لە بنەڕەتدا سینەمای هۆڵیوود پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە، پێش ئەوەی کە کارێکی هونەری یان پڕۆژەیەکی کولتووری بێت، لە زۆر حاڵەتدا دەرزی پەیامێکی سیاسی ئاڕاستەکراوی لێدراوە، هەرچەندە فیلمەکانی هۆڵیوود ڕەنگدانەوەی کولتوورێکی دیاریکراون، لێ بە پێویستی دەزانن کولتووری کۆمەڵگایەکی ڕۆژئاوایی یان کولتوورێکی سەرمایەداری یان جوو بن یان سەرمایەداری لە قۆناغی شیبوونەوە باج و سوو واتە جوو (جوولەکایەتی) سەرەڕای ئەوەی کاریگەرییان لەسەر کولتووری کۆمەڵگاکان و دروستبوونی ڕای گشتی سیاسی هەیە وەک ئامڕازێک بۆ پەیوەندییە جەماوەرییە جیهانییەکان کە کاریگەرییان کەمتر نییە ئەگەر کاریگەرتریش نەبێت لە میدیای ئەمریکی، ئەرکی بەرهەمهێنان و بە بازاڕیکردنیان لە ئەستۆی چەند کۆمپانیایەک یان ستۆدیۆگەلێکی زەبەلاحدا دەمێنێتەوە.
ئەمەش لەبەرئەوەی بەرهەمهێنانی فیلمێکی ئاسایی هۆڵیوود لە سەرەتای نەوەدەکاندا بە تێکڕایی (۲۰) ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە جگە لەوەی نیوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بە بازاڕیکردن و دابەشکردن تەرخان دەکرا (باری لیتمان – لە کتێبی (بنية الصناعات الامريكية) فصل (صناعة الافلام الامريكية) ص: ۲۰۳)، بەڵام لە (۲۳ / ۳ / ۲۰۰٤) سەرۆکی ئەوکاتی کۆمەڵەی ستۆدیۆکانی هۆڵیوود (جاک فلنتی) ڕایگەیاند کە تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمێکی ئاسایی هۆڵیوود لە ساڵی (۲۰۰۳)دا (٦۳٫۸) ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا تێکڕای تێچووی بە بازاڕیکردن و دابەشکردنی هەریەکە لەو فیلمانە بڕی (۳۹) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، واتە تێچووی کۆی بەرهەمهێنان و بە بازاڕیکردنی فیلمێکی ئاسایی هۆڵیوود ئێستاکێ سەدان ملیۆن دۆلار زیاترە، سەبارەت بە تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمێکی هۆڵیوود لە ساڵی (۲۰۰۷)، گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریکی (Variety) ڕاپۆرتێکی لە بەرواری (٥ / ۳ / ۲۰۰۸) بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەوە کرد کە تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمێکی هۆڵیوود لە ساڵی (۲۰۰۷)دا نزیکەی (۷٥) ملیۆن دۆلار بووە، ئەوە هەر باسی زیادبوونی تێچووی بە بازاڕیکردن و دابەشکردنی فیلمەکان هەر ناکەم.
قسەکە لەسەر تێچووە، زۆرێک لە تێچووی فیلمەکان کەمتر لە سەد ملیۆن دۆلارە، هەندێکیشیان لەسەروو ئەو ژمارەیەوە، لێ دەرەنجامەکە ڕوونە، ئەویش ئەوەیە فیلمسازی هەر بە مۆنۆپۆی گەورەی سەرمایەداری دەمێنێتەوە، زیادکردنی تێچووی فیلمیش ژمارەی فیلمەکان ساڵ لەدوای ساڵ کەمدەکاتەوە کە لە هۆڵیوود بەرهەمدەهێنرێن، لە ڕاستیدا ئەمە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕویدا. زیادبوونی بەردەوامی تێچووی تاکە فیلمێک دەبێتە بەربەستێک(بارگرانییەک) لەبەردەم چوونە ژوورەوەی ئازادانە بۆ نێو بازاڕی پیشەسازی فیلم، ئەمەش دەسەڵاتی مۆنۆپۆڵی بەرچاو بە ستۆدیۆکانی هۆڵیوود دەبەخشێت لەسەر هەردوو ئاستی ئەمریکی و جیهانی، لە ئێستادا هۆڵیوود لەلایەن شەش ستۆدیۆی زەبەلاحەوە جڵەوکراوە کە بە نۆرە بە بلۆکە داراییە زەبەلاحەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندی یان کۆمپانیا زبەلاحەکانی ڕاگەیاندنەوە بەستراونەتەوە، ئەمانە پەیوەندیگەلێکن شێوەی پەیوەندی خاوەندارێتی یان هاوپەیمانیان هەیە کە گەورەکان کۆنتڕۆڵی بچوکەکان دەکەن، لەبەرئەوە ئەم کۆمپانیا گەورانەی کە لە بواری فیلمدا کار دەکەن دەبنە بەشێکی ئۆرگانی لە فیلمەکە، لە لاپەڕەکانی داوەتردا دەگەڕێینەوە سەر ڕادەی کاریگەری جوەکان لەسەری، وە بەگشتی هەموویان یان لەلایەن جوەوە خاوەندارێتی دەکرێن یان بەڕێوەبەری جێبەجێکار جوە، یان هەردووک پێکەوە … شەش کۆمپانیا یان ستۆدیۆ زەبەلاحەکانیش پێکهاتوون لە:-
“یەکەم؛ واڵت دیزنی(Walt Disney)”
کە کۆمپانیایەکی گەورەی ڕاگەیاندن و پیشەسازی فیلمە، خاوەنی ستۆدیۆکانی میراماکس(Miramax)ە، و خاوەنی تۆڕی کەناڵی تەلەفزیۆنی (ABC)یە، ژمارەی کارمەندەکانی لە ساڵی (۲۰۰۷)دا گەیشتە (۱۳۷) هەزار کارمەند، داهاتی لە ساڵی ناوبراوەوە زیاتر بوو لە (۳٥) ملیار دۆلار ئەمریکی، سەرنجبدە ئێمە باسی داهاتی ساڵێک دەکەین نەوەک بەهای کۆمپانیاکە لە بازاڕدا. لە ساڵی (۲۰۱۰)دا داهاتی ئەم کۆمپانیایە بە (۳۸) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و ژمارەی کارمەندەکانیشی (۱٤۹) هەزار کەس بووە، ئەم گەشەکردنە سەرەڕای قەیرانی دارایی نێودەوڵەتی ئابوری کە ساڵی (۲۰۰۸) ئەمریکا و جیهانی گرتەوە هات.
“دووەم؛ توێنتیس سێنچری فۆکس(Twentieth Century Fox)”
کە بەشی فیلمی کۆمپانیای (News Corporation) کە خاوەنەکەی “ڕۆبەرت میردۆک”، کە یەکێکە لە سەرمایەدارەکانی کەرتی میدیا، لە ساڵی (۲۰۰٥) داهاتی کۆمپانیای (Twentieth Century Fox) نزیکەی (۲٤) ملیار دۆلار بووە، و ژمارەی کارمەندەکانی زیاتر بووە لە (٤٤) هەزار کارمەند، داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی (۲۰۰۹) گەیشتە زیاتر لە (۳۰) ملیار دۆلاری ئەمریکی.
“سێیەم؛ یونیڤێرساڵ ستۆدیۆس(Universal Studios)”
کۆمپانیای (NBC Universal) خاوەندارێتی دەکات، دوای تۆڕی ناسراوی کەناڵی تەلەفزیۆنی (NBC)، داهاتی کۆمپانیای (Universal Studios) لە ساڵی (۲۰۰۷)دا زیاتر لە (۱۷٫٥) ملیار دۆلار بووە، بە نزیکەیی تا ساڵی (۲۰۱۰) وەک خۆی ماوەتەوە، لە (۸۰٪) ئەم کۆمپانیایە لەلایەن کۆمپانیای (General Electic)ەوە خاوەندارێتی دەکرێت، سێیەم گەورەترین کۆمپانیای جیهان بوو لە ساڵی (۲۰۰۸)دا، وە لە (۲۰٪) کۆمپانیایەکی فەرەنسی بەناوی (Vivendi) خاوەندارێتی دەکات، کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی فیلم و ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە، لە ساڵی (۲۰۰۷)دا داهاتی کۆمپانیای (Universal Studios) زیاتر بوو لە (۲۱٫٥) ملیار دۆلار، ژمارەی کارمەندەکانیشی نزیکەی (٤۰) هەزار کارمەند بوو، لە ساڵی (۲۰۰٥)ەوە کۆمپانیای (Vivendi) خاوەندارێتی پتر لە نیوەی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی مەغریبی دەکات و بنکەکەی لە شاری “ڕبات”ە.
“چوارەم؛ پاراماونت – ڤیاکۆم(Paramount – Viacom)”
هەڵبەتە (Viacom) کۆمپانیایەکی پەیوەندی و ڕاگەیاندنە و کە دایکی کۆمپانیاکانە، کە خاوەنی ستۆدیۆکانی (Paramount) و ستۆدیۆکانی (Dream Works)ە، ئەم دوو کۆمپانیایە فیلم دروست دەکەن و دابەشی دەکەن، لە ساڵی (۲۰۰٥)دا کۆمپانیای (Paramount) کۆمپانیای (Dream Works)، داهاتی کۆمپانیای (Viacom) لە ساڵی (۲۰۰۷)دا زیاتر لە (۱۳) ملیار دۆلار بوو، ژمارەی کارمەندەکانیشی نزیکەی (۱۰) هەزار کارمەند، سەبارەت بە ستۆدیۆکانی (Dream Works) داهاتەکەی لە ساڵی (۲۰۰۷)دا نزیکەی (٤٫٥) ملیار دۆلار بوو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم کۆمپانیایە (ستیڤن سپیڵبێرگ)ی جوە، کۆمپانیای (Dream Works) لە ساڵی (۲۰۰۸)دا گرێبەستێکی بە بڕی (۱٫٥) ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی فیلم لە هیندستان واژۆ کرد، لێ کۆمپانیای (Paramount) داهاتەکەی لە ساڵی (۲۰۰٥)دا پێش ئەوەی کۆمپانیای (Viacom) قوتی بدات (۳) ملیار دۆلار بوو، کە ساڵێکی خراپ بوو بۆ کۆمپانیای ناوبراو و توشی شکست هات و ستۆدیۆکانی تێدا شکستیان هێنا کە بەهاکەیان دەیان ملیۆن دۆلارە.
“پێنجەم؛ تایم وارنەر(Time Warner)”
بەناوی گۆڤاری (Time)ی ئەمریکییەوە ناونراوە، ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی میدیایی نێودەوڵەتییە بەبێ بەرهەمهێنانی فیلمەکان، داهاتی ناوبراو لە ساڵی (۲۰۰۷)دا زیاتر لە (۱۱) ملیار دۆلار بووە، ئەمە تەنها داهاتی بەشی فیلم، بەڵام دایکی کۆمپانیای وارنەر کە پێکهاتبوو لە چەند کۆمپانیایەک لەوانە (America On Line – AOL) بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت داهاتەکەی لە ساڵی (۲۰۰۹)دا نزیکەی (٤٦٫٥) ملیار دۆلار بووە، ژمارەی کارمەندەکانیشی زیاتر لە (۸٦) هەزار کارمەند.
“شەشەم؛ سۆنی پیکچەرز(Sony Pictures)”
کە پاشکۆی بەشی فیلم و تەلەفزیۆنی کۆمپانیای سۆنی ژاپۆنییە، کۆمپانیای (سۆنی – Sony) ژاپۆنی کە کۆمپانیای پەیوەندی و ئەلێکترۆنی و بەرنامەسازییە و یەکێکە لە گەورەترین ئەو کۆمپانیاکانیایانەی کە سنووری وڵاتانی بڕیوە و لە جیهاندا بوونێکی بێ چەند و چوونی هەیە، لێ بەشی فیلمسازی کۆمپانیای سۆنی بارەگا سەرەکییەکەی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیایە وەک باقی ستۆدیۆکانی هۆڵیوود، لە ساڵی (۲۰۰۷)دا داهاتی کۆمپانیای ناوبراو زیاتر بوو لە (۸٫٥) ملیار دۆلار،داهاتی دایکی کۆمپانیاکان(کۆی لقەکان)ی سۆنی داهاتی ساڵانەیان زیاترە لە (٨٨) ملیاردۆلار، ژمارەی کارمەندەکانیشی زیاترە لە (۱۸۰) هەزار کارمەند.
هەڵبەتە کۆمپانیای واینشتاین بروس(Weinstein Bros) لە یادناکەین، کە لە ساڵی (۲۰۰٥) لە کۆمپانیای (Miramax) کە سەر بە کۆمپانیای (Disney)یە جیابووەوە. (Weinstein Bros) کۆمپانیایەکە لە هەڵکشاندایە لە هۆڵیوود کە خاوەندارێتییەکەی بۆ هەر دوو برای جو (بۆب) و (هارڤی واینشتاین) دەگەڕێتەوە. لەمانەی سەرەوەی خستنمەڕوو ئاسان بۆمان دەردەکەوێت کە بزانین ستۆدیۆکانی فیلم لە هۆڵیوود بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی پەیوەستن بە کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و بلۆکە داراییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا، وەک کۆمپانیای (سۆنی – Sony) ژاپۆنی، کە خاوەندارێتی تەواوی ستۆدیۆکانی سۆنی دەکات و وەک چۆن کۆمپانیای (Vivendi) خاوەندارێتی بەشێکی ستۆدیۆکانی (Universal) دەکات. ئەم ستۆدیۆیانە لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەکەن، پێش ئەوەی پڕۆژەی کولتووری یاخود هونەری بن، لەبەرئەوە بەرهەمهێنانی فیلم پێویستییەکی سەرمایەدارییە، پێویستی خاوەنە سەرمایەدارەکانێتی، نەوەک بەمانا گشتییە سیاسییە-جوولەکایەتییەکەی، بۆ بەرنامەی سەرمایەداری جیهانی لەم قۆناغە مێژووییەدا بەڵکو بەمانا ڕاستەوخۆ ئێستاییە کوربینییەکەی، کە پەیوەستە بە پێویستی بەدەستهێنانی قازانج لێرە و ئەمڕۆ، بۆ پڕۆژیەکی وەبەرهێنانی زەبەلاح کە پێیدەگوترێت فیلمی هۆڵیوود.
لێرەوە گرنگی بەدەستهێنانی قازانج لە هەموو فیلمێک یان پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی سینەمایی سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش لە ڕێگای دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی کیمایی بۆ فیلمێکی سەرکەوتوو لەڕووی بازرگانییەوە کە توانای کارلێکی لە گەڵ پێداویستییەکانی بازاڕدا هەبێت، تەنانەت توانستی ئەوەی هەبێت بینەرانی سینەما وەک بەکاربەر لە قاڵب بدات، واتە توانای گونجاندنی ئەو بینەری هەبێت کە ئامادەیە پارەی بلیتێک بدات بۆ تەماشکردنی فیلمێک تا لەڕووی کولتوورییەوە و سینەماییەوە و پێشبینیشەوە جڵەوی سەلیقەی بینەر بکات نەوەک بە تەنها لەڕووی سیاسییەوە، بۆئەوەی هاوڵاتی بگۆڕێتە سەر بەکاربەرێکی کولتووری سینەمایی، یاخود بەرکاربەرێکی بەرهەمی بارزگانی-فەرهەنگی هۆڵیوود. تایبەتمەندی بازاڕی فیلمە سینەماییەکان ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی بازرگانی لە هەمانکاتدا بەرهەمهێنانی کولتووریشە، هەروەها سیاسیش، بەرهەمەکە تا ئەو ڕادەیەی کە لەلایەن جەماوەرەوە بەکاردەبرێت دەگۆڕێت بۆ ئامڕازێک بۆ بەرهەمهێنانی کولتوور و ڕاگەیاندن، واتە لە یەککاتدا بەرهەمهێنان و ئامڕازێکی بەرهەمهێنانە. لێرەدا ئابووری کولتوور بەرهەمدەهێنێت بە مانا هەستەکی ڕاستەوخۆی وشەکە، لێرەوە چەمکی “کولتووری بەرکاربەریی” یان باشترە بڵێین “بەکاربردنی کولتوور” بۆئەوەی ببێتە کاڵایەکی بازرگانی کە لەهەمانکاتدا کولتوورێکی تەقلیدییە بەگوێرەی پێوەرەکانی کوالێتی هۆڵیوود. لێرەدا کولتوور دەبێتە میدیا ئەگەرهاتوو پەیامێکی سیاسی دیاریکراوی هەبێت، یان بە سادەیی دەبێتە بۆشایی بۆ مرۆڤ، وەک هاوتەریبییەکی کولتووری بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ کاڵا(فیتشیزم) و گۆڕینی هاوڵاتی بۆ بەکاربەر بە گۆڕینی کلتور بۆ مۆدێلێکی جیهانی کە هۆڵیوود بەرهەمیدەهێنێت.
باڕازی فیلم چیتر ئەمریکی نییە، بەڵکو قەبارەی فرۆشی بلیتی فیلم لە ساڵی (۲۰۰۷)دا گەیشتە ئاستی جیهان، بەگوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری (Variety) لە (٥ / ۳ / ۲۰۰۸) نزیکەی (۲۷) ملیار دۆلار بووە، هەروەها داهاتی فرۆشی بلیت لە جیهاندا لە ساڵی (۲۰۱۰) بەپێی ڕۆژنامەی (Los Angeles Time) لە بەرواری (۲٤ / ۲ / ۲۰۱۱)دا نزیکەی (۳۲) ملیار دۆلار بووە، ئەمەش بازاڕێکی بەرچاوە کە شەش ستۆدیۆکەی هۆڵیوود بە پێویستی دەزانن پشکی شێری لێوەربگرن، بەڵام فیلمی ئاسایی هۆڵیوود جیاوازە لە هەر پڕۆژەیەکی تری وەبەرهێنان، لە ساڵی (۲۰۰۸)ەوە بە تێکڕا زیاتر لە (۱۰۰) ملیۆن زیاتر یان کەمتری دۆلاری تێچووە، لە کارگەیەکی سەرمایەداری مۆدێرن کە وەک هیچ کارگەیەکی سەرمایەداری مۆدێرن نییە. کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک کە بەکاربەر ئارەزووی دەکات و ئامادەیە بۆ کڕینی، هاوکێشەیەکە سەرکەوتووە کە دەتوانرێت دووبارە وچەند بارە لە ماوەیەکی درێژخایەندا بەرهەمبهێندرێتەوە، بۆنمونە بەرنامەی کۆمپیوتەری مایکرۆسۆفت ویندۆز(Microsoft Windows) و خزمەتگوزای کەرتی تەندروستی و شیری منداڵ و گرێبەستی بیمە یان هەرکاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک تر – زۆرینەی چەپەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا درکیان بەوە نەکرد کە خزمەتگوزارییەک وەک کاڵا بە بەرهەمێکی بازرگانی دادەنرێت – کە بەسە تەنها جارێک پێکهاتەکەی بدۆزرێتەوه. لێ فیلمەکان دەبێت هەموو جارێک ڕەگەز و توخمەکانی سەرکەوتنیان بدۆزرێتەوە، واتە لە هەلومەرجی هەموو فیلمێکدا واتە سەرکەوتنی بازرگانی فیلمێک گەرەنتی سەرکەوتنی فیلمێکی تر ناکات. لەبەرامبەردا سەرکەوتنی بازرگانی کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەکی تر بۆنمونە وەک مۆدێلی مۆبایل یان پشکنینی پزیشکی یان تاقیگەیی واتە ئیمکانییەتی بە بازاڕیکردنی ئەوەی لێی بەرهەم دێت.
مانای ئەم قسەیە ئەوەیە کە ستۆدیۆکانی هۆڵیوود ناچارن هاوکێشەیەکی کیمیایی جێگیر بدۆزنەوە تەنانەت دروستیشی بکەن کە تایبەتە بە دەروونی مرۆڤ و کولتوور کە دەتوانرێت پشتی پێببسترێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی سەرکەوتوو لەڕووی بازرگانییەوه، مەگەر نا ڕەنگە زیانەکەی بگاتە سەد ملیۆن دۆلار بۆ هەر فیلمێک. بەڵام هۆڵیوود لە هەوڵەکانیدا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کولتوورێک پتر بەرهەمدەهێنێت کە تەنها پەیامێکی سیاسی نییە بەڵکو ڕەنگە پەیامێکی ناسیاسی و ڕوکەش بەرهەمبهێنێت کە هۆشیاری کۆمەڵایەتی بەگشتی بسڕێتەوە، لێرەوە مەیلی بازرگانی لەسەر بنەمای نزمترین بڕگەی هاوبەش دامەزراوە، لێرەوەیە کە بەردەوام بەدوای پێکهاتەی سەرکەوتوودا دەگەڕێت بۆ فیلمێکی ترساک یان کۆمیدی یان دراما یان ئاکشن،..هتد، لێرەوە بەتایبەتی بەشی دووەم و سێیەم و چوارەم و زیاتری فیلمە سەرکەوتووەکان بەرهەمدەهێنرێن: لەوانە زنجیرە فیلمەکانی جیمس بۆند(James Bond) و ماتریکس(The Matrix) و پادشای مستیلەکان(The Lord of the Rings) و ڕۆکی(Rocky) و چەندانی دیکە. لێرەوە دووپاتبوونەوەی ئەکتەر و دەرهێنەر و بابەت و گرێچن(Plot)ەکان کە لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتوون وەک کلتور و وەک هێمایەک(سیمبول)ی جیهانی دادەمەزرێنێت.
بەڵام لە کەش و مودی کێبڕکێی بازرگانی لە نێوان زەبەلاحەکاندا، دۆزینەوەی هاوکێشە سەرکەوتووەکانی بازرگانی لە خودی خۆیدا بەس نییە، بەوپێیەی سەروەری لێرەدا هی بەکاربەر نییە بەڵکو هی ئەو سەرمایەیە کە لە بەرهەمهێنانی فیلمدا خەرج دەکرێت، لێرەدا دەبێت سەلیقەی سینەمایی بینەر بەوپەڕی ئاگاییەوە لە قاڵب بدرێت، ئەم پڕۆسەیە لێوانلێوە لە گژنێ(تەحەدا)ی مەترسی دارایی، لەبەرئەوە تەنها ئەو کەسانەی کە دەتوانن سەد ملیۆن دۆلار بەبێ ترس لەیەک پڕۆژەدا خەرج بکەن بوێری ئەو گژنێیە دەکەن، واتە تەنها ئەوانە دەتوانن بچنە ژێرباری گژنێیکی وەهاوە کە خاوەنی ملیارەها دۆلارن، هەربۆیەش ئەوانەی ئەجێندایەکی سیاسییان هەیە بەستراوەتەوە بە ملیادێرەکانەوە. وانەکە ئەوەیە کە فیلم بە بەراورد بە هەر پڕۆژەیەکی بازرگانی گەرەنتی سەرکەوتنی نییە و زۆر حاڵەت هەیە کە ستۆدیۆکان دەیان و سەدان ملیۆن دۆلاریان لەدەستداوە لەسەر ئەو فیلمانەی کە لەڕووی بازرگانییەوە شکستیان هێناوە، فیلم لەسەر بنەمای سەرمایە دامەزراوە و بڕیارە قازانج بکات و زیانە یەک لەدوای یەکەکانی بە واتای کەمبوونەوەی پشکی ستۆدیۆکان لە بازاڕەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتیدا. بۆ چەسپاندنی بیرۆکەی ئەم مەترسییە نزیکەی شمشێری بازاڕ لە خوارەوە خشتەیەک دەبینین کە فیلمه سینەماییەکان چەندیان لەدەستداوە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە پێگەی (یاهو) لە کۆتایی هاوینی ساڵی (۲۰۰۸)دا لەژێر ناوی فیلمە کارەساتبارەکاندا بڵاویکردەوە.
بەڵام بەدرێژایی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە(ئەم باسە لە بنەڕەتدا لە دووتوێی کتێبێکدایە بە ناوی “پەیامی سیاسی هۆڵیوود” بۆمان دەردەکەوێت کە حساباتی بازرگانی بەرتەسک هەموو شتێک نییە و دواجار دامەزراوەی هۆڵیوود لەبەرژەوەندی دامەزراوەی دەسەڵاتدا – وەکو کۆ – کار دەکات، ئەمەش پتر لە ڕێگای لایەنگری دادوەر و لایەنە خەڵاتبەخشەکانەوە دەردەکەوێت(پشتگیری دەکرێت) بۆنمونە لە ساڵی (۲۰۱۰)دا بۆ فیلمێکی پەیوەندیدار بە جەنگی ئێراق بەناوی (The Hurt Locker) سەڕەرای شکستی گەورەی بازرگانی فیلمەکە، دواجار گرنگ ئەوەبوو کە پەیامی پشت فیلمەکە لەبەرژەوندی سیاسەتی ئەمریکا بوو، بەڵام بۆنمونە فیلمی (Avatar) کە قازانجێکی خەیاڵی بەدەستهێنا چونکێ ئەم فیلمە هێڵی سوری سیاسەتی تێبەڕاند، لێرەدا خوێنەر ڕوەو بەراودکاریی نێوان ئەم دوو فیلمە هەڵدەنێین لەژێر ناونیشانی (ڕوماڵکردنی ڕۆژنامەوانی رۆژئاویی خەڵاتەکانی فیلمی (The Hurt Locker) لەم کتێبەدا. دواجار هۆڵیوود بەشێکە لە دامەزراوەی دەسەڵات، نەوەک تەنها دوکانێک بۆ دروستکردنی فیلم و قازانج وەک بەشێکی دانەبڕاو لەم دامەزراوەیە، ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵێکی مەترسیدار دەگێڕێت ئەویش بریتییە لە گەیاندنی پەیامی سیاسی و کلتوری و ڕۆشنبیری و ئایدیۆلۆژی دەستەبژێر(نوخبە)ی دەسەڵاتدار.
خاڵێکی دی ئەوەیە کە فیلمسازی وەک دەرەنجامێک پێویستی بە داهێنانی هونەری هەیە، هەربۆیە ئازادی داهێنان دەبێتە مەرجێک بۆ بەدەستهێنانی قازانج، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵیوود سازوکار(میکانیزم)ێکی هەیە کە توانای سزادانی ئەو دەرهێنەرانەی هەیە کە لە هێڵی گشتی دامەزراوەکە لادەدەن، وەک لە داهاتوودا دەبینین، نمونەیەکی دیکەی فیلمێکی پەیوەندیدار بە ئێراقەوە فیلمی (Redacted) و فیلمگەلێکی دیکە کە لە هێڵەکە لادەدەن سەرەڕای کەمییان و کەمی ناوبانگیان، هەربۆیە خودی ئازادی داهێنان ئەوەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی بازرگانی قازانجدار، ئەوانەن کە ڕێگا بە دەرچوون(ترازان)ی ناوبەناو لە هێڵەکە دەدەن، ئەمەش ئەوەیە کە وای کردووە هەردەم هۆڵیوود سەرنجڕاکێش بمێنێتەوە .
“بەشێک لەو فیلمانەی زیانێکی گەورەیان کردووە”
کارەکتەری سەرەکی | مێژووی بەرهەمهێنان | داهات | تێچوی بەرهەمهێنان | ناوی فیلم |
ئەلیزابیس تایلۆر | ۱۹٦۳ | (۲٦) ملیۆن((۱۷٤) ملیۆن بەپێی ستانداردەکانی ساڵی ۲۰۰۷) | (٤٤) ملیۆن دۆلاری((۲۹٥) ملیۆن بەپێی ستانداردەکانی ساڵی ۲۰۰۷) | Cleopatra |
کریس کریستۆفیرسۆن | ۱۹۸۰ | ۳٫٥ ملیۆن | ٤٤ ملیۆن | Heaven’s Gate |
لیا تۆمپسون | ۱۹۸٦ | ۱۷٫٦ ملیۆن | ۳٦ ملیۆن | Howard the Duck |
دەستن هۆفمان، وارن بیتی | ۱۹۸۷ | ۱٤ ملیۆن | ٥٥ ملیۆن | Ishtar |
جۆن نڤیڵ | ۱۹۸۸ | ٨ ملیۆن | ٤٦ ملیۆن | The Adventures of Baron Munchausen |
بروس ویڵس | ۱۹۹۱ | ۱۷ ملیۆن | ٦٥ ملیۆن | Hudson Hawk |
جینا داڤس | ۱۹۹٥ | ۱۰ ملیۆن | ۹٨ ملیۆن | Cutthroat Island |
کیڤن کۆستنەر | ۱۹۹۷ | ۱۷٫٦ ملیۆن | ٨۰ ملیۆن | The Postman |
جۆن تراڤۆڵتا | ۲۰۰۰ | ۲۱ ملیۆن | ۷۳ ملیۆن | Battlefield Earth |
دایان کیتۆن، وارن بیتی | ۲۰۰۱ | ٦٫۷ ملیۆن | ۱۰٥ ملیۆن | Town & Country |
نووسینی: د. ئیبراهیم عەلوش
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد