دوای کاتژمێرەکان لە چەمکی فیلمسازی ڕەسەن نزیک دەبێتەوە، بەو پێیەی کە نموونەیەکی نزیک بێ کەموکوڕییە لە خۆی. تا ئەو جێگایەی کە دەتوانم دیاری بکەم، وانەیەک یان پەیامێکی کەمی هەیە، ملکەچە کە نیشان بدات پاڵەوانەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک تەحەدای پێکەوەبەستراو دەبێتەوە کە هەڕەشە لە سەلامەتی و دەروون دروستی دەکات. ئەوە فیلمی The Perils of Pauline کە بە بوێری و بە باشی گێڕدراوەتەوە. ڕەخنەگران بە نزیکەی وەک پەرچەکردار ناویان ناوە “کافکایی”، بەڵام ئەوە زاراوەیەکی وەسفییە نەک ڕوونکردنەوە. ئایا فیلمەکە چیرۆکێکی هۆشیارکەرەوە سەبارەت بە ژیانی شار؟ بۆ چ مەبەستێک؟ ڕەنگە نیویۆرک چەندین کەسی نامۆ پێشکەش بکات کە لە دوای نیوەی شەوەوە بەئاگا دێنەوە، بەڵام بە دەگمەن خۆیان دەبیننەوە لە زنجیرەیەکی سەیر و سەمەرەی ڕێکەوتدا تێوەگلاون، هەموویان سەرنجیان لەسەر یەک تاک بوو. تۆ تووشی پارانۆیا نەبوویت ئەگەر بەڕاستی خەڵک پیلان دژی تۆ دابڕێژن، بەڵام کەسانی نامۆ پیلانی دژی تۆ دانانێن بۆ ئەوەی توشی پارانۆیات بکەن.
فیلمەکە بە لۆژیکی خەون وەسف کراوە، بەڵام ڕەنگە بە هەمان شێوە پێی بڵێین لۆژیکی نامۆ؛ جگە لە سرووشتی کابوساوی و سەیر و سەمەرەی ئەزموونەکانی، ئەوەی بەسەر پۆڵ هاکێتدا دێت وەک ئەوە وایە کە بەسەر باستەر کیتۆندا دێت: تەنها شتێکی نەفرەتیە لە دوای یەک. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن سکۆرسێزی بە شێوەیەکی شەخسی پەرەی پێنەدراوە، کە لەو کاتەدا بەشداربووە لە ململانێکان لەسەر The Last Temptation of Christ. هەڵوەشاندنەوەی کتووپڕی فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای پارامۆنتەوە چوار هەفتە پێش دەستپێکردنی بەرهەمهێنان (سێتەکان دروستکرابوون، جلوبەرگەکان ئامادەکرابوون) سکۆرسێزی بردە ناو بێزارییەکی زۆرەوە. بە هاوڕێکەی ماری پات کێلی دەڵێت: “ئەو کاتە بیرۆکەی من ئەوە بوو کە پاشەکشە بکەم، هیستریاییانە هەڵسوکەت نەکەم و هەوڵی کوشتنی خەڵک نەدەم”. “کەواتە فێڵەکە ئەو کاتە ئەوە بوو کە هەوڵبدەیت شتێک بکەیت.” دوای ئەوەی کۆمەڵێک سیناریۆی ڕەتکردەوە، یەکێکیان لە بەرهەمهێنەران ئیمی ڕۆبنسن و گریفین دان وەرگرت، کە پێیانوابوو دەتوانرێت بە ٤ ملیۆن دۆلار دروست بکرێت. کە لەلایەن جۆزێف مینیۆنەوە نووسرابوو کە ئەوکات خوێندکاری دەرچووی زانکۆ بوو لە کۆڵۆمبیا و دواتر سکۆرسێزی وەبیری بێنێتەوە کە مامۆستای مینیون، دەرهێنەری یوگۆسلاڤیایی دوسان ماکاڤێڤێڤ، نمرەی Aی پێبەخشیوە. بڕیاریدا بیکات “پێم وابوو سەرنجڕاکێش دەبێت بزانم ئایا دەتوانم بگەڕێمەوە و شتێک بکەم بە شێوەیەکی زۆر خێرا. هەموو ستایلێک. ڕاهێنان بە شێوازێکی تەواو. وە بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە ڕۆحی منیان نەکوشتووە”.
یەکەم فیلمی بوو کە بە هاوکاری درێژ خایەنی سینەماتۆگرافەر ئەڵمانی مایکل بالهاوس دروستی کرد، کە کاری زۆری لەگەڵ فاسبیندەر کردبوو و هەموو شتێکی لەبارەی بودجەی کەم و خشتەی وێنەگرتنی خێرا و دەرهێنەرێکی بە جۆش و خرۆشە. بە تەواوی لە شەودا وێنە گیراوە، هەندێکجار جوڵەی کامێرا لە شوێنی خۆیدا بەبێ ئامادەکاری دانراوە، وەک لە وێنە بەناوبانگەکەدا کە پۆڵ هاکێت (دان)، پاڵەوانەکە، لێدانی زەنگی سۆهۆی کیکی بریجز (لیندا فیۆرێنتینۆ) و کچەکەش کلیلەکانی فڕێدەداتە خوارەوە و سکۆرسێزی گرتەیەکی POV بەکاردەهێنێت کە کلیلەکان دەکەوێتە خوارەوە بۆ بەردەم پۆڵ. لە ڕۆژانی پێش هاتنی دیجیتاڵدا، بەڕاستی دەبوو ئەوە ڕووبدات.
هەوڵیان دا کامێراکە بە بۆردێکەوە ببەستنەوە و بە پەت بەرەو پۆڵ بیخەنە خوارەوە بۆ ئەوەی لە کۆتا ساتدا بیوەستێنن (دان ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە)، بەڵام دوای ئەوەی ئەم ڕێگای وێنەی ئاوت فۆکەسی بەرهەمهێنا، بالهاوس جووڵەیەکی خێرا و ترسناکی کرێنی هێنایە ئاراوە. سکۆرسێزی دەڵێت، گرتەکانی دیکە لە ڕۆحی هیچکۆکەوە بوون، گرتەی کلۆز-ئەپی شتەکانی وەک سویچی گڵۆپەکان، کلیل، قوفڵ و بەتایبەتی دەموچاویان بە فیتیشیزەمی(لایەنێکی سێکشوالتییە) کردووە. ئەگەر گرتەی کلۆز-ئەپ ئامڕازێک بێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ساتێک بۆ کارەکتەرێک، سکۆرسێزی ئەو زانیارییەی بەکارهێناوە بۆ ئیستغلالکردنی گرتەی کلۆز-ئەپ بێ پاڵنەرەکان؛ پۆڵس پێی وابوو شتێکی ڕەخنەگرانە ڕوویداوە، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا ڕووی نەداوە. بە شێوەیەکی نائاگا، بینەرێک کە لەسەر ڕێزمانی فیلمی کلاسیک پەروەردە بووبێت، هاوبەشی چاوەڕوانی و نائومێدییەکەی خۆی دەکات. فیلمسازی ڕەسەن. ئامێرێکی دیکە ئەوە بوو کە بە شێوەیەکی نائاسایی ئەگەری مەترسیدار سەبارەت بە کارەکتەرەکان پێشنیار بکات، وەک کاتێک کیکی ئاماژە بەوە دەکات کە سووتاوی هەیە و پۆڵ کتێبێکی گرافیکی دەرسی پزیشکی سەبارەت بە قوربانیانی سووتاوی لە ژووری نووستنی مارسی “ڕۆزانا ئارکوێت” دەدۆزێتەوە، ئەو کچەی کە چووە بۆ ئەوەی لە شوقەکەی کیکی چاوی پێی بکەوێت. ئایا سووتانی کیکی بەڕێکەوت بووە، یان بە ئەنقەست؟ پرسیارەکان کراوەن چونکە کیکی خولیایی سادۆمازۆخیزمە.
پۆڵ لە هەوڵی دۆزینەوەی بابەتێکی هاوبەشی گفتوگۆدا، چیرۆکی ئەو سەردەمەی بۆ مارسی دەگێڕێتەوە کە منداڵێکی بچووک بوو لە نەخۆشخانە، بۆ ماوەیەک لە یەکەی سووتاویدا بەجێهێڵدرا، بەڵام چاوەکانی بەسترابوو و ئاگادارکرایەوە کە چاوپۆشەکە لا نەبات. ئەویش لایبرد، ئەوەی بینی ترساندی. سەیرە، کە چوونە ناو ژیانی دوو ژنی وەسوەسەی سووتاوی، چیرۆکی سووتانی خۆی دەبێت، بەڵام ڕێکەوت و هاوکاتی بزوێنەری پڵۆتەکەن. فیلمی After Hours هەندێک پەیوەندی بە فیلمەکانی ساڵانی نەوەدەکان و ٢٠٠٠ەکانەوە هەیە کە ناویان لێنرا فیلمی هایپەرتێکست(سەروودەق)، کە تێیدا توخمە جیاوازەکانی پڵۆتەکە بە شێوەیەکی نهێنی پەیوەستن. لە فیلمەکەی سکۆرسێزیدا توخمەکانی وەک خۆکوشتن، شێوازێکی پەیکەرسازی، سەمونێکی زینەی لە پاریس، پارەیەکی ٢٠ دۆلاری، زنجیرەیەک دزی هەموویان پەیوەندییەک ئاشکرا هەیە کە تەنها لەبەر ئەوەی سەرکێشییەکانی پۆڵ بەیەکەوە دەبەستنەوە. ئەمەش ژێردەنگی ترسناکی فیلمەکە دروست دەکات، وەک لە دیمەنێکدا کە هەوڵدەدات هەموو ئەو شتانە ڕوون بکاتەوە کە بەسەریدا هاتووە، بەڵام شکست دەهێنێت، ڕەنگە لەبەر ئەوەی تەنانەت بۆ ئەویش زۆر گاڵتەجاڕانە دەردەکەون. شتێک کە زۆرێک لە بینەرانی فیلمەکە باسیان کردووە، ئاستی بەرزی (هەندێک دەڵێن نزیکە لە بەرگە نەگیراو)ی جێگیربوون لە فیلمی After Hours، کە لە ڕووی تەکنیکییەوە کۆمیدیایە بەڵام وەک چەشنێکی شەیتانانەی فۆرمولەی پڵۆتی کلاسیکی هیچکۆک کار دەکات، پیاوی بێتاوان بە هەڵە تۆمەتبار کراوە. (مەبەست لەم نیوە دێڕە فیلمی The wrong man (
لەگەڵ دەریەنەرێکی جیاواز و ئەکتەرانێکی دیکە، ڕەنگە فیلمەکە بە باشتر ببوایە، وەکو فیلمی Adventures in Babysitting. بەڵام چڕی و پاڵنەر لە دەرهێنانی سکۆرسێزیدا هەیە کە بێهیوایی پێدەبەخشێت؛ بەڕاستی پێدەچێت گرنگ بێت کە ئەم پاڵەوانە تێکشکاوە خەبات بکات و لە ژیاندا بمێنێتەوە. سکۆرسێزی پێشنیاری کردووە کە ڕاکردنی بێ ئیرادەیی پۆڵ لە بەختی خراپدا ڕەنگدانەوەی بێزاری خۆی بووە لە کاتی ئەزموونی فیلمی Last Temptation of Christ. کارگێڕان بەردەوام دڵنیایان دەکردەوە کە هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەچوو، پشتیوانەکان دەیانگوت پارەکەیان پەیداکردووە، پارامۆنت گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد، بریکارەکان بەڵێنیان پێدەدا کە “دەست پیبکات”، هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدایە، دواتر جار لە دوای جار پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو هەڕەشە لە هەموو شتێک دەکات. لە فیلمی After Hours دا، هەر کەسێکی نوێ کە پۆڵ چاوی پێی دەکەوێت، بەڵێنیا دەدایە کە ئەوان ئاگاداری دەبن، دڵخۆشی دەکەن، پارەی دەدەنێ، شوێنێکی پێدەدەن بۆ مانەوە، ڕێگەی پێدەدەن تەلەفۆنەکە بەکاربهێنێت، متمانەی پێی هەیە و کلیلەکانیانی دەدەنێ، بە ئۆتۆمبێلەکەی دەیبەن بۆ ماڵەوە- و هەر پێشنیارێکی بەخشین دەگۆڕێت بۆ مەترسییەکی پێشبینینەکراو. دەتوانرێت فیلمەکە وەک ژیاننامەیەکی سۆزداری ئەو قۆناغەی ژیانی سکۆرسێزی بخوێنرێتەوە. دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەبێ کۆتایی دەستی بە وێنەگرتنی کردووە.
زانیارییەکانی فیلم لە ئینتەرنێتدا بانگەشەی ئەوە دەکەن، “یەکێک لە بیرۆکەکان کە توانی بگاتە قۆناغی ستۆری بۆرد، ئەوە بوو کە پۆڵ خۆی بخزێنێتە ناو سکی جەین بۆ ئەوەی خۆی لە کۆمەڵە مافیا توڕەکان بشارێتەوە، لەگەڵ جەین (ڤێرنا بلوم، ژنە تەنیاکەی ناو باڕەکە) کە منداڵەکەی لە دایک دەبێت لەسەر شا ڕێی ڕۆژئاوا.” کۆتایییەک کە سکۆرسێزی لە ڕاستیدا وێنەی گرتبوو، پۆڵ هێشتا لەناو پەیکەرەکەدا گیری خواردبوو، کاتێک بارهەڵگرەکە لە لایەن دزەکان “چیچ و چۆنگ” لێخوڕدرا دوورکەوتەوە. سکۆرسێزی وتی ئەو ڤێرژنەم پیشانی باوکی دا، تووڕە بوو: “ناتوانیت ڕێگەی پێبدەیت بمرێت!” ئەوە هەمان ئەو پەیامە بوو کە چەند هەفتەیەک بوو لە مایکل پاولەوە دەیبیست، دەرهێنەرە گەورە بەریتانییەکە وەک ڕاوێژکارێک هاتبووە ناو کۆمپانیاکە و بەم زووانە هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدیتەرەکەی سکۆرسێزی، تێلما شوونماکەر دەکرد. پاول بەردەوام دووبارەی دەکردەوە کە پۆڵ نەک هەر دەبێت لە کۆتاییدا بژی، بەڵکو دەبێت لە کۆتاییدا بگەڕێتەوە ئۆفیسەکەی. بەم شێوەیەش دەیکات، هەرچەندە دوای ئەوەی پۆڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئۆفیسەکە، پشکنینی وردی کورتە گرتە ڤیدیۆییەکانی کۆتای دەریدەخات کە لەسەر مێزەکەی نەماوە. فیلمی After Hours بە شێوەیەکی ڕۆتینی لە لیستی شاکارەکانی سکۆرسێزیدا نییە. بڵاو بونەوەی بە دیڤیدی زۆر دواکەوت. لە ڕیزبەندی فیلمەکانی IMDbدا بەپێی دەنگی دەگدەران (ڕەنگدانەوەیەکی ئابڕوچوانە و جێی متمانە نییە بەڵام هەندێکجار سەرنجڕاکێشە بۆ ڕای گشتی)، فیلمەکە پلەی شانزەهەمدایە. بەڵام بیرم دێتەوە کە بۆ دووەم جار سەیرمکردەوە چ هەستێکم هەبوو: گوشیمی.
بەڵێ، بەبێ گوێ پێدان بەرهامێکی تەنزئامێز بوو، کۆمیدیایەکی ڕەش، یان مەشقێک لە ستایلدا، یەکەمجار لە سەرووی هەموو شتێکەوە وەک چیرۆکێک کاری کرد کە ڕەنگە پێچەوانەی ئەقڵی ساغ بووبێت، بەڵام من بوومە وەبەرهێنەر تێیدا. لەو کاتەوە زۆر جار سەیرم کردووە، دەزانم چۆن کۆتایی دێت، سەرەڕای گومانم لە “کۆتایی بەختەوەری”، منیش لەگەڵ ئەوەدام کە پۆڵ نابێت بمرێت. بێگومان ئیتر هەست بەو شتە جێگیرە ناکەم، چونکە دەزانم چی ڕوودەدات. بەڵام هەست بە هەمان سەرسامی دەکەم. سکۆرسێزی وتی: “مەشقێک بە ستایلێکی تایبەت”. بەڵام نەیتوانی بە تەواوی دەست بەو شتە ڕابگرێت. فیلمێکی نایابی دروست کردبوو، چونکە ڕەنگە لەو کاتەی ژیانیدا، لەگەڵ داڕمانی فیلمی The Last Temptation، ئامادە بوو، پێویستی پێی بوو، دەیتوانی.
سەرچاوە: کتێبی by Ebert Scorsese
لاپەڕە ٨٥ بۆ ٨٨
Egxnd3Mtd2l6LXNlcnAiDEFmdGVyIEhvdXJzICoCCAEyChAAGIAEGEMYigUyChAAGIAEGEMYigUyChAAGIAEGEMYigUyChAAGIAEGEMYigUyChAAGIAEGEMYigUyChAAGIAEGEMYigUyBRAAGIAEMgUQABiABDIFEAAYgAQyBRAAGIAESMgRUEtYS3ABeACQAQCYAZEBoAGRAaoBAzAuMbgBAcgBAPgBAZgCAqACqQGYAwCIBgGSBwMxLjGgB58F
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا