له دواى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى ئێراق له‌لايه‌ن بهريتانييهكانهوه، هێنانى “فه‌يسه‌ڵى يه‌كه‌م 1921تاوه‌كوو 1933” بۆ پادشايه‌تى ئێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ى دانيشتوانى ئه‌م ناوچه‌يه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌چه‌ندين نه‌ته‌وه‌ى جياواز و ئايين و مه‌زه‌بى جياواز پێكهاتبوو، به‌ريتانيا و كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لانيش به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ حسابێك بۆ خواست و ئاره‌زووى ئه‌م پێكهاته ناهۆمۆجينه (ناچوونييهكه) بكه‌ن، به‌زۆر و له ڕاپرسييهكى شكڵيدا بهيهكيانهوه لكاند و به‌رژه‌وه‌ندى وستراتيژييهتى به‌ريتانيا كه‌وته سه‌رووى هه‌موو بهرژهوهندييه نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييهكانهوه، هه‌ربۆيه نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌باشوورى كوردستان (كه ئه‌وكاته پێيان ده‌گوت ويلايه‌تى مووسڵ) خواست و ويستى سه‌ربه‌خۆيى هه‌بوو، له‌دواى كۆتايى هاتنى جه‌نگى يه‌كه‌مى جيهانى(1914_1918) هيواى به به‌نده‌كانى سيڤه‌ر و ئه‌و بانگه‌شانه هه‌بوو، كه وێلسن (سه‌رۆكى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا 1913_1921) له ميانهى (14)به‌نددا ڕايگه‌ياندبوو، باسى سه‌ربه‌خۆى و خواستى نه‌ته‌وه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى كردبوو، هه‌ربۆيه ده‌بينين له‌م ناوچه‌يه‌دا له نێوان ساڵانى (1919بۆ 1924) به‌سه‌ركردايه‌تى “شێخ مه‌حموود” به‌چه‌ندين قۆناغ و شێواز هه‌وڵيدا مافه‌كانى كورد به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تى تازه دروستكراوى ئێراق و سوپاى به‌ريتانيا كۆتاييان به‌م قۆناغه مێژووييه هێنا و هه‌وڵى له قاڵبدانى كوردييان له چوارچێوه‌ى ئێراقدا، هه‌رچه‌نده له‌دواى لكاندنى ويلايه‌تى مووسڵ و كۆتايى هاتنى ئه‌و كێشه‌يه‌ى له‌مێژووى نوێى كورد وئێراقدا به (كێشه‌ى ويلايه‌تى مووسڵ) به‌ناوبانگه، له پهيماننامهكانى نێوان به‌ريتانييه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێراق كه‌مێك له‌مافى ڕۆشنبيرى و جۆرێك له لامه‌ركه‌زييه‌تى ئيدارى بده‌ن به كورد، به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى ئێراق كه‌مێك به‌هێز بوو، ئه‌م جۆره مافانه‌ى پێشێل كرد، خۆشى نه‌بووه ده‌وڵه‌تێكى سهقامگيرو يه‌كگرتووى ديموكراتى، ئه‌گه‌ر سه‌يرى ڕووداوه‌كانى دواى دروستبوونى ئێراق بكه‌ين، به‌ته‌واوى ئه‌و ڕاستييهمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، هيچ په‌رله‌مان و كابينه‌يه‌كى وه‌زارى نه‌يتوانيوه خوله‌كه‌ى خۆى ته‌واو بكات، يان له‌كارخراوه ياخود خۆى له‌به‌ر بێ توانايى و كێشه هۆزايهتيى و سياسييه‌كانى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده ئينگليزه‌كان هه‌وڵياندا ئه‌م ده‌وڵه‌ته سهقامگيرببێت و بكه‌وێته سه‌رپێى خۆى و سه‌ربه‌خۆيى ته‌واوه‌تى به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام به‌هۆى ناجێگيرى بارى سياسى و هه‌ژموونى ئهقڵيهتى خێڵه‌كى سه‌ركرده ئێراقييهكان (نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بير بچێت، ئينگليزه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كه‌وتنه پشگيريكردن له خێڵه‌كان و بههێزكردنيان، ئه‌ويش به‌پێدانى ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنى كه‌سايه‌تييه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى ئه‌م خێڵ و هۆزانه بۆ په‌رله‌مان و پۆسته‌كانى ناو حكوومه‌ت)، ئه‌مه دواكه‌وت، تاوه‌كوو ساڵى 1930.
به‌ريتانيا ويستى ئێراق سه‌ربه‌خۆ بێت و په‌يماننامه‌ى ساڵى 1927ى نێوانيان ههمواربكاتهوه، به‌مه‌ش له (30 حوزه‌يرانى 1930) په‌يمانێك له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێراق و به‌ريتانييه‌كان به‌سترا، وه‌كوو ڕيگهخۆشكردنێك بۆ وه‌رگرتنى ئێراق له “كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان” له ساڵى 1932، هه‌روه‌ها كۆتايى هاتنى ماوه‌ى ئنتيدابى به‌ريتانيا له ئێراق، ئه‌م پهيماننامهيهش پێويستى به‌وه هه‌بوو كه په‌رله‌مانى نوێ هه‌ڵبژێردرێت و ده‌نگى له‌سه‌ر بدات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه حكومه‌تى ئێراق و به‌ريتانييه‌كان كه‌وتنه جموجۆڵ و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌مه‌ش پێويست بوو له شارى سلێمانيش هه‌لبژاردن بۆ نوێنه‌ران بكرێت، ئه‌وه‌بوو له (1/7) په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنرايه‌وه و له (10/7) ده‌ست به سازكردنى ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵبژاردنى نوێ كرا، به‌مه‌ش ڕۆژى (6/9/1930) دانرا بوو.
ئه‌مه و جگه‌له‌وه‌ى كه له (19ى تهمووز)دا ده‌قى پهيماننامهكه له ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوكرايه‌وه، هيچ مافێكى كورد له‌و پهيماننامهيهدا باس نه‌كرابوو، ئه‌مه وايكرد پياوماقوڵان و ناوداران و ڕۆشنبيرانى ئه‌وكاته‌ى شارى سلێمانى و ناوچه كوردنيشينهكانى تر نامه و برووسكه و مه‌زبه‌ته و سكاڵانامه و داوا‌و ناڕه‌زايى بنێرن بۆ سه‌رۆكوه‌زيرانى ئێراق و مهندووبى سامى به‌ريتانيا له ئێراق (فره‌نسيس ههمفرێز) و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا و كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان، بڕيارياندا ئه‌گه‌ر مافه‌كانى كوردى تێدا نه‌بێت به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن، به‌ڵام حكومه‌تى ئێراق و به‌ريتانيا له جياتى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خواسته‌كانى نه‌ته‌وه‌يى كورد، “تۆفيق وه‌هبى به‌گ”ى موتهسهريفى سلێمانيان لابرد، چونكه حكومه‌تى ئێراق پێى وابوو “تۆفيق وه‌هبى” يه‌كێكه له هانده‌رانى جموجۆڵى سياسى سلێمانى، و موفهتيشێكى كارگێڕى واته سه‌رپه‌رشتيارێكى به‌ريتانى به‌ناوى (گاون) له شوێنى موتهصهريف دانرا، له (9/8) جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌رى وه‌زيرى به‌رگرى له‌گه‌ڵ جه‌ميل مه‌دفه‌عى وه‌زيرى ناوخۆ و جه‌مال بابانى وه‌زيرى داد و مێجه‌ر يانگ بريكارى مه‌ندوبى سامى به‌ريتانيا هاتنه سلێمانى و چوومه سه‌را و له هه‌يوانى سه‌راى سلێمانى و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى نوخبه‌ى شار كۆبوونه‌وه و ده‌ستيانكرد به قسه‌كردن و به‌ڵێندان به جێبه‌جێكردنى داخوازييه‌كانى كورد، به‌ڵام له ناوجه‌رگه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌وه ده‌نگى ناڕه‌زايه‌تى به‌رانبه‌ر به‌و قسانه به‌رزبووه‌وه و كۆبوونه‌وه‌كه كۆتايى هات.
ئه‌وه‌بوو ڕۆژى (4/9) ده‌سته‌ى نيشتمانيى كه‌له خه‌ڵكانى نوخبه‌ى شار پێكهاتبوو له‌ماڵى “عه‌زمى به‌گى بابان” كۆبوونه‌وه و بڕيارياندا به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن. له ڕۆژى (5/9/1930) ده‌سته‌ى تهفتيشى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌را كۆبوونه‌وه و بڕيارياندا (6/9) هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌دا له جياتى هه‌ڵبژاردن بووبه خۆپيشاندان و ڕێپێوان و دواجار سه‌رى كێشا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان خه‌ڵك و سوپا و پۆليس، ئه‌و ڕۆژه به گوێره‌ى سه‌رچاوه مێژووييه‌كان (32)كه‌س كوژراون و زياتر له (100)كه‌سيش بريندار هه‌بوو، دوابه‌دواى ڕووداوه‌كه‌ش نزيكه‌ى (400)كه‌سى ناسراوى شار دهستگيرو زيندانى كران.له كوژراوانى ئه‌و ڕۆژه ئه‌مانه تۆماركراون: “عهولهسيس، عزهى پينهچى، عه‌لى سيوجگهر فرۆش، عه‌زيزى كوتاندروو، حه‌مه چاوشين، و چه‌ند كه‌سێكى تر”. له گيراوه‌كانى ئه‌و ڕۆژه: “عه‌زمى به‌گى بابان، شێخ قادرى شێخ سه‌عيد، ئه‌وڕه‌حمان ئاغاى ئه‌حمه‌د پاشا، حه‌مه ساڵح به‌گى حه‌مه عه‌لى به‌گ، حه‌مه ئاغاى ئه‌وڕه‌حمان ئاغا، عيزه‌ت به‌گى وه‌سمان پاشا، فايه‌ق به‌گ، شێخ محه‌مه‌دى گوڵانى، مه‌جيد ئه‌فه‌ندى كانێسكان، ڕه‌مزى فه‌تاح و تۆفيق قه‌زاز”.
يه‌كێك له سيما دياره‌كانى ئه‌م ڕووداوه سياسييه، كه ڕێڕه‌وى تێكۆشانى كوردى بۆ داخوازييه نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له خه‌باتى چه‌كداره‌وه بۆ خه‌باتى شار‌و به‌شدارى سه‌رجه‌م چين و توێژه‌كان گۆڕى، گرنگى خه‌باتى شار‌و ناڕه‌زايه‌تييه جه‌ماوه‌رييه‌كانى به‌شێوه‌ى كولتوورى ناتووندوتيژى ده‌رخست، هه‌رچه‌نده وه‌ڵامى حكومه‌ت تووندوتيژ بوو، هه‌روه‌ها ڕۆڵى ئه‌و ڕێكخراوه و ڕۆژنامانهشى له‌و كاته‌دا ده‌رخست، كه هاندهرو پشتيوانى ناڕه‌زايه‌تييه‌كان بوون، وه‌ك مه‌دره‌سه‌ى زانستى و ڕۆژنامه‌ى ژيان. ئه‌م ڕۆژه هه‌وێنى شيعرو په‌خشانى گه‌لێك له شاعيرونووسهرانى وه‌كوو (بێكه‌س و حه‌مدى ساحێبقڕان و ئه‌حۆل و قانع و پيره‌مێرد و…هتد) بووه، هه‌ژاريش له قهسيدهيهكيدا به‌ناوى “نامه بۆ وارشۆ” ئاماژه‌ى به‌م ڕووداوه كردووه و نووسيويه‌تى:-
به‌ئاوى چاوى كوڕى كوژراوانى
به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى
شل بكرێته‌وه و لێكبدرێ ته‌واو
بكرێته كه‌لله‌ى مسته‌فا خۆشناو
له جلكى شڕى هه‌تيو باره‌كان
يان ده‌ربه‌ده‌ر وشارهوشارهكان
ڕيتاڵێ بێنن به‌و خوێن و خامه
هه‌ژارێكى كورد بنووسێ نامه..
ئه‌حمه‌د ده‌روێش (ئه‌حۆل)ى شاعير (1911 بۆ 1988) ده‌ڵێ:
به‌جارێ ماڵى وێرانم سلێمانى خرۆشاوه
به‌سه‌ر هيچ كه‌س نهيه خوايه ئه‌وه‌ى له‌م شاره قه‌وماوه
به‌يانى بوو شه‌شى ئه‌يلوول له‌ناكاو گولله وه‌ك باران
ئه‌بارێ بۆ قڕى ميللهت ئه‌وى پيرو ئه‌وى لاوه
به‌ده‌م شهستيرهوه لاشه وه‌كو زۆربه‌ى گه‌ڵاڕێزان
له‌ڕێدا عه‌ينى ئه‌توت به‌رده بازى جۆگه‌له‌ى ئاوه
له‌به‌رده‌ركى سه‌را دياره له‌هه‌ر لايه‌ك تهماشاكهى
سه‌راسه‌ر پڕ له لاشه‌ى مردووه شلێراوه، كوژراوه….
ڕه‌مزى مه‌لا مارف( 1902بۆ 1976) له شيعرێكدا كه بۆ يادى 42 ساڵه‌ى ڕووداوه‌كه نووسيويه‌تى، ده‌ڵێ:
ئه‌و خوێنه كه‌له به‌رده‌ركى سه‌رادا كهڕژاوه
خوێنى چل ودوو ساڵى له‌مه‌و پێشه كه‌ماوه
خوێنى گه‌ش و ئاڵى كوڕ‌و كاڵى گه‌لى كورده
هه‌رگيز كه نه‌گۆڕاوه ئه‌ڵێى ئێسته ڕژاوه
خوێنى شه‌شى ئه‌يلووله كه ناچێته‌وه هه‌رگيز
له‌وبه‌ر ده‌رو ده‌رگايه كه‌پێى بۆيه كراوه
قانع (1898_1965)يش شيعرێكى به‌ناوى (شيوه‌ن) نووسيويه و ده‌ڵێ:-
له كزى كوردان گلاراومه
ڕۆژه‌كه‌ى ئه‌يلوول تانه‌ى چاومه
له‌بيرت نه‌چێ باخچه‌كه‌ى سه‌را
به‌خوێنى كوردى مه‌زڵوم ئاودرا
به گولله‌ى مه‌تره‌لۆز ئاوپڕژێن كراين
له‌سه‌ر حه‌ق خۆمان به‌ناحه‌ق كوژران
باپێى تێنهخهين ئه‌و خوێنه گه‌شه
چۆن يادگارى ڕۆژێكى ڕه‌شه
ئاماده‌كردنى: د. ژيلوان هه‌ڵه‌دنى