هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی نوێ بوویەوە، دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دیبەیتێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا پشێوی بەخۆوە دی، کە زیاتر دڵەڕاوکێی لەبارەی داهاتووەوە دروستکرد نەک گەشبینی بەرامبەر بەم زلهێزە ئەم دیبەیتە لە پێنسیلڤانیا کە ویلایەتێکی تاڕادەیەک سەقامگیرە لە باکووری ڕۆژهەڵات، لە سەروبەندی ٢٣ ساڵەی خراپترین هێرشی تیرۆریستی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا بەڕێوەچوو. بەڵام سەرەتاکەی بێزارکەر بوو، سێ کاندیدی میانڕەو؛ جیل شتاین، کۆرنێل وێست و چەییز ئۆلیڤەر، لە بەشداریکردن دوورخرانەوە. کێبڕکێکە تەنها لە دوو کاندیدی سەرەکیدا سنووردار بوو، ئەوانیش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کامالا هاریس، جێگری ئێستای سەرۆکی ئەمریکا.
لە کاتی مشتومڕەکە میدیاکانی ئەمریکا كە سەردەمانێک لە زیندوویترینەکانی ناوچەکە دادەنران-بەزەحمەت وایان لە ترەمپ و هاریس کرد وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە سەبارەت بە بۆچوون و سیاسەتەکانیان، لە چەند ساتێکیشدا ئاستی دانیشتنەکە دابەزی بۆ ئاڵوگۆڕی سووکایەتی و تۆقاندن و زانیاری هەڵە بە ئەنقەست. لەکاتێکدا ئەمریکییەکان سەیری ئەو دیبەیتەیان دەكرد پێنەدەچوو سەرسام بووبن بەو کوالیتی سەرکردایەتییەی کە دیموکراسی پێشکەشی دەکات،بگرە نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە ڕەنگە وڵاتەکە بەردەوام بێت لە خلیسکان بەرەو حوکمڕانی تاکڕەوانە.
پێش دیبەیتەکە، ڕاپرسییەکان نزیكی هەردوو كاندیدەكەیان نیشان دا، بەڵام لە ڕاپرسییەکدا کە ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە ئەنجامدرا، تەنها ٤٥%ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە هاریس سەركەوتو بووە و 39% ش بۆ ترەمپ پاراستنی دیموکراسی لە ئەمریکا هەمیشە ئەولەویەتێکی گرنگ بووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی جیهانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی کە لە هاوپەیمانی ڕۆژئاوادا دەیگێڕێت. شرۆڤەکاران دەڵێن ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازانە بۆ ئەمریکای باکوور و وڵاتانی نەتەوەیی ئەوروپای باکوور ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ململانێیەکی نوێی هەمەلایەنەی خێڵەکی قەوقازی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی جیهانی سێیەم ڕاکێشێت.
لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ٧٩هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیک شاری نیویۆرک دەست پێدەکات و پرسی گەڕاندنەوەی متمانە بە دیموکراسی ئەمریکا لە لوتکەی بەرنامەی کاردا پێشبینی دەکرێت.