لەم ڕۆژگارەدا مرۆڤ لەبەردەم دوو هەڵبژاردە دایە، یەکەمیان ژیانێکی خۆش و بێ ئازار بەڵام خاڵی لە شكۆ و كەرامەت، دووەمیان ژیانێکی ناخۆش وسەخت وتاڕادەیەك پڕ لەئازار بەڵام سەربەرزانە وپڕشكۆ وبێ منەت.
هەڵبەتە بەپێی هەلومەرجی ئێستا، زۆر جار مرۆڤی (سەدەی بیستەم) یەکەمیان هەڵدەبژێرێت، ئەمەیش لەئەنجامی ئەوەیە كە مرۆڤی ئێستا لەگەڵ خۆشگوزەرانی و ژیانی دوور لە کێشەیە، ئامانجی گرنگ لەلای ئەوەیە كە بژی، بەبێ ئەوەی نازانێت بەم بژاردەیەی ژیانێکی دووبارە وپڕ لە ڕۆتین بەخۆیەوە دەنوسێنێت و گیرۆدەی دەبێت، مرۆڤی ئێستا بەم كارەی دەیەوێت ژیانێکی دوور لە باڵابوون و بەهێز بوون بباتە سەر، كە لە سروشتی (مێگەل)ەوە نزیكە نەك مرۆڤی باڵا. چونكە ناکرێت مرۆڤی بەهێز وباڵاخواز بەدوای قسەی هەوەس پەرستانەی ئەو کەسانەدا بێت کە بەدوای خۆشی و شادیدا دەگەڕێن لەبری بوون وشكۆ وپێگە وكەرامەت، هەبوونی خۆشی و شادی ئەوە نییە كە مرۆڤ بێ ماندووبوون و بەئارامی و بەبێ ئازار بژی، بەڵكو مرۆڤ بۆ ئەوەی بەهێزبێت وتوانای بەرگریی لە ویست وئامانجەكانی هەبێت وبە شكۆوە بژی، پێویستە بە ژیانێکی قوڕسدا تێپەڕێ وڕوبەڕوونەوەی ئاڵنگاریەكان هەڵبژێرێ لەبری تەسلیم بوون پێیان، بەمەیش دەكرێت مرۆڤێکی بەهێزو ئامادەی لێ دەرچێت، مرۆڤی خاوەن ئامانج دەبێت ئازار بچێژێت هەتاکو لەڕووی جەستە ودەروونییەوە وەکو پۆڵاو ئاسن بەهێز بێت.
لێرەدا قسەی من لەسەر ئەوەیە كە کورد لەم ڕۆژگارەدا هیچی لەباپیرانی ناچێت، کورد ئێستا بووە بەمرۆڤێکی لاواز ونائاگا لەدەوروبەری ولە ئامانج وهیواكانی، بەڵكو لە خەون و خەیاڵدا دەژی، پێویستە نەوەی ئێستای کورد لەم خەوە خەبەری بێتەوە، هێز بەبەر خۆیدا بکاتەوە هەتا بگاتە ئاستی باپیرانی لە هیمەت و ورە بەرزیدا. خۆی ئایا جێگای تێڕامان وپرسیار نییە مرۆڤی کۆن زۆربەی كات هەمیشە لەجەنگ دابوون لەپێناو مانەوە، هەمیشە لە نەبەردی دابوون هەتا سەركەوتوون بەسەر ناڕەحەتی وناسۆریەکاندا و زاڵ بوون بەسەر بەرستەكناندا، بەڵام بۆ ماندووبوونیان بەتەنها بۆخۆشگوزەرانی نەبووە، بەڵکو بۆ بەهێز بوون بووە ولەسایەی هێزیانەوە خۆشگوزەرانیان بەدەستهێناوە، چونکە تاک لەکۆندا هێزی ویستووە وئینجا شتی تر، پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا نەوەکانیان بۆ وا لاوازن؟ بۆ وا نەرم وترسنۆک دەردەكەون؟ تاكی كورد نابێت ئەم پرسیارەی لەخۆی نەکردبێت.
لێرە نمونەیەكی مێژووی دەخەمە ڕوو، وەك سەرە داوێک، کورد لەساڵی1919 لەگەڵ گەورەترین دەوڵەتی جیهاندا جەنگی و ڕوبەڕوی بووەوە، لە 1926-1931 لەگەڵ گەورەترین هێزی هەرێمایەتی كەوتە شەڕی دەستەویەخە لەپێناو مافەكانیدا، مرۆڤی کوورد بەبێ ترس و ڕاڕایی هێزی دایە بەرخۆی و خۆی کردە نمونەی زێڕینی مێژوو بۆ بەرخودان لەپێناو مافەكانیدا، كەچی لەم ساڵانەی ڕابردوودا کورد لەجێگای ئەوەی وەکو شێر وهەڵۆ بژی، خەریكە وەكو قوربانی وجێی بەزەیی ژیان بەرێ دەكات، خۆی داوەتە دەست وەهمی دیموکڕاتخوازی و بەسۆزی خاوەن ویژدانیەوە ژیاوە، ئێستا ئەگەر لەتاکێکی کورد بپرسی کە زۆر ڕۆچووەتە ناو ژیانێكی ئاوا وەهم ئاسا، لێی بپرسی کورد بوون چییە؟ لەوەڵامدا باسی خۆشگوزەرانی وسیما ڕواڵەتیەكانی وەك دۆڵمەو یاپراخی نەورۆزت بۆ دەکات! ڕەنگە لەوەڵامدا باسی پێكەوەژیانی ئاشتی و ئارامیشت بۆ بكات لەگەڵ نەیارانی كورد! لەو بڕوایەدام ئەگەر باپیرانمان گوێیان لەو داڕشتن وهەستە سەرەتاییە ببێت خۆیان بە (وەچاخ کوێر) ببینن وشەرم دایانگرێت.
نەوەی ئێستای کورد لەبری ئەوەی بەسەر پەیژەی ژیاندا سەرکەوێ، خەریکە لە پێناوی ژیاندا كونجی زیندان و ژێردەستەیی هەڵدەبژێرێ، كە ئەركی هەموانە هەروا بە ئاسنی تەماشای ئەم بابەتە نەكەین، نەخێر پێویستە قسە بکەین وگفتوگۆی فراوانی لەبارەوە بكەین، بەبێ گوێ دانە سۆزی خاڵی لەژیری وشكۆی ئەوانەی برەوی پێ دەدەن، پێویستە ڕوناكبیری كورد دەرك بەم بابەتە بكات ونەهێڵێت تاكی كورد خۆی بكاتە مێگەل لەپێناو ژیانێك كە ئەوسەری دیارنیە،چونكە لە كۆتاییدا ئەوانەی باڵا وشكۆ خوازن لەم مەترسیە تێدەگەن و ئەوانەیشی ژیان هەموو شتە لایان هێشتا ماویانە یەكەم هەنگاو هەڵگرن، باڵابوون شانازیەكە بەر هەموو كەس ناكەوێ.