پەروەردە ئامانج و ئەنجامی کۆمەڵێک پڕۆسەی بچوک و گەورەیە.بەئاگایی و بێ ئاگایی بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ لەوی تری نزیک و دووردا، دەخەمڵێت و شێوە دەگرێت.
پەروەردە ئامانجەکەیە بۆ ئەو شێوەیەیی دەویسترێت و ڕێی بۆ خۆشدەکرێت تاپێبگات، وەک میوەیەک لە درەختی ژینگە ئاڕاستەکراوەکەی ببێتەوە و بکەوێتە باوەشی ژیانەوە.
پەروەردە هۆکارێک نیە بۆ ڕووداوێک، خودی ڕوداوەکەیە،وەک ‘جۆن دیوی’دەڵێت«پەروەردە ئامادەکردن نیە بۆژیان، بەڵکو خودی ژیانە»
پەرەوەردە کاتێک ڕودەدات ڕوبدات. واتا ببینرێت و هەستی پێبکرێت و دیار و درەوشاوەبێت. پەروەردە هەمیشە لە ئانی جێهێشتنی ئێستادایە. بەردەوام لە جوڵەدایە، وەک میلی کاتژمێرێک وایە کە وەستا دەمرێت.
پڕۆسەی پەروەردە’لەگەڵ «پەروەردە»دووشتی جیاوازن.مەرج نیە لەناو هەموو پڕۆسەیەکی پەروەردەیدا «پەروەردە»ڕوبدات.
پەروەردە لەناو خێزان و لەناو قوتابخانە پێویستە دوو ئەرکی گرنگی مرۆڤانەی تێدا بەدیبکرێت کە ئەوانیش:-
“دایکایەتی و باوکایەتی “
دایکایەتی مەبەستمان سیفەتی دایکە کە وەک م.سەعید نورسی دەفەموێت: دایکایەتی چوار بناغەی سەرەکی هەیە کە وەک: « شەفەقەت، قوربانیدان، دڵسۆزی، نەرمونیانی » کاتێک دایک یان مامۆستا لەم چوار کانییەوە ڕۆح و گیانی منداڵە ئازیزەکان تێرتێربکات، بەڕاستی پەروەردە دەبێت بەو پەروەردەیەی کە هەموومان ئاواتی پێدەخوازین…ئەمەی کە باسمانکرد دیوێکی بابەتەکەی نەک کۆی بابەتەکە.. چونکە باوکایەتیش وەکو سیفەتی: پێشەنگی، متمانە، بەرپرسیاریەت، ڕێز و شکۆ…!؟ ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە پڕۆسەی پەروەردەکاریدا.
جا لەم دوو سۆنگەیەوە کە دایکایەتی و باوکایەتییە وەکو سیفەتێکی مەزنی مرۆیی پێویستە لە هەموو پیاو ئافرەتێکدا هەبێت بەتایبەتی پەروەردەکاران…
گریگۆڕی* جوانی بۆ چووە کە دەڵێت:
هەندێک منداڵ هەیە دایکو باوک و خوشکو برایان هەیە بەس بە هەتیوی پەروەردەدەبن….!؟ مەبەستەکەی زۆر ڕوونە کەدەڵێت: ئەگەر « دایکایەتی و باوکایەتی» ڕوینەدابێت، پەروەردە ڕوینەداوە…!؟
پێویستە لێرەوەش ئاماژە بەوەبکەین زۆرجار هەردوو سیفەتەکە لەیەک کەسدا کۆدەبنەوە کە ئەمەش پلەیەکی بەرزی پەروەردەییە..!؟
ترسنکاترین مەترسی بۆ سەر نەوەکانی ئیستاوداهاتوو..! داڕنینی سیفەتی «دایکایەتی و باوکایەتییە »لە دایکوباوکان. هیچ سەردەمێک وەک ئەم سەردەمە دایکوباوکانی نەکەوتونەتە ژێر هەڕەشەی دنیای نوێ و جیهانگیرییەوە. بەمەش ئەرکە گەورەکەیان لەبیربراوەتەوە و کانیاو و کارێزەنورانیەکانی مرۆڤایەتیان پڕکراوەتەوە بە بێماناییەکی قوڵ و هەرزەییەکی سادە…!؟.
هیچ شتێک لەوە گرنگترنییە، کە ئێمە وەکو تاک و چ وەک کۆمەڵ هەستبکەین « لەکوێین ..؟؟» تێگەشتن و خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ژینگەی ئەوسەردەمەی تیدا دەژین، خاڵێکی جەوهەرییە لە کایەی پەروەردەیەکاندا…!؟
لە کۆتایدا: لەم تێگەشتنەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی پەروەردەکاران و بکەرەکانی نابنە بابەتی سەرەکی پڕۆسەکە. ئەگەر خودی«پەروەردە»ڕوینەدابێت.
بەم مانایە پەروەردە لەوڵاتی ئێمەدا پەروەردەنەبووە. خودی پەروەردە بەرهەمە، ئێمە هێشتا دەستمان نەگەشتۆتە بەروبومەکەی