شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم؛ ئاماژەیە بۆ زنجیرەیەک داهێنانی تەکنۆلۆژی کە کاریگەریی خستە سەر شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە وڵاتە پیشەسازییەکان، لە نۆرەی خۆیدا گۆڕانکاریی قووڵی لە ئابووری جیهاندا هێنایە کایەوە لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠. ئەم داهێنانانە بوونە هۆی زیادبوونێکی بەرچاو لە بەرهەمهێنان، کە سەرنجی لەسەر چوار لقی گەشەسەندنی زانستی چڕ کردەوە: تەکنۆلۆژیای زانیاری، تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی، پەیوەندییە دوورەکان (تەلەکۆمیونیکەیشن)، و ئەندازیاریی وزە. ئەو وڵاتانەی کە پێشەنگی ئەم پرۆسەیە بوون بریتیبوون لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا و شانشینی یەکگرتوو. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم، رێکخستنی بەرهەمهێنان گۆڕا. کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان ئەرکەکانی بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان و بازاڕگەرییان تێکەڵ کرد و دامەزراوە گەورەکان دامەزران. گەشەسەندنی تەکنەلۆژی رێگەی دا بە زیادبوونی ئاستەکانی بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای خۆکارکردنی پرۆسەکان و خستنەناوی تەکنۆلۆژیای زانیاری بۆ پێکهاتەکانی بازرگانی.
ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان هەبوو لەسەر پەیوەندیی نێوان رێکخستنی سەرمایە و کار و، لە ئەنجامدا، پەیوەندیی نێوان ئابووری و دەوڵەت. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠دا، بەشێك لە وڵاتان بەرەبەرە دەستیان کرد بە گۆڕینی مۆدێلی سیاسیی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی بۆ دەوڵەتی لیبڕاڵ. هەندێک پسپۆڕ پێیان وایە ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم ناسراون، بنەمایان بۆ جۆرێکی نوێی کۆمەڵگە داناوە لە سەرتاسەری جیهاندا، کە بە “کۆمەڵگەی زانیاری و مەعریفە” ناسراوە.
“تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم”
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم ئەمانەن- :
- دانانی تەکنەلۆژیای زانیاری وەک سەرەکیترین ئامرازی دابینکردنی زانیاری لە پیشەسازی و بازرگانیدا.
- زیادبوونی بەرهەمهێنان لە ئەنجامی تێکەڵکردنی تەکنۆلۆژیای زانیاری لەگەڵ پەیوەندییە دوورەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا.
- سەرهەڵدانی دامەزراوە فرەنەتەوەییەکان کە ئەرکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان و بازرگانییان لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکاندا چڕ کردەوە.
- گەشەسەندنی تەکنەلۆژی لە چوار لقی سەرەکیی زانستدا؛ تەکنۆلۆژیای زانیاری، تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی، پەیوەندییە دوورەکان و ئەندازیاریی وزە.
- بەکارهێنانی کەرەستەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی و گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەی نوێدا بۆ جێگرتنەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی کارەبا.
- دابەشکردنەوەی جوگرافیی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵی لە ئەنجامی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و گواستنەوە.
- جێگیربوونی کۆمەڵگای بەکاربەر و سەرهەڵدانی کۆمەڵگای زانیاری.
“داهێنانەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم”
ئەو زانستە سەرەکییانەی کە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەمیان پێک دەهێنا بریتیبوون لە تەکنەلۆژیای زانیاری، پەیوەندییە دوورەکان، تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی، و ئەندازیاریی وزە.
تەکنۆلۆژیای زانیاری؛ تەکنۆلۆژیای زانیاری ئەو زانستەیە کە لێکۆڵینەوە لە تەکنیکەکانی ڕێکخستن، هەڵگرتن و بەڕێوەبردنی زانیاری دەکات. لە ساڵانی ١٩٦٠ەوە، زانستی کۆمپیوتەر گرنگیی بە خۆکارکردنی ئەم پرۆسانە داوە لە رێگەی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠دا، داهێنانەکان لەم بوارەدا بوونە هۆی پێشکەوتنی گەورە لە گەشەپێدانی کۆمپیوتەردا: چیپ (بازنەی یەکخراوی تایبەتمەند بە مەبەستێکی دیاریکراو) و مایکرۆپرۆسێسەر (بازنەی یەکخراوی فرەمەبەست). لە دەیەی دواتردا، تێکەڵکردنی ئەم پێشکەوتنانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کەرتە بەرهەمهێنەرە جیاوازەکاندا بینرا. لە ئەنجامدا، بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، کە قەبارەیان بەردەوام بچووکتر دەبووەوە، لە کەرتە جیاوازەکاندا بڵاو بووەوە، لەوانەش پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، فڕۆکەوانی، ئامێرە ناوماڵییەکان و پیشەسازییەکانی تری کەلوپەلی بەکاربەر.
داواکاری لەسەر بەرهەمەکانی کۆمپیوتەر لە ماوەی چەند ساڵێکدا بە خێرایی بەرز بووەوە. یەکەم مایکرۆپرۆسێسەرەکان لە ساڵی ١٩٧٠دا داهێنران، و تا ساڵی ١٩٧٥ نزیکەی ٧٥٠،٠٠٠ مایکرۆپرۆسێسەر لە پیشەسازی و بەرهەمهێناندا هەبوون. تا ساڵی ١٩٨٥، نزیکەی هەشتا ملیۆن کۆمپیوتەری قەبارە جیاواز هەبوون، و تا ساڵی ١٩٩٠ ژمارەکە گەیشتبووە یەک ملیار ئامێر کە مایکرۆپرۆسێسەریان تێدا بەکارهاتبوو.
“پەیوەندییە دوورەکان (تەلەکۆمیونیکەیشن)”
پەیوەندییە دوورەکان بریتییە لە ناردن و وەرگرتنی ئاماژەکان، پرۆسەیەکە پەیوەندیکردن لە دوورەوە دەکات بە شتێکی کرداری. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠دا، دوو بواری پەیوەندییە دوورەکان پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆیەوە بینی: ناردنەکانی مانگە دەستکردەکان و تێلێماتیک (ناردنی داتا لە رێگەی هێڵەکانی تەلەفۆنەوە). ژمارەی مانگە دەستکردەکان بۆ پەیوەندی لەم ماوەیەدا زیادی کرد، کە ڕێگەی دا پەیوەندی بگاتە هەر خاڵێک لە جیهاندا. تێلێماتیک، لە لایەکی ترەوە، پێشکەوتنەکانی کۆمپیوتەری تێکەڵ کرد بە یەکخستنی تەلەفۆن، کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن. شۆڕشی پەیوەندییەکان رێگەی خۆش کرد بۆ پەیوەندیی خێرا لە نێوان بازاڕە ستراتیژییەکان و هەروەها جێگیرکردنی خەمڵاندنی دارایی لە دوورەوە. دەستگەیشتنی خێرا بە زانیاری لەسەر گۆڕانکاریی بازاڕەکانی بۆرسە کاتەکانی بازرگانیی گۆڕی، کە بووە هۆی دەستێوەردانی بەهێزتری دامەزراوەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
“تەکنۆلۆژیای بایەلۆژی”
تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک تەکنیک کە دەستکاریکردنی شتە زیندووەکان لەخۆ دەگرێت بە مەبەستی گۆڕینی بەرهەمە ڕووەکی یان ئاژەڵییەکان. زۆربەی بەرهەمەکانی تەکنۆلۆژیای بایەلۆژی لە تاقیگەدا دروست دەکرێن و دەستکردن. ئەمە ڕێگەی دا بە داهێنانی بەرهەمی نوێ کە بە سرووشتی بوونیان نەدەبوو. لە نێو پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی لەم ماوەیەدا: کلۆنکردن “دووبارە دروستکردنەوەی زیندەوەرێکی نوێ کە هاوشێوەی ڕەسەنەکەیە”، جیاکردنەوەی جین “دەستکاریکردنی گۆڕینی جۆرەکان”، و بڵاوکردنەوەی شانەی تاک خانەیی “باشترکردنی ژێنەتیکی جۆرەکان” هەبوون.
تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی بە شێوەیەکی سەرەکی لە پیشەسازیی خۆراک و دەرمانسازیدا بەکارهێنرا. لە پیشەسازیی خۆراکدا، بەرهەمهێنانی تۆوی دەستکاریکراوی ژێنەتیکی و گۆڕینی ژێنەتیکی جۆرەکانی ئاژەڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان جێبەجێ کرا. لە ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمە خۆراکییەکان پشتبەستنیان بە خاک و خولی بەرهەمهێنانی سرووشتی کەم کردەوە. لە پیشەسازیی تەندرووستیدا، سەدان بەرهەمی نوێ بۆ مەبەستی پزیشکی دروست کران، وەک ئینسۆلین، دژە مەیینەکان، سایتۆکاین و لیمفۆکاین (ماددە بەرگرییەکان) و ئێندۆرفین و ئێنکێفالین (ماددە هۆشبەرەکان). ئەندازیاریی بایۆلۆژیش بووە هۆی دروستکردنی کەرەستەی دەستکردی نوێ کە جێگەی توخمە سروشتییەکان دەگرنەوە، وەک فایبەری ئۆپتیکی، سیلیکاتەکانی سیلیکۆن، و ئاوێتەی کانزای نوێ (زیرکۆنیۆم، بێریلیۆم، و نیۆبیۆم).
“ئەندازیاریی وزە”
لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵانی ١٩٧٠دا، ئەندازیاری گرنگیی بە دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی جێگرەوە بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی داوە. خەڵووز و وزەی ناوەکی بەکارهێنران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. هەرچەندە بەکارهێنانی ئەم وزانە کاریگەریی نەرێنیی هەبوو، وەک پیسبوون و تیشکدانەوە. ئەندازیاریی وزە هەوڵ دەدات سەرچاوەی نوێی وزەی نوێبووەوە و بەردەوام بدۆزێتەوە، لە هەمان کاتدا پەرە بە تەکنەلۆژیا دەدات بۆ کەمکردنەوەی پێویستییەکانی وزە.
“سەرچاوە سەرەکییەکانی وزەی نوێبووەوە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار دەهێنرێن”
- وزەی خۆر لە ڕێگەی بەکارهێنانی پانێڵی خۆرەوە.
- وزەی با لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاشی باوە.
- وزەی بایۆماس لە پاشماوە ئۆرگانیکەکانەوە.
- وزەی جیۆسێرماڵ لە رێگەی سیستەمەکانی گەیاندن و گواستنەوەی پلەی گەرمییەوە.
“تەکنۆلۆژیا سەرەکییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم”
گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم بەهۆی هەندێک لەم داهێنانانەی خوارەوە ئەنجام دران:-
نیمچە گەیەنەر:- ئەم ماددەیە دەتوانێت هەم وەک گەیەنەری وزە و هەم وەک ڕێگر کار بکات. باوترین ماددەی نیمچە گەیەنەر سیلیکۆنە، کە بۆ دروستکردنی پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان بەکار دێت (LED، مایکرۆپرۆسێسەر، و ترانزستۆر.
ترانزستۆر:- ئامێرێکی ئەلیکترۆنیی نیمچە گەیەنەرە کە ڕێگە بە گواستنەوەی زانیاری دەدات لە وەڵامی ئاماژەیەکدا. ترانزستۆرەکان لە زۆربەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکار دێن، وەک ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و مۆبایل.
چیپی سیلیکۆن:- بازنەیەکی یەکخراوی نیمچە گەیەنەرە کە لە ژمارەیەک ترانزستۆر و پێکهاتەی تر پێک دێت. چیپی سیلیکۆن لە مۆبایلی زیرەک، ئۆتۆمبێل و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی تردا بەکار دێن.
مانگی دەستکرد:- ئامێرێکە کە لە خولگەی زەویدا دادەنرێت و رێگە بە وەرگرتن و ناردنی ئاماژە دەدات بۆهەر خاڵێك و لە هەر خاڵێکی سەر گۆی زەوی. جۆرەکانی مانگی دەستکرد بریتین لە مانگی دەستکردی پەیوەندی (کە سیگناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن وەردەگرن و پەخش دەکەن)، مانگی دەستکردی چاودێری زەوی (کە زانیاری بۆ مەبەستی زانستی، شارستانی و سەربازی کۆ دەکەنەوە)، و مانگی دەستکردی کەشناسی (کە چاودێریی کەشوهەوای زەوی دەکەن).
فایبەری ئۆپتیکی:- ئەم ماددەیە رێگە بە گەیاندنی پاڵەپەستۆی فۆتۆئەلیکتریک دەدات، و بۆ گواستنەوەی داتا بە خێرایی بەرز و لە ماوەی دوور بەکار دێت. لە نێو بەکارهێنانە هەنووکەییەکان وایەری ژێر دەریا یان دوورمەودا، سیستەمەکانی پەیوەندی و ئامێرەکانی ڕووناکی هەن.
“کاریگەرییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم”
کاریگەرییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم کاریان کردە سەر شێوازی ژیانی کۆمەڵگەکان لە وڵاتە پیشەسازییەکاندا. پێشکەوتنەکان لە تەکنۆلۆژیای زانیاری، تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی، پەیوەندییە دوورەکان و ئەندازیاریی وزەدا کاریگەرییان لەسەر بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبوو:-
“ڕێکخستنی کار”
پێشکەوتنەکان لە تەکنۆلۆژیای زانیاریدا کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر رێکخستنی کار هەبوو. بەکارهێنانی کۆمپیوتەر جێگەی ئەرکەکانی پەیوەست بە سیستەماتیک کردن و بەڕێوەبردنی زانیاری گرتەوە. ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دامەزراندن لە نووسینگەکان و بیرۆکراسیی دەوڵەت هەبوو، چونکە بووە هۆی جێگۆڕکێی کار. گەشەسەندنی پەیوەندییە دوورەکان، لە لایەکی ترەوە، رێگەی دا بە کۆمپانیاکان ببنە فرەنەتەوەیی. لەگەڵ ئەوەشدا، پۆلی کاری تایبەتمەندی نوێ پەیوەست بە بەڕێوەبردنی بازرگانی سەریان هەڵدا.
“دابەشکردنەوەی نێودەوڵەتی بەرهەمهێنان”
پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی لە پیشەسازیی خۆراکدا پێکهاتەی کشتوکاڵیی لە چەندین وڵاتدا گۆڕی. گەشەپێدانی بەرنامەکانی تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی تێچووی زۆری لەخۆ گرت، کە کۆمپانیا گەورەکانی لەسەر بەرهەمهێنەرە بچووکەکانی کەرەستەی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک بەهێز کرد. لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠دا، کۆمپانیا فرە نەتەوەییەکانی ئەمریکا توانیان ٩٦٪ی مافی داهێنانەکانی پەیوەست بە تەکنۆلۆژیای بایۆلۆژی کۆنترۆڵ بکەن. لەوەش زیاتر، ئەم کۆمپانیایانە رێژەیەکی زۆری بازرگانیی جیهانی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵی-پیشەسازییەکانیان کۆنترۆڵ کرد. بەم شێوەیە، شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم بووە هۆی گۆڕانکاری لە ناوچەییکردنی کشتوکاڵ لەسەر ئاستی جیهانی: وڵاتە پیشەسازییەکان چیتر پشتیان بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی وڵاتانی گەرمەسێر نەبەست بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک. بۆیە، قوربانیانی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە بەرهەمهێنەرە کشتوکاڵییە بچووکەکانی ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و ئاسیا بوون.
“جیهانگیری”
پێشکەوتنە زانستییەکان کە لە گواستنەوە، پەیوەندییەکان و پیشەسازیدا بەکارهێنران بوونە هۆی یەکخستنی ئابووری لەسەر ئاستی جیهانی. ئەم پرۆسەیە بە جیهانگیریش ناسراوە. داهێنانەکان لە سیستەمەکانی گواستنەوە و پەیوەندیدا رێگەیان دا بە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان کارگە لەو وڵاتانەدا دابمەزرێنن کە هێزی کاری هەرزانیان هەیە (واتە لەو شوێنانەی کە مافەکانی کرێکاران دەستەبەر نەکراون). بەم شێوەیە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان تێچووی بەرهەمهێنانیان کەم کردەوە لە کاتێکدا قازانجیان زیاد کرد. هەروەها، ئەم پێشکەوتنانە رێگەیان بە فراوانبوونی بازرگانی دا. لەگەڵ جیهانگیریی بازاڕەکان و فرەنەتەوەییبوونی میدیای جەماوەری، هەندێک کاڵا و خووی بەکاربردنی کلتووری بە ستاندارد کران.
“پاشخانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم”
چەمکی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم بەرانبەر بە خولێکە کە چەندین پرۆسەی مێژوویی دەناسێنێت کە شۆڕشیان لە بەرهەمهێناندا کردووە و، بوونە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە رێکخستنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری جیهاندا.
شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم (١٧٦٠-١٨٤٠):-
- بە دەرکەوتنی کارگەکان لە شارەکان، داهێنانی ئامێری هەڵم بۆ میکانیزەکردنی بەرهەمهێنان، و بەکارهێنانی خەڵووز وەک سەرچاوەی وزە ناسرابوو.
- ئەم گۆڕانکارییانە بەرهەمهێنانیان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان کرد بە شتێکی گونجاو، کە بووە هۆی گەشەکردنی پیشەسازیی ڕستن و چنین، کانزاکاری و خۆراک.
- گۆڕانکارییەکان لە ئینگلتەرا دەستیان پێکرد و بە تێپەڕبوونی کات بڵاو بوونەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا.
- کاریگەرییە دوور مەوداکانی کۆمەڵایەتی (دەرکەوتنی چینی کرێکار و بۆرژوازی)، ئابووری (سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی سەرمایەداری)، و سیاسی (قەیرانی ڕژێمی کۆن و بڵاوبوونەوەی لیبرالیزم) بوون.
شۆڕشی پیشەسازیی دووەم (١٨٧٠-١٩١٤):_
- بە پسپۆڕبوونی زیاتری کار لە کارگەکان ناسرابوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هێڵی جڤات (دابەشکردنی ژیرانەی کار بۆ هەنگاوی یەک لەدوای یەک کە لەلایەن کرێکارانی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن) بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵی کرد بە شتێکی گونجاو.
- بەرهەمهێنانی پۆڵا بوو بە کلیلی گەشەسەندنی پیشەسازییەکانی تر. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەی نوێی وزە بەکارهێنران، وەک نەوت و کارەبا.
- گرنگترین داهێنانەکانی ئەم سەردەمە ئۆتۆمبێل و فڕۆکە (بە بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی)، ترامی کارەبایی، و پەیوەندییە دوورەکان (تەلەفۆن، رادیۆ، فۆنۆگراف و سینەماتۆگراف) بوون.
- پیشەسازی بڵاو بووەوە بەسەر ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن. ئەڵمانیا ئەو وڵاتە بوو کە گەورەترین گەشەی پیشەسازیی لەم ماوەیەدا بەخۆیەوە بینی.
“شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم”
شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم ئاماژەیە بۆ زنجیرەیەک گۆڕانکاریی تەکنۆلۆژی کە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی جیهان هەبووە لە سەرەتای سەدەی ٢١ەمەوە. چەمکەکە بە تەواوی لەناو کۆمەڵگەی زانستیدا پەسەند نەکراوە، زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە ئەم شێوازانەی بەرهەمهێنان پەیوەستن بە شۆڕشی پیشەسازیی سێیەمەوە و خۆیان گۆڕانێکی پارادایم لە ئابووری جیهانیدا پێک ناهێنن. شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم بە تێکەڵبوونی بوارە جیاوازەکانی زانیاریی زانستی (فیزیکی، دیجیتاڵی و بایۆلۆژی) ناسراوە. بوارە سەرەکییەکانی داهێنانی تەکنۆلۆژی رۆبۆتیک، نانۆتەکنۆلۆژی، ژیریی دەستکرد و پرۆگرامسازی لەخۆ دەگرن. لەوەش زیاتر، بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینتەرنێت بووەتە هۆی پەیوەندیی نێوان ئامێرەکان، سیستەمەکان و خزمەتگوزارییەکان.
لایەنگرانی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم جەخت لەسەر دانانی سیستەمی بەرهەمهێنانی نوێ، تێکەڵکردنی زنجیرەکانی دابینکردن لەگەڵ سیستەمەکانی بەرهەمهێنان لە رێگەی ئەلیکترۆنیکەوە، هەروەها گەشەپێدانی نەرمەواڵە و پلاتفۆرمەکانی پەیوەندی دەکەنەوە.
سەرچاوە:
نووسین: تێرێسا کیس
وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی: ماریلینا گاری
وەرگێڕآنی بۆ کوردی: دانا حەکیم