پێده‌چێت ئێوه‌ش به‌چیرۆكه‌كانى “واڵت دیزنى” ئاشنا بن، به‌سه‌رهاتی یه‌كێك له چیرۆكه‌كانی به‌ناوى “جوانیی نوستوو”ه، ڕه‌نگه فیلم كارتۆنه‌كه‌یشتان دیبێت كه زۆر جار په‌خش ده‌كرێت. به‌سه‌ر هاته‌كه به‌م چەشنەیە؛ كیژێك له دایك ده‌بێت و پاشان پێشبینی ده‌كه‌ن كه ده‌رزییه‌ك ده‌چێت به ده‌ستیدا و دواتر ئه‌و شۆخه ده‌چێته خه‌وێكی درێژه‌وه، به‌پێى ئه‌م پێشبینییه، كیژه‌كه له خه‌ودا ده‌مێنێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی شازاده‌ى خه‌ونه‌كانى به ماچێك خه‌به‌ری ده‌كاته‌وه، به‌داخه‌وه به‌ته‌واوی ئه‌و چاودێرییانه‌ی دایك و باوكى له (جوانیی نوستوو)ى ده‌كه‌ن، دواجار ده‌رزی به‌خت ده‌چێت به ده‌ستیدا و ئه‌ویش ده‌چێته خه‌وێكی سارد و قووڵه‌وه، وه‌ك قاڵبه سه‌هۆڵێكی لێ دێت،. له‌دوای چه‌ندین ڕووداوی جۆراوجۆری پڕ له خرۆشان، شازاده‌ى خه‌ونه‌كانى به ماچێكی گه‌رم و لێوان‌لێو له عیشق و خۆشه‌ویستى، خەبەرى دەکاته‌وه و (جوانیی نووستوو)ى له‌و ژیانه سارد و بێ ڕۆحه، قوتار ده‌كات.
زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی مرۆڤ دروستیان ده‌كات، كۆكردنه‌وه‌ی په‌یامگه‌لێكن بۆ ژیانی هه‌موومان. من خانمێك ده‌ناسم هاوسه‌ره‌كه‌ی پیاوێكه له ڕوواڵه‌تدا كه‌سێكى زۆر نه‌خوازراوه، به‌ڵام من له‌ودا جوانی و به‌هاكان ده‌بینم، هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه ڕەنگه خۆی جوانی و بەهاکانی ده‌روونی خۆى نه‌بینێت. هه‌ر یه‌ك له ئێمه خاوه‌نى (جوانیی نووستوو)ین، به‌ڵام به‌هۆى بێئاگایى و نه‌بوونى په‌روه‌رده‌یه‌كى ته‌ندروست، جوانییه‌كانى ناخمان بوون به به‌رد و سه‌هۆڵ. له تاك به تاكی ئێمه‌دا جوانیی نوستوو هه‌یه. به‌ڵام پێویسته به ئاگایان بهێنینه‌وه. هه‌ر مرۆڤێك كه ئێوه به ناشیرین و خراپ وه‌سفى ده‌كه‌ن، گه‌ر به‌وردی لێی بڕوانن، جوانیى سه‌رنجڕاكێشى تێدا ده‌بینن، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌خت یاوه‌رمان بێت و به‌چاكی په‌روه‌رده بكرێین، واته دایك و باوكێكى میهره‌بان و به‌ئاگامان هه‌بێت و مامۆستایان، ڕێبه‌ران، ڕاهێنه‌ران و ڕۆشنبیرانمان دواڕۆژمان له‌به‌رچاو بگرن و به دروستى په‌روه‌رده‌مان بكه‌ن، ئه‌وا جوانییه‌كانمان ده‌دروشێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌ختیشمان نه‌بێت، هه‌رچه‌ند خاوه‌نى جوانی بین، به‌ڵام هه‌ر نووستوون، ته‌نیا شازاده‌یه‌ك به وردبینی و له ڕووی خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌توانێت جوانییه نووستووه‌كانمان به ئاگا بهنێته‌وه. له‌ڕاستیدا جوانیی نووستوو، كه‌سێك نییه جگه له خۆمان، ئه‌و شازاده‌یه‌ش باشتره هه‌ر خۆمان بین، باشتره چاوه‌ڕێى كه‌س نەکەین تا جوانییه‌كانمان به ئاگا بهنێه‌وه، گه‌ر كه‌سێك جوانیی نووستوومانى به‌ئاگا هێنایه‌وه ده‌ستی خۆش بێت. به‌ڵام باشتره و له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆمانه چاوه‌ڕوانی كه‌س نه‌بین. ئێوه‌ش پێویسته جوانیی نووستووی ده‌روونتان بدۆزنه‌و، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هۆیه‌ك ده‌رزیی ترس و ڕق و نه‌زانى جوانییه‌كانی ژیانتانی سارد و بێ ڕۆح كردووه و چوونه‌ته خه‌و، خۆتان ببنه شازاده‌ی ڕزگاركه‌ریان و له خه‌و ڕایان په‌ڕێنن. بێ گومان ده‌پرسن: چۆن؟ هه‌م سه‌خته و هه‌م ئاسان، سه‌خته گه‌ر نه‌زانین، ئاسانه گه‌ر بزانین. جوانیی نووستوو (له چیرۆكه‌كه‌ى واڵت دیزنى)دا چۆن خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه؟ به ماچێكی پڕ له خۆشه‌ویستیی عاشقه‌كه‌ى، سه‌هۆڵه‌كه‌ی ده‌توێته‌وه و خه‌به‌رى ده‌بێته‌وه و له مه‌رگ ڕزگارى ده‌بێت.
ئازیزان! خۆشه‌ویستی و ڕێز، جوانیی نووستووی مرۆڤ خه‌به‌ر ده‌كاته‌وه. “مه‌وله‌وی” بڕوای وابوو: “له خۆشه‌ویستیدا دڕكه‌كانیش ده‌بن به گوڵ” هه‌موو مرۆڤێك لانیكه‌م دوو ڕووی هه‌یه، ڕوویه‌كی بیركرنه‌وه و مه‌عنه‌وی و چاكه و جوانییه، دۆستایەتییه، لێبووردنە، تێگه‌یشتنه، خۆشه‌ویستییه. به‌پێچه‌وانه‌وه ڕوویه‌كی دیكه‌ی شه‌ڕ و وێرانكاریی و هه‌راسانكردن و دوژمنایه‌تییە. من و تۆ به ڕه‌فتاره‌كانمان ده‌توانین جوانیی نووستووی مرۆڤه‌كان خه‌به‌ر بكه‌ینه‌وه، كارێك بكه‌ین له‌گه‌ڵ خۆیان ئاشت ببنه‌وه و له‌گه‌ڵ من و تۆش ئاشت ببنه‌وه. هه‌ر بۆیه درووشمى ئێمه له (مه‌كته‌بی كه‌ماڵ) ئه‌مه‌یه كه ده‌ڵێین: “خۆتت خۆش بوێت، هه‌وڵ بده تا ئه‌وانى دیكه‌یش زیاتر خۆیانیان خۆش بوێت.” كاتێك مرۆڤ بتوانێت وه‌كوو ئه‌وه‌ى كه هه‌یه خۆى قبوڵ بكات، ڕێز له خۆی بگرێت و خۆی خۆش بوێت، ڕه‌وتاری وه‌كوو ئه‌و شازاده‌یە ده‌بێت كه به ماچێكی گه‌رم و ئاگرین و لێوان‌لێو له عیشق و خۆشەویستی، جوانیی نووستووى خۆشه‌ویسته‌كه‌ى خه‌به‌ر ده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له تواناكانى خۆت بده‌یت، هه‌ندێک جار زۆر جوان و میهره‌بانیت. له هه‌ندێك كات و شوێن، زۆر دڵنه‌رم و لێبورده و به‌ویژدانیت. ئاماده‌یت یارمه‌تى ئه‌وانى دیكه بده‌یت. له چ كاتێكدا هه‌ست به شادى و دۆخێكى وه‌ها ده‌كه‌یت؟ بێگومان ئه‌و كاته‌ی كه‌سێك کە په‌یوه‌ندییت له‌گه‌ڵ خۆت باشتر ده‌كات، یان خۆت په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ خۆت باشتر ده‌كه‌یت. ئایا ده‌كرێت من هه‌واڵێكی خۆش ببیستم و له كارێكدا سه‌ركه‌وتووبم و بدره‌وشێمه‌وه، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه له دڵمدا بێت؟ ئاخۆ ده‌كرێت؟ (نه‌خێر) هه‌ر كات من له‌گه‌ڵ خۆم ئاشت بم، ناتوانم له‌گه‌ڵ ئه‌وانى دیكه‌یش ئاشت نه‌بم. بۆ نموونه وابزانه له‌ترۆپكی توڕه‌ییدایت و ده‌ڵێیت: “پاره‌كه‌ی لێ ده‌ستێنم، قه‌بری باوكی ده‌ردەهێنم و ئه‌مه ده‌كه‌م و ئه‌وه ده‌كه‌م” له‌پڕ هه‌واڵێكی خۆشت پێ دەگات و دەڵێن: فڵان خۆشه‌ویستت له سه‌فه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه، فڵان كێشه‌ت چاره‌سه‌ر كراوه، حیسابه‌كه‌ت له فڵان بانك براوه‌ی ئوتۆمبێلێكه، ئه‌و كات هه‌ست به‌چى ده‌كه‌یت؟ خۆشحاڵ بێگومان ده‌بیت. به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵییه‌وه ده‌ڕۆیت له‌و هه‌واڵه خۆشه‌ی پێیان ڕاگه‌یاندویت چێژ وه‌ربگریت. ئه‌گه‌ر له‌و ساته‌دا لێت بپرسن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قه‌رزاره‌كه‌ت ده‌كه‌یت؟ ڕه‌نگه به‌زه‌وقه‌وه بڵێیت: “جارێ وازى لێ بهێنه.” بۆچى ئه‌و بابه‌ته فه‌رامۆش ده‌كه‌یت و تێی ده‌په‌ڕێنیت؟! خۆ تا ئه‌وساته زۆر تووڕه بوویت! چۆن به جارێک ئه‌و هه‌موو ڕقه‌ت دامركایه‌وه و بوویت بە کەسێکی دڵنه‌رم و لێبووردە؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕوونه: چونكه جوانیی نووستووت خه‌به‌ریبووه‌ته‌وه. هه‌ر كات جوانییه‌كانتان به‌ئاگا بێنه‌وه، ده‌بن به كه‌سێكى تر. به‌سۆزتر و لێبووردەتر ده‌بن. له ئایینه‌كاندا ئه‌م یاسایه له چه‌شنی (خوا – شه‌یتان)دا پێناسه كراوه و ده‌ڵێن: لایه‌نێك خودایه و لایه‌نێكیش شه‌یتانه، یه‌كێكیان چاكه و ئه‌وى دیكه‌یان خراپه. به‌هه‌ر چه‌شنێك پێت خۆشه و باوه‌ڕه‌كانت ڕێگه‌ت پێ ده‌ده‌ن، بیری لێی بکەوە، گرنگ ئه‌وه‌یه بزانیت هه‌میشه دیوێكی جوانت هه‌یه، بیناسه و بڕوات پێى هه‌بێت. له‌وانه‌یه ئه‌م جوانییانه ببینین و بڕواشمان پێیان هه‌بێت، به‌ڵام چاوه‌ڕێ بین كه‌سێكی دیكه بێت و خه‌به‌ریان بكاته‌وه. چۆن؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه وه‌سفمان بكه‌ن، پێمان بڵێن تۆ خۆشه‌ویستیت. بۆچی چاوه‌ڕوانی كه‌سانی دیكه بکەین؟ بۆچی خۆمان جوانییه‌كانى خۆمان خه‌به‌ر نه‌كه‌ینه‌وه و خۆمانمان خۆش نه‌وێت؟ بۆچی خۆمان ده‌ستی نه‌وازش به‌سه‌ر خۆماندا نه‌هێنین؟ بۆچى خۆمان په‌سه‌ند نه‌كه‌ین؟ بۆچى خۆمانمان خۆشنه‌وێت و ڕێز له خۆمان نه‌گه‌رین؟
ئه‌گه‌ر من چاوه‌ڕێ بم كه‌سێكی دیكه بێت جوانییه نووستووه‌كانم به‌ئاگا بهێنێته‌وه، پێده‌چێت ئه‌و كه‌سه بێت و له‌وانه‌یشه هه‌رگیز نه‌یه‌ت. بۆیه من ناتوانم چاوه‌ڕێ بم و ئه‌م كاره گرنگه به كه‌سانی دیكه بسپێرم. باشتر وایه به‌رپرسیارێتیى ژیانی خۆمان له ئه‌ستۆ بگرین و هه‌ر چۆنێک بێت كارێك بكه‌ین له‌گه‌ڵ خۆمان ئاشت بینه‌وه و به‌ئاشتی بژین. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی جوانییه نووستووه‌كانی ناخت به‌ئاگا دەهێنێته‌وه، كردار و ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی دروسته. هه‌ر كاتێک كارێكی دروست و جوانت ئه‌نجامدا، ڕژد و چرووك مه‌به، به خۆت مه‌ڵێ: “ئێستا كێ ئاگای لێیه ئه‌م كاره‌م كردووه؟” گریمان كه‌س نازانێت، هیچ نه‌بێت خۆت ده‌زانیت. له‌كاتێكى وەهادا جوانییه‌كانت به ئاگا دێنه‌وه، ئیتر بۆچى چاوه‌ڕوانیت ئه‌وانیتر پێت بڵێن كارێكی چاكت ئه‌نجام داوه؟ بۆچی خۆت خۆت په‌سه‌ند ناكه‌یت؟ چاكتره بایه‌خ و ڕێزی ده‌رفه‌ته‌كان بزانین تا له ده‌ستمان نه‌داون، كاری ئه‌رێنى و دروست ئه‌نجام بده‌ین. دێڕه شیعرێك هه‌یه ده‌ڵێت: “تا ده‌سه‌ڵاتت هه‌یه كارێك بكه، به‌رله‌وه‌ى وات لێ بێت كارێكت له‌ده‌ست نه‌یه‌ت.”
لێره‌دا چیرۆكێكتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه؛ ماوه‌یه‌ك له كۆمپانیایه‌ك كارم ده‌كرد، خاوه‌نه‌كه‌ی وانه‌ی ده‌روونناسیی فرۆشتنی پێ ده‌گوتین، له‌یه‌كێك له دانیشتنه‌كاندا نموونه‌یه‌كی له‌باره‌ی خۆی هێنایه‌وه، نازانم به‌ڕاستی بوو یان نا، به‌ڵام زۆر كاریگه‌ر بوو. ئه‌و ویستبووی فه‌رش به سینمایه‌ك بفرۆشێت، چووبوو به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ماكه قایل بكات فه‌رشه‌كانیان لێ بكڕێت، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌ماكه‌ش مه‌رجێكی هه‌بووه و گوتوویه‌تى: “به داشكاندنى 5% فه‌رشه‌كان ده‌كڕم” ئه‌ویش ڕۆیشتبووه لای خاوه‌نی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنی فه‌رش و مه‌رج و داواكه‌ی پێ ڕاگه‌یاندبوو، به‌ڵام ئاشكرابوو وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌رێنییه.
گوتبووى: “ئێمه داشكاندنمان نییه و نرخه‌كه‌شمان نه‌گۆڕه” ئه‌ویش گه‌ڕابووه‌وه لای به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌ماكه و پێی گوتبوو داشكاندنیان نییه، به‌ڵام ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌ى بۆ پێشنیار كردبوو و گوتبوى: “من له‌سه‌دا ده‌ی كۆمیسیۆنم هه‌یه، له سه‌دا پێنجى بۆ تۆ و له سه‌دا پێنجى بۆ من.” به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ماكه‌ش مرۆڤێكی هۆشیار ببوو و گوتبووی: “ئه‌گه‌ر له سه‌دا ده‌ی داشكاند بێت، ده‌یكڕم” خاوه‌ن كۆمپانیاكه كه ئه‌م ڕووداوه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه، گوتی: “شه‌وێك تا به‌یانی بیرم كرده‌وه بیفرۆشم یان نا؟ گوتم ئه‌گه‌ر بیفرۆشم پاره‌یه‌كم ده‌ست ناكه‌وێت. كه‌واته بۆچی خۆم بخه‌مه زه‌حمه‌ته‌وه؟ پاشان بیرم كرده‌وه، بینیم ئه‌گه‌ر بیفرۆشم، فرۆشی كۆمپانیاكه‌م هه‌ڵده‌كشێت، له هه‌مان كاتدا ده‌كه‌ومه پێش ڕكابه‌ره‌كانمه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مه ده‌بێته پێشینه‌یه‌ك بۆم، بۆبه‌یانی به به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی سینه‌ماكه‌م گوت: ئه‌مه ته‌واوی به‌ڵگه‌كانه، من له سه‌دا ده‌ی كۆمیسیۆنم هه‌یه، هه‌موویان وه‌كوو داشكاندن بۆ ئێوه هه‌ژمار ده‌كه‌م. ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندیی خۆی ده‌ربڕی كه فه‌رشه‌كان بكڕێت و فرۆشه‌كه‌ش ئه‌نجام درا.” له‌و سه‌رده‌م و ڕۆژگاره‌دا ئه‌وان كۆمپانیایه‌كی سه‌ركه‌وتوویان هه‌بوو، خاوه‌ن پشك و به‌ركه‌وتێكی كۆفرۆش بوون، به‌ڵام زۆرێك له فرۆشیاره ئاسایییه‌كان ئه‌م كاره‌یان نه‌كرد و هێشتا له ڕیزی فرۆشیاره لاوازه‌كاندان، چونكه نه‌یانده‌زانی جیاوازیی بچووك، ئه‌نجامى گه‌وره‌ى ده‌بێت.
هه‌موومان له ده‌روونماندا خاوه‌نى جوانیگه‌لێكین، ئه‌گه‌ر سه‌رنجیان لێ بده‌ین، ڕێگاكانی سه‌ركه‌وتنمان به‌دروستی و ئاسانی نیشان ده‌ده‌ن. هێنده به‌سه ئه‌م جوانییه ده‌روونییانه به‌ئاگا بهێنینه‌وه، جوانیی نووستوو كه به‌ئاگا هاته‌وه، ئیدی ناخه‌وێته‌وه. ڕێگاگه‌لێكی ئاسان هه‌ن، به یارمه‌تیی ئه‌وان ده‌توانیت جوانییه نووستووه‌كانى ناخت به‌ئاگا بهێنیته‌وه. بۆ نمه‌وونه، ده‌ستی خۆشه‌ویستی به‌سه‌ر مناڵێكدا بهێنه و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا خۆشه‌وستی بنوێنه و زه‌رده‌خه‌نه بكه‌ن، تا جوانییەکانت به گه‌شاوه‌ى بمێننه‌وه. تا ئێستا ڕوویداوه ماشینه‌كه‌تان له شه‌قامێكدا په‌نچه‌ر بووبێت؟ یان به‌نزینت لێ بڕابێت؟ په‌كی كه‌وتبێت؟ له دڵه‌وه پێت خۆش نییه ئوتۆمبێلێك بوه‌ستێت و یارمه‌تیت بدات؟ ئه‌گه‌ر یارمه‌تیت بدات زۆر سوپاسی ناكه‌یت؟ مرۆڤه‌كانی دیكه‌ش هه‌ر به‌و جۆره‌ن. حه‌ز ده‌كه‌ن سه‌رنجیان لێ بدرێت، به‌تایبه‌ت كاتێك تووشی كێشه‌كانی ژیان ده‌بن و پێویستیان به یارمه‌تى و سه‌رنجه. ئه‌گه‌ر جوانیی نووستوومان به‌ئاگا هێنابێت، ده‌توانین د‌رك به كێشه‌ى مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌رمان بكه‌ین و پاشان سه‌رنجیان بده‌ین و یارمه‌تییان بده‌ین. با به نموونه‌یه‌ك باسه‌كه ڕوونتر بكه‌مه‌وه:-
كاتێك ئێمه یه‌كه‌م منداڵمان بوو، له‌بار چوو. بۆ منداڵى دووه‌م له نه‌خۆشخانه لاى هاوسه‌ره‌كه‌م بووم، پیاسه‌م ده‌كرد و له ژووره‌كانی دیكه‌دا له منداڵه‌كانی دیكه‌م ده‌ڕوانی، چێژم ده‌برد له سه‌یركردنی منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كان، به خۆمم ده‌گوت: “سوپاس بۆ خوا جارێكی دیكه ده‌بینه‌وه به خاوه‌نی منداڵ.” له‌و كاته‌دا خێزانێكی قه‌ره‌باڵغ هاتن و له پشت شووشه‌ی ژووری چاودێریی منداڵانه‌وه ڕاوه‌ستان، یه‌كێكیان گوتى: “ئه‌وه مناڵه‌كه‌ی مسته‌فایه!” هه‌موویان به‌قوربان و به‌ساقه‌ى ده‌بوون و ده‌یانگوت: “ئه‌ی به‌قوربانت بم! چه‌نده جوانی!” یه‌كێكیان گوتی: “شێوه‌ى له دایكی ده‌چێت!” یه‌كێكى دیكه‌یان ده‌یگوت: “له باوكی ده‌چێت!” یه‌كێكى دیكه ده‌یگوت: “هه‌ر ده‌ڵێى مامیه‌تی!” به‌مجۆره سه‌رقاڵبوون تا یه‌كێك هات و پێی گوتن: “ئه‌و دانه‌ی دیكه منداڵی مسته‌فایه!” هه‌موویان ساواكه‌یان فه‌رامۆش كرد و به‌ساقه و به‌قووربانی ئه‌و منداڵه‌ى دیكه ده‌بوون، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌ویش منداڵی مسته‌فا نه‌بووه، ئینجا به‌قوربان و به‌ساقه‌ی منداڵی سێیه‌م ده‌بوون.. له‌م هه‌ست و حاڵه خۆشه‌دا بوون په‌رستارێك له پشتی شووشه‌وه هات و منداڵێكی نیشاندان و گوتی: “ئه‌مه منداڵه‌كه‌ى ئێوه‌یه!” هه‌موویان به‌ساقه و به‌قووربانی منداڵی چواره‌م ده‌بوون! بۆ چركه‌یه‌ك له‌به‌رخومه‌وه بیرم كرده‌وه و گوتم: “باشه ئێوه كه ده‌توانن به‌قوربان و به‌ساقه‌ی ئه‌م هه‌موو منداڵانه ببن، وای دابنێن هه‌موو ئه‌م منداڵانه، منداڵی مسته‌فای ئێوه‌یه! جیاوازیی چییه؟ ئه‌گه‌ر ده‌توانن هاوكارییان بكه‌ن!” هه‌موومان پێویسته هاوكار بین تا منداڵه‌كان ئاسووده بن، باشتره هه‌موو منداڵه‌كانمان خۆش بوێن. ئه‌ڵبه‌ت به‌رپرسیارێتی ئێمه له ئاستی منداڵه‌كانی خۆمان زیاتره. به‌ڵام كێشه چییه هه‌موو منداڵه‌كانمان خۆش بووێن؟! پێویسته هاوكاری منداڵه‌كانمان بكه‌ین تا گه‌شه بكه‌ن و به‌دروستى په‌روه‌رده ببن.
به‌تایبه‌ت له‌كرداردا نیشانیان بده‌ین ده‌توانین به‌خشنده و خۆشه‌ویست بین؛ له یادمان بێت ئه‌و خێزانه نه‌یانگوت: “ماده‌م ئه‌م منداڵه لووتی گه‌وره‌یه، خۆشمان ناوێت!” هه‌مویان ده‌یانگوت: “به‌قوربانی بم! منداڵه‌كه‌ی مسته‌فایه.” وه‌رن با خۆمان فێر بكه‌ین جوانییه نووستووه‌كانمان بە خه‌به‌ر بهێنینه‌وه. یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه زۆر جار زانیاری له‌سه‌ر جوانیی نووستوویی خۆی نییه، ئه‌گه‌ریش هه‌یشی بێت، به‌ئاگای ناهێنێته‌وه یان چاوەڕێیە كه‌سێكى دیكه بۆی خه‌به‌ر بكاته‌وه. هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌م پێ دا، زۆر كه‌س هه‌ن كه هه‌رگیز نازانن خاوه‌نی جوانیى نووستوون.
هاوسه‌ری ئه‌و پیاوه‌ى له سه‌ره‌تاوه باسم كرد كه بۆ ڕاوێژ هاتبووه لام, پێم گوت “جوانیی نووستووی مێرده‌كه‌ت به‌ئاگا بێنه” پرسیی: “چ جوانییه‌كى هه‌یه؟!” هه‌میشه ئازارى ده‌ده‌ن، تانه و ته‌شه‌رى لێ ده‌ده‌ن.” گوتم: “هاوسه‌ره‌كه‌ت جوانیى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه من ده‌یبینم.” ئه‌و خانمه‌ش هۆشمه‌ندانه له‌به‌رئه‌وه‌ی شاره‌زای جوانییه نووستووه‌كانی خۆی بوو، هه‌موو ڕۆژێك په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خۆی باشتر ده‌بوو. سوپاس بۆ خوا توانی هاوكاریی هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خۆی باشتر بێت. ئێستا چه‌ند ساڵێكه پێكه‌وه ده‌ژین و شه‌ڕ و ئاژاوه‌یان به ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌ی كه‌می گه‌یشتووه و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان به‌خۆشى ده‌ژین. ئه‌م هه‌موو گۆڕانه كتووپڕه كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌م خێزانه هه‌ڵ نه‌وه‌شێت، له خاڵێكی بچووك و ساده‌وه ده‌ستی پێ كرد: یه‌كێكیان هه‌وڵی دا جوانیی نووستووی به‌رانبه‌ره‌كه‌ى به‌ئاگا بهێنێته‌وه.
كه‌واته ئه‌ى ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی کە لەگەڵ یەکتر ناكۆكیتان هه‌یه، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌ك تەبا نین، كه‌سانێك كه له ناخی خۆتاندا نوقمى خه‌مۆكی بوون، ئەوانەی كه نائومێدن، ئه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ی وا بیر ده‌كه‌نه‌وه کە به بنبه‌ست گه‌یشتوون و ڕێگه‌یه‌كتان له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه: جوانییه نووستووه‌كانتان خەبەر بکەنەوە! گرفته‌كه ئه‌وه‌یه کە نازانیت كێیت، نازانی چیت و نازانی خاوه‌نى چ توانایه‌كى سه‌رنجڕاكێش و سه‌رسوڕهێنه‌ریت! ئه‌گه‌ر بزانیت كێیت و چیت، هۆكارێكت بۆ نائومێدی نامێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر جوانیی نووستووى خۆتت خه‌به‌ركرده‌وه، هەوڵ بدە هی ئه‌وانی دیكه‌ش به‌ئاگا بهێنه‌وه! هه‌وڵ بده به کرداری میهره‌بان و وته‌ی جوان، هه‌موو ڕۆژێك جوانیی نووستووی ئه‌وانى تر به‌ئاگا بهێنیته‌وه. ئێمه چ بمانه‌وێت و چ نه‌مانه‌وێت، له‌ژێر كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كداین كه تێیدا ده‌ژین. كه‌واته ئه‌گه‌ر شۆفێریت، به‌بێ هۆ هۆڕین لێ مه‌ده، به‌رده‌می كه‌س مه‌گره و ڕێز له مافی ئه‌وانی دیكه بگره، له كات و حاڵه‌ته دژوار و سه‌خته‌كاندا، میهره‌بان به و ئارامی نیشان بده! له‌یادمه شه‌وێكیان له تاران شۆفێریم ده‌كرد، دوو هۆڕینم لێ دا كه پێویستی نه‌ده‌كرد، به‌م كاره‌م ڕه‌نگه جوانیی كه‌سانی ترم خه‌واندبێت و توڕه‌م كردبن، نه‌ده‌بوو ئه‌و كاره‌م بكردایه، پێویسته ئیدی كارێكى له‌و شێوه‌یه دووباره نەكه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر ماشین لێ ده‌خوڕیت و كه‌سێك پێشت لێ ده‌گرێت، خێرا تووڕه مه‌به و په‌چه‌كردار نیشان مه‌ده، ئارامبه و به خۆت بڵێ: “كێشه نییه، ڕه‌نگه نه‌خۆشی پێ بێت، لەوانەیە په‌له‌ی بێت، بۆی هه‌یه ئه‌زموونی نه‌بێت، پێده‌چێت ئاگای له خۆی نه‌بێت..” یه‌كێك له‌و هۆڕینانه‌ی لێم دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو ترۆمبیلێک هاتبووه به‌رده‌مم، كه‌مێك له پێشتر هه‌ردووكمان له ترافیكێكدا له ته‌نیشت یه‌كه‌وه ڕاوه‌ستاین، به‌شۆفێره‌كه‌م گوت: “كاكه بۆچی ده‌ست ده‌شكێنیته سه‌ر خه‌ڵك؟ بۆچی خه‌ڵك تووڕه ده‌كه‌یت؟” گوتی: “من له كوێ ده‌ستم شكاندووه‌ته سه‌رت؟ هه‌ر له سایدی خۆم ده‌ڕۆم!” ئینجا تێگه‌شتم هه‌ر ئاگاى له خۆى نه‌بووه كه ده‌ستی شكاندووه‌ته سه‌رم و به‌رده‌می گرتووم. واته به ئه‌نقه‌ست نه‌بووه. ئه‌و له‌سه‌ر سایدى خۆى ڕۆیشتووه، به‌ڵام خراپ شۆفێریی كردووه، په‌شیمان بوومه‌وه كه بۆچی هۆڕینم لێ دا.
با كه‌میك ئارام بگرین و تاقه‌ت و حه‌وسه‌ڵه‌ى یه‌كدیمان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر لایه‌نێكمان له‌سه‌رخۆ بێت، دۆخه‌كه ئارام ده‌بێت. ژیانی هاوسه‌ریش هه‌ر به‌م چه‌شنه‌یه، هه‌موومان چاوه‌ڕێین هاوسه‌ره‌كانمان كۆڵ بده‌ن و قسه‌كانمان به‌هه‌ند وه‌ربگرن، نا ئازیزانم! ئه‌م ڕه‌فتارانه هیچ سوودێكیان نییه، گریمان ڕاى خۆتت به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رانبه‌رتدا سه‌پاند، به‌ڵام لێره‌وه كێشه‌كان سه‌ر هه‌ڵ ده‌ده‌ن. هونه‌ری من و تۆ له‌وه‌دایه جوانیی نووستووی خۆمان و ئه‌وانی دیكه خه‌به‌ر بكه‌ینه‌وه. ئێستا منداڵه‌كه‌ت كه له پێشچاوته جوانیی نووستووی به‌ئاگا بێنه، به‌خۆشه‌ویستییه‌وه پێی بڵێ: چ نرخ و به‌هایه‌كى هه‌یه، پێی بڵێ كه خۆشت ده‌وێت.
كاكی به‌ڕێز؛ چاوله‌ڕێ مه‌به تا خانمه‌كه‌ت خۆى هه‌ست به‌وه بكات کە خۆشت ده‌وێت، بۆى ده‌رببڕه و پێی بڵێ: “خۆشم ده‌وێیت” خۆ ئه‌گه‌ر وا بڵێین مرواری له ده‌ممان ناڕژێت! هه‌رچه‌ند وشه‌ی سۆزئامێز بدركێنیت خۆشحاڵ ده‌بێت و له‌و كاته‌دا وته‌كانت له مرواری گرانبه‌هاتر ده‌بن. خانمی ئازیز! تۆش به‌هاوسه‌ره‌كه‌ت بڵێ خۆشت ده‌وێت، پێی بڵێ و بۆى ده‌رببڕه كه پیاوێكی به‌نرخه، حیساب بۆ تواناكانی ده‌كه‌یت. ئه‌گه‌ر ده‌ڵێیت: “واى پێ بڵێم له خۆى بایی ده‌بێت” قه‌یدى چییه، گه‌ر وا ده‌رچوو جارێكى دیكه مه‌یڵێ! كلیلی ئه‌م ڕه‌فتاره به ده‌ست تۆیه، چ عه‌یبێكی هه‌یه له خۆى بایى بێت؟! زۆرن ئه‌وانه‌ی له خۆیان بایین و سنوورى من و تۆش له‌به‌رچاو ناگرن و ناشتوانین له ئاستیاندا هیچ بكه‌ین، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ت كه‌سێكی ئازیز و خۆشه‌ویسته، چاره‌نووسی به تۆوه گرێدراوه، له‌م حاڵه‌تانه‌دا باشتره ئه‌م دێڕه شیعره‌مان له‌یاد بێت كه ده‌ڵێت: “به خۆڕاگری کە ده‌توانین سته‌می دووژمن بچێژین، بۆچ سه‌بوور نه‌بین زووڵمی یار نەکێشین؟” له ئاست یه‌كدیدا سه‌بر و خۆڕاگریتان هه‌بێت و میهره‌بان بن، با ڕه‌فتاره جوانه‌كان هه‌ڵبژێرین و كارێك بكه‌ین خێزانەكه‌مان، كۆمپانیاكه‌مان، شاره‌كه‌مان، وڵاته‌كه‌مان و دنیاش ببێته ناوه‌ندێك، كه جوانیی هیچ كه‌سێك نه‌چێته خه‌و تا ناچار نه‌بین به‌ئاگای بهێنینه‌وه. با ده‌رزی و سوزنه‌كانی ترس و دوودڵی و خۆبه‌كه‌مزانین له‌ناوه‌ندی ژیان و كاره‌كانمان بسڕینه‌ووه، سووزنه‌كانی وه‌ك: تۆ نا‌توانیت، تۆ لێوه‌شاوه‌نیت، تۆ هیچ نیت و به‌هیچیش نابیت، تۆ بێ عەقڵیت، تۆ كورته‌باڵایت، قه‌ڵه‌ویت، لاوازیت، لادێیت… هه‌موویان بسڕینه‌وه! ناوه‌ند و ژینگه‌یه‌ك لێوان‌لێو له عیشق و خۆشه‌ویستى و بنیادنان و به‌رهه‌مهێنان بۆ خۆمان و خێزانه‌كانمان و هه‌موو مرۆڤه‌كانی دیكه فه‌راهه‌م بكه‌ین، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌م ساده‌یییه ده‌كرێت كه گوتمان.
زۆربه‌ی “جوانییه‌كانمان” به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی نادروست و بێ ئاگاییه‌وه نووستوون، پێویسته به په‌روه‌رده‌ی دروست و به زانیاریی دروست، جوانییه‌كان به‌ئاگا بهێنینه‌وه، تا دنیامان ببێته دنیایه‌كی باشتر.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف