ئێمە لە سەردەمێکی ڕفتار دڕندانەدا دەژین، کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی بێ ڕەوشتانە بەتەواوی مەبەستیان دەدرکێنن، کۆمیدی لەسەر بنەمای سووکایەتی، ڕێزلێنانەکان لە گاڵتەپێکردنا بەکار دەهێنن و کردەوە قێزەونە ئاشکرا گشتیەکەیان بەبێ هەستپێکردن تێدەپەڕێت. فیلمی The Age of Innocenceی مارتن سکۆرسێزی کە باس لە چیرۆكێک دەکات کە لە ساڵی ١٨٧٠ ڕوویداوە، ئەوەندە نامۆیە کە دەتوانێت فانتازیایەکی بێگەرد بێت. کۆدێکی کۆمەڵایەتی ڕەق حوکم دەکات کە مرۆڤەکان چۆن قسە بکەن، ڕۆیشتن، یەکتر ببینن، جیا دەبنەوە، نان بخۆن، بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن، عاشق دەبن و هاوسەرگیری دەکەن.
لە هیچ شوێنێکدا یەک وشەی کۆدەکە نەنووسراوە. بەڵام ئەم کەسانە هەر لە لەدایک بوونیانەوە لێی دەکۆڵنەوە. فیلمەکە لەسەر بنەمای ڕۆمانێکی “ئیدس وارتن” دروستکراوە کە لە ساڵانی ١٩٣٠ کۆچی دوایی کردووە. The Age of Innocence، وەک ئەوەی نوسەر بە ئیرۆنییەکی بێبەزەییانە ناوی دەبرد، زۆر پێش ئەوەی تەنانەت کتێبەکەی بنووسێت، کۆتایی هات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر تێگەیشت کە کەسانی چیرۆکەکەی هەمان ئەو ئارەزووانەیان هەیە کە ئێمەی مۆدێرنە بەربەریەکانیان هەمانە، کار نەکردنیان لەسەر ئەو ئارەزوانە هێندەی تر بەهێزتریان دەکات. ڕووداوەکانی ڕۆمان و فیلمەکە لە ژینگەی ئاست بەرزی مەزنترین و دەوڵەمەندترین خێزانەکانی شاری نیویۆرکدا ڕوودەدەن. هاوسەرگیری وەک پەیماننامەی نێوان گەلان وایە، مەبەستیان تەنها چەسپاندنی ڕۆمانسیەت یان منداڵ خستنەوە نییە، بەڵکو دابینکردنی گواستنەوەی سامانە بە ڕێکوپێکی لە نێوان نەوەکاندا، هەر شتێک هەڕەشە لەم پرۆسەی ئاشتیانە بکات، شتێکی قێزەونە. کەس بە گونجاوی نازانێت ژن و پیاو ئارەزووی خۆپەرستی خۆیان بخەنە سەرووی پێداویستی چینەکەیانەوە.
بەڕاستی مرۆڤەکان “لە پێناو خۆشەویستیدا هاوسەرگیری دەکەن”، بەڵام ئەو پراکتیزەیە بە کردارێکی ناشرین و مەترسیدار سەیر دەکرێت. گەنجێک دەناسین بە ناوی نیولاند ئارچەر “دانیال دەی-لویس”، کە دەستگیرانی ژنە گەنجە جوانە کە ناوی مای ویلاند “وینۆنا ڕایدەر”ە. کوڕەکە سۆزێکی زۆری بۆی کچەکە هەیە، هەرچەندە جوان بەڵام ساویلکە دەردەکەوێت، ڕەفتارێکی باشی هەیە لە خۆبایی نییە. هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەمە هاوسەرگیرییەکی باشە لە نێوان دوو خێزانی باشدا، ئارچەریش ڕازی دەبێت – تا شەوێک لە ئۆپێراکەدا کچە ئامۆزاکەی دەبینێت، کە هاوسەرگیری کردووە و ساڵانێکە لە ئەوروپا دەژی. ئەو ئیلینە، کوانتێس ئۆلێنسکا “میشێل فایفەر”ە. ئارچەر سەری دەسوڕمێت کاتێک بۆی دەرکەوت کە ئەو کچە سەربەخۆیانە بیردەکاتەوە.
کچەکە بە خۆشی و گۆشەگیری دەرکراوێک لە دنیای ئەو دەڕوانێت. بەڵێ، ئەو جوانە، بەڵام ئەوە ئەو شتە نییە کە سەرنجی ئارچەر ڕادەکێشێت. هەموو گیانی بە بوونی ژنێک خۆشە کە بەس بیری لای خۆیەتی. ژنە خانەدانەکە بە تەواوی ژنێکی بەڕێز نییە. سەرەتا کچەکە ئەو هەڵەیەی کرد کە لە دەرەوەی بازنەکەی هاوسەرگیری کرد و هاوسەرگیری لەگەڵ پایەبەرزی دەوڵەمەندی پۆڵەندی کرد و لە ئەوروپا دەژی. پاشان هەڵەیەکی گەورەتری کرد، لە هاوسەرەکەی جیا بووەوە و گەڕایەوە نیویۆرک، لەوێ لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک ژنێکی نائاسایی و سەرسامییەکی بێ گومان جیاوازە، کە کەس بە تەواوی نازانێت چی لەگەڵ بکات.
بۆ هەمووان ڕوونە کە بوونی ئەو هەڕەشەیە بۆ پێشکەوتنی ڕێک و پێکی هاوسەرگیری ئارچەر لەگەڵ مەی. ئەم جۆرە چیرۆکە وێنە گیراوە، زۆر بە باشی، لەلایەن تیمی مێرچەنت-ئاڤۆریەوە. فیلمیەکانی وەک Howard’s End و A Room with a View و The Bostonians ئەم جیهانە دەناسن. پێناچێت شتێکی گرنگ بێت بۆ مارتن سکۆرسێزی، دەرهێنەری تاوانباری و وزە گەورەکان، کە هەر ناونیشانەکانی فیلمەکانی سەرزەنشتکردنن بۆ سەردەمی بێتاوانی: Mean Streets, Taxi Driver, Raging Bull, Goodfellas. بەڵام کاتێک هاوڕێ و هاونووسەری جەی کۆکس ڕۆمانەکەی وارتنی دا دەست سکۆرسێزی، نەیتوانی نەیخوێنێتەوە و ئێستا وێنەی گرتووە، لە ڕێگەی هەندێک موعجیزەشەوە هەمووی چیرۆکەکە لەلایەن وارتن و سکۆرسێزی گێڕدرایەوە. ئەو چیرۆکەی لێرەدا دەگێڕدرێتەوە دڕندە و خوێناوییە، چیرۆکی سۆز و خولیای پیاوێک تێکشکاوی دڵی دۆڕاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر زیاترە و دوا دیمەنی فیلمەکە هەموو شتێکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەنزیکەی و بە شێوەیەکی بەرگە نەگیراو کاریگەرە، چونکە ئاشکرای دەکات کە ئەو پیاوە تاکە کەس نەبووە کە هەستی هەبووە- کە ئەوانی دیکە قوربانییان بۆ داوە، کە قووڵترین کارەساتەکەی ئەوەی نییە کە لەدەستی داوە، بەڵام ئەوە بوو کە هەرگیز درکی بەوە نەکردووە کە هەیەتی. فیلمی The Age of Innocence بە ڕێک و پێکی وێنە گیراوە، ئەم ئەرستۆکراتە دەوڵەمەندانە لە بازنە زێڕینەکانیاندا لە ئۆپێرا تا ژەمی ئێوارە دەچنە ژووری دانیشتن، جل و بەرگیان بۆ هەموو ڕۆڵ و کاتێکی ڕۆژ دەپۆشن.
سکۆرسێزی بچووکترین ساتە کۆمەڵایەتیەکان، سەر بەرزکردنەوەیەک، گۆشەی نیگایەک، وەرچەرخانی وردی وشەیەک یان دەستەواژەیەک، چاودێری دەکات. وە وردە وردە تێدەگەین کە چی ڕوودەدات: ئارچەر بیر لە واز هێنانن لە دەستگیرانەکەی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنە خانەدانەکە ڕابکات و هەمووان ئارەزووی ئەوە دەکەن ڕێگری لێبکەن- لە هیچ کات و ساتێکدا هیچ کەسێک بە بچووکترین نیشانە ئاشکرای ناکات کە دەزانن ئەوان خەریکن چی دەیکەن. ساتە وەختی خۆشەویستی بینیوە کە تێیدا جەستەی ڕووتی ئارەقاوی بەر یەک دەکەون، بەڵام قەت نەمبینیوە لە دیمەنی ئەم فیلمەی گەرم و گوڕتر بن، کە مرۆڤەکان تیایدا هەموو بە کەیدەکانی سەردەمی ڤیکتۆریان پۆشراون. ساتەوەختە ئیرۆتیکییە گەورەکان لەبەردەم خەڵکدا لە نێوان کەسانی تەواو پۆشراودا ڕوودەدەن کە بە دەستەواژەی تەواو گۆڕاو قسە دەکەن و ئەوەندە پڕن لە ئارەزووی سێکسی و ترسناک کە کارەکتەرەکان بەسەختی لێیان دەرباز دەبن.
سکۆرسێزی کە بە بێ ئۆقرەیی ناسراوە، لێرەدا ئەوپەڕی بە تەحەمولی دەخاتە ڕوو. گوێ لە دەنگی گێڕەرەوە “جوانا وودوارد” دەگرین، کە لە هەموو ئەو شتانە تێدەگات کە ڕوودەدەن، ڕێنماییمان دەکات و بیرکردنەوەی تایبەتی هەندێک لە کارەکتەرەکانمان پێدەبەخشێت. فێری یاساکانی کۆمەڵگا دەبین. ئێمە ژنێکی بەساڵاچوو بە ناوی خاتوو مینگۆت “میریام مارگۆلیس” دەناسین، کە بڕە پارەیەکی زۆری هەیە و وەک جۆرێک لە دادگای تێهەڵچوونەوە بۆ کۆمەڵگاکەی کاردەکات کە چی ڕێگەپێدراوە و چی ڕێگەپێدراو نییە. ئێمە ئەو چاودێری و سەرنجە بێکۆتایە دەبینین کە مای ویلاند بەرگری لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ نیولاند ئارچەر دەکات. مەی هەموو ئەو شتانە دەزانێت یان گومانی هەیە کە لە نێوان ئارچەر و ژنە خانەدانەکەدا ڕوودەدەن، بەڵام مەی تەنها هەندێک زانیاری دیاریکراو هەڵدەبژێرێت، بە زیرەکی زۆرەوە هەڵسوکەوت دەکات بۆ پاراستنی هاوسەرگیرییەکەی لەکاتێکدا هەرگیز پێناچێت بە تەواوی هەست بە هیچ هەڵەیەک بکات. هەر نمایشێک بۆ پاراستنی هەستیاری هاوسەنگی شەڕی ڕۆمانسی ڕێکدەخرێت. دانیال دەی لویس لە ناوەند وەستاوە، بۆ ماوەیەک فریو دراوە کە ئیرادەی ئازادی هەیە.
میشێل فایفەر وەک ژنێکی خانەدان، دیدێکی ڕوونی هەیە بۆ کۆمەڵگا بەبێ ئەوەی بە تەواوی ڕەتی بکاتەوە، چێژێکی نزیکەی هەوەس پەرستانە وەردەگرێت لە فریودانی ئارچەر بە هێزی مێشکی. سەرەتا وا دیارە مای بچووک تەماشاکەر و قوربانییەکی بێ ئاگا بێت، بەڵام وینۆنا ڕایدەر وردە وردە قووڵی زیرەکی کارەکتەرەکەی ئاشکرا دەکات و لە دوا دیمەنیشدا وەک وتم هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت و دواجار زۆر شت تێدەگات. سکۆرسێزی بە کامێرای بزێو ناسراوە؛ بە دەگمەن ڕێگە بە گرتەیەکی جێگیر دەدات. بەڵام لێرەدا هەست بە کاریگەری جوانی و ڕەنگینیی شێوازی بینراو سکۆرسێزی دەکەیت، تەنها لە سیرکردنەوەی دووەمی فیلمەکەدا تێدەگەیت کە کامێراکە چەندە بە وردی بەردەوام دەجووڵێت، وەک میوانێکی بانگهێشتنەکراوی خۆ هەڵقوتێن خۆی دەخاتە ناو گفتوگۆکانەوە. لە سەرەتای فیلمی The Age of Innocence، وەک پێشنیارم کرد، پێدەچێت نوێنەرایەتی جیهانێک بکات کە بە تەواوی نامۆ بێت بۆ ئێمە. لە کۆتاییدا تێدەگەین ئەم کەسانە هەموویان هەمان هەست و سۆز، ترس، ئارەزووی ئێمەیان هەیە. تەنها ئەوەیە کە بەهایەکی بەرزتریان پێدەدەن، و کەمتر پشتگوێی دەخەن، لە دۆزی خۆبەخشیندا چێژێکی ساتی هەڵنابژێرن لەبری پەشیمانییەکی زۆر و ڕۆمانسی هەمیشەیی.
سەرچاوە: کتێبی by Ebert Scorsese
لاپەڕە ١٣٢بۆ ١٣٥
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا