“به‌رکوڵ”
باسکردن له شۆڕشی ژینا هاوکات که باسکردنه له خواستێکی ڕه‌وا و ئاوانگاردی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و شوناسمه‌ندانه که له لایه‌ن ژنان و ئیراده‌ی بهرهنگارخوازانهیان دوو ساڵ پێش ئێسته خۆی له ساحه جۆراوجۆره‌کانی وڵاتی ئێران و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ وڵاتی ده‌ره‌وه‌ش مانیفێست کرد، زه‌مینه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ته‌واو کوردانه و سیاسیی هه‌یه. بۆ تێگه‌یشتنی باشتر له‌م ڕوانگه‌یه پێکۆڵکارییهکی کورت ده‌خه‌مه ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی وێنایه‌کی گریمانکراو بخه‌مه به‌ر باس و مه‌به‌سته‌که‌م به ڕوونی بگه‌یه‌نم.
پۆلیسی ڕه‌وشت وه‌کوو یه‌که‌یه‌کی ئیداری-ئه‌منی سه‌ر به سیسته‌می باوهڕمهندانهی شه‌رعیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979دا و له کاتی داگیرکردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له تاران و گرتنی کارمه‌نده‌کانی وه‌کوو ئایدیا و خه‌ونێکی شیعی-ئیسلامیی هه‌بووه، به‌ڵام به هۆکاری جۆراوجۆر تا سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد؛ سه‌رۆک کۆماریی پێشووتری ئێران دواکه‌وت، له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دا پشکنین و چاودێریکردنه‌کانی پۆلیسی ڕه‌وشت هێنده زه‌ق نه‌کرابوویه‌وه و له‌به‌رچاون دیار نه‌بوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می سه‌رۆک کۆماریی ئیبراهیمی ڕه‌ئیسی؛ گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ماکانی به‌ناوی شۆڕشی ئیسلامی و فه‌رمانه‌کانی ویلایه‌تی فه‌قیه ڕه‌وتی دۆگماتیزم و ڕههاخوازیی ده‌رکه‌وته‌ی دیاری له سه‌ر شه‌قام و هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی خه‌ڵک هه‌بوو، خودی ئه‌مه ده‌رخه‌ری دۆخێکی نوێ له درێژترکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سیاسیی سیسته‌مێک بوو که بۆ هۆکاری جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری درز و قه‌ڵشتی جۆراوجۆر که‌وتبووه کۆڵه‌که‌کانی، به وته‌ی هه‌ندێک ئه‌و دۆخه‌ی که له‌م قۆناغه‌دا هاته ئاراوه خه‌ونی به شیفت پارادایمێک یان هه‌ر هه‌مان “درێژترکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سیسته‌م له ڕێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی پڕ ئێش و ئازاره‌وه” بینی، دیاره به دڵنیاییه‌وه ئێش و ئازاره‌که‌ش ته‌نها و ته‌نها به‌شی خه‌ڵک به گشتی و گه‌لی کورد له کوردستان به تایبه‌تی بووه.
له‌م قۆناغه و قۆناغه‌کانی پێشتریش که ئه‌م خه‌ونه ئاییی_شیعییه ده‌ستی پێ‌کردبوو و پراکتیزه ده‌کرا ده‌یان و سه‌دان که‌س گیران و به‌پێی ئاماره‌کان هه‌م لێدانیان خوارد، هه‌م ده‌ستدرێژیی کرایه سه‌ریان و هه‌میش هه‌زاران که‌س بێسه‌روشوێن بوون، به‌ڵام کوا ئه‌و ئیراده سیاسییه له تاران، ئیسفه‌هان یان مه‌شهه‌د و یه‌زد و کۆی ناوچه غه‌یره کوردییه‌کان؟ واته مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه بۆچی شۆڕشی ژینا له سه‌قز و کوردستان له‌دایک بوو و پێش له‌وه هیچ شۆڕش و ڕابوونێک دژی دنیایه‌ک زۆر و سته‌م و غه‌در له هیچ گۆشه و شارێکی ئه‌م جوگرافیا پان وبه‌رینه‌ی که ناوی نراوه ئێران(جگه له کوردستان) به‌رپا نه‌بوو؟ واته وێنا گریمانکراوه‌که‌ی من له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا ده‌بێت به ئه‌مه:- ئه‌گه‌ر له شارێک جگه له شارێکی کوردستانی واته له شاری یه‌زد له ناوه‌ندی ئێران ئه‌گه‌ر کچێک به‌ناوی په‌روین بڕۆشتبا بۆ تاران و له‌وێ هه‌مان ڕووداو که به سه‌ر ژینا هات به‌سه‌ری هاتبا ئایا ده‌بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڕابوون و شۆڕشێک که سنووره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ببه‌زێنێ و له ڕۆژئاوا و هیندستان ده‌نگی ببیسترێت؟
من پێم وایه وه‌ڵامی ئه‌مه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها “نه‌خێر”ێکی گه‌وره نه‌بێت ئه‌وا به شێوه‌ی ڕێژه‌یی “نه‌خێر”ێکی ئاساییه که ده‌شێت له‌سه‌ری دیالۆگ و مشت‌ومڕ به‌رهه‌م بێت. بۆیه به‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌ڵێم زه‌مینه و هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م شۆڕشی هه‌م سیاسی و شوناسمه‌ندانه بووه و هه‌میش ته‌واو کوردانه بووه. گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵات نه هیچ کات ملیان به‌و سیسته‌مه سیاسییه دا که به‌ده‌ر بوو له به‌ها دیموکراسی و ئازادیخوازانه‌کان و نه هیچ کاتیش له‌گه‌ڵ ڕه‌وتێکی ئیسلامیی سیاسی هاوده‌نگ بووه، مێژووی ساڵه‌کانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران تا سه‌رده‌می ژینا شایه‌تیی ئه‌م ڕاستییه ده‌ده‌ن.
“ژینا یان مه‌هسا”
به سه‌رنجدان به‌و ڕاستیانه‌ی له به‌شی بهرکوڵدا باسم کردن و پێداگرییم له‌سه‌ر کوردیبوون و شوناسمهندانهبوونی شۆڕشی ژینا کرد ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ورد بینه‌وه که به‌شێکی سه‌ره‌کیی و جه‌وهه‌ریی له هه‌ر ڕه‌وت و ڕابوونێک ده‌رکه‌وته و فیگه‌ره زمانییه‌کان و ناو و دروشم و ههڵوێستهکانن که هه‌ر هه‌موویان له ساحه و پانتای زماندا خۆیان ده‌ناسێنن. له‌م ڕووه‌وه به‌شێکی سه‌ره‌کیی له شۆڕشی ژینا و ڕۆحی بهرههڵستخوازانه و به‌ره‌نگارانه‌ی ژیناخوازان(له هه‌مبه‌ر “مهسا”خوازان) ململانێ و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له ئاستی زمان و وشه و ڕسته‌یه. وه‌کوو تا ئێسته چه‌ندین لێکۆڵه‌ر و چاودێری سیاسی و شیکاری جۆراوجۆر باسیان کردووه ئێمه ده‌بێت له‌سه‌ر جوادکردنهوهی مه‌هسا له‌گه‌ڵ ژینا ته‌واو وشیار و ڕژد بین، هه‌ر جۆر تێکه‌ڵکاری و ملدان به هه‌ر کام له‌م ناوانه ئاڕاسته‌یه‌کی دیاریکراوی یه‌کلاکه‌ره‌وه(دره‌وشاوه یان تاریک) بۆ ئێمه‌ی کوردی به‌دواوه ده‌بێت.
چونکه به‌شێکی سه‌ره‌کیی له خه‌بات و سه‌نگه‌ری مانه‌وه‌ی ئێمه له ڕؤژهه‌ڵات پرسی زمانه، زمان بۆ ئێمه له ڕۆژهه‌ڵات ته‌نها ئامراز نه‌بووه و نییه، به‌ڵکوو ئامانج و مه‌ته‌رێزی بوون و مانهوهشمانه، ئێمه ئه‌گه‌ر بمانزانیبا به‌کارهێنانی”مهسا” له‌باتی “ژینا” هیچ لێکه‌وته‌یه‌کی پراکتیکی نه‌رێنیی بۆ کورد به دواوه نابێت به‌دڵنیاییه‌وه هێنده پێداگریمان له‌م سنووردانانه و جوداکارییه نه‌ده‌کرد، هه‌ڵوێست و هه‌ڵبژاردنی جۆری زمان و ده‌ربڕین به‌شێکی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕه‌وته‌ی به‌رهه‌ڵستکاریی و ڕابوونی کورده، قبووڵکردنی “مهسا” وه‌کوو هه‌ڵگری ناوی شۆڕشه‌که واته داننان به‌مه‌ی که شۆڕشه‌که نه‌ک ته‌نها ئاخێزگه و زه‌مینه‌یه‌کی کوردی و کوردستانیی نه‌بووه به‌ڵکوو داوانه‌کردنی هیچ ماف و خواستێکی ڕه‌وای کوردیشه که له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌کانه‌وه تاکوو ئێستا لێی زه‌وت کراوه! بۆیه ئێمه و زۆرێک له شیکاران و بیرمه‌ندانی ئێمه پێداگریی له ناوی “ژینا” ده‌که‌نه‌وه چونکه له سه‌د ساڵی ڕابردوودا هه‌ر جووڵه‌یه‌کی کورد گرێ‌دراو بووه به ناو و هێمایه‌کی کوردییه‌وه که له ناخی زمانی کوردییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی که خودی زمانی کورد به هه‌موو شێوه‌یه‌ک له لایه‌ن سیسته‌مه‌وه خراوه‌ته قاوغێکی بچووکی خۆجێی و خۆماڵییه‌وه و هه‌موو هه‌وڵێکی داوه له تایبه‌تمه‌ندییه زمانی و مێژووییه‌کانی خۆی دایماڵێت، به‌ڵام هه‌ر جاره‌و شکستی هێناوه، هه‌ر بۆیه ژینا هه‌ڵگری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه سیاسی و کوردانه‌یه به ئاقاری شوناسمهندی بۆ کورددایه و “مهسا”ش ده‌نگی ئه‌و ئیراده‌ی ئێرانگهرایهیه که له ده‌ره‌وه و به زۆری له وڵاتی ئه‌مریکا پاڵیان لی داوه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر خوێنی گه‌نجان و برین و پاکیزه‌یی کچانی کوردستان ده‌سکه‌وته چڵێسانه کۆلۆنیالیستانهکانی خۆیان دره‌و که‌نه‌وه! به‌ڵام به وشیاری و تێگه‌یشتووییمان ده‌توانین ئه‌م خه‌ونه نه‌گریس و تاریکه له گۆڕ نێین.
“چۆن نه‌هێڵین ژینا بکه‌ن به مهسا؟”
خودی ئه‌مه‌ی که ناوی “مهسا” له کوێوه هاتووه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که ئێمه به درێژایی ساڵانی زۆر له داگیرکراویی په‌یوه‌ندییه‌کی ناته‌ندروست و “داگیرکهرشهیدایی”مان تێدا دروست بووه، واته له‌گه‌ڵ دنیایه‌ک شۆڕش و خه‌بات و قوربانیدان خواستێکی نهێنی یان ئاشکراش هه‌بووه که به‌ها و نموونه کولتووری و شوناسمهندانهکانی کولتووری زاڵ و سه‌رده‌ست ئه‌گه‌ریش به بی پێچ و په‌نا و ئاسانی قبووڵ نه‌که‌ین ئه‌وا کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆشمان له‌گه‌ڵیدا نه‌بێ. “ژینا”ی کوردیش وه‌کوو زۆر کچی دیکه‌ی کوردستان هه‌ڵگری ناوی “مهسا”ش بووه، واته خودی ئه‌مه نیشانه‌یه‌که له‌و ده‌رده کوردبوونه‌ی که به‌هۆی زه‌بر و زه‌نگ و پیلانی داگیرکه‌ره‌وه که‌سایه‌تی و شوناسێکی دووشه‌ق یان شهقبراوی بۆ ئێمه به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌مه به‌شێک له هاوکێشه‌که‌یه و له‌گه‌ڵ خواستێکی نهێنی بۆ داگیرکهرشهیدایی ئیراده و وشیارییه‌کی به‌هێزیش دژی داگیرکه‌ر و خه‌ون و پیلانه‌کانی هه‌یه و هه‌بووه.
هه‌ر خودی ئه‌مه‌شه له‌ڕاستیدا وای کردووه که کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک بناسرێت که هیچ کات کۆنترۆڵ ناکرێت و مل نادات به هیچ جۆره سیسته‌م و داسه‌پاندنێک که له ده‌ره‌وه به‌ها مه‌عنه‌وی و مادییه‌کانی مێژووی خۆیه‌وه بێت، پرۆژه‌ی به “مهسا”کردنی “ژینا” له ڕاستیدا چه‌نده پرۆژه‌یه‌کی سیسته‌ماتیکی کۆماری ئیسلامی بێت دوو هێنده پرۆژه‌یه‌کی پیلانگێڕانه و دوژمنکارانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی به‌ناو ئێرانی یان هه‌موو ئه‌وانه‌ن که له ژێر چه‌تری ئێرانشاری یان ئێرانپهرهستیدا کۆ ده‌بنه‌وه که له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه جه‌ماعه‌ت و خێڵی پاڵهوییهکانه که دوای زیاتر له چل ساڵ ده‌یانه‌وێت پاشایه‌کی ناسک و نارین و بێ خه‌م و ئازارنهچهشته بگه‌ڕێننه‌وه تاکوو سواری گالیسکه‌ی مێژووی ئێرانی فارسی بێته‌وه، ئه‌م پرۆژه‌یه چه‌نده پرۆژه‌یه‌کی هزری و ڕه‌وتێکی تیۆریزه‌کردنی شۆڕشی ژینا بێت، چه‌ند قات پرۆژه‌یه‌کی میدیایی و زمانییه که له ته‌کنیک و سیاسه‌ته‌کانی هه‌ڵاواردنی کوردان و زمان و خواسته سیاسییه‌کانیان و هاوکات بژارده‌یی خستنه‌ڕووی خواست و لایه‌نه بچووکه کولتوورییه‌کانیان بۆ به‌رده‌نگی فارس له لایه‌ن چه‌ند میدیایه‌کی زه‌به‌لاحی سه‌ر به خێڵی پاڵه‌وییه‌وه، خۆی ده‌بینێته‌وه.
واته ئه‌م میدیایانه نه ده‌نگی خه‌ڵکن نه گێره‌ره‌وه‌ی واقیعی شۆڕشێک که ته‌نانه‌ت با ناوی “مهسا”ش بێت به حیسابی خۆیان، به‌ڵکوو پرۆژه و ساخته‌کارییه‌کی میدیایی و چه‌واشه‌کارانه‌ن که بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت له سه‌رده‌مێکدا که میدیاکان هه‌قیقه‌ته‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنن ده‌توانن کاریگه‌ریی کوشنده و تاریکیان له‌سه‌ر دۆزی کورد هه‌بێت، بۆیه هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا من پێم وایه که‌وتنه‌گه‌ڕی میدیا یان چه‌ند میایا و که‌ناڵی به‌هێزی چه‌ند زمانه “کوردی، فارسی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و…هتد” که ته‌عبیر له ڕووداو و هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی شۆڕشی ژینا بکات، هه‌موو برین و ئازاره کوردانهکان بخاته به‌رباس، زه‌مینه و مێژووه خوێناوییه‌که‌ی هه‌ڵداته‌وه و باشترین ستراتیژ ده‌بێت له‌وه‌ی که شۆڕشی “ژینا” نه‌بێت به “مهسا” و شوناسمهندیی کوردیی له ژێر ده‌مامکی زمانی میدیایی فارسیزمدا په‌رده‌پۆش و خنکار نه‌بێت.