“کورتەیهک لە خەبات و دامەزرانی پەرلەمانی کوردستان”
ماوەی 32 ساڵە یەکەمین پەرلەمانی مێژووی نەتەوەی کورد لە پانتایی جوگرافیای ڕزگارکراوی باشووری کوردستان دامەزراوە. دامەزرانی پەرلەمانی کوردستان وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دێتە ئەژمار. هەرچەندە یەکەمین کۆماری کوردستان لە سەردەستی پێشەوا “قازی موحەمەد” لە ساڵی 1946زایینی لە هەل ومەرجێکی نێونەتەوەیی و لەسەر بناغەی بیرۆکی نیشتمانیی “کۆمەڵەی ژێکاف” لە شاری مەهاباد دامەزرا و شادی و شانازیی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستانی بە شوێن خۆی هێنا، بەڵام مەخابن بە هۆی پیلانگێڕی و سڕوسەودای حکوومەتی ناوەندیی ئێران لە گەڵ سۆڤیەتی پێشوو، تاکە هیوای نەتەوەی کورد لەو ساتە وەختەدا جوانمەرگ کرا و جارێکی تر بێ هیوایی باڵی بەسەرکوردستان کێشایەوە.
بەشداریی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی “مەلا مستەفای بارزانی” وەک هێزی نێزامیی کۆمار، نەتەوەیی بوون و لانکەی پڕلە هیوای هەموو پارچەکانی کوردستانی سەلماند هەربەم هۆیەوە دوای ڕووخانی کۆمار، حکوومەتی پاشایەتی ئێران بە هاودەنگی و بەشداریی حکوومەتەکانی ئێراق و تورکیە، هێزی باشوور بە سەرۆکایەتی “مەلا مستەفا”یان لە ژێر گۆشارێکی لە ڕادەبەدەر دانا کە دەبێ خۆیان ڕادەستی حکوومەتی ئێراق بکەنەوە ویان بە زوویی خاکی ڕۆژهەڵات بە جێی بهێڵن. حەماسەتی ڕووبەڕووبوونی بارزانییەکان هاوکات لەگەڵ سێ دوڵەتی دژەکورد لەسەرسنوورەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور و باکوور و لە ئاکامدا پەڕێنەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە ڕووباری ئاراس، خەباتی نەتەوایەتی کورد ئەم جارە لە وڵاتی سۆڤیەت لە کەشێکی تایبەتدا بناغەی لێی درایەوە. حەماسەتی پەڕینەوە لە چۆمی ئاراس و هەروەها بەشداری لە کۆماری کوردستان، “مەلا مستەفای بارزانی” وەک هێمای نەتەوەیی کورد لە دەرەوەی وڵات ناساند.
دوای ڕاپەڕینی خەڵکی ئێراق لە ساڵی 1958 بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم و ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی، دۆخێکی لە بار بۆ گەڕانەوەی “مەلا مستەفا بارزانی” بۆ ئێراق و کوردستان ڕەخسا. بارزانی وەک قارەمانی دژە حکوومەتی پاشایەتی پێشوازیی لێی کرا و دیسانەوە جووڵانەوەی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە باشووری وڵات لە چوارچێوەی پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق ڕێکخرایەوە. نەبردنەسەری وەعد و بەڵێنەکانی حکوومەتی کۆماری قاسم، جارێکی تر خەباتی خەڵکی کوردستانی بەرۆ ڕووبەڕوونەوەی چەکداری بردەوە. ڕووخانی حکوومەتی قاسم و هاتنەسەرکاری بەعسیەکان، بۆ ماوەیێک دۆخێکی سیاسیی و ئێمکانی ڕێکەوتنی نێوان کوردستان و بەغدادی هێنایەکایەوە بەڵام ئەقڵییەتی شۆڤێنی و ڕەگەزخوازی عەرەب ڕازی بە پەسەندکردنی داخوازی نەتەوەیی کورد نەدەبوو هەربۆیە، شەڕێکی درێژخایەن لە نێوان حکوومەتی بەعس و بزووتنەوەی کوردستان ڕوویدا کە لە ئاکامدا حکوومەتی بەغدا مەجبوور بە دانیشتن و وتووێژ کرا و ڕێکەوتننامەی مارسی 1970لێکەوتەوە.
چارەسەرنەکرانی کێشەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و هەروەها پابەندنەبوونی حکوومەتی بەعس بۆ بەڕێوەبردنی مادەکانی ڕێکەوتننامەی ئۆتۆنۆمی کوردستان، شەڕێکی قۆرسی لە نێوان بزووتنەوەی کوردستان و حکوومەتی بەعس نایەوە کە ئەم جارە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە جۆرێک حکوومەتی بەغدادی لە ژێر گۆشاردانا کە ئەو حکوومەتەی ڕازی بە پەسەندکردنی هێڵی تالوێگ لە دیاری کردنی سنووری شەتۆلعەرب کرد و لە بەرانبەریشدا حکوومەتی پاشایەتی ئێران لە یارمەتی لۆجێستیکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستی کێشایەوە و بە زەخت و گۆشار سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی ناچارکرد کە ئاشبەتاڵی شۆڕشی کوردستان ڕابگەیێنێ. دوای نسکۆی شۆڕشی کوردستان لە ساڵی 1975، هەرلەو ساڵەدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی لە وڵاتی سووریە، یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیان ڕاگەیاند. پارتی دێموکراتی کوردستانیش دوای ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێ، جارێکی تر ئاهەنگی خەباتی نوێیان لێی دایەوە. سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و هێرشی دوڵەتی ئێراق بۆ سەر شارە سنوورییەکانی ئێران،شەڕێکی هەشت ساڵەی نایەوە کە تا ئێستاش شوێنەواری لە هەردوو وڵات ماوەتەوە. شەڕی ئێران و ئێراق دەرفەتێکی زێڕینی بۆ حێزبەکانی باشووری کوردستانی خۆڵقاند کە بە کەڵک وەرگرتن لەو دۆخە، خەباتی چەکداری و ڕێکخستنەوەیێکی نوێی لە نێوان ئەندامان و هەموو جەماوەری خەڵکی کوردستان دەست پێ بکەنەوە.
بەشێک لە شەڕی نێوان دوو حکوومەتی ئێراق و ئێران لە پانتایی باشووری کوردستان ڕوویدەدا هەربۆیە کۆماری ئێسلامیی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی پێشمەرگەی حیزبەکانی باشوور، لە بەرەی باکووری تەنگەژەی جێدی بۆ حکوومەتی بەعسی ئێراقی نایەوە و حێزبەکانی باشووری کوردستانیش بە شێوەی ڕاستەوخو و بۆ درێژەپێدانی خەبات یارمەتییان لە حکوومەتی ئێران وەردەگرت. هێرشی حکوومەتی سەدام بۆ سەر وڵاتی کوەیت لە ساڵی 1990 و داگیرکردنی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی حەوت مانگ، کۆمەڵگای جیهانی و لە سەرووی هەموویان، وڵاتی ئامریکای بەو قەناعەتە گەیاند کە بۆ ڕزگاری وڵاتی کوەیت و پارێزگاری لە وڵاتانی هاوپەیمانی کەنداو، دەستێوەردانی سەربازیی بکرێت. شەڕی یەکەمی کەنداو لە ماوەیێکی کۆرت خایەن لە بەرژەوەندیی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆتایی هات و حکوومەتی بەغدا ناچار بە پاشەکشێ لە وڵاتی کوەیت کرا و زەبرێکی جەرگبڕی لە لەلایەن هێزی هاوپەیمانان لێی کەوت. هاوکات لەگەڵ شەڕی ئامریکا لە گەڵ حکوومەتی سەدام، جەماوەری وەزاڵەهاتووی کورد و شێعە لە کوردستان و باشووری ئێراق دژی حکوومەتی ناوەندیی ئێراق ڕاپەڕینێکی بە شکۆیان دەسپێکرت و لە ماوەیێکی زۆر کەم هەموو پانتایی خاکی کوردستان و بەشێکی بەرچاوی شارەکانی باشووری ئێراق لە لایەن خەڵک و حێزبە دژبەرەکان ڕزگاڕ کرا بەڵام دوای ئەوەی کە حکوومەتی بەغدا و هاوپەیمانان لە نێوان خۆیان ئاگربڕیان ڕاگەیاند،سپای ئێراق بە هەموو توانای خۆی هێرشێکی چڕوپڕی دژی کورد و شێعە دەسپێکرد.
دوای گڕانەوەی هێزی ئێراقی بۆ کوردستان خەکی کوردستان لە ترسی گیانیان بە شێوەیێکی کۆڕەو ڕوویان لە سنوورەکانی ئێران و تورکیە کرد. ئاواربوونی ملوێنی خەڵکی کوردستان ڕەنگدانەوەیێکی میدیایی لە ئاستی جیهانی لێی کەوتەوە. بڕیارنامەی 688 شەورای ئاسایشی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یەکەمجار ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی بەو قەناعەتە گەیاند لە پێناو پاراستنی گیان و حاڵی نەتەوەیێکی زۆڵم لێکراو، لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتێکی ئەندام لەو ڕێکخراوە دەستێوەردان بکات. دیاریکردنی ناوچەی دژە فڕین لە هێڵی 36دەرجە، دۆخێکی لە باری بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەی باشووری کوردستان ڕەخساند و بەرەی کوردستانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی نەتەوەی کورد بانگەوازی هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
خەڵکی کوردستان لە سێ پارێزگای سلێمانی، ههولێر و دهۆک لە کەشێکی دێموکراتیک بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و پەرلەمانی کوردستان دامەزرا. دامەزرانی پەرلەمانی کوردستان هەنگاویێکی کردەیی بۆ پێکهێنانی دهوڵەتی ناوچەیی هەرێمی کوردستان بوو. دهوڵەتێکی هەرێمی کە بۆ ماوەی 32 ساڵە سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لە سەرپێی خۆی ماوەتەوە. پەرلەمانی کوردستان هەرلە ساڵی 1992 بە تێکرای دەنگی ئەندامان، سیستێمی فێدراڵی بۆ بەڕێوەبەرایەتی وڵاتی پەسەند کرد و بە خۆشیەوە دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس،یاسای فێدراڵی و حکوومەتێکی ئێتحادی بۆ وڵاتی ئێراق لە نێو یاسای بنەڕەتی ئێراق پەسەند کرا هەرچەند سیستێمی فێدراڵی بە شێوازێکی یاسایی و بە پێ سەنگ و قۆرسایی پێکهاتەکانی ئێراق ئێجرایی نەکراوە.
“هۆکار و بناغەی دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان”
بە پێ هەموو فاکتەکان، بنەڕەتی ترین هۆکار بۆ دامەزرانی کیانی سیاسی k.r.g،شۆناس و ناسنامەی نەتەوەیی لەسەرئەساسی جیاوازی جوگرافیایی کوردستان لە گەڵ بەشەکانی تری ئێراق بووە. کاتێک ئاماژە بە جۆگرافیا دەکرێ مەبەست هەموو هۆکارە سرووشتی و ئینسانییەکانە. شۆناس و ناسنامەی نەتەوەیی، بناغەی سەرهەڵدان و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە باشووری کوردستان بووە و ئەم ڕەوتە، دوابەدوای سایکس-پیکۆ و لکاندنی ولایەتی موسڵ بە ئێراقی نوێ، بە سەرۆکایەتی “شێخ مەحموودی نەمر” تا ساڵی 1930 بەردەوام بوو وبە دوای ئەو،ڕێبەرایەتی داخوازی نەتەوەیی لە ئەستۆی بارزانی نەمر تاساڵی 1975درێژەی کێشا. دوای پیلانگێڕی ڕێکۆتننامەی ئەلجەزایر و نسکۆی شۆڕشی کورد هەموو پارت و لایەنە کوردییەکان، درێژەپێدانی شۆرشی کوردییان لەسەر فۆنداسێۆنی جیاوازی ناوچەیی و شۆناسی نەتەوەیی دانا و بەرهەمی ئەو بیرۆکەییە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە ساڵی 1988لێی کەوتەوە. ڕاپەڕینی بەشکۆی 1991خەڵکی باشووری کوردستان لە سەر بناغەی نەتەوەیی و داخوازی دامەزرانی کیانێکی سیاسی سەری هەڵدا و پشتیوانی نێونەتەوەیی لە کورد و دانانی ناوچەی دژە فڕین بە پشت بەستن بە فاکت وواقێعە جۆگرافیاییەکان بووە.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە خەبات و گیانبەخشینی خەڵکی باشووری کوردستان لە ساڵی 1918تا 1991،دامەزرانی کیانێکی سیاسی لە سەرئەساسی ناسنامەی نەتەوەیی و هەرێمیکی جۆگرافیایی- کوردستانی بووە. پرسیاری سەرەکی ئەمەیە ئەگەر داخوازی خەڵکی باشووری کوردستان یان پارچەکانی تر، بنەمایێکی ئابووری بوایە، ئایا حکوومەتە ناوەندییەکانی ئێراق، تورکیە، ئێران و سووریە بە شێوازێکی تر لە گەڵ کورد مامەڵەیان نەدەکرد؟ وهڵامی ئەم پرسیارە زۆر سادە و ساکارە و هەموو هەوڵ و تەقەلای حکوومەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستان ئەوە بووە کە کێشەی کورد لە ئاستی داخوازیێکی نەتەوەیی-جۆگرافیایی بۆ مەسەلەیێکی ئابووری و تهنگەژەی ناوەند-پەراوێز دابەزێنن و نیشان بدەن کە ئەگەر هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوە ڕوو لە کوردستان بکات داخوازی کورد چارەسەردەبێ و بۆشایی نێوان ناوەند و پەراوێز (کوردستان) پڕدەکرێتەوە. بەداخەوە ئەم بۆچوونە ماوەیێکە لە لایەن کەسانێکی هەلپەرەست و دژ بەمانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی ڕەخنە و دژایەتی گەندەڵی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کوردی، باشترین بیانوویان بە نەیارانی کورد و کوردستان لە بەغدا داوە کە سیاسەتی گەمارۆدان و زەختی ئابووری دژبە هەرێمی کوردستان پراکتیزە بکەن. دژایەتی دەسەڵاتی کوردی لە باشوور بە مانای دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستانە؛ لەبەرئەوەی لە ئەگەری نەمانی دەسەڵاتی کوردی، ئالترناتێڤی ئەو حکوومەتە گەڕانەوە بۆ بەغدا و سەپاندنی جارێکی تری دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لە کوردستانە.
بە پێ هەموو ئامارەکان، لەوکاتەوە هەرێمی کوردستان دامەزراوە سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان و لە خوێندنەوەیێکی بەراوردکارانە،دۆخی کوردستانی باشوور لە بوارگەلی ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، ئەمنی، سیاسی، میدیایی، پەروەردە، زانکۆ، تەندرۆستی، گەشتیاری و پێگەی سیاسی و کومەڵایەتی کورد لە ئاستی ناوخۆی ئێراق و ناوچەدا زۆر بەرز بووەتەوە و بەپێی هەموو پێوەرەکان دۆخی ژیانی خەڵکی کوردستان و ئاستی پێشکەوتنەکان بەنێسبەت سەردەمی دەسەڵاتی ڕژیمی بەعس، گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. هەموومان دەزانین دامەزرانی هەرێمی کوردستان لە ژێر زەختی نێودهوڵەتی و گیانفیدایی خەڵکی باشووری کوردستان بووە و هیچ کات حکوومەتی ناوەندی بە دڵخواز ماف و داخوازەکانی کوردی دابین نەکردووە و هەرئێستاش دوای 18 ساڵ لە یاسایی بوونی قەوارە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئێراق، هێشتا ئەقڵییەتی پاوەنخواز و شۆڤێنی عەرەب(شێعە-سۆنە)قائێل بە کیانی سیاسی کوردستانی نیە وبەشوێن دەرفەتێک دەگەڕێ،پێکهاتەی دەسەڵاتی کوردی بپێچرێتەوە. هەموو ئەوانەی ئێستا لە سێبەری ئازادی میدیایی لە هەرێمی کوردستان دژبە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد، هەموو ئایکۆن و سێمبۆلە نەتەوەییەکان وەک ئاڵا، سروودی نیشتمانی، پێشمەرگە بە گاڵتە دەگرن چاک دەزانن هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانە و بە تایبەت بڕینی مووچە و بووجەی خەڵکی کوردستان لە ئەستۆی حکوومەتی ناوەندییە و حکوومەتی بەغدا بە کەڵک وەرگرتن لە دووبەرەکی و پهرش و بڵاوی و نەبوونی گۆتاری نیشتمانی هاوبەش لە نێولایەنەکوردییەکان، ناڕەزایەتییەکانی شەقامی کوردی بە نێسبەت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی وەک هەلێکی زێڕین بۆ زەخت و گۆشاری سیاسی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی لە کوردستان بەکارهێناوە و لەم نێوشدا حکوومەتە هەرێمییەکانی دژبە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهەموو توانای خۆیان هاندەری نەیارانی دەسەڵاتی کوردی لە نێوخۆی کوردستان و بەغدان.
بە باوەری نووسەری ئەم دێڕانە، دەبێ بە زووترین کات کۆمەڵگای مەدەنی و نیشتمانی کورد لە باشووری کوردستان بە خۆیان بێنەوە و بە قووڵی لەوە بکەنەوە کە گرە کوێرهی نەهامەتییەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان لە بەغدایە نە هەولێر.
“پەرلەمانی داهاتووی کوردستان و ئەرکی نیشتمانپەروەرانە”
ڕۆژی 25 ئەم مانگە هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێراق بە شێوەی فەرمی ئەم ڕۆژەی وەک یەکەمین ڕۆژی بانگەشەی شەشەمین خۆلی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
لە کاتێک خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرۆ هەڵبژاردنێکی نوێ دەڕۆن کە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لەرزۆک دایە و سێبەری ڕەکەبەرایەتی و بەرژەوەندیی حێزبی باڵی بەسەر قازانج و داهاتووی نیشتمانی کێشاوە. هەنووکە 206 یەکەی سیاسیی یان وڵات لە جیهان بوونیان هەیە کە هەر هەموویان لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی تر، بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەپارێزن و لە پێناو سەروەریی وڵاتەکەیان کۆمەڵێک هێڵی سووریان دەستنیشان کردووە و هەموو پارت و لایەنێک، بە مەبەستی دابین بوونی بەرژەەندیی و شانازیی نەتەوەیی، قائێل بە پارێزەیی ئەو هێڵانەن و هیچکەس و لایەنێک مافی ئەوەی نیە بۆ دەسڕاگەیشتن بە قازانجێکی حێزبی هێڵی نەتەوەیی بکاتە قوربانی. ئێستا کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان دەستی پێکردووە و کۆمیسێۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێراقیش بەڕێوەبەری کاروبار ئەم هەڵبژاردنەیە چەند خاڵی گرینگ لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەخرێتە ڕوو کە هیوادارم بەکەڵک وبەسوود بن:-
1. هەڵبژاردنی ئەم خۆلەی پەرلەمانی کوردستان،ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێراق بەڕێوە دەچێ هەربۆیە ئەم جارە، بۆ هیچ پارت و لایەنێک قەبووڵکراو نیە کە بە بەهانەی خرووقات و فرت وفێڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبار بکات، لەبەرئەوەی ئەم جارە هەرلە سەرەتاوە تا کۆتایی هەموو کاروباری هەڵبژاردن لە ژێر چاوەدێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێراقە.
2. بە هۆی ئەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە کاتی دامەزرانیەوە لە ساڵی 1992 تاکوو ئێستا ڕاستەوخۆ لە ژێر تەوژمی حێزبیدا بووە و مەرجەعییەتێکی سیاسیی کە قەبووڵکراوی هەموو خەڵکی کوردستان ببێ بوونی نیە، هەربۆیە دەبێ ئەم جارە پێکهاتەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستان ببێتە مەرجەعی یاسایی و بڕیاردان و هەموو پارت و لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان گوێڕایڵی بڕیارەکانی ئەو پەرلەمانە بن.
3. گەورەترین کێشەی حۆکمڕانی لە کوردستان نەبوونی ئۆتۆریتە و شەرعییەتی حۆکمڕانی لە هەموو پانتایی هەرێمی کوردستانە. بە هاتنە سەرکاری پەرلەمانی تازە، دەبێ هەر لایەیەنێک بڕاوەی یەکەم بوو و زۆرترین کۆرسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد کابینەی نوێ پێک بێنێت و ئەگەر ڕێژەی یاسایی تەواو بکات مافی ئەوەی هەبێ خۆی بە تەنیا کابینەی نوێ پێکبێنێت و ئەگەریش بە تەنیا نەیتوانی، لەگەڵ هەرکەس و لایەنێک کە پێخۆشە کابینەی تازەی هەرێمی کوردستان ڕابگەیێنێت و لایەنەکانی تر وەک ئۆپۆزیسیون لە نێو پەرلەمان کاری خۆیان بەڕێوەببن.کابینەی نوێ دەبێ بازنەی یاسایی دەسەڵاتی هەموو پانتایی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و نابێ بە هیچ جۆر دەسەڵاتی حێزبی لە کاروباری کابینەی نوێ دەستێوەردان بکات. چەمکی ئۆتۆرێتە و شەرعیەت بەو مانایە دێت کە دەسەڵاتی ناوەند بۆ بەڕێوەبرایەتی یاسایی خۆی دەبێ هەموو پانتایی جۆگرافیایی یەکەیێکی سیاسی لە ژێر دەسەڵات و حۆکمیی دا بێت.
4. پەرلەمانی کوردستان دەبێ پارێزەری ماف و داخوازیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بێ هەربۆیە لە دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمان و کابینەی نوێ،یەکێک لە گرینگترین و بنەڕەتیترین ئەرکی پەرلەمانی کوردستان، کاری جێدی لەسەر پڕۆژەی یاسای بنەڕەتی هەرێمی کوردستانە. تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بنەڕەتی و بەڕێوەبردنی ڕاپرسی یاسای بنەڕەتی و دەنگدانی خەڵکی هەرێم لەسەری، پێگەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیێکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە و یاسای بنەڕەتی دەبێتە هۆی دەستنیشان بوونی هێڵی نیشتمانی و بەرگرتن لە خیانەت و دوورکردنەوەی یاساشکێنان لە کاروباری حکوومەت.
5. هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان وەک یەکێکی جۆگرافیایی و دانهبڕاو لەیەک دێنەئەژمار،هەربۆیە پەرلەمانی کوردستانی داهاتوو دەبێ پارێزەری بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەموو خەڵکی کوردستان بێت و پارچەکانی تری کوردستان وەک دەرفەت و تەواوکەری خۆی بزانێت و بە گەڕی دیپلۆماتیک لەگەڵ وڵاتانی جیران لە هەوڵی چارەسەری کێشەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بێت.