خولیای خەڵک بۆ تەماشاکردنی چیرۆکی سیخوڕی لە سینەمادا پەیوەستە بە ململانێ و جەنگە نێودەوڵەتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. لە سەردەمی ئەم ململانێیانەدا ڕۆڵی سیخوڕان دەردەکەوێت کە لەلایەنێکی – بەرە – شەڕکەرەوە دەگوازرێنەوە بۆ لایەنێکی تر و ئەنجامی جەنگەکانیش پەیوەستە بەوانەوە، ئەم کەسانە چ پیاون بن یان ژن دەبێت پیتۆڵ و سەرنجڕاکێش بن، هاوڕێ لەگەڵ ئەوە پێویستە لە ژیانێکی تەمومژاوی یان با بڵێین ژیانێکی بولێڵدا بژین ئەمەش خەڵک هان دەدات پتر بەدوایاندا بگەڕێن و بەدوای ناسینیاندا مژۆڵ بن. ئەگەر جەنگی یەکەمی جیهانی نەبوایە ئەوا کەسایەتییەکی ئەفسانەیی لە مۆدێلی خانمە سیخوڕی هۆڵەندی (ماتا هاری – Mata Hari) دەرنەدەکەوت، کە تا ئێستا چیرۆکێکی ئیلهامبەخشە بۆ نووسەران و فیلمسازان و جاروبار دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کتێبی نوێمان لەمەڕ ژیان ئەو دەخەنە بەر دەست کە نوێترینیان [تا نووسینی ئەم کتێبە] کتێبی نووسەری فەرەنسی “ژان پاکس مێرڤۆی” کە تێیدا دەڵێت ” هێشتا مێژوو قسەی خۆی سەبارەت بە هەموو نهێنییەکان نەکردووە، لەوەتەی لە (۱٥ – ۱۰ – ۱۹۱۷) لە سێدارە دراوە تا ئێستاش دۆسییەی ئەم خانمە بە ونی ماوەتەوە “.
بەدرێژایی ماوەی زەمەنی نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، سینەما چەندین ڕۆمانی پێشکەش کرد – چەندین ڕۆمانی کردە فیلم – کە ڕووداوەکانی لەدەوری جەنگی گەورەدا دەسوڕانەوە وەک فیلمی (۳۹ هەنگاو – The 39 Steps) کە لە ساڵی (۱۹۳٥) دەرهێنەری ئینگلیزی (ئەلفرێد هیچکۆک – Alfred Hitchcock) کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، بەڵام جەنگی دووەمی جیهانی چیرۆکی سەرنجڕاکێشتری بە کەشێکی ڕۆمانسی بەرهەمهێنا وەک فیلمەکانی (من سیخوڕ بووم – I Was a Spy) ساڵی (۱۹۳۳) لە دەرهێنانی (ڤیکتۆر ساڤیل – Victor Saville)، (سیخوڕێکی جلوبەرگ ڕەش – The Spy in Black) ساڵی (۱۹۳۹) لە دەرهێنانی (مایکڵ پاوڵ – Michael Powell)، (هەواڵگری بەریتانیا – British Intelligence) ساڵی (۱۹۳۹) لە دەرهێنانی (تێری ئۆو. مۆرس – Terry O. Morse) و چەندانی فیلمی بەناوبانگی دیکە، هەڵبەتە ئەم فیلمانە سینەما پتر لە جارێک کاری لەسەر کردوون، واتە دەرهێنانیان لە ساڵانی دواتردا پاتە بووەتەوە، وەک فیلمەکەی هیچکۆک کە لەسەرەوە ناوم هێنا، ئەمە جگە لە فیلمەکانی دیکەی وەک (خانمەکە ون دەبێت – The Lady Vanishes) ساڵی (۱۹۳۸) لە دەرهێنانی (ئەلفرێد هیچکۆک). سینەماکاران چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانیان نەکرد، لەبەرئەوە فیلمە سیخوڕییەکان کە لە سەروەختی جەنگدا دەرکەوتن بەرەیەکی تر بوون بۆ جەنگ بۆنمونە وەک فیلمەکانی (کازابلانکا – Casablanca) ساڵی (۱۹٤۲) لە دەرهێنانی (مایکڵ کورتیز – Michael Curtiz)، (پیلانگێڕەکان – The Conspirators) ساڵی (۱۹٤٤) لە دەرهێنانی (جان نیگلسکۆ – Jean Negulesco)، (هاتبوون بۆ تەقاندنەوەی ئەمریکا – They Came to Blow Up America) ساڵی (۱۹٤۳) لە دەرهێنانی (ئێدوارد لۆدڤیگ – Edward Ludwig)، (پەیامنێری بەرلین – Berlin Correspondent) ساڵی (۱۹٤۲) لە دەرهێنانی (یوجین فۆرد – Eugene Forde)، …هتد.
بە چەند ساڵێکی کەم پاش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی فیلمگەلێکی نوێ لە گۆڕەپانەکەدا دەستیان بە دەرکەوتن کرد، کە فیلم بوون دەربارەی سیخوڕی لە نێوان سەربازگەکانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات و هەروەها دەستپێکی جەنگی سارد لە نێوان دوو زلهێزە گەورەکەدا و ئەم جەنگە بۆ ماوەیەک درێژەی کێشا، لەم سەروبەندەدا و لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا چەندین فیلم بەرهەمهێنران لەوانە (هاوسەرگیریم لەگەڵ کۆمۆنیستێکدا کرد – I Married a Communist) ساڵی (۱۹٤۹) لە دەرهێنانی (ڕۆبەرت ستیڤنسن – Robert Stevenson)، (کۆمۆنیستێک بووم بۆ FBI – I Was a Communist for the FBI) ساڵی (۱۹٥۱) لە دەرهێنانی (گۆردن دۆگلاس – Gordon Douglas)، (سیخوڕێکی ئەمریکی بووم – I Was an American Spy) ساڵی (۱۹٥۱) لە دەرهێنانی (لێزلی سالاندەر – Lesley Selander). فیلمه سیخوڕییەکان کارێکی – بەرهەمێکی – پەراوێزی پڕ لە نهێنی نەبوون بەڵکو دەرهێنەرە مەزنەکانی وەک (ئێرنست لوبیچ – Ernst Lubitsch) فیلمی کۆمیدییان دروست دەکرد وەک فیلمی (ببم یان نەبم – To Be or Not to Be) ساڵی (۱۹٤۲) و هەروەها دەرکەوتنی ئەکتەری کۆمیدی بەناوبانگی بەریتانی – ئەمریکی (بۆب هۆپ – Bob Hope) لە چەندین فیلمیدا.
فیلمە سیخوڕییەکان لە ساڵانی جەنگی سارد دا بە شێوەیەکی بێوێنە گەشەیان کرد، بە تایبەتی دوای سەرکەوتنی زنجیرە فیلمی “جەیمس بۆند” کە دەیان سیخوڕی لە سەرانسەری جیهاندا بەرهەمهێنا، لە ئیتالیا (جەیمس تۆنت – James Tont) و (S.O.S)، لە ئەمریکا کارەکتەری سیخۆڕ (فلينت – Flint) لە نواندنی “جەیمس کۆبرن”، هەر لە ئەمریکا کارەکتەری سیخۆڕی (مات هیڵم – Matt Helm) لە نواندنی (دین مارتن) و کارەکتەری سیخۆڕ (U.N.C.L.E) کە هەریەکە لە “ڕۆبەرت ڤۆن و دەیڤد ماککالوم” بەرجەستەیان کرد، هەروەک دەرکەوتنی ئەکتەری سیخوڕ “مارسێلۆ ماسترۆیانی لە ڕۆڵی مارسێلۆ پۆلیتی” لە فیلمی (قوربانی دەیەم – The 10th Victim) ساڵی (۱۹٦٥) لە ئیتالیا، لە بەریتانیاش ئەکتەری سیخوری “هاری پاڵمەر” کە ئەکتەری ناودار “مایکڵ کەین” لە چەندین فیلمدا بەرجەستەی کردووە. سەرەڕای ئەوەش فیلمی جیاجیا دەربارەی سیخوڕی دەرکەوتن کە دەرهێنەرە گەورەکان کاری دەرهێنانیان بۆ ئەنجامدان و ئەستێرە دیارەکانی وەک “ڕیچارد بورتۆن” بەرجەستەی کرد لە فیلمی (ئەو سیخوڕەی لەنێو سەرماوسۆڵەوە هات – The Spy Who Came in from the Cold) ساڵی (۱۹٦٥)، هەروەها ئەکتەری ئەمریکی “کاری گرانت” لە پێنج فیلمی سیخوڕیدا لەوانە (North by Northwest) ساڵی (۱۹٥۹)، ئەکتەری ئینگلیزی “دریک بۆگارد” لە فیلمی (Sebastian) ساڵی (۱۹٦۸)، ئەکتەری ئەمریکی “گریگۆری پیک” لە فیلمی (Arabesque) ساڵی (۱۹٦٦)، ئەکتەری ڕوسی “یول برینەر” لە فیلمی (The Double Man) ساڵی (۱۹٦۷)، نەوەک هەر سیخۆڕی پیاو بەڵکو ئافرەتانی سیخوڕیش دەرکەوتن لەوانە خانمە ئەکتەری ئیتالی “مۆنیکا ڤینی” لە فیلمی (Modesty Blaise) ساڵی (۱۹٦٦) .
فیلمە سیخوڕییەکان دەتوانرێت بەسەر چەند گرۆ(گرووپ)یەکدا دابەش بکرێن کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژەیان پێدەکەین:-
- فیلمگەلێکن کە چیرۆکی ڕاستەقینەی سیخوڕە بەناوبانگەکانی مێژوو دەگێڕنەوە، واتە فیلمنامەنووس(سیناریست)ەکان زیاتر پەنایان بردە بەر چیرۆکی ژیانی سخوڕەکان لە واقیعدا وەک لە ژیانی سیخوڕەکان لە فیلمەکان، “ماتا هاری” یەکێک بوو لە کاسایەتییە هەرە خۆشەویستەکانی فیلمسازانی جیهانی، ژیانی “ماتا هاری” ڕازێک بوو ئارەزووی نووسەران و سینەماکاران و بینەرانیشی ڕاکێشا، دیارترین ئەو فیلمانەی لەبارەی ئەم خاتونەوە بەرهەمهێنراوە فیلمی (ماتا هاری – Mata Hari) کە لە ساڵی (۱۹۳۱) لەلایەن دەرهێنەری ئەمریکی (جۆرج فیتزمۆریس – George Fitzmaurice)ەوە کاری دەرهێنانی بۆ کرا و خانمە ئەکتەر (گرێتا گاربۆ)ەوە ڕۆڵی “ماتا هاری” بەرجەستە کرد، دەرهێنەر توانی ئەم خانمە ئەکتەرە سویدییه بەباشی بۆ ئەم ڕۆڵە ئامادە بکات و سینەماکاران هونەریان نواندن لە بەرجەستەکردنی کەسایەتی ماتا هاری و لە ساڵی (۱۹٦٤) فیلمێکی دیکە لەسەر ئەم کەسایەتییە بەن ناوی (ماتا هاری سیخوڕی H21 – Mata Hari, agent H21) لە دەرهێنانی (ژان لوی ڕیچارد – Jean – Louis Richard) و خانمە ئەکتەر (ژان مۆرۆ) کە ڕۆڵی ماتا هاری گێڕا بەرهەمهێنرا، ئەم فیلمە باسی پەیوەندی خۆشەویستی ماتا هاری لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا دەکات بەو نیازەوەی کە زانیارییان لێوە وەربگرێت. هەر لە ساڵی (۱۹۸٥)دا فیلمێکی دیکە لەمەڕ کەسایەتی ماتا هاری بە ناوی (Mata Hari) لە دەرهێنانی (کورتیس هارینگتن – Curtis Harrington) و خانمە ئەکتەر “سیلڤیا کریستال” کە ڕۆڵی ماتا هاری گێڕا بەرهەمهێنرا، بەڵام ئەم فیلمە پتر لە فیلمێکی پۆڕن دەچێت و کەسایەتی ماتا هاری وەک کارەکتەرێکی پۆڕن دەرکەوتووە.
هەروەها لە ساڵی (۱۹٥٤) فیلمێکی ئیتالی – فەرەنسی بە ناوی (کچەکەی ماتا هاری – La figlia di Mata Hari بە ئینگلیزی Mata Hari’s Daughter) لە دەرهێنانی (ڕێنزۆ مێروسی – Renzo Merusi) بەرهەمهێنرا و خانمە ئەکتەر (لودمیلا چێرینا) کە ڕۆڵی کچەکەی ماتا هاری بەرجەستە کرد ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا گێڕا، هەر لە ساڵی (۱۹٥۸)دا فیلمێکی دیکە بە ناوی (Mata Hari) لە دەرهێنانی (ڕامۆن ئیستێلا – Ramon Estella) بەرهەمهێنرا. بەهەرحاڵ هیچ کەسایەتییەکی تر لە جیهانی سیخوڕیدا نییە بەهێندەی ماتا هاری فیلمی لەسەر دروستکرابێت. سەبارەت بە گرنگترین سیخوڕەکانی جەنگی دووەمی جیهانی کە شوێنی سەرنجی سینەما بوو سیخوڕێکی دووسەرەی بەریتانی – ئەڵمانییە بە ناوی (ئێدی چاپمان – Eddie Chapman)، ئەم سیخوڕە جارێک بۆ هەواڵگری بەریتانیا و جارێک بۆ هەواڵگری ئەڵمان کاری دەکرد. لە ساڵی (۱۹٦٦) دەرهێنەر و فیلمنامەنووسی بەریتانی (تێرنس یۆنگ – Terence Young) فیلمێکی بە ناوی (سێینە خاچ – Triple Cross) دروستکرد و ئەکتەری کەنەدی (کریستۆڤەر پڵومەر) ڕۆڵی (ئێدی چاپمان)ی بەرجەستە کرد.
لە سینەمای عەرەبیدا مۆدێلی (ئەبلە) لە فیلمی (الصعود ٳلی الهاوية)ی دەرهێنەر (کەمال شێخ) ساڵی (۱۹۷۸) زۆر بەڕوونی دەرکەوت، ئەگەرچی خەڵکی وایان دەزانی ئەوەی دەیبینن چیرۆکێکی واقیعییە بەڵام لە ڕاستیدا زۆرێک لە ڕوداوەکانی نێو ئەم فیلمە ڕاستی نین و زادەی خەیاڵ و ئەندێشەی نووسەری چیرۆکی فیلمەکەن کە “ساڵح مورسی” یە، هەروەها ئەم بەرهەمەی ناوبراو بە بەراورد بە کورتە چیرۆکەکانی تری پتر ناواقیعییە. ئەم فیلمە ناوبانگێکی گەورەی لە شەقامی عەرەبیدا هەیە و هەریەکە لە “مەحمود یاسین، مەدیحە کامل، جەمیل ڕاتب، ئیمان، ئیبراهیم خان، عیماد حەمدی” ڕۆڵیان تێدا گێراوە. دەرهێنەری میسری (حسام الدین مستەفا) هەوڵیدا قارەمانێتییەکی تایبەت بە کارەکتەرە سیخۆڕەکەی لە فیلمی (خانمە سیخوڕ حیکمەت فەهمی – الجاسوسة حكمة فهمي) بدات، چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە خانمە سەماکەرێک دەکات کە سیخوڕی بەسەر بەریتانیاوە دەکات لەبەرژەوەندی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەمەش بەمەبەستی ڕزگارکردنی میسر لەژێر هەژموونی داگیرکاریی ئینگلیز، ئەم فیلمە ساڵی (۱۹۹٤) لە میسر بەرهەمهێنراوە و فیلمنامەکەی لەلایەن “بەشیر دیک” نووسراوە و هەریەکە لە “نادیە جوندی، حوسێن فەهمی، فاروق فیشاوی، محەمەد موختار، ئەحمەد عەبدولعەزیز، ئەحمەد مەزهەر” ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.
زۆربەی فیلمە عەرەبییەکانی سەر بە ژانری سیخوڕی لەسەر بنەمای چیرۆکی ڕاستەقینە وەرگیراون وەک فیلمی (لە سێدارەدانی مردوویەک – ٳعدام ميت) ساڵی (۱۹۸٥) لە دەرهێنانی “عەلی عەبدولڕەزاق”، فیلمی (تەڵەی سیخوڕان – فخ الجواسيس) ساڵی (۱۹۹۲) لە دەرهێنانی “ئەشرەف فەهمی”، فیلمی (بیری خیانەت – بئر الخيانة) ساڵی (۱۹۸۷) لە دەرهێنانی “عەلی عەبدولخالق”، هەرسێ فیلمەکە لە نووسینی فیلمنامەنووسی میسری “ئیبراهیم مەسعود”ە. بۆنمونە لە یەکێک لە نوێترین [تا ساتی نووسینی ئەم کتێبە] چیرۆکی فیلمە عەرەبییە سیخوڕییەکان ئەوەیە کە گەنجێکی میسری پەنا بۆ باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە ڕۆمان دەبات بۆئەوەی سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل بکات ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەم گەنجە لە ڕۆما گیری خواردوبوو، کەواتە ئێمە لەبەردەم مۆدێلێکی نەرێنی لە سیخوڕەکان داین کە خیانەت لە وڵاتەکەیان دەکەن، سەیریش لەوەدایە سیناریۆی ئەم چەشنە لە فیلمی سیخوڕی لە نووسینی “ئیبراهیم مەسعود”ە، بۆنمونە لە فیلمی “لە سێدارەدانی مردوویەک”دا سیخوڕێکی عەرەب لە شاری عەریشی میسر دەستگیردەکرێت چونکە کاری بۆ دەزگای هەواڵگری مۆساد کردووە، لەم کاتەدا لەبری ئەو ئەفسەرێکی هەواڵگری میسری دەنێردرێت بۆئەوەی جێگەی بگرێتەوە و زانیاری کۆبکاتەوه، لە دوایین دیمەنی فیلمەکەدا باوکی سیخوڕەکە بە چەقۆ لە کوڕەکە دەدات بە حساب شەرەفی وڵات بە تۆڵەسەندنەوە لە کوڕە سیخوڕەکەی دەگێڕێتەوە. ئەم فیلمە هەریەکە لە “فەرید شەوقی، لەلیلا عەلەوی، بوسی، محمود عەبدوالعەزیز، یەحیا فەخرانی، ئیبراهیم شامی” ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.
فیلمی “تەڵەی سیخوڕان” دەربارەی چیرۆکی خانمێکە بە ناوی(دالیا)، هەڵبەتە لێکچوونێک لە نێوان کارەکتەری (دالیا) لەم فیلمە و کارەکتەری (ئەبلە) لە فیلمی (الصعود ٳلی الهاوية)دا بەدیدەکەین. دالیا بە ڕق و کێنەوە بەرابەر بەو دەسەڵاتدارای کە مۆڵ و ماڵی باوکی زەوت دەکات گەورە دەبێت، باوکی دالیا بەم حەسرەوەتەوە دەمرێت، لەبەرئەوە ئاسان بو کار لە دالیا بکرێت و بۆ شاری ئەسینا ڕابکێشرێت بۆئەوەی کار بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل بکات و سیخوڕی بەسەر وڵاتەکەیدا بکات، هەواڵگری میسر سوسەی ئەم خانمدا دەکەن و بە پلانێک دەستگیری دەکەن، هەواڵگری میسری داوای لێدەکەن کار بۆ هەاڵگری وڵاتەی بکات بەڵام دالیا ڕەتی دەکاتەوە ئەو کارە بکات، لەم نێوەندەدا هەواڵگری ئیسڕائیل پێگەیەکی میسر دەکەنە ئامانج ئەویش بەر مەبنای ئەو زانیارییانەی کە دالیا بە ئیسڕائیلییەکانی داوە، دواتر دالیا هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە براکەی لەم ئۆپەراسیۆنەدا پێکراوە و مردووە، بۆیە لەم کارە پەشیمانییەکی قورس دایدەگرێت، سەرەنجام پەشیمانی لەم تاوانەی ئاسانکاری بۆ هاوکاری کردنی دەزگای هەواڵگری میسر دەکات، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە هەواڵی مردنی براکەی فێلێکی هەواڵگری میسر بوو بۆ ڕاکێشانی دالیا. ئەم فیلمە هەریەکە لە “مەحمود عەبدولعەزیز، هالە سدقی، ئیمان، ئەحمەد خەلیل، هانی ڕەمزی، خالید مەحمود” ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.
- کۆمەڵەی دووەمی فیلمە سیخوڕییەکان لەدەوری ئەو سیخوڕانەدا دەسوڕێنەوە کە لە مێژوودا نین و نەناسراون واتە گومناون، بەڵام بەهۆی سەرنجڕاکێشییەوە سینەما دەستی کردووە بە گێڕانەوەی بابەتەکانیان و زۆرێک لەم چیرۆکانەش لە ڕۆمانەکانەوە وەرگیراون وەک ڕۆمانی (۳۹ هەنگاو – The Thirty-Nine Steps)ی نووسەر (جۆن بەکن) کە لە ساڵی (۱۹۱٥) بڵاوبووەتەوە و لە ساڵی (۱۹۳٥) بە هەمان ناونشان کراوتە فیلم و “ئەلفرێد هیچکۆک” کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، پاشان لە ساڵی (۱۹٥۹) سینەمای بەریتانی دووجار فیلمەکەی بەرهەمهێنایەوە جاری یەکەم (ڕاڵف تۆماس) کاری دەرهێنانی بۆ کرد و جاری دووەم لە ساڵی (۱۹۷۸) بە هەمان ناونیشان (دۆن شارپ) کاری دەرهێنانی بۆ کرد. ئەم ڕۆمانەی جۆن بەکن باس لە ڕاوەدوونانی پیاوێکی سادە دەکات لەلایەن کۆمەڵێک سیخوڕەوە کە پێیانوایە ئەم پیاوە پلانی هەڵگیرسادنی جەنگی یەکەمی جیهانی دۆزیوەتەوە .
ڕۆمانەکانی “گراهام گرین” کە ڕێگای خۆیان بۆ چوونە سەر پەردەی سینەما دۆزییەوە کە سەر بە هەمان ژانرن – ژانری سیخوڕی – دیارترینی ڕۆمانەکانی (سیخوڕەکانمان لە هاڤانا – Our Man in Havana)، ئەم ڕۆمانە بە هەمان ناونیشان لە ساڵی (۱۹٥۹) کراوەتە فیلم و (کاڕۆڵ ڕید – Carol Reed) کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. هەروەک چۆن بەشێک لە ڕۆمانەکانی (جۆن لو کارییە) کراونەتە فیلم لەوانە ڕۆمانی (بەگدرووەکەی پەنەما – The Tailor fo Panama) کە لە ساڵی (۱۹۹٦) و بە هەمان ناونیشان لە ساڵی (۲۰۰۱) کرایە فیلم و (جۆن بۆرمان – John Boorman) کاری دەرهێنانی بۆ کرد. بەگشتی ئاوڕێکی جددیانە لە ڕۆمانەکانی جۆن لو کارییە نەدرایەوە و ژمارەی ئەو ڕۆمانانەی ناوبراو کە کرانە فیلم لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات.
نووسینی: مەحمود قاسم
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد