“سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە نموونە”
“پێشەکی”
پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگ و چارەنوسسازە، بێگومان پرۆسەی هەڵبژاردن وەک هەر پرۆسەیەکی تر پێویستی بە ڕێکخستن و زەمینەسازیەک هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت، ئەویش بریتییە لە سیستەمی هەڵبژاردن، سیستەمی هەڵبژاردن بریتییە لە چۆنیەتی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی. بەگشتی لە سەرتاسەری جیهان چەندین سیستەمی جۆراوجۆری هەڵبژاردن پەیڕەو دەکرێت ئەوەش بەپێی سرووشت و شێوازی سیستەمی ووڵات گۆڕانکاری بەسەر دادێت، بەگشتی دوازدە جۆر سیستەمی هەڵبژاردن لە جیهاندا بوونی هەیە و پەیڕەوی لێدەکرێت، بەڵام لە نێوان ئەم دوازدە سیستەمەدا لە ووڵاتانی دونیادا سێ جۆر سیستەمی هەڵبژاردن هەیە، بەشێوەیەکی بەربڵاو لە نێوان ووڵاتانی جیهاندا پەیڕەوی لێدەکرێت. ئەوانیش بریتین لە سیستەمی زۆرینەی سادە و سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەی و سیستەمی تێکەڵاو. هەروەها پێنج رێگای جیاوازمان هەیە بۆ پرکردنەوەی کورسیە بەتاڵەکان یاخود گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی.
بێگومان چەمکی هەڵبژاردن و سیستەمی هەڵبژاردن بە چەند قۆناغێکی جیاوازی گەشەسەندندا تێپەڕیون تا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستا، لە سەدەکانی کۆندا بۆ هەلبژاردنی فەرمانڕەوا و حاکم پشت بە شێواز و جۆرەکانی سیستەمی هەڵبژاردن نەدەبەسترا بەڵکو لە ڕێگای تیروپشکەوە هەڵدەبژێردران، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندن و پێشکەوتنی دونیا و سەر هەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن شێوازەکانی هەڵبژاردن گەشەیان سەند و گۆرانکاریان بەسەر داهات و، پشت بە چەندین شێواز و جۆری سیستەمی هەڵبژاردن بەسترا، بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی نوێنەرەکان لە لایەن دەنگدەرانەوە.
“گرنگی توێژینەوە”
گرنگی ئەم توێژینەوەیە بریتیە لە خستنەڕوو و روونکردنەوەی سیستەمەکانی هەڵبژاردن و چۆنیەتی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی و، شێوازەکانی دەنگدان و ڕێگاکانی دابەشکردنی کورسیەکان.
“ئامانجی توێژینەوە”
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەمەیە کە زیاتر تیشک بخەینە سەر جۆری سیستەمەکانی هەڵبژاردن و شێوازەکانی دەنگدان و چۆنیەتی گۆرینی دەنگ بۆ کورسی و ڕێگاکانی دابەشکردنی کورسیەکانی پەڕلەمان و ئەنجوومەنە لۆکاڵییەکان.
پرسیاری سەرەکی:-
- ئایە چەند جۆر سیستەمی هەڵبژاردن هەیە لە جیهاندا؟
- ئایە چەند شێوازی دەنگدانمان هەیە؟
- ئایە هەرێمی کوردستان پشت بە چ شێواز و جۆرێکی دەنگدان و سیستەمی هەڵبژاردن دەبەستێت؟
- سیستەمی نوێ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان چ جۆرە سیستەمێکە؟
- لایەن ئەرێنیەکانی سیستەمی نوێی هەرێمی کوردستان چین؟
“گریمانەی سەرەکی”
سیستەمی هەڵبژاردن، بە ڕەگەزێکی سەرەکی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەژمار دەکرێت، چونکە پرۆسەی هەڵبژاردن وەک هەر پڕۆسەیەکی تر پێویستی بە ڕێکخستن هەیە و، جۆری سیستەمی هەڵبژاردنیش کاریگەری لەسەر پرۆسەکەدا هەیە.
“هەیکەلی توێژینەوە”
ئەم توێژینەوەیە جگە لە پێشەکی و دەرئەنجام لە سێ بەش پێکدێت. بەشی یەکەم باس لە پێناسە و چەمکی هەڵبژاردن و سیستەمی هەڵبژاردن و، مێژووی هەڵبژاردن و، هەڵبژاردن ئەرکە، هەڵبژاردن مافێکی کەسیە، هەڵبژاردن ئەرک و مافە و، شێوازەکانی هەڵبژاردن و، چەند جۆر سیستەمی هەڵبژاردن لە جیهان کاری پێدەکرێت، جۆرەکانی سیستەمی هەڵبژاردن و، چۆنیەتی پڕکردنەوەی کورسیەکان. بەشی دووەم باس لە تیۆریی ڕێکخستنی یاسای هەڵبژاردن و، گرنگی هەڵبژاردن و، گرنگی هەڵبژاردن بۆ ئاسایشی نەتەوەی.
بەشی سێیەم باس لە مێژووی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و، یاسا بەرکارەکان هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و یاسایی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، هەمواری حەوتەمی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و، پێرستی هەموارەکانی هەرێمی کوردستان، سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، شێوازی لیستی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و، شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و چۆنیەتی دابەشکردنی کورسیەکانی پەڕلەمان و، کاریگەری هەڵبژاردن لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و، پێگەی پارتەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و، متمانەی دەنگدەران بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ڕێژەی بەشداری سیاسی لە خولەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و، ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسیەکانی پارتە سیاسیەکان لەخولەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان.
“پێناسە و چەمکی هەڵبژاردن و سیستەمی هەڵبژاردن”
لە ڕووانگە و دیدی ئینسکلۆپیدیای ئەکادیمی ئەمریکاییەوە، هەڵبژاردن بریتییە لەو ڕێیەی بۆ دیاریکردنی سەرکردەکان یاخود بەشداری گەل لە بڕیاردان لە ڕێگای بەشدارییان لەپڕۆسەی دەنگدانەوە. ( مەقسوود گەردی، ٢٠٢٤ ) هەروەها فەرهەنگی نوێ بۆ شیکاری سیاسی پێناسەی چەمکی هەڵبژاردن بەم جۆرە دەکات کە بریتییە لە پرۆسەی دیاریکردنی ئەو کەس و لایەنانەی، کە لە پلە و پایەکی دیاریکراو وەر دەگرن لە ڕێگای هەڵبژاردنی دەنگدەرانەوە واتە ئەوانەی کە تایبەتمەندی دەنگدەریان هەیە، دەتوانن دەنگبدەن بەپێی یاسا و ڕێسا و ڕێوشوێنەکانی سیستەمی هەڵبژاردن( حسن، ٢٠٠٧، ٨ ) سیستەمی هەڵبژاردن بریتیە لە چۆنیەتی گۆڕینی دەنگەکان بۆ کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.(جەمال.محمد، ٢٠١٤،ل١٠). سیستەمی هەڵبژاردن بریتیە لە کۆی گشتی ئەو یاسا و ڕێسا و ڕێکارانەی کە پەیڕەو دەکرێن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەر کیان و وڵاتێکدا، یاخود بریتیە لەو ڕێگاو و میکانیزمانەی کە دەگرێنە بەر بۆ گۆڕینی دەنگی هاووڵاتیان بۆ کورسی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانی وەک پەڕلەمان، یاخود هەر ئەنجومەنێکی تری هەڵبژێردراو. واتە بریتیە لەو یاسایەی کە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەو هاووڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە دیاریدەکات، هەڵدەستێت بە چۆنیەتی دابەشکردنی ناوەندەکانی دەنگدان و بنەماکانی کاندیدکردنی پاڵێوراوەکان و، ڕێوشوێنەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگرێتە خۆ، هەر لە رێکخستنی تۆماری ناوی دەنگدەرانەوە تا دەگات شێوازەکانی بانگەشە و رێکلامی پاڵێوراوەکان، ڕێوشوێنەکانی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و گشتی هەڵبژاردنەکان، کۆیی گشتی پرۆسەی هەڵبژاردن پشت بە سیستەمی هەڵبژاردن دەبەستێت.
“مێژووی هەڵبژاردن”
هەڵبژاردن بە یەکێکە لە چەمکە دێرینەکان دادەندرێت، کە مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، کە لە سەردەمانێکی زووەوە مرۆڤهکان ئەزموونیان کردووە و، وەکوو ئامرازێکی کاریگەر و ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاریشە و گرفتانە بەکاریان هێناوە کە لە کۆمەڵگەدا کۆمەڵگەدا بوونیان هەبوو. کۆمەڵناسانی سیاسی، مێژووی هەڵبژاردن بۆ سەردەمانی یۆنان و ڕۆمانییەکان دەگێڕنەوە. ( محمد، ٢٠١٨). وەک ئاماژەمان پێکرد مێژووی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی شارستانیەت و گەشەکردنی بیری مرۆڤایەتی لای یۆنانییەکان و هەر لەوێش سەری هەڵداوە دەگەڕێتەوە بۆ دەرئەنجامی ئەو ستەمەی کە کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا. شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە سەرەتادا وەک ئێستا نەبوو، بەڵکو تەنها کەسانی خاوەن سەرمایە و و دەسەڵاتدار و خەڵکانێکی تایبەت مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ئافرەت و کۆیلە مافی دەنگدانیان نەبوو، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندن و گۆڕانکارییەکانی جیهان، پێشکەوتنی بیر و هزری مرۆڤایەتی، ئەم پرسە گەشەی سەند، بوو بە بابەتێکی گرنگ و جێگای سەرنج لە جیهاندا.( تەها،٢٠٢٢ )
بەڵام گرنگە ئەوە بگوترێت کە مانا و مەغزا و میكانیزم و چوارچێوەی هەڵبژاردن لەو کاتانەدا بە جۆرێک بووە، کە بۆ ژمارەیەکی کەمی دانیشتووان جوغزکێشراو بووە. واتە تەنیا ئەو کەسانە دەیانتوانی خۆیان کاندید بکەن و بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، کە خاوەنی پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باڵا بوون. واتە پرۆسەکە تەنیا لە بازنە و جوغزی ئەواندا ئەنجام دراوە و، زۆرینەی خەڵکی، تەنیا کۆیلە و خزمەتکار بوون و، مافى مەدەنی و سیاسییان نەبووە بتوانن نە هەڵبژێرن و نە هەڵبژێردرێن. ئەم پرۆسەیە بە تێپەڕبوونی زەمەن و گۆڕانکارییە زۆروزەوەندەکانی بواری مافە مەدەنییەکانی تاک و بڵاوبوونەوەی چەمکی دیموکراسی، گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە دیت، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمە و ئەم قاڵبە یاسایی و دەستوورییەی کە هەیەتی بۆ هەڵبژاردنی کەسێک، یان چەند کەسێک.( محمد، ٢٠١٨)
“هەڵبژاردن مافێکی کەسییە”
ئەم بۆچوونە بەرپایە لەسەر بنەمای یەکسانی لە نێوان تاکەکان لە مافە سیاسیەکاندا، لەسەر ئەم بنەمایە هەڵبژاردن مافێکی دەستەبەرکراوە بۆ هەرتاکێک کە خاسڵەت و تایبەتمەندی هاونیشتیمانی بوونی هەبێت و، لە وەدا پشت دەبەستن بە بنەمای سەروەری گەل، چونکە سەروەری بەگوێرەی لایەنگرانی ئەم پرەنسیپە دابەشکراوە، لە نێوان هاونیشتیمانیان، بۆیە دەشێت هەر هاونیشتیمانیەک بەشی هەبێت لەم سەروەرییە بەشداری بکات لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش لە مافە سەرەتایی و سروشتییەکانیەتی نابێت بێبەش بکرێت لە پیادەکردنی. ( حنون، ٢٠٢٠، ٩٠ ) بەگشتی لەسەر ئەم تیۆرەی کە دەلێت هەڵبژاردن مافێکی کەسییە ڕامان وایە کە هەڵبژاردن مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە بە مەرجێک لە ڕووی توانای ئەقڵی تاکێکی کامڵ بێت، خاوەنی ئاکار بەرزبێت، هەروەها تاکەکان ئازادن لەوەی کەبەشدار دەبن یاخود نا لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا.
هەڵبژاردن ئەرکە؛ ئەم تیۆرە بە پێچەوانەی تیۆری یەکەمە، پشت نابەستێت، بەسەروەری گەل پشت دەبەستێت بەسەروەری نەتەوە، پێیان وایە کە نەتەوە کەسایەتییەکی مەعنەویە و دابەش ناکرێت، لەسەر ئەم بنچینەیە تاک ناتوانێت ببێتە بەشێک لە خاوەنی سەروەری نەتەوە، ناتوانێت بانگەشەی ئەوەبکات کە بەشێکە لەم سەروەرییە هەروەها بەشداریکردنی تاکەکان لەوە نەهاتووە ببنە هاوبەشی ئەم سەروەریە بەڵکو بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، بە جۆرێک کە هەڵبژاردن ئەرکە، لەم رێگایەوە نوێنەری گەڵ هەڵدەبژێرن، بۆ بەرێوەبردن و رێکخستنی ووڵات، هەروەها ئەم تیۆرە جیاوازی دەکەن لە نێوان مافە مەدەنییەکان و مافە سیاسەکان، دەلێن هەڵبژاردن ئەرک و شکۆمەندیە بۆ گەل. ( مستەفا گەزنەی، عبداللە ئەحمەد، ٢٠١٢، ١٢٤ ). لە ڕووانگەی ئەو تیۆرەی دەڵێت هەڵبژاردن ئەرکە، بۆچوونمان وایە کە هەڵبژاردن ئەرکە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا، دەبێت هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداربن لە پرۆسەی دەنگدان بەمەرجێک ماوەیی یاسایی تەمەنی تێپەڕاندبێت واتە(18 )ساڵ بەسەرەوە، هەروەها لە ڕووی عەقڵییەوە مرۆڤێکی کامڵ و پێگەیشتووبێت، گەر تاکەکان بەشدارنەبن لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن ئەوە سزا دەدرێن.
“هەڵبژاردن ئەرک و مافە”
بە پێی ئەم تیۆرە هەڵبژاردن مافێکی کەسیە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ئەرکێکی کۆمەڵایەتیش هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەو ماف و ئەرکە بەیەکەوە و لەیەک کات لە خۆناگرێت، بەڵکو لەدوای یەکتر دێن. واتا لەسەرەتا هەڵبژاردن مافی هاووڵاتییە، بە جۆرێک گەر بێت و هاووڵاتییەک ناوی لۆ تۆمار و لیستی دەنگدەران نەبوو مافی ئەوەی هەیە، داوای تۆمارکردنی ناوی بکات، بەڵام هەرکاتێک ناوی تۆمار کرا ئەوە دەبێتە ئەرکێکی سەرەکی بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکات. ( حەسن، ٢٠٠٧، ١٤ ) هەڵبژاردن هەم مافە هەم ئەرکە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا واتە تاکەکانی کۆمەڵگا مافی ئەوەیان هەیە، ناوی خۆیان تۆمار بکەن لە ناو لیستی دەنگدەران بەبێ بوونی هیچ کۆت و بەندێک، بەڵام هەرکاتێ تاکەکان ناویان تۆمار کرد لە لیستی ناوەکان ئەوە ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەرکی سەرشانی بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا.
“شێوازەکانی هەڵبژاردن”
بەگشتی لەسەردەمی کۆندا و بەتایبەتی لەسەردەمی دەوڵەتە شارەکانی یۆنانی کۆن و، سەردەمی دەوڵەتە شارەکانی وەک ئەسیانە تەنها یەک شێوازی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکرا، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشکەوتنەکانی جیهانەوە شێوازەکانی هەڵبژاردنیش گۆڕانکاری بەسەر داهات، ئێمە لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین کە شێوازەکانی هەڵبژاردن بخەینە ڕوو:-
- هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ:- هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ، بریتییە لەو هەڵبژاردنەی کە تێدا دەنگدەر نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەبێ هەبوونی ناوەندێک لە نێوانیاندا، کە ئەمە شێوازەشیان زۆر لە دیموکراسی نزیکترە، بەڵام شێوازی ڕاستەوخۆ بریتییە لەم هەڵبژاردنەی کە تاک لە ڕێگای نوێنەراکانیانەوە بەشدارن دەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و داڕشتنی سیاسەتی گشتی لە وڵاتدا، واتە لە نێوان دەنگدەر و نوێنەر کەسی دووەم هەیە.( ڕەشید علی،٢٠٢٤)
- هەڵبژاردنی تاک و لیست:- هەڵبژاردنی تاک، هەڵبژاردنی تاک بریتییە لەم شێوازەی هەڵبژاردن کە تێدا وڵات دابەش دەبێت بۆ سەر چەند بازنەیەکی بچوکی هەڵبژاردندا، واتە ژمارەی کاندید و پاڵێوراوان یەکسان دەبێت بە بازنەکانی هەڵبژاردنەوە، واتە هەر بازنەیەک نوێنەرەێکی دەبێت، دەنگدەریش بۆی هەیە یەک نوێنەر هەڵبژێرێت و، تەنها دەنگ بە یەک پاڵێوراو بدات، بۆنموونە ئەگەر ژمارەی کورسیەکانی پەڕلەمان بریتی بێت لە ١٠٠ کورسی ئەوە دەبێت وڵات دابەشی سەر ١٠٠ بازنەی هەڵبژاردن بکرێت، هەروەها سیستەمی هەڵبژاردنی تاک بازنەیی مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ شانشینی یەکگرتووی ئینگلتەرا ئەو ووڵاتانەی لەژێر کاریگەری یەم شانیشینە دابووینە لە ڕووی مێژووییەوە جێبەجێدەکرێن وەک ووڵاتانی بەهارات ( هیندیستان و کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.( عمر عبداللە. عبداللە ڕەشید، ٢٠٢٣، ٧٢ )
- هەڵبژاردنی لیست:- هەڵبژاردنی لیست بریتییە لەم شێوازەی هەڵبژاردن کە تێدا وڵات دابەش دەبێت بۆ چەند بازنەیەکی فراوانی هەڵبژاردن، لەم شێوازەدا بازنەکانی هەڵبژاردن کەم دەبێتەوە بەڵام فراوانتر دەبێت واتە لەم شێوازەدا لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن چەند پاڵێوراوێک پێکدێت و، لە ڕێگای لیستەوە هەڵدەبژێردرێن، دەنگدەرانیش هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی بازنەکەی لە ڕێگای لیستێکەوە کە ژمارەی پاڵێواراوانی تێدا دەنوسرێت کە یاسا دیاریکردووە. ( عمر عبداللە. عبداللە ڕەشید، ٢٠٢٣، ٧٣ )\
- هەڵبژاردنی ئاشکرا و نهێنی:- مەبەست لە دەنگدانی ئاشکرا ئەوەیە دەنگدەر بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون دەنگدەدا لەبەردەم لیژینەیەک، واتە خەڵک کە دەزانن ئەو دەنگدەرە دەنگی بەکێ داوە.( عمر عبداللە، ٢٠١٦، ١٤٠ ) هەڵبژاردنی نهێنی، مەبەست دەنگدانی نهێنی ئەوەیە کە دەنگدەر بەشێوەیەکی تەواو نهێنی دەنگ بدا، کە ئەم شێوازەی دەنگدانەش بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دادەندرێت، ئەم شێوازەش بۆ یەکەم جار لە ووڵاتی فەڕەنسا پەیڕەو کرا، لە ساڵی ١٨٧١. ( عمر عبداللە، ٢٠١٦، ١٤٢ )، لەم شێوازەی دەنگدان هەموو هاووڵاتیان دەزانن کە دەنگدەر دەنگی بەکێ داوە، هەروەها ئەم شێوازەی دەنگدان ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت کە دەنگدەران ئازادیان لێ زەوت دەکرێت و، ناتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن بەتایبەتی لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم.
- دەنگدانی زۆرە ملێ و دەنگدانی ئارەزوومەندانە:- مەبەست لە دەنگدانی زۆرە ملێ ئەوەیە کە دەنگدەر بە شێوەیەکی زۆرە ملێ بەشدار دەبێت واتە گەر بەشدار نەبێت لە پرۆسەی دەنگدان ئەوە سزا دەدرێت، ئەم سزایەش بەپێی یاسا لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان پەیڕەوی لێ دەکرێت، جا دەکرێت سازیەکە پێ بژاردنی ماڵی بێت، بەڵام دەنگدانی ئارەزومەندانە مەبەست لێی ئەوەیە کە دەنگدەر سەرپشکە لە بەشداریکردنی یاخود نا لە پرۆسەی دەنگداندا، واتە دەنگدەر بە ئارەزوی خۆیەتی کە بەشدار دەبێت یاخود نا لە هەڵبژاردن.
“چەند جۆری سیستەمی هەڵبژاردن لە جیهان کاری پێدەکرێت”
بەگشتی توێژینەوە پەیوەندیدارەکانی هەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەمە دەکەنەوە کە لە سەرتاسەری جیهاندا 12 جۆر سیستەمی هەڵبژاردن پەیڕەودەکرێن، هەروەها هەر سیستەمێکی هەڵبژاردن کۆمەڵیک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لە خۆ دەگرێت، زانایانی بواری هەڵبژاردن گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە هەڵبژاردن یەک فۆرم و شێوازی نیە، چونکە مەرج نیە هەموو فۆرم و شێوازەکانی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ وڵاتانی جیهان گونجاو بێت، چونکە هەڵبژاردن بەرهەمی بارودۆخی ژینگەیی وەک مێژویی و ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، واتا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بەپێی بارودۆخ و سروشتی سیستەمی سیاسیەکەی دەگۆڕێت. (جەمال.محمد،٢٠١٤،ل١٢ )، واتا لەسەرتاسەری جیهاندا (12) فۆرم و شێوازی سیستەمی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکرێت و، هەر سیستەمەو کۆمەڵێک لێکەوتە و خاڵی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، مەرجیش نیە هەموو سیستەمەکانی هەڵبژاردن گونجاوبێت بۆ وڵاتان، چونکە بەپێی بارودۆخی سرووشتی سیستەمی سیاسی گۆڕانکاری بەسەر دادێت.
“جۆرەکانی سیستەمی هەڵبژاردن”
لە سیستەمەکانی هەڵبژاردندا، چەند جۆرە سیستەمێکی هەڵبژاردن بوونی هەیە، کە خۆی لە دوازدە سیستەمی جیاواز دەبینێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی سێ جۆر سیستەمی هەڵبژاردن لە نێوان وڵاتانی جیهان بەربڵاوە و کاریان پێدەکرێت، ئەوانیش بریتین لە سیستەمی هەڵبژاردنی زۆرینە و، سیستەمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ڕێژەی و، سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاو، ئەم سیستەمانەی هەڵبژارنیش چەندجۆرێکیان لێ دەبێتەوە، ئێمە هەوڵدەدەین لە خوارەوە بە گوێرەی پێویست تیشکیان بخەینە سەر:_
- سیستەمی هەڵبژاردنی زۆرینە:- سیستەمی هەڵبژاردنی زۆرینە بریتیە لە بەدستهێنانی زۆرترین دەنگ لەلایەن پالێوراوێک یاخود چەند پالیوراوێک لە بازنەی هەڵبژاردن. لە سیستەمی زۆرینەدا دەتوانرێ هەردوو فۆڕمی سیستەمی هەڵبژاردنی تاک و لیست بەکاربهێندرێت، بە جۆرێک گەر شێوازی هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی تاکی بوو ئەوە ئەو پالێوراوەی زۆرترین دەنگی بە دەستهێناوە سەردەکەوێت، بەڵام گەر سیستەمەکە سیستەمی لیستی بوو ئەوە ئەم لیستە هەموو کورسیەکانی بازنەی هەڵبژاردن بەدەست دەهێنێت کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.(عمر عبداللە-عبداللە رشید، ٢٠٢٣، ل٧٦ )
لەم سیستەمەی هەڵبژاردندا ئەو پالێوراو، کاندیدەی زۆرینەی دەنگەکانی بازنەی هەڵبژاردن بەدەستهێناوە سەردەکەوێت، هەروەها لەم سیستەمەدا دەتواندرێت کار بەهەردوو سیستەمی تاکی و لیستی بکرێت.
“ئەم سیستەمەش بە دوو ڕێگای تر ئەنجام دەدرێت”
- سیستەمی زۆرینەی ڕەها:- لەم شێوازەدا دەبێت پالێوار یاخود لیست دەبێت لە هەڵبژاردندا، زیاتر لە نیوەی دەنگە دروستەکان بەدەست بهێنێت، واتا زیاتر لە ٪50 دەنگەکان، گەر پاڵێورا و یاخود هەر لیستێک نەیتوانی نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ئەوە هەڵبژاردن دەچێتە خوولی دووەم لە نێوان ئەو پالیوراوانەی زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە خولی یەکەم، لە خوولی دووەمی هەڵبژاردنیشدا ئەوە براوەی کورسیەکانی بازنەی هەڵبژاردن بە زۆرینەی سادە دیاری دەکرێت. (حنون خالد،٢٠٢٠،ل ١١٢-١١٣ ). بۆنموونە سێ پارتی سیاسی( A,B,C)ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان
پاڵێوراو ژمارەی دەنگ
A 45,000
B 35,000
C 20,000
لێرەدا هیچ کام لە پارتە سیاسیەکان سەرکەوتوونەبوون لە بەدەستهێنان و پرکردنەوەی کورسیان چونکە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا.
- سیستەمی زۆرینەی سادە:- لەم سیستەمەدا ئەو پالێوراو لیستە دەیباتەوە کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، واتا ئەو پالێوار و لیستانەی کە زۆرینەیان بەدەستهێناوە تەواوی کورسیەکانی بازنەی هەڵبژاردن دەباتەوە، جا دەنگی ڕکابەرەکانیان هەرچەندێک بێت و، لەم سیستەمەدا کار بەهەردوو شێوازی تاک و لیست دەکرێت. ( حسن، ٢٠٠٧،ل ٣٢ ).
بۆنموونە گەر سێ پالێورا ( A،B،C ) ڕکابەری دەکەن لە بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسەر یەک کورسی، ژمارەی دەنگە بەدەستهاتوەکانیش 101,000 هەزار دەنگ بوو، لەم ڕێژەیەش 100,000 هەزار دەنگی دروست درابوو، ئەنجامەکەش بەم شێوازەی خوارەوە بوو:-
پاڵێوراو ژمارەی دەنگ
A 45,000
B 35,000
C 20,000
بەپێی ئەم جۆرە سیستەمەدا پاڵێوراوی (A) بە سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت چونکە 45,000 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو دەنگی پاڵیوراوی ( B-C ) بەدەستیان هێناوە بەیەک قۆناغ کۆتایی بە هەڵبژاردن دێت.
- سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی:- دوای ئەوەی ڕەخنە لە سیستەمی زۆرینە گیرا سەبارەت بە کەمینەی سیاسیدا، چونکە لە سیستەمی زۆرینەدا ڕەچاوەی پێکهاتە و کەمینەی سیاسی ناکرێت، ئەوەبوو لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم بیرۆکەی نوێنەرایەتی رێژەیی سەریهەڵدا، ئەم جۆرە سیستەمە بۆ یەکەم جار لە کانتۆنەکانی سویسراوە ئەزموونکرا، لە سیستەمی زۆرینەدا بەربەست لەبەردەم کەمینە و پێکهاتە سیاسیەکان دروست دەبوو بۆ ئەوەی کورسی نوێنەرایەتی بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە ئەمەش بووە فاکتەرێک بۆ ئەوەی بیریاران و توێژەران بیر لە هەموارکردنەوەی سیستەمی زۆرینە بکەنەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بڕەخسێت بۆ کەمینە و پێکهاتەکانیش نوێنەر و کورسیان هەبێت بە گوێرەی ڕێژەی دەنگەکانیان لە پەڕلەماندا. (وەڵەدبەگی،٢٠٢٣). مەبەست لە سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی ئەوەیە کە هەر پارتێکی سیاسی یان هەر ڕەوتێکی سیاسی، لەکاتی بەژداریکردنیان لە هەڵبژاردندا بتوانن ژمارەیەک کورسی وەدەست بهێنن، کە هاوتا بێت لەگەڵ ڕێژەی دەنگەکانیان.
لە سیستەمی ڕێژەی هەموو پارت و ڕەوتێکی سیاسی کورسی پەڕلەمانی بەدەست دەهێنن، واتا پارتەکە چ پارتێکی بچوک بێت یاخود پارتێکی گەورە بێت ئەوە دەتوانن کورسی پەڕلەمانی بەدەست بهێنن بە گوێرەی ڕێژەی دەنگەکانیان.
- سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی تەواو:- لەم سیستەمەدا وا دەگونجێت کە کار بە سیستەمی یەک بازنەی بکرێت و، چەند بنکەیەکی دەنگدان لە تەواوی ووڵات بکرێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دەنگی لێ بدەن، لەم سیستەمەدا کۆڵکەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری دەکرێت، واتە پیشوەختە نرخی کورسیەکانی پەرلەمان دیاری دەکرێت، بەڵام ژمارەی کورسیەکانی پەڕلەمان دیاری ناکرێت. (حسن، ٢٠٠٧،ل ٤٠-٤١ ). بۆ نموونە لە سەرتاسەری وڵات ٣٠ ناوچەی دەنگدان هەیە، نرخی کورسیش دیاریکراوە بە( 15,000) بۆ هەر کورسیەک (3) پارت کێبڕکێ دەکەن، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن ئەنجامی دەنگدان لە بنەکەیەکی دیاریکراو بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:-
لیست و ژمارەی دەنگەکان، ژمارەی کورسیەکانی هەر لیستێک، ژمارەی دەنگە بەکار نەهاتووەکان.
A 45,000 2=15,000/45,000 15,000
B 35,000 2=15,000/35,000 سفر
C 20,000 1=15,000/20,000 5,000
دواتر دەنگە بەکار نەهاتووەکانی لیستەکان لەم ناوچەیەدا دەخرێتە سەر دەنگە بەکار نەهاتوەکانی لیستەکان لە ناوچەیەکی دیکەی هەڵبژاردندا، دوای کۆکردنەوەی تەواوی دەنگە بەکار نەهاتووەکانی لیستەکان لە سەرتاسەری ناوچەکانی دەنگدان لە ووڵات ئەو دەنگانە کۆ دەکرێنەوە، دواتر دەبەش دەکرێنە سەر کۆڵکەی هەڵبژاردن چەند کورسی لێ دەرچو لەگەڵ کورسیە بەدەستهاتووەکان کۆ دەکرێنەوە، بەم شێوەیەش سەرجەم کورسیەکانی پەڕلەمان پڕدەکرێنەوە لەلایەن لیستەکانەوە و، بەم جۆرەش ژمارەی کورسیەکانی پەڕلەمانیش دیاریدەکرێن. بەم جۆرەش لەم سیستەمەدا وڵات دابەشی سەر یەک بازنە و چەند ناوچەیەکی دەنگدان دەکرێت و، دەنگە بەکارنەهاتووەکانی لیستەکانیش لە سەرتاسەری ووڵات کۆدەکرێنەوە و، دابەشی سەر کۆڵکەی هەڵبژاردن دەکرێت، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی تەواوی پێکهاتە و لیستەکانی ووڵات نوێنەریان هەبێت.
- سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی نیمچەیی:- دوای ئەوەی ڕەخنە لەسیستەمی ڕێژەیی تەواو گیرا، هەندێک لە وڵاتان لەوانەش ووڵاتی فەڕەنسا بیریان لە ڕێگاچارەیەکی گونجاوکردەوە ئەویش داهێنانی سیستەمێکی نوێی نوێنەرایەتی ڕێژەیی کردەوە، بە جۆرێک بتوانێت کەم و کوریەکانی سیستەمی پێشوو چارەسەر بکات، ئەویش سیستەمی نوێنەرایەتی نیمچەیی بوو، بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە ووڵات دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دەکرێت بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی بازنەکەش کورسیەکان دیاری دەکرێت، واتە لەم سیستەمەدا پێشوەختە ژمارەی کورسی و نوێنەرەکان دەکرێت، بەڵام نرخی کورسی پێشوەختە دیاری ناکرێت، بەڵکو هەربازنەیەکی هەڵبژاردن نرخ و کۆڵکەی دیاریکراوی خۆی دەبێت، دوای کۆتایی هاتنی دەنگدان لە رێگای دابەشکردنی دەنگە دروستەکانی ئەو بازنەیە بەسەر ژمارەی نوێنەرانی تەرخانکراو بۆ ئەم بازنەیە دێتە هەژماردن، دواتر ژمارەی هەر دەنگەکانی هەر لیستێک لە بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت بەسەر کۆڵکەی هەڵبژاردن لەو بازنەیە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە هەر لیستێک چەند کورسیێکی بەدەست هێناوە، دواتر بە کۆکردنەوەی کورسیەکانی هەرلیستێک لە تەواوی بازنەکانی دەنگدان لە ووڵات ژمارەی کورسیەکانی لیستەکان لە پەڕلەمان دەردەچێت.(حسن،٢٠٠٧،ل٤٣-٤٤). بۆنموونە ژمارەی دەنگدەرانی بازنە ( 2)= 203,000 دەنگ. ژمارەی بەشداربووان لەو بازنەیە=202,000دەنگدەرە. ژمارەی دەنگە دروستەکان200,000=. ژمارەی کورسیە تەرخانکراوەکان بۆ بازنەی ژمارە ( 2)= 5 کورسی. کۆڵکەی هەڵبژاردن لە بازنەی ژمارە ( 2) = 40,000. دەنگە دروستەکانی بازنەکە( 200,000 )/ 5کورسیەکانی بازنە 5=40,000 دەنگ/یەک کورسی.
بۆنموونە گەر تەنها چوار لیست کێبڕکێ دەکات لەسەر ئەم (6) کورسیە ئەنجامەکان بەم شێوازە دەبن:-
لیست ژمارەی دەنگەکان ژمارەی کورسیەکان دەنگە بەکار نەهاتووەکان
A 102,000 2=40,000/102,000 22,000
B 66,000 1=40,000/66,000 26,000
C 32,000 0=40,000/32,000 32,000
لەم نموونەی سەرەوەدا تەنها سێ کورسی ڕاستەوخۆ دابەش دەکرێن لە کۆی ئەو (5) کورسیە، ئەو کورسیانەی کە بە بەتاڵی ماونەتەوە لە بە پێنج شێوازەوە دابەش دەکرێن:-
- ڕێگای گەورەترین ماوە:- لەم ڕێگایەدا ئەو کورسیانەی ماونەتەوە لەلایەن ئەو لیستانە پڕدەکرێنەوە کە گەورەترین رێژەی دەنگی بەکار نەهاتوویان هەیە، دواتر کورسیەکی دیکە دەدرێتە ئەو لیستەی کە دووەم گەورەترین دەنگی بەکارنەهاتووی هەیە، بەم جۆرە سەرجەم کورسیەماوەکان دابەش دەکرێتە سەر لیستەکان بۆ نموونە پارتی B کە 26,000 دەنگی بەکارنەهاتووی هەیە ئەوە کورسیەک وەردەگرێت، هەروەها پارتی (C )32,000 دەنگی بەکار نەهاتووی هەیە ئەویش کورسیەک وەردەگرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:-
ناوی لیستەکان ژمارەی کورسیەکان
A 2
B 2
C 1
-2 بەهێزترین تێکڕا:-
لەم ڕێگایەدا ئەم کورسیانەی کە پڕنەکراونەتەوە دابەش دەکرێتە سەر ئەم لیستانەی کە بەهێزترینی تێکڕای دەنگی هەیە و نزیکترین ژمارەی دەنگی هەیە لە کۆڵکەی هەڵبژاردن لە بازنەیەکی دیاریکراوی هەڵبژاردندا ئەویش لە ڕێگای زیادکردنی کورسیەک بە شێوەیەکی وەهمی لە پاڵ ئەو کورسیەی کە لیستە ڕکابەرەکان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە دەستیان هێناوە، دواتر دابەشکردنی ئەو دەنگانەی کە لیستێک بە دەستی هێناوە بەسەر کورسیە ڕاستەقینەکان و دواتر کۆکردنەوەی کورسیە وەهمیەکان بۆ ئەوەی بگات بەبەهێزترین تێکڕا، بەم شێوەیەی خوارەوە:-
پارتی A 3÷102,000=34,000
33,000=2÷66,000 B پارتی
پارتیC ÷32,000 1=32,000
ناوی لیست ژمارەی کورسیەکان
A 3
B 2
C 0
-3ڕێگای دی هوندت:- رێگای دی هوندت لە بەلجیکا لە ساڵی 1885، لەلایەن پرۆفیسۆر هوندت داهێندرا و، بۆ یەکەم جاریش لە ووڵاتی بەلجیکا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە ئەم رێگایەش بەهەمان رێگای بەهیزترین تێکڕا ئەنجامەکان دەردەهێندرێت، بەڵام جیاوازی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە بە هەنگاو بیرکاری جیاواز ئەنجامەکان دەردەهێندرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
لیستەکان ژ.دەنگ ÷1 ÷2 ÷3 ÷4 ÷5
A 102,000 102,000 51,000 34,000 25,000 20,4000
B 66,000 66,000 33,000 22,000 16,500 13,200
C 32,000 32,000 16,000 10,666 8,000 6,400
دابەشکردن و پرکردنەوەی کورسیەکان بەم شێوازە ئەنجام دەدرێت و، دەرئەنجامەکەش بەم شێویەی خوارەوە دەبێت:
لیستەکان ژمارەی کورسیەکان
A 3
B 2
C 0
- سانت لیگۆ:- ئەم ڕێگایە هەمان ڕێگای پێشوتر جیبەجێ دەکرێت بەڵام بە شێوازی بیرکاری جیاواز لە ڕێگای پێشووتر واتە ڕێگای دی هوندت، لەم ڕێگایەدا دەنگی بەدەست هاتووی لیستەکان دابەشە دەکرێتە سەر ژمارە تاکەکان، بۆ نموونە گەر ئێمە لە بازنەیەکی هەلبژاردن پێنج کورسی تەرخانکراومان هەبوو ئەوە ژمارەی دەنگەکان دابەشی ژمارە تەکەکان دەکەین واتە دابەشی (1,3,5 )
لیستەکان ÷1 ÷3 ÷5
A 102,000 34,000 20,400
B 66,000 22,000 13,200
C 32,000 10,666 6,400
دابەشکردن و پڕکردنەوەی کورسیەکان بەم شێوازە ئەنجام دەدرێت و، دەرئەنجامەکەش بەم شێوەیە دەبێت:-
لیستەکان ژمارەی کورسیەکان
A 2
B 2
C 1
ئەم ڕێگایە لە بەرژەوەندی پارتە بچوکەکان دایە، چونکە وادەکات پارتە بچوکەکانیش نوێنەریان هەبێت لە پەڕلەمان.
- هاری نیمایر:- لەم ڕێگایەدا ژمارەی کورسیە تەرخانکراوەکانی بازنەی هەڵبژاردن جارانی ژمارەی دەنگی لیستەکان دواتر دابەشی سەرجەمی دەنگە ڕاستەکانی ئەو بازنەیە دەکەین. (حسن، ٢٠٠٧، ل ٥٠ ). بەم شێوەیەی خوارەوە:-
پارتی A 5 X 102,000 ÷ 200,000=2,55
پارتی B 5 X 66,000 ÷ 200,000=1,65
پارتی C 5 X 33,000 ÷ 200,000=0,8
لێرەدا پارتی A دوو کورسی و، پارتی B کورسیەک دەبەن پارتی C هیچ کورسیەک نابات، بەڵام لە قۆناغی دووەم هەژمارکردنی دەنگە بەکار نەهاتووەکان پارتی B کورسیەکی تر دەبات دەبێتە خاوەنی دوو کورسی و پارتی C کورسیەک دەبات، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت دەرئەنجامی کورسیەکان
لیست ژمارەی کورسیەکان
A 2
B 2
C 1
- سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاو:- لەبەر نەبوونی سیستەمێکی هەڵبژاردنی بێ کێشە لە جیهاندا، بە شێکی وڵات بەرەو و کۆکردنەوە و تێكەڵکردنی هەردوو سیستەمەکەی هەڵبژاردنی زۆرینە و رێژەی. (حنون خالد، ٢٠٢٠، ١٢٠) هەروەها سیستەمی تێکەڵەکان جۆرێکی تایبەتی سیستەمی هەڵبژاردن نین، کە خاسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لە سیستەمەکانی پێشوتر جیاوازبێت، بەڵکو ئەو سیستەمانە تێكەڵەیەکی لە خەسڵەت و تەیبەتمەندییەکانی هەردوو سیستەمی رێژەی و زۆرینە پێکدێن. هەندێک وڵات بەمەستی سوود وەرگرتن لەلایەنە ئەرێنیەکانی هەردوو سیستەمی زۆرینە و رێژەیی و بە مەبەستی بەدوور گرتن لە لایەنە نەرێنیەکانیان، هەوڵیانداوە سیستەمی نوێیە پێکبهێنن.( ئیبراهیم حەکیم، ٢٠٢٢، ٣٧ )، لە گرنگترین ئەو سیستەمانەی کە بەتێکەڵ کردنی ئەو دوو سیستەمەی پێشوو دروستبوون بریتین لەم مانەی خوارەوە:-
- سیستەمی تێکەڵی مەیلدار بەلای سیستەمی زۆرینەدا:- یابان یەکیکە لە ووڵاتانەی سیستەمی تێکەڵی مەیلدار بەلای زۆرینە پەیڕەو دەکات، ئەمەش ڕێگای پەیڕەوکردنی سیستەمی زۆرینەی بەریتانی، بەڵام بە شێوەیەک تێکەڵ بکرێت لەگەڵ سیستەمی رێژەییدا بە جۆرێک سیفاتی سیستەمی زۆرینە بەسەریدا زاڵ بێت، بۆ ئەم مەبەستەش بازنەکانی هەڵبژاردن سنووریان فراوانە بە شێوەیەک هەر چەند کورسیەک بۆ بازنەیەک تەرخان دەکرێت نەک تەنها کورسیەک وەک ئەوەی لە بەریتانیا باوە، بەڵام بە هەمان شێوەی بەریتانیا دەنگدەر بۆی هەیە تەنها دەنگ بەیەک کاندید بدات، لەلایەکی دیکەش دابەشکردنی کورسیەکان بە رێگەی سیستەمی زۆرینە دەبێت، ئەم سیستەمەش ئامانجی ئەوەیە کە دەرفەت بە کەمینەکانیش بدات بۆ ئەوەی لایەنی کەم بە کورسیەکیش بێت نوێنەرایەتی هەبێت لە پەرلەمان. (مەقسود شێخ محمد،٢٠٢٤ )
- سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاوی مەیلدار بەلای سیستەمی ڕێژەییدا:- ئەم سیستەمە لە فەرەنسا لە ساڵی 1919 سەری هەڵدا، کاتێک یاسای فەرەنسی پەیڕەوی لەم جۆرەی سیستەمی ڕێژەی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەم سیستەمەدا دەبوایە پارتە سیاسیەکان بە شێوازی لیست کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا یاساکە سیستەمی زۆرینەشی پەراوێز نەخستبوو، چونکە بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر لیستێک زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی بە دەست هێنابا ئەوا بەپێی سیستەمی زۆرینە کورسیەکان دابەش دەکران، واتا سەرجەم کورسیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەست دەهێنا، نەک بە گوێرەی رێژە و سەنگی دەنگە بە دەست هاتووەکانی خۆی، بەڵام ئەگەر بەپێی سیستەمی ڕێژەیی کورسییەکان دابەش دەکران، واتا هەر لیستێک بە گوێرەی سەنگ و ڕێژەی دەنگەکانی کورسی وەردەگرت و کورسیە ماوەکانیش بە ڕێگای بەهێزتری تێکڕا دابەش دەکران. (مەقسود شێخ محمد،٢٠٢٤ ).
ئامادەکردنی: مستەفا مەقسود شێخ محمد