زنجیرە فیلمەکان لە ئەمریکا و نمونەی چەند دیمەنێکی فیلمی (Redacted) کە لە ساڵی (۲۰۰۷) لە وڵاتی ئوردن وێنەگیراوە. سینەماکان لە ئەمریکا بە کۆنتڕۆڵکردنی چەند کۆمپانیایەکی گەورەی قۆرخکار لە سینەماکانی دونیا جیادەکرێتەوە، ڕەنگە ژمارەی سینەماکان لە ئەمریکا بگاتە هەزاران هۆڵی سینەما، بەڵام دواجار لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن کە پەیوەندییان بە ستۆدیۆ گەورەکانی بەرهەمهێنانی فیلم لە هۆڵیوودەوە هەیە یان بە بلۆکە داراییەکانی دیکەوە، هۆڵەکانی سینەما لە ئەمریکا لە شێوەی خواردنگە خێراکان دەچن کە لقەکانیان لە هەموو شارەکانی ئەمریکا هەیە، تا دێت شارەکانی جیهان خەریکە ببنە کۆپی بەکاربەری یەکتر.
هەندێک کۆمپانیای زنجیرە سینەما دەبینین کە لەسەر ئاستی جیهانی یان ئەمریکی یان بۆت دەردەکەوت کە چەند وڵاتێکی دراوسێی جڵەوکردووە، تا حوزەیرانی ساڵی (۲۰۱۰) ڕیزبەندی کۆمپانیاکانی سینەما ئەمریکییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی نیشتیمانی خاوەن شانۆکان:-
۱. کۆمپانیای (Regal Entertainment Group).
خاوەنی (٦٤۲۳) شاشە لە (٥۲۹) هۆڵی سینەما لە (٤۱) ویلایەتی ئەمریکا، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی (۲۰۱۰) بەرزبوویەوە بۆ (٦۷۷٥) شاشە لە (٥٤۸) هۆڵی سینەما لە (۳۹) ویلایەتی ئەمریکا و داهاتەکەی لە ساڵی (۲۰۰۸)دا گەیشتە (۲٫۳) ملیار دۆلار. لە ساڵی (۲۰۰۲) لەلایەن ملیاردێرێکی نەوتی کۆماریخواز دامەزرا، کە پەیوەندی تەکەتولی مەسیحییە کۆنەپارێزەکانەوە هەیە لە ئەمریکا بەناوی “فلیپ ئەنشتز”، کاتێک دەیان سینەمای زەبەلاحی هەڵگرتەوە کە خاوەنەکانیان دوای دروستکردنیان لە ساڵانی نەوەدەکاندا مایەپوچ بوون، کۆمپانیای ناوبراو لەژێر ناوی سێ براندی بازرگانیدا کاردەکات ئەوانیش (Regal Cinemas) و (Edwards Theaters) و (United Artists Theaters). دووانەکەی کۆتایی زۆر کۆنن و لە سێیەکی سەدەی بیستدا دامەزراون و بەنۆرە سینەما بچوکەکانیان قوتدا، هەتا ئەوەی بەیەکجاری ساڵی (۲۰۰۲)دا (فلیپ ئەنشتز) قوتیدان، لێ (Regal Cinemas) لە ساڵی (۱۹۸۹) دامەزرا و زۆر خێرا فراون بوو و لقی زۆری لێبووەوە، هەتا (فلیپ ئەنشتز) هەموو لیقەکانیشی هەڵگرتەوه، جگەلە لەم سێ کۆمپانیایە چەندین کۆمپانیای سینەما هەن کە لەلایەن ناوبراواوە جڵەوکران و تەنانەت ناویشیان نەماوە.
۲. کۆمپانیای (AMC).
دووەم گەورەترین کۆمپانیای سینەمایە لە ئەمریکا لە ساڵی (۲۰۰۷)، خاوەنی (٤٤۳۷) شاشە لە (۳۰٤) هۆڵی سینەما، لە ساڵی (۲۰۱۰)دا ئەم ڕێژەیە بەرزبوویەوە بۆ (٥۳۳٦) شاشە لە (۳۷٨) هۆڵی سینەمادا، لە ساڵی (۲۰۰۷)دا داهاتەکەی گەیشتە (۲٫٥) ملیار دۆلار و ژمارەی کارمەندەکانیشی لە هەمان ساڵدا گەیشتە (۲۱) هەزار کارمەند. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی (۱۹۲۰) دامەزراوە و یەکێکە لە سێ کۆمپانیا گەورەکانی پەخشی فیلم کە لەنێوان ساڵانی (۲۰۰۱ – ۲۰۰۲) مایەپوچ نەبوو بەڵکو لە ساڵی (۲۰۰۲)دا مایەپوچ بوو بەهۆی بەرفراوانی پشکەکانی. لە ساڵی (۲۰۰٤)دا گەورەترین دامەزراوەی دارایی لە ئەمریکا بە ناوی (JP Morgan Chase) لە ڕێگای یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەربەخۆیەوە کۆنترۆڵی سینەماکانی (AMC) گرتە دەست. لە ساڵی (۲۰۰٦) کۆمپانیای (AMC) کۆنترۆڵی سینەماکانی (Loews) گرتە دەست، هەردوو کۆمپانیای (AMC) و (Regal Cinemas) خاوەنی ژمارەیەکی زۆر هۆڵی سینەمان لە کەنەداش.
۳. کۆمپانیای (Cinemark).
سێیەم گەورەترین کۆمپانیای سینەمایە لە ئەمریکا لە ساڵی (۲۰۰۷)، لە هەمان ساڵدا خاوەنی (۳٦٥٤) شاشە لە (۲۸۷) هۆڵی سینەما بوو، لە ساڵی (۲۰۱۰)دا ڕێژەکەی بەرزبووەوە بۆ (۳۸۲٥) لە (۲۹۳) هۆڵی سینەما، یەکێکە لەو سێ کۆمپانیا گەورەیەی سینەما کە لەنێوان ساڵانی (۲۰۰۱ – ۲۰۰۲) مایەپوچ نەبوو. کۆمپانیای (Cinemark) بە (۲٥) شاشە بەناوبانگە، لە ساڵی (۲۰۰٦) کۆمپانیای (Cinemark) لەلایەن سینەماکانی (Century)ەوە هەڵگیرایەوە(کڕدرا)، ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمپانیای ناوبراو لەسەر ئاستی جیهانی بەرفراوان دەبێت نەوەک لەنێوخۆی ئەمریکا چونکە پێدەچێت نەتوانێت ڕکابەری هەردوو کۆمپانیای (AMC) و (Regal Cinemas) بکات لەنێوخۆی ئەمریکا .
٤. کۆمپانیای (Carmike).
چوارەم گەورەترین کۆمپانیای سینەما بوو لە ئەمریکا ساڵی (۲۰۰۷)، خاوەنی (۲۳۹۹) شاشە لە (۲۷٦) هۆڵی سینەما، لە ساڵی (۲۰۱۰) ئەم ڕێژەیە دابەزی بۆ (۲۲٦۸) شاشە لە (۲٤۲) هۆڵی سینەما، واتە پشکی شاشەکانی لەنێوان ساڵانی (۲۰۰۷ – ۲۰۱۰) بەڕێژەیەکی کەم دابەزیوە. ئەم کۆمپانیایە خاوەنی (٤٥۰) هۆڵی سینەما بوو بەڵام دوای مایەپوچ بوونی لە ساڵی (۲۰۰۰)دا خۆی ڕێکخستەوە و زۆرێک لە هۆڵەکانی داخست. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ۱۹۸۲) دامەزراوە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئێستای (مایکڵ پاتریک) و باوکی، جڵەوی کۆمپانیای (Martin Theaters)یان گرتە دەست.
٥. کۆمپانیای (Rave Motion Pictures).
لە ساڵی (۲۰۱۰)دا خاوەنی (۹۳٦) شاشە لە (٦۲) هۆڵی سینەما بوو، تاڕادەیەک تازە هاتەوەتە بازاڕەوە، تا ساڵی (۲۰۰۷) کۆمپانیای (Nationl Amusements) پێنجەم گەورەترین کۆمپانیای سینەما بوو لە ئەمریکا کە خاوەنی (۱٥۰۰) شاشە بوو، هەروەها لقێکی زۆری لە دەرەوەی ئەمریکا بە تایبەت لە ئەمریکای باشوور و ڕوسیا و بەریتانیا هەبوو، لێ ساڵی (۲۰۱۰)دا بۆ نۆیەمین گەورەترین کۆمپانیا لە بازاڕدا دابەزی، واتە بە کەمتر لە سێ ساڵ دابەزی بۆ (٤٥۰) شاشە لە (۳٤) هۆڵی سینەمادا. کۆمپانیای ناوبراو لەنێوان ساڵانی (۲۰۰۹ – ۲۰۱۰)دا (۳٥) هۆڵی سینەمای لە کۆمپانیای (Nationl Amusements) کڕییەوە. کۆمپانیای (Nationl Amusements) لە ساڵی (۱۹۳٦) دامەزراوە، یەکێک بوو لە سێ کۆمپانیا گەورەکانی سینەما لەسەرەتای هەزارەی سێیەمدا مایەپوچ نەبوو، بنەماڵەی (Sumner) جوو خاوەندارێتی دەکات، هەروەها پەیوەندی بە تۆڕێکی گەورەی گۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن و ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم و نافیلم(شتەکانی دیکەی جگەلە فیلمسازی)ەوە هەیە کە هەمدیس لەلایەن ئەم بنەماڵەیەوە بەڕێوەدەبرێت لەوانە تۆڕی تەلەفزیۆنی (CBS)ی ئەمریکی و کۆمپانیای فیلمسازی (Viacom) و کۆمپانیای فیلمسازی (Paramount)، کۆمپانیای (Nationl Amusements) زیاتر لەوانی دی ڕادەی پەیوەندی نێوان کۆمپانیا گەورەکانی سینەما بە کۆمپانیا داراییە میدیاییەکان و ئەجێندا سیاسی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان ئاشکرا بکات.
دوای ئەوە چەند کۆمپانیایەکی بچوکی سینەمایی دەبینینەوە کە جڵەوی پەخشی فیلمەکان دەکەن لە بەشێک لە ویلایەتێکی گەورەدا، یان چەند ویلایەتێکی تەنیشت یەکتر، بۆنمونە لە ساڵی (۲۰۰۷) کۆمپانیای (Kerasotes) شەشەم گەورەترین کۆمپانیای سینەما بوو لە ئەمریکا، لەو ساڵەدا خاوەنی (۸٥۳) شاشە لە (۹٥) هۆڵی سینەما بوو کە زۆربەیان لە ویلایەتی ناوەندی وەک (ئیلینوی، ئیندیانا و ئۆهایۆ، … هتد) بوو، بەڵام کۆمپانیای (AMC) کە دووەم کۆمپانیای ئەمریکایە – وەک لەسەرەوە باسمان کرد – لەنێوان ساڵانی (۲۰۰۹ – ۲۰۱۰) جڵەوی زۆرینەی هۆڵەکانی سینەمای کرد، بۆیە بوو بە کۆمپانیایەکی زۆر بچوکتر، لە پلەی شەشەمدا هۆڵەکانی کۆمپانیای (Marcus) جێگای گرتەوە کە خاوەنی (۷۰۰) شاشە لە پتر لە پەنجا هۆڵی سینەمایە کە زۆربەیان لە ویلایەتەکانی باکوری ناوەڕاستی ئەمریکان. کۆمپانیایەکی نمایشی فیلم وەک کۆمپانیای (Clearview) کە لە ساڵی (۲۰۰۷)دا خاوەنی (٥٤) هۆڵی سینەما بوو بۆ نمایشکردنی فیلم لە (۲٦٦) شاشەدا کە زۆرینەیان لە شارێکی گەورەی جیهانی وەک نیویۆڕک و دەوروبەرین، لە ساڵی (۲۰۱۰)دا ئەم ژمارەی دابەزی (۲٥۳) شاشە لە (٤۷) هۆڵی سینەمادا. سەبارەت بە کەنەدا سینەماکانی گشت ویلایەتە کەنەدییەکان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێوەدەبرێن کە یەکێکیان کۆمپانیای (Cineplex)ە .
لەو ئامارانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد بە بەراوردکردنی ئامارەکانی نیوان ساڵی (۲۰۰۷ – ۲۰۱۰) تێبینی ئەوە دەکرێت کە سێ کۆمپانیا گەورەکە پێگەی خۆیان بەهێزتر کردووە، لەکاتێکدا پشکی چوارەم کۆمپانیا – کەمێک – دابەزیوە و پێنجەم – زۆر – دابەزیوە و شەشەم – زیاتر – کە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی تەرکیزی مۆنۆپۆڵکردنەکان لە کەرتی پیشەسازی سینەمادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بێگومان ئەم کۆمپانیا گەورانە جڵەوی فیلمەکانیان کردووە بەوەی چ فیلمێک پیشان بدرێت و چ فیلمێکیش پیشان نەدرێت، ئەم پڕۆسەیەش لە مەودایەکی درێژخایەندا سەلیقەی بینەر(بەو چەشنەی بیانەوێت) بەرهەمدەهێنن و لە قاڵب دەدەن کە کاریگەری لەسەر سەلیقەی سیاسییان هەیە. هەڵبەتە ئەمە بەواتای غیابی کۆمپانیا بچوکەکان نییە، چونکە ڕەنگە سینەمایەکی تاک شاشەیی ببینین کە لە شارۆچکەیەکی کشتوکاڵی دووردا بنەماڵەیەکی بەڕێوەی ببات، بەڵام خاوەندارێتی بچوک فۆڕمی سەرەکی خاوەندارێتی سینەماکان نییە، تەنانەت دیاردەیەکی باویش نییە، ڕەنگە کۆمپانیاگەلێکی بچوکی نمایشی فیلم هەبێت بەڵام ئەمانە کەمترین بازاڕی گرنگ و قازانجدار داگیردەکەن، چارەنووسی ئەم کۆمپانیا بچوکانەش ئەوەیە یان فراوانتر بن و پێگەیان بەهێزتر بکەن یان لە دواجاردا بەگوێرەی یاسای جەنگەڵی سەرمایەداری لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە قوت دەدەرێن وەک لە سەرەوه ئاماژەمان پێکردووە. بۆنمونە ئەگەر کەسێک بە نیازپاکی بچێتە نێو گۆڕەپانەوە ئەوا ناچارە بەپێی یاساکانی ئەم گۆڕەپانە گەمەی خۆی بکات، لەبەرئەوە بابەتەکە پەیوەندی نییە بە نیازپاکی یان بەدنیازی بەڵکو بابەتەکە پەیوەستە بە بەرژەوەندی و ئەجێندای بلۆکە دارایی و میدیاییە گەورەکانەوە.
مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەگەر ئەو فیلمانە لەڕووی سیاسی یان ئایدیۆلۆژییەوە لە هێڵی گشتی هۆڵیوود لابدەن، بتوانن خۆیان لە ستۆدیۆ گەورەکانی بەرهەمێنانی فیلم لە هۆڵیوود کە لەلایەن هەمان بلۆکی میدیاییو داراییەوە کۆنترۆڵ دەکرێن بدزنەوە ئەگەر بەناو نەبێت ئەوا لانیکەم لەبەرئەوەی ئەوان “کۆمپانیا بچوکەکانی بەرهەمهێنانی فیلم” هەمان ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژی و بەرژەوەندی سیاسیان هەیە ئەوا ئەو فیلمانە چانسی نمایشکردنیان لە زۆرینەی سینەماکانی ئەمریکا نابێت. بۆنمونە فیلمی (Redacted) کە ساڵی (۲۰۰۷) لەلایەن دەرهێنەر ناوداری ئەمریکی (برایان دی پاڵما – Brian De Palma) دەرهێنانی بۆکراوە و هەر لەو ساڵەدا لە فیستیڤاڵی ڤینیسی سینەمایی خەڵاتی شێری زیوینی بردەوە، ئەم کە لە ئوردن وێنەگیراوە لە سینەمای ئەمریکادا خنکاندیان و داهاتەکەی بە زەحمەت چارەکە ملیۆن دۆلارێکی تێپەڕاند، هەرچەندە بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەم فیلمە زۆر کەم بوو – بەپێی پێوەرەکانی هۆڵیوود – کە پێنج ملیۆن دۆلاری تێچوو.
هۆیەکەی ئەوەیە کە فیلمی (Redacted – پێداچوونەوە)، باس لە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر “عەبیر قاسم جەنابی” دەکات لە “مەحمودییە” و تیرۆرکردنی خانەوادەکەی لەلایەن ئەندامانی سوپای ئەمریکاوە لە ساڵی (۲۰۰٦)،فیلمەکە بەبێ پێنەکردنی بابەتەکە بابەتەکەی وەک خۆی نمایشکرد، هەڵبەتە فیلمەکە سەرانی خاوەن بلۆکە دارایی و میدیاییە گەورەکانی ئەمریکای دڵخۆش نەکرد، لەبەرئەوە فیلمەکە تەنها لە زنجیرە هۆڵە سینەما بچوک و لاوەکییەکاندا لە ساڵی (۲۰۰۷) نمایشکرا ئەویش زنجیرە هۆڵەکانی سینەماییەکانی (Landmark Theatres) کە پێکهاتبوو لە (٥۸) هۆڵی سینەما کە (۲۰۹) شاشە(پەردە)ی تێدایە، ئەم زنجیرە هۆڵە سینەماییە تایبەتە بە نمایشکردنی فیلمە بیانییە سەربەخۆکان کە هەرخودی بەرهەمهێنەری فیلمی (Redacted) کە ناوی (Mark Cuban)ە خاوەندارێتی دەکات. ئەم فیلمە ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی توندی بایکۆتکردن بوویەوە و لایەنگرانی جەنگی ئێراق و هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لەبەردەم ئەو چەند هۆڵەدا وەستان کە فیلمی (Redacted) تێدا نماشدەکرا و دواتر ماڵپەڕێکی تایبەتییان بۆ ڕێکخستنی بایکۆتی فیلمەکە دامەزراند بەناوی http://www.boycottredacted.com، “مارک کوبان”یان بە تۆمەتی دوژمنەکانی دەرەوی ئەمریکا دەوروژێنێت و هاندەری ئۆپەراسیۆنە دژی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا.
پێدەچێت “مارک کوبان” ملکەچی فشارێکی ترسناک بووبێت، لەبەرئەوە لە هەندێک ماڵپەری ئینتەرنێتدا بڵاوکرایەوە کە ناوبراو بەڵێنی داوە فیلمەکە وەرنەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی و لەسەر ئاستی جیهانیشدا بڵاوی نەکاتەوە “نمایشی نەکات”، نەک هەر ئەوە بەڵکو بانگەشەی ئەوەیشی کردووە کە پێشنیاری کڕینەوەی مافی دابەشکردنی بۆ دەرهێنەر فیلمەکە کردووە بەڵام دەرهێنەر ڕەتی کردووەتەوە. لە شوێنێکی دیکەی ئەم کتێبەدا جارێکی دی دەگەرێینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم فیلمە، لێرەدا نمونەی ئەم فیلمە دەهێنینەوە، چونکە ئەم فیلمە هێڵە سوورەکانی بزوتنەوەی دژی جەنگی لە ئەمریکا بەزاند کە دروشمێکی هیچوپوچیان بەرزکردبوویەوە کە بریتیبوو لە “دژایەتی کردنی جەنگ و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا “، دەرهێنەر بەسادەیی نەفرەتی هێزی داگیرکەری ئەمریکای لە ئێراق ئاشکرا کرد، سەرەڕای ئەوەی کە دەرهێنەرێکی گەورەیە بەڵام سەری کێشا بە دیواری سەرمایەداریدا، زۆر بەدیاریکراویش بە دیواری دامەزراوەی هۆڵیوود دا.
نووسینی: د. ئیبراهیم عەلوش
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد