو هەستە نەتەوەییەی کە سەرەڕای پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا بەڵام هێشتا دوژمنایەتی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل هەیە بێت، هاوڕێ لەگەڵ شکۆدارکردنی ئەم پاڵەوانانە – پاڵەوانی سیخوڕ-لەنێو ئەدەب و سینەمادا، ئەم ڕەوتە دەنگدانەوەی لای خەڵک بە تایبەتی بینەرانی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان داوەتەوە، ئەو بینەرانەی بە تامەزرۆیی و خرۆشەوە تەماشای زنجیرە تەلەفزیۆنییە دووبارە و نوێیەکان دەکەن لەهەمانکاتدا.
نووسینی: مەحمود قاسم
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد