کتێبی سايكۆلۆژيای جەماوەر (The Crowd: A Study of the Popular Mind) لە نووسینی گۆستاڤ لۆبۆن، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٥ بڵاوكرايەوە، بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی بواری دەروونناسی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، بەو پێیەی باس لە کاریگەرییەکانی جەماوەر دەکات لەسەر تاکەکان وهەڵسوکەوتەکانیان. گۆستاڤ لۆبۆن؛ پزیشک و دەروونناسی کۆمەڵایەتی و فەیلەسوفی بە ڕەگەز فەرەنسی، لە ٧ی ئایاری ١٨٤١ لەدایک بووە و لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٣١ کۆچی دوایی کردووە؛ بە یەکێک لە بیرمەندە دیارەکان دادەنرێت، لە بوارەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی و ئەنتڕۆپۆلیژیدا، بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی ڕەفتاری بەکۆمەڵ و چۆنیەتی کاریگەری جەماوەر لەسەر تاکەکان، ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێنا.
لۆبۆن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونناسی و سیاسی هەبووە، لەم سۆنگەیەوە بیرۆکەکانی لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردە و بیرمەندانی سیاسی لە سەدەی بیستەمدا بەکارهێنراون. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین لەدیدێکی ڕەخنە ئامێزەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین، لەسەرەتادا بەکورتی ئاماژە دەدەین بە گرینگترینی خاڵەکانی کتێبی ناوبراو بەم شێوەیە:-
“یەکەم؛ پێناسەی جەماوەر”
لە دیدی لۆبۆن، جەماوەر بريتييه له کۆمەڵێک تاک، کە ناسنامەی تاکەکەسی خۆیان لەدەست دەدەن و دەکەونە ژێر کاریگەری سۆزداری و ئایدیۆلۆژییەکانی هاوبەشەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕەفتارگەلێکی جیاوازیان هەبێت لەوەی کە وەک تاکێکی سەربەخۆ ئەنجامی دەدات. ئەو، جەماوەر بەشێوەیەک وێنا دەکات کە سرووشتێکی سۆزداریی و ھەڵچوونی هەیە، ئامادەییەکی باشی تێدایە بۆ کاریگەربوون، یاخود یاری پێکردنی لەلایەن سەرکردە و کەسانی کاریگەری نێو کۆمەڵگە، بەجۆرێک کە هەستی بەکۆمەڵ تێیدا زاڵە بەسەر ئەو ئەقڵانیەتەی کە تاکەکەسی پێ دەناسرێتەوە.
کەواتە دەکرێت بڵێین تاکەکەس لە مامەڵە کردندا لەنێو جەماوەر، تاڕاددەیەکی زۆر سەربەخۆیی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە بەشێک لە ئەقڵی بە کۆمەڵ، ئەمەش دواجار دەبێتە ھۆی ئەوەی کە تاكەکان شێوەیەکی جياواز لە ھەڵسوکەوت کردن نیشان بدەن.
“دووەم؛ تايبەتمەنديیەکانی جەماوەر”
لە کتێبەکەیدا، لۆبۆن کۆمەڵێک تايبەتمەندی جەماوەر دەخاتە ڕوو لە گرنگترینیان:-
١-سیمای سۆزداریی:- بە بڕوای ئەو جەماوەر هەمیشە دەکەوێتە ژێر كاريگەرییەکانی ھەست و سۆزەوە، زياتر لەوەی وەک بوونەوەرێکی خاوەن لۆژیک و بيركردنەوەی ئەقڵانی و ڕیالێتی ڕەفتار بنوێنێت.
٢- سیفەتی چوونە پاڵ گرووپ:- تاک لە دۆخی جەماوەريدا، بەتایبەتی لەنێو جەماوەری گەورەدا دەتوێتەوە و هەستی بەرپرسیارێتی کەسیی خۆی لەدەست دەدات، بەوپێیەی لێرەدا تاکەکان زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری دەورووبەریان و لە ھەڵسوكەوت کردن جیاوازتر دەردەکەون.
٣- كاريگەری ھاندان:- لەدیدی نووسەر؛ جەماوەر دەکەوێته ژێر کاریگەری ھەر کەسێک کە سەرکردايەتی دەکات. ئینجا ئەم سەرکردەیە کاسێکی کاریزماتیک بێت یان هاندەر، چونکە سەرکردە دەتوانێت بە ئاسانی هانی جەماوەر بدات وڕێنموونی بكات لە ڕێگەی کاریگەریی خستنە سەر ھەستەکانيان.
٤- سادەیی بیرۆکەکان:- سرووشتی بەکۆمەڵی تاکەکان لەنێو چوارچێوەی جەماوەریدا بەجۆرێکە، ھەميشە بە لای بیرۆکە سادەکان و دروشمی رووندا دەگەڕێن و ئامادەییان تێدایە بە ئاسانی بیرۆکەکان قبووڵ بکەن.
٥- نەمانی لۆژیک:- زۆرجار جەماوەر بە پاڵنەرێکی نالۆژیکی دەجووڵێت، ئەو هەڵوێست و بیرۆکانه دەگرێتبەر کە ڕەنگە لەگەڵ ئەقڵ و لۆژیکدا نەسازێت، بەڵام دەکرێت لەگەڵ حەماسەتی بەکۆمەڵدا یەکبگرێتەوە.
٦- توانای كاريگەریی نواندن و كاريگەربوون:- جەماوەر دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو تاکانەی کە خۆیان بەشدارن و بەشێکن لە پێکهێنانی گرووپە جەماوەریەکەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک بە شێوەیەک ڕەفتار بكات، جیاوزتر لەو ڕەفتارەی کە لەبارودۆخی ئاساييدا نیشانی دەدات.
٧- تووندهاژۆیی:- زۆربەی جار نیازی وەرگرتنی بیرو بۆچوونی تووندهاژۆیی و ئەنجامدانی کردارگەلێکی نائاسایی ئەگەرێکی تەواو کراوەیە لەبەردەم جەماوەردا.
٨- توانای قوربانیدان:- جەماوەرلەکاتی پێویستیدا لەتوانایدا هەیە خۆی بكاته قوربانی بۆپرسێک یان دۆزێکی دیاریکراو.
٩-گرفتی دەروونی:- بیرکردنەوەکان و هەستەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە بە خێراییەکی بەرچاو لەنێو ئاپۆرای جەماوەریدا بڵاودەبێتەوە و تەشەنە دەکات، چەشنی نەخۆشییەکی دەروونی گواستراوە، سەرەنجام وادەکات ڕەفتارەكاني جەماوەر ئاسایی نەبێت.
١٠- سرووشدان یان ئیلهام بەخشین(الأيحاء):- جەماوەر زیاتر ئامادەیە بۆ سروشدان بە تاکەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەبێ لێکۆڵینەوە بیرۆکە و ڕەفتارگەلی جۆراوجۆر بنوێنێت.
“سێیەم؛ گرنگی جەماوەر دەکات لە ڕەوتی مێژوودا”
لەمیانەی ئەم کتێبەیدا؛ لۆبۆن باس لەوە دەکات کە چۆن جەماوەر کاریگەری لەسەر ڕەوتی مێژوو ھەبووه، لە ڕێگەی شۆڕش و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە، لۆبۆن پێی وابوو ڕەنگە زۆربەی کات جەماوەر نا ڕێکخراو و ناجێگير دەرکەوێت، بەڵام خاوەنی هێزێکی گەورەیە، کە توانای گۆڕینی ڕووداوە مێژووییەکانی هەیە. بە بڕوای لۆبۆن جەماوەر پاڵنەری سەرەکی بووە، بۆ زۆرێک لە شۆڕشە گەورەکانی وەک شۆڕشی فەرەنسا، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاریگەری جەماوەر لەسەر گۆڕینی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا زۆربەی جار وێرانکەرە، بەڵام هەندێ جار بۆ نوێکردنەوەی سیستەمەکە پێویستە، بۆ ڕوونكردنەوەی ئەم کاريگەرییەش شۆڕشی فەڕەنسا و لێکەوتەکانی بە نموونە دەهێنێتەوە.
شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩ز) لە دیدی لۆبۆن، نموونەیەکی دياری نیشانداوە لەسەرھێزی جەماوەرو کاریگەریی لەسەر گۆڕانی ڕەوتی مێژوودا. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە لەم شۆڕەشەدا، جەماوەر بە ئەقڵانییەت ھەڵسوكەوتی نەدەکرد، یان هزری لۆژیکی پاڵنەر نەبووە بۆ جەماوەر، بەڵکو ھەست و سۆز پاڵنەری سەرەکی بووە، لەگەڵ ئەمەشدا، باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو جەماوەرە کە لە پاریس کۆبووەتەوە، دەستی کرد بە کاریگەری دروستكرد لە ڕێگەی دروشم و کەسایەتییە بەهێزەکان، بە نموونە کەسانی وەک “ڕۆبسپێر و دانتۆن”، هەروەها ئامادەیی جەماوەر بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تووندوتیژ و وێرانکەر، کە لە ڕووی ئەقڵانییەوە ڕەوا نەبوو، لەم نموونەیەدا کاریگەریی ئەو “ئەقڵی جەماوەرییە” کە لۆبۆن باسی لێوە دەکات بە ئاشکرا دیارە، بەو پێیەی تاکەکان کە پێشتر لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئاسایی و ئارام دەرکەوتبوون، توانیان کردەوەی تووندوتیژی و خوێناوی ئەنجام بدەن، وەک هێرشکردنە سەر باستیل یان لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بە بەکارهێنانی گیلۆتین.
“چوارەم؛ ڕەخنەكان”
بیرۆکەکانی گۆستاف لۆبۆن لە كتێبی “سایکۆلۆژيای جەماوەر” دا لەلایەن بیرمەندان و زانایانی بواری دەروونناسی و کۆمەڵناسیەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە لە دیارترینی ڕەخنەگرەکان:-
1. سیگمۆند فرۆید – Sigmund Freud: هەرچەندە فرۆید لەژێر کاریگەری بیرۆکەکانی لۆبۆن بووە، بەڵام لە کتێبی “دەرونشیکاری جەماوەرو شیکردنەوەی ئیگۆ” دا ڕەخنەیەکی خستەڕوو؛ کە پێ وايه لە شیکردنەوەکانیدا سەبارەت بە هەستی جەماوەریی، لۆبۆن بەقووڵی ڕەچاوی لایەنی دەرونی وکەسێتی تاكەکانی نەکردووه.
2. ئیمێڵ دۆرکهایم – Émile Durkheim: دۆرکهایم ڕەخنەی لە لۆبۆن گرت لە کتێبەکەی خۆيدا بە ناونیشانی “پەروەردە و زانستی کۆمەڵناسی”، کە شیکاری زانستی و سیستەماتیکی پێویستی پێشکەش نەکردووە، بەو پێیەی لۆبۆن تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییە نەرێنییەکانی جەماوەر بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە بکات کە، کاریگەرییان لەسەر ڕەفتارەکانی جەماوەر هەیە. “دورکهایم” پێی وابوو کە تێگەێشتن لە ڕەفتاری جەماوەردەبێ لە ڕێگەی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەوە بێت، کە ئاپۆرا تێیدا سەرهەڵدەدات، نەک تەنها لە ڕێگەی هەست یان پاڵنەرە تاکەکەسییەکانەوە، وە لۆبۆن ئەو ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە قووڵانەی پشتگوێ خستووە کە کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕەفتاری جەماوەر.
3. ویلیام ماکدۆگال – William MacDougall: لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی “ئەقلی گرووپ: نەخشەیەک بۆ پرەنسیپەکانی دەرونناسی کۆمەڵ و هەندێک لەهەوڵدانەکان بۆ جێبەجێکردنیان بەسەر ڕاڤەی ژیان و کەسایەتییە نیشتمانییەکان-١٩٢٠”، کە لە ساڵی ١٩٧٣دا دووبارە لەچاپدراوەتەوە. لەم کتێبەدا ماکدۆگال ڕەخنەی لە گۆستاڤ لۆبۆن گرتووە، باس لە تیۆرییەکانی لۆبۆن دەکات سەبارەت بە سایکۆلۆژيای جەماوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لۆبۆن زۆر سەرنجی لەسەر ھەست و سۆز و لایەنی نا ئەقڵانی جەماوەر بووه، بە پشتگوێخستنی ڕەهەندی کەسێتی و ئەو غەریزانەی کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری تاکەکان ھەیە لەناو گروپەکاندا. ماکدۆگال پێی وایە ڕەفتاری بەکۆمەڵ لە ژێر کاریگەری هەندێک غەریزە و ئامانجدایە، نەک تەنها لە ژێر کاریگەری هەستی بەکۆمەڵی ناعەقڵانیدا وەک ئەوەی لۆبۆن وێنای دەکات.
4. هاڕۆڵد لاسوێڵ – Harold Lasswell: هارۆڵد لاسوێڵ لە کتێبی “تەکنیکی پڕوپاگەندە لە جەنگی جیهانیدا – Propaganda Technique in the World War”، کە لە ساڵی ١٩٢٧دا بڵاوکرایەوە، ڕەخنەی لە بیرۆکەکانی گۆستاڤ لۆبۆن گرت، لەم کتێبەدا، لاسوێڵ باس لە چۆنیەتی بەکارهێنانی پڕووپاگەندە دەکات لە جەنگی یەکەمی جیهانی، ھەروەها پێی وايه بیرۆکەکانی لۆبۆن کۆنە و پێشھاتەکانی ئەم دواييەی دەروونناسی و کۆمەڵناسی لەبەرچاو نەگرتووه، سەبارەت بە تێگەیشتن لە كاريگەری مێديا و پڕۆپاگەنده لەسەر ھەڵسوکەوتەکانی جەماوەردا.
5. ڕەخنەگرانی هاوچەرخ: زۆرێک لە زانایانی هاوچەرخ دەڵێن شیکاریی لۆبۆن بۆ جەماوەر زانستی نییە، لەم سۆنگەیەی کە زۆر پشت بە تێبینیە کەسییەکان و گریمانە گشتییەکان دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە کە بەکارهێنانی لە چوارچێوەی مۆدێرندا ئاڵۆز و سنووردار بێت.
لە کۆتاييدا دەتوانين بڵێین کە كتێبی “سايكۆلۆژيای جەماوەر” کاریگەری لەسەر سەرکردە سیاسییەکانی سەدەی بیستەمی وەک ئەدۆلف هیتلەر و بێنیتۆ مۆسۆلینی هەبووە، چونکە بیرۆکەکانی لۆبۆن سەبارەت بە سايكۆلۆژيای جەماوەر بەکارهێنرا بۆ ئاڕاستەکردن و کۆکردنەوەی جەماوەر لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان. هەروەها بیرۆکەکانی کاریگەرییان لەسەر تیۆرییەکانی پڕوپاگەندە و مێدیا هەبوو، بوونەتە بەشێک لە بنەماکانی تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی جەماوەر لە دەرونناسی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، بەجۆرێک دەتوانین بڵێین تا ئەمڕۆش ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و بە یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکان دادەنرێت کە باس لە سروشتی جەماوەر و کاریگەرییەکەی دەکات لەسەر مێژوو و سیاسەتکردن.