چەند ساڵێک بەسەر راپرسی گشتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت ئەو هەنگاوەی کە زۆرێکی لە هاوکێشەکان و دۆست و نەیارەکانی میللەتی کوردی وەدەرخست. هەر میللەتێك داوای ئازادی و سەربەخۆیی بكات، تا لە ژێردەستەیی ڕزگاری ببێت، پێویستە باجی قورسیش بدات، ڕیفراندۆم هەنگاوێكی گرنگ بوو لە مێژووی میللەتەكەماندا، چونكە یەكەم جاری بوو بەم شێوەیە داوای سەربەخۆیی بكات. كورد هەموو باجە قورسەکانی سەربەخۆیی تێپەڕاندووە هەر لە هێرشی کیمیایی و ئەنفال و وێرانکردنی هەزاران گوند و دەربەدەرکردن و ئاوارەیی، چەندین وێستگەی نسکۆ و سەرکەوتنی هەبووە.
لە تێکڕای ئەزموونەکانی تێکۆشانی گەلان، هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم وێستگەکان کراوە و بە دیدێکی شۆڕشگێڕانەی ئەوتۆش تەماشای تەنانەت نسکۆکان کراوە، کە وورە و ئاڕاستەی بەردەوامبوونی تێکۆشان بپارێزرێت و کار نەگاتە دروستکردنی ڕەوشێکی ئەوتۆ، کە ڕای گشتی گەلێکی تێکۆشەر لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی لەژێر کارتێکردنی لۆجیکی دوژمن و نەیارانی سەربەخۆیی بن.
ئەوەی بەرامبەربە كورد كراوە شتێكی دەگمەنە لە دونیادا كورد مافی سەربەخۆیی و ئازادیی هەیە و نابێ لەسەر خاكی خۆی بە میوان بزانرێت کە بەداخەوە گەلی ئێراقی دراوسێ بەو نەفەسە کورتبینیەوە لە کورد دەڕوانێت و وەک ئەوەی خێری پێبکات لەسەر خاکی خۆی جێی کردبێتەوە.
ڕیفراندۆم دهتوانین بهوه پێناسهی بكهین کە ڕێگایهكه بۆئەوەی گهلێك لهسهر بابهتێكی دیاریكراو ڕای خۆی بڵێت، به لهگهڵدا بوون یان لهگهڵدا نهبوون، ڕێگایهكه له ڕێگاكانی ئهزموونكردنی دیموكراسییهتی ڕاستهوخۆ. واتە زانینی بۆچوونی گەل و دەڕبڕینی ئیرادەی ئازادانەی خۆی کە ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیانی خۆیەوە هەیە و لە پڕەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە.
چاوەڕوان دەکرا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەرێنییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام مەخابن ئەوەی ڕوویدا، بەکارهێنانی هێزی سەربازی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و گەمارۆی هەمەلایەنە و بێدەنگی دۆست و پشتگیری نەیارانی کورد دژی ڕیفراندۆم. ئەمانە بوونە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕێگە گرتن لەوەی ئاکامەکانی ڕیفراندۆم و دەنگی خەڵکی سەربەخۆخواز، شوێنی خۆی نەگرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین کە پەرتەوازەیی وتاری ناوخۆیی کوردیش هۆکارێکی تری ئەو ڕێگریانە بوون و ئاکامەکەشی ١٦ ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە.
نەیارانی کورد هەمیشە دژی ئازادی و سەربەخۆیی کوردبوونە هیچ کات چاویان بەوە هەڵنەهاتووە کە کورد هەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆیی ئێستاش دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەو پرۆسەیەدا تاک بە تاکی گەلی کورد ئەوانەیش کە خۆیان بە ناڕازی دەردەخەن دڵنیام کە ئامادەن سەدان جاری تریش بڵێن (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی)و هەموومان تینووی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانین ئەو دەوڵەتەی کە شکۆ و کەرامەت و مافی تاکی کوردی تیادا پارێزراوە.