-
دوو بەرەی جیاوازی سیاسی لە ئێران ململانێی یەکتردەکەن دەربارەی کەیسی وازهێنانی ئێران لە بەرەی مقاوەمەی غەزە و لوبنان!
- خامنەئی کەوتۆتە دۆخێکی سەختەوە لەنێوانی هەڵبژاردنی کارنامەی دوو بەرەکەدا و ڕاگرتنی ململانێ ناوخۆییەکان!
- کاریگەری جەنگی ساردی نێوان ئێران و ئیس*ڕائ*یل لەسەر حزبوڵا و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەر لەوەی باسی فرۆشتنی بەرە مقاومە بکەین پێویستە بزانین سزاکانی سەر ئێران گەیشتوونەتە ئاستی کەمەرشکاندن و داتەپاندنی وڵاتەکە بەیەکجاری لەڕووی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە. سزاکان ئێرانیان بەرەو لێواری داڕووخان برد بەشێوەیەک دەرئەنجامەکەی کە راپەڕینی ژینا بوو هەندەی نەمابوو سەرانی ئێستای ئێران بەهەمان چارەنووسی بنەماڵەی پەهلەوی و کابینەکەیان بەرێت.
لە ئێستادا بەرەیەک لەناو کۆماری ئیسلامی ئێران درووستبووە موعارەزەی سیاسەتی هەنووکەیی ئێرانە و گۆڕینی ڕەفتارە سیاسی و سەربازییەکانیان بە پێویستییەکی حەتمی دەزانن بۆ دەربازبوون لەو دۆخە قورسەی تێیکەوتوون، ئەم بەرەیە لە هەریەکە لە مەسعودی پزیشکیان، محمد جەواد زەریف، حەسەن رۆحانی و محمدی خاتەمی و کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازی سوپای ئێران پێکدێن و کابینەی نوێی حکومەتی ئێرانیان کۆنتڕۆڵ کردووە. لە سیستەمی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا دابەشبوونی دەسەڵات بەشێوەی ئاسۆییش هەیە هاوشێوەی وڵاتانی تر، بەڵام حاشا لەوە ناکرێت هەمووی بەستراوەتەوە بە هەڕەمێکەوە کە سەری هەڕەمەکە ڕابەری باڵا عەلی خامنەییە. هاوشێوەی سیستەمی پاشایەتی پەهلەوی پێشوو هەر کابینە و سەرۆک وەزیران و وەزیر و فەرماندە و بەرەیەک لە وڵاتەکەدا رکابەرییان لەسەر ئەوەیە کامیان زیاتر قسەیان دەڕوا لەلای ڕابەر، وە ڕابەری باڵا ستراتیژ و پلان و کارنامەی کامیان پەسەند دەکات و بۆماوەی چەندیش ئەم “ئۆکەیە” درێژە دەکێشێت!
ئەوەی گرنگە لەبەرچاوی ئێمە و ئێرانییەکانیش بێت ئەوەیە، کابینەی پزیشکیان کە بە کابینەی ریفۆرمخوازەکان ناسراوە دەبێتە دواهەمین دڵۆپی هیوای گەلانی ئێران بۆ چاکسازی سیاسی و ئابوری و سوککردنی سزاکانی رۆژئاوا لەپێناوی گەڕاندنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی ئێران، هەمان دۆخی مەعنەوی کابینەی ئەمیر عەباس هویدای هەیە لە زەمانی شادا. ئەوکاتەش خەڵک هیوای زۆریان لەسەر ئەمیرعەباس هەڵچنی بەحوکمی باکگراوندە سیاسی و دیبلۆماسی و ڕۆشنبیرییەکەی، بەڵام لەکۆتاییدا کە ئەمیر عەباس لەدوای چەند ریفۆرمێکی زەوی و زار و ئابووری و ئیداری و کەلتوری شکستیهێنا، ئیدی لەماوی یەک ساڵ و نیودا چوار کابینەی یەک لەدوای یەک گۆڕدران، بەڵام ئەم ئاوە ساردانە بەشی کوژاندنەوەی کڵپەی ئاگری توڕەیی و بێزاری خەڵکی نەکرد و تەواوی سیستەمی سیاسی ئێران و سەرانی وڵاتی کردە خۆڵەمێش. کابینەی پزیشکیانیش هەمان هیوای ئەمیر عەباس بەگوێی خەڵکدا دەدات بە کۆتاییهێنان بەتەواوی قەیرانەکانی وڵات، وە تا ئەم خولەکەش توانیوویەتی “خامنەئی” بە کارنامەکەی ڕازی بکات و پشتیوانی ڕابەری باڵای بەدەستهێناوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان دەربارەی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی. خامنەئی تاڕادەیەک لەوە تێگەیشتووە کە ئەگەر پزیشکیان شکستبهێنێت ئیدی متمانەی خەڵک بەدەسەڵاتیش بەتەواوی دادەڕمێت و وڵاتەکە دەبێتە بۆمبێکی چێندراو لە هەر سات و وەختێکدابێت دەتەقێتەوە.
گرنگە بزانین سوربوونی ئێران لەسەر پڕۆسەی چەککردن و کۆکردنەوەی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە یەک کەمپی گەمارۆدراودا لە ناوچەی سورداش، دووبارە سڵکردنەوەیانە لە جەنگی ساردی ئێستایان لەدژی ئیس*ڕائ*یل. کە ئەگەر ئیس*ڕائ*یل سووربێت لەسەر پەرەپێدانی زیاتری ئەم جەنگە ئەوا مۆسادی ئیس*ڕائ*یل ئەگەری هەیە هاوکاری حزبە کوردییەکان بکات بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکە، ئێرانییەکانیش دەیانەوێت بەرلەوەی جەنگەکەیان لەگەڵ ئیس*ڕائ*یل بگاتە لوتکە ئەم مەترسییانە لەسەر ڕێگاکە نەهێڵن.
بێدەنگی ئێران لەئاستی تیرۆرکردنی ئیس*ماع*یل هە*نیە و ف*واد ش*وکر وەک لە سەروبەندی ڕووداوەکەدا لە وتاری پێشوودا باسمانکرد هەوڵی دیبلۆماسی ئێرانە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و خۆشکردنی ڕێگای دانووستان لەگەڵ ڕۆژئاوادا. بەڵام نەیانتوانی گرژی نێوان حزبوڵا و ئیس*ڕائ*یل ڕابگرن چ بەهۆی سەرکێشی سەرانی حزبوڵاوەبێت یاخود هەوڵی فەرماندەکانی پاسداران بۆ دەربازبوونیان لە ئیحراجی بێدەنگی حکومەتەکەیان. ئەمەش سەریکێشا بۆ پێکدادانی ئاسمانی و موشەکی توندتر و خوێناویی تر لەنێوان حزبوڵا و ئیس*ڕائ*یل و ئەنجامەکەی لەناوچوونی زۆرینەی سەرانی حز*بو*ڵا و فەرماندە و مامۆستای مەشقی هێزە تایبەتەکان بوو.
لەم دۆخە دژوار و سەختەی ئێستادا بۆ بەناو “بەرەی بەرگری” خەتی ئێران تەنها دوو ڕێگا لەبەردەم عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێراندا ماوەتەوە و سێیەمی نییە، یان بەتەواوی متمانە بە کارنامەی پزیشکیان بکات و بەردەوامی بە بێدەنگییەکەی بدات لەئاست تیرۆرکردنی سەرانی بەرەکەی و هەوڵی ڕاگرتنی بریکارەکانی تری بدات لە یەمەن و ئێراق و سوریا لەپێناوی ئاگربەست و حەسانەوەدا، دواتر هەنگاونان بەرەو رێککەوتننامەی ئەتۆمی و چاکسازی ئابووری کە ئەم بژاردەیە لەلایەن بەرەی ڕیفۆرمخوازانەوە بەتوندی پشتیوانی دەکرێت و لۆبی بۆ دەکەن. یاخود کارنامەکەی پزیشکیان وەلابخات و ئێران بخاتەناو جەنگێکی فراوان و سەرتاسەری لەگەڵ ئیس*ڕائ*یلدا لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم بژاردەیەش بژاردەی موحافزکاران و فەرماندەکانی پاسدارانە. بەبۆچوونی منیش خامنەئی کەمتر مەیلی بەلای زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکەدایە و زیاتر چاوی لەوەیە کابینەی پزیشکیان و شاندە دیبلۆماسییەکەی سەرکەوتووبن لە بەدیهێنانی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەم جەولەی جەنگە لە ئێستادا.