لە 17ی سيبتەمبەر 2024، لوبنان زنجیرەیەک تەقینەوە لە ڕێگەی ئامێری (پیچەر- pager) و ئامێرەکانی پەيوەندی بەخۆوە بينی، ئامێری “پیچەر” بريتيه لە ئامێرێکی بچووک کە زياتر لە سیستەمی پەیوەندییەکان بەکاردێت بۆ ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەران کاتێک پەیامێک یان ئاگادارکردنەوەیەک ھەبێ، بە ناردنی نامەی کورت یان کۆدی دیجیتاڵی لە ڕێگەی شەپۆلی ڕادیۆییەوە کار دەکات. کاتێک نامەیەک دەگات، پەیجەرەکە سیگناڵێکی ئاگادارکردنەوە “وەک دەنگ یان لەرزین” دەردەدات بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بزانێت پەیامێکی نوێ بۆ هاتووە.
پەیجەرەکان لەو ژینگانەدا بەکاردەهێنرێن کە پێویستیان بە ئاگادارکردنەوەی خێرا هەیە، وەک نەخۆشخانەکان یان تیمە پزیشکییەکان. هەرچەندە بەکارهێنانیان لەدوای هاتنی مۆبایلە زیرەکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هێشتا لەهەندێک بوارە تایبەتمەندەکاندا بەکاردەهێنرێن، کە بەھۆی تەقينەوەی ئەم ئامێره 12 کەس کوژران و زیاتر لە 2800 کەسی دیکەش برینداربوون. ئەم تەقینەوانە باشووری بەیروت و ناوچەکانی دیکەی وەک بەقاعی گرتەوە. زۆرینەی قوربانییەکان چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی بوون، کە ھەڵگری ئەم جۆرە ئامێرەن، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکانەوە خەڵکی مەدەنی لە نێویاندا منداڵ و کرێکاریش كوژران. حزبوڵڵا ئيسرائيلی تاوانباركرد، و ئەم هێرشەی بە یەکێک لە “گەورەترین پێشێلکارییە ئەمنییەکان هەژمارکرد كە بەر پارتەکەی کەوتووه”. پەیوەندی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە، لە هاوکاری ستراتیژییەوە بۆ دوژمنایەتیی هەمەلایەنە کە بە ململانێی ناڕاستەوخۆ و هەڕەشەی یەکتر تایبەتمەندە. پرسی ئەتۆمی و پاڵپشتی ئێران لە حزبوڵڵا و حەماس، دیارترین بابەتی ناکۆکی ئەمڕۆی نێوان هەردوو وڵاتن، ئەمەش وایکردووە پەیوەندییەکە پڕ بێت لە گرژییە بەردەوامەکان.
ئایندەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەتایبەتی دوای هێرشی ئەم دواییەی بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان، دۆخەکە بەرەو گرژی زياتر دەبات .حزبوڵڵا بە ھاوپەيمانی سەرەکی ئێران دادەنرێت لە ناوچەکە، و هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی خواستی ئیسرائیلە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە لوبنان و سوریا. بۆیە بينيمان لەچەند ڕۆژی پێشوو بەدیاریکراوی لە ٢٢ی سێپتێمبەر، حزبوڵای لوبنان وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە بە هەڵدانی چەند موشەکێکی قورس بۆ ناو باکووری ئیسرائیل. ئەم هێرشانە دامەزراوە سەربازییەکان و کۆمەڵگە پیشەسازییەکانیان کردە ئامانج، لەوانە دامەزراوەیەکی سەر بە کۆمپانیای “رافایل” کە تایبەتە بە پیشەسازییە ئەلیکترۆنییە سەربازییەکان، هەروەها بۆ جاری دووەم چەندین مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازی ڕامات دەیڤید کران .ئەمەش دەرگا بەڕووی چەندین ئەگەردا واڵاکرد لە داهاتوودا لەمانە:-
1. هەڵکشانی ڕاستەوخۆی سەربازیی:– هەڵکشانی سەربازیی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دوای دوایین ھەڕەشە ئەگەرێکی بەهێزە. حیزبوڵڵای لوبنان کە بە بەهێزترین هاوپەيمانی سەربازی ئێران دادەنرێت لە ناوچەکەدا بێدەنگ نەبوو لەسەر ئەم ھەڕەشانە، جونكه بينيمان كەچۆن وڵامی ئيسرائيلی داوه بە تووندی و لە بۆردومانەکە 12 هاوڵاتی ئیسرائیلی بریندار کرد، زیانەکانیش لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل و بەتایبەتی لە شاری کریات بیالیک لە نزیک حەیفا ڕوویاندا و دەسەڵاتداران ناچار بوون قوتابخانەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دابخەن، جونكه لە ڕووی مێژووییەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم پارتە وەڵامی دراوەتەوە، هەر لە هێرشی مووشەکییەوە تا بەزاندنی سنوورەکان، بۆیە ئەمجارەش وەڵامدانەوەکەی حزبوڵڵا گەورەتر و ئاڵۆزتر بوو و ڕەنگە لەم ئاستەش بەرزتربێت جونكه تا ئێستا بۆردومانەکان بۆ سەر ئيسرائيل بەردەوامیان هەیە.
ھەروەها ئیسرائیل ڕەنگە هێرشەکانی بۆ سەر هاوپەيمانانی ئێران لە سوریا و لوبنان زيادبكات و ڕەنگە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی تاکتیکی “دەستپێشخەری خۆپارێزی – الاستباقية الوقائية” بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو بۆ حزبوڵڵا، دیارە ئەم تاکتیکانە بریتین لە بەئامانجگرتنی ئەو هێڵانەی دابینکردنی چەک کە بە سوریادا تێپەڕ دەبن لە ئێرانەوە بۆ لوبنان، وە چڕبوونەوەی ئەم هێرشانە ڕەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی بەرفراوانتر لە نێوان هەردوولا و دەرگای ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەی ئیسرائیل و ئێران لەسەر خاکی لوبنان و سوریا بکاتەوە.
2. شەڕی بەوەکالەت وبەردەوامیی ئۆپەراسیۆنه نھێنييەکان:– ئێران و ئیسرائیل خۆيان بە دووردەگرن لە شەڕی ڕاستەوخۆ، بۆیە پشت بە ئۆپەراسیۆنی شاراوە و سنووردار دەبەستن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەرتاسەری ڕوونەدات، وە هێرشە نهێنییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران لە سوریا، جگە لە تیرۆرکردنی سەربازەکانی ئێرانی، یەکێکن لە شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە کە ئيسرائيل بەرامبەر بە ئێران بەکاردەھێنێت. لە بەرامبەردا ئێران دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە شاراوەکانی خۆی بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕەکانی لە ئێراق و یەمەن بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا چڕتربکاتەوە. ھەروەها پێدەچێت ئێران لە دوای هێرشەکە پاڵپشتی خۆی بۆ حزبوڵڵا زیاد بکات، بە دابینکردنی چەکی کوالیتی بەرز یان سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو، بۆ بەرزکردنەوەی توانای ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، وە دەتوانين ئەم پەرەسەندنه لە ئۆپەراسيۆنە سەربازییە نهێنییەکان ببينين کە هێزەکانی ئیسرائیل یان بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
3. كاریگەری لەسەر دۆخی ھەرێمایەتی:– ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل رۆژ بەڕۆژ هەڵدەکشێت بە ئاراستەی دەرەوەی سنوری ھەردوو وڵات، خەریکە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەگرێتەوە؛ بۆ نمونه “سوریا” کە بويته گۆڕەپانێکی گەورەی ململانێی نێوان ئەم دوو لايەنە، هەروەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئامانج وبەرژەوەنديیەکانی ئێران لە سوریا چڕتر کردووەتەوە، بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت سەربازی هەمیشەیی لەوێدا جێگیربکات، بەتایبەتیش دوای هێرشی ئەم دواییەی بۆ سەر حزبوڵڵا، ڕەنگە ئەم هێرشانە زیاتر ببن و دۆخی ئەمنی سوریا خراپتر بکەن، وە ئەمەش وا لە لایەنە هاوپەیمانەکانی ئێران بکات وەک میلیشیا عێراقییەکان و حەشد شەعبی دەستێوەردان بكەن.
سەبارەت بە لوبنان، ئەم وڵاتە کە زۆرترین زەرەری پێگەيشتووه لەم ململانێیە، بەهۆی ئەم هەژموون و کاریگەرییە فراوانەی کە، حزبوڵڵا لە لوبنان هەیەتی، بەتایبەتی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی تايف لە ساڵی 1989. دوای ئەوەی حزبوڵڵا بووە لايەنێکی سەرەکی لە حکومەتی لوبنان، وە بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد لە ساڵی 1992 و کورسییەکانی بەدەستهێنا و وەزیرەکانی ئەم حزبە لە٢٠٠٥پۆستیان لە حکومەتدا گرتە دەست، دیارە حزبوڵڵا سەرەڕای ئەوەی لە لایەن وڵاتانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، بەڵام ڕۆڵی سەربازی و سیاسی خۆی لە لوبنان بەهێزتر کردووە، هەروەها خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی و خزمەتگوزاری تەندروستی سەربەخۆیە لە لوبنان. لەگەڵ تێکچوونی ڕەوشی ئابووری و سیاسی لوبنان، حزبوڵڵا بەشێک بوو لە ڕژێمی دەسەڵاتداری گەندەڵ، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر رەوشی جەماوەریی ئەم حیزبە دروست كردووه ،بەتایبەتی دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 کە تێیدا خەڵک داوای چاکسازی هەمەلایەنەی کرد.
یەکێک لەو هۆکارە دیارانەی کە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی حزبوڵڵا هەبووە، تێوەگلانیەتی لە شەڕی سوریا و پاڵپشتیکردنی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەروەها تێوەگلانی لە پرسەکانی وەک تەقینەوەی بەندەری بەیروت لە ساڵی 2020، کە ئەو حزبە پێی تۆمەتبار دەکرێت دوای ڕێگریکردنی لە لێکۆڵینەوەکان. هەموو ئەمانە پاڵنەربوون بۆ ئەوەی چوارچێوەی جەماوەریی ئەم حزبه بەرتەسک بکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی فشارە ئابووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی کەنداو بۆ سەر لوبنان، بۆيه ئەگەری ئەوە هەیە کە لوبنان گۆڕەپانی سەرەکی بێت بۆ هەر ململانێیەکی لەم جۆرە لە داهاتوودا، ڕەنگە هێرشی دوولایەنەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان وێرانکارییەکی بەرفراوانی لێبکەوێتەوە، وەک ئەوەی لە کاتی شەڕی ٢٠٠٦دا ڕوویدا، ڕەنگە لوبنان شایەتحاڵی فشارێکی سیاسی و ئابووریی گەورە بێت، بەتایبەتی کە وڵاتەکە لە ئێستاوە گیرۆدەی قەیرانێکی قووڵی ئابووریی بۆتەوە.
4. ڕۆڵی نێودەوڵەتی و فشاری دیپلۆماسی:- لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەستوەردان دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە هێورکردنەوەی ململانێی نێوان هەردوولا، دوای هێرشەکانی ئەم دواییە داوای “دان بەخۆداگرتن”ی کرد، بۆ ئەم مەبەستە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی تەقینەوەکان کە حزبوڵای لوبنان دەکەنە ئامانج، دەتوانێت ببێتە هۆی درووست بوونی “هەڵکشانێکی دراماتیک”، بۆیە داوایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارام بگرن.
لەپاڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و ڕووسیاش ڕۆڵی چارەنووسسازیان هەیە. ئەمریکا بە توندی پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات، بەڵام هەوڵدەدات خۆی لە هەڵکشان بپارێزێت کە دەتوانێت مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دروست بکات، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا درک بەوە دەکات کە شەڕێکی سەرتاسەری نێوان ئێران و ئیسرائیل دەتوانێت ناوچەکە تەواو ناسەقامگیر بکات، بۆیە پێدەچێت واشنتۆن فشار بخاتە سەر هەردوولا بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بپارێزن. لە لایەکی ترەوە ڕووسیا کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سوریا هەیە، ڕەنگە هەوڵی نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و ئێران بدات، بەوپێیەی ڕوسیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوولا هەیە، ڕەنگە ئەمە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەرچنەبێ ململانێکان لە سوریا دووربخاتەوە، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە سووریا هەوڵدەدات سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت، لەنێویشیاندا سووریای هاوپەیمانی.
5. ئەگەرەکانی چارەسەری سياسی:– سەرەڕای ئەگەری ھەڵكشانی سەربازی، چارەسەری سیاسی وەک باشترین بژاردە دەمێنێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕی ڕاستەوخۆ، هەرچەندە ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەیوەستە بە ئامانجە ستراتیژییە ئاڵۆزەکانەوە کە کاریگەریی ھەرێمی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەخۆدەگرێت.
ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی گرووپی (1+5) واژۆ کرا، ئامانجی کەمکردنەوەی توانای ئێران بوو بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە بەرامبەر سووککردنی سزا ئابوورییەکان، لەم نێوەندەدا ئیسرائیل یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە دژايەتی ڕێکەوتنامەکەی كرد، بەو پێیەی پێی وابوو ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە ئێران دەدات لە ماوەی دوورمەودا توانا ئەتۆمییەکانی پەرەپێبدات، بەتایبەتی لەئەگەری هەڵگرتنی هەندێک کۆت و بەند، ئەمەش مەترسی ئەمنی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر دەکات. ئیسرائیل پێی وايه ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ مەبەستێکی ئاشتيانەش ئاڕاستەبکرێت، بەڵام ھەر هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر بوون و کیانی دەوڵەتی ئيسرائيل، تەلئەبیب پێی وایە ئەو ڕێککەوتنە بەتەواوی ئامانجه ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاناگرێت، بەڵکو دوایدەخات، ئەمەش ڕێگە بە تاران دەدات کە لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان کاریگەریی ھەرێمی خۆی زیاتر بکات.
ڕەنگە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە کەمکردنەوە یان پەرەسەندنی گرژییەکان، زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران، ئەمەش ڕەنگە پاڵپشتییەکانی بۆ حزبوڵڵا بەهێزتر بکات، کە ئیسرائیل بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی دەزانێت. لەبەرامبەردا ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەرجی تووندتر لە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران یان سنورداركردنی چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران لەخۆ بگرێت، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل. ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی دەبێت سنووردارکردنی نفوزی ھەرێمی ئێران و پشتیوانیکردنی لە گروپە چەکدارەکان لەنێویشیاندا حزبوڵڵا لەخۆبگرێت، ئەمەش یەکێکە لە هەڕەشە سەرەکییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل لە ئەگەری زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، چونکە ئێران تا ئێستاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە پشتیوانیی بۆ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی کەم بكاتەوە.
لە کۆتاييدا:- دەتوانين بڵێين كه چارەسەری گونجاو بۆ ئەم ململانێیە سیاسیی و مێژووییە پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەن هەیە کە نێوەندگیری نێودەوڵەتی و گەرەنتی ئەمنی بۆ ئیسرائیل و ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک بنەمایەکی دیپلۆماسی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە تێکەڵ بکات. گرنگە زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ڕەوشی ناوچەکە زیاتر بەرەو رووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ پەرە نەسێنێت.