“دەستوور چییە و چۆن دەنوسرێتەوە؟”
بە مانایەکی گشتی، دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نێوان فەرمانڕەواو فەرمانپێکراوانە (حاکم و محکوم)، ترۆپکی یاساکانەو لە ڕێگەیەوە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت، شێوازی سیستەمەکەی، شێوەی حکومەتەکەی، رێکخستنی دەسەڵاتە گشتییەکانی دیاری دەکرێت. لەبەر ئەوەیە دەوترێت دەستوور دایکی یاساکانە، یان دەستوور بەرزترین یاسایە لە وڵاتدا. یان بە مانایەکی تر دەستوور بریتییە لە کۆمەڵە بنەمایەکی سەرەکی کە لە رێگەیانەوە، کاروبارەکانی دەوڵەت و چۆنیەتی پیادەکردنی حوکم رێکدەخرێت. لە لایەکی دیکەوە دەوترێت دەستوور بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک، ئەرک و مافەکانی تاک بەرامبەر بە دەوڵەت دیاریدەکات و پەیوەندی نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگاش رێکدەخات. بە شێوەیەکی گشتیش چەند ڕەگەزێکی هەیە کە بریتین لە:-
- .دیباجە یان پێشەکی.
- پێناسە.
- ماف و ئازادییە گشتییەکان.
- دابەشکردنی دەسەڵاتەکان.
- کۆتایی بەش.
بەشێوەیەکی گشتی ئەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی جیهان دەگرێتەبەر بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە تازە دەبن بە خاوەنی دەستوور یان رژێمە سیاسییەکانیان گۆڕانی بەسەردا دێت یاخود دەستووریان هەیە دەیگۆڕن یان هەمواری دەکەنەوە، پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت.
قۆناغی یەکەم:- دیاریکردن یاخود هەڵبژاردنی لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور.
قۆناغی دووەم:- نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور لە لایەن لیژنە راسپێردراوەکەوە.
قۆناغی سێیەم:- رەوانەکردن و پەسەندکردنی رەشنووسی دەستوور لە پەرلەمان.
قۆناغی چوارەم:- ئەنجامدانی ریفراندۆمی گشتی و دەنگدانی خەڵك بۆ پەسەندکردنی یان رەتکردنەوەی دەستوورەکە.
“پاشخانی مێژوویی دەستوور لە توركیا”
یەکەم دەستووری تورکیا وەکو هەوڵێك بۆ دروستکردنی کۆماری تورکیا و رزگاربوون لە خەلافەتی عوسمانی لە ساڵی (١٩٢١) نووسراوەتەوە، بەڵام یەکەمین دەستووری کارپێکراوی سەردەمی کۆماری تورکیا لە ساڵی (١٩٢٤) نووسراوەتەوە، و پرۆژەی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە، بووە، هەڵبەت بە تەواوی دەستورێك بووە پێچەوانەی ستراکچەری کۆمەڵگەی تورکی و ویستی مستەفا کەمال ئەتاتورك بووە. بەخواست، ئەو دەستوورە تا ساڵی (١٩٦٠) کاری پێکرا، ئەو ساڵە یەکەمین کودەتای سەربازی لە تورکیا ئەنجام درا، بەدوای ئەوەشدا ساڵی (١٩٦١)دەستوورێکی دیکە نووسرایەوە، ئەو کودەتای كە لە ساڵی (١٩٧١) ڕویدا دەستکاری دەستووری نەکرد، بەڵام ساڵی (١٩٨٠) دیسان سەركردەی سەربازی “کەنعان ئیڤرین”، سوپا سالاری تورکیا کودەتای کرد و لە ساڵی (١٩٨٢) دەستووری گۆڕی، لەوکاتەوە تا ئێستا ئەو دەستوورە بە بنەمای ژیان و سیستەمی سیاسی وەرگیراوە لە توركیا.
دەستووری تورکیا لە ١٧٧ ماددە پێکهاتووە تاوەکو ئێستا گۆڕان لە (٢٠) بەشی جیاوازیدا کراوە، بەڵام ٥٨ ماددەیان بە هیچ جۆرێک دەستکاری نەکراون. یەکەم گۆڕانیش لە دەستووری تورکیا لە ساڵی (١٩٨٧) بووە و دوایین هەموارکردنەوەش لە ساڵی (٢٠١٧) بوو کە سیستەمی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تورکیای لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا. دەستووری ئێستای تورکیا لە دوای کودەتاکەی (١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٢) نووسراوەتەوە و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بە ڕێژەی ٪٩٢ ی دەنگی خەڵکی ئەو وڵاتە پەسەند کراوە، بۆیە دوای ٤٠ ساڵ لە ئامادەکردنی ئەو دەستوورە، هەر چەندە چەند جارێک هەموارکراوەتەوە و گۆڕانی کەمی تێدا کراوە، بەڵام هەر بە “دەستووری کودەتا” ناو دەبرێت.
“دەنگۆی گۆڕینی دەستوور”
لە ئێستادا جارێکی تر بابەتی دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ توركیا کەوتۆتەوە سەر زار، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە پشتیوانی لە دانانی دەستوورێکی تازە دەکەن، بەڵام لە وردەکارییدا تێروانینی زۆر جیاواز لە نێوانیاندا سەبارەت بەم بابەتە هەیە. تورکیا لە هەموو روویەکەوە پێویستی بە دەستوورێکی کراوە و مۆدێرنە کە مافە دیموکراتیەکان و مافی پێكهاتە نەتەوەییەكانی وەك كورد وپێكهاتە مەزهەبیەكانی وەك عەلەوییەکان بسەلمێنێ، ئەمەش پێویستی بە سازانە چونکە دەستوور بەبێ سازان تێناپەرێ، کۆبوونەوەکانی تایبەت بە نووسینەوە دەستووری نوێ بە سەرپەرشتی “نوعمان کورتوڵموش”، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەستییان پێکرد، ئاک پارتی دەیەوێت بە کۆدەنگیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان، خۆی لە دەستووری ساڵی ١٩٨٢ ڕزگار بکات. گەڕی یەکەمی سەردانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستی پێکرد، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دەم پارتی ڕایگەیاند، پێشنیازەکان خراونەتە بەرباس و دەیانەوێت قۆناغی نووسینەوەی دەستوور، ڕوون و دیموکراسییانە بێت. کورتوڵموش گوتیشی: “هاوسەرۆکان و جێگرانی هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی، لەنێو خۆیاندا تاوتوێی بابەتەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن، گوتیشی هیوادارین بە بەشداری و کۆدەنگییەکی فراوانی پارت و لایەنە سیاسییەکان کارێک بخەینەڕوو و دواتریش لە پەرلەمان پەسەندی بکەین.”
دیدار و کۆبوونەوەکانی ئاك پارتی لەبارەی دەستووری نوێ بەردەوامن، بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور لە کۆی ٦٠٠ کورسیی پەرلەمانی تورکیا، ئاکپارتی پێویستی بە ٣٦٠ دەنگ هەیە بەڵام خۆی تەنیا خاوەنی ٢٦٨ کورسییە و مەهەپەی هاوپەیمانیشی خاوەنی ٥٠ کورسییە، هەرچەندە پارتی یەنیدەن ڕەفا خاوەنی ٥ کورسییە، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هاوپەیمانی کۆمار (ئاكپارتی و مەهەپە)جیا بووەوە، بۆیە ئێستا ئاکپارتی پێویستی بە ٤٢ دەنگی دیکە هەیە تاوەکو دەستور بخاتە ڕاپرسی گشتییەوە، هاوکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەبێ ڕاپرسی گشتیی پەسەندی بکات، پێویستی بە ٤٠٠ دەنگ هەیە، لە بەرامبەردا، جەهەپە ١٣٠ کورسی، دەم پارتی ٥٧ کورسی، ئیی پارتی ٤٤ کورسی، پارتەکانی سەعادەت و ئاییندە پێکەوە ٢٠ کورسی، دەڤا ١٥ کورسی و پارتی کرێکارانی تورکیا چوار کورسییان لە پەرلەمانی تورکیا هەیە و هەموویان پێكەوە دەتوانن نەهێڵن ویستی ئاك پارتی سەربگرێت.
“پوختە”
بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە تەواوی ئەو دەستوورانەی لە تورکیا نوسراونەتەوە بەرکاربوون و کاریان پێکراوە لەلایەن کودەتاچییەکان نوسراوەتەوە، بێگومان ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم دەستوورانە لە خزمەت دەسەڵاتدا بووە، بۆیە ئێستا نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ لە تورکیا بەپێویست دەزانرێت بۆ ڕزگاربوون لە كولتووری كودەتا وبۆتە جێگای باس و خواستی هێزە سیاسیەکانی تورکیا، بۆئەوەی لەو دەستوورە نوێیەدا مافی هێزە ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتەکان فەراهەم بکرێن و ڕۆڵییان هەبێت لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتكردنی تورکیادا، بەتایبەتی لە ئێستا ئاکپارتی کە سەرۆکایەتی تورکیا دەکات لە ڕووی جەماوەرییەوە لە پاشکەشەدایە، کە ئەمەش لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەتەواوی بە دیار کەوت، بۆیە ئێستا هێزە سیاسیەکانی تورکیا داوای نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ دەکەن بە تایبەتی هێزە سیاسیە دژبەرەکانی ئاکپارتی کە “ڕەجەب تهیب ئەردۆگان” سەرکردایەتی دەکات.