“ڕووانگه‌ی سێ فه‌یله‌سووفی گه‌وره له‌سه‌ر مۆسیقا”
“پێشه‌کی”
ئایا شتێک به‌ناوی فه‌لسه‌فه‌ی مۆسیقا هه‌یه؟ ناکرێت به‌دڵنیاییه‌وه له‌م باره‌یه‌وه قسه بکه‌ین؛ چونکه ئه‌گه‌رچی زۆرێک له فه‌یله‌سووفه‌کان له‌باره‌ی هونه‌ر و به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی مۆسیقاوه قسه‌یان کردووه، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌م که‌سانه که به‌شێوه‌ی تایبه‌تمه‌ند په‌رژابێتنه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، له قامکه‌کانی ده‌ستێک تێپه‌ڕ ناکه‌ن. ئه‌گه‌رچی له سه‌رده‌می ئیستاماندا که‌م شیواز و ستایلی مۆسیقایی هه‌یه که خۆی گرێ نه‌دات به ڕێباز یان مه‌نهه‌جێکی دیاریکراوه‌وه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان گرێ ده‌درێته‌وه به ئایین یان شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌که‌وه، به‌ڵام هه‌مدیس بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌گ و ڕێشه‌کانی په‌یوه‌ندیی مۆسیقا به فه‌لسه‌فه و بابه‌ته ڕۆحانی و زه‌ینییه‌کانه‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ قووڵاییه‌کانی مێژووی دووری مرۆڤ و چالاکییه هونه‌ری و هزرییه‌کانی. له‌م نووسینه‌ی به‌رده‌ستتان به چاوخشاندنێکی خێرا به سه‌ر هه‌ندێک له گرینگ‌ترین سیسته‌مه فه‌لسه‌فییه‌کان که تێیاندا مۆسیقا که‌وتووه‌ته به‌ر سه‌رنج و لیکدانه‌وه و یان لانیکه‌م ئاماژه‌ی پێ دراوه، هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌که‌ین.
تێڕوانینه‌کانی سێ فه‌یله‌سووفی گه‌وره که دوانیان واته ئه‌فلاتوون و ئه‌ره‌ستوو سه‌ر به سه‌رده‌مێکی زۆر کۆنتر له‌وی دیکه‌یانه که کانته و له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه فیکری ڕۆشنگه‌ری ده‌ناسرێته‌وه، ده‌خوێنینه‌وه و ورده هه‌ڵوێسته‌یه‌کی له‌سه‌ر ده‌که‌ین.
“ئه‌فلاتوون”
“ئه‌فلاتوون” یه‌که‌م فه‌یله‌سووفێکه که به دوور و درێژی باسی مۆسیقای کردووه. مۆسیقا له نامیلکه‌ی “کۆمار” دا له پاڵ ژیمناستیک وه‌کوو به‌شێکی سه‌ره‌کیی له په‌روه‌رده و فێرکاریدا ده‌ناسێنرێت و له هه‌ر دوو بواره‌که‌شدا مه‌به‌ست دروستکردنی هه‌ست به ڕێک و پێکی و هاوسه‌نگییه که منداڵ خۆی به شێوه‌ی سرووشتی هه‌ڵگری نییه. به‌م شێوه‌یه‌یه که به‌پێی هه‌ندێک کێش و ئیقاع و کۆمه‌ڵێک ئاوازی یه‌کسان، سه‌ما و ئاواز فێری منداڵ ده‌کرێت. وڵاتێک که “ئه‌فلاتوون” بۆ ئه‌م ئاوازانه پێشنیاری ده‌کات وڵاتی میسره که له ده هه‌زار ساڵ پێش ئێسته به‌م لاوه کۆمه‌ڵێک ئاوازی یه‌کسان و چوونیه‌ک له جه‌ژن و ڕیوڕه‌سمه‌کانی خۆی ده‌خاته ڕوو و به درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه پاراستوونی.
ئه‌و ده‌یه‌ویست تا له ڕێگه‌ی جێگیرکردن و هاوسه‌نگکردنی ڕۆحیه‌تی له‌رزۆک و حولحولیانه‌ی جیلی گه‌نج، له چوارچێوه‌ی پته‌و و قاییمی بیروڕا و ئه‌ندێشه‌کاندا، فێری ڕێک و پێکییان بکات. به‌هۆی ئه‌وه‌ی که منداڵان هێشتا نه‌گه‌یشتوون به ته‌مه‌نی ئه‌قڵ، ناتوانن به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و بێ نێونج له شته‌کان تێ بگه‌ن، به‌ڵام به فێرکردنی ڕۆح بۆ هاوسه‌نگی مۆسیقایی، جۆرێک مه‌عریفه‌ی سه‌ره‌تایی له زاته بینراو و ئه‌زه‌لییه‌کان ده‌ده‌ین به‌وان که له هه‌مبه‌ر ناجێگیر و بشێوه‌ییه زه‌ینییه‌کاندا ده‌یانپارێزێت و له ڕاستیشدا ئه‌و مۆسیقای وه‌کوو پیشه و سه‌رقاڵییه‌کی جیددی هه‌ژمار نه‌ده‌کرد، بۆیه مۆسیقاره‌کانیشی وه‌کوو هونه‌رمه‌ندانی دیکه له کۆمه‌ڵگه‌ی یۆتۆپیایی خۆی وه‌ده‌ر ده‌نا یان پیشه‌که‌یان وه‌کوو پیشه‌ی نزم و چرووک هه‌ژمار ده‌کرد.
“گلاوکێن ئایا به‌هۆی کاریگه‌ریی قووڵی مۆسیقا له‌سه‌ر ڕۆحی ئینسان نییه که مۆسیقا گرینگ‌ترین به‌شی فێرکاری و په‌روه‌رده هه‌ژمار ده‌کرێت؟{…}مرۆڤ له ڕێگه‌ی تۆمارکردنی شادومانه‌ی کێشه مۆسیقاییه‌کان له ڕۆحی خۆیدا و خواردنه‌وه لێی، ده‌بێت به مرۆڤێکی شه‌ریف که خراپه‌ییه‌کان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و هه‌ر له هه‌مان سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه و ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی که بتوانێت به یارمه‌تی عه‌قڵ و ئاوه‌ز له هۆکاری خراپه‌بوونیان تێ بگات، ڕقی لێیان ده‌بێته‌وه. به‌م شێوه‌یه، کاتێک پێ ده‌نێنه هه‌رێمی عه‌قڵه‌وه و عه‌قڵیش بڕیار به خراپه‌بوونیان ده‌دات، به نه‌رمونیانی و کاوه‌خۆوه که ده‌رهاوێشته‌ی په‌روه‌رده‌ی مۆسیقایی ئه‌وه له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه”.
ئه‌فلاتوون، کۆمار، III,c 401a، 402
“ئه‌ره‌ستوو”
به‌دڵنیاییه‌وه “ئه‌ره‌ستوو” به نیسبه‌ت مامۆستاکه‌ی واته “ئه‌فلاتوون” زۆر زیاتر حه‌زی له مۆسیقایه و فێربوونی مۆسیقا به شتێکی پێویست ده‌زانێت. ئه‌و له نێوان هه‌موو جۆره‌کانی مۆسیقا و ئه‌وه‌ی که پێی ده‌ڵێت مۆسیقای مه‌زن، جیاوازیی داده‌نێت. جیاوازییه‌ک که هه‌موو ڕه‌چه‌ڵه‌کناسان، کۆمه‌ڵناسان و هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌گران له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م دووه‌ی دیکه، زۆر به توندی دژی ده‌وه‌ستنه‌وه. له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌موو جۆره‌کانی مۆسیقا پێکه‌وه هاوسان و هاته‌ریبن. مۆسیقای یۆنان کۆمه‌ڵێک شیواز و ڕێبازی مۆسیقایی هه‌بوو که “ئه‌ره‌ستوو” به‌گشتی دابه‌شیان ده‌کات به‌سه‌ر دوو شێوازی سه‌ره‌کیی فرۆگیایی و دۆریسی که له ڕاستیدا به‌ڕیز هه‌مان مۆسیقای واریته و کلاسیکه؛ به‌ڵام جیاوازیی ئه‌م شێوازانه له چی دایه؟ مۆسیقای فرۆگیایی له ڕاستیدا مۆسیقای ژنانی به‌ره‌ڵڵا، ژه‌نیارانی فلووت و هه‌روه‌ها ئه‌و جۆه مۆسیقایه‌یه که له قومارخانه‌کاندا باوه و خه‌ڵک دوای کاری ڕۆژانه‌یان بۆ پشوودان و ڕابوردان ده‌چنه ئه‌وێ.
هه‌ربۆیه ئه‌م جۆره له مۆسیقا به ته‌واوه‌تی تایبه‌ته به دنیای کار و چالاکیی ڕۆژانه‌وه و له ڕاستیدا ڕووه‌که‌ی دیکه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر ڕابواردن و خه‌م به بادانێک له ئارادا نه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه ئیش و کاریش ڕانه‌په‌ڕینرێت. به‌رده‌نگی ئه‌م جۆره له مۆسیقا، ده‌روونه ماندوو و داهێزراوه‌کانن که ئیتر بڕستێکیان بۆ هیچ جۆره چالاکییه‌کی زه‌ینی نه‌ماوه. به‌هه‌مان شیوه که مۆسیقای واریته‌یش شتێکی وای نییه که هه‌وڵ و جوهدێکی وا بخوازێت و له راستیدا جۆرێک مۆسیقایه که ته‌نها بۆ هێورکردنه‌وه‌ی ده‌روون و ڕۆح باشه نه‌ک ئاودان و خۆراک پیدانی! به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره مۆسیقایه که تایبه‌ته به که‌سانی گیرۆده‌ی کار و که‌سابه‌تی ڕۆژانه‌وه، به‌رده‌نگی مۆسیقای دۆرۆسی مرۆڤه ئازاده‌کان و ئه‌وانه‌ن که خه‌می بژێوی ژیانیان نییه، واته چینێکی گه‌شه‌کردوو که ده‌رفه‌تی شیاویان بۆ به‌سه‌ربردنی کار و ڕابورادنی دروست هه‌یه و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه که ئه‌م که‌سانه توانایی پێویستیان په‌رژانه سه‌ر چالاکییه کو‌لتوورییه ئازادانه‌کان هه‌یه. هه‌ر بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی “ئه‌فلاتوون”ه‌وه، “ئه‌ره‌ستوو” باوه‌ڕی وایه که مۆسیقا به‌دڵنیاییه‌وه و سه‌د له سه‌د بابه‌تێکی فه‌لسه‌فییه. وا دێته به‌رچاو که مۆسیقا له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌کوو تراژیدیا یان حه‌ماسه که له بووتیقای ئه‌ره‌ستوودا باسیان کراوه هاوسان و هاته‌ریبه.
چونکه ئه‌م هونه‌رانه‌ش به لاساییکردنه‌وه‌ی سرووشت، ده‌بنه هۆی ده‌رکه‌وتنی نه‌فس و زاته‌کان. لاساییکردنه‌وه‌یه‌ک که له سۆنگه‌ی ئه‌ره‌تووه‌وه زۆر واقیعیتره له نوسخه سه‌ره‌کییه‌که‌ی. بۆ نموونه ئاخیلیوسی هۆمه‌ر ڕه‌سه‌نتر و سه‌ره‌کیتره له ئاخیلیوسی مێژوویی. “له‌و ڕووه‌وه که گوێگرانی مۆسیقا دابه‌ش ده‌بن به سه‌ر دوو گرووپی ده‌ستڕۆیشتوو و خوێنده‌وار و هه‌روه‌ها چینی ڕه‌شۆک و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش هه‌ر کام له‌م گرووپانه چێژ له‌و جۆره مۆسیقایه ده‌بینێت که له‌گه‌ڵ سرووشت و ده‌روونیدا گونجاوتره، ده‌بێت ئازادیی پێشکه‌شکردنی شێوازێک له مۆسیقا به گوێره‌ی چه‌شه‌ی به‌رده‌نگ یان گوێگر بدرێت به‌و ژه‌نیاره پرۆفیشناڵانه‌ی که بۆ به‌رده‌نگی ڕه‌شۆک ده‌ژه‌نن و ئاواز داده‌نێن. به‌ڵام له‌و شوێنه‌ی که باسی فێرکاریی مۆسیقا دێته نێوانه‌وه، ئیدی ناکرێت ئاوه‌ها ئازادییه‌کی کرداری مه‌زه‌نده بکرێت و ده‌بێت سوود له‌و ڕیتم و نه‌وایانه وه‌ربگیرێت که ماهییه‌تێکی ئه‌خلاقییان هه‌یه. ( کۆمه‌ڵێک نه‌وای پڕوزه، چالاک و پڕ جۆش و خرۆش و گونجاو له‌گه‌ڵ ژیانی ته‌رفیهی و چینی باڵاده‌ست، ژیانێک که لێوانلیوه له کاتی به‌تاڵ و هه‌لی ڕابواردن.( شێوازی مۆسیقای دوریسی ڕێک ئاوه‌ها شتێکه”.
ئه‌ره‌ستوو، سیاسه‌ت
“کانت”
“کانت” شیاوی ئاماژه‌یه‌کی تایبه‌ته. نووسه‌ر له به‌شێک له کتێبه ستایشئامێزه‌که‌یدا واته له کتێبی ڕه‌خنه‌ی هێزی داوه‌ری و له شیکاریی بابه‌تی واڵا و سیکاریی بابه‌تی جوان، جوانیی به بابه‌تێک ده‌زانێت که به بێ هیچ ئه‌ملا و لایه‌ک بۆ هه‌موو خۆش و چیژبه‌خشه و لایان په‌سنده و بابه‌تی واڵا به شتێک ده‌زانێت که له سه‌روو و سه‌ره‌وه‌ی هه‌ر پێوه‌ر و مه‌حه‌کێک جێبگرێت و له ئه‌نجامدا و له ئه‌نجامگیریی له‌م دوو پێناسه‌یه به ئاسانی مۆسیقا تا ئاستی چالاکییه تایبه‌تمه‌نده هه‌سته‌کییه‌کان داده‌به‌زێنێت. “کانت” له‌باره‌ی مۆسیقا کۆمه‌ڵێک بابه‌تی سه‌رسووڕهێنه‌ری نووسیوه که له درێژه‌دا ئاماژه به هه‌ندێکیان ده‌که‌ین. هۆکاره‌کانی کانت، ئه‌م فه‌یله‌سووف و بیردۆزه ترانسێندێنتاڵی(به‌رزه‌ڕۆ/استعلایی) و ئه‌م ئیراده‌یه‌ی خاوه‌ن به‌ڵگاندنه زانستی و ئه‌زموونمه‌ندانه‌کان، به ڕاده‌یه‌ک نابه‌جێ و هه‌ستمه‌ندانه‌یه که جێگه‌ی باس و خواسێک ناهێڵێته‌وه. له ڕووانگه‌ی ئه‌وه‌وه کێشه‌ی گه‌وره‌ی مۆسیقا له‌مه دایه که ده‌نگه‌که‌ی له دیواری ماڵه‌که‌ی ته‌نیشتمان تێده‌په‌ڕێت و له ئه‌نجامدا له کاتی ئیشکردندا ده‌بێته هۆی ده‌ریده‌سه‌ری و ئه‌زیه‌تی ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌مان! هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ کانت هیچ چانسێکمان له به‌رده‌مدا نابێت که بڕۆینه ناو ڕازه‌کانی هونه‌ری ئورفه‌وه.
“مۆسیقا” سه‌رخۆشییه‌کی به‌تام و بۆ له مرۆڤدا دروست ده‌کات. له به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر بڕیار ئاوه‌ها بێت که به‌ها و نرخی هونه‌ره جوانه‌کان به‌پێی سوود و به‌های کو‌لتووریی که بۆ ڕۆح ده‌سته‌به‌ری ده‌کات هه‌ڵسه‌نگێنین و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پێوه‌ری ئێمه تواناییه‌کانیان بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی مه‌عریفیی ئێمه بێت، له پۆلێنبه‌ندیی هونه‌ره جوانه‌کاندا، مۆسیقا ده‌که‌وێته دوا پله‌وه…{…}هه‌ر بۆیه هونه‌ره‌کانی دواتر به ئاسانی به سه‌ر مۆسیقادا باز ده‌ده‌ن. {…} له لایه‌کی دیکه‌وه، ڕه‌خنه‌یه‌کی دیکه که ده‌شێت له‌سه‌ر مۆسیقای به ڕه‌وا بزانین، جۆرێک بێ ئه‌ته‌کێتی و بێ ڕوانگه‌ییه؛ چونکه{…}کاریگه‌رییه‌کانی له سنوور و ئاستی خوازراو تێده‌په‌ڕێت و ده‌چێته ماڵی جیرانه‌کانیشه‌وه و به سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌شێک نین له به‌رده‌نگه‌کان ده‌سه‌پێت، و ده‌بێته هۆی ئازاردانیان؛ کێشه و نوقسانییه‌ک که له‌باره‌ی هونه‌ره بینراوه‌ییه‌کانه‌وه بوونی نییه؛ چونکه هه‌میشه بۆ بینه‌ر ده‌کرێت نیگای خۆی لێیان بدزێته‌وه”.
کانت، ڕه‌خنه‌ی هێزی حوکم.
سه‌رچاوه: نویسنده: فیلیپ – نمو. مترجم: علی – وکیلی. ۱۸۱۱/۱۱/ منبع: ماهنامه – اطلاعات حکمت و معرفت – ۱۸۱۱ – شماره ۸۱ ، اسفند – تاریخ شمسی نشر
نووسین: فلیپ-نمو
وەرگێڕان: سۆزان سه‌عید