“پێشەکی”
ئاسایشی نەتەوەیی چی دەگەیەنێت؟ ئەو پرسیارە بووە بەجێگای مشت ومڕو لێکۆڵینەوەی زۆر لەلایەن زاناكانی بواری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و پسپۆڕانی ئاسایش و هێمنایەتیەوە، سەرەڕای ئەمەش تاوەکو ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر و سیستەماتیک بۆ ئاسایش بەگشتی و ئاسایشی نەتەوەیی بوونی نییە کە هەموو زانایان و پسپۆران لەسەری کۆک بن و وەک پێناسەیەکی جیهانی بیناسێنن. چونکە چەمکی ئاسایش بەردەوام لە نوێبونەوە دایە، بەمەیش بەرەو ڕووی هەر هەوڵدانێک دەوەستێتەوە بۆ پێشکەشکردنی پێناسەیەکی گشتگیر دەربارەی ئاسایش بێتە گۆڕێ. هەروەک “باری بۆزان” جەختی لەسەر کردۆتەوە. سەبارەت بە ناوەرۆکی ئاسایشیش ناکۆکی زۆر هەیە، لەو ڕوەوەی كە ئاخۆ دەبێت ناوەڕۆک ولێکۆلینەوەکانی ئاسایش جەخت لەسەر تاک، نەتەوە یاخود نێونەتەوەیی بکاتەوە؟ سەرەڕای ئەمەیش بە درێژای مێژوو ئاسایش وەک چەمکێکی پۆزەتیف سەیر نەکراوە. لەلای ڕیالیستەکان ئاسایش هاوواتایە لەگەڵ چەمکەكانی هێز، ستراتیژی، سەروەری.
بەشێوەیەکی گشتی؛ ئاسایش بریتییە لە نەبوونی هەڕەشە و مەترسی و هەستکردن بە دڵنیایی لە ژیان و گوزەران، لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابووریەوە. ئەو کۆمەڵگایانەی هیوای مانەوە دەخوازن دەبێت ئاسایش کۆنترۆڵ بکەن و ئیدارەی بدەن لەسەر بنەمایەکی دیاریکراو. لەمڕۆدا ئاسایشی نەتەوەیی بوارێکی فراوانتری لە خۆ گرتووە، بە جۆرێک تەنیا پەیوەست نییە بە بواری سەربازی و جەنگ و پێکدادانەوە، بەڵکو ئاسایش هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە وەک ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی یاخود کۆمەڵگایی. لە ڕابردوودا؛ ئامانجی دەوڵەتان تەنها بریتی بوو لە مانەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ڕێگای هێزەوە هەوڵیان دەدا ئەم ئامانجە بەدیبهێنن. هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگی هێز لە نێوان وڵاتاندا، چونکە کاتێک وڵاتێک هەوڵی زیادکردنی هێز دەدات وڵاتی بەرامبەر بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر خۆی و بەرژەوەندیەکانی، هەر بۆیە وڵاتی ناوبراویش هەوڵی زیادکردن وفراوانكردنی هێزی خۆی دەدات. بەم شێوەیەش پارسەنگیی لە هێزدا دروست دەبێت و کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان.
بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی پێویست دەکات وڵاتان لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن و بگەنە حاڵەتی دڵنیایی، دواجار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بدەن. زۆربەی کێشەکانی ئاسایش لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا زۆر تێکهەڵکێش و ئالۆزن، پێویستیان بە چارەسەر و لێکۆڵینەوە هەیە، بۆ نمونە ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە تیرۆرەوە هەیە، پێویست بە ئاستێکی بەرزی زانستی و تەنکنیکی و دەوروناسی هەیە بۆ تێگەیشتن. بە تایبەت دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی تیرۆرزم پێویستی بە ئاستێکی بەرزی دەرونی هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک و چارەسەرکردنی. بەشێوەیەکی گشتی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی ساردەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕاو سەرنجی زانایان کەوتە سەر پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، كە لەو سەردەمەدا دەوڵەت وەک تاکە ئەکتەر بوو لە گۆڕەپانی ئاسایشی نەتەوەییدا ولەهەمان كاتدا وەک تاکە هەڕەشەیش بوو لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
“یەکەم؛ تیرۆزم و تاوانە ڕێکخراوییەکان”
لەمڕۆدا تیرۆر بۆتە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی کە هەڕەشەیەکی زۆری دروستکردووە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان، بۆ ئەم مەبەستەیش وڵاتان سەرچاوەی ماددی و ناماددی تەرخان دەکەن بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ئەو دیاردەیە کە بۆتە مەترسی لەسەریان. بەشيوەیەکی گشتی تیرۆر بریتییە لە هەست کردن بە ترس و تۆقاندن لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو کە هەڕەشە لە مان و نەمان دەکات، هەموو کارێکی سەربازی و تووندوتیژی و لە خۆدەگرێت کە مەرج نییە لەلایەن دەوڵەتانەوە بێت، بەڵکو رەنگە لە لایەن کەسێک یان چەند کەسێک بێت کە ڕێکخراوێکیان پێکهێناوە بۆ ئەو مەبەستە، ئامانجەکەشیان تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کۆمەلگایە، سەرەڕای هۆكارە سیاسییەكان هەژاری و بردسێتی دوو هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی دیاردەی تیرۆر لە نێوخۆی وڵاتاندا، بۆیە سەرەڕای پێودانگە سیاسییەكان، دەوڵەتان پێویستە سەرچاوەی مرۆیی دەستەبەر بکەن تاوەکو ڕێگا بگرن لە گەشەکردن وپەرەسەندنی دیاردەی تیرۆریزم، پێویست دەکات تاک لەسەر بنەمای دیموکراسی و بەهاکانی دیموکراسی پەروەردە بکرێت، بۆ چارەسەرکردنی هزری مرۆڤ.
دەتوانین بلێین باشترین ڕێگا بۆ ڕووبوڕوبونەوەی دیاردەی تیرۆر دیموکراسیە، چونکە لە پرۆسەی دیموکراسیدا تاک ئازادە لە بەشداریکردنی لە دەسەڵات و دەربڕینی ڕا وبۆچوونی خۆی و، نابێت تووندوتیژی بە تووندوتیژی وەڵام بدرێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی پشێوی و تێکچوونی ئاسایشی دەوڵەت، بەڵکو دەبێت سەرەڕای ڕێوشوێنە ئەمنییەكان بە میکانیزم و ئامرازی ئاشتیانە وەڵامی ئەو تووندوتیژیە بدرێتەوە لە لایەن دەوڵەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لە پەرەسەندنی تیرۆر. پێویستە دەوڵەت چاودێر بێت بەسەر کۆمەڵگاوە، هەندێکجار هەندێک گروپ و ئاراستەی فکری سەرهەڵدەدەن پيویستە دەوڵەت بە پێی ئەو ڕەوایەتیەی کە هەیەتی لە بەكارهێنانی هێز ئەو ئاراستە و گرووپانە کپ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا دەبێت دەوڵەت جیاوازی کولتوور و ئایین و پێگەی کۆمەڵایەتی لە بەرچاو بگرێت لە کۆمەڵگادا. هەر بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر، ئامراز و بەهاکانی دیموکراسییە. چونکە لە ئەنجامی نەبوونی فرەیی سیاسی و دەرفەتی دیموكراسیانە بۆ بەشداری هاووڵایتان و لە ئەنجامی جیاکاری و دەمارگیری ودابەشنەکردنی دادپەروەرانەی داهات، ململانێ و ناکۆکی لە کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات، ئەمە سەرەڕای هۆكاری ئایدۆلۆژی ودەمارگیری بیروباوەڕ، كە زۆر جار سەردەكێشێت بۆ تیرۆر و تووندوتیژی، لەسەردەمی ئێستادا تیرۆزیزمی مەزهەبی و ئایینی بەرچاو سەریان هەڵداوە، گرووپی ڕێكخراوی جیهانیش كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، وەک گرووپ و ڕێكخراوەكانی قاعیدە و داعش و بەرەی نوسرە، كە لەوەتەی هەن چەندین هێرشیان ئەنجامداوە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار شوێن پێگە ولانەی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان بووە، هەر بۆیە بە درێژایی مێژوو و تاوەکو ئێستاش ئەم ناوچەیە ودەوڵەتەكانی ئەم ناوچەیە ئارامی و ئاسایشی تەواوەتیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
“دووەم؛ ئاسایشی سایبەری و تیرۆرزمی سایبەری”
ئاسایشی سایبەری بریتییە لە خۆپاراستن لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر سیستمەکان، بە تایبەتیش ئەو سیستمانەی بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە. لە ڕووی كلاسیكیەوە بوارەکانی جەنگ بریتین لە جەنگی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی و بۆشایی ئاسمان، لە سەردەمی بەجیهانیبووندا جەنگی سایبەریش وەک پێنجەمین بواری جەنگ هاتۆتە کایەوە. کە بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی گشت زانیاری و نهێنیەکانی وڵاتان لە ڕێگەی کۆمپیتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە، بێگومان ئەم جۆرە جەنگە هەڕەشەی زۆر گەورە دروست دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. چونکە هەر وڵاتێک کۆمەڵێک زانیاری ونهێنی تایبەتی هەیە سەبارەت بە ژێرخانی ئابووری وپەیوەندییە ناوخۆیی ودەرەکییەکانی و مشومڕە سیاسیەکانی ناوخۆی. ئەم جۆرە هێرشانە بە کاتێکی کەم دەتوانرێت مەترسی دروست بکات لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەر وڵاتێك لەو بوارانەدا، كە ڕوبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیەیش ئاسان نیە ودەوڵەتان هەوڵێكی زۆریان پێویستە بۆ خۆپارێزی لەم جەنگە وسەركەوتن بەسەر گرووپە هێرشبەرەكانی ئەم جەنگەدا. فەزای سایبەری چەند جۆرێک لە خۆدەگرێت “جەنگی سایبەری، تیرۆرزمی سایبەری، تاوانە سایبەریەکان، سیخوڕی سایبەری، هێرشە سایبەریەکان” لیرەدا دەردەکەوێت کە تیرۆزم تەنها لایەنی سەربازی و رێکخراوە تیرۆرستیەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لەسەدەی بیست ویەکدا گەورەترین هەڕەشەی تیرۆر بریتییە لە تیرۆرزمی سایبەری، کە مەترسیەکی زۆری دروست کردوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بووە بەهۆی بڵاوبونەوەی حاڵەتی نادڵنیایی و نەمانی متمانە لە نێوان وڵاتاندا، وە جۆرێك لە دڵەڕاوكێی دروستكردووە لەلای دەوڵەتان بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ تەكنۆلۆژیا وسود لێوەرگرتنی.
“دەرئەنجام”
1. ئاسایشی نەتەوەیی تەنها لایەنی سەربازی ناگرێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو بوارەکانی ژیان، وەک ئابووری و سیاسی کۆمەلایەتی و ئاستی گوزەران و بژێوی ژیان و بەختەوەری و ئاسودەیی هاوڵاتیان و ڕادەی ڕەزامەندیان لەسیستەمە سیاسیەكەیان، تێڕوانین بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لە سەردەمێک بۆ سەردەمێک جیاوازی هەیە، لە سەردەمی کۆندا هێز هەموو شتێک بوو بۆ مانەوە، هەر بۆیە ئاسایشی نەتەوەیی هاوواتایی هێز بوو، دەوڵەت تاکە بابەتی بەردەم هەڕەشەی ئاسایش بوو.
2. دیاردەی تیرۆر لە ئێستادا لە لەسەر ئاستی جیهانی و بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە هەڕەشەیەکی جددی و مەترسیدار، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی کۆمەڵگاو ڕووخاندنی ئەمنیەت و هێمنایەتی و تێکشکانی سیستەمە سیاسییەکان، هەروەها زۆر جاریش سەردەكێشێ بۆ کودەتا و شۆڕش و تێکدانی ئاستی هۆشیاری و دەروونی هاووڵاتیان.
3. سەرهەڵدانی جەنگ، دەبێتە هۆی زیان پێگەیاندن بە کۆمەڵگا لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە. هەروەها دەبێتە مایەی تێکشکاندنی گشت بەها وپرەنسیپەکانی دەوڵەت و تێکچوونی سیستەم و لە کارکەوتنی دامەزراوەکان، کە چەندین ساڵی پێویستە بۆ دوبارە بونیادنانەوەیان، کە ئەمەش سەرچاوەی ماددی و مرۆیی پێویستە و بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە بەزیانی گەورە تەواودەبێت، سەرەڕای ئەوەی کەسانی پسپۆڕ و تاکی بەرهەمدار پێویست دەبن بۆ ئەو دوبارە بونیادنانەوەیە و ئەوەیش لە وڵاتانی دوای جەنگدا ژمارەیان كەمە.
4. فەزای سایبەری وەک مەترسیدارترین مەترسیەكان رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە کۆمەڵگاکاندا، وەک هەڕەشەیەکی جدی وایە لەسەر زانیاری و نهێنیەکانی دەوڵەتان، بەدەست هێنانی ئەو زانیاریانە لەلایەن وڵاتانی ترەوە مەترسی گەورە دروست دەکات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، وە دەستكەوتنی ئەو زانیاریانە لەلایەن گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەكانەوە تەواوی دەوڵەتەكە دەخاتە مەترسییەوە.