مەبەست لە دوژمنەكانى مرۆڤ، ئەو فاكتەرانەن كە بە درێژایی مێژوو مرۆڤیان دەربەدەر كردووە. ئەو فاكتەر و هەلومەرج و هۆكارە جیاوازانەى كە هەمیشە لە سیستەم و دنیابینى و بیر و بۆچوونە جۆربەجۆرەكاندا، بایەخیان بە هەموو شتێك دەدا جگە لە مرۆڤ، مرۆڤیان بە نادیار و بەتاڵ لەخۆى هێشتووەتەوە و بەشتى دیکەوە سەرقاڵیان کردووە. ئەو هۆكارانەى كە بوونە هۆى داڕووخان، بەدگۆڕان و لاوازكردنى هەقیقەتى مرۆیی، لە كاتێكدا كە دەشێت بۆ پێشكەوتن و شارستانیەتى و دەسەڵات هۆكارگەلێكى باش و پۆزەتیڤ بووبێتن، چونکە بە بڕوای هایدگەر هەموو ئەم شارستانییەتە مەزنانە، بە نرخى قوربانیبوونى هەقیقەتى مرۆڤ لەسەریەك كەڵەكەبوون. بەو پێیەی مرۆڤ لە ڕژێمەكاندا وەك گرفتارێك بە ناچارى زیاد لەوەى كە پێویستى بوو كاری دەكرد و كاتێك كارى زۆرەملێیان پێ دەكرد، هەستى بە مرۆڤ بوونى بەخۆى نەدەكرد، وەك كەرەستە و ئامرازێك خۆى دەبینى، بۆیە شارستانییەت زادەى كارى زۆرەملێیانەى مرۆڤەكانە لەو بارودۆخانەدا. بەم ئاوایە گشت شوێنەوارەكانى شارستانییەت، یادگارى ئەو ساتانەیە كە مرۆڤ نابوود دەكرا. ئەمە مرۆڤناسی و مرۆڤگەرایى تایبەتى هایدگەری مامۆستاى سارتەرە.
باشە، ئەو فاكتەرانەى دوژمنى مرۆڤن چین؟ تەواوى ئەو كەسانەى لە بەرە و ڕەوتە جیاوازەكانی ئەمڕۆدا بیردەكەنەوە و تێدەفكرن، بەرەى ماركسیزیم، بەرەى بوونگەراكان و بەرەى ئایینى، كە سێ بەرەى دیارى ڕۆژئاوان، هەموویان بڕوایان وایە كە مرۆڤ، هەقیقەتى، جەوهەرى، ئامانجى، پێویستى و بەهاكانى هەرچییەك بن، سێ ڕەهەندى سەرەكی پێكیدەهێنن كە بە گوتەى هایدگەر یەكەم “ئاگایی”، دووەم “ئازادى”، سێیەم “داهێنان و ئافراندن”ە.كەواتە مرۆڤ بەو هەقیقەت و جەوهەرەی كە هەیەتى، گوزارشتە لە بوونێكى هۆشیار و ئازاد و داهێنەر. دەربڕ و دەركەوتەى داهێنەرى یەكێكیان “پیشەسازی”ە و ئەویدیکەیان “هونەر”ە، دەرکەوتەی ئاگاییش “زانستە” و هی ئازادیش “داهێنان و پەرەسەندن”ە. كە دەتوانێت هەڵیبژێرێت و بڕیاربدات. كەواتە دوژمنانى مرۆڤ زۆر ئاشكران. ئەوان هۆكارگەلێكن كە مرۆڤ لەسەرنجدان لە سێ ڕەهەندەكەى خۆى بەتاڵ دەكەنەوە و بەشتى دیکەوە سەرقاڵى دەكەن. (هەرچەندە ئەو شتە لە پیرۆزترین شتەكانیش بێت) هەڵبەت ناكرێ هەموویان شەن و كەوبكەین و ئەگەریش بكرێت، ئیشى یەك دانیشتن و كۆڕ نییە و من تەنیا ناوەكانیان و كورتەباسێك لە بارەیانەوە دەخەمەڕوو، ئێوەش دەبینن ئەم هۆكارانە، ناكۆك و پێچەوانەى یەكدین. تەنانەت فاكتەرگەلێكن كە یەكتر دەسڕنەوە و دژ بەیەكن، بەڵام دەبینین ئەو دوو فاكتەرانەى دژ بەیەكن، لە سەرنگونكردنى مرۆڤدا هاوبەشن.
با دیسانەوە ئەمە ڕوون بكەینەوە كە مەبەست لەم چەمكانە، واقیعى چەمكەكانە، نەك هەقیقەتیان، چونكە هەقیقەتى شتێك لەگەڵ واقیعیەتەكەى جیاوازییان هەیە، هەقیقەت ئەو شتەیە كە دەبێت هەبێت، یان بەڕەهایی هەیە. هەروەها واقیعیەت شتێكە كە لە جیهانى دەرەوەدا، بوونێكى دەرەكى بینراوى پەیداكردووە. بۆ نموونە ئیسلام وەك هەقیقەتێك، ئایینێكى پێشكەوتوو و ئازادى خوازە و ئیسلام وەك واقیع، سیستمێكى دژە ئازادى و دژە مرۆڤ و دژى ڕەگەز و كۆمەڵانى مرۆڤایەتی بووە. ئیسلام وەك واقیع، ئەو هێز و دەسەڵاتەیە كە بەناوى ئیسلامەوە لە مێژوودا ڕەنگى داوەتەوە و لە واقیعدا هەبووە و كاری كردووە. هەروەها ئیسلام وەك هەقیقەت، ئەو بەهایانەیە كە لە كتێب و پەیامدا ڕەنگى داوەتەوە و مرۆڤێكى وردبین و لێكۆڵەر دەتوانێت بڕوات و لێكۆڵینەوە بكات لەوە تێبگات. سۆسیالیزم، وەك هەقیقەتێك، جۆرێك داوەرى لەبارەیەوە دەكرێت و بەشێوەى واقیعیش، داوەرییەكى دیکە كە ڕەنگە دژ بەیەك بن. مەسیحییەت وەك هەقیقەت، سیمبولى خۆشەویستى و لێبوردەیی و ئەوینە و مەسیحییەت وەك واقیع، گەورەترین جەلادى خوێنڕێژییە كە هیچ جەنگیزێك بە تۆزی پێى ناگات و لەیەك ڕۆژدا 300 هەزار كەس لە بارسلۆنادا قەتڵ و عام دەكات. –لەخودى مەسیحییەتەوە- لە جەنگى خاچ پەرستەكان بڕوانن لە فەلەستیندا چیان كردووە و ئێستاش چى دەكەن. بە هەرحاڵ ئەو هۆكارانە بێڕیزبەندى دەڵێین، خۆتان لە مێشكتاندا ڕێكى بخەن.
“یەکەم؛ زانست، نەفیكەر و ڕەتكەرەوەى مرۆڤ”
یەكێك لە دوژمنەكانى مرۆڤ خودى زانستە. دووبارەی دەکەمەوە وەختێك دەڵێم زانست، واتا واقعیەتى زانست، ئەو شتەى كە بەناوى زانستەوە لە مێژوودا واقیعییەتى هەبووە و ئەو زانستەى كە ئێستا هەیە و گوزارشتە لە ئامرازى نوێی بە كۆیلەكردن. هەڵبەت دەزانم تا ئێستاش لە چەند شوێنێكى ئەفریقا كۆیلەیی بوونی هەیە و هەندێك لە مرۆڤەكان دەفرۆشرێن، بەڵام بە هەرحاڵ، ئەگەر كۆیلایەتیش بوونى هەبێت، لەو سوچ و قوشبنە دواكەوتووانەدان كە مرۆڤگەلى زۆر نەفام و وەحشیان لە تەڵە و داوى خۆیاندایە هەیە، بەڵام خۆم بەچاوى خۆم دیوومە و هەندێ لە هاوڕێكانیشم كە لێرە ئامادەن بینیوویانە بازاڕى كۆیلەفرۆشى لە ئەفریقا و باشورى فڵان شوێن نییە، بەڵكوو بازاڕى کۆیلەفرۆشى لە كەمبریجە. لە زانكۆى هارڤارد و زانكۆى سۆربۆنە. ئەویش نەك خزمەتكار و كرێكار، بەڵكوو گەورەترین بلیمەتەكانى مرۆڤایەتى.
سەرمایەدارەكان دێنە بەردەم پۆلەكان و خوێندكارە یەكەم و دووەم و سێیەمەكان دەبەن و هەڕاجیان دەكەن. ئەو دەڵێ من دەهەزار تمەن دەدەم، ئەویدی دەڵێت ئێمە پازدە هەزار و ئۆتۆمبیلێك دەدەین. یەكێكى دیکە دەڵێت شۆفێریش دەدەین، یەكێ دی دەڵێ سكرتێرەش دەدەین، لە كۆتاییدا كێ پارەی زیاتر بدات لە زیادكردنەكەدا ئەوا كابراى بلیمەت دەبات بۆ كۆمپانیاكەى و پێى دەڵێت لێرەدا بوەستە و هەرچییەكم لێ داواكردى بۆم دروست بكە. ئەویش دەڵێ بەسەرچاو. كەواتە جیاوازى كۆیلەى نۆێ لەتەك كۆیلەى كۆندا ئەوەیە كۆیلەى كۆن خۆى ئاغاکەى هەڵنەدەبژارد، بەڵام كۆیلەى نوێ خۆى ئاغا و خاوەنەكەى هەڵدەبژێرێت. بە هەرحاڵ دەبێت ئاغایەک هەڵبژێرێت. ئەگەرنا زانا نییە و لە جیهاندا پێگەیەكى نابێت. خۆ ئەگەر زانست بە سەرمایەدارى نەفرۆشرێت، تەنیا بە كەڵكى قسەكردن دێت. هەقیقەت ئەوەیە ئەم سەدەیە، سەدەى هاوسەرگیرى پارە و زانستە. ئەو دووانەى بە درێژایی مێژوو دژ و نەیاری یەكدی بوون، ئێستا هاوسەرگیریان كردووە و منداڵە نایاساییەكەشیان مەکینەیە و بەدڵنیاییەوە كاتێك پارە و زانست هاوسەرگیریان كرد، دیارە كە كامیان مێردە و كامیان ژن. دیارە-ژن بەو وێنا بەرجەستەی كە لێیمان هەیە- لێرەشدا دەبینین، کە لەكۆتایدا سەركەوتنى زانست لەشێوەی براوەترین ئامرازى دەستى سەرمایەدارەكاندایە. هەروەها گەورەترین فاكتەر بۆ جەنگەكان و هەتا خراپتر لە هەموو ئەوانەش، گەورەترین ئامرازى ئاراستەكەرى ڕژێمە بۆگەن و گەندەڵەكانى وەك فاشیزمە.
هیتلەر پێنج سەد زانا و فەیلەسوفى پلەیەكى ئەڵمانى لاى خۆی دیل كردبوو و فەرمانى دەكرد من هەرچى بڵێم، دەبێت ئێوە لە ڕووی زانستییەوە پاساوی بۆ بهێننەوە، چونكە ئێمە تێناگەین زانست چییە. واتا ئێمە هەڵیت و پەڵیت دەڵێین، ئێوە دەبێت پاساوی زانستییانەى بۆ بهێننەوە. (مۆسۆلۆنى) بیست فەیلەسوفى ئیتاڵى بانگهێشتكرد و لە ژوورێكدا داینیشاندن. یەك جار هاتە ژوورەوە و گوتى من تا پازدە ڕۆژى دیکە دەمەوێت هەڵبژێردرێم. ئێوە گەرەكە، ئایدۆلۆژیایەك دروست بكەن، ئەوانیش گوتیان بەسەر چاو قوربان، ئیشى خۆمانە. ئەم زانستە دواجار دەبێتە هۆى فاشیزم. فاشیزم تەنیا ئەوەنییە لە ڕواڵەت و جووڵانەوەى ڕژێمى مۆسۆلۆنی و هیتلەردا دەیبینین. بەڵكوو لە سیستەمە جیاواز و ناوە جۆراوجۆرەكاندا فاشیزم بوونى هەیە. ئەو سیستەمەى ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی شارستانییەتى گەورەى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەكات، ناوى هەرچییەك بێت، فۆرمێکی فاشیزمە و سیستەمەكەى هەر چییەك بێت، چینى فەرمانڕەواى تەكنۆكراتە. چ لە سیستەمی ڕۆژئاوا و چ لە سیستەمی ڕۆژهەڵاتدا. مرۆڤە ڕواڵەتبینەكان، تەنیا بە زانست داوەری دەكەن و ئێستاش كە ئەم زانستە، بە وتەى (برشت) كاتێك بوو بە هۆى فاشیزم، شكستى هێنا، لە بەرئەنجامدا مرۆڤى ئەمڕۆ، نائومێدبوو لە ئایین كە لەسەدەكانى ناوەڕاستدا پێشینەیەكى خراپى لەگەڵیدا هەبوو، بێهیواش لەزانست كە لە سەردەمى فاشیزمدا یادەورییەکی خوێنینى لێی هەیە، نازانێت لەسەر چى هیوا هەڵ بچنێت.
لەم دۆخەدا، زانست لە فۆڕمی هۆکار و داردەستى نەزانیندا دەردەكەوێت. بەم پێیە كاتێك زانست دەبێتە كرێگرتەى زێڕ و زۆر، ئەو ئامانجانەى کاری بۆ دەکات، بریتیین لەو خاڵانەى كە سەرمایەدارى و زەبر و زەنگ “هێزو دەسەڵات” بۆى دیاری دەكەن، زانستیش كە بریتییە لە چاوكرانەوەى مرۆڤ، بێدارى و دۆزینەوە، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە كە نەزانى بەسەریدا سەپاندووییەتى، ئاوڕ لە نا مرۆڤ دەداتەوە و بۆ ئەوەى فەرمانی ئاغاکانی جێبەجێ بکات، سەرقاڵى نا مرۆڤ دەبێت و هەتا لەم سەرقاڵییە نا مرۆییەشدا، هەندێک جار بەشێوەی لەناوبەر و بكوژى مرۆڤ دەردەكەوێت. تەنانەت لەو شوێنەشى كە زانست لە فۆرمى فاشیزمدا دەرناكەوێت و لە فۆڕمی زانستی تەواودایە، چونكە ئەركى نازانستى هەیە و ئامانجەكانى سیستەمە نازانستى و كەسە ناشارەزاكان دیاری دەكەن، دیسانەوە مرۆڤ لەپشتى زانستەوە بە نادیاری دەمێنێتەوە. بە گوتەى “ئەلێكسس كارڵ”، ئەمڕۆ مرۆڤ لە گەردیلەى ئەتۆم، وزە و پرۆتۆندا قوڵبووەتەوە و بە ناخى ئاسمانەكاندا چووە، بەڵام بچوكترین هەنگاوى بۆ خۆى نەناوە. مرۆڤ ئەمڕۆ سەبارەت بە دوورترین هەسارەكانى كۆمەڵەى خۆر زانیارى ورد و دروستى هەیە، بەڵام لەمەڕ سادەترین كێشەكانى ژیانى مرۆیی بچووکترین ڕێگەچارە بە مێشكیدا نایەت.
چونكە مرۆڤ لەپشت ئەم سەركەوتنە مەزنانەى زانستەوە، خەریكە فەرامۆش دەبێت و لەنێو دەچێت. چیرۆکێكیان دروست كردووە هەرچەند بۆ خۆشیشە، بەڵام پیشاندەرى هەقیقەتێكە و ئەویش لەو كاتەدا كە گاگارین چوو بوو بۆ بۆشایی ئاسمان، ڕۆژنامەنووسێك دەچێتە ماڵەكەى و لە منداڵەكەى دەپرسێت:-
باوكت لە كوێیە؟
منداڵەكە دەڵێت: چووە بۆ بۆشایی ئاسمان.
ڕۆژنامەنووسەکە: دەپرسێت كەى دەگەڕێتەوە؟
منداڵەكە دەڵێت: كاتژمێر دوو و سی و پێنج خولەك و حەوت چركە.
ڕۆژنامەنووسەکە دواتر دەپرسێت: ئەی كوا دایە؟
منداڵەكە وەڵام دەداتەوە: چووە نان بكڕێت.
ڕۆژنامەنووسەکە دەپرسێت: كەى دەگەڕێتەوە؟
منداڵەكە دەڵێت: دیارنییە.
ئەو باوكە لێرەدا سیمبولى پێشكەوتنى زانستە و دایكەكەش، سیمبولى هەقیقەتى مرۆڤە كە لەسەر زەوى دەمێنێتەوە و ئەو منداڵەش، مرۆڤى سبەینێ و ئایندەیە كە لە سەركەوتنى باوكى جگە لەپێشكەوتنى زاست( هەڵبەت زانست بەم واتایە) هیچى بەمیرات بۆ نامێنێتەوە، بەڵام بەهۆى دایكییەوە لە ژیاندا ئازار دەكێشێت. بەكورتى، واتا پیرۆزترین شتێك كە دەیتوانى مرۆڤ ڕزگار بكات، ئەمڕۆ وەك كاولكەرترین و كارەساتئامێزترین شتەکان دەركەوتووە. ئایین ئومێدى ڕزگارى بە مرۆڤەكان دەدات، بەڵام ئەمڕۆ دەنگى کپ بووە و زانست لە سەدەى 17 و 18 دا بە هاتوهاوارێكى زۆر جێگاى ئایینى گرتەوە و بانگەشەى ڕزگارى مرۆڤى كردە پیشەى خۆى و بەڵێنیدا كە بەهەشتى ئایینتان هەر لەم سەرزەوییەدا بۆ دروست دەكەین، بەڵام وەختێك بەهەشتى دروست كرد، بینیمان كامەبوو! ئەڵمانیا هیتلەرى دروست كرد و ئەمریكاش هاوشێوەى ئەو، دەبینین بەر لە هەمووان و زیاتر لە هەر شتێك، مرۆڤى ئەمڕۆ ئەم ڕژێمانەن ئازارى دەدەن، مرۆڤیش بۆ فەرامۆشكردنى كارەساتى ژیانى مەدەنى و بورژوازى چەپەڵ تەنانەت پەنا بۆ هیرۆینیش دەبات.
ئەمانە لەم ڕژێم و سیستەمانەدا، جەبرە و بە ڕێنمایی و ئامۆژگارى چارەسەر نابن، دەبینین بێچارەكان ڕوودەكەنە ڕۆژهەڵاتى زەوى تا بەو نورى هیدایەتە بگەن. نازانم فلیمى (یەك شەممە-هەرگیز) تان بینیووە، كە وەسوەسەى گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات، گەڕانەوە بۆ یۆنان، گەڕانەوە بۆ بەهەشت، ئەوانى خراپ گیرۆدە كردبوو، دەگەڕێنەوە و دەبینن لەبرى عیرفان ئالودەى تریاك و حەشیش و هاوشێوەكانیان بوون. وەك ئێمە كە دڵەڕاوكێى شارستانیەت و پێشكەوتن و زانست و فەلسەفەى ئەمڕۆ، بەرەو ڕۆژئاوا پەلكێشى كردوین و لەم چوارچێوە نەریتى و كولتوورییەمانەوە لە پێناو دنیاى دەرەوە و شارستانییەتیدا ژیانمان كەندڕ كرد، بەڵام مخابن بە ئاوەڕۆ گەیشتین.
نووسینی: عەلی شەریعەتی
وەرگێڕانی: مەهاباد حەسەن