“پێشەکی”
لە هەرێمی کوردستان، میدیا ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە داڕشتنی گوتاری هەڵبژاردن دەگێڕێت، ئەویش لە رێگەی کاریگەری نواندن لەسەر بیروڕای گشتی و بەشداری سیاسی. ئەم بانگەشەیە لە ڕێگەی چەندین ئامرازەوە بەرێوەدەچێت، لەوانەش کەناڵە ناوخۆیی و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان و سوشیال مێدیا و پلاتفۆڕمەکانی سەرشەقام. بە شێوە گشتییەکەی میدیا بە هەردوو باری ئەرێنی و نەرێنی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان هەیە. لە ئێستاشدا، هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردندایە، بۆیە گرنگە لەسەر رۆڵی میدیا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵوەستە بکەین. ئەم گوتارە بۆ ئەم مەبەستە نووسراوە.
“یەکەم؛ گرنگی رۆڵی میدیا”
میدیا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. چەند خاڵێکی سەرەکی دەربارەی ئەم بابەتە:-
1. بڵاوکردنەوەی زانیاری:- میدیا پلاتفۆرمێکە بۆ کاندیدەکان تا بەرنامە و بیروبۆچوونەکانیان بگەیەننە دەنگدەران. ئەم رێگەیە یەکێک لە سادەترین ئامرازەکانی گەیشتنی دەنگی بەربژێر بە دەنگدەر.
2. هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان:- میدیا دەتوانێت زانیاری گرنگ دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و مافەکانی دەنگدەران بڵاوبکاتەوە.
3. دەرفەتی گفتوگۆ:- میدیا دەتوانێت پلاتفۆرمێک بۆ دیبەیت و گفتوگۆی نێوان کاندیدەکان فەراهەم بکات. ئەمەش لە هەرێمی کوردستان و لەو وڵاتانەی کە تێدا هەڵبژاردنەکان بەرێوەدەچێت شیوازێکی باوە و یارمەتیدەری دەنگدەرە بۆ ئەوەی کە پاڵیوراو وبەرنامەی کاری دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت.
4. چاودێری:- میدیا دەتوانێت ڕۆڵی چاودێر ببینێت و هەر پێشێلکارییەک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئاشکرا بکات. لێرەدا، میدیا دەتوانێت هەم یارمەتیدەری دەسەڵاتی سیاسی بێت و هەمیش یارمەتیدەری دەنگدەر بێت و لە هەر پێشێلکارییەک ئاگاداریان بکاتەوە.
5. کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی:- شێوازی ڕووماڵکردنی میدیا دەتوانێت کاریگەری لەسەر بۆچوونی دەنگدەران هەبێت. بەڵام زۆر جار ئەم روماڵکردنە شێوازێکی پۆپۆلیستی لەخۆ دەگرێت کە دواجار بە زیانی کۆمەلگە دەشکێتەوە.
6. بەشداریکردنی سیاسی:- میدیا دەتوانێت هانی خەڵک بدات بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، ئەمەش لە رێگەی نیشاندانی گرنگی هەڵبژاردن بۆ سەقامگیری سیاسیی وڵات و بەرنامەی کاری هەر حزبێک کە لە داهاتوودا بە نیازە چ جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەشی وڵات بکات.
“دووەم؛ ئاستەنگەکانی بەردەم میدیا”
ئەگەر بێینە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم میدیا چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەشێک لەو وڵاتانەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن تێدا بەڕێوەدەچێت دەبینین کە میدیا تووشی چەندین گرفت دەبێتەوە کە بە کورتی لە خووارەوە ئاماژەیان پێدەدەین.
زۆرێک لە دەزگاکانی هەواڵی کوردی سەر بە لایەنە سیاسییەکان یان قەوارە سیاسییەکانن کە پەیوەندییان بە سیاسەتمەدارانەوە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاپۆرتکردنی یەکلایەنە و نادروست لەسەر پرسە سیاسییەکان بە واتایەکیتر بەدەستهێنانی زانیاریی سنوردار دەبێت و تەنیا زانیاریی یەک لایەنە بڵاو دەکرێتەوە. وەک دەبینین زۆرجار ڕۆژنامەنووسان دەستیان بە زانیارییە فەرمییەکان ناگات، بەو پێیەی دەستووری ئێراق بێدەنگە لە مافی پەیامنێران و خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بەو جۆرە زانیاریانە. هەروەها بانگەشەی پێشوەختە لە سۆشیال میدیا لە هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەستی دەنگدەران هەیە بە داڕشتنی تێڕوانین و ئاستی بەشداریکردن. لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، ستراتیژی جۆراوجۆر سەرهەڵدراون بۆ ئەوەی کە هەر لایەنە سیاسییەک دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بکات، لەوانە دابەشکردنی دیاری و قسەی شەڕانگێزی بە ئامانجی بێناوبانگکردنی نەیاران, ئەم چالاکییە سەرەتاییە دەتوانێت ببێتە هۆی ماندوێتی دەنگدەران و جەمسەرگیری، وەک لەلایەن چالاکوانانی مەدەنییەوە ئاماژەی پێکراوە کە هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەم جۆرە تاکتیکانە ڕەنگە حەماسەت بۆ بەشداریکردن کەمبکەنەوە. زیاد لەمەش ئەم جۆرە گوتار و بانگەشەی هەڵبژاردنە ئەگەری لێکترازانی کۆمەڵایەتی لیدەکەوێتەوە و ململانێ و ناکۆکی نەک تەنیا حیزبایەتی بەڵکو ناوچەیشی لێدەکەوێتەوە.
“سێیەم؛ پرەنسیپەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردن”
ئەو پرەنسیپە بنەڕەتییانەی كە پێویستە لەلایەن ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەیڕەو بكرێن:-
– پێویستە ڕاگەیاندن پابەند بێت بە بێلایەنی و دەستپاكی و بابەتییانە ڕووماڵی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات و لایەنگری هیچ كاندیدێكی دیاریكراو، یان كوتلەیەكی سیاسی نەبێت.
– پێویستە ڕاگەیاندن لە ڕاستی و دروستیی زانیارییەكان لەبارەی كاندیدەكان دڵنیا بێت و، ئاگای لە بەرنامەكانی هەڵبژاردنی ئەو كاندیدانە بێت، لە بەرانبەر سەرچاوەكانی زانیاریدا شەفاف بێت.
– پێویستە كولتوور و ئاكاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان بڵاو بكاتەوە، هەروەها زانیاریی تەواو لە بارەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە ڕوونی بخاتە ڕوو.
– پێویستە دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان كاندیدەكان و دەنگدەران بە شێوەی دەستپاكی و بێلایەنی، تاكو هۆشیاری لای دەنگدەر بەتین بكات.
– پێویستە بە هەموو شێوازێك بێلایەنی و دەستپاكی ڕاوبۆچوونی هاووڵاتیان لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردن بخاتە ڕوو، پێش ئەنجامدان و دوای كۆتایی هەڵبژاردنەكە.
– پێویستە ڕۆڵی چاودێری دەستپاك و بێلایەن بگێڕێت لە كاتی چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەبێت لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بكاتەوە لەبارەی هەر پێشێلكارییەك، یان سەرپێچییەكی یاسایی بۆ دەستەبەركردنی شەفافییەت و دادپەروەری.
– بەشداری بكات لە شیكردنەوەی پرسگەل و سیاسەتەكانی ئابووری و پەرەپێدان و كۆمەڵایەتی و تەندروستی و ژینگەییدا، كە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن خراونەتە ڕوو،
“چوارەم؛ گرنگی بێلایەنی لە میدیا”
هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕووماڵکردنی دادپەروەرانە و بێلایەن لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆنفرانسی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەولێر کە لەلایەن یونسکۆ و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕێکخرابوو، مشتومڕێکی لەسەر پرسەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و گرنگی ڕاپۆرتکردنی بێلایەن و پیشەیی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پەرەپێدا. کۆنفرانسەکە بووە هۆی دامەزراندنی دەستەیەک بۆ چاودێریکردنی ڕوماڵی ڕۆژنامەوانی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی جاڕنامەی هەولێر کە پشتیوانی لە ڕۆژنامەگەرییەکی ئازاد و سەربەخۆ دەکات. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پشتگیری لە دەسەڵاتدارانی هەڵبژاردنەکانی ئێراق دەکات لە دانانی چوارچێوەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکان و ڕێکخستنی وۆرک شۆپ بۆ ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ماف و بەرپرسیارێتیەکانیان لەکاتی ڕاپۆرتکردن لەسەر هەڵبژاردنەکان.
“پێنجەم؛ کاریگەریی راگەیاندن لەسەر دەنگدەر”
سەبارەت بە كاریگەریی ڕاگەیاندن لە دروستكردنی ڕای دەنگدەر و ڕەفتاری هەڵبژاردندا، ئەوا ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانیەوە ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە پێشكەشكردنی زانیاریی ورد و سەرتاپاگیر و شەفاف، ئەم كاریگەرییەش لەمانەدا دەردەكەون:-
یەکەم:- پێشكەشكردنی هەواڵ و ڕاپۆرت و شرۆڤەكردن لەلایەن ڕاگەیاندنەوە لەبارەی كەسایەتیی كاندیدەكان و شارەزایی و لێهاتووییان كە كاریگەرییان هەیە بۆ سەر دروستكردنی ڕای گشتی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دەنگدەران بۆ توانا و كارامەیی كاندیدەكان و دەركردنی بڕیاری دەنگدان.
دووەم:- چۆنێتیی ڕووماڵكردنی ڕووداو و پرسەكان لەلایەن ڕاگەیاندنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگدەر بەراورد بكات لە نێوان ئەو ئەگەرانەی كە بەردەستن، هەروەها وەك ئەوەی كە ڕاگەیاندن فۆكس بكاتە سەر هەندێ لایەنی دیاریكراو لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، یان كاندیدێكی دیاریكراو.
سێیەم:- گواستنەوە و ڕووماڵكردنی چالاكییەكانی هەڵبژاردن بۆ بینەران، دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەڵوێستەكان و بیروبۆچوون و لێدوانی كاندیدەكان ڕاستەخۆ لەلایەن دەنگدەرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
چوارەم:- پێشكەشكردنی ڕاوبۆچوونی شرۆڤەكاران و شارەزایان لەلایەن ڕاگەیاندنەوە كاریگەریی بۆسەر ڕای دەنگدەر دەبێت.
پێنجەم:- ڕووماڵكردنی هەواڵ و بەكارهێنانی وێنە و فیلمی ترس و پێشبینیی نەرێنیی ئایندە، یان زێدەڕۆیی لە بڵاوكردنەوەی وێنەی بریقەدار لەسەر ئایندەی كۆمەڵگە، بە ئەرێنی، یان نەرێنی كاریگەریی دەبێت بۆ لێكدانەوە و وێناكردن لای دەنگدەر و دواجار بڕیاردان.
“پوختە”
بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف، زۆر گرنگە میدیاکان لە هەرێمی کوردستان هەوڵی سەربەخۆیی و پیشەییبوون و ڕاپۆرتی بێلایەنانە بدەن. ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو ئالنگارییانەی کە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پێشخستنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە فەرمییەکان و بەهێزکردنی توانای دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵات.