شارە زیرەکەکان، تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندی (ICT) بەکاردەهێنن بۆ بەرەو پێشبردنی توانای کردەیی. ئامانجی سەرەکی شاری زیرەک؛ بریتییە لە باشترکردنی ئەرکەکانی شارەکە و بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری، لە هەمان کاتدا پێشخستنی کوالێتی ژیان بۆ دانیشتوان بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای زیرەک و شیکاری داتا. بەهای ئەم کارەش زیاتر لەوەدایە کە چۆن ئەم تەکنۆلۆجیایە بەکاردێت وەک لەوەی تا چ ڕادەیەک ئەم تەکنۆلۆجیایە بەردەستە. سەرکەوتنی شارێکی زیرەک بەندە بە پەیوەندی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، چونکە کاری دروستکردن و چاککردنی ژینگەیەکی زیرەک لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی حکومەتە.
“پێناسەی شاری زیرەک”
پێناسەی زۆر هەیە دەربارەی ئەوەی ئایا چ شتێک وا دەکات بە شارێک بووترێت زیرەک، بۆ نمونە کۆمپانیای (IBM) بەم شێوەیە پێناسەی کردووە “ئەو سیستەمەیە کە هەموو زانیارییە پەیوەستەکان کە ئەمڕۆ بەردەستە بە شێوەیەکی نمونەیی بەکار دەهێنێت بۆ باشتر تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردنی کردارەکانی و باشترکردنی سەرچاوە سنوردارەکان.
“تەکنۆلۆجیاکانی شاری زیرەک”
شارە زیرەکەکان سۆفتوێری هەمەجۆر بەکاردەهێنن، وەک تەکنۆلۆجیای زانیاری و تۆڕی ئینتەر نێت شان بە شانی تۆڕی ئینتەرنێتی بێ سنور(IOT) بۆ پێشکەشکردن و بەردەستخستنی چارەسەری سەرهێڵ بۆ هەموو بەکارهێنەران. گرنگترینیان بریتیە لە (IOT) کە پێکدێت لە تۆڕێکی پێکەوە بەستراوی ئامێرەکان کە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی داتا لەنێوانیاندایە.ئەکرێت ئامێرەکانی ئەم تۆڕە ئۆتۆمبیل، ئامێرەکانی ناوماڵ یاخود هەستەوەرەکانی سەرشەقام بێت. داتا لەم ئامێرانەوە کۆدەکرێتەوەو کە لەسەر سێرڤەرێک یان کلاودێکن، بۆ سود گەیاندن و پێشخستنی کارامەیی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا، هەروەها بۆ سودی ئابووری و پێشخستنی ژیانی هاووڵاتیان. زۆربەی ئامێرەکانی (edge computing ) (IOT) بەکاردەهێنن کە دڵنیایی دەدات تەنها داتای گرنگ و پەیوەندیدار لە تۆڕەکەدا بگوازرێتەوە.بەهەمان شێوە سیستەمی سکویریتی بەکاردێت بۆ پاراستن، چاودێریکردن هەروەها کۆنترۆڵی ئەو داتایەی دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی تۆڕەکانی شاری زیرەکەوە.هەروەها ڕێگریکردن لە دەست پێگەیشتنی نا یاسایی بۆ ئامێرەکانی تۆڕەکە.
شان بە شانی (IOT)، شارە زیرەکەکان ئەم تەکنۆلۆجیایانەش بەکاردەهێنن:- (API) زیرەکی دەستکرد خزمەتگوزاریەکانی cloud computing، فێرکردنی ئامێر، پەیوەندی ئامێر بۆ ئامێر، تۆڕە ئاڵۆزەکان.
“مێژووی شارە زیرەکەکان”
بیرۆکەی شارە زیرەکەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠، کاتێک “نوسینگەی شیکاری کۆمەڵگەیی ئەمریکی” دەستی کرد بە بەکارهێنانی داتابەیس، ئاریەڵ هەروەها فۆتۆگرافی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، خستنەڕوی کێشەکان بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان و چارەسەر کردنی کارەساتەکان هەروەها کەمکردنەوەی هەژاری. ئەمە بووە هۆی بەرهەمهێنانی یەکەم نەوەی شارە زیرەکەکان. یەکەم نەوەی شارە زیرەکەکان لەلایەن زانایانی بواری تەکنۆلۆجیاوە خرایە بەردەست، بۆ تێگەیشتن لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا لە ژیانی ڕۆژانەدا. ئەمە بووە هۆی دروستبونی نەوەی دوەمی شارە زیرەکەکان، بۆ چاودێریکردنی ئەوەی چۆن تەکنۆلۆجیا زیرەکەکان و داهێنانەکانی تر دەتوانێت چارەسەری شارەوانیانەی پێکەوە بەستراو دروست بکات.نەوەی سێیەمی شارە زیرەکەکان،کۆنترۆڵی لە دەست زانایانی بوارەکە وەرگرت و لە جیاتیدا مۆدێلێکی دروست کرد کە تێیدا پێکەوە بەستنی کۆمەڵایەتی لە خۆ دەگرێت.
“بۆچی شارە زیرەکەکان گرنگن؟”
٪٥٤ ی دانیشتوانی جیهان لە شارەکاندا دەژین، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠ دا ئەم ڕێژەیە بەرز ببێتەوە بۆ ٪٦٦،هەروەها پێشبینی دەکرێت دانیشتوانی شارەکان لە ماوەی سێ دەیەی داهاتوودا نزیکەی ٢ ملیارد کەس زیاد بکات. بە پێشبینی کردنی ئەم زیادبوونە بەرچاوەی دانیشتوان، خواستی بەڕێوەبردنی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی، بەهێزبونی ئابووری سەرچاوەکان زیاد دەکات. شارە زیرەکەکان ڕێگە دەدەن هاووڵاتیان و دەسەڵاتی ناوچەیی پێکەوە کار بکەن بۆ دەستپێکردنی دەست پێشخەریەکان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا زیرەکەکان بۆ بەڕێوەبردنی سەرمایە و سەرچاوەکان لە ژینگەیەکی گەشەسەندوی شارستانیدا.
“چۆن شارە زیرەکەکان کار دەکەن؟”
شارە زیرەکەکان چوار هەنگاو جێ بە جێ دەکەن بۆ پێشخستنی کوالێتی ژیان و گەشەی ئابووری لە ڕێگەی تۆڕێکەوە کە کۆمەڵێک ئامێری پێکەوە بەستووە، هەنگاوەکانیش ئەمانەن:-
١-کۆکردنەوە:- هەستەوەرە زیرەکەکان داتای کاتی ڕاستەقینە کۆدەکەنەوە.
٢-شیکاری:- داتاکە شیکاری دەکرێت بۆ پێشبینی کارکردنی خزمەتگوزارییەکانی شارەکە.
٣-پەیوەندی:- ئەنجامی شیکاری داتاکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لەلایەن کەسانی بڕیاردەرەوە.
٤- جێبەجێکردن:- کردارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ پێشخستنی کردارەکان و بەڕێوەبردنی داتاکان و هەروەها پێشخستنی کوالێتی ژیان بۆ دانیشتوانی شارەکە.
تەکنۆلۆجیای پەیوەندی و زانیاری داتای کاتی ڕاستەقینە لە ئامێرە پێکەوە بەستراوەکانی تۆڕەکە کۆدەکاتەوە بۆ ئاسانکردن و پێشخستنی بڕیاردان. هەرچەندە دانیشتوانی شارەکەش دەتوانن دەستیان بگات بە ئیکۆسیستەمی شارەکە لە ڕێگەی مۆبایل یاخود ئۆتۆمبیل یان باڵەخانە پێکەوە بەستراوەکانیان.
“بۆچی پێویستمان بەم شارانەیە؟”
شاری زیرەک پێویستە شان بە شانی گەشەی ئابووری، ژینگەیەکی شارستانی و ژیانێکی بە کوالێتی بۆ دانیشتوانی شارەکە دابین بکات. بە واتا کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێکەوەبەستراوە بۆ هاووڵاتیان بە تێچویەکی کەمتری ژێرخانی ئابووری. پێشکەوتنەکانی شاری زیرەک بە هەمان شێوە لە ژێرخانی ئابوریی بەردەستەوە بەهایەکی نوێ دابین دەکات، لە کاتێکدا دروستکردنی زنجیرەی داهاتی نوێ و کارامەیی کرداری بۆ پاشەکەوتکردنی پارە بۆ حکومەت و هاووڵاتیان چونیەکە.
“ئاستەنگەکانی بەردەم شارە زیرەکەکان”
لە بەرامبەر ئەو لایەنە ئەرێنیانەی کە شارە زیرەکەکان پێشکەشی دەکەن، کۆمەڵێک ئاستەنگیش هەن کە پێویستە بەسەریاندا زاڵ بین. یەکێک لەو ئاستەنگانە بریتیە لەوەی کە حکومەت ڕێگە دەدات بە بەشداری ڕێژەیەکی بەرفراوان لە هاووڵاتیان.بە هەمان شێوە پێویستە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هەماهەنگ بن لەگەڵ دانیشتوان، بۆ ئەوەی هەموان پێکەوە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت. پرۆجێکتەکانی شارە زیرەکەکان پێویستە شەفاف و بەردەست بن بۆ هاووڵاتیان لە ڕێگەی پۆرتاڵێکی کراوە یان ئەپلیکەیشنی مۆبایل. ئەمە ڕێگە ئەدات بە دانیشتوان کە دەستیان بە داتاکان بگات و کارە تایبەتەکانیان ئەنجام بدەن وەک پارەدان و داواکردنی هۆکانی گواستنەوە و زانینی بڕی خەرجی وزەی ماڵەکە. هەموو ئەمانە پێویستیان بە سیستەمێکی پارێزراوی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی داتا هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هاک و خراپ بەکارهێنان. بە هەمان شێوە داتای شارە زیرەکەکان پێویستە شاراوە و بێ ناو بن بۆ ڕێگری کردن لە کێشەی تایبەت. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی پێکەوە بەستراوی ئەوەیە کە بە هەزاران یان ملیۆنان ئامێر پێکەوە بەستراون و پێویستە بە هەماهەنگی و گونجاوی پێکەوە کار بکەن. ئەمە وا دەکات کە خزمەتگوزارییەکان پێکەوە ببەسترێنەوە بەردەوام بێت لە کاتێکدا خواست زیاد دەکات. با واز لە تەکنۆلۆجیا بێنین، شارە زیرەکەکان پێویستە ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانە لەبەرچاو بگرن کە دیمەنێکی کلتوری سرنجڕاکێش بە شارەکە دەبەخشن بەجۆرێک کە دانیشتوانەکەی هەست بە ئاسودەیی بکەن. ئەمە بە تایبەت بۆ ئەو شارانە گرنگە کە لەسەرەتادان بۆ ئەوەی سەرنجی زۆرترین کەس ڕابکێشن.
“نموونە”
لە سەرتاسەری جیهاندا شاری زیرەک هەیە کە لە قۆناغی جیاوازی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا زیرەکەکاندان. هەرچەندە هەندێکیان نزیک بوونەتەوە لە لوتکە و بەرەو ئەوە ئەڕۆن کە ببنە شارێکی تەواو زیرەک. ئەوانەش بریتین لە: بەرشەلۆنە-ئیسپانیا کۆڵۆمبس، ئۆهایۆ، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوبەی، ئیمارات، هۆنگ کۆنگ، چین، کەنساس، میسۆری، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا
لەندەن، ئینگلتەرا، ماڵبۆرن، ئوسترالیا، نیۆرک، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، تۆرینتۆ، کەندا، ڤیەننا، نەمسا، سەنگاپور، سان دیاگۆ، کالیفۆرنیا، تۆکیۆ، ژاپۆن.
“دەرئەنجام”
دروستکردنی سیستەمێکی زیرەکی پێکەوە بەستراو بۆ ناوچە شارستانییەکانمان سودی زۆری بۆ دانیشتوان دەبێت لەسەرتاسەری جیهاندا. نەک تەنها بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیان، بەڵکو بۆ بەردەوامی و درێژخایەنی و باش بەکارهێنانی سەرچاوەکان. ئەم چارەسەرانە پشت دەبەستێ بە هەماهەنگی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و خودی دانیشتوان بە ژێرخانی ئابووری و پاڵپشتی دروست. بۆیە شارە زیرەکەکان دەتوانن (IoT) بەکاربێنن بۆ باشترکردنی ژیانی دانیشتوان و چارەسەری پێکەوە بەستراو بەکار بێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانە.
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا