دوو زاراوە هەتا بڵێیت هەڵگری مانای فەلسەفیی و دینی كە بریتین لە ئازادیی و ئەخلاق. ئەم دوو زاراوەیە مرۆڤبوونی مرۆڤ دەخوڵقێنن. دەمویست لەسەر ئازادیی و ئەخلاق قسە بكەم بە هۆی ئەم دۆخەی كە دەخوڵقێنرێت. هەڵبەت پانتایی ئەخلاق و ئازادی وەك فراوانی ئاسمان وایە. دەبێت چۆن لە چییەتی ئەم دوو زاراوەیە تێبگەین؟ مرۆڤ تاكە بوونەوەرە كە خاوەنی ئەخلاق بێت و لە هەمان دۆخیشدا مامەڵەی نائەخلاقی بكات.
ئازادی تاكە نیعمەتی مرۆڤبوون و ئەركگەرایی مرۆڤە. واتە ئەگەر ئازادی نەبێت ئەرك هیچ مانایەكی نییە. ئەركی یەزدانیی و ئەركی ئینسانی لە پرشنگی ئازادیدایە كە مانای هەیە. ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت لە دەروون و لە دەرەوەشدا، ئەوە ئەرك نە یەزدانییە نە ئینسانی.
هیچ شتێك بەهای ئازادی مرۆڤی نییە مەگەر خوێنڕشتی نەبێت. كاتێك كە ئازادی هەبوو، ئەوە مانای وایە مرۆڤ خاوەنی ویست و هەڵبژاردنە. مرۆڤ تاكە بوونەوەرێكە كە هەموو توانای دەخاتە گەڕ تەنیا بۆ ئەوەی لە دەرووندا ئازاد بێت. جا لەبەر ئەوەی هەموو ئەم ئاپۆڕاو ژاوەژاوەی ئەمڕۆ كە هەیە و دەبینرێت هەمووی لەپێناو ئازادی دەروونی مرۆڤدایە. هەروەها نەبوونی ئەخلاقیش ئەوە دەهێنێتە ئاراوە كە خوێنی مرۆڤ بڕێژن بەبێ هیچ تاوان و گوناهێك. ئەگەر ئەخلاق و ئازادی هەبن ئەوە مرۆڤ دەتوانێت ببێتە بوونەوەرێكی مەزن و پەرە بە ئەقڵانییەتی خۆی بدات. بەڵام ئەگەر ئازادیی و ئەخلاق نەبێت، ئەوە جگە لە خوێنڕێژی هیچ شتێكی دیكە بەدی ناكرێت. دەمویست لەسەر ئەخلاقی ڕێژەیی و ئەخلاقی ڕەها یاخود ئەخلاقی جیهانشمولی قسە بكەم. ئەخلاقی ڕێژەیی لە دەروونی بوونەوەرێكی وەكوو مرۆڤدایە. واتە باشە و خراپەی ڕێژەیی. مرۆڤ هەر كارێك كە ئەنجامی دەدات ئەوە دەبێت بە ئەقڵ و فكری خۆی بە فلتەری تەرازووی ئەخلاقیدا تێپەڕ بكات. واتە دەبێت لاسەنگی تەرازووی ئەخلاقی دەروونی مرۆڤ لە یەك ئاستدا بن. ئەمەیش مەعریفەیەكی چاك ئەم كارە دەكات. دۆخی نائەخلاقی ئەمڕۆ كە دەبینرێت هیچ شتێكی بە فلتەری تەرازووی ئەقڵدا تێنەپەڕیوە. ئەگەر تێپەڕی كردبا ئەوە نە مرۆڤ خوێنی دەڕێژرا نە نائەخلاقیش بوونی هەبوو. بەڵام وەك ئەخلاقی ڕێژەیی هەتا مرۆڤ بوونی هەیە ئەوە باشە و خراپەیش بوونی هەیە، چونكە تەنیا مرۆڤە كە لە ئەخلاق تێدەگات. ئەخلاقی جیهانشمولی وەك ئەخلاقی ڕێژەیی نییە. چونكە تەرازووی ئەخلاقی جیهانشمولی لاسەنگی وەك یەك وایە. هەر چی بكەیت چ باشە و چ خراپە لە پناتایی ئەخلاقی جیهانشمولیدا ئەوە هەر ئەوە وەردەگریتەوە.
ئەمڕۆ كە ئەو دۆخە نائەخلاقییە دەبینرێت لە ئەخلاقی جیهانشمولیدا قەبووڵكراو نییە. نەك تەنیا لە ئەخلاقی جیهانشمولیدا بەڵكوو لە ئەخلاقی ڕێژەگەرایی مرۆڤیشدا پەسەندكراو نییە. دەمویست ئەوە بڵێم كە: چی بنێژیت لەم جیهانەدا هەر بە داسی ڕۆژگار ئەوە دروێنە دەكەیت. ئەمڕۆ ئەگەر من لەگەڵ تۆ خراپ بم، ئەوە لە ئەخلاقی جیهانشمولیدا بەیانی یەكێكی دیكە دێت و لەگەڵ من هەمان خراپە دەكات. واتە تەرازووی ئەخلاقی جیهانشموولی ناداپەروەری قەبوڵ ناكات.
زاراوەی سیاسەت ئەگەر بتەوێ مانای ڕاستەقینەی بزانیت ئەوە بریتییە لە: ڕێكخستنی كاروبار. ئیدی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دینی…ھتد. ئەمەیش لەو دۆخەدا ئەم ڕێكخستنە دەكرێت كە سیاسەتمەدار خاوەنی ئەخلاق و شەرع بێت. ناكرێت بەبێ ئەخلاق سیاسەت و ڕێكخستن مانای هەبێت و هەمووانیش مافی خۆیان پارێزراو بن. تاكە سیاسەتێك مانای هەیە كە ئاوێتە كرابێت بە ئەخلاق و شەرعەوە. بەم شێوەیە هەمووان دەتوانن ئازاد بن و بگەنە مافی خۆیان.
سیاسەتێك ئەخلاقی تێدا نەبێت سەرەنجامەكەی ڕووخانە. ئەم ڕوخانەیش لە ئەخلاقی جیهانشمولیدا دەبینرێت. مرۆڤ ئەگەر بنەمای كاروبارەكانی ئەخلاق نەبێت ئەوە دڵنیایە لە دۆخی ئەخلاقی جیهان شمولیدا دەڕووخێت. وەها سیاسەتێكی وەك ئەمڕۆ كە لە هەموو جیهاندا دەبینرێت و ئاوێتەی ئەخلاق و شەرع نییە، ئەوە جگە لە ڕشتنی خوێنی مرۆڤ هیچ شتێكی دیكە نییە.
ئـــــەخـــــلاق جوانترین زاراوە بۆ مانەوەی مرۆڤبوونی مرۆڤ.
ســــیـــاســـەت باشترین ڕێكخستن بۆ هێشتنەوەی مافی هەمووان.
ئــــــازادی تاكە بەهای مرۆڤ كە دەتوانێت ئەركی یەزدانیی و ئینسانی دیاری بكات. ئەمەیش لەو دۆخەدایە كە مرۆڤ ئەقڵی بەكار بهێنێت.