کۆمەڵناسی وەک زانستێکی فرە ڕەهەند، یەکێکە لەو زانستانەی لە ناوەندە ئەکادیمی و بوارە هەمەچەشنەکانی کۆمەڵگەکاندا گرنگی و بایەخی زۆری پێ دەدرێت، بە زانستی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەکان ناوزەد دەکرێت، چونکە لە ڕێگەی توێژینەوەوە و میتۆدەکانییەوە شەن و کەوی ژیانی کۆمەڵایەتی، دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، نۆرمەکان، قەیران و ئارێشەکان، پەیوەندییە مرۆییەکان، گرووپەکان، سیستەم و ئەرک و مافی تاک و کۆمەڵەکان دەکات. هەروەها لە ڕێگەی ئەم زانستەوە دەتوانین بگەین بە تێگەیشتن و هۆشیاریی و مەعریفە بۆ ڕاڤە و شیکاری هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆیی. چەندان لقی لێ دەبێتەوە، لەوانەش: سۆسیۆلۆژیای مەعریفە، سۆسیۆلۆژیای ئایین، سۆسیۆلۆژیای سیاسی، سۆسیۆلۆژیای جەنگ، سۆسیۆلۆژیای خێزان، سۆسیۆلۆژیای هونەر، سۆسیۆلۆژیای کولتوور، سۆسیۆلۆژیای وێژە….هتد. یەکێک لە گرنگترین لقەکانی ئەم زانستە سۆسیۆلۆژیای مەعریفەیە، کە پانتاییەکی بەرفراوانی لێکۆڵینەوەی هزر و کۆمەڵگە دەگرێتەوە.
بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئەقڵانی هەمیشە هەوڵی داوە پانتایی زانینی فراوان بکات، تاکوو بە مەعریفەی زیاتر بگات. مەعریفەش بریتییە لە کۆی ئەو بیروباوەڕ و دیدگا و زانیاری و بەها و مانایانەی لە کۆمەڵگەدا چێ دەبن و بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بۆیە. مەعریفە لە کۆمەڵگەوە بەرهەم دێت و ڕۆڵیشی لە بەرهەم هێنانەوەیدا هەیە، ئەویش لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی پەیوەندی نێوان فیکر و کەتواری کۆمەڵایەتییەوە، چونکە هزر و کەتوار یان مەعریفە و کۆمەڵگە دابڕوا لەیەکدی نین و لە کارلێکی بەردەوامدان و پەیوەندیەکی دوولایەنەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆیی هەیە. بەو پێیەی کەتوار هەمیشە لە جووڵە و بزاوتدایە و مەعریفەش بنەمای گشت هۆشیارییەکە و بە درێژایی قۆناغەکانی گۆڕانی ژیان لە هەموو سەردەم و شوێنەکاندا لە پەرەسەندندا بووە و ئەم ئاستە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیی و زانستییەی ئەمڕۆش بەرەنجامی ئەو پەرەسەندنەی هزری مرۆڤە. بیرمەندان و کۆمەڵناسانێکی زۆر پەرژاونەتەسەری کردوویانە بە چەندین جۆرەوە، “ماکس شیلەر” مەعریفە وەک واقیعێکی هەبوو و سەربەخۆ دادەنێت کە کاریگەریی لەسەر کەسان و کۆمەڵگەکان دەبێت و دەیکات بە سێ جۆرەوە کە بریتین لە: مەعریفەی زاڵ و کاریگەر کە کار دەکاتە سەر ژینگە، مەعریفەی ڕۆشنبیری کە کار دەکاتە سەر ئەندامانی کۆمەڵگە و مەعریفەی ڕزگارکەر ئەمیش مەعریفەیەکی ئیلاهییە کە مرۆڤ دەگەیەنێت بە ڕزگاربوون و بەختەوەری و حیکمەت. “ئۆگست کۆمتیش” مەعریفەی دابەشکردووە بۆ مەعریفەی لاهوتی، میتافیزیکی و وەزعی. لای دۆرکهایمیش چەشنەکانی مەعریفە بریتین لە مەعریفەی ئایینی و فەلسەفی و زانستی و جۆرج گۆرڤیجیش باس لە مەعریفەی درککردنی هەستی، زانستی، سیاسی و فەلسەفی دەکات.
هەرچەند خوێندەرواربوون دەروازەی مەعریفەداربوونە، بەڵام مەرجی بنەڕەتی نییە، چونکە مرۆڤ لە ڕیگەی هەستەکانیەوە بە تێبینیکردن، ئەزموونکردن، هەڵێنجانی ئەقڵی و لۆژیکی بە مەعریفە و هۆشیاری دەگات. دیارە کە بەرهەمهێنانی مەعریفە و ئایدیاکان لە بۆشاییدا دروست نابن، بەڵکوو لە کۆمەڵگە و لەژێرکاریگەریی کەتوارە کۆمەڵایەتییەکان و ژینگەی ژیاندا دروست دەبن. مەعریفە بەئاگامان دەهینێتەوە و خۆمانمان پێ دەناسێنێتەوە و دژی لە خۆنامۆبوون و خۆبەکەمزانی و ئەوانیتر بە گەورە زانینە و ڕێگری لە پاشڕەوی و پاشکۆیەتی دەکات. کۆمەڵناسیی مەعریفەش هەوڵدەدات بۆ دەرخستنی سەرچاوەی کۆمەڵایەتیی هزر و بیرۆکەکان و خستنەژێر لێکۆڵینەوەی ئەو پێشداوەری و چوارچێوە و بتەساختانەی کۆبیری خەڵکیان بەلاڕێدا بردووە، ئاڕاستەکردنی هزرینی تاکەکان بەرەو ڕاستەشەقام و ئەقڵانییەت و ئاگایی. هەروەها شیکار و شرۆڤەی چۆنییەتی و چییەتی دروستبوونی کەتواری کۆمەڵایەتی و چارەدۆزی و خستنەڕویی میتۆدی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەتەک پرسە جیاوازەکان بەپێی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکان دەکات.
کۆمەڵناسیی مەعریفە کە لقێکی سەرەکیی کۆمەڵناسی گشتییە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا وەک لقە زانستیكی گرینگ لە لایەن چەند بیرمەندێکی وەک “ئەمیل دۆرکهایم، کارل مانهایم، ماکس شیلەر و جۆرج گۆرڤیچ…هتد” ەوە ناسێنرا. کۆمەڵناسیی مەعریفە لە پەیوەندی نێوان هزری مرۆڤ و کاریگەریی ئایدیاکان لەسەر کۆمەڵگەکان و ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا سەرهەڵدەدات، دەکۆڵێتەوە. ئەم زانستە جەخت لە پەیوەندییە وەزیفییەکانی شێوازە جیاجیاکانی مەعریفە دەکات لە پەیوەست بە کۆمەڵگەوە. هەروەها لەو تایبەتمەندی و جیاوازییانە دەکۆڵێتەوە کە لەنێوان مەعریفە و کۆمەڵگە لە ژینگە جیاوازەکاندا هەیە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک مەعریفەیەکی تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها ئەم لقە زانستە مامەڵە لەگەڵ پرسیارە بنەڕەتییە فرە ڕەهەندەکاندا دەکات، چونکە پانتاییەکی بەرفراوانی توێژینەوە و شیکردنەوەی زانستیی پەیوەندی نێوان فکر و ژیانی مرۆیییە، کە لەکاتی شرۆڤە و شیکاری پرس و بابەت و دیاردەکاندا بێ لایەنە و هیچ لاگیرییەکی نییە.
کارل مانهایمیش لە کتێبەکەیدا بە ناوونیشانی توێژینەوەکانی کۆمەڵناسیی مەعریفە(١٩٥٢) بناغەیەکی تیۆری بۆ ئەم لقە زانستە داڕشت. مانهایم پێی وابوو پانتایی ئەم زانستە بریتییە لە کۆی هزری مرۆڤایەتی واتە کۆی ئەو سیستەمە هزریەی مرۆڤ بەخۆیەوە بینویەتی و بەدرێژایی مێژوو ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. بۆیە مەعریفەی چۆنیەتی و ناوەڕۆکی ئەو ئاڵوگۆڕانە بۆ ئێمە گرنگن، چونکە هەم دەمان خەنە سەر ڕێی ڕابردوومان و هەمیش بەرەو داهاتوو دەست گیرۆییمان دەکەن. جۆرج گۆر ڤیچیش دەبێژێت سۆسیۆلۆژیای مەعریفە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە وەزیفییەکانی نێوان مەعریفە و چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکان (کۆمەڵگە، خێزان، سیستەم، چین و توێژەکان و .هتد) ئەویش لە ئاستی ماکرۆ سۆسیۆلۆژی و میکرۆ سۆسیۆلۆژیدا بەپێی قەبارە و پانتایی ئەو یەکانەی لێی دەکۆڵنەوە و هەریەکەیان میتۆدی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە گۆرڤیج ئەرکی کۆمەڵناسیی مەعریفە لە توێژینەوە لەم خاڵانەدا چڕ دەکاتەوە:-
١-پەیوەندی نێوان ئاستە گۆڕاوەکانی جۆرەکانی مەعریفە و هەموو جۆرە بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان. ٢-ڕۆڵی مەعریفە و نوێنەرایەتی مەعریفە لە هەموو جۆرە کۆمەڵگەکاندا.٣-هەموو شێوازەکانی دەربڕین و گشتاندن و گەیاندنی مەعریفی. ئەوانەی کە پەیوەندییەکی وەزیفیان بە کردە هەرەوەزییەکانی وەرگران و نێرەرانەوە هەیە.٤- یەکخستنی مەیلە جیاوازەکان لە لایەک و لێکچووەکان لە لایەکی دیکەوە.
بە پێی کەتواری ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی پتر لە هەرکاتێک پێویستمان بە مەعریفە و خۆناسین و هۆشیارییە، بەوەی بپرسین چۆنین و چیمان دەوێت و چیبکەین؟ چۆن لە ڕێگەی کۆمەڵناسیی مەعریفەوە لە هزر و بەرهەم و پرۆسە هزرییەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی کوردیدا بکۆڵینەوە؟ بۆچی هۆشیاریی کۆمەڵگەی کوردی تاڕادەیەکی زۆر هۆشیارییەکی پشت ئەستوور بە مەعریفە نییە؟ بۆچی زۆربەی مەعریفەدارانی ئێمە لەبری پەردەهەڵماڵین و گوتنی نەگوتراوەکان و بەرهەمهێنانی مەعریفەیەکی بابەتی لەسەر واقیع کەتوونەتە ژێر کاریگەریی سایکۆلۆژیای جەماوەر و بەسەر ئایدۆلۆژیاکاندا دابەش بوون؟ چی بکەین تا بتوانین بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بەگشتی لەسەر بنەمای مەعریفی بێت؟ چۆن لە ڕێگەی مەعریفە و هۆشیارییەوە بیر و هزری تاکەکانی کۆمەڵگە ئاڕاستەبکەین و هەوڵ بدەین بۆ بەرەوباشتربردنی سیستەم و بنەما و پێکهاتە کولتوورییەکان، چونکە کولتوورێک لەسەر بنەمای مەعریفی نەبێت و هؤشیاری تێدا بالا دەست نەبێت بێگومان ڕێگە خۆشکەری سیستمێکی سیاسی خراپ و ئابوورییەکی خراپ و ژیانێکی خراپ دەبێت.
بۆچی مەعریفەدارانی ئێمە تا ئێستا پێکهاتە و فۆڕمە خێڵەکی و کۆن و ناپەسەندەکانیان هەڵنەتەکاندووە و فۆڕمێکی نوێی کولتوورییان دانەڕێژاوە؟ ئایا ڕۆشنبیرانی ئێمە ئەو مەعریفەیەی بەرهەمی دەهێنن شۆڕیان کردووەتەوە نێو کۆمەڵگا بۆ دروستکردنی هۆشیارییەکی ڕاستەقینە یاخود مەودایەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە؟ بۆچی ڕۆشنبیرانی ئێمە دوور لە ئایدۆلۆژیا و لاگیری نەیانتوانیووە بەپێی پێویست کۆمەڵگە لەو پاشەکشە کولتووریی و داڕمانە خەستەی ئێستا تێیکەوتووین گل بداتەوە و بەرەو کۆهۆشیارییەکی بەرز ئاڕاستەی بکات؟ چۆن بە زانستی ڕاڤە و شیکاریی دۆخی کۆمەڵگەی کوردی بکەین و ڕاستییەکان بخرێنەڕوو، بەجۆرێک کە هێز و ئیرادە و توانای خۆڕێکخستنەوە و هەستانەوەمان پێ ببەخشێت نەک لە خۆنامۆکردن و خۆبەکەمزانین و بە پەراوێز و پاشڕەوی ڕازیبوون؟ بۆچی وێڕای ئەو هەمووە توێژینەوە ئەکادیمییانەی لە زانکۆکانی کوردستاندا ئەنجام دراون و هەزاران نەخشەڕێگەی چاک و بەکەڵکیان تێدایە، نەمانتوانی لە تیۆرەوە بیان کەین بە پراکتیک و پڕۆژەی پێشڤەچونی کوردستانی لەسەر دابڕێژین و بکرێنە مەعریفەی گشتی و شۆڕبکرێنەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەی تاک و ڕەهەندە هەمەچەشنەکانی کۆمەڵگە؟
سەرچاوەکان:
-سۆسیۆلۆژیای مەعریفە،د.ڕەشاد میران.
-کۆمەڵناسیی مەعریفە، فرێدریک مەعتوف، و: ئارام ئەمین شوانی
-سیمبولەکانی هزری کۆمەڵناسیی هاوچەرخ، سەلاح ئەلفەوال،و: توانا فەرەیدون.
-سۆسیۆلۆژیای مەعریفە، عەلی وەردی، و:د.نەوزاد ئەحمەد.
-The new sosioloy of Knowledge, Ann Swidler and Jorge Arditi.
-Sosiology of Knowledge in times determined by knowledge, Mariusz baranowski