ئەوەندەی بەرەی من و بەرەکانی پێشووش بیریان بێت، بەدرێژایی سەدەی بیستەم دۆخی کورد لە ناو گوتاری سیاسیدا مانا کراوەتەوە، بەو مانایەی کە کەشی سیاسی و هاوکێشە ژیۆپۆلیتیەکان دەروازەی سەرەکی و کۆتایی یەکلابوونەوەی دۆخی کورد بینراوە. دیارە ئەم بەو مانایە نایەت کە کە کورد لە کایە مەعریفی و وجوودییەکانی دیکەدا ئامادە نەبووە و خۆی مانیفێست نەکردبێت بەڵکوو بەو مانایەیە کە سیاسەت کڵاوڕۆچنە و ئاسۆی بینین و گێڕانەوەشی دیاری کردووە، هەڵبەت ئە من تێگەیە بە دوو باری دژوازدا دەخوێنرێتەوە.
باری یەکەمیان هەمان دەرکەوتە و تێگەیشتنی دیار و ڕوونە کە سیاسەت بە تاقە ڕێگە و دوا ڕێگەی ڕزگاریی (هاوکات بە هۆکاری دابەشبوون و پەرتەوازەیی بە مانا کۆلۆنیالیستییە نێودەوڵەتییەکەی) بینراوە و، لەم سۆنگەیەوە ئەدەب و هونەری شۆڕشگێڕانە، مرۆڤی باش و جاش، کۆمەڵگای شۆڕشگێڕ و ناشۆڕشگێڕ و دەیان چەمک و زاراوەی دیکە هاتنە ناو گوتاری ڕؤشنبیریی و مەعریفیی ئێمەوە. باری دووەمیشیان ئەگەرچی سیاسەت دەروازەکەی بوو بەڵام ئاسۆ و کەوشەنەکانی سیاسەتی تێپەڕاند و بەڕێگایەکی قووڵی توناوتوون گەڕایەوە سەر بوونیاد و کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی وەکوو کولتوور و بوون و وجوودی کوردانە، هزر و مەعریفە و کوردناسیی، ئەم بارەی دووهەمیان هاوکات کە لە کەشێکی سیاسییەوە هەڵخێزراوە بەڵام یاخیبوون و سەرکێشیش بووە لەو کەشە سیاسییەی کە لە هەر درزێکەوە ڕێگە بە ڕەشەبای کارەساتی دەگرت، لە کەلێنێکی دیکەوە دەهاتە ژوورێ و بۆی ژەهراوی و هەوای خنکاوی لەگەڵ خۆی دەهێنایە ژوورێ و کورد و مەرگەساتی پێکەوە گرێ دەدا.
ئەگەرچی تەمەنی ئەم بارەی دووەمیان هێندەی باری یەکەم نییە بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی کە کورد بەردەوام لە ئاستی سیاسیدا و لە فۆرمی ناکۆکی و نایەکگرتوویی و ناکامی و شکستدا بەرهەمی دەهێنێتەوە، دەرفەتێکی باشتر و شیاوتری بۆ هەڵکەوتووە کە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. بەم مانایە کورد لە دوو قۆڵی سیاسەتی پەتی و کرداری لە لایەک و هزرمەندیی کوردانە و پرسیارئاژنگکردنی مێنتاڵیتە و زەینییەتی کوردی لە لایەکی دیکە (ئەگەرچێ زۆر درەنگ و بە تێچووی زۆری مادی و مەعنەوی) خەریکە خۆی لە پانتایی واقیع و مێژوودا مانیفێست دەکات. هەر کام لەو دوو بار و گۆشەنیگایانە دەشێت بە جیا هەڵگری جۆرێک ناسنامە و هاوکات هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەرمەبەستی خۆیان بدەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە وەک چۆن جۆرە ناکامی و شکستێک لە بار و گۆشەنیگای یەکەمدا هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو بار و گۆشەنیگای سەرکێش و یاخییە بنەماییە بوو، دابڕان و یەکنەگرتنیشیان لە کاتی ئێستەدا هەر بەرهەمهێنەری مێژوویەک لە ژان و ئازار و ناکامییە، لانیکەم ئەگەریش بەرهەمهێنەر بە مانا پڕەکەی نەبێت ئەوا بەبیرهێنەری ئەو کەشە کوشندە و سامناکەی کە یادەوەریی کورد وەکوو برینێکی ساڕێژنەبوو کە بە ئاسانی دێتە و ژان و دەکولێتەوە یادی دەکاتەوە، هەڵبەت ئەم یادکردنەوە جەستەیی و ڕۆحییە بەڕادەیەک یاریی سیاسی و پۆپۆلیستیشی پێ کراوە کە وردەوردە خەریکە بیری بچێتەوە کە برین و زامێکێ شوناسسازە و جەخار وەکوو بەشێک لە جەستە و ڕۆحی خۆی قبووڵی کردووە و لەگەڵی ڕاهاتووە.
هیچ شتێک بۆ نەتەوەیەک یان هەر گرووپێکی شوناسمەند لەوە کوشندەتر نییە کە بەڵا و ئازارەکانی خۆی وەکوو قەدەرێکی حەتمی و لانەدراو قبووڵ کات و لەگەڵ خۆی هەڵیگرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمە کوشتنی ڕؤحی ئیرادەگەری و کردارنواندنە هۆکاری توانەوەیە لە ناو ئازار و یەکگرتن لە گەڵ ڕەنج و نەهامەتی و بەشێوەیەک لە شێوەکان چێژبین لە ئازار، کە خۆی نەخۆشییەکی دەروونییە و دەشێت ئاستێکی دەستەجەمعی و گشتیشێ بۆ قایل بین. وەکوو لە سەرەوە وتم یەکنەگرتن یان هاوتەریبنەبوونی ئەم دوو بار و گۆشەنیگایە هۆکاری بەرهەمهێنانەوە یان بەبیرهێنانەوەی ئەو ئازار و ژانە جەمعییانەیە بەو فۆرم و ڕیتمەی سەرەوە کە باسم کرد. لە حاڵی حازردا گۆشەنیگای دووەم کە میتۆدێکی رەخنەگرانەی مەعریفی و فەلسەفیی لە ئاستی زمان و سوبژیکتیڤیتەی خۆی پێرەو دەکات، ڕەتکەرەوەی بەشی زۆری ئەو بار و گۆشەنیگایەی یەکەمە کە برینێکی بەچێژکراو و کوشندەیان بەرهەم هێناوە، بۆیە سەرکێشییەکەی و ڕەخنەگەرییەکەی دژی کۆی ئەو توخم و جومگە و هۆکارانەی کە بار و سەرنجی یەکەم تێیدا دنیای کوردیان خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕادیکاڵتر و سەرکێشانەتر دەبێت.
دیارە نیازپاکییەک کە لەم گۆشەنیگایەی دووەمدا هەیە بۆ ئەوەیە کە کۆی بوونی کورد کە سیاسەت یەکێک و دەکرێت بڵێین گرینگترین یاری و کایەی بووە لە درێژایی سەدەی بیستەمدا بخوێنێتەوە و هەڵیسەنگێنێت نەک تەنها کورد وەکوو قەوارەیەکی سیاسی یان بوونێکی سیاسیی گریمانەکراوی جیهانگیر وەکوو مرۆڤ، ڕەنگە لادانی گۆشەنیگای دووهەم لە ڕێڕەوی یەکەم و هەڵبژاردنی ڕێڕەو و توناوتوون و سەردابی جۆراوجۆر وەکوو وتم بۆ ئەو هەستە لە ناکامی و ناکۆکی بگەڕێتەوە کە لە ماوەی نیو سەدە زیاتر هەر وەکوو نیشانەکانی ناتەندروستییەکی دەستەجەمعیی مێژوویی گەڕاوەتەوە و هەر جارە و جێبرین و زامەکەی کولاندووەتەوە و دیسان هەتوانی کاتی و دیسان کولانەوە و دیسان و دیسان و دیسان، ئێستە هەر دوو قۆڵەکەی ئەم دوو بار و گۆشەنیگایە ئیشێ خۆیان دەکەن، ئەوەی دووەمیان بە هزرمەندیی ڕەخنەگرانە و مەعریفی دەیەوێت ئەوەی دووەم بهێنێتە سەر ڕێڕەوێک کە پێگەی مرۆڤی کورد وەکوو مرۆڤ و دواتر وەکوو نەتەوەیەکی برینداری ژینۆسایدکراو لە فۆرمی ململانێی ئایدۆلۆژیی بەرتەسکی جۆراوجۆر دەربهێنێت و دوای تەلیسمی ئەم نهێنییە بکەوێت کە بۆچی کوردستان ئاسمان و زەمینەکەی دوای نیو سەدەی خەبات هەر شوێنێ تەڕاتێنی فڕۆکە و هاژەک(مووشەک) و سەرباز و جەندرمەی داگیرکەرن؟ بۆچی میدیا و کتێب و ڕۆژنامە و کەلتووری گشتەکی و ڕەشۆکی کوردی(نەک بە مانا ڕەهاکەی بەڵام بەداخەوە لە ئاستێکی بەربڵاودا) لە هەمبەر خۆی و ناوەرۆکە کولتوورییەکانییەوە بە شانازییەکی کەمەوە دەردەکەوێت، بەڵام لە ئاستی ناوەرۆکە کولتووری و ئەدەبی و مەعریفی و تەنانەت شێوەژیانی ئەویدیی کورد واتە ئەویدیی داگیرکەر و باڵادەست، ملکەچ و بەرکارە و باسکردن لە شوناسی خۆی لە ئاست ئەویدیدا وەکوو شەرمێکی لارەمل و نا پێشکەوتوویی باس دەکات؟
بۆچێ سەرسووڕمان و وەکوو دەڵێن”موعجیببوون” بە فارس و تورک و عەرەب پێشکەوتنی کولتوورییە و باسکردن لە کولتوور و شوناسی برینداری خۆمان شەرمە؟ بۆچی ئەوەی یەکەمیان جیهانگیری و سنوورنەناسیی و ئەوەی دووەمیان بەرتەسکبینی و سنووردارێتییە؟ ئەم پرسیارانە دەکرێت بە شێواز و فۆرمی دیکە و بە ناوەرۆکی دیکەوە دابڕێژینەوە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا و لە سۆنگەی فەلسەفییەوە هەر هەمان هاوکێشەی “ئەویدیپەرستی” و “خۆبێزی”، واتە ستایشی ئەویدی و شەرمکردن لە شوناسی خود دەخاتەوە بەردەممان؟ گرینگە ئەمەمان لە بیر بێت هەر وەکوو لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا کە ئەمە فەزای زاڵ و باوە و بەو مانایە نییە شانە نوستوو یان بێدارەکانی ڕۆحی شوناسمەندانەی کوردی چالاک نییە و خۆی مانیفێست نەکردووە و ناکات، دیار ئێمە دەتوانین هەر لە سەدەی بیستەمەوە تا ئێستە ناوی سەدان ویژدان و مێنتاڵیتەی بەرز و خاوەنشکۆی کوردانە ڕیز بکەین و ئەمە پشتڕاست کەینەوە کە کورد چ ڕۆحێکی سەرکێش و خۆستایشئامێزی لە خۆی نومایش کردووە، بەڵام بابەت و مەبەستەکەی من زیاتر پانتای گشتی و بەشێکیش کزبوونی ئەو ڕۆحە مێژووییەیە.
پەیوەست بە پانتا گشتییەکەی دەشێت بە ئاڕاستەی پشتڕاستکردنەوەی ئەو باسەی “ئەویدیپەرستی” بپرسین بۆچی ئێستە لەباتی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و نالی و پیرەمێرد و عەلیمەردان و خودادعەلی و سەدان ڕۆحی بەرز و ڕەسەنی کوردی، “ئیعجاب” و حەپەسان بۆ حافیز و سەعدی و شەجەریان و تەنانەت دزەهونەرمەندێکی وەکوو حەمید هیراد و کێ و کێی دیکە دەبینین؟ بۆچی شاخی گۆیژە و سەرچنار و دەربەندی ڕانیە و گەلی عەلی بەگ بەها و نرخیان لە شیمالی ئێران و تەبرێز و بەغدا و ئەنقەرە کەمترە؟ دەتوانین پێڕستێک لەم پرسیارانە بنوسین و پێش ئەوەی گوزارەیەکی ڕەهای دیار و پێشوەختیش بێت تەنها بە مەبەستی ڕاگۆڕێنەوە و موناقەشەکردن دایانڕێژین. هەر ڕێژە و هەر جۆرە پرسیارانێک لەم فۆرمەدا داڕێژین ئەو دوو ڕێگایەمان دەخاتە بەردەم کە لە سەرەوە لە ژێر ناوی دوو “بار” یان گۆشەنیگا و سەرنج باسم کرد، واتە یان سیاسەتکردنی ئێمە وەکوو کورد بەڕادەیەک کەموکوڕیی و هەڵەی تێدا بووە ئێستە هەڵەبجەییەک ئارەزووی ڕابردووی کارەساتاویی بخوازێت یان ڕەوتی بوونگەرایی ئاوەزمەندانە و ڕەخنەگرانەی کوردی جارێ ماویەتی ببێت بە سەرچاوەی کاریگەریی و کۆمەڵگاسازیی و شوناسڕۆنان و لە سەرەتای ڕێگا و پرۆژەکانێتی.
هەڵبەت باسکردن لەم دوو ڕەوت و ڕێگایە قەت بە مانای ئەوە نییە ئێمە ئەم دوالیزم و دووانەگەرێتییەمان وەکوو زەینییەتێکی دووجەمسەریی باو کە تا ئێستە بۆ ئێمەی کورد سەرچاوەی نەهامەتیی زۆر بووە بە تەواوەتی لا پەسند بێت و شوێندۆزیی بۆ نیگا و ڕێگا و هەواری دیکە نەکەین. بەڵکوو دەشێت ئێمە بەدوای ڕێگا و توناوتوونی ئاڵۆز بەڵام قەدبڕ و ڕزگارکەردا بین. پێدەچێت یەکێک لەم ڕێگا و بژاردە سێهەمینانە تێکەڵەی سیاسەتمەندییەکی کوردانە و بوونگەراییەکی ئاوەزمەندانە بێت، ڕەوت و تێكەڵەیەک کە تا ئێستە نیشانەکانی دەرنەکەوتوون بەڵام لە مێژووی گەلانی دیکەدا هەبوون و بەشێک ڕزگاریشی بەدوای خۆیدا هێناوە.