“به‌بۆنه‌ی نمایش‌کردنی فیلمی کفن”
“پێشه‌کی”
سینه‌ما له مێژووی پله‌به‌ندیی هونه‌ره‌کاندا وه‌کوو هونه‌ری حه‌وته‌م ناسراوه، هونه‌رێک که زۆر ئیلیمان و توخمی وه‌کوو دیالۆگ، کارئه‌کته‌ر، وێنه‌ی به‌رده‌وام، پێکهاته‌ی ڕێک یان ناڕێک، مێژوو له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و ده‌توانێت زۆر شتی دیکه‌ش وه‌کوو توخم زیاد بکاته ماهییه‌تی خۆی. گه‌شه و پێشکه‌وتنی سینه‌ما به‌ر له هه‌ر شت گه‌شه‌یه‌کی ته‌کنه‌لۆژیا له ڕووی وێنه و دانانی وێنه‌کان له پاڵ یه‌کدی بۆ تۆمارکردنی چرکه‌یه‌ک یان زیاتر له مێژووی ئه‌زموون مرۆڤ یان دۆخ و ڕووداوێک بووه که په‌یوه‌ست بووه به ڕابردوو ئه‌مه دواتر بوو که سینه‌ما لایه‌نی دۆکیۆمێنتاری و به‌ڵگه‌مه‌ندانه‌ی تێپه‌ڕاند و تێکه‌ڵ به دراما و گێڕانه‌وه جیاواز و جۆراوجۆره‌کان بوو.
بۆ ئێمه‌ی کورد سینه‌ما ده‌یتوانی زۆر ڕۆڵی کاریگه‌ر و بنه‌ڕه‌تی بگێڕێت، هه‌م له دروستکردنی یه‌کانگیری و خه‌یاڵ و وێنای هاوبه‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م له دروستکردنی زمان و بیرکردنه‌وه‌ی ڕێک و پێک بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که به‌شێک زۆر له مێژوو زمانه‌که‌یان لی شێوێنداروه و زمانی خۆیان ئامراز و ئامانجی بیرکردنه‌وه و تێڕامانی ڕۆژانه‌یان نه‌بووه. هه‌ر بۆیه لێره‌ش سینه‌ما به‌ده‌ر له‌و ئه‌رکه هونه‌ری و ستاتیکییه‌ی که ده‌شێت هه‌یبێت بۆ کورد وه‌ئه‌ستۆگری ئه‌رکی شوناسسازییه‌کی کوردانه و بووژانه‌وه‌ی زیاتری زمانێکی ستاندارد و ئه‌مڕۆییه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا نه‌ک شوناسی کوردی به‌ڵکوو توانستی خه‌یاڵکردنی به‌رده‌نگ و بینه‌ری کورد بۆ وێناکردنی ژیانێکی کوردانه، بۆ وێناکردنی جیهانێکی کوردانه گه‌شه ده‌کات و هه‌نگاو به هه‌نگاو کورد له ژێر کاریگه‌ریی وێناکردنی نامۆ له خۆی له فۆرمی کارئه‌کته‌ر و نواندنی جیهانی عه‌ره‌بی، فارسی، تورکی و…هتد. دێته ده‌ره‌وه و ئه‌مه‌ش وه‌کوو یه‌کێک له قایمکه‌ر و پارێزه‌رانی شوناسی تاکی کوردی ڕۆڵ ده‌گێڕێت. دیاره ئێمه له سه‌ره‌تای ڕیگاکه داین، ناتوانین بڵێین سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا به‌ڵام هه‌م له ڕووی ئه‌زموون و زه‌مینه ئاماده‌کان بۆ نووسینی سیناریۆ و پرۆدیسیۆی فیلم لاوازین و هه‌میش له ڕووی خواستی سه‌رمایه‌گوزاریی له‌و بواره‌دا و به ڕای من ئه‌مه له ڕیگه‌ی کولتوورسازیی و په‌ره‌پێدانی کاریگه‌ریی فیلم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و فیکری و شوناسییه‌که‌ی له درێژماوه‌دا به‌دی دێت.
بێگومان بۆ ئه‌مه ئێمه‌ی ڕؤژنامه‌نووس ده‌توانین له دووره‌وه‌ڕا هه‌ندێ سه‌رنج و تێبینیی ده‌رببڕین به‌ڵام له ئاسته گشتییه‌که‌یدا به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلم و به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی دراماکان بۆ ئێمه له ڕووی ڕێباز و ئاسۆی نه‌خشێنراوی داهاتوو نامۆ و نه‌ناسراون، به‌ڵام گرینگ ئه‌مه‌یه که ئه‌وان له ژێر تیشکی ڕۆشنایی ئه‌و دۆخه‌ی که کورد ئه‌زموونی کردووه له ماوه‌ی یه‌ک سه‌ده واته سه‌ده‌ی بیسته‌م له ڕووی درامی و واقیعییه‌وه ئاوڕی لێ بده‌نه‌وه و له چاوی کامێرای کوردێکه‌وه ئازاره‌کان و چیژه‌کان، شکست و شکۆکان بنوێنرێنه‌وه. لێره‌دا به بۆنه‌ی نومایشکردنی فیلمه”کفن” هه‌ڵوێسته‌یه‌کی خێرا ده‌خمه ڕوو.
“سینه‌ما و شوناس”
سینه‌مای هه‌ر وڵاتێک ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی چه‌ند ڕه‌هه‌ندانه‌ی واقیعی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه. سینه‌ما وه‌کوو وتم له پله‌ی هونه‌ری حه‌وته‌م ناوی لێ ده‌برێت. هونه‌رێک که ده‌نگ و ڕه‌نگ و وشه و مۆسیقا و کات و گێڕانه‌وه له چوارچێوه‌ی سیناریۆیه‌کدا دێته سه‌ر شاشه. هیچ ژانێر و شێوازێکی هونه‌ری ناتوانێت وه‌کوو سینه‌ما کاریگه‌ریی له‌سه‌ر شوناس و زاکیره‌ی جه‌معی و نه‌ستی کۆمه‌ڵگا دابنێت. به‌پێی توێژینه‌وه‌کان به‌شی زۆری مرۆڤه‌کان ڕیژه‌ی زۆری مه‌عریفه و زانیارییه‌ک که له یادگه‌یان ده‌مێنێته‌وه له ڕێگه‌ی بینراوه‌وه‌یه و دواتر بیسرا و ئه‌وجار خوێندراو. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌مه‌یه که ئه‌م سێ خاڵ و ڕه‌هه‌نده واته “بینراو، بیسراو و خوێندراو” هه‌ر سێکی له فیلیمێکدا ده‌توانێت کۆ ببێته‌وه، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که فیلم چه‌نده ده‌توانێت له گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و له ئاست و بواره جیاجیاکاندا کاریگه‌ر بێت. ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له نێوان دوو ژانێری ڕۆمان و فلیمی سینه‌ماییدا ڕه‌نگه له ئاستی هونه‌ری و پێگه‌ی ستاتیکی و زمان و ئه‌ده‌ب ڕۆمان پله و پێگه‌یه‌کی به‌رزی هه‌بێت له هه‌موو هونه‌ره‌کان (جگه له شیعر)، لانیکه‌م ئه‌مه ڕای زۆربه‌ی زۆری ڕه‌خنه‌گرانی بواری ئه‌ده‌ب و ته‌نانه‌ت بیرمه‌ندانیشه، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م ڕۆمان ده‌خوێننه‌وه، یان با بڵێین خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م زه‌حمه‌تی گه‌شتکردن به ناو دنیای پیت و وشه‌دا ده‌ده‌نه به‌ر خۆیان، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ڕۆمانه ئه‌گه‌ر بکرێت به فلیمێکی باش به دڵنیاییه‌وه بینه‌ری ملیۆنی ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاریگه‌رییه‌کی به ڕاده‌یه‌که که په‌یام و مه‌سیجی فیلمه‌که بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌بێت به مایه‌ی باس و خواسی و ڕۆژه‌ڤی ناو خه‌ڵک و خودی ئه‌مه واته کاریگه‌ری، مه‌گه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێک له هه‌ر بوارێک‌دا چ ئه‌ده‌ب چ فه‌لسه‌فه و چ زانست و هونه‌ر به مانا گشتییه‌که‌یدا مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه خه‌ڵک له‌سه‌ر خاڵێک یان باسێک ڕاگرێت و وایان لێ بکات له‌سه‌ری بدوێن و ڕا بگۆڕنه‌وه و بکه‌وه‌نه هه‌ڵوێسته و تێڕامانه‌وه؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به ده‌نگێکی به‌رزه‌وه به‌ڵێیه.
که‌واته ئه‌و شاشه ئه‌فسوونگه‌ره بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ئێستادا کاریگه‌ریی زیاتری له ئه‌و لاپه‌ڕه کاغه‌زیانه و ئه‌و گیانداره به ته‌مه‌نه که ناوی”کتێب”ه هه‌یه. دیاره ئه‌مه به واتای که‌م بایه‌خبوونی کتێب نییه، به‌ڵکوو باس له‌سه‌ر ئاست و ڕیژه‌ی کاریگه‌رییه، ئه‌گینا هه‌موو فیلم و درامایه‌ک پێش هه‌ر شتێک سیناریۆیه که هه‌مدیسان له ڕه‌گه‌زی کتێب و وشه‌یه و ده‌نووسرێت. له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندی ڕۆژ دوای ڕۆژی گڵۆبالیزم و جیهانگیریی به ئاڕاسته و ئاستی پێشبینی نه‌کراودا به‌داخه‌وه ئێسته کتێبه‌کان که‌وتوونه‌ته په‌راوێزه، هاوڕێی نوسه‌رمان کاک “عادل قادری” له وتارێکدا و له ژیر ناوی “که‌ی ده‌گه‌ڕێینه‌وه ژیر سێبه‌ری دره‌خته‌کان؟” ڕوونکردنه‌وه و باسێکی سه‌رنجڕاکێشی له‌م باره‌یه‌وه خستووه‌ته ڕوو ( وتاره‌که هه‌ر له ماڵپه‌ڕی “وشه”دا بڵاو بووه‌ته‌وه) و له به‌شێکدا نووسه‌ر له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا ده‌ڵێت: “له قۆناغی ئێسته‌ی کو‌لتووریی ئێمه‌دا ئه‌گه‌رچی کتێبی کاغه‌زی وه‌کوو دیارده‌یه‌کی شارستانیساز و مێژووبگۆڕ ڕۆڵی که‌م بووه‌ته‌وه و کتێبی ئه‌له‌کترۆنی و بابه‌ته‌کانی سه‌ر شاشه‌کان واته هه‌م ماڵپه‌ڕه‌کان و هه‌م ڕۆژه‌ڤه‌کانی ناو به‌رنامه جۆراوجۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگه جیاوازه‌کانی تی ڤی و لایڤه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک جێگه‌یان به کتێب وه‌کوو ئه‌و دیارده یان با بڵیین ئه‌و بوونه‌وه‌ره گیانداره نه‌مرۆڤه له‌ق کردووه به‌ڵام هێشتا هه‌ر خه‌رمانه‌ی دره‌وشاوه و ڕاکێشه‌ریی خۆی پاراستووه! ئه‌وه‌ی که تاکوو ئێسته کتێب به‌ته‌واوه‌تی شکستی نه‌هێناوه و به‌دووریشی ده‌زانم به‌ره‌و که‌ناری ئاوابوون و نوقبوون له ناو زه‌ریای شه‌پۆله‌کانی دنیای دیجیتاڵ و زیره‌کیی ده‌سکرد بڕوات، ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ڕۆحداربوونی ڕه‌مزیی کتێبی کاغه‌زی!”.
بێگومان ده‌ربڕینی گیاندار یان ڕۆحداربوونی کتێبی زۆر ته‌واوه و هه‌ر ئه‌م ڕۆحه‌شه که له هه‌ناوی دره‌خته‌کان و سه‌ر په‌ڕه‌ی کاغه‌زه‌کانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ناو شاشه ده‌سکرده‌کان و ڕۆحی پێ ده‌به‌خشێت، ئێمه وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌ت و به‌رده‌وام له جه‌نگ و ماڵ به کۆڵ و ئاواره، جینۆساید کراو و پاکتاوکراو ده‌رفه‌تی زۆر که‌ممان هه‌بووه بۆ به‌رهه‌مهێنانی دراما و فیلم. چونکه دراما و فیلم له چاوه‌ی نووسینی ڕۆمان و شیعر و چیرۆک و پێویستی به هه‌لومه‌رجی له‌باری مه‌یدانی و زه‌مینه‌سازیی له جیهانی ده‌ره‌وه هه‌یه، لۆکه‌یشنی ده‌وێت، ده‌یان ئامراز و شوێن و هاوکاری ده‌وێت که زۆر به‌رفراوانتره له‌و ژووره ساده و چکۆله ڕووناکه‌ی که نووسه‌ر یان شاعیرێک داده‌نیشێت و ده‌رگاکه داده‌خات و ده‌هۆنیته‌وه یان ده‌نووسێت، کاتی خۆی “یۆڵماز گۆنای” ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره(ره‌وانی شاد بێت) به‌شێک له فلیمێکی دروست ده‌کات و ده‌گیرێت پاش ئه‌وه له زیندان هه‌ڵدێت ئه‌و به‌شه‌ی دیکه له وڵاتێکی دیکه دروست ده‌کات، به هه‌موو ئه‌م نه‌گونجان و ته‌نگه‌ژانه‌وه دوای ڕاپه‌ڕین ورده‌ورده سینه‌مای کوردی ئاوڕی له بابه‌تانی نوێ داوه‌ته‌وه، به‌شێک له جه‌نگ و شه‌ڕ و لێدان و ڕه‌و مه‌ودای گرتووه، که به دڵنیاییه‌وه ناکرێت وه‌کوو مه‌وداگرتنیش ناوی بهێنین، به‌ڵکوو ده‌بێت بڵێین سه‌ره‌ڕای ئه‌م ته‌وه‌رانه ته‌وه‌ری جیاوازی دیکه هێنراوه‌ته ناو سینه‌مای کوردییه‌وه.
یه‌کێک له‌وانه بابه‌تی ترس و باشتر وایه بڵێین جۆرێک له ترۆمایه. ئه‌م بابه‌ته له فلیمێکی وه‌کوو”کفن”دا نوێنراوه‌ته‌وه. ئه‌م فلیمه نه‌ک ته‌نها له ناو ژانێری فیلمی ترسناکدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه به‌ڵکوو په‌یام و ئازارێکی کۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌خاته ڕوو که به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگای کوردی به‌هۆی ئه‌و باوه‌ڕ و تێگه‌یشتنه‌یان له جیهانی سه‌روی سرووشت، گیرۆده‌ی بوونه و به‌که‌می له به‌دواداهاتی و لێکه‌وته‌کانی ورد ده‌بنه‌وه که ئه‌ویش بابه‌تی نوشته و جادوو. من له شوێنی دیکه‌دا و له یاداشتدا باسی جادوو و کاریگه‌ریی و سه‌رچاوه‌کانی کردووه، ڕه‌نگه سه‌دان وتار یان ته‌نانه‌ت خوتبه‌ش له لایه‌ن مه‌لاکانه‌وه په‌یوه‌ست به دزێوبوونی جادوو و نوشته وترابێت که به‌داخه‌وه کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه، به‌م باره‌دا ڕه‌نگه فیلم بتوانێت ئه‌و دۆخه کوشنده و ئه‌و لێکه‌وته نه‌رێنیانه باشتر بنوێنێته‌وه و تانوپۆی ئه‌و دیارده ناته‌ندرووسته له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌ڵته‌کێنیت. ژانێری سینه‌ما له ناو کورددا به نیسبه‌ت ڕؤمان و شیعر و ساواتر و خۆنه‌گرتووتره بۆیه پێشوازیی له فیلم و هاندانی فیلمسازانی باش و به‌په‌رۆش و خه‌مخۆر بۆ نیشتیمان و کۆمه‌ڵ ئه‌رکی ئێمه‌یه. چونکه په‌یامێک که له کتێبێک‌دا به ده‌یان میتافۆڕ و ئایدیۆم و شاردراوه‌ته‌وه له فیلم‌دا ڕوونتر و کاریگه‌رتر ده‌رده‌که‌وێت و ڕیژه‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکیش ده‌توانن بیبینن.