ئەمڕۆ، بە درێژایی ڕۆژ، لە چەندین بەرنامەی میدیایی فرانکۆفۆنیدا، لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش نەسروڵا، بەشداربووم. بۆچوونی من بە کورت و پوختی و بەبێ ئەوەی بڕۆمە نێو وردەکاریەکانەوە ئەمەی خوارەوەیە:
یەکەم: تیرۆرکردنی نەسروڵا ڕوداوێکی زۆر گەورەیە، چونکە زیاتر لە سی ساڵە، سامبۆڵی بەرەنگاریە لەبەرامبەر ئیسرائیلدا.
دووهەم: کارایی ڕاستەوخۆ دادەنێت بەسەر ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی هێز لە نێوخۆی لوبناندا و ڕکابەرەکانی حیزبوڵا بەهێزدەکات.
سێهەم: پاش ڕێکەوتنی تائیف لە نەوەدەکاندا، هەموو میلیشیاکان چەکەکانیان ڕادەستی سوپا کرد، تەنها حیزبوڵا نەبێ، ئەمە وایکرد کە خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا فەرزبکات.
چوارهەم: بەڵام کوشتنی نەسروڵا یەکلاییکەرەوە نیە، لەبەر ئەوەی کارایی ڕاستەوخۆ دانانێت بۆ دروستکردنی <دابڕانێک> لەو پرۆسێسەدا کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە تا ئێستالە ئارادایە.
پێنجەم: ئەو پرۆسێسە بە زمانێکی زۆر سادە بریتیە لەمەی خوارەوە: کۆماری ئیسلامی ئێرام تێگەیشتوە لەوەی کە تێکەڵبوون بە جەنگ، واتە بەهێزبوونی گریمانەی کۆتایی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێراندا. بۆیە بەهیچ شێوەیەک نایەوێت ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە جەنگەکە ببێت.
شەشەم: تراژیدیای ئێران لە ئێستادا ئەوەیە کە بڕیارەکە لە دەستی ئەودا نیە، بەڵکو لە دەستی ئیسرائیلدایە. گەر تەلئەڤیڤ بڕیاری پەلاماردانی ئێرانیدا ئەوکاتە ئایەتوڵاکان بەناچاری تێکەڵ بەجەنگەکە دەبن و ئەمەش دەبێت بە چرکە ساتی دابڕان لە ئەوەی کە تا ئێستا لە ئارادایە.
حەوتەم: ئەوەی کە ڕابەری گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دوای نیوەڕۆیە لە بەیاننامەکەیدا پێیی وتین: ئێوە ئێراقیەکان، ئێوە یەمەنیەکان، ئێوە سوریەکان بڕۆن هاوکاریی حیزبوڵا بکەن و ئێمەش لێرەوە تەماشاتان دەکەین. ئەمەش ڕێک ئەو ئایەتەی بیرهێنامەوە کاتێک کە قەومەکەی موسا، پاش ئەوەی کە لە دەستی فیرعەون ڕزگاریکردن، پێیانوت: فَاذْهَبْ أَنتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ… ئێران بە ئێراق و سوریا و یەمەن ئەڵێ: ئێوە و خواکەتان بڕۆن لەگەڵ حیزبوڵادا جەنگ دژی ئیسرائیل بکەن و ئێمەش لێرەوە تەماشاتان دەکەین.
هەشتەم: پرسیاری سەرەکی لەوەدایە کە ئایا ئێراقیەکان و سوریەکان و یەمەنیەکان، چیان بەلاوە گرنگە: بەرژوەندی نیشتمان و نەتەوە و خاکەکانیان یان داواکەی ئایەتوڵا خامنەئی؟
نۆیەم: لەنێو کۆی ئەم گۆڕانکاریە گەورانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرێمی کوردستان، لە هەموو دۆخەکاندا، بە ئەرێنی یان نەرێنی، کارایی بەسەرەوە دادەنرێت و بەشێکی زۆری ئەو کاراییانەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا ستراتیژێک لەئارادایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەم ڕوداوانەدا یان تا ئێستاش هەر سەرقاڵی ئەوەین هەولێر یان سلێمانی لەیەکتری وەردەگرینەوە یان نا؟
دەهەم: ئەو برادەرانەی کە حوسەینی کوڕی عەلییان کوشتبوو، هاتبوون لە زانایەکیان پرسیبوو: ئایا خوێنی <ئەسپێ> نوێژی پێوەیە یان نا؟ ئەویش پێیی وتبوون: ئێوە حوسەینتان کوشتوەو تازە دێن پرسیاری ئەوە لە من دەکەن کە خوێنی <ئەسپێ> نوێژی پێوەیە یان نا؟ ئومێدەکەم حیزبەکانی کوردستان نەگەنە ئەم دۆخە!