لە هونەری سەدەی پانزە و شانزە هەوڵدەدرا کات بەگشتی نەکرێتە سەرچاوەی سەرەکی دەڕبرین، بەگشتی لەو دەمەدا سوژە وەک کەرەستەی سەرەکی لێی دەکوڵدرایەوە بێ ژیانە کۆمەڵایەتییەکەی، ئەمەش بۆ خۆی جۆرێک لە لێدوانی ڕوماڵدەکرد کە بە بێ خەیاڵ نەدەکرا پەی پێبەریت، هونەر چوبووە جێگایەک کە زۆر جوان سەرنجی هەمووانی دەچووە سەر، بەڵام هەمووان نەیاندەتوانی خۆیانی تیابدۆزنەوە. “کیرکەگارد/ مزگێنی خۆی لەم بارەیەوە نیشاندا، فەلسەفەی ئیگزیستانسیاڵیزم بەگشتی گەڕانەوەی شکۆ بوو بۆ مرۆڤ، تا جێگایەک کە مرۆڤ گەڕایەوە ناو کات و سروشتی خۆی، بابەتی مردنەکەی حیسابی بۆ کرا، ئەو هەم وەک سوژە و هەم وەک ئۆبژە چیتر بەخەیاڵ سەیرنەدەکرا.
“بەرهەمە هونەرییەکان گرنگن چونکە دەتوانن بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ فێرمان بکەن”
هەندێک کات واقيع واها دەردەکەوێت کە دیوێکی ئەپستمۆلۆژی هەیە، ڕووکارێکە هەموومان دەبینین، یاخوود بینومانە، بەو شێوەیە لای هەریەک لە ئێمە زانینێک پێش وەخت هەیە، شتێک لەبارەیەوە دەزانین، وەک ئەوە نییە شتێک بێت لە هەسارەیەکی دیکەوە دەبەزیبێت، ئێمە هیچ نەزانین لەسەری بۆیە ئەم جۆرە لە هونەر لەکاتێکدا ئەپسمتۆلوژییە و لە کاتێکی دیکەدا تەجرووبییە، بەمەش زۆر لە خەیاڵ و لە فانتازییە جیاوازترە؛ بەهۆی ئەوەی ئەویان پێشمەرجێکە ئێمە نە دەزانین لەسەری نە لای خۆمان گەڵالە بووە، بەڵکو درکێکی ئەوانی دیکەیە، بۆمان بەیان دەکەن، ئینجا وەک ڕازێکیش وایە؛ لەساتێکی ناگاهاندا دێتەوە بەر گوێ، لە دایک دەبێت، نوێیە، تەنیاییە و بڕێک جاریش شەرمنە، بە تایبەت لەو کاتەی دەدوێت، یان دەیەوێت شتێک بڵێت لەبارەی خۆیەوە، لەبارەی ئەوەی هەڵیگرتووە لەسینەی خۆیدا. واقیع وانیە؛ ئەو بێشارمانە و بێڕەحمانە خۆمان دێنتەوە یاد، هەندێک جاریش سەرکۆنە و لۆمەمان دەکات، بەهۆی ئەوەی خۆی بە ڕاست دەزانێت، وەلاشی وایە؛ دەتوانێت هەمووشتێک ڕاستبکاتەوە؛ هەتا زۆرجاریش هاوڕێیەتی و هاوەڵی خۆی لەگەڵمان دادەبڕێت، تا بیرمان بخاتەوە، تا باردۆخی خۆمان بیربخاتەوە.سەفەکەی و هەم لەڕوانگە هونەرییەکەی.
“کیرکەگارد زۆر هەڵوێستی ڕوونی دەربارەی بوونگەرایی لە هونەردا خستە ڕوو، ئەو بە درکردنی واقیع بە مانا سادەکەی کە لەژیاندا هەیە، ئاڕیشەکانی بوونگەرایی خستە بەر باس، بەجۆرێک ئەو پێکهاتە داڕێژراوەی کە ئێمە بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی باش دەمانەوێت، لەڕاستیدا خودی ژیان و، ئەو تێگەیشتنانەیە کە وەک خودێک لەکاتی ژیانکردندا بەری دەکەوین، بەشێوەیەک ئیتر فەهم لە بونی خۆمان وەک سوژە بۆ فەزای دەوربەرمان دەکەین، بابەتەکان گەر کت و متیش نەبێت دێنەوە ناو کاتبەندی، کە لە چوارچێوەی سیاقێکی مانادارتردا دەحەوێتەوە. کاتێک بەو ڕیشە بونگەراییانەدا لە خۆمان بکۆڵینەوە؛ ساتی سازش لە ژیان و پێکهاتە غهریبەکەی تەگەرە تێدەخەین، ڕەنگ بێت تا ئاستێک بۆ ژیانە سادەکەمان گرنگ نەبێت، یان هیچ ئیزافەیەکی دیارکراو بەجێنهەڵێت، بەڵام کاتێک ئەمە لە دەمی کارێکی هونەریدا نیشان بدرێین، مانادارییەکی زێد لە سنوری خۆی بۆ زەمان جێدەهڵێت.
واتە لەناو سیاقی زەمنێکدا خۆی جێگردەکات، کە لەتەواوی کاتەکانی تردا دێتەوە، دەکرێت وەک هونەری “نەمر” بیری لێبکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی فەزامەندی ئاوادەکات و هیچ جۆرە قسەیەکی ڕوو بە ڕووی بۆی نیە، لە ڕاستیدا لە هزری کیرکەگاردیشدا فەزامەندی یان هونەر بەگوێرەی شوێن هیچ نیشانەیەکی دیارکراوی نیە، بەو شێوەیە پێشوازی لێناکات، چون لای وایە هونەر بەگشتی لەڕێکخستنی کاتدا خۆی دەنونێت، تا فەزا و ناسینەوە. باوەڕی ئەو بۆ بوونیادنانی هونەر قەشەنگە؛ چوون باس لە هونەری کامڵ دەکات. شتێک بێت لەسەر و ژیانیشەوە، یانی وەک خۆی نا بەڵکو بە ئارایشت و جوانکارییەوە، بۆنموونە گەر بەشێوە بونگەراییەکەی “کیرکەگارد” لە هونەری سینە بڕوانیت؛ دەبێت ئەو منداڵەی کە باوی باری دارای باش نیە تۆپێکی یاریکردنی بۆ بکڕێت، گۆڕانکاری بکرێت، لەوەدا کە منداڵەکە ڕاستە تاوانی بونی خۆی تێدا نیە هاتۆتە ژیان، ئارەزووشی لەتۆپەکەیە، بۆیە پێویستە ئێمە لەوێوە ژیانی باوک و کوڕەکە بگێڕینەوە؛ تۆپەکە چیتر ئارەزوویەکی پەتی نیە، باوکەکەش چیتر باوکە پیشەگەر و بێ ئومێدەکە نیە، بەڵکو هەردووکیان ئێستا گۆڕاون و کوڕەکە ئەندازیارێکە چیتر تۆپی بۆ گرنگ نیە و باوکەکەش بەڕادەیەک لەتەمەندایە ناتوانێت ئارەزووی منداڵەکەی بەجێبگەینێت.
هەر بۆیە لەم نموونەیەدا ئەوەی دیار و ئاشکرایە؛ ئەگەر هاتوو بەمانا کیرکەگاردییەکە لەو چیرۆکە بڕوانین، دەبینین کات فەرامۆشنەکراوە و بەتێپەڕاندی تەمەنیان لەناو کاتداین، بەڵام لەناو فەزادا نین، باوک و کوڕێک دەبیننین سەرەتا نازانین چون بوون و، تا چەند ژیانیان قورس بووە. ئەوەی لەمە بەجێدەمێنێت چیرۆکێکە تا ڕادەیەکی زۆر بە ئەبستڕاکت دەبێتەوە، پاشان واقیعێکێشە کە هەریەک لە ئێمە دەتوانێت بۆ خۆی ئایدیاڵی بکات. بەجۆرێک وابزانێت ژیانی خۆیەتی، ئەمە ڕێک وایە، لەبەرئەوەی وردەکارییەکان ناڕوونن و هیچ شتێک جگە لە بوونگەرایی لەچیرۆکەکەدا پەیوەست نەکراوە بەکەسەوە، بۆیە ئەمە دەبێتەوە بە گرفتێکی بنەڕەتی ئەنتۆڵۆژی و بەگوێرەی کیرکەگارد نەمرییەک دەخوڵقێنێت. زۆر جار هونەر تەنیا خودی هونەر نیە کە دێتە بوون، بەڵکو ئەو موفرەداتە داهێنەرانەیە کە لەپێش خۆیدا نەبوون، داهێنەر یان خاڵقەکە هێناونییە بوون، گەر بە خێرای سەرنجێک بخەینە سەر نیتچە “کتێبی واها دوا زەردەشت” تێدەگەین ئەو فەیلەسووفە چی کردووە و هونەری بەرزی ئەو لە کوێدایە؛ ئەو بە جێگا دانانی ئافۆڕیزمەکانی بۆ پێغەمبەر ڕێگایەکی تازە دەکاتەوە تا لە ئینجیل بدات، یان بە شێوەیەکی دیکە هەوڵدەدەت نزیکایەتییەک لە پێغەمبەراوە بە فۆڕمێکی تازەی ئینجیل بدات. ئەویش کارکردێکە کە تەنیا نیچە دەتوانێت بیکات، لە پێکاتەیەکی سواو کۆندا، نەخشی نیگارێکی تازە دروست بکات، ئەوەش بەرهەمەکانی هونەری دەکات و زمانەکەی شعری دەکات، ئاواتەخوازی گۆڕانکارییش بۆ ئەبەد لەخۆیدا هەڵدەگرێت.
دۆستۆڤسکی نموونەی هونەرێکی ترە، ئەو بە سەرنجدان بە ژیانی ژێرزەمینێک، جیهانی سەرەوە و سەرزەمینەکەمان بۆ ڕەخنەباران دەکات، لەوێدا سووژە لەناوەوەی خۆی ورد دەبێتەوە، ڕووەو ناوەوە لەخۆی دەڕوانێت و چاک سازی لە خۆیدا دەکات، بەمەش تەنکنیکە هونەرییەکەی لەوێدایە؛ بە ڕوونی و بە پوختی پێماندەڵێت گەر ئێمە بڕوانینە ناوەوە و چاکسازییە ڕیشەییەکە لەوێدا بکەین، هەرگیز نابینەوە دەرە- جیهانە ترسناکەکە و، هەرگیز ژێر زەمنێکی واها دروست ناکەین.
بنچینەی هەڵبژاردنی کیرکەگارد بۆ ژیان کردن پشت بەو هەڵبژرادن و پێدراوانە دەبەستێت کە دەیان خاتە ڕوو، هەڵبژاردنی جەوهەر بۆ خۆی لەسەر ئەوە ناوەستێت کە هەڵییان دەبژێریت، بەڵکو لەسەر واقیعی هەڵبژاردن وەستاوە، تیایدا هەر ئەو گوزارەیە دەدات بە دەستەوە کە هەیە، بێ زیاد و کەم، واتە شتێکە لە دەستکاریی نەکردن، لەمەوە هونەرێک دێتە ئافراندن کە زەڕوورییە، لە هەمانکاتیشدا ڕاستییە، هونەرێکی نەگۆڕە و مانای سەد لە سەد دەداتەوە بەو واقیعەی هەیە، چوون بۆ “کیرکەگارد” ئەو خاڵەی لە نێوان سوژە و ئۆبژەدایە، خاڵێکی بار نەگۆڕییە، هیچ چانسێکیش ناداتەوە بە کرانەوە بە ڕووی داهاتوودا، بەمەش ئێمە ناتوانین واقیع تاڵەکە بگۆڕین، هەمیشە شتێک وەک ئەوەی لەخۆی دەچێت خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، ئینجا لێکەوتەی ئەم بۆچوونەش لە کۆتاییدا بۆ “پەشیمانی” دەچێتەوە، چونکە ئیتر مرۆڤ بێ هودە و دەستە و دەمێن ڕازی دەبێتەوە بەوەی هەیە، دەسڵمێتەوە لەوەی چاکسازی بکات، هەر ئەوەی دەیکات هەر ئەوەیە، ئەمە دەسەڵات و ئەمە توانای خۆیەتی، بەخاتری ئەوەی بۆ وی هەر ئەوە دەبێت.
هەرچەند لە ژیانە ئاساییەکەدا فەلسەکە ورد بکەینەوە لەوانەیە بە نا ئومێدی بگەین، بەڵام هونەری کیرکەگاردی، یان میتۆدی کارکردنی ئەو لە هونەردا هەمان تۆن ڕەنگ نادادەتەوە، بڕێک ڕۆشنترە، بەخاتری ئەوەی هونەرەکە جارێکی تر لەفەوزا و ژاوەوە ژاوی زەمەن دادەبڕێت، هێشتا ژیانە شیرینەکە بە بەریییەوە ماوە، تۆ ئە وەک ئۆبژەیەک دەببنیت، بەڵام سوژەکە گۆڕانی لەباردا هەیە. ئیدی هونەری ماتەم کە هەیە شتێکە لەخەرمانی تێگەیشتن زیاد دەکات، ئەوەشت بەکاردێت، تۆ بەو بەو شوێن و بە جێگایەدا ناچیتەوە، تۆ ڕێگەیەکی نوێ و شێوازێکی تر هەڵدەبژێریت، ئەم داواکارییەش لەبەر ئەوە نیە کە ئەم هونەرە شێوازی شاردنەوەی خولیایەک بێت تیایدا ناوەڕۆکەکەی لە جۆری خۆلادان لە چێژ بێت، ئەوە لەبەر ئەو هۆکارەیە هەندێک دیمەن لەڕووی شێوە ژیانەوە ئەوەیان تێدایە کە دەروون وێران بکەن. تایبەتمەندییەکانی هەندێک خوازەی هونەری ئەوەیان تێدایە ڕۆح ژەهر خوارد بکەن، چونکە ئەو وێنەیەی لە سروشتەوە دێت هەمیشە یاد بۆ شتە حەز لێکراوەکەی دەگێڕێت. جێگیرییەت و بار نەگۆڕین کە لە سرووشتەوە دێن، ئایا چەندە بە شوێن جوانیدا دەچنەوە، بۆ “کیرکاگارد” شتەکان لەگەڕانەوەیەکی بە سەروبەردا دەناسرێن، مادامەکی توانای ئیینخابکردنیان سنوردارە، کەوابوو وەک ناوەڕۆکیش توانای تێگەیشتیانیشان نادیارە، بۆیە هەمیشە لێدوانەکە ناتەواوە و کەم ڕونکراوەتەوە، لەمەوە دەتوانین بەردەوام شتی تازە لەم سروشتی نۆرمالێزەیشنە هەڵنجێنین، دەکرێت ئەوەش ڕونبکرێتەوە کە زۆربەی دەقەکان لەهەناوی پێگەیەکی واقیعییەتی ژیانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بێ گومان شیکردنەوەکانیشیان توانای کەشفکردنی جۆراوجۆرە، بەوەش هەریەکان تێم و مانای جیاوازییان هەیە، کاتێک درەختێک لە ژیاندا دەبنین هەرگیز بەو ئەندازەیەوە لە ئەندێشە وێنە ناکرێتەوە، ئەوەش ڕێک ئەو تەوزیفەیە لە هونەر بە میتۆدی کیرکەگارد، کە بۆ ئەبەد ماتە شارەوەکانی یان خەسڵتە ناوەکییەکانی هەموو هەبووییەک دەگەڕێت، هەم لە فەلسەفەکەی و هەم لەڕوانگە هونەرییەکەی..