گرنگی کارسازی لە گەشە کردن و پەرەپێدانی ئابووری وڵاتانی جۆراوجۆر لە جیھاندا دەگەرێتەوە بۆ ساڵانێکی زۆر کۆنەوە و وەک ھۆکارێکی گرنگ و ھەستیاردا نکۆڵی لێ ناکرێت. لە سەردەمێک کە سیما و شکڵ و شێوەی گۆرانکارییەکان لە پێوەری کات(سەدە) بۆ چرکە گۆڕاوە،گرنگترین بنەما بۆ ئۆرگان و رێکخراوەکان، مانەوە لە ژیان و پەرەسەندن دەبێت. لەم سەردەمەدا چالاکی و کارەکان شێوازێکی تازەیان لە خۆ گرتووە بە ئاراستەی خۆ بەرێوەبردن ھەنگاو دەنێن. کارسازی و کارسازان رۆڵی سەرەکی لە ڕێرەوی پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئابووری کۆمەڵگاکاندا دەگێرن. “کارسازی بریتی یە لە توانای ھاووڵاتیانی وڵاتـێک و ھەروەھا سەرمایەگوزارەکانی دەرەکی بۆ بەشداری کردن لە دۆزینەوەی ھەلی کار و پیشە و بیزنێس یاخود چاکسازی و تازەگەری و نۆژەنکردنەوەی چوارچێوە کۆنەکان و ئەوەی کە لە ئێستادا بوونیان هەیە، بە مەبەستی خۆ گونجان یان ئەنجامدانی گۆرانکاری لە ژینگەی ئابووری و سیاسیدا”.
زۆر ھۆکار کاریگەریان لە سەر کارسازیەوە ھەیە کە وەک گرنگترینیتان دتوانین ئاماژە بە گەندەڵی ئیداری بکەین. ھەر وڵاتێک ئەگەر ویست و خواستی پێشکەوتن و گەشەسەندنی لە بواری ئابووریدا ھەبێت، پێویستە کە لەم ھۆکارانە بکۆڵێتیەوە کە خوڵقێنەری گەندەڵین بە تایبەت گەندەڵی ئیداری، کە لە زۆربەی وڵاتاندا بۆتە مۆتەکە و گەورەترین بابەت و تەوەری رۆژانەیانە و ئەم جۆرە گەندەڵیە جۆرەھا شکڵ و شێوازی جیاجیای ھەیە و ھەر کامیان بە جۆرێ لە جۆرەکان پرۆسەی کارسازی دەخاتە ژێر کاریگەرییەکی زۆرەوە. زۆربەی لێکۆلینەوە و توێژینەوە ئابوورییەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە گەندەڵی ئیداری کاریگەریەکی ئێجگار گەورە و نەرێنی ھەیە بە سەر گەشە و پەرەسەندنی ئابووریدا. بە شێوەی گشتی دەتوانین ئەم جۆرە گەندەڵیە بەم جۆرە پێناسە بکەین سوود وەرگرتنی شەخسی (تاک) یان بە گرووپ لە ئیمکانیات یاخود ھێز و دەسەڵاتی حکومەت یان دەوڵەت و یان دام و دەزگا وئۆرگانەکانی حکومی لە پێناو بەرژەوەندی تاکە کەسیدا، لە سەر بنەمای ڕاپۆرتی رێکخراوی جیھانی بۆ شەفافیەت، زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیھانیش لەم جۆرە لە گەندەڵیە مەترسیدارە بێبەش نین و بە هۆیەوە وردە وردە وا لە ئاست رێرەوی پێشکەوتنەکانیان دوا دەکەون.
“ناوەرۆک و تێرمینۆلۆژی گەندەڵی ئیداری”
وشەی گەندەڵی لە ڕەگ و ریشەی فەرەنسی (Corrmption) و ڕەگی لاتینی (Rumpere) بە مانای شکاندن و بەزاندنی سنوور یان ھێڵ وەرگیراوە. کە دەتوانێت ڕەفتارێکی ئەخلاقی یاخود شێوەی یاسایی و زۆر جار رێنمایەکانی ئیداری بێت. “بە ھەر جۆرە کردە و یاخود وازھێنان و خۆبە دوورگرتن لە ئەنجامدانی کردار و کارێک و ئەرکێکی فەرمانبەر یا کارمەندێکی حکومەت و دەوڵەت دەووترێت کە ئاگایانە(بە زانیاریەوە” و بە ئەنقەست، بە سوود وەرگرتنی نابەجێ و خراپی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پلە و پۆستی ئیداری ورێکخراوەیی پەیوەندیدار، سەرچاوەی گشتی (بیت المال) )و دەوڵەتی یا زانیاریەکان، و یاخود بەڵگەنامە و نووسراوی دەوڵەتی کە وەک فەرمانبەرێکی حکومەت لە بەردەستی دانراوە. کە بە شێوەیەکی نایاسایی و ناشەرعی، بە مەبەستی بە دەست ھێنانی سەرەوت و سامان، ئیمتیازات یان رازیبوونی چەند کەس ولایەنێک لێی….ھتد لە ژێر ناوونیشانی جۆراوجۆردا بۆ قازانجی خودی خۆی یاخود کەسی سێیەم و بە زیان و زەرەر لێدان لە بەرژەوەندی گشتی و دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێت. گەندەڵی دەتوانێت سێ شێوازی (ئیداری، ئابووری و دارایی) ھەبێت. کە سەرەڕای جیاوازیەکانیان، لە لایەن چەمک و ئەنجامەوە یەک شێوە دەنوێنن و ھاوبەرگ و پۆششن.
مێژووی گەندەڵی بورۆکراتیک یان ئیداری ھاوتایە لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیەوە و بەیەکەوە بەستراوەتە و پەیـوەندی نێوان ئەم جۆرە لە گەندەڵیە لەگەڵ سیستەمی سیاسیدا ڕاستەوخۆیە و راستەوخۆیانە کاریگەری بەسەریدا ھەیە و لە سیستەمێکی ئیداری گەندەڵدا فەرمانبەران سوود لە شوێن و پەیوەندی و خزمایەتی وپێگە و پلە و پۆستی خۆیان بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن، و بە رێگەی کار و ئەرکی راسپێردراوی حکومی خۆیانەوە دەست بۆ بازرگانیکردن دەبەن و کە ئەم کارە جگە لە زیان گەیاندن بە گەشە و پەرەسەندنەوە، رێگری دەکات لە بڕەودان وکێبرکێکردنێکی تەندروست و دادپەروەرانەی کۆمەڵایەتیدا. لێکۆلینەوە لە ڕەگ و ریشە و قووڵایی ئەم گەندەڵیە ھەندێ فاکتەرمان بۆ ڕوون دەکەنەوە و کە رەگەزی مرۆیی لە رێگەیان ورە و جورئەت پەیدا دەکات کە بە ئاسانی و بە سوود وەگرتنی ناڕاستەوخۆ و ناتەندروست و خراپ بەکارھێنانی پلەی وەزیفی و کار و پیشەی خۆیدا، دەست بۆ ھەندێ کار و کردەوە ببات کە لە ژێر سێبەریاندا، مافی کۆمەلایەتی، ئابووری و سیاسی ھاووڵاتیان پێشێل بکرێت یاخود مافی تەواو یا سرووشتی کەسێک یان گرووپێک یان چین و توێژێک بە ئاسانی بخۆرێت و بە ناحەق بدرێت بە کەسانی دیکەدا، کە ھەندێ لەم ھۆکارانە دا دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ ئاستی مووچە و ئیمتیازات لە کەرتی حکومی، ناڕوونی رێنمایی و یاسا و رێساکان و شێوازەکانی جێبەجێ کردنیان، چۆنیەتی کاری سیستەمی چاودێری دارایی و سەرۆکایەتی، وە ھەروەھا سیستەمی سزا و ئاگادار کردنەوە. کە بە دیراسە کردنی ورد و زانستیانەدا دەتوانرێت رێگە چارەی گونجاو و شایستەی بۆ بدۆزرێتەوە و بگات بە ئەنجامی دڵخۆشکەر لە چاکسازی ئیداریەوە.
چەمکی تەندروستی بورۆکراتیک، کە لەبەرامبەر چەمکی گەندەڵی بورۆکراتیک دێت ماوەیەکە بۆتە جێی سەرنج و بایەخی زانایان و بیرمەندانی جیاوازەوە و ھەوڵیانداوە بە پێشکەش کردنی پێناسەی بابەتیانە و لۆجیکی تایبەت بە ئۆرگانەکان و رێکخراوەکاندا تاوەکو بە ئاراستەی چاکسازی و ریفۆرمدا ھەنگاو بنێن. خاڵی ھاوبەشی زۆربەی پێناسە پێشکەش کراوەکاندا لە بارەی گەندەڵی لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتاندا لە بەرتیل، خراپ بەکارھێنان “بەکارھێنانی خراپ و نابەجێ و ناتەندروست لە پلە و پایە و پۆستەکانیان، بۆ مەبەست و بەرژەوەندی تاکەکەسیدا” پێناسە و کۆ کراونەتەوە. دەتوانین دەرەنجامەکانی گەندەڵی ئیداری لە قاڵبی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی وەک بەکارھێنانی نابەجێ و نەرێنی و ناتەندروست لە پلە و پایە و وەزیفەکانیاندا، ئیختلاس و بە تاڵانبردنی ماڵ و دارایی گشتی, واسیتە و واسیتەکاری، بەرتیل دان و ساختەکاری، فێڵ و فریودان و لە خشتە بردن، نادادپەروەری، وەرگرتنی باج و خەراج، دزینی سەرەوت و سامان و داراییەکانی ئۆرگان و دام و دەزگاکانی حکومەت، مامەڵەکردن و فرۆشتنی زانیاریەکانی دام و دەزگاکان بە شێوەیەکی نھێنی بە کەسانی دیکە، یاخود ھەمان کار و ھاوشێوەی ھەمان کاربە شێوەی تاک یا گرووپ و یاخود رێکخراوەییدا، بێتە کایەوە.کۆمەڵێکی ئیجگار فاکتەر و ھۆکار ھەن کە دەبنە ھۆکاری سەرھەڵدان و پەیدابوون و بلاوبوونەوەی گەندەڵی ئیداریدا ھەم بە شێوەی ڕاست و واقعیدا و ھەم بە شێوەی چاوەروانکرا و و شاراوەدا. ئەم فاکتەر و ھۆکارانە زەمینە خۆشکەرن بۆ پیشاندانی ھەندێ رێکار و رێگە و چارەسەر بۆ کاڵ کردنەوە و کەم کردنەوەی کاریگەری ئەم دیاردەیە و یان نەھێشتن و بنەبڕکردنیدا. ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆلەران گەندەڵی بیرۆکراتیک بۆ ناکامڵی یاخود باش گەشە نەکردن و نەبوونی توانایی گەشە کردن دەگەرێننەوە. ئەم جۆرە لە گەندەڵی دەبێتە ھۆی تەرخان کردن و فەراھەم کردنی ناشارەزایانە و ناکارامە و ناشیانەی سەرچاوەکان و لە ئەنجامدا گەشەی ئابووری پەک دەخات و زۆر ئەستەمە کە سیستەمێک لەم حاڵەتەدا بە ئاسانی بتوانێت ھەڵسێتەەوە سەر پا.
“کارسازی، سەرمایەگوزاری و گەندەڵی ئیداری”
بە کورتی باس لە ھەندێ لە گرنگترین ئەنجامەکانی لێکۆلینەوەکان لە بارەی کاریگەریەکانی گەندەڵی ئیداری بۆ سەر کارسازیدا دەکەین:- لە لایەنی تیۆریدا، گەندەڵی ئیداری بۆ کەسب و کار و بیزنێس خراپ نیە ئەمە ڕای ئەریج بوو بەم مانایە کە رەفتاری گەندەڵانە بە خودی خۆی راستەوخۆ نابێتە ھۆکاری خەرجی و تیچووی زۆر بە سەر حکومەتەوە چونکە پارە لە گەندەڵکاران و بەرتیل دەرەکان بۆ کارمەندانی حکومەت ئەگوێزرایەوە، بەڵام مائۆرۆ تێگەیشت کە گەندەڵی ئیداری پەیوەندی نەرێنی زۆر تووندی لەگەڵ نرخی سەرمایەگوزاری بێ لە بەرچاوگرتنی رێژەی بورۆکراسیدا ھەیە. ئەو دڵنیایی دەدات ھەندێ بەڵگە ھەن کە ئەوەمان بۆ دەرئەخەن کە ناکارامەیی و نەشارەزایی ئۆرگان و رێکخراوەییدا (لە بەرێوەبردندا) دەبێتە ھۆی کەمکردنەوە لە سەرمایەگوزاری کرن. ئۆرھات و ساملینسکی گەیشتنە ئەو باوەرەی کە سەرمایەگوزاری حکومی، سەرمایەگوزاری کردنی تایبەت (کەرتی تایبەت) وەدەر دەنێـت لە ئابووری دا.لەو وڵاتانەی کە رێژەیەکی بەرزی گەندەڵی بورۆکراتیک (ئیداری) یان ھەیە، ئەم گۆرانکارییەی دەرچوون و ڕاکردنی سەرمایەگوزاری، تێیاندا زیاتر و بەھێزترە. ئەوان باس لەوە دەکەن کە کاتێک کە پرۆژە حکومیەکان (کە حکومەت پێ ھەڵدەستێت) ئالوودە و گیرۆدەی گەندەڵین، گورزی گەورە بەر ژێرخانەکان دەکەوێت و ئەم بابەتە سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەت ڕووبەڕووی کێشە دەکاتەوە. “مەک میلان و ڤۆد راف” لە لێکۆلینەوە وتوێژینەوەیەک کە لەسەر کارسازان لە چوار وڵاتی تازە گەشەسەندوو ئەنجامیان دا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گەندەڵی ئیداری رێگرە لە بەردەم سەرمایەگوزاری کردندا.
“کاریگەری گەندەڵی ئیداری (بورۆکراتیک) بۆ سەر کارسازی”
لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا؛ دیاردەی گەندەڵی بورۆکراتیک، وەک یەکێ لە گرنگترین بەربەستەکان لە بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگاکاندا، باسی لێوە دەکرێت. ئەم دیاردەیە زیان و گورزی زۆ گەورە و قەرەبوو نەکراو دەدات لە بزوێنەری پێشکەوتن و گەشەی ئەو کۆمەڵگایانەدا و ڕێرەوی پێشکەوتن و پەرەسەندن و گەشە تێیاندا دادەخات و کاریگەری نێگەتیڤ و نەرێنی ئەخاتە سەر پێشکەوتنی کۆمەڵگادا. گەندەڵی بورۆکراتیک بە رێگەی رێبەرایەتی کردنی نێگەتیڤانەی توانا و شارەزایی و سەرچاوە شاراوە و راستی و دیفاکتۆیە مرۆیەکان بە ئاراستەی چالاکیە ناتەندروستەکان بۆ بەدەستھێنانی ئەو داھات و دەرامەتانەی کەبە ئاسانی دەستیان دەکەوێت، زەمینەی داتەپینی ئابووری لە ھەموو بوارەکان دێنێتە کایەوە. ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ گەندەڵی لە بواری ئیداری(بەرێوەبردن)دا پێویستیەکی ھەنوکەیی و جیددییە و زەروورەتێکە کە حاشا ھەڵنەگرە و گەندەڵی بوروکراتیک کاریگەری بە سەر بەرزبوونەوەی قۆرخکاری وھاندانی بەھێزبوونی قۆرخکاری دا ھەیە و ئەمە یەکێ لە گەورەترین ئەو بەربەستانە کە لە بەردەم رێگەی کارسازی و کارسازاندایە. کارسازی یەکێ لە پێوەر بنەڕەتیەکانی گەشە و پەرەسەندنی وڵاتان ھەژمار دەکرێت.
کارسازی بریتی یە لە؛ توانا و کارامەیی ھاووڵاتیانی نەتەوەیەک و ھەروەھا سەرمایەگوزارانی دەرەکی بۆ بەشداری کردن و بەشداربوون لە ڕەخساندنی بیزنێس و کار و کاسبی تازە یاخود دوبارە رێکخستنەوەی چوارچێوەکانی بەردەست بەمەبە ستی گونجانیان لەگەڵ گۆرانکارییەکانی “ژینگەیی، ئابووری، سیاسی” دا. زۆر ھۆکار و فاکتەر ھەن کە کاریگەرییان دەبێت بەسەر کارسازیدا. ھەر وڵاتێک کە بە دوای گەشەسەندن و پەرەسەندن بێت، دەبێت لەو ھۆکارانەی کە کاریگەریان بە سەر پەرەسەندنی کارسازی “ڕەخساندنی ھەلی کار” دا ھەیە یاخود رێگرە لە بەردەمیدا بکۆلێتەوە و گرنگی زۆری پێبدات. زۆرینەی وڵاتانی جیھان گیرۆدەی ئەم نەخۆشیە مەترسیدار و گرنگەن. و بە جۆرەھا شێوازی جۆراوجۆر وھەر کام لەم شێوە و شێوازانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری بە سەر کارسازی و ھەلی کاردا ھەیە.وە سیستەمی ئیداری ھەرێمی کوردستانیش بەدەر لەم چوارچێوەیە و ئەم نەخۆشیەوەو نیە:-
ھەر چەندە کە کۆمەڵگای کوردی فرە پێکھاتە و فرە نەتەوە و ئایین و فرە مەزھەبە کە ھەموویان گەندەڵیان بە دیاردەیەکی قێزەون و دوور لە بەھا ئەخلاقییەکان ناوزەدکردووە و ھەمیشە جەخت لە سەر ڕووبەروبونەوە لەگەڵیدا دەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی تا ڕادەیەک ھەرێمیشی گرتۆتەوە و رێگر و بەربەست بووە لە بەردەم زۆرێک لە پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکاندا و خەرجی و بارگرانی و تێچووی زەبەلاحی خستۆتە سەر ئابووری وڵات و لە ئەنجامدا ھاووڵاتیان و ھاونشتیمانیاندا و سەرەڕای هەموو هەوڵی حکومەت بۆ کەم کردنەوە و کاڵکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبووونەوە و زیاتر تەشەنەسەنەدنیدا، بەڵام زۆر کار و ڕێکاری تر ماون کە پێویستە بیگرێتە بەر و بەرەیەکی بەهێزتر و بەربلاوتر پێکبێنێت، چونکە گرنگترین و گەورەترین زیانی رێگریکردنە لە پەرەسەندنی وڵاتاندا. بە گوێرەی داتا و زانیاریەکانی سەردەم گەندەڵی بوروکراتیک دەبێتە ھۆی کەمبونەوی زۆر گەورە لە متمانەی نێوان ھاوڵاتیان کە “کارسازانیش بە شێکن لەواندا و ئۆرگانە دەوڵەتیەکان و سیاسەت گوزاریەکاندا” کە لە ئەنجامدا ھۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ریسک و مەترسی ڕەخساندنی ھەلی کار و کارسازیدا. لەم دۆخە ئەگەر ھەر کەسێک بە نیازی ھێنانە کایەوە و خولقاندنی کار و پیشەی تازە بێت لە لایەک ھیچ متمانەی بە ئایندەی ناڕوون نەماوە و لە لایەکی دیکەش ریسک و مەترسی نەبونی پیشتگیری و پاڵپشتی ئۆرگانە حکومی و دەوڵەتیەکاندا بۆتە گرفت و ھەروەھا گەندەڵی بورۆکراتیک دەبێتە ھۆی دڵ ساردبون وپاشگەزبونەوەی ئەو کارسازانە کە ھێزی شاراوە و بیرۆکەی نوێ و داھێنەرایانەیان ھەیە.
کارسازی چەندین جۆری جیاوازی ھەیە کە بریتین لە: کارسازی سەربەخۆ، کارسازی رێکخراوەیی(فەرمی) و کارسازی کۆمەلایەتی و ھەموو ئەم جۆرانە بە جۆرێک دەکەونە ژێر کاریگەری گەندەڵی بورۆکراتیکدا. کارسازی و ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان کاڵ بۆتەوە کە لە گرنگترین ھۆکارەکانی ساردبوونەوە لەم ھاندانانە دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ کۆمەڵێ ھۆکاری وەک: ترسی لە دەستدانی سەرمایەی تاکە کەسی، ترس لە نەبوونی توانایی فەراھەمکردن و ئامادەکردنی سەرچاوەی ماددی و دارایی پێویستە بۆ دەستپێکی کار وبیزنێس، نیگەرانی لە مەر نەبوونی دڵنیایی لە رێنماییە یاساییەکان، نیگەرانی لە نەبوونی ئاسایشی کۆمەلایەتی(رێژەییە)، ترس لە نەبوونی ئەزموون وشارەزایی پێویست و گونجاو.
گەندەڵی ئیداری وەک سوود وەرگرتنی خراپ و نێگەتیڤ و ناتەندروست لە ھێز و دەسەڵاتی “ئیداری ودەوڵەتی” بە ئاراستەی گەیشتن بە دەستکەوت و بەرژەوەندی تاکە کەسیدایە. گەندەڵی ئیداری، دیاردە و نەخۆشی و ڤایرۆسێکی مەترسیدار و کوشندەیە کە ھەموو یەکە ئیداری و سیستەمە بچوک و جیاوازەکانی وڵاتێک بە شێوازی جۆراوجۆر دەخاتە ژێر کاریگەری و گەشە وپەرەسەندنی نەتەوەکان ڕووبەڕووبووی کێشە وگرفتیان دەکاتەوە. بەرفراوان بوونی ئەم جۆرە ڤایرۆسە لە کۆمەڵگادا دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی رێژەی متمانە نەبوون لە ھەموو بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتی و لە لایەکی دیکەوە (کات، وزە و ئەو سەرچاوانەی کە پێویستە بۆ چالاکی و ژێرخانەکان تەرخان بکرێت، بۆ چالاکییەکانی گەندەڵی ئامێز ئاراستە دەکرێت و لێیان خەرج دەکرێت. لەبەر ئەوە پێویستە کە زۆربەی ئۆرگانەکان بە تایبەت حکومەت وەک گەورەترین چوارچێوەی ئیداری و ڕێکخراو بە جییدی لەم مەسەلەیە بکۆلێتەوە و چارەسەری گونجاو و تەدریجی بۆ بدۆزێتەوە.